هاوڵاتی ئیبراهیم عەلیزادە رایگەیاند: ئەو شۆڕشەی ئێران كەچەغماغەكەی لەڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە لێدراوە دەتوانێت دەستكەوتی گەورە بەدەستبهێنێت. ئیبراهیم عەلیزادە، سكرتێری كۆمەڵە (رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران) لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی، دەڵێت: ئێران بیانوو دەگرێت، ئێمە زۆر دەمێكە پێمان وانییە هەرێمی كوردستان ئەو جێگایە بێت كەوەكو سەنگەرێكی سەربازی پێشمەرگانە بتوانین كەڵكی لێوەربگرین. وتیشی: ئێمە لەگەڵ هەموو حزبەكانی رۆژهەڵات بەیەك ئاست هاوكاریمان هەیە، هەم لەگەڵ پژاك و هەم لەگەڵ بەرەی ناوەندی هاوكاری، لەواقیعدا ئێمە پردی پەیوەندین لەنێوان پژاك و ناوەندی هاوكاریدا. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كۆماری ئیسلامی دەیەوێت لەڕۆژهەڵاتی كوردستان هێزە كوردستانییەكان پەلكێش بكات بۆ شەڕێكی مەیدانی و واقیعی و بەو جۆرە جیایان بكاتەوە لەخەباتی شوێنەكانی دیكەی ئێران و بەو شێوەیە سەرنجی خەڵك بەرەو مەیدانی شەڕ بەرەو كوردستان رابكێشێت، لەژێر ئەو سیاسەتەدا بزوتنەوەی سەرتاسەری وردە وردە سەركوت بكات. دووپاتیشیكردەوە: هیچ گۆڕانكارییەك یان هیچ دەستكەوتێك لەكوردستان سەقامگیرنابێت بۆ ماوەیەكی درێژ تاگۆڕانكاری لەدەسەڵاتی ئێراندا روونەدات. دەقی چاوپێكەوتنەكە لەگەڵ ئیبراهیم عەلیزادە: هاوڵاتی: دوو مانگە خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامە بەبڕوای ئێوە خۆپیشاندانەكان بەرەوكوێ دەڕوات؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئەوەی كەزۆر گرنگە ئەوەیە یەكەمجارە كە بۆ ماوەی دوو مانگ سەرهەڵدانێك لەئێران بەردەوام دەبێت، ئەم بەردەوامییە زۆر جێگای ئومێدەو نیشانی دەدات كەقەزیەكە لەسەرهەڵدانێكەوە دەچێت بەرەو شۆڕشێكی سیاسی گەورە، تا ئەم لەحزەیە كۆمەڵێك دەستكەوت بەدەستهاتوون كە قابیلی هەڵگەڕانەوە نییە یانی كۆمەڵگەی ئێران چووەتە قۆناغێكەوە كەبەهیچ شێوەیەك كۆماری ئیسلامی ناتوانێت ئەو كۆمەڵگایە بگەڕێنێتەوە پێش دوو مانگ لەمەوپێش، جورئەت و جەسارەت و هۆشیاری خەڵك زیادیكردووەو بەرێكخراوبوون و كاری رێكخراوەیی وردە وردە خەریكە جێدەكەوێت، بزوتنەوەكە لەئاستی نێونەتەوەییدا خۆی ناساندووە و پشتیوانییەكی بەرینی كۆمەڵایەتی بۆ خۆی دەستەبەركردووە، ئەوانە هەمووی بارودۆخێكی باشیان پێدەداو پێشبینیم ئەوەیە بۆ رۆژانی داهاتوو لەگەڵ ئەوەشدا كە رۆژانێكی ئاسانمان لەبەردەم نییە، بەڵام لەهەمان كاتدا بەردەوام دەبین و ئەو بزوتنەوەیە بەردەوام دەبێت لەسەر رێچكەكەی خۆی، پێموایە كە دەستكەوتی دیكەش بەدەست دێنێت و تائێستا ئیتر كەس ناتوانێت بیر لەوە بكاتەوە كە رۆژێك لەرۆژان باڵاپۆشی زۆرەملێ دەكات بەسەر ژنان و كچانی ئەو وڵاتە. هاوڵاتی: پێتانوایە هۆكار چییە دوای دوو مانگ لەناڕەزایەتی و فشاری شەقام دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەهەمان میتۆدی ساڵانی رابردوو رووبەرووی شەقام دەبێتەوەو ئامادەی سازش نییە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی رێگایەكی دیكەی نییەو ریفۆرم ناتوانێت بكات، چونكە ئەو شتانەی كەخەڵك ئێستا دەیەوێت هیچی لەتوانای كۆماری ئیسلامییەكی ئیدۆلۆژیكدا نییەو كۆماری ئیسلامی هەركام لەو سەنگەرانەی كەئێستا خەڵك داوای دەكات بكشێتەوە ئیتر هەبوونی خۆی نەفی كردووەتەوە، یانی دەتوانێت بەبڕوای من پاشەكشە بكات، بەڵام ناتوانێت سازش بكات، دەتوانێت لەژێر فشاردا چارەیەكی نەمێنێت لەسەنگەرێكی بەرگریەوە بكشێتەوە بۆ سەنگەرێكی دیكە، بەڵام ناتوانێت لەبنەماكانی فیكری و ئیدۆلۆژیكی خۆی بەڕەسمی چاوپۆشی بكات، بۆیە تەنیا شتێك كە بۆی دەمێنێتەوە هەر بەكارهێنانی زۆرو سەركوتە كەئەویش ئەوە بەكاردێنێت بەبەربڵاوی. هاوڵاتی: خاڵی بەهێزی خۆپیشاندانەكان چییە؟ بەواتایەكی تر پێتانوایە هێزی خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە لەكوێدایەو جیای دەكاتەوە لەخۆپیشاندانەكانی رابردووی ئێران؟ ئیبراهیم عەلیزادە: لەساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی (2018ی زایینی) تائەمڕۆ گۆڕانكارییەك بەئامانجی خۆپیشاندان و سەرهەڵدانی جەماوەردا روویداوە لەو ماوەیەدا دوو سەرهەڵدانی گەورە كە زستانی ٩٦و پایزی ٩٨ هەروەها سەرهەڵدانەكان لەسەر مەسەلەی ئاوو ناڕەزایەتی كشاوەرزان لە ١٤٠٠ی هەتاوی (2021ی زاینی) ئەوانە لەهیچ كامیاندا لایەنی جەماوەر ئەوە نەبووە كە داخوازییەكی دیاریكراویان لەدەوڵەت بێت، بەڵكو نەفیكردنەوەی سەرجەمی دەسەڵات و دەوڵەت بووەو ئەو جیاوازییەی ئێستا بەشێوەیەكی دیار دەكەوێتە بەرچاو، دووەمین جیاوازی ئەوەیە بەناوەڕۆك ئەو داخوازیانە چەپە، دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) كەحەماسیترین دروشمەو داخوازیەكانی جەماوەر لەچەند وشەیەكی سادەدا فۆرمەلە دەكات، دروشمێكە كە ئەگەر لێیبكۆڵیتەوە هیچ كامیان لەچوارچێوەی تواناییەكانی هیچ ئیسلامییەك و هیچ ریفۆرمخوازێكی دەوڵەتدا ناگونجێت، بۆیە بەناوەڕۆك هەمووی چەپ و سكۆلارەو بەروە پێشەوەیە كەئەوە سیمایەكی زۆر دڵخۆشكەری بەو بزوتنەوەیە داوە. هاوڵاتی: بۆچی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هاودەنگ نین و هەمامەنگیتان نییەو بەگشتی دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، ئێوەو پژاك لەبەرەیەكن و كاری هاوبەش و هەماهەنگیتان هەیە، ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش لەبەرەیەكی دیكەن، ئەمە بۆچی وایە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: پێموانییە ئەوەی كەئێمە لەدوو بەرەدا بین ئێمە و پژاك بین و ئەوانیش بەرەیەك بن ئەوە تەعبیرێكی تەواوبێت لەبزوتنەوەكەو لەو بارودۆخەی كەئێستا حزبە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی تێدان، ئێمە لەگەڵ هەموویان بەیەك ئاست هاوكاریمان هەیە، هەم لەگەڵ پژاك و هەم لەگەڵ بەرەی ناوەندی هاوكاری، بەڵام رەنگە جیاوازییەكە لەوەدا بێت كە تانها ئێمە لەگەڵ پژاك پەیوەندیمان هەیەو ناوەند پەیوەندی نییەو لەواقیعدا ئێمە پردی پەیوەندین لەنێوان پژاك و ناوەندی هاوكاریدا، ئێمە هەوڵمانداوە