عەمار عەزیز کۆنفرانسێکی تایبەت بە پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران لە هەولێر ئەنجامدەدرێت ئەمڕۆ شەممە ،گروپی گێرانەوەی پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران لەهەولێر دووەم کۆبوونەوەی خۆیان تایبەت بە چالاکیەکانی پاشکەوتی مووچە یان ئەنجامدا. بەدەل بەرواری، نوێنەری پارێزگای دهۆک لە گروپی گێرانەوەی مووچەی فەرمانبەران بە هاوڵاتی ی وت"ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لەشاری هەولێر لەگەڵ هەڤاڵانی هەولێر و سلێمانی باسمان لە ئامادەکاری کرد بۆ بەستنی یەکەمین کۆنفرانسی هەرێمی تایبەت بە پاشەکەوت، داوا لە نوێنەرانی حکومەتی عێراق و هەرێم و ئەندامانی پەرلەمانی و کۆمەڵێک کەسایەتی دەکەین ئامادەبن لە کۆنفرانسەکە" بەدەل بەرواری ووتیشی"کاتی کۆنفرانسەکە هێشتا دیارنیەبەڵام بەمنزیکانە ئەنجامدەدرێت، ئامانج لە کۆنفرانسەکە دۆزینەوەی کۆمەڵێک رێگە چارەسەری یاسایی یە بۆ گێرانەوەی پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران، هەموو چالاکیەکانمان بەرێگای ئاشتی دەبن"
هاوڵاتی لە خۆپێشاندانەکانی ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێنج خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستدا کە سێیان خەڵکی شاری دیواندەرەن لە پارێزگای سنە. رێکخراوی هەنگاولە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند لە خۆپێشاندانەکانی ئەمڕۆ شەممەدا، تاوەکو کاژێر 5:30ی ئێوارە، پێنج خۆپیشاندەر بە گولـلەی هێزەکانی حکومەتی ئێران گیانیان لەدەستداوە کە سێیان خەڵکی شاری دیواندەرەن لە پارێزگای سنە و ناویان جەمشید فەتحی، حەبیبوڵڵا فەتحی و فوئاد سواری-یە. باسیلەوەشکرد ئەمڕۆ شەممە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، خۆپێشاندان و مانگرتن بەردەوامبوو و لە هەندێ شاریش هێزەکانی حکومەتی ئێران بە تەقە و غاز بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد. خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، پێی ناوەتە 64ـەمین رۆژەوە و لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە تائێستا، 29 خۆپیشاندەر لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. شایەنی باسە ژمارەی قوربانییەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی ئێران لە بەرزبونەوەدایە وئەمڕۆ لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران هێزە ئەمنییەکان قەناسبەدەستیان ناردۆتە سەر بینا بەرزەکان وتەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لەپارکی نەورۆز لەناوەندی دهۆک مەراسیمێکی تایبەت بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانیانی روداوەکەی شاری سلێمانی بەڕێوەچووە. لە مەراسیمەکەدا پارێزگاری دهۆک و نوێنەرانی پێکهاتەکانی ئێزیدی ، کریستیانی پیاوانی ئایینی موسڵمان بەشداربوون، لەرێورەسمەکەدا پارێزگاری دهۆک ووتەیەکی پێشکەشکردو ووتی"بەناوی خەڵکی پارێزگای دهۆک لەدڵەوە زۆر خەمبارین بۆ روداوەکەی سلێمانی، کارەساتێکی گەورە بوو، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین هەروەها خوا لە مردووان خۆش بێت و جێگایان بەهەشت بێت" عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەرێگا دەزگا ڕاگەیاندنەکان ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک، ووتی"وەکو ئیدارەی پارێزگا وخەڵکی پارێزگای دهۆک ئامادەیین بۆ هەرجۆرە هاوکارییەک خەمی ئەوان خەمی ئێمەش و هیچ جیاوازی لەنێوان سلێمانی ودهۆک و هەولێر نیە ئێمە پێکەوە جوانین"
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی بەسەرکردنەوەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی تەقینەوەکەی سلێمانی بریندار بوون رایگەیاند، هەوڵدەدرێت بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن. لە وەڵامی پرسیارێکیشدا گوتی، بێگومان "سەردانی یەکێتی و هەموو لایەنەکانی دیکەیش دەکەین." لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە گوتی، "دەبێت لە ماوەی ساڵێکدا هەڵبژاردن بکرێت." ئهمڕۆ شهممه 19ـی تشرینی دووهمی 2022، نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان دوای بەشداریکردنی لە پرسەی ئەو 15 هاونیشتمانییەی لە ڕوداوەکەی سلێمانی گیانیان لەدەستدا لهچووە ئەو نهخۆشخانهیهی قوربانییانی تهقینهوهكهی سلێمانی تێدا چارهسهردهكرێن كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانی ئهنجامدا ورایگهیاند، ههموومان خهمبارین و ئهمڕۆ له ههموو ماڵێك پرسه ههیه، به ئهركی خۆمان زانی سهردانی برینداران بكهین و بێگومان ههرچی پێویست بێت ئێمه ئهنجامی دهدهین ئەوەی کە پێویست بێت بۆ ئەو رووداوە دەیکەن هەروەها حکومەتیش بێگومان بە کاری خۆی هەڵدەستێت." گوتیشی، "هاتنمان بۆ سەرەخۆشی بوو لە کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییانەی گیانیان لەدەستدا." لهبارهی درێژكردنهوهی تهمهنی ئهم خولهی پهرلهمانی كوردستان و ئهنجامدانی ههڵبژاردنهكان، نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست لایهنه سیاسییهكانی ههرێمی كوردستان لهبارهی پرسی درێژكردنهوهی تهمهنی پهرلهمان و ئهنجامدانی ههڵبژاردنهكان بگهنه رێككهوتن و رایگهیاند، "دهبێت بهرژهوهندیی ههرێمی كوردستان لهسهرووی ههموو حزبهكانهوه بێت". وتیشی، "من وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان [پێشتریش] بەپێی ئەرکی خۆم نامەم ناردووە بۆ پەرلەمان. من هیوادارم حیزبەکان لەسەر ئەم بابەتە رێککەون. ئێستا ماوەی پەرلەمان درێژکراوەتە بۆ ساڵێک. بە دڵنیاییەوە دەبێت لەمساڵەدا هەڵبژاردن بکرێت." هەروەها باسی لەوەشکرد، " سەردانی هەموو لایهنه سیاسییهكانی ههرێمی كوردستان دەكات بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیشەوە بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەربكرێن".
