هاوڵاتی لەماوەی كەمتر لەهەفتەیەكدا لەسلێمانی و دهۆك، بەهۆی تەقینەوەی غازەوە 21 كەس گیانیان لەدەستداو 43 كەسی دیكەش برینداربوون، هەردوو رووداوەكە كاردانەوەی زۆریان لێكەوتەوە، حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بەكارهێنانی سیستەمەكە رابگیرێت. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەڕووداوەكانی تەقینەوەی غازی لەسلێمانی و دهۆك كرد، لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی راسپارد كەپێداچوونەوە بەهەموو ئەو شوێنە گشتی و تایبەتانەی ئەم جۆرە سیستەمە بەكاردەهێنن بكەن و لێكۆڵینەوەی جیدی و ورد لەبارەی جۆری غازەكە و لایەنە جێبەجێكارەكان و هۆكارەكانی رووداوەكانی سلێمانی و دهۆك بكەن، تا دەركەوتنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەش، بڕیاردرا بەكارهێنانی سیستەمەكە لەو شوێنانەی بەكاردەهێنرێت، رابگیرێت . هاوكات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم لەبارەی تەقینەوەكەی دهۆكەوە رایگەیاند: دووبارەبوونەوەی رووداوی تەقینەوەی غاز جێگەی نیگەرانی و مەترسیی جیدییە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار بەزووترین كات و بەجیدی لەسەر ئەو بابەتە رابوەستێت و چاودێرییەكی باشتری سیستەمی غازو چۆنیەتیی بەكارهێنانی بكات. هەروەها قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەریم رایگەیاند: هێشتا برینی كارەساتەكەی سلێمانیمان لەدڵەو بەداخەوە ئەمجارە كارەساتی تەقینەوەی غازی لەدهۆك هاتەسەر. لەبارەی راگرتنی كاركردن بەسیستەمی غاز، جەوهەر عەلی، قایمقامی دهۆك دەڵێت: دوای رووداوەكەی دهۆك بڕیاردرا كاركردن بەسیستمی غاز رابگیرێت تاوەكو پێداچوونەوەی پێویست دەكرێت. هاوكات رێكان جەمال، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: كۆمەڵێك بڕیار دەرچوون كە نابێت ئیتر ئەو سیستەمە بەكاربهێنرێت، دوای ئەوە لەو بڕیارانە ئاگادار دەكرێنەوە بزانین شێوازی راگرتنی چۆن دەبێت ئەوكات رێنمایی پێویست دەردەكرێت. نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر-یش رایگەیاند: بەبڕیاری سەرۆكی حكومەت كاركردن بە سیستەمی غاز بەهەموو شێوەیەك راگیراوەو بۆ ئەوەش تیمەكانمان راسپاردووە ئاگاداری سەرجەم كۆمپانیاكان بكەنەوە كە نابێت سیستمی غاز بۆ هیچ كەسێك دابنێن. سیستمی شۆفاژ كەئێستا لەهەرێمی كوردستان باوە بەشێوەیەكە كە شۆفاژەكە لەنێو ژوورەكانی ماڵەكەدا دادەنرێت و لەڕێگەی ئاوەوە گەرم دەبێت، ئاوەكەش لەڕێگەی دوو ئامێر كە بە سیستمی غازی (ئێڵ پی جی)یەوە بەستراونەتەوە گەرم دەبێت، واتە غاز راستەوخۆ لەنێو شۆفاژدا نییە، تانكی غازەكەش لەسەربانی ماڵەكە دادەنرێت، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان پێویستە بەكۆمەڵێك رێنمایی و مەرجی سەلامەتی دابنرێت، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت لەئێستادا زۆرێك لەو تانكی غازانە مەرجی سەلامەتییان نییە و لەكاتی تەقینەوەیان لەناو ماڵان و شوێنە گشتییەكان كارەساتی وەك ئەوەی سلێمانی و دهۆك دەخوڵقێنن. زیاتر لە 18 ساڵە سیستەمی شۆفاژو غازی LPG لەهەرێمی كوردستان پەرەی پێدراوە، لەهەولێر 15 كۆمپانیاو لە سلێمانی 33 كۆمپانیا مۆڵەتی دانانی سیستمی شۆفاژیان هەیە. ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو 17-11-2022، بەهۆی تەقینەوەی غازی سیستمێكی شۆفاژ، خانوویەكی سێ نهۆمی لەسلێمانی رووخاو بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداو 11ی دیكە برینداربوون، هەروەها درەنگانی شەوی دووشەممە 21-11-2022 لەگەڕەكی گرێ باسێ لەبەشە ناوخۆییەكی زانكۆی دهۆك بەهۆی هەمان سیستمی غازی شۆفاژەوە تەقینەوە روویداو لەئاكامدا شەش كەس گیانیان لەدەستداو 32 كەسی دیكەش برینداربوون.