هاوسەنگییەك رابگرین لەو پەیوەندییەداو راگرتنی ئەو هاوسەنگییە بەمانای ئەوە نییە كە ئێمە هەڵوێستی خۆمان نییە لەنێوان هەڵوێستی ئەو دوو رێكخراوەدا، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە ئێمە نامانەوێت بارودۆخێك بخوڵقێت كەهێزێك وا پەراوێز بخرێت و بخرێتە گۆشەوە كە لەدواییدا كرداری كاردانەوەكانی بەرامبەر ئەو بارودۆخە هەم قابیلی پێشبینی نەبێت و هەمیش مەترسیداربێت. هاوڵاتی: مەبەستتان كێیە كە بخرێتە پەراوێزەوە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئەو هێزە لەواقیعدا پژاكە كەناوەندی هاوكاری و حزبەكانی دیكە مەیلێكیان بەهاوكاریكردن لەگەڵیدا نییە. هاوڵاتی: هۆكارەكەی چییە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: هۆكارەكە دەبێت لەخۆیان بپرسیت، بەڵام بەشێكی كەئێمە لێمان بیستوون ئەڵین حزبێكی رەسەن نین، واتە سەرچاوەی بڕیاریان لەجێگایەكی دیكەوەیەو لەلایەن پەكەكەوەیە ئەوەش زۆر لەجێی خۆی نییەو هەر پەیوەندییەكی ئایدۆلۆژی و سیاسیان لەگەڵ هەر حزبێكی دیكە هەبێت ئەوان رێكخستنیان هەیەو هێزی گەریلایان هەیەو هەمیش میدیاو هەموو شتێكی تایبەت بەخۆیان هەیەو بەئاڕاستەی رۆژهەڵاتی كوردستان كراوەو ئینجا دەزانین كە ئەو پەیوەندیانە ئاساییە و دەبێت ئاسایی بێت چونكە كورد میلەتێكە لەچوارپارچەی كوردستاندا دەچەوسێتەوە و هەر حیزبێكی سیاسی كەسی نزیكی خۆی لەپارچەیەكی دیكەی كوردستان بێت ئەوە شتێكی سەیر نییەو ئەوەتا دەبینی حزبی دیموكراتی كوردستان هەیەو پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەیە یەك ناویان هەیەو لەرۆژئاواو باكور و باشور ئەو پەیوەندیانە هەیە و زۆریش ئاساییە. هاوڵاتی: پێتوایە ئەم هەڵوێستانەی ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەژێر كاریگەری هەژموونی (پارتی دیموكراتی كوردستان)دایە بۆیە ئامادەنین لەگەڵ پژاكدا هەماهەنگیان هەبێت؟ ئیبراهیم عەلیزادە: من نازانم تاچەند لەژێر كاریگەری ئەوەدان، بەڵام ئەوە دەزانم كەدەبێت ئەو كێشەیە چارەسەربكەن و دەبێت لەوە تێپەڕبن كە كێ رەسەنە و كێ ناڕەسەنە. هاوڵاتی: چی كاتێك بەپێویست دەزانن هێزی سەربازی خۆتان (پێشمەرگەو گەریلا) دەستوەردان بكات لەڕۆژهەڵاتی كوردستان؟ ئیبراهیم عەلیزادە: یەكێك لەدەستكەوتەكانی هەماهەنگی ئەو دەورەیە، كەشانازی پێوەدەكەین كەتوانیومانە لەنێوان حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا ئەو هەماهەنگییە دابین بكەین، ئەوە بووە كە هەموو ئەو لایەنانەی كە لەگەڵ یەكتر دانەنیشتوون و گفتوگۆیان نەكردووە بێینە سەر ئەو قەناعەتە كەئێستا نابێت جۆرێك لەجۆرەكان دەستتێوەردانی سەربازی بكرێت لەو بزوتنەوەیەی كە لەئارادایەو بەخۆشحاڵییەوە لەو رووەوە هەموومان هاودەنگین و پێمان وایە كەئێستا ئەو بزوتنەوە كۆمەڵایەتییە گەورەیەی كە كەوتۆتەڕێ دەبێت بەهێزی خودی جەماوەر بەئاكامە دیاریكراوەكانی خۆی بگات نەك بەدەستتێوەردانەكانی هێزی پێشمەرگە، بەڵام شارەكانی هەموو كوردستان بەهێزی جەماوەر رزگار بوو و دەستكەوت گەلێك بەدەستهات ئەوكات جەماوەر پێویستە ئەو دەستكەوتانەی خۆی بپارێزێت. هاوڵاتی: لەحاڵەتێكدا كۆماری ئیسلامی ئێران فشاری زۆری كردو گەیشتە قۆناغێك هیچ دەست نەپارێزێت و كوشتارێكی زۆر ئەنجامبدات، ئێوە لەو كاتەشدا دەستوەردانی سەربازی ناكەن؟ ئیبراهیم عەلیزادە: بەوە چارەسەر ناكرێت چونكە كۆماری ئیسلامی دەیەوێت كۆمەڵكوژییەكی گەورە بكات لەكوردستاندا و ئامرازی سەركوتگەری زۆر بەدەستەوەیە و پێموایە كاری دروست ئەوەیە كە نابێت بهێڵین بگاتە ئەو قۆناغە و ناهەماهەنگی نێوانی بزوتنەوەكە لەتاران و شارە گەورەكانی ئێران و هەروەها لەكوردستانی ئێران وایلێبێت كە كوردستان ببێتە مەیدانیكی شەڕ، كۆماری ئیسلامی ئەوەی دەوێت هەم لە بەلوجستان و هەم لەكوردستانیش دەیەوێت و تەنانەت بەفشاری جەماوەر بەهەر شیوەیەك لەشێوەكان هێزە كوردستانییەكان پەلكێش بكات بۆ شەڕێكی مەیدانی و واقیعی و بەو جۆرە جیایان بكاتەوە لەخەباتی شوێنەكانی دیكەی ئێران و بەو شێوەیە سەرنجی خەڵك بەرەو مەیدانی شەڕ و بەرەو كوردستان رابكێشێت، و لەژێر ئەو سیاسەتەدا بزوتنەوەی سەرتاسەری وردە وردە سەركوت بكات، بۆیە پێموایە ئێمە دەبێت هەوڵبدەین نەچینە ئەو قۆناغەوە و ئەوە پیلانی كۆماری ئیسلامییە و پێموایە كەئەگەر ئێمە پشتیوانی بكەین لەتاران و لەشارە گەورەكان بەگەرموگوڕی و هەروەها خۆشمان بزانین كە بەسیاسەتێكی ژیرانە بزانین چۆن بزوتنەوەكەمان هەنگاو بەهەنگاو ببەینە پێشەوەو ئەو پیلانە پوچەڵ دەبێتەوە. هاوڵاتی: ئامادەیی ئێوە لەناو ئەم ناڕەزایەتییانەدا چییە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە بەهەموو شێوەیەك تیایدا بەشدارین و ئێمە هەر ئەو تەشكیلاتە نین كەئێستا لەدەرەوەی وڵات دوورخراوەین، كۆمەڵە یەكێك لەو رێكخراوانەیە كە ریشەی لەناو كۆمەڵگای كوردستاندا هەیە، رێكخستنی هەیە نفوسی كۆمەڵایەتی هەیە، دروشمەكانی گوێی پێدەدرێت، بانگەوازەكانی وەڵام وەردەگرێتەوە، لەڕێگای میدیایەكی نیسبەتەن بەهێزەوە لە رادیۆو تەلەڤزیۆن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەوڵدەدەین كاریگەری لەسەر دانێین و هەڵەكان راستبكەینەوەو دەستكەوتەكان بكەینە بەرچاوو هاوڕێیانیشمان و تەشكیلات و رێكخستنەكانیشمان لەناوەوە بەشی هەرە چالاكی ئەو حەرەكەتەن. هاوڵاتی: خەباتی ئێوە بۆ رزگاری رۆژهەڵاتی كوردستانە بەدیاریكراوی یاخود حزبەكەی ئێوە وەك كۆمەڵە خواستتان تەنها گۆڕانی رژێم و رزگاركردنی هەموو ئێرانە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: خەباتی ئێمە خەباتێكە سەرانسەرییەو لەواقیعدا دوو باڵمان هەیە باڵێكمان باڵی سەرانسەریمانە ناوی حزبی كۆمۆنیستی ئێرانە لەو ئاستەدا ئێە هەوڵدەدەین كاریگەری دابنێین لەسەر رەوتی رووداوەكان، خەباتێكیشمان هەیە لەكوردستان دیارە بەهۆی بەهێزبوونی بزوتنەوەی كوردستان و پێشینەیەكی شۆڕشگێڕانە كەهەیەتی تەشكیلاتی ئێمە لەكوردستان بەهێزەو بەراورد ناكرێت لەگەڵ تواناكانمان لەئاستی سەرانسەری، بەڵام ئێمە پێمانوایە هیچ گۆڕانكارییەك یان هیچ دەستكەوتێك لەكوردستان سەقامگیرنابێت بۆ ماوەیەكی درێژ جێگیرنابێت مەگەر ئەوەی كە گۆڕانكاری لەدەسەڵاتدا لەئێراندا پێكبێت نموونەشمان دیت لەساڵی ١٩٨٠ كەبەشیكی زۆری كوردستانمان بەدەستەوە بوو و لەساڵانی دواتر بەهۆی ئەوەی بزوتنەوەی سەرانسەری دامركاوەو بەو هۆیەوە كۆماری ئیسلامی لەمەیدانەكانی دیكەدا سەركەوتوو بوو لەسەقامگیركردنی خۆی و كورستانیش وردە وردە ئەو دەستكەوتانەی لێسەندرایەوە و دەبێت هەردوو لایەنیمان هەبێت. هاوڵاتی: لەحاڵەتی گۆڕینی رژێمی ئێراندا ئێوە وەكو كۆمەڵە لەگەڵ چ جۆرە سیستەمێكن و چ جۆرە سیستەمێكتان پێباشە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە پێمان وایە ئەو شۆڕشە لەقۆناغی یەكەمدا شۆڕشێكی سیاسییەو دەیەوێت دەسەڵات بگۆڕێت لەسەر بنەمای كۆمەڵێك دەستكەوتی دیموكراتی، ئێمە لەبەرنامەیەكدا كە لانی كەمی خۆمان فۆرمەلەمان كردووە، ئەمانە هەم هەموو ئازادییە دیموكراتییەكانی تێدایە و دەبێت هەمووی دابین ببێت، ئازادی بەیان و ئازادی رێكخراوبوون و ئازادی بێمەرجی سیاسی و ئازادی بیروباوەڕ و عەقیدە و كۆمەڵێك دەستكەوت و گۆڕانكاری لەژیانی ئابووری و ژیانی خەڵكدا تێدایە وەكو خزمەتگوزاری و مافی كرێكاران و مەسەلەی خوێندنی بەخۆڕایی تا زانكۆ و هەموو ئەوانەمان فۆرمەلەكردووە لەبەرنامەیەكدا، بۆ كوردستانیش هەر ئەوانەمان هەیە بە ئیزافەی ئەوە كە مەسەلەی ستەمی نەتەوایەتی لەكوردستان لەبەرچاو گیراوەو تیایدا مافی دیاریكردنی چارەنووس تەئكیدی لەسەركراوە، كەمانای ئەوەیە خەڵكی كوردستان ئازادبن بۆ ئەوەی كە لە ریفراندۆمێكی تەواو ئازاددا كە هەلومەرجێكی تەواوی بۆ خولقابێت و لەو ریفراندۆمەدا بڕیار بدەن كەوا دەمێننەوە لەگەڵ ئێران یاخود نا. هاوڵاتی: لەدوو بەشی كوردستاندا ئەزموونی حوكمی كوردی هەیە واتە لەباشور و رۆژئاوای كوردستان، ئێوە پێشبینی دەكەن ئەزموونی كامیان لەرۆژهەڵاتی كوردستاندا دووبارە ببێتەوە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەزموونی بكەین لەواقیعدا دەبێت ئەزموونی تایبەت بەخۆمان هەبێت، بەڵام ئەگەر بێت و قەزاوەتێكیش بكەین لەسەر ئەو دوو ئەزموونە كە لەو دوو بەشەی كوردستاندا هەیە ئێمە ئەزموونە كۆمەڵایەتییەكانی رۆژئاوای كوردستان وەكو ئەو مافانەی كە بۆ ژنان دەستەبەر كراوە وەكو ئەو ئیمكاناتەی كە بۆ بەشداری ژنان لەهەموو ئاستەكانی دەسەڵاتدا دابینكراوە وەكو خۆبەڕێوەبەری واتە ئەنجومەن و شوراكانی محەلی كەتیایدا خەڵك بەئازادی دەتوانێت بڕیاربدات لەسەر ئیدارەی ئوموری خۆی و چارەنووسی خۆی، وەكو چارەسەركردنی ناكۆكی نێوان نەتەوەكان ، نەتەوەی عەرەب و ئاشووری و كورد و هەموو ئەوانە، ئەمە كۆمەڵێك ئەزموونە كە نیشانی دەدات لە كوردستان عەمەلییە و ئێمە پێمانخۆشە كە لەو ئەزموونانە سوود وەربگرین بەڵام من پێموایە كە ئەو شۆڕشەی كە لەئێستادا لەئێران هەیەو چەغماغەكەی لەكوردستانی رۆژهەڵاتەوە لێدراوە دەتوانێت ئەو دەستكەوتانە گەلێك قوڵترو واقیعیترو بەكرداریتر بێنێتە ئاراوە. هاوڵاتی: ئێران بەردەوام هەڕەشە لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات بەشێك لەحزبەكانی رۆژهەڵاتیش ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كەئەوان لەسەر داخوازی حكومەتی هەرێمی كوردستان هێزەكانیان لەسەر سنووری ئێران گواستۆتەوە، ئایا ئێوە وەكو كۆمەڵە هێزی خۆتان لەسەر سنووری ئێران دوورخستووەتەوە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە زۆر دەمێكە پێمان وانییە كە هەرێمی كوردستان ئەو جێگایەیە كەوەكو سەنگەرێكی سەربازی پێشمەرگانە دەتوانین كەڵكی لێوەربگرین، ئێمە پێمان وابووە كە دەبێت لێكتێگەیشتنێكمان هەبێت لەنێوان بەرژەوەندییەكانمان و بەرژەوەندییەكانی حكومەتی هەرێم كە نایەوێت لەگەڵ دەوڵەتێكی دراوسێی خۆی بخرێتە حاڵەتی شەڕەوە، بۆیە ئێمە ئێستا خەباتی چەكداریمان لەرووی زەروریەتێكی دیكەوەیە نەك لەو رووەوە كە بەكاریبێنین دژی كۆماری ئیسلامی و كۆماری ئیسلامی بەهانەگیری دەكات ئەگینا دەزانێت ئێمە سیاسەتمان ئەوە نییە كەهێزی چەكدار دژی كۆماری ئیسلامی لێرەوە لەسنوورەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەكاربێنین. هاوڵاتی: ئەمریكاو وڵاتانی خۆرئاوا تائێستا ئەوەی تێبینی دەكرێت بەڕوونی پەیامیان نەگەیاندووە كە لەگەڵ رووخانی رژێمی ئێرانن، ئایا ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هێشتا ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەگشتی وەكو بەدیلی دەسەڵات بوونی خۆیان نەسەلماندووە یاخود خۆرئاواو ئەمریكا بەدیلێكیان نەدۆزیوەتەوە بۆ سیستەمی حوكم لەدوای كۆماری ئیسلامی ئێران یاخود هۆكارەكە چییە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئەوانەی باستكرد هەمووی هۆكارن واتە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی خۆی وەكو بەدیلێكی مسۆگەری دەسەڵات نەناساندووە بۆ هیچ وڵات و دەوڵەتێكی زلهێز ئەمە خاڵی یەكەم، خاڵی دووەم ئەوەیە بەشێوەیەكی گشتی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز بەتایبەتی ئەوروپا و ئەمریكا لەوەدانییە كە كۆماری ئیسلامی بڕوخێت ئەگەر خۆیان نەكەونە بارودۆخێكەوە كەناچاربن هەڵبژێرن لەنێوان كۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆنەكەی ئەوەی كەبژاردەیانە هەر ئەو رژێمەیە، لەبەرئەوەی ئەو رژێمە دوو كاری زۆر گرنگی بۆ كردوون یان بۆیان دەكات یەكێكیان ئەوەیە كە ئینسیجامی وڵاتێكی بۆ راگرتوون یان نەیهێشتووە پارچە پارچە بێت وەكو عێراق و لیبیاو لەژێر سایەی ئەو ئینسیجامەدا ئەوان دەتوانن بەرژەوەندییە درێژ ماوەكانی خۆیان باشتر بپارێزن، دووەمین شت كە بۆی دابینكردوون ئەوەیە كە ململانێی ناوچەیی دروستكردووە كەتیایدا ئەوان بەئارەزووی خۆیان چەك دەفرۆشن و بەملیارەها چەكیان بە عەرەبستانی سعودی و بەوڵاتانی خەلیج و بەشوێنی دیكە فرۆشتووە و بەردەوامیشن لەژێر راگرتنی هەڕەشەی ئێراندا، لەهەمانكاتدا كە زەرەرێكی گەورە بە ئابووری ئەوان ناگەیەنێت و دەرگایەكی گەورەی بۆ كردوونەتەوەو تەنانەت ژێر بەژێر معامەلاتیان لەگەڵ ئێرانیش بەردەوامەو بۆیە ئەگەر چاو لەبەرژەوەندیەكانیان بكەین بەهیچ جۆرێك بەرژەوەندی ئەوان لەگەڵ مانەوەی كۆماری ئیسلامی ناتەبا نییەو ئەگەر بەئارەزووی ئەوان بێت هەر كۆماری ئیسلامی هەڵدەبژێرنەوە بەڵام بۆچی ئێستا جاروبار هەڵوێست دەردەبڕن لەبەرئەوەی ئەوانیش دەزانن كە ئەگەر شەپۆل بەشەپۆل ئەو خەباتە بچێتە پێشەوە دەكرێت رێی هەڵوێست گۆڕین ئاسان نەبێت، بۆیە لەئێستاوە گۆشەنیگایەكیان بەرەو ئۆپۆزسیۆنە بۆ ئیحتیات بەرامبەر ئەو بارودۆخەی مومكینە لەكۆنترۆڵی ئەوان و كۆنترۆڵی كۆماری ئیسلامیش دەربچێت. هاوڵاتی: هۆكار چییە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەشێوەیەكی گشتی خۆتان وەك بەدیل نەناساندووە؟ هەروەها لەو ماوەیەی كە خۆپیشاندانەكان دەستیپێكردووە هیچ كۆبوونەوەیەكی فراوانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان كراوە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: من پێموایە بەدیل لەدەرەوەی وڵات شكڵناگرێت و بەدیل لەناو جەرگەی خەباتی جەماوەردا وردە وردە سەرهەڵدەدات، ئەگەر قسە لەسەر گۆڕانكارییەكی شۆڕشگێڕانە یان دراماتیك لەدەزگای سیاسی ئێراندا بێت ئەوە لەئاكامی گەشەكردن و بەرەوپێشچوونی قوڵبوونەوەی ئەو خەباتەیە كەلەناوەوەیە، هۆكاری ئەوەی كە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تائێستا نەیتوانیوە هێشتا ئەو لەحزەیەش لەڕووی رێكخراوەیی و لەڕووی نفوسی سیاسیشەوە لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیە بێگانەیە، هۆكارەكەشی سەركوتی ٤٣ ساڵەی كۆماری ئیسلامی ئێرانە ٤٣ساڵ كوشتن و بڕین و سەركوت و زیندان و رێگای نەدا كە ئۆپۆزسیۆن رێگای خۆی بۆ ناو جەماوەر بكاتەوە، ئێستا بارودۆخەكە كەمێك گۆڕاوە و ئۆپۆزسیۆن كەوتۆتە خۆی هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانین ئۆپۆزسیۆنی دوورخراوەو دوورە وڵات چەندە پێگەو جێگەیان لەناو جەماوەر هەیەو چەندە دروشمەكانیان لێرە رەنگدانەوەی هەیە، سەبارەت بەكوردستان جیاوازی هەیەو كوردستان لەو ٤٣ ساڵەدا هەر بەرگری كردووەو حزبی سیاسی بەهێزو پەروەردە كردووەو حزبەكان كەم تازۆر متمانەی خەڵكیان راكێشاوە، بەڵام لەئاستی ئێراندا ئەو پێگەیەمان نیە. سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەكەتان، تائێستا ئەوەندەی ئێمە بزانین هیچ كۆبوونەوەیەك لەلایەن بەرەی چەپ و بەرەی راستی ئەو ئۆپۆزسیۆنەی دەرەوەی وڵات پێكنەهاتووە، بەڵام لەنێو خۆیاندا هەردوولا بەرەی راست و بەرەی چەپ، بەرەی راست كەوتووەتەخۆ و پەلەیەتی كۆبوونەوەو دانیشتن دەكەن و بڕیار دەدەن، ئەو پەلەیە بەبڕوای من لە جێگەی خۆیدا نیە، مەبەست لەبەرەی راست وەكو لیبراڵییەكانی ئێران و وەكو موجاهیدینی خەڵق و سەڵتەنە تەڵەبەكان و گروپی تری درورو نزیك لەوان، تەنانەت بەشێك لەكوردەكانیش ئەمانە بەناو كۆبوونەوە دەكەن بۆ شكڵپێدانێك بە بەدیل، بەڕای من ئەمە بە سادەیی خوێندنەوەی بارودۆخەكەیە كە پێت وابێت بەدیل ئاوا دروستدەكرێت، ئەوە لەوێناكردنێكدایە كە ئێمە چاوەڕوانی دووپاتبوونەوەی ئەزموونی عێراق بكەین لەئێران، بەڵی ئەگەر قسە لەسەر ئەزموونی عێراق بكەین دەستتێوەردانی ئەمریكا هۆكار بوو بۆئەوەی ئەو ئەزموونە بەو عاقارەدا بەرێت، چونكە ئەگەری نییە ئەزموونی عێراق لەئێران دووبارە ببێتەوە، بۆیە ئەو هەوڵانەی ئەوانیش بێ سوودە و تائەوكاتەی جەماوەر لەناوەوە رەهبەرانی خۆی و رێكخراوەكانی خۆی پێكنەهێنێت و وردە وردە دەموچاوەكان نەناسرێن و ناوەندەكانی رێكخستنی ئەو خەبات و سەرهەڵدانە خۆیان دەرنەخەن هیچ بەدیلێك بۆ داهاتووی ئێران شكڵناگرێت. هاوڵاتی: بۆ ئەوەی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزاییانە سەركەوتوو بێت دەكرێت چی بكرێت؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە بۆ سەركەوتن پێویستیمان بەچەند شتێكە، یەكەم پێویستیمان بەكاتە بۆ ئەوەی خەڵك بتوانێت خۆی رێكبخات و بۆ ئەوەی هێزەكانی دوژمن ماندوو بكەین و بەئەوەی كەسایەتییەكانمان و حزبە سیاسییەكانمان لەسەر ئاستی ئێران متمانەی خەڵك بۆ خۆیان رابكێشن، دووەم نابێت خەڵك چاوەڕوانی سەركەوتنێكی ئاسان بێت واتە بڵێین ئەمڕۆ و سبەینێ ئەم قەزیەیە تەواو دەبێت، دەبێت بڵێین بۆ ئەوەی ئەم سەركەوتنە بەدەستبێت دەبێت گەلێك لەوەی ئێستا هەیە جەماوەری دیكە بەشداری بكات و دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) دروشمێكی سەرنجڕاكێشە بەڵام هەموو نیازو ئاواتەكانی سەركوتكراوو هەموو مافە پێشێلكراوەكانی جەماوەری ئێران نوێنەرایەتی ناكات خەڵك مەعێشەتی دەوێت، خەڵك نانی دەوێت، ژیانی ئابوورییەكەی داڕماوە دەبێت ئێمە رێگایەك نیشان بدەین كە بڵێین ئەو دەسەڵاتەی دوای كۆماری ئیسلامی دێت دەتوانێت لەو بوارانەدا ئاڵوگۆڕی جددی لەژیانی خەڵكدا پێكبهێنێت، ئێمە پێمان وایە ئەگەر ئەو زەمانەمان بەدەستەوە بێت و ئەگەر لە رەوتی رووداوەكان نە پێش كەوین و نە دوابكەوین داهاتوویەكی روون بۆ ئەو سەهەڵدانەی ئێستا بەدیدەكرێت.
هاوڵاتی لەپارێزگاى جۆلەمێرگ-ی باکورى کوردستان لە سەرەتاى ئەمساڵەوە 48 ئۆپەراسیۆنى سەربازیى لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە و زیاتر لە 60 هاوڵاتییش ئەشکەنجەدراون و دەستگیرکراون. ئاژانسى هەواڵى مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە؛ لەکاتێکدا تورکیا بانگەشەی ئارامیی پارێزگاى جۆلەمێرگ بانگەشەى دەکات لەسەرەتا ئەمساڵەوە لەو سنورە 48 ئۆپەراسیۆنى سەربازیی ئەنجام داوە و جگە لەو ئۆپەراسیۆنەش هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوتە سەر 68 گوندی ئەو پارێزگایە. بەپێى ئامارەکان، لە سنورى پارێزگاى جۆلەمێرگ کە هاوسنورە لەگەڵ هەرێمى کوردستان، لە ئەنجامى ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لانیکەم 100 دانیشتوی گوندەکانی ئەو ناوچانەی دەستگیر کردون و 61 کەسیش هەر لە لایەن ئەو هێزانەوە ئەشکەنجە دراون. هاوکات هەر لەلایەن هێزە ئەمینییەکانی تورکیاوە رێگریی لە تۆمارکردنى سکاڵاى هاوڵاتییان کراوە و ژمارەیەکیش نوێنەرى رێکخراوەکانى مافەکانى مرۆڤ دەستگیر کراون. ساڵانە بە بیانوی ئۆپەراسیۆن لە دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەیان دانیشتوی گوندەکانی باکوری کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی تورکیا دەستگیر و ئەشەکەنجە دەکرێن.
هاوڵاتی بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک ناوچەش ئەگەری بەفربارین هەیە،و پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە. کەشناسی هەرێم رایگەیاندووە، بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر شەپۆڵێکی باران بارین، کە کاتی دابارین لە دوانیوەرۆوە دەستپێدەکات و سنوری پارێزگای سلێمانی زۆرترین ئاستی دابارینی دەبێت لەچاو ناوچەکانی تر، لە کاتەکانی ئێوارەی رۆژی پێنجشەمە کۆتایی بە کاریگەری ئەم شەپۆڵە دێت. لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنی باران لەکاتەکانی نیوەڕۆ لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاویەکان، لەدوای نیوەڕۆ کاریگەری باران بارین زیاتر دەبێت لەسەر زۆربەی ناوچەکان. هەروەها لە پارێزگای هەولێر ئاسمان هەور دەبێت، لە کاتەکانی نیوەڕۆ لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاویەکان نمە باران دەستپێدەکات پاشان لەناوچە جیا جیاکاندا باران دەبارێت . لە پارێزگای دهۆکیش ئاسمان هەور دەبێت، باران بارین لە دوای نیوەڕۆ لەسەر ناوچە شاخاویەکان دەستپێدەکات پاشان ئاستی دابارین زیاتر دەبێت و لە ئێوارەدا پێشبینی باران بارین لەسەر تەواوی ناوچە جیا جیاکان دەبێت لە پارێزگای کەرکوکیش ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنی نمە باران لە ناوچە جیا جیاکاندا لە کاتەکانی دوای نیوەرۆ. بۆ سبەینێ پلەکانی گەرما دوو بۆ سێ پلەی دیکە نزم دەبێتەوە و بەم جۆرە دەبێت: هەولێر: 19 پلەى سیلیزى سلێمانی: 16 پلەى سیلیزى دهۆک: 18 پلەى سیلیزى کەرکوک: 22 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 18 پلەى سیلیزى زاخۆ: 19 پلەى سیلیزى سۆران: 17 پلەى سیلیزى گەرمیان: 23 پلەى سیلیزى
هاوڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رەزامەندی لەسەر داوای وەزارەتی خوێندنی باڵا نادات بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان، سەرچاوەیەكیش لەوەزارەتی دارایی دەڵێت خوێندنی باڵا خۆیان داهاتیان هەیە، هاوكات ماوەی چەند رۆژێك خوێندكارانی زانكۆكانی سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە لەبەرامبەر پێنەدانی دەرماڵەو چەند گرفتێكی تریان دەستیان بەخۆپیشاندان كردو لەهەولێریش رێگری لەخوێندكاران كرا خۆپیشاندان بكەن، وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت: دەرماڵەی هەموو خوێندكاران پێنج ملیار دینارە. محەمەد تەها نوێنەری خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی بەهاوڵاتی وت:»لە وەرزی نوێی خوێندندا خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی هیچ دەرماڵەیەكیان وەرنەگرتووە، و زانكۆی سلێمانی كێشەی بەشە ناوخۆییەكانیشی هەیە، كە بەشی ناوخۆیی بەس بۆ خوێندكارانی زانكۆلاینە، جگە لەوەی قۆناغی یەكی ئەمساڵ بەشە ناوخۆییان نییەو هەر خوێندكارەو رەوانەی بەشە ناوخۆییەكی دیكە كراون، ئێستاش كە پشوو تا رۆژی یەكشەممە راگەیەندراوە بەخوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان وتراوە بچنەوە بۆ ماڵەوە». بەوتەی عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو تووێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای لەئەنجومەنی وەزیران كردووە رەزامەندی بدات بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی ساڵی خوێندنی 2022 بۆ 2023 بەڵام تائێستا ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی نەداوە. سەبارەت بەڕاگیرانی دەوامی خوێندكاران عەباس ئەكرەم بۆ هاوڵاتی وتی:» دەوامی خوێندن لەزانكۆكانی سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە و راپەڕین بەبڕیاری ئەنجومەنی زانكۆكان خۆیان راگیراوە». بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم، «جیاوازی دەكرێت لەپێدانی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، تا 100 هەزار دینار بۆ زانكۆكانی سلێمانی خەرجدەكرێت 100 ملیۆن دینار بۆ زانكۆكانی هەولێرو دهۆك خەرج دەكرێت و وەزیری خوێندنی باڵاش لەوبارەیەوە بێدەنگە». هاوكات سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت:»خەڵك بەهەڵە تێگەیشتووە لەوەی دەرماڵە پەیوەندی بەوەزارەتی داراییەوە هەیەو دەرماڵە راستەوخۆ پەیوەندی بەئەنجومەنی وەزیرانەوە هەیە، وەزارەتی خوێندنی باڵا داهاتی خۆی هەیە». وتیشی:»ئەو داهاتە دەچێتە ئەنجومەنی وەزیران و خۆیان نووسراو ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن و ئەوانیش نووسراو ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی دەكەن بۆ جیاكردنەوەی پارەكە ئەگەرنا ئەوە ئێمە نین كەبڕیار لەدەرماڵەی خوێندكاران بدەین». پێشتر د.توانا نەجەف، سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان پێش دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن نووسراویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی بڕیارەكەی ساڵی رابردووی تایبەت بەپاڵپشتیی دارایی خوێندكاران نوێبكرێتەوە. وتیشی: ساڵی رابردوو مانگانە نزیكەی حەوت ملیارو 250 ملیۆن دیناری بۆ پاڵپشتیی دارایی خوێندكاران تەرخانكردبوو، بەڵام ئەمساڵ كەمتر لەو بڕەیان پێویستە كە نزیكەی پێنج ملیار دینارە. لەهەرێمی كوردستان نزیكەی 152 هەزار خوێندكاری زانكۆو پەیمانگە حكومییەكان هەن، لەو ژمارەیە نزیكەی 113 هەزار خوێندكار وەرگرتنی دەرماڵە دەیانگرێتەوە، دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگەكان لەساڵی 2014 بەپاساوی قەیرانی داراییەوە بڕدرا بۆ خوێندكاری ناوشار مانگانە 40 هەزار دینارو خوێندكارانی دەرەوەی شاریش 60 هەزار دیناربوو، بەڵام دوای ئەوەی ساڵی رابردوو خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگەكان بەتایبەتیش لەسنووری پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانیان كرد وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستی بەدابەشكردنی دەرماڵەی خوێندكاران بۆ یەك ساڵ كرد.
هاوڵاتی دوای ئەوەی دژی گرانی نرخی نەوت لە پێنجوێن خۆپیشاندان دەستیپێکرد و هاوڵاتیان دەڵێن، ئامادە نین بەو نرخە نەوتی سپی لەرێگای فۆڕمی خۆراکەوە وەربگرن، قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن رایگەیاند"سبەینێ نەوت دابەش ناکرێت".. ئەمرۆ سێشەممە، قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە ئاگادارکراینەوە کە سبەینێ چوار شەممە رێکەوتی ١٦ی ١١ی ٢٠٢٢ بەهۆی بوونی خۆپیشاندانەوە لە پێنجوێن ناتوانن نەوت بنێرن. دانیشتوانی پێنجوێنیش ڕایدەگەیەنن، ئەگەر حکومەت نرخی نەوتەکەیان لە ١٠٣هەزار کەمتر نەکاتەوە نایانەوێت و وەری ناگرن چونکە دانیشتوانەکەی هەژارن و داهاتیان تەنها لەسەر کشتوکاڵە و ئەمساڵ بە تەواوی کشتوکاڵەکەیان لە زیاندا بووە. ئەمەشلە کاتێکدایە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، لە قەزای پێنجوێنەوە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکەن و بۆ هەر بەرمیلێک نەوتیش ١٠٣ هەزار دینار لە هاوڵاتیان وەردەگرن.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستیی رێژەی پشکەکانی پزیشکی نەشتەرگەری بۆ 50% لە تێچووی نەشتەرگەری کەمدەکاتەوە و میلاک بۆ نەخۆشخانەکان دادەنێ بەجۆرێک هەر پزیشکێکی نەشتەرگەری و سڕکەر تەنیا لە یەک نەخۆشخانە یاخود نێوەندی پزیشکی دەتوانێت کاربکات، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند نابێت هیچ بڕە پارەیەک لە دەرەوەی ژمێریاری نەخۆشخانە لە نەخۆش وەربگیرێت هەروەها نرخ، رێژە و شایستە داراییەکان لە نەخۆشخانە و نێوەندەکانی کەرتی تایبەت سەبارەت بە تێچووی پاکێجی نەشتەرگەریی گشتی دیاریکرد کە بەمشێوەیە دەبێت : ١- شایستەی پزیشکی نەشتەرگەری زیاتر نەبێت لە 50%ـی تێچووی گشتی نەشتەرگەرییەکە. ٢- شایستەی پزیشکی سڕکار لەکاتی سڕکردنی گشتی نابێت کەمتر بێت لە 10% و بۆ سڕکردنی هەرێمی کەمتر نەبێت لە 5%ـی تێچووی گشتیی نەشتەرگەرییەکە. ٣- رێژەی ماوە لە تێچووی گشتی لە بەرژەوەندی نەخۆش خەرجدەکرێت، بەجۆرێک بۆ تێچووەکانی نەخۆشخانە، مانەوە، خواردن، دەرمان و پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری هۆڵی نەشتەرگەری و بیهۆشکاری بەکاردێت، هەروەها نابێت هیج خەرجییەکی دیکە لە نەخۆش وەربگیرێت. وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕونیشیکردەوە، خۆیان لیستی نرخ و شایستەکان دیاریدەکەن، بەگوێرەی پێویستی و کات نرخەکان نوێ دەکەنەوە.
هاوڵاتی سوپای پاسداران داوای چەک کردن و دەرکردنی پارتەکانی رۆژهەڵات لە هەرێم دەکات سوپای پاسدارانی رایگەیاند؛ لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (رەبیع 2) بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆسەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم. سەرچاوەیەک لە سوپای پاسداران رۆژی سێشەممە بە ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ی راگەیاندوە؛ تا ئەو کاتەی پارتەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی چەکیان لێنەسەندرێتەوە و لە خاکی هەرێمی کوردستان دور نەخرێنەوە هێرشەکانی ئێران دژی ئەو پارتانە بەردەوام دەبێت. سەرچاوەکە رونی کردوەتەوە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (رەبیع 1) و (رەبیع 2) لە لایەن ناوەندی حمەزە-ی سەر بە سوپای پاسداران هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە کراوەتە سەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. هەمان سەرچاوە بۆ ئاژانسی تەسنیم جەختی لەوە کردوەتەوە هێرشەکانی رۆژی دوشەممە(14/11/2022) لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی رەبیعی 2 لە دژی ئەو پارتانە بەڕێوەچوە و تا چەک کردن و دەرکردی ئەو پاراتە نەیارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. سوپای پاسداران پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێم تۆمەتبار کردوە بە هاندان و بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان و دروستکردنی مەترسیی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. رۆژی دوشەممەی رابردو سوپای پاسداران بۆ جارێکی دیکە لە ماوەی 45 رۆژدا بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردەوە سەر بنکەو پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە و زڕگوێز و بڕادۆست کە بوە هۆی گیانلەدەستدانی دو پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و برینداربونی هەشت کەسی دیکە
هاوڵاتی هەپەگە ئاماری شەڕی ٧ مانگی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ٢ هەزار و ٥٥٣ چالاکی گەریلاکاندا ٢ هەزار و ٥٤٤ سەربازی تورکیا کوژراون و ١١ هەلیکۆپتەریش خراونەتە خوارەوە و ٢ تانکیش تێکشکێنران. داگیرکەرانیش ٢٨٣٧ جار بە بۆمبی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی هێرشیان کردووە و ١٧٤ گەریلا شەهید بوون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ئاماری ٧ مانگی شەڕی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆس و شەهید ساواش مەرەش لە جەنگی خابوور دا لە نێوان ١٤ی نیسان و ١٤ی تشرینی دووەم بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "پارتیمان پەکەکە لە ٢٧ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی ١٩٧٨دا دامەزراوە و گەلەکەمانی لەسەر لێواری پاکتاوکردن و سڕینەوەوە هێنایە سەر هێڵی بەرخۆدان و سەرکەوتن، ئەمڕۆ بووەتە هیوای ئازادیی گەلانی چەوساوە، ژنان و گەنجان. تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادی لە کوردستان، کە لەسەر فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دامەزراوە، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هێزە لۆکاڵی و ناوچییەکانی پاکتاوکاری و داگیرکەری بە گەورەترین هەڕەشەی بۆ سەر خۆیان دەزانن، ڕووبەڕووی قورسترین و بەربڵاوترین هێرشی مێژوو دەبێتەوە. هێزە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێت لە کەسایەتی گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بە تەواوی هیوای ئازادیی گەلان لەناو ببەن، بە هەموو شێوەیەک پشتگیری سیاسی و سەربازیی ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە دەکەن. دەوڵەتی تورکی فاشیست پشت بە پێشکەوتووترین تەکنیکی ناتۆ دەبەستێت و بە هەموو شێوازەکانی شەڕی پیس هێرش دەکاتە سەر گەریلاکانی ئازادیی گەلەکەمان. سەرەڕای ئەو دەرفەتانەی، کە بۆی ڕەخسێنراون نەیتوانی لە بەرامبەر ئیرادەی ئاپۆیی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دا ئەنجام بەدەست بهێنێت. هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا ماوەی ٧ مانگی تێپەڕاند. لەم ماوەی ئەم ٧ مانگەی شەڕی قورسدا، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە لە باشووری کوردستان دەستی پێکرد، ئەو قارەمانیانەی، کە ئافرێنران، هێڵی بەرخۆدان و شێوازی شەڕی فیدایی جارێکی دیکە بە ڕوونی دەریانخست، کە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان تێکناشکێن. هێزی ستراتیژی ئێمە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییە، کە بە پێی هەلومەرجی سەردەمی نوێ جێبەجێ دەکرد، شێوازی شەڕی تیمە، کە پشت بەستووە بە بنەمای شەڕی تونێل و گۆڕەپانەکان و ئەوەش بە شێوەیەکی لێزانانە و شارەزایانە جێبەجێ دەکەن، ئەنجامەکانیش دەریدەخەن، کە لەسەر هێڵی سەرکەوتن بەرەو پێش دەڕۆن. داگیرکەران هەزاران جار بۆمب و چەکی کیمیایی قەدەغەکراویان بەکارهێنا سوپای تورکی داگیرکەر، کە بەرامبەر بە ئیرادەی بەهێزی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بێچارە بووە، بە فڕۆکەی جەنگی، هەلیکۆپتەری هێرشبەر، تانک و تۆپی جۆری ئۆبوس و هاوەن هەزاران جار بۆردومانی ناوچەکانی بەرخۆدانی هێزەکانمانیان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانی بە ئامانجەکانی بگات. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە ئیرادە و ڕۆحیەتێکی فیدایی بست بە بست خاکی کوردستان دەپارێزن. سوپای تورک، کە ناتوانێت لە بەرامبەر گەریلاکان پێشڕەوی بکات، جارێکی تر ڕووی پیسی خۆی نیشاندا و هەزاران جار بۆمب و چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی لەسەر تونێلەکانی جەنگ بەکارهێنا. سەرەڕای ئەو هێرشانەی سوپای تورکی داگیرکەر، کە بە بەرچاوی جیهانەوە تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات، هێزەکانمان سەختترین هەلومەرجدا بە شێوەیەکی مێژوویی بەرخۆدان دەکەن. گەریلاکانی ئازادیمان، کە خۆیان بە فەلسەفەی ئاپۆیی ڕازاندووەتەوە و بە شێوەیەکی فیدایی شەڕ دەکەن و تێدەکۆشن، وەک هێزی سەرەکیی خۆپاراستنی گەلەکەمان بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بە ئەرکەکانیان هەڵدەستن و بە هەموو شێوەیەک قوربانی دەدەن و بەرخودانێکی شکۆمەدانە نیشان دەدەن، کە بەرخوددانێک لەم ئاستەدا لە مێژوودا نەبینراوە. گەریلاکانی ئازادیمان گورزی قورس لە سوپای تورکی داگیرکەر دەدەن گەریلاکانی ئازادیمان لەسەر هێڵی فیدایی هەڤاڵانمان سارا تۆڵهەڵدان گۆیی و ڕووکەن زەلال بەرەوپێش دەڕۆن، لە باکورەوە بۆ باشور لە هەموو ناوچە و گۆڕەپانەکاندا درێژە بە بەرخودانی نەپساو و بێ ڕاوەستانی خۆیان دەدەن و گورزی قورس لە سوپای تورکی داگیرکەر دەدەن. هێزەکانمان بە چالاکیی بۆسەدانان، دزەکردنە ناو دوژمن، هێرش، تەقاندنەوە، نیشانەشکێنی، بە چەکی قورس و بە چالاکیی گەریلایی هەماهەنگ و چالاکی شۆڕشگێڕی بە ڕۆحی بەرخۆدان و بوێرییەکی بەرز، لە دژی سوپای داگیرکەری تورکیا چالاکی کاریگەر ئەنجام دەدەن. هێزەکانمان تاکتیکی گەریلاکانی سەردەمی نوێ بەکاردەهێنن و ئاستی کارامەیی خۆیان لە شەڕدا بە ڕوونی دەردەخەن. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ناوچەکانی بەرخۆداندا گورزی قورس لە داگیرکەران دەدەن و چالاکیەکانیان تۆمار دەکەن و وەک بەڵگە پێشکەشی ڕای گشتیی دەکەن. ڕژێمی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە ناتوانێت بەرامبەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان دا بەرگە بگرێت لە ڕێگەی میدیاکانی خۆی بۆ جەنگی تایبەت هەواڵی درۆ بڵاودەکاتەوە و دەیەوێت تاوانەکانی شەڕ و ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی بشارێتەوە. ئەو سەربازانەی، کە لە ژیر فەرماندەیی خولوسی ئاکاردا تەرمی سەربازەکانی خۆیان لە مەیدانی جەنگ دا بەجێدەهێڵن، بۆ ئەوەی نەکەونە دەست گەریلاکان، لەسەر بەردە بەرز و گابەرد و کەندەڵانەکانەوە هەڵیاندەدەنە خوارەوە، بە فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر هێرشیان دەکەنە سەر و دەیانسوتێن و بەوە هەوڵ دەدات لەناویان ببات. ئەمەش دەریدەخات، کە چەندە لە سەرەتاییترین بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان دوورن. زانیاری روون لەبارەی ناسنامە و بەڵگەنامەکانی تەرمی سەربازان کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانماندان زۆرجار بۆ رای گشتی ئاشکرا کران. جارێکیتر ئەوە سەلمێنراوە کە وەزیری شەڕی تایبەت خولوسی ئاکار ئەو سەربازانە بەرەو شەڕی قورس لە کوردستان دەنێرێت، لە هەمان کاتدا ئاکار خاوەنداری لەسەربازە کوژراو و زیندووەکان ناکات، بەوەشەوە ناوەستێت و بڕیار دەدات کە تەرمی کوژراوەکان لەناوببرێن. رژێمی ئاکەپە-مەهەپە کە پڕپڕبووە لە تاوان و کەوتووەتە تەنگەژەوە و لەبەر ئەوەشە فاشیستانەترین گوشار بەکاردەهێنێت و هەوڵ دەدات لە تورکیا کەسانی دژی ئەم شەڕەش بێدەنگ بکات بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی و مێژوودا دادگایی دەکرێن. لە شەری ئەم حەوت مانگەدا سوپای تورکی داگیرکەر ٢٨٣٧ جار بە بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی هێرشی کردووەتەسەر تونێل و سەنگەرەکانی شەڕ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و تاوانی شەڕی کردووە. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە گشتی ٢٥٥٣ چالاکییان ئەنجامداوە و گورزی دژواریان لە سوپای تورکی داگیرکەر وەشاندووە. لە ئەنجامی چالاکی بەهێزی گەریلاکان کە تاکتیکی دەوڵەمەندی گەریلا پێکەوە بەکاردەهێنن، ٢٥٤٤ داگیرکەر سزادراون و ٣٦٦ داگیرکەریش برینداربوون. گەریلاکانی ئازادی کوردستان کە لەبەرامبەر هێرشە پاکتاوکارییەکان لەسەر گەلەکەمان بە گیانێکی لەخۆبوردووانە و هەوڵدانێکی گەورەوە شەڕ دەکەن، لەسەر هێڵی شەهیدان سەرفرازییان بۆ خۆیان کردووەتە ئامانج و درێژە بە پارێزگاری لە گەلەکەمان و خاکی پیرۆزی کوردستان دەدەن. لە شەڕی ٧ مانگدا ١٧٤ هەڤاڵمان لە بەرەکانی پێشی پێشەوەی شکۆمەندانە ترین بەرخودانی مێژوو بەشدارییان کردووە، گورزی قورسیان لە داگیرکەران داوە، تا کۆتا هەناسەیان بە گیانبازی شەڕیان کردووە و شەهید بوون. بە پێشەنگایەتی هەڤاڵانمان باگەر، هێرش، بڵند، رێڤان، جوانا، سیپان، باز، نوری، مزگین، رۆهات، شارستان، ماهیر، ئاڤزەم، دۆغان، نالین، گوڤەن، زەمانی، رۆناهی، هەڵبەست، فەدایی، سیابەند، بەرفین، مێردین و لەم دواییەشدا ١٧ هاوڕێ کە بە هێرشی کیمیایی شەهید بوون، ئێمە هەموو ئەو شەهیدانەمان کە داستانی قارەمانێتییان نوسیوەتەوە بە رێز و پێزانین بە بیردەهێنینەوە. بەڵێن دەدەین لە سەر بنەمای هێڵی شەهیدان بەرخودان گەورە بکەین و یادی شەهیدانمان بە سەرکەوتن تاجدار بکەین. ئاماری شەڕی حەوت مانگ ئاماری شەڕی حەوت مانگ لە نێوان ١٤ی نیسان و ١٤ی تشرینی دووەم بەم جۆرەیە: ئەو چالاکیانەی کە هێزەکانمان ئەنجامیانداون: -بەشێوەی بۆسەنانەوە، چونەسەر، سابوتاژ، نیشانشکێنی، چەکی قورس، شەڕ، لێدان، چالاکی رێکخراوی گەریلا، هێزی پاراستنی ئاسمانی و ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی بە زۆر شێوە و رێباز ٢٥٥٣ چالاکی کراون. لە ئەنجامی چالاکی هێزەکانماندا: -٢٥٤٤ داگیرکەر سزادراون کە ١٢یان کۆنترا، ١٨یان پلەی سەربازی بەرزیان هەبووە. -٣٦٦ داگیرکەر برینداربوون. ئەوەندەی بۆ هێزەکانمان دەستنیشان کراوە، بەتایبەتی لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا؛ -٣٦٩٤ جار بە فڕۆکەی شەڕ بۆردومان کراوە. -٤٨٨٦ جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردومان ئەنجامدراوە. - سەنگەر و تونێلەکانی شەڕی هێزەکانمان ٢٨٣٧ جار بە بۆمبی قەدەغەکراو لە ئاستی نێونەتەوەیی (بۆمبی فۆسفۆڕ، بۆمبی تەرمۆباریک، بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی) و چەکی کیمیایی بۆردومان کراون. ئەو چەک و کەرستانەی دەستیان بەسەردا گیراوە: -١٠ چەکی ئێم پی تی-٥٥ -٤ چەکی ئەی کەی – ٤٧ -٣ چەکی جی-٣ -٣ چەکی بۆمبهاوێژ -٢ چەکی ئێم – ١٦ -٢ چەکی ئێچ کەی -٤١٦ -چەکێکی بی کەی سی - چەکێکی بی-٧ چەکێکی ئێم پی تی- ٦٦ -٤ دەمانچە - ٤ فیشەکی بۆمبهاوێژ - ٨٤٨ فیشەکی ئێم -١٦ و بی کەی سی -١٨ نارنجۆک و ژمارەیەکی زۆر بۆمبی دوکەڵ -٤ هێلەکی هێرشبردن (پۆڵا) -٤ قەڵغانی پۆڵا -٣ رەخت -١٢ مەخزەن -٧ دوربینی شەو/رۆژ -٣ دوربینی تەرماڵ - ٣ ئامێری لەیزەر -٢ ئامێری لەیزەری سەر چەک - کامێرایەکی تەرماڵ - دوربینێکی لەیزر - ٤ سیستمی کامێرای حەراری -٣ کامێرای سەر -سیستمێکی راداری گەڕۆک -٢٤ کیلۆگرام تەقەمەنی - ٤ مین - ئامێرێکی تەقاندنەوەی مین - ئامێرێکی دۆزینەوەی مین - ٧ تەلەفونی دەستی - ٣ ئامێری پەیوەندی بێتەل - پانێڵێکی وزەی خۆر - کۆمپاس یان ئامێری دۆزینەوەی ئاراستە -٤ چەقۆ (قەمە) -٦ جانتای سەربازی -٢ کڵاوی سەربازی -٢ خودی سەربازی -٩ لایتی دەستی - ٢ ئامێری بارگاویکەری وزە یو پی ئێس - بزوێنەرێکی وزە - ٢ شریتی تی ئێن تی، سی فۆر - پارچەکانی سیستمی کامێرای حەراری ئەو ئۆتۆمبێل و کەرستە سەربازیانەی کە لەلایەن هێزەکانمانەوە لەناوبراون؛ -٨هەلیکۆپتەری سکۆرسکی -٣ هەلیکۆپتەری هێرشبەر -٢ تانک -١٧ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش-سەربازی -٤ حەفارە - ٦٥ سیستمی کامێرای حەراری -٥٢ درۆن -٨ رادار - پێنج کامێرای چاودێری تەرمال - ٢ تلیسکۆپ -٣ ئامێری بڕینی تەیوەندی (ژامەر) -٣ هەستەوەری گەڕۆک - ٣ ئامێری گوێگرتن لە پەیوەندی دەنگی -داو و بۆسەیەکی وێنە - کەرەڤانەیەک - ٩٩ سەنگەر -٣٤ خێمەی سەربازی -خواردنگەیەک -سیستمێکی گواستنەوەی گازی کیمیایی -کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی - پێنج چەکی ئەی٤ - ٢ چەکی بی کەی سی -٣٠٠ کیلۆگرام تەقەمەنی - ١٠ داوی تەقاندنەوە - سەنگەرێکی ئەی-٤ - ٢ ئامێری چەکی کیمیایی - ٢ ئامێری هەوا - بۆمبهاوێژێک - چەکێکی ئەی تی- ٤ -قەڵغانێک ئەو ئۆتۆمبێل و کەەرستە سەربازیانەی هێزەکانمان گورزیان لێوەشاندن؛ -٤٧ هەلیکۆپتەری سکۆرسکی -٣٢ هەلیکۆپتەری هێرشبەر -١٩ سەنگەر -١٢ درۆن -٩ حەفارە - ٤ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش -٣ خێمەی سەربازی
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی هەولێر پێشوازیی لێکرا. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاندووە لە دیدارێکدا دوا پێشھاتەکانمان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کرد و پابەندیمان بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە. بەپێی هەواڵی میدیاکانی پارتی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، لەئێستادا لەپیرمام سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەکۆبوونەوەدایە. دوای سەردانەکەی سەرککۆمار بۆ پیرمام، بڕیارە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی زانکۆی ئەمریکی سەردانی شاری دهۆک بکات، هاوکات وا بڕیارە سەردانی ژمارەیەک لە خێوەتگەکانی ئاوارەکان بکات. ئەمە لەکاتێکدایە وابڕیارە لە رۆژانی 15 تاوەکو 17ـی ئەم مانگە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت و هەر یەکە لە سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشدارن.