هاوڵاتی تادێت رۆژەكانی بەردەم كابینەكەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣و ناردنی بۆ پەرلەمان كەمتر دەبێتەوە لەكاتێكدا بودجەكە بەگەورەترین بودجە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە دادەنرێت، ئەمە لەكاتێكدایە كە هەفتەی رابووردووش پەرلەمانی عێراق ماوەی كاركردنی تەشریعی خۆی یەك مانگ درێژكردەوە ئەویش تەنیا لەپێناوی تێپەڕاندنی چەندین پرۆژە یاسادا كەیەكێك لەو یاسایانە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ە، وەزیری دارایی عێراقیش رایگەیاندبوو یەكێك لەكارە لەپێشینەكانی حكومەت ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەیە. بەپێی ئەو زانیارییانەی خراوونەتەڕوو بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ جیاواز لەبودجەی ساڵانی رابووردوو كە لەدۆخی جەنگ و كەمی نرخی نەوت و كۆرۆنا و قەیرانی جۆراوجۆری تری ئابووری و سیاسیدا ئامادە دەكراو جێبەجێدەكرا، بودجەی ساڵی داهاتوو لەدۆخێكی ئابووری سەقامگیرو بەرزی نرخی نەوت و بەرزی نرخی دۆلار بەرامبەر دینارو نەبوونی هیچ جەنگ و قەیرانێكی ئابووری لەعێراقدا ئامادەدەكرێت و چاوەڕواندەكرێت بڕەكەی لەنێوان ١٢٥ ملیار بۆ ١٣٥ ملیار دۆلار بێت و یەدەگی نەختینەیی عێراقیش ١٠٠ ملیار دۆلار بێت، هەر بەپێی زانیارییەكانیش نرخی بەرمیلێك نەوت لەبودجەدا لەنێوان ٧٠ بۆ ٨٠ دۆلار دیاریكراوەو ئەگەر بێت و نرخی نەوت لەو رێژە دابەزێت ئەوا بودجە تووشی كورتهێنان دەبێت، لەو بڕە پارەیەی كۆی بودجەش نزیكەی ١١٠ ملیار دۆلاری لەداهاتی نەوتەو ئەوەی تری دەمێنێتەوە داهاتی نانەوتییە. محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق هیوای خواست نرخی بەرمیلێك نەوت جێگیر بێت و نەڕواتە سەرووی ١٠٠ دۆلارەوە، هاوكات بەجۆرێكیش دانەبەزێت كاربكاتە سەر خستنەڕوو و داواكاری نەوت، هەروەها ئاماژەشی بەوەكرد كە لەگەڵ وڵاتانی ئۆپێك گفتوگۆ دەكات سەبارەت بەزیادكردنی بڕی بەرهەم و هەناردەكردنی نەوت. سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجەش سودانی ئەوەی ئاشكراكرد لەپرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ سندوقێكی بۆ لێبڕینی بەشێك لەداهاتی نەوت جێگیركردووە كە تەرخاندەكرێت بۆ برەوپێدان و گەشەكردنی بوارەكانی نیشتەجێكردن و پەروەردە و تەندروستی و چەندین بواری تر، ئاماژەی بەوەشكردووە ئامانجی ئەم سندوقە چالاكتركردنی كەرتی تایبەت و بنەبڕكردنی گەندەڵی و دابینكردنی دەیان هەزار هەلی كارو هاندانی كاركردنە لەكەرتی تایبەت لەبری كەرتی گشتی. بەپێی زانیارییەكانیش سەرمایەی ئەو سندوقە نزیكەی پێنج ملیار دۆلار دەبێت لەداهاتی نەوت دابیندەكرێت، هەروەها ئەوەی ئەم سندوقە جیادەكاتەوە ئەوەیە كەداهاتەكەی ناكەوێـتە ژێر دەستی وەزارەتەكانی حكومەتەوە، بەڵكو هۆكارێكی تەمویلكردنی كەرتی تایبەتە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە تەواونەكراوەكان و لەبری ئەوەی قەرزی دەرەكییان بۆ بكرێت پارەكەی لەڕێگای ئەم سندوقەوە دابیندەكرێت، بەجۆرێك سەرۆكوەزیرانی عێراق دەیەوێت ئەو پرۆژانە تەواوبكات كە لەسەدا ٧٠یان تەواوكراون و كاركردن تیایدا راوەستاوە. ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ لەكاتێكدایە چەند لایەنێكی سیاسی عێراق باسیان لەپێویستی ئامادەكردنی بودجەی سێ ساڵی داهاتوو بۆ عێراق دەكردەوە تا بەیەك پاكیج لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام هەرزوو لەلایەن لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەو بیرۆكەیە رەتكرایەوەو رایانگەیاند بودجە تەنیا بۆ یەك ساڵە چونكە هەموو ساڵێك داهاتی حكومەت گۆڕانكاری بەسەردا دێـت و ناتوانرێت بودجەی سێ ساڵ لەسەریەک ئەگەر بنیاتبنرێت. بەگوێرەی رۆژنامەی نیمچە رەسمی حكومەتی عێراق، خەرجی فیعلی حكومەتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٢، لەسەدا ٤٢ی بۆ مووچە بووە و لەسەدا ٢٤ی بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی و لەسەدا ١٠ی بۆ بەخشین و هاوكاری و لەسەدا ١٤ی قەرز بووە، ئەمە جگە لەوەی لەسەدا ٩٠ی خەرجییەكان هیچ بەرهەمێكی راستەقینەیان نەبووە، بەپێی رووپێوییەكانی وەزارەتی پلاندانانیش لەئێستادا لەعێراقدا حەوت هەزار پرۆژە نزیكەی ٢٥٠ ترلیۆن دیناریان پێویستە بۆ تەواوكردنیان.
هاوڵاتی دوای کۆتاییهاتنی پرسەی قوربانیانی رووداوەکەی سلێمانی لە شاری سلێمانی لە هەولێریش پرسە دادەندرێت و شوێن و کاتی بەڕێوەچوونی پرسە دیاردەکرێت. ئەمرۆ شەممە 19ـی 11ـی 2022 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، لە هەولێر پرسە بۆ قوربانیانی رووداوەکەی سلێمانی دادەندرێت و گوتی: "دوای ئەوەی پرسە لە سلێمانی تەواو بوو بە بەشداری ئەندامانی خاوادەی قوربانیان پرسە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت. وتیشی: وەک پارێزگا و خەڵکی هەولێر، هاوخەمی شاری سلێمانی خۆشەویستین، دروود بۆ رۆحی قوربانییەکان و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. سەبارەت بە شوێن و کاتی بەڕێوەچوونی پرسە، ئومێد خۆشناو ئەوەی خستەڕوو لە رۆژانی داهاتوودا شوێن و کاتی بەڕێوەچوونی پرسەکە دیار دەکەن. ئاشکراشیکرد، "بەرنامەمان هەبوو پرسە بۆ ئەو کارەساتە دابندرێت، بەڵام دوای گفتوگۆمان لەگەڵ خێزانەکەیدا، بۆمان دەرکەوت ئێستا لە دۆخێکی شۆک و ناهەمواردان، رێککەوتین پاش ئەوەی لە سلێمانی پرسەکانیان کۆتایی پێدێت، ئەوکات لە هەولێریش پرسەی ماتەمینی دادەنێین و ئەندامانی ئەو خانەوادەش لەگەڵمان بەشدار دەبن. هاوکات بە هاوڵاتیانی رادەگەیەنین لە کوێ و چی کاتێک پرسە لە هەولێر دادەنرێت." پارێزگای هەولێر، هیواشی خواست ئەم کارەساتە دوایین ناخۆشی بێت بۆ سلێمانی و هەرێمی کوردستان مرۆڤایەتی.
هاوڵاتی لە مەراسیمێکدا و بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان ١٤ قوربانی تەقینەوەکەی سلێمانی پێکەوە بە خاک دەسپێردرێن و قوربانی ١٥ هەمینیش کە وەستاکەیە دەبرێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان. سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوربانییەکان و بەرپرسانی حکومی و حیزبی، تەرمی 14 کەس لەوانەی کە لە تەقینەوەکەدا گیانیان لەدەستدا، بە 14 ئامبوڵانس لە دادپزیشکیی سلێمانییەوە بەرەو مزگەوتی بابەشێخی سیرێ بەڕێکران و دوای رێوەڕەسمە ئایینییەکان، رەوانەی گۆڕستانی کەڵەکنی سلێمانی دەکرێن و لەوێ دەنێژرێن تەرمەکان گەیێندرانە مزگەوتی بابەشێخی سیرێ و لەوێ لەلایەن هاونیشتمانییەکەی زۆرەوە نوێژیان لەسەر کرا، دوای بەڕێکردنی تەرمەکان بۆ گۆڕستانی گەڵەکن لەوێ بە خاک دەسپێدرێن. یەکێک لە تەرمی قوربانییەکان حوسێن گوڵکارە کە وەستای شۆفاژەکە بووە و خەڵکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بە گوتەی پەیامنێرانی رووداو کە سەرقاڵی رووماڵی رێوەڕەسمەکەن، تەرمی گوڵکار لە دادپزیشکیی سلێمانی دەمێنێتەوە و دواتر رەوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتەوە لە شوێنی تەقینەوەکەدا چادر هەڵدراوە و کورسی دانراوە بۆ بەڕێوەچوونی پرسەکە و پرسەی پیاوان لەو شوێنە بەڕێوەدەچێت. لە رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆدا بەهۆی زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی رێکاری پێویستیان گرتووەبەر بۆ بەڕێکردنی تەرمەکان و دروستنەکردنی قەرەباڵخی. لەنێو مزگەوتەکەدا، هەریەکە لە زاگرۆس فەتاح، نوێنەری سەرۆک بارزانی، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، یەکێتیی زانایانی ئایینی کوردستان و چەند مامۆستایەکی ئایینی گوتاریان پێشکێشکرد و پرسە و سەرەخۆشییان گەیاندە خێزانی قوربانییەکان. هەروەها دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەواڵی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشداریی لە پرسەی قوربانییانی رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی دەکات. لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەندامانی ئەو خێزانەی لە تەقینەوەی ماڵەکەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی روویدا، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند "لە یەکەم ساتی ئەم رووداوەوە هەتا ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هاوخەمی و پرسە و پشتیوانیان بۆ دەربڕیوین، سوپاسیان دەکەین کە ئامادەبوون بۆ بەشداریکردنی ئەم ماتەمە". هەروەها سوپاسی خەڵکی سلێمانی کرد، کە یەکدەنگ و یەکدەستبوون بۆ بەدەمەوە چوونی ئەو کارەساتەی تووشی خێزان بوو بەهۆی لێچوونی غاز و تەقینەوەی ماڵەکەیانەوە، پرسەی ئەو 15 کەسەشی کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا، بە پرسەی هەمووان لەلایەن پارێزگارەوە وەسفکرا و داوایکرد، ئەم تەبایی و یەکڕیزییە لە کایەکانی دیکەی ژیانی خەڵکی شاردا رەنگبداتەوە. دوای نوێژکردن لەسەر تەرمەکان، 14 تەرمەکە رەوانەی گۆڕستانی کەڵکن کران و لەوێ بە ئامادەبوونی کەسوکارەکەی و هاونیشتمان بە خاک دەسپێردرێن.
هاوڵاتی ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی لە ئەنجامی لێچون لە سیستەمی غازو تەقینەوەی ماڵێکی سێ نهۆمی داڕما و تەقییەوە کە ٢٧ کەسی تێدا بوو و بەهۆیەوە١٥ کەس گیانیان لەدەستداو ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوونو زیان بە چەند ماڵێکی پەنای خانووەکە گەیشت. دوای 17 کاژێر لە گەڕان بۆ ئەو کەسانەی سۆراخیان نەبوو، توانرا چوار کەس بە زیندوویی و حەوت کەسیش بە مردوویی لەژێر داروبەردا دەربهێندرێن. بەرگریی شارستانیی سلێمانی سەرپەرشتی گەڕانی بەدوای کەسە بێ سۆراخەکانی نێو داروبەردی خانووە رووخاوەکەدا لە ئەستۆ بوو. لە لێکۆڵێنەوەکەیاندا ئەوەیان بۆ روونبووەتەوە کە هۆکاری تەقینەوەکە لێچوون بووە لە سیستمی غازی ماڵەکە. ئەو خانووەی کە تەقینەوەکە تێیدا روویدا، خانووی حاجی مەزهەرە کە خۆی و کوڕ و کچ و نەوەکانی تێیدا بوون. خانووەکە شەش ساڵە دروستکراوە و چوار ساڵە سیستمی غازیان بۆ داناوە کە بەرگریی شارستانی دەڵێت، هیچ مەرجێکی سەلامەتی نەبووە. ١٥ کەس لە تەقینەوەکە گیانیان لەدەستدا: ئەوانیش ١- چیمەن قادر عەزیز ٢-بەهار قادر عەزیز ٣-چیا مەزهەر عەبدولڕەحمان ٤-ڕۆژان ئەنوەر سەلیم ٥-محەمەد عەبدوڵا جەمیل ٦-ژیلیا عەبدوڵا جەمیل ٧-دانیا بەختیار قادر ٨-دارکۆ بەختیار قادر ٩-زەند بەختیار قادر ١٠-میر بەهادین مەزهەر ١١- لیا بەهمەن مەزهەر ١٢- باکۆ دانا عەلی ١٣-یانۆ دانا عەلی ١٤-ئارش فاتح محێدین ١٥-حوسێن گوڵکار بڕیارە بەیانی شەممە لە یەک گۆڕستان سەرجەم قوربانییەکانی ئەو خێزانە لە تەنیشت یەکەوە بەخاک بسپێردرێن لەسەر داواکاری حاجی شێخ مەزهەر سیرێ کە خاوەنی ماڵەکەیە،هەروەها سبەینێ لە شوێنی ڕوداوەکە پرسە بۆ قوربانیان دادەنرێت.
هاوڵاتی پاسێک کە گەشتیاری خەڵكی نێوەڕاست و خوارووی عێراقی تێدا بوو، لە نزیک سەیرانگەی بێخاڵ خۆی بە دوو ئۆتۆمبێلدا کێشا و دواتریش خۆی بە دووکانێکدا کێشا،و 19 كهس برینداربوونه كه برینی دووانیان سهخته ئهمڕۆ ههینی (18ی تشرینی دووهم/نۆڤێمبهری 2022)، ، پاسێكی گهشتیاران كه 45 گهشتیاری پارێزگای بابلی ناوهڕاستی عێراقی ههڵگرتبوو، كۆنترۆڵی لهدهستداوه بههۆی نهمانی برێكهوه و خۆی به دوكانێك و دوو ئۆتۆمبێل كێشاوهو لەو رووداوه 19 كهس برینداربوونه كه برینی دووانیان سهخته، كه شوفێری پاسهكه و سهرنشینی تهنیشتی شوفێرهكهیه. هەروەها سهرجهم بریندارهكان له نهخۆشخانهی رواندز چارهسهری پێویستیان بۆكراوه كه برینهكانیان سوك بووه و حهوت برینداری دیكهش رهوانهی نهخۆشخانهی ئاشتی كراون له سۆران. جێگەی باسە بەگوێرەی ئامارەکانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2021دا چوار هەزار و 119 رووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان روویانداوە و لە ئەنجامدا 662 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 121 کەسیش بریندار بوون.
سەركۆ جەمال بڕیارە بەشێك لەدەستگیركراوانی بادینان تامانگی 12ی ئەمساڵ ئازاد بكرێن و بەشێكی دیكەشیان دەكەوێتە ساڵی داهاتوو، تاماوەی زیندانیەكەشیان تەواونەكەن دەسەڵات رێگەنادات ئازادكردنی بەمەرج بیانگرێتەوە، داوای گواستنەوەی گیراوانیش لەچاكسازی گەورانی هەولێرەوە بۆ سلێمانی راگیراوە. بەشدار حەسەن سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان بەهاوڵاتی وت:» لە 10 هەتا 15-12-2022 بەشێك لەگیراوانی بادینان ئازاددەكرێن، ئەوانیش «كۆڤان تاریق لە 10-12-2022 ئازاد دەكرێت، نێچیرڤان بەدیع لە 13-12-2022، ئەمجەد یوسف مستەفا لە 11-12-2022 ئازاد دەكرێت، یوسف شەریف لە 11-12-2022 ئازاد دەكرێت». وتیشی: «مەحمود ناجی لە 9-12-2022 ئازاد دەكرێت، ژمارەیەكیشیان لەساڵی داهاتوو ئازاد دەكرێن ئەوانیش هاریوان عیسا 16-3-2023 ئازاد دەكرێت، ئەیاز كەرەمیش هەر لەو بەروارە ئازاد دەكرێت، هاوكات هەریەك لە شڤان سەعیدو گوهدار زێباری لەهەمان بەروار ئازاد دەكرێن، بەڵام شێروان شێروانی لە 16-6-2023 ئازاد دەكرێت». سەرۆكی تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان ئاماژە بەوەدەكات «تائێستا 13 سزادراوی بادینان لەزیندانەكانن، 10یان لەچاكسازی گەورانن، یەكێكیان لەئاسایشی گشتییە كەئەویش بڵند ئامێدییە كە سەرتاشەو تەنها لەبەر وتنی گۆرانییەك بۆ زیندانیانی بادینان دەستگیركراوەو دووانیشیان لەزیندانی زركانن لەدهۆك». بەوتەی سەرۆكی تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان، داوای گواستنەوەی گیراوانی بادینانیان لەچاكسازی گەورانی هەولێرەوە بۆ سلێمانی راگرتووە، هۆكارەكەشی بەوتەی بەشدار حەسەن «داوای تەممیزمان كردووەو ئەگەر لەدادگای تەممیزیش بێهیوا بووین ئەوكات دیسان داوای گواستنەوەیان بۆ سلێمانی دەكەین». وەك بەشدار حەسەن دەڵێت:»هۆكاری ئازادنەكردنی بەمەرجی گیراوانی بادینان ئەوەیە بەیاسای تیرۆر دەستگیركراون و ئەو مافەیان پێ رەوا نابینرێت كە بەمەرج ئازاد بكرێن». هاوكات مونا یاقو سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «لەم ماوەیەی دواییدا چەند كێشەیەك روویدا بۆ هەندێكیان بەتایبەت گیراوانی شیلادزێ كەداواكەیان بۆ ئازادكردنی بەمەرج رەتكرایەوە، ئیتر داوایانكرد بچنە سلێمانی بەڵام ئەو داواكارییەیان راگیراوە، ئێستا هیچ گیراوێكی بادینان لەزیندانی تاكەكەسی نەماوەتەوە، چونكە دوو كەس بوون گوهدارو شێروان بەڵام بەئێمەیان وت كەئەوانیش لەزیندانی تاكەكەسی نەماون». سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت:»ئێمە سەبارەت بەئازادنەكردنیان داوای وەڵامی فەرمیمان لەداواكاری گشتی كرد، ئەوان وتیان بەهۆی ئەوەیە ساڵی 2018 بڕیارێك دەرچووە كە ئەو كەسانەی بەپێی ئەو ماددەیە گیرابن (ماددەی سێی تیرۆر) نابێت ئازادكرنی بەمەرج بیانگرێتەوەو دەبێت سزای خۆیان تەواو بكەن، بەڵام دوای تەواوبوونی ماوەكەیان پێویستە ئازاد بكرێن». كامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی بەهاوڵاتی وت:»ئەوانەی شیلادزێ كە مانگی 12 ماوەی بەندیان كۆتایی پێدێت، بەڵام لەسەر كارتەكەیان نووسرابوو مانگی یەك لەگەڵ پارێزەرەكانیان هەڵەكەمان چاككردەوە، ئەو 32 رۆژەی زیادكرابوو لابرا«. وتیشی:» لەبادینان تائێستاش ژمارەیەكی زۆر دەستگیركراو لەزیندانەكانن و دادگایی نەكراون، ژمارەیەكیش بەبێ ئەوەی شوێنیان بزانرێت لەزیندانن».