هاوڵاتی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بە درێژایی ئەمڕۆ، بەسەر ئاسمانی رۆژئاوای کوردستاندا دەگەڕێن و جگە لە بارەگاکانی هەسەدە، فڕۆکەخانە و پاڵاوگەکانی رۆژئاوا دەکانە ئامانج. ئاژانسی هاوارنیوزی نیزک لە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا، پالاوگەی عەودا و لەیلانی نزیک لە شاروچکەی تربەسپی -یان بۆردومان کردووە. لەلایەکی دیکەوە، کاتژمێر ١٤:٠٠، فڕۆکەخانەی منخی کانتۆنی شەهبای نێوان عەفرین و کۆبانێ و چەند گوندێکی کانتۆنەکە لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران کراون. دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، بە دەیان جار هێرشی کردووەتە سەر گوند و شاروچەکەکانی رۆژئاوای کوردستان. دیارترینیان بارەگای هاوبەشی یەکینەکانی دژە تیرۆری رۆژئاوا (یات) و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بوو کە لە ئەنجامدا دوو ئەندامی (یات) شەهید بوون و سێ ئەندامیشی بریندار بوون. هەروەها ٢٣ گوند و ناوچەی کانتۆنی شەهبای نێوان عەفرین و کۆبانێ تۆپبارانکراون و نزیکەی ٥٧٠ گولە تۆپ و هاوەن بەر ئەو ناوچانە کەوتوون.
هاوڵاتی پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، پێویستە هەموو کەسێک عەقڵیەتی دەسەڵاتی تورکیا ببینێت کە بۆ بەرژەوەندی خۆی ژیان و مرۆڤ پشتگوێ خستووە. پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە کۆبونەوەی حەفتانەی پارتەکەیدا لە ئەنقەرە، ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆ نێو خاکی رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان کرد و وتی، " تەقینەوە تاریکەکەی تەقسیم و ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و هێرشەکان بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێکەوت نییە. بێگومان زۆر پرسیار هەیە کە پێویستە روون بکرێتەوە. هاوسەرۆکی هەدەپە راشیگەیاند، وەک ئەوەی حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە بانگەشەی بۆ دەکات، مۆدێلی بەڕێوەبردنی دیموکراسی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەڕەشە نییە بۆ سەر تورکیا. مەترسی ڕاستەقینە لەسەر ئایندەی هاوبەشی گەلان، ئەو سیاسەتە شەڕەنگێزەیە کە لەلایەن ئاکەپە-مەهەپە سەپێنراوە،" بوڵدان دەڵێت، پێویستە ئەو کەسانەی بێدەنگن و چەپڵە بۆ ئەم سیاسەتە شەڕەنگێزیە لێدەدەن، ئەم شانۆگەرییە ببینن کە بەرلە هەڵبژاردن نمایشکراوە. پێویستە نەبینە بەشێک لە شانۆگەریەکە. لایەنگری چارەسەری بین و شەڕ رەت بکەینەوە. رۆژێک دوای هێرشە ئاسمانیەکەی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان لە ١٩ی تشرینی دووەم، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دژایەتی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەر رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان دەربڕی. هەر ئەمڕۆش، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا کە هاوبەشی دەسەڵاتە، هەدەپەی بە پشتگیریکردن لە پەکەکە تۆمەتبار کرد و داوای کرد، جارێکی دیکە دەست بە رێوشوێنی داخستنی هەدەپە بکرێت.