هاوڵاتی کۆما جڤاکێن کوردستان رایگەیاند؛تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ پیلانگێڕیەکە بە ئاماجی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان. کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە )راگەیەندراوێکی لەبارەی تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ بڵاوکردەوە و وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەنجامدانی ئەو هێرشە رایگەیاند: تۆمەتبارکردنی بزوتنەوەکەمان بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە لە تورکیا پیلانگێڕیەکەی تاریکیان هەیە. کەجەکە ئاشکری کردوە کە ئامانجی بەردەوامیی تۆمەتبارکردنی رۆژئاوای کوردستان بە مەبەستی داگیرکردنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا. راگەیەندراوەکەی کەجەکە لە کاتێکدایە، سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا دوای تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ رایگەیاند؛ ئەو کەسەی کە تەقەمەنیەکەی لە شەقامی ئیستقلال داناوە لە کۆبانێ-وە نێردراوە و لە عەفرینەوە هاتوەتە ناوخاکی تورکیا. دوای لێدوانی وەزیری ناوخۆی تورکیا سەبارەت بە تەقینەوەکەی ئیستانبۆڵ هەریەکە لە ناوەندی پاراستنی گەل و مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) و وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رەتیان کردەوە پەیوەندیەکیان بەو تەقینەوەیەوە هەبێت.
هاوڵاتی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە هاوكات لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێی نایە 60 هەمین ڕۆژەوە، لە زۆربەی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خەڵک بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دووکان و بازاڕەکانیان نەکردەوە و مانیان گرت. بەپێی ئەو دیمەنانەی تاوەکو ئێستا بڵاوبوونەتەوە، لە شارەکانی سەقز، سنە، مەریوان، مهاباد، شنۆ، بانه، دیواندەرە، کامێران، جوانڕۆ و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن دەستیپێکردووە و خەڵک دووکان و بازاڕەکانیان نەکردووەتەوە. بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە لایەن چالاکڤانانی مەدەنی، هونەرمەندان و کەسایەتییە ناسراوەکانەوە بڵاوکرابوونەوە، داوا لە خەڵک کرابوو ئەمڕۆ 15-11-2022 لە ساڵیادی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری 2019 کە بە خۆپێشاندانەکانی ئابان ناسراوە، بۆ ماوەی 3 رۆژ مانگرتن و خۆپێشاندانی سەرانسەری لە هەموو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەبچێت. هاوکات لە رۆژی دووشەممەوە، ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی پیشەیی مامۆستایانی ئێران، کە یەکێکە لە گەورەترین سەندیکا مەدەنییەکان، داوای لە سەرجەم مامۆستایان و قوتابییان کردووە رۆژانی سێشەممە بۆ پێنجشەممە مانبگرن و نەچنە سەر پۆلەکانیان. لە ئێرانیش، لە تاران، مەشهەد، کەرەج، ئیسفەهان و کرمان و چەند شار و ناوچەیەکی دیکە مانگرتن راگەیێندرا. تاوەکو ئێستا لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن دەستیپێکردووە و ئەگەری هەیە لە نیوەڕۆ و ئێوارەی ئەمڕۆیشەوە خۆپێشاندانی گشتی دەستپێبکات.
هاوڵاتی فەرماندەی گشتی هەسەدە، ڕەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندیەکيان بە تەقینهوەکەی ئیستەنبوڵەوە هەبێت و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکات. مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەبارەی تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلالی ئیستەنبوڵ تویتێکی بڵاوکردەوە و وەڵامی تۆمەتەکانی دەوڵەتی تورکی دایەوە. عەبدی دەڵێت: ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە هێزەکانمان هیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵەوە نییە و ئەو تۆمەتانەش ڕەتدەکەینەوە کە هێزەکانمان تۆمەتبار دەکەن. فەرماندەی گشتیه ههسەدە ڕاشیگەیاندووە: پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان و گەلی تورکیا دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. ئەوەش لە کاتیکدایە دەوڵەتی تورک تەڤگەری ئازادی کوردی لە باکور و ڕۆژئاوای وکردستان بە تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد، هەر ئەمڕۆس ناوەندی پاراستنی گەل ڕایگەیاند: گەلی ئێمە و ڕایگشتی دەزانن، كە هیچ پەوەندییەكی ئێمە بەو ڕووداوەوە نییە و ئێمە ڕاستەوخۆ هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج ناگرین و هەرچالاكییەك كە هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج بگرێت قبوڵی ناكەین. ناوەندی پاراستنی گەل ڕاسیگەیاند: ئێمە بزوتنەوەیەكین كە تێكۆشانی ئازاد بە شێوەیەكی ڕەوا و مافدار بەڕێوەدەبەین، خاوەن فكرێكین لەگەڵ كۆمەڵگەی توركیادا بەشێوازێكی دیموكراتی و هاوبەشی ئازاد و یەكسان خەبات دەكەین. باسی لەوەشکردبوو: لەناو توركیادا بە ئامانجگرتنی هاوڵاتی مەدەنی لەلایەن ئێمەوە نا مومكینە و ئاشكرایە لەبەرامبەر تێكۆشینی ڕەوای ئێمەدا، ڕژێمی ئاكەپە و مەهەپە تەنگەتاوبووە، بەتایبەتی ئاشكرابوونی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و سوتاندنی سەربازانی خۆیان.
هاوڵاتی ناوەندی پاراستنی گەل سەبارەت بە تەقینەوەكەی دوێنێی تەقسیم لە ئەستەنبوڵی توركیا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە ڕایگەیاند كە هیچ پەوەندییەكیان بەو ڕووداوەوە نییە و بە هیچ شێوەیەک ڕاستەوخۆ هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج ناگرن و هەرچالاكییەك كە هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج بگرێت قبوڵی ناكەن. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی نەپەگە: " گەلی ئێمە و ڕایگشتی دەزانن، كە هیچ پەوەندییەكی ئێمە بەو ڕووداوەوە نییە و ئێمە ڕاستەوخۆ هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج ناگرین و هەرچالاكییەك كە هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج بگرێت قبوڵی ناكەین. هەروەها، ئێمە بزوتنەوەیەكین كە تێكۆشانی ئازاد بە شێوەیەكی ڕەوا و مافدار بەڕێوەدەبەین، خاوەن فكرێكین لەگەڵ كۆمەڵگەی توركیادا بەشێوازێكی دیموكراتی و هاوبەشی ئازاد و یەكسان خەبات دەكەین ، لەناو توركیادا بە ئامانجگرتنی هاوڵاتی مەدەنی لەلایەن ئێمەوە نا مومكینە و ئاشكرایە لەبەرامبەر تێكۆشینی ڕەوای ئێمەدا، ڕژێمی ئاكەپە و مەهەپە تەنگەتاوبووە، بەتایبەتی ئاشكرابوونی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و سوتاندنی سەربازانی خۆیان “دەوڵەتی تورك بۆئەوەی ئەو وێنەیەی دروستی كردووە بگۆڕێت، پلانێكی قێزەوینی ئەنجامدا و بە بەئامانجگردتنی كوبانێ نیازی پشت پلانەكەیان ئاشكرابوو، هەوڵەكانیان بۆ ناساندی ئەو كەسەی دەستگیركراوە وەك كورد یان سوریایی، ناتوانن ڕاستییەكان بشارنەوە و ئامانجەكەیان بەدینایەت”. لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: "ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە ئاماژە بە دەستپێكی پیلانێكی مەترسیدار دەكرێت و گرنكە هێزی دیموكراتی توركیا و ڕایگشتی لەبەرامبەر ئەو پلانە مەترسیدارە و بۆ ئاشكراكردنی ئەو سیناریۆیە تێكۆشین بكە".
هاوڵاتی زانکۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبەر پاراستنی سەر وگیانی خوێندکاران وئاسایش وئارامی زانکۆی سلێمانی ودروست نەبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ لە پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا بە راگرتنی پرۆسەی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی. دەقی ڕاگەیەندراوەکە: ڕاگرتنی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە ئەمڕۆدا جەختی کردەوە لە پشتیوانی داواکارییە ڕەواکانی خویندکار بەتایبەت پێدانی دەرماڵە وپشتیوانی دارایی بۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا لەبەر پاراستنی سەر وگیانی خوێندکاران وئاسایش وئارامی زانکۆی سلێمانی ودروست نەبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ لە پارێزگای سلێمانی، وە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە بەکۆی دەنگ بڕیاریدا بە ڕاگرتنی خوێندنی خوێندکاران لە سەرجەم کۆلێجەکان لە ڕۆژی ٣ شەممە ١٥-١١-٢٠٢٢ وڕۆژانی دواتر.
هاوڵاتی یونامی لە تویتێکدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی هێرشەکانی بەیانیی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە و زڕگوێز دەڵێت: سەرکۆنەی دەکەین و پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە. هەروەها ڕاشیگەیاند " عێراق نابێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەکار بێت و دەبێت رێز لە یەکپارچەییشی بگیرێت" یونامی باس لەوەش دەکات " گفتوگۆ لە نێوان عێراق و ئێراندا سەبارەت بە پرسە ئاسایشییە دوولایەنییەکان تاکە ڕێگەی بەرەوپێشچوونە". دەقی تویتەکەی یونامی: "ئێمە ئیدانەی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەین کە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە. عێراق نابێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەکار بێت و دەبێت رێز لە یەکپارچەییشی بگیرێت. گفتوگۆ لە نێوان عێراق و ئێراندا سەبارەت بە پرسە ئاسایشییە دوولایەنییەکان تاکە ڕێگەی بەرەوپێشچوونە"