هاوڵاتی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی خوێندکاران ڕایگەیاند لەگەڵ ئەوەی داواکاری خوێندکاران ڕەوایە بەڵام بە ئاڕاستەیەکی نامەدەنیدا براوەوزیان بە کەرستەکانی ناو زانکۆ گەیەنراوە. ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧/١١/٢٠٢٢ زانکۆی سلێمانی ڕونکردنەوەیەکی لەسەر خۆپیشاندانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕاگەیاند تیایدا هاتووە کە پشگیری بەشێک لە داواکاری خوێندکاران دەکەن . هەروەها سەبارەت بە دەرماڵەو سیستەمی پاراڵێڵ ڕایگەیاند ئەم بابەتە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە نەك زانكۆی سلێمانی ولەسەرووی دەسەڵاتی زانكۆی سلێمانییەوەیە ئەوەش ڕونکراوەتەوە "ساڵانە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە رێژەی لە (%45) لە كرێی خوێندن كەمكراوەتەوەو سێ ساڵە ئەم بڕیارە جێبەجێدەكرێت، هەروەها زانكۆی سلێمانی جیاواز لە زانكۆكانی تر بەشە ناوخۆیی بۆ خوێندكارانی (پارالێل- ئێواران) ، بە بێ بەرامبەر دابین كردووە، كە ئەمە لە هیچ زانكۆیەكی تردا نەكراوە." سەبارەت بە بەشە ناوخۆییەکانیش زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند زانكۆی سلێمانی هەر" لە پشووی هاوینەوە دڵسۆزانە لە نۆژەنكردنەوەو دابینكردنی پێداویستییەكانی بەشە ناوخۆییەكان درێغی نەكردووە،بۆ دڵنیاییش وردەكاری خزمەتگوزارییەكانی بەشەناوخۆییەكان، بە بەڵگەوە بەردەستە." هەروەها زانکۆی سلێمانی بڕیاریداوە رۆژی شەممە رێكەوتی (19-11-2022)، پرۆسەی خوێندن و تاقیكردنەوەكان و تۆماركردنی ئامادەنەبوون لەسەرجەم كۆلێجەكان دەستپێبكاتەوە. دەقی ڕونکردنەوەکەی زانکۆی سلێمانی سڵاوی زانست... لە رۆژانی رابردودا ژمارەیەك لە خوێندكاران خۆپیشاندانیان بۆ هەندێك داواكاری ئەنجامدا،لەگەڵ ڕەوایەتی بەشێك لە داواكارییەكانیان، بە داخەوە دوور لە رەفتاری خوێندكاری زانكۆ، ناڕەزایەتییەكە بە ئاڕاستەیەكی نامەدەنیدا براو بەهۆیەوە زیانی مادی زۆر بە بیناو كەرەستەی زانكۆمان گەیەنرا. ئەمجۆرە ڕەفتارە نامەدەنییانە كاریگەری زۆر نەرێنی كردووەتە سەر شاری سلێمانیش، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم روونكردنەوەیە بۆ رای گشتی بخەینەڕوو: 1- سەبارەت بە داواكاری دەرماڵەی خوێندكاران، ئەم بابەتە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە نەك زانكۆی سلێمانی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجومەنی زانكۆ پشتیوانی ئەم داوا ڕەوایەی خوێندكارانی كردووەو بە نووسراوی فەرمیش لە دوا كۆبوونەوەی مانگی (6/2022) دا بە كۆی دەنگ داوای دەرماڵەی ساڵی خوێندنی (2022-2023)ی كردووە. 2 - سەبارەت بە كرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران ئەم داواكارییەش لەسەرووی دەسەڵاتی زانكۆی سلێمانییەوەیە، ئەگەر چی ساڵانە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە رێژەی لە (%45) لە كرێی خوێندن كەمكراوەتەوەو سێ ساڵە ئەم بڕیارە جێبەجێدەكرێت، هەروەها زانكۆی سلێمانی جیاواز لە زانكۆكانی تر بەشە ناوخۆیی بۆ خوێندكارانی (پارالێل- ئێواران) ، بە بێ بەرامبەر دابین كردووە، كە ئەمە لە هیچ زانكۆیەكی تردا نەكراوە. 3- سەبارەت بە بەشەناوخۆییەكان و پێداویستییەكانیان، لەگەڵ ئەوەی ئەم داواكارییە داوای خوێندكارانی زانكۆكانی ترە، نەك خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوەی هەموو لایەك، زانكۆمان هەر لە پشووی هاوینەوە دڵسۆزانە لە نۆژەنكردنەوەو دابینكردنی پێداویستییەكانی بەشە ناوخۆییەكان درێغی نەكردووە،بۆ دڵنیاییش وردەكاری خزمەتگوزارییەكانی بەشەناوخۆییەكان، بە بەڵگەوە بەردەستە. 4- ئەركی زانكۆ ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن و پێگەیاندنی كادری زانستییە بۆ بازاڕو دامەزراوەكانی حكومەت. زانكۆی سلێمانیش پێگەیەكی بەرچاوی زانستی لەهەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا هەیە و ، هەمیشە پێشەنگ بووە، بەڵام سەبارەت بەداواكاری دامەزراندن و هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ، ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانە. لەكۆتاییدا بۆ سەرجەم هاووڵاتییان و رای گشتی رادەگەیەنین كە ئەنجومەنی زانكۆمان، بڕیاریداوە رۆژی شەممە رێكەوتی (19-11-2022)، پرۆسەی خوێندن و تاقیكردنەوەكان و تۆماركردنی ئامادەنەبوون لەسەرجەم كۆلێجەكان دەستپێدەكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لەخوێندكارانی خۆشەویست دەكەین پابەندی دەوام بن و خۆیان بەدووربگرن لە هەر رەفتارێكی نازانستی و نا شارستانی ، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بە شێوەیەكی زانستی و یاسایی پەیڕەو بكرێت ، هەر سەبارەت بەو ڕەفتارانەش كە هەندێك كەس دژ بە ناوبانگ و پێگەی خوێندكاران و زانكۆمان كردویانە، رێوشوێنی یاسایییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر. ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی
هاوڵاتی یوتێرنی بەردەم شاری پزیشكی فاروق لەسەر شەقامی مەلیك مەحمود قەرەباڵغیەكی زۆری لەسەرە، فاروق مەلا مستەفا، سەرمایەداری نیشتمانی پڕۆژەیەكی ئەندەرپاس لەو شوێنەدا دورستدەكات و بڕیارە لەماوەی ساڵێكدا تەواوبكرێت، بەتەواوكردنی پرۆژەكە چاوەڕواندەكرێت كێشەی زۆری هاتووچۆ لەو شەقامەوە بۆ زیاتر لەچوار گەڕەك ئاسان بكات و قەرەباڵغیەكی زۆر لەشەقامەكە كەمبكاتەوە. لەڕێكەوتی 3/11/2022، بەئامادەبوونی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و بەشێك لەدەزگاكانی راگەیاندن، فاروق مەلا مستەفا سەرۆكی گروپی فاروق بۆ وەبەرهێنان لەسەر شەقامی مەلیك مەحمود، بەردی بناغەی ئەندەرپاسی فاروق مەلا مستەفای دانا كەئامانج لێی كەمكردنەوەی قەڕەباڵغییە لەو شەقامەداو خزمەتێكیشە بەشاری سلێمانی. پرۆژەكە بەوتەی زەردەشت رەفیق بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، تێچووی زیاتر لەحەوت ملیار و سێسەدو یەك ملیۆن دینارەو ماوەی پرۆژەكەش 365 رۆژە، واتە لەماوەی ساڵێكدا تەواو دەكرێت. بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دەڵێت: لایەنی جێبەجێكاری پرۆژەكە گروپی فاروق بۆ وەبەرهێنانەو سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی سەرپەرشتی دەكات و خزمەتێكی بەرچاوی شاری سلێمانی و رێبوارانی ئەو رێگایە دەكات. بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بەختیار محەمەد بەهاوڵاتی وت: «ئەندەرپاسی فاروق مەلا مستەفا یاخود هەر پرۆژەیەكی دیكە بۆ شاری سلێمانی بەتایبەتی پرۆژەكانی ئەندەرپاس لەئێستادا گرنگییەكی حەتمییە بۆ شاری سلێمانی». وتیشی: «بەبۆچوونی ئێمە وەك ئەوەی لەهاتوچۆدا كاردەكەین و بەئاگاین، سلێمانی بەلایەنیكەم لەئێستادا پێویستی بەپێنج ئەندەرپاسی دیكە هەیە، ئەو ئەندەرپاسانە رۆڵ و كاریگەرییان لەوەدایە كە لۆدو قەرەباڵغی شەقامە سەرەكییەكان كەمدەكەنەوە، ئەگەر ئەم پرۆژەیەش تەواوببێت دیاردەی پێچكردنەوە بەدوو ریز و سێ ریزی یوتێرنەكان و قەرەباڵغی شەقامەكە ناهێڵێت». بەوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی، جگە لەلۆدی شەقامەكە سودی بۆ چەندین گەڕەك و فەرمانگە و پەیمانگە و كۆلێژ دەبێت كە پێشتر ئەو كەسانەی سەردانیان دەكرد تووشی قەرەباڵغی دەبوون، بۆیە ئەندەرپاسی فاروق مەلا مستەفا بەپرۆژەیەكی ستراتیژی بۆ شاری سلێمانی هەژماردەكرێت». بەختیار محەمەد دەڵێت: «ئەندەرپاسەكە تازوو تەواوببێت باشترە، چونكە پرۆسەی تۆماركردنی ئۆتۆمبێل پرۆسەیەكی بەردەوامەو زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانیش بەردەوامەو شارەكەش جموجوڵی بازرگانی و رۆشنبیری و چەندین چالاكی رۆژانەی تێدایە، بۆیە پێویستمان بەمجۆرە پرۆژانەیە، بەتەئكید دەستخۆشی لەلایەنی جێبەكاری پرۆژەكە دەكەین و خزمەتێكی بەرچاوە بەشاری سلێمانی». لەكاتی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكە، لەیلا عومەر، سەرۆكی شارەوانی سێمانی ئاماژەی بەگرنگیی و بایەخی پڕۆژەكە كرد لەكەمكردنەەی قەرەباڵغی لەخزمەتی شاری سلێمانی و سوپاسی كۆمپانیای جێبەجێكاری كرد لەزوو هاتنە پێشەوەو تەواوكردنی دیزاینی پڕۆژەكە. لەلایەن خۆشیەوە شارەوانی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: تەواوكردنی ئەندەرپاسەكە دەبێتەهۆی چارەسەركردنی كێشەی یوتێرن (U-turn)ی سەر شەقامی مەلیك مەحمود نزیك شاری پزیشكی فاروق و ئاسانكردنی هاتوچۆ لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمودەوە بۆ گەرەكەكانی (كازیوەو ئیبراهیم ئەحمەدو هیواو پەری) و رێگەدان بەیوتێرن (U-turn) لەسەر شەقامەكە بە ئاستی جیاواز كەئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی رووداوی هاتوچۆو قەرەباڵغی لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك محمود. گروپی كۆمپانیاكانی فاروق لەسلێمانی و شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان چەندین پرۆژەی بۆ خزمەتی هاووڵاتیان جێبەجێكردووەو بەردەوامیشە، مانگی حەوتی ئەمساڵ، كۆمپانیای ئاسیاسێل كە سەر بەگروپی كۆمپانیاكانی فاروقە، رووبەری 800 دۆنمی لەشاخی گۆیژە لەسلێمانی سەوزپۆش كرد كە پرۆژەكەش بەكۆی گشتی یەك ملیۆن دۆلاری تێچوو.