هاوڵاتی بڕیاردەری لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان،ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو پەرلەمانتارانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە هەمان لیست دەتوانێت شوێنەکانیان پڕ بکاتەوە و لە حاڵەتی ئەوەی کە لیستەکە ئامادە نەبێت شوێنەکان پڕ بکاتەوە، ئەوکاتە بەڕێژەی سەدی، کورسییەکان بەسەر فراکسیۆنەکانی پەرلەماندا دابەش دەکرێت. جەلال محەمەدئەمین بڕیاردەری لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشبینی دەکەم لە هەفتەی ئاییندەدا، دەستلەکارکێشانەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، بخرێتە بەرنامەی کارەوە و دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگەر دەنگی پێویستی هێنا ئەوا بە دڵنیایییەوە کەسی دیکە لە هەمان لیست دەچنە شوێنیان". بەهۆی ناڕەزایەتی لەهەمبەر درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا لە کۆی ١١١ پەرلەمانتار، ١٢یان بایکۆتیان راگەیاندووە و ١٠شیان دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە کە دەستلەکارکێشانەوەی یەکێکیان (شایان کاکە ساڵح لە فراکسیۆنی گۆڕان) پەسەندکراوە و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کازم فاروق کە پێشتر پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردبوو، وەک راگەیەنراوە بەھۆی "خراپی دۆخی تەندروستییەوە" تا ئێستا پەسەند نەکراوە. بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا، پەرلەمانی کوردستان رێکارە یاساییەکان لەبارەی ئەم پرسە بگرێتەبەر. ناڕەزایەتییەکان بەهۆی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەم، جگە لە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، شایان کاکە ساڵح فراکسیۆنەکانی دیکەشی گرتەوە و رۆژی یەکی تشرینی دووەم، پێنج ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەستیان لەکارکێشایەوە و ھۆکارەکەیشیان بۆ بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان گەڕاندەوە و پێنج رۆژ دواتر و لە رۆژی شەشی مانگدا، ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، (سێ پەرلەمانتار) كشانهوهی خۆیان راگەیاند و وەرگرتنی مووچەکانیشیان رەت کردەوە، هاوکات ١٢ پهرلهمانتار هەمان رۆژ بایكۆتکردنی دانیشتنەکانی پهرلهمانی كوردستانیان راگهیاند كه بریتیی بوون له فراكسیۆنی كۆمەڵ (حەوت پەرلەمانتار)، چوار پەرلەمانتاری بزووتنهوهی گۆڕان (عهلی حهمهساڵح، دابان محهمهد حوسێن، ئاشنا عهبدوڵڵا قادر و شیرین ئهمین) و دیاری ئهنوهر-یش وهك پەرلەمانتاری سەربەخۆ. گوتیشی: "سەبارەت بەو کەسانەی کە بایکۆتیان کردووە، ئەوا رێکاری دیکە هەیە، ئەگەر بە ماددەی ٢٢ و ٢٣ لە پەیڕەوی ناخۆ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوانەی بایکۆتی سیاسیی دەکەن، ئەوا دەتوانن بایکۆت بکەن، ئەگەریش بە نەهاتوو مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوا رێکاری دیکەیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر، بۆیە چۆنیەتی شێوازی مامەڵەکردنیان دەگەڕێتەوە بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان". تا ئێستا لە کۆی ١١١ پەرلەمانتار، ١٢یان بایکۆتیان راگەیاندووە و ١٠شیان دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە و کورسییەکانیان چۆڵە، لەبارەی چۆنیەتی شێواز و رێکارە یاساییەکان لەمبارەیەوە، جەلال محەمەدئەمین ئەحمەد گوتی: "ئەگەر لیستەکە ئامادەبێت پەرلەمانتاری دیکە بنێرێتە شوێنی دەستلەکارکێشاوەکان، ئەوا شوێنەکە پڕ دەکرێتەوە، ئەگەرنا سەبارەت بە فراکسیۆنی یەکگرتوو، ئەوا بزووتنەوەی ئیسلامیی دەتوانێت شوێنیان پڕ بکاتەوە، چونکە کاتی خۆی لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا لیستێکی هاوبەشیان هەبووە، ئەگەریش هیچکامێکیان ئامادەنەبوون شوێنەکان پڕ بکەنەوە، ئەوکات بەڕێژەی سەدی دابەشی سەر فراکسیۆنەکان دەکرێت". بڕیاردەرەی لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان پێشبینی وایە کە بزووتنەوەی ئیسلامیی شوێنی پەرلەمانتارانی یەکگرتووی ئیسلامیی پڕ دەکەنەوە و گوتی: "لە شوێنی پەرلەمانتار شایان کاکە ساڵح، کەسێک لە لیستی بزووتنەوەی گۆڕان دەچێتە شوێنی". لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە لیستێکی هاوبەش بەناوی بەرەو ئیسلاح بەشداری پڕۆسەکەیان کرد و بەهۆی رێژەی بەشدارییکردنی ئافرەتانەوە بە سیستەمی کۆتا، بزووتنەوەی ئیسلامی نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەست بهێنێت. هاوکات گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی رایدەگەیەنێت کە تا ئێستا بۆچوونی جیاواز هەیە بۆ بەشداریکردنیان لە پەرلەمانی کوردستان و ئاشکرای دەکات کە دوای رێکارە یاساییەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئینجا ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامیی کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر بابەتەکە دەدات. گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، عەبدوڵڵا وەرتی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە یەک لیست دابەزین بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە لیستی بەرەو ئیسڵاح-مان پێکهێنا، ئێستا برایانی یەکگرتووی ئیسلامیی بە ئارەزووی خۆیان کشاونەتەوە لە پەرلەمانی کوردستان، ئێمە چاوەڕێ دەکەین رێکارە یاساییەکان لە پەرلەمانی کوردستان تەواو ببێت، دواتر ئینجا ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامیی کۆدەبێتەوە و بڕیاری کۆتایی دەدات لەوەی بچێتە شوێنی پەرلەمانتارەکان یان نا، چونکە لە رووی یاساییەوە تەنیا بزووتنەوەی ئیسلامیی دەتوانێت شوێنی یەکگرتووی ئیسلامیی پڕ بکاتەوە". عەبدوڵڵا وەرتی گوتیشی: "دوای رێکارە یاساییەکان لە پەرلەمان، ئێمەش دیراسەی بابەتەکە دەکەین و ئەوکات بڕیار دەدەین، چونکە بۆچوونی جیاواز هەیە بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکە، هەندێک پێیانوایە کە شوێنەکە پڕ بکەینەوە و هەندێکیش لەگەڵ ئەوەن کە بەشداری کاری پەرلەمانیی نەکەین". رۆژی نۆی تشرینی یەکەم، پەرلەمانی کوردستان پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی تا ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ پەسەند کرد و ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی لەنێو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دروست کرد و هەمان رۆژ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، شایان کاکە ساڵح دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و بەدوای ئەویش ٢٠ پەرلەمانتاری دیکە لە فراکسیۆنە جیاوازەکانەوە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەیش بە پەرلەمانی کوردستان کرد و هەندێکیشیان بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان کردووە. رۆژی ١٦ی تشرینی دووەم لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا، دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، شایان کاکە ساڵح پەسەند کرا و پێشتر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کازم فاروق دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردبوو، بەڵام وەک راگەیەنراوە بەھۆی "خراپی دۆخی تەندروستییەوە" تا ئێستا دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند نەکراوە.
هاوڵاتی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق لە گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند پرسی پێشڕەویی زەمینی بەرەو خاکی عێراق ڕاست نییە و لە بنەڕەتدا لە درۆیە. محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق لەبارەی دەنگۆی ئۆپەراسیۆنی زەمینیی ئێران لە عێراق بەمیدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند پرسی پێشڕەویی زەمینی بەرەو خاکی عێراق ڕاست نییە و لە بنەڕەتدا لە درۆیە، وتیشی ئێمە ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق دەگرین و ڕێوشوێنی زۆرمان گرتووەتە بەر بۆ سەقامگیری و یەکڕیزی خاک و گەلی عێراق و بۆ خۆشگوزەرانی ئەم وڵاتە. محەمەد کازم ئال سادق ڕاشیگەیاند: عێراق وڵاتێکی گەورەی دراوسێیە، ئێران و عێراق پەیوەندی سیاسی و جوگرافی و مێژوویی و ئایدیۆلۆژییان هەیە، هەروەها سنوورێکی هاوبەشیان هەیە. باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق ڕاشیگەیاند: ئەم هاوبەشیانە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان عەشایرە-کوردەکانی ناوچەی کوردستان و عەشایری باشووری عێراق و عەشایری باشووری ئێرانی مسۆگەر کردووە، هەروەها زەمینەی سەفەرکردنیان لەنێوان ئەو دوو وڵاتە و تەنانەت زەواجی نێوان کوردەکانی ئەمانەشیان بۆ دابین کردووە دوو وڵات، هەروەها بووە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو نەتەوەی عێراق و ئێران بەهێز و دۆستانە بن. ناوبراو زیادی کرد بۆیە ناکرێ ئێران ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە عێراق دەست پێ بکات. جەختیشی کردەوە "زۆر قسەمان لەگەڵ براکانمان لە هەرێمی کوردستان کرد و پێش ئەمەش لیژنەیەکی ئەمنی هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی پێکهێنرا بۆ ئەوەی بیر لە چارەسەرێک بکەنەوە". جێگای ئاماژەیە پێشوتر بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێرانی باسیان لەئەنجامدانی هێرشی زەمینی سەربازی کردبوو بۆسەر بنکەو بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لەهەرێمی کوردستان.
هاوڵاتی بەپێ ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ، یەکێک لە بریندارانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی 14ـی ئەم مانگەی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە گیانی لەدەستدا، بەوەش ژمارەی قوربانییانی ئەو هێرشە بۆ سێ کەس بەرزبووەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "محەممەدڕەزا بادبرووت، پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە لە هێرشی مووشەکی رۆژی 23ـی خەزەڵوەر (14ی تشرینی دووەم)ی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیموکراتدا بریندار ببوو، شەهید بوو. محەممەدڕەزا بادبرووت، پێشمەرگەی تازەلاوی خەڵکی ناوچەی مەلەکشاهیی ئیلام نزیکەی دوو ساڵ بوو لە ریزەکانی حیزبی دیموکرات بۆ خەبات لەپێناو مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەی هەڵبژاردبوو. ئەو لاوە شۆڕشگێڕەی کورد بەرلەوەی ریزەکانی ئاشکرای حیزب بۆ خەبات هەڵبژێرێت، وەک ئەندامی تەشكیلاتی نهێنیی حیزبی دیموکرات ماندوونەناسانە ئەرک و بەرپرسایەتییە حیزبییەکانی لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان لە ئەستۆدا بوو." بەپێی راگەیێندراوەکە، محەممەدڕەزا لە هێرشە مووشەکیییەکەی سوپای پاسداران بەسەختی بریندار ببوو و ئەمشەو گیانی لەدەستداوە. رۆژی 14ـی تشرینی دووەم، سوپای پاسداران بە مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری کۆیە و زڕگوێز. دوای هێرشەکە، شێروان جەلال، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە بە رووداوی گوت، بەهۆی بۆردوومانەکانی سنووری کۆیەوە "هەشت بریندار و دوو شەهید گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەمان." دوایین هێرشی ئێران بۆ سەر کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵات رۆژی دووشەممە 21-11-2022 بوو، کە هێرشی مووشەکی و درۆنی بوو بۆ سەر کەمپەکانی کۆیە و جێژنێکان و زڕگوێز و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا.
هاوڵاتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و تەنها لە سێ رۆژدا 42 کەس کوژراون و هۆشداریی دەدرێت لە دۆخی خراپی ئەو بەشە لە کوردستان. شەوی رابردو لە شارەکانی جوانڕۆ و بۆکان و سەقز و پیرانشار و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتییەکان بەردەوام و هێزە ئەمنییەکانیش روبەڕوی گەنجان و خۆپیشاندەران بونەوە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە تەنها 24 سەعاتی رابردو لە شاری جوانڕۆ پێنج کەس بە گوللـەی هێزە ئەمنییە کوژراون. بە پێی ئامارەکان لە سێ رۆژی رابردودا کە هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆسەر رۆژهەڵاتی کوردستان زیادی کردوە، 42 کەس بە گوللـە کوژراون. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە بەهۆی هێزە ئەمنییەکانەوە ژمارەیەکی زۆری برینداران رو لە نەخۆشخانەکان ناکەن و ئەوەش مەترسیی بۆ ژیانیان دروست دەکات.
هاوڵاتی بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ژمارەیەک بەرپرسی باڵا کۆدەبێتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 22-11-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لهگهڵ سهركرده و بهرپرسانى عێراق دۆخى وڵات و پهيوهندى و كێشهكانى ههولێر ـ بهغدا و گفتوگۆ و ههوڵهكانى چارهسهركردنيان تاوتوێ دەکات. وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە کۆبوونەوەکاندا دوايين پێشهاتهكانى ناوچهكه بهگشتى و چهند پرسێكى ديكه، تاوتوێ دهكرێن.
هاوڵاتی سەرباری بە سەربازگەكردنی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەكارهێنانی زەبر و زەنگی زۆر، خۆپیشاندانەكان لە شارە جیاجیاكانی ئەو بەشەی كوردستان بەردەوامە. ئەمڕۆژ وەک هەموو ڕۆژەکانی کە خۆپیشاندانەکان بڵێسەی سەند و لە سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵات خۆپیشاندان ئەنجام درا و هێزە ئەمنییەکانیش بە چەکی جۆراوجۆر و بە شێوەیەکی دڕندانە ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەوە . جوانڕۆ یەکێک بوو لەو ناوچانەی ئەمڕۆ لە سەرجەم کوچەوکۆڵانەکانی خۆپیشاندان بوو،هەروەها خۆپیشاندەران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕاستەوخۆ تەقەیان لێدەکراو ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە بە شێوەیەک خەڵکی ناوچەکە داوای یارمەتییان لە دانیشتوانی دەوروبەری کردو لە خەستەخانەکانیش داوای خوێن کرا. خەڵکی جوانڕۆ داوای پاڵپشتییان کردو ڕایانگەیاند: "جوانرۆ خەریکە کۆمەڵکوژ دەکرێت" "داوا لە هەموو ئازادیخوازەکانی ئێران بە تایبەتی پارێزگای کرمانشان دەکەین کە بۆ خاوەنداریکردن لە جوانڕۆ بڕژێنە نێو شەقامەکان و رێگە نەدەن کۆمەلکوژیەکی دیکە لە کوردستان رووبدات. ئەم یەکگرتنە کۆتایی بە جمهوری ئیسلامی دەهێنێت" تکایە ڤیدیۆکان بۆ خوار ١٨ ساڵ نابن وتیشیان : "ئەمڕۆ جوانڕۆ شایەدی کۆمەڵکوژی بوو. هاونیشتیمان هەستە براکەت دەکوژرێت. ئەی گەل بۆچی دانیشتووی. ئاگر بە ئاگر و گولە بە گولە وڵام بدەوە." جوانڕۆ. دیمەنی برینداربوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنیەکان لە خۆپیشاندانەکاندا.
هاوڵاتی لە یاری ئەمشەوی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەر کە لە نێوان ئینگلتەراو هەڵبژاردەی ئێرانا بوویاریزانانی ئەو تیمە وەک پشتیوانییەک بۆ ناڕەزایەتییەکانی لە ئێران بەردەوامە ڕەتیانکردەوە سرودی نیشتیمانی وڵاتەکەیان بڵێنەوە. عەلیرەزا جەهانبەخش، کاپتنی هەڵبژاردەی ئێران گوتی، هەڵبژاردەکە بە "کۆمەڵ" بڕیاردەدەن کە ئایا سروودەکە بڵێن یان نا. یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران وەکو پشتیوانیکردن لە خۆپێشاندەرانی ئێران کە دوای مردنی ژینا ئەمینی، هەر 11 یاریزانەکەی ئێران لەو کاتەی سروودی نیشتمانی لە یاریگە پەخشکرا، بە دەموچاوی خەمناکەوە وەستان و سروودەکەیان نەگوتەوە نەگوتنەوەی سروودی نیشتمانیی ئێران لەلایەن یاریزانانی هەڵبژاردەکەوە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو لە ژمارەیەکی زۆری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا ناڕەزایەتی هەبوو.وە بەپێی ئامارەكان لە خۆپیشاندانەكانی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی ٣٠ خۆپیشاندەر كوژراون.
هاوڵاتی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی وهرگرتنی 107 دهرچووی دیكهی ئامادهیی له كۆلیژه پزیشكییهكانی زانكۆكانی ههرێمی كوردستان راگهیاند. ئهمڕۆ دووشهممه (21ی تشرینی دووهم/نۆڤێمبهری 2022)، له راگهیهندراوێكدا، وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستیی حكومهتی ههرێمی كوردستان، ئاشكرایكرد (١٠٧) خوێندکار/ قوتابی دیکە لە کۆلێجەکانی (پزیشکی گشتی، پزیشکی ددان، دەرمانسازی) بەشێوەی پارالێل بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٢-٢٠٢٣) لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان وەرگیران. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "دوای ئەوەی بەشێک لە دەرچوانی ساڵانی ڕابردو داواکارییان پێشکەش بە وەزارەت کرد بۆ وەرگرتنیان لە کۆلێجە پزیشکییەکان بەشێوەی پارالێل، بۆ ئەوەش داوای زیادکردنی کورسی پارالێڵیان کرد، بۆ ئەمەش داوکارییەکەیان لە کۆبونەوەی ژمارە (٧)ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاسپاردەی لێژنەیەک کرا بۆ دیراسەکردن و دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکان بەپێی توانای زانکۆکان ،لە ژێر ڕۆشنایی پێشنیازەکانی لێژنەکە، وەزارەتەکەمان بڕیاریدا بەوەرگرتنی (١٠٧) خوێندکار/ قوتابی دیکە لە کۆلێجەکانی (پزیشکی گشتی، پزیشکی ددان، دەرمانسازی) بەشێوەی پارالێل". ناوی وەرگیراوان
هاوڵاتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانى عێراق سەرکۆنەى هێرشەکانى ئێران و تورکیایان کرد و داوایان لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد سیستمى بەرگریى ئاسمانى بداتە عێراق بۆ رێگرى لەو ھێرشانە. ئهمڕۆ دووشهممه 21ـی تشرینی دووهمی 2022، فراكسیۆنه كوردستانییهكانی پهرلهمانی عێراق ڕاگەیەندراوێکیان لهبارهی هێرشه مووشهكییهكانی بهیانی ئهمڕۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سهر بنكه و بارهگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمهڵهی زهحمهتكێشانی كوردستان له سنووری ههولێر، كۆیه و سلێمانی بڵاوكردهوه. لە ڕاگەیەندراوەکەدا فراكسیۆنه كوردستانییهكان داوا له پهرلهمانی عێراق دهكهن ههڵوێستی جددی لهبارهی ئهو هێرشه مووشهكییانه وهربگرێت و كار بۆ راگرتنیان بكات. ههروهها داوا له ههر یهك له توركیا و ئێران دهكهن كار بۆ پاراستنی ئاسایش و سهقامگیری ناوچهكه بكهن و هێرشه مووشهكهكانیان بۆ سهر ناوچه سنوورییهكانی ههرێمی كوردستان رابگرن. فراکسیۆنە کوردستانییەکان داواشیان کرد لەکۆبوونەوەى 22ى تشرینى دووەم کە میواندارى دەسەڵاتى جێبەجێکردن بکرێت بۆ ئەوەى هەڵوێستێکى جیدى و کرداریى هەبێت بۆ پاراستنى سەروەریى خاکى عێراق. لهبارهی ههڵوێستی وڵاتان لهبارهی هێرشه مووشهكییهكانی سهر ههرێمی كوردستان، فراكسیۆنه كوردستانییهكان داوا له نهتهوه یهكگرتووهكان، ئهمهریكا و كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی دهكهن ههڵوێستیان ههبێت و سیستهمی بهرگری مووشهكی بۆ ئاسمانی عێراق دابین بكهن بهمهبهستی پاراستنی خاكی عێراق. هەروەها پەرلەمانى عێراق کارنامەى کۆبوونەوەى رۆژی سێشەممە 22ى تشرینى دووەمى بڵاوکردەوە و دەڵێت، تایبەتە بە تاوتوێکردنى "پێشێلکردنى سەروەریى خاکى عێراق"،ئەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمانى عێراق بۆ تاوتوێکردنى پرسی سەروەریى عێراق دواى ئەوە دێت رۆژی 20ى تشرینى دووەم، سوپاى تورکیا ئۆپەراسیۆنێکى ئاسمانی راگەیاند و هێرشی کردە سەر چەند شوێنێک لە باشوورى کوردستان و رۆژئاوای کوردستان. بەیانیى ئەمڕۆش 21ى تشرینى دووەم کۆمارى ئیسلامیى ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشى کردە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و بارەگای حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە کۆیە و کامپی جێژنیکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک بەحرکە.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەرگیز چاوەڕێی ئەوە ناکەن عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئێران. دەشڵێت، "پێشتر چەندینجار بە بەرپرسانی هەرێم و عێراق وتراوە بە بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی خۆیان کاربکەن، بەڵام تا ئێستا نەیان کردووە". ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان له كۆنفرانسى ڕۆژنامهوانى ههفتانهى خۆیدا ڕایگهیاند: "ئێران هەوڵدەدات ئاسایشی خۆی دابینبکاتو هەڕەشەکان دووربخاتەوە، ناشبێت هەرێم ببێتە شوێنی هەناردەکردنی چەکو کەرەستەی سەربازیی بۆ ئێران". ئاماژەی بەوەشدا، ئێران چاوەڕێیە بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گوێرەی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی خۆیان هەنگاوبنێن. ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو جارێکی دیکە ئێران بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی لە ناوچەی زڕگوێزی سەر بە سلێمانی و کۆیە و کەمپی جێژینکانی سنوری هەولێری بۆردوومانکرد و کەسێک گیانی لەدەستدا.
هاوڵاتی لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لەو وڵاتە دەکات، "ئەم شاڵاوە لە دژی هەرێمی کوردستان رابگرێت." حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانننامەکەدا بە توندترین شێوە ھێرشی شەوی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات ودەڵێت، پێشێلکاریی بەردەوامی سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، "ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندیی دراوسێیانەیە." دەقی بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان: حکومەتی ھەرێمی کوردستان "بە توندترین شێوە ھێرشی شەوی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین. پێشێلکاری بەردەوامی سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا وڕێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دراوسێیانەیە. داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین، ئەم شاڵاوە لە دژی ھەرێمی کوردستان ڕابگرێت ، چونکە سەقامگیریی، ھەرگیز لە ڕێگەی توندوتیژییەوە دەستەبەر نابێت. حکومەتی ھەرێمی کوردستان، داوا لە دۆست و ھاوبەشانی لە حکومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەگشتی دەکات، کە ھەڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاویان بەرامبەر ئەم ھێرشە بەردەوامانەی ئێران ھەبێت ".
درەنگانی شەوی رابردوو، جارێکی دیکە ئێران بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچەی زڕگوێزی سەر بە سلێمانی و کۆیە و کەمپی جێژینکانی نزیک هەولێری بۆردوومانکرد و کەسێک گیانی لەدەستدا . درەنگانی شەوی ڕابردوو جارێکی دیکە ئێران لە رێگەی درۆن و مووشەک چەند کەمپێکی نیشتەجێبوون و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج. بەگوێرەی ئەو دوایین ئامار لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی (بەهزاد) کە تەمەنی ٢٢ ساڵ بووە و پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستان بووە شەهیدبووە. تەنیا لەم مانگەدا ئەمە دووەمین هێرشی ئێرانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە هێڕشی پێشتر 14/11/2022، ئێران کەمپی نیشتەجێبوون و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە کۆیە و زڕگوێز مووشەکباران کرد و دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون. هاوکات حزبی دیموکراتی کوردستانی رۆژهەڵات لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "داوا لە وڵاتان و ناوەندە جیهانییەکان دەکەین سنورێک بۆ هێرشەکانی ئێران دابنێن." دەقی بەیاننامەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستان: هێرشی مووشەکیی سەرلەنوێی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات "جارێکی دیکە بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مووشەک و درۆن بەئامانج گیرانەوە. نیوەشەوی ئەمشەو، یەکشەممە لەسەر دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە مووشەک و درۆن چەند بنکەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە نیزیک کۆیە و جێژنێکان کردە ئامانج. ئەو هێرشە مووشەکییە نوێیەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب زیانی گیانیی لێ نەکەوتۆتەوە. هەر بەپێی هەواڵەکان لەو هێرشە مووشەکییەدا بنکەکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز نیزیک لە سلێمانیش بە دڕۆن لێی دراوە. هێڕشی مووشەکیی نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە حاڵێکدایە کە پێشتر لە ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەریشدا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنەوەی هەموو پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە مووشەک بەئامانج گرتبۆوە کە ئەم هێرشە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگە. هەروەها لە ڕۆژی ٦ی ڕەزبەریشدا کە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی بەئامانج گرتبوو، ٩ کەس شەهید بوون کە سێ کەس لەوان ژن و منداڵ بوون. بەردەوامیی ئەو هێرشانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە کاتێکدایە کە خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی نێوخۆی کوردستانیش بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێ و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەس لە خەڵکی کوردستان لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمدا شەهید و سەدان کەسیش بریندار بوون. هەروەک پێشتریش ڕامانگەیاندووە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ بە زەبروزەنگ و کوشتاری خۆپێشاندەران و لە دەرەوەش بە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دوا پەلەقاژەکانی بەر لە نەمانی دەکات. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ویڕای مەحکوومکردنەوەی جینایەت و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕوو لە وڵاتان و ناوەندەکانی بڕیار لە کۆمەڵگەی جیهانی ڕادەگەیەنێتەوە کە هەتا بەربەستێکی جیدی بۆ سنووربەزاندنەکانی کۆماری ئیسلامی دانەنرێ، ئەم هەڕەشە و هێرشانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرەبەیانی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١"