هاوڵاتی ئێران لەدوای مەرگی ژینا بەسەركوتی خۆپیشاندەران لەناوخۆی وڵاتەكەو رۆژهەڵاتی كوردستان نەوەستاوەتەوەو لەماوەی كەمتر لە 50 رۆژدا بۆ جاری دووەم بە مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژ هێرشی كردەسەر بنكە و بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵات لەكۆیەو زڕگوێزو برادۆست لەهەرێمی كوردستان. ئێران بەپشتبەستن بەماددەی 51ی جاڕنامەی نەتەوەیەكگرتوەكان هێرشەكانی ئەنجامدەدات، بەڵام بەپێی ئەو ماددەیە هەر حكومەتێك مافی وەڵامدانەوەی هەیە كەهێرشی سەربازیی بكرێتەسەر لەكاتێكدا حزبەكانی رۆژهەڵات خۆیان دەڵێن هیچ هێرشێكی سەربازییان دژی ئێران ئەنجامنەداوەو هیچ هێزێكیشیان لەسنوری ئێران نیە. سوپای پاسدارانی ئێران لەساڵی 2018ەوە زۆرترین جار بەموشەك هێرشی كردووەتەسەر بنكە و بارەگاكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەو هێرشانەش دوای ئەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران لەساڵی رابردودا داوای لەبەرپرسانی باڵای عێراق كرد ئەو پارتانە لەچەك داماڵن، زۆر زیاتری كردووە. بیانوی سەرەكیی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەردوو هێرشەكە كەنزیكەی 90 كەس تێیدا بووەتە قوربانیی ئەوەیە كە پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان جموجۆڵیان دژی كۆماری ئیسلامی هەیە و 100 كەس لەئەندامانی ئەو پارتانەش لەناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەستگیركراون. بیانوەكانی سوپای پاسدارانی ئێران ئەو پارتانەی رۆژهەڵاتی كوردستان كەنزیكەی (36) ساڵە بنكەو بارەگایان لەباشوری كوردستان هەیەو بە بەردەوامی جەختیان لەوە كردووەتەوە كە پاراستنی سەروەریی خاكی هەرێم بۆ ئەوان گرنگە و نایانەوێت ببنە بیانوی نەیارانی كورد بۆ هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان. لەساڵی 1991 تائێستا سوپای پاسدارانی ئێران دەیان جار هێرشی كردووەتەسەر بارەگاكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم بەڵام ئەو هێرشانە لەساڵی 2018 بەموشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكەی خۆكوژ زیادیانكردووە لەكاتێكدا راپەڕینی هاوشێوەی دوای مەرگی ژینا لە رۆژهەڵاتی كوردستان رووی نەداوەو كۆماری ئیسلامیش هیچ كاتێك باسی لەدەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی ئەو پارتانەی لەناوخۆی ئەو بەشە لەكوردستان نەكردووە. محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فارس رایگەیاند: دوای هێرشەكانی (28/9/2022) هۆشدارییان داوەتە حكومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بۆ چەككردن و دوورخستنەوەی چەكدارانی نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێران بەڵام ئەو پارتانە وەك خۆیان ماونەوەتەوە و ئەوەش هۆكاری دووبارەبوونەوەی هێرشەكانی سوپای پاسداران بووە. پاكپور، ئاماژەی بەوەكردووە كە پێشتر شاندێكی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆبووەتەوە بۆ دەركردنی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بڕیاربووە ئەو پارتانە دووربخرێنەوە. بەوتەی ئەو، حزبەكان دەستیان هەبووە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و هۆكارێك بوون بۆ تێكدانی ئاسایشی سنورەكانی و زیانگەیاندن بەكۆماری ئیسلامی ئێران. پاكپور وتووشیەتی بەغداو هەولێر بەڵێنیان دابوو رێگریی بكەن لەجموجۆڵی پارتەكانی نەیاری ئێران لەهەرێمی كوردستان، بەڵام دوای 50 رۆژ ئەو بەرپرسانە بەڵێنەكانیان جێبەجێ نەكردووە. مێژوو پیشانی داوە هەركاتێك دەسەڵاتی ئێران دەكەوێتە مەترسییەوە یەكەم هەنگاوی هێرشكردنە سەر پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەو دواتریش تۆماتباریان دەكات بەدەستی دەرەكی بەتایبەت پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریكاو ئیسرائیل و لەم دواییانەشدا سعودیەو بەریتانیا-شی پێ زیاد كردووە. ساڵی 1984 دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتەكانی رۆژهەڵات و فشارەكانی سوپای پاسداران، هێزەكانی ئەو پارتانە بەتەواوەتی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دابڕان و روویان لەناوچەكانی (سەفرە، زەروون، گەڵاڵە، مەعلومە و چەند ناوچەیەكی دیكە)ی باشوری كوردستان كردو دوای ساڵانێك مانەوە لەو شوێنانەو دوای راپەڕینی ساڵی 1991 هێزەكانی سەر بەحزبی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵەو خەباتی ئیسلامی بەتەواوەتی لەچەند بارەگاو ئۆردوگایەك جێگیركران و لەسەر داواو رێنمایی بەرپرسانی هەرێم زۆربەی چالاكی و جموجۆڵە سەربازییەكانی خۆیان لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران راگرت. كۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی 1991 تائێستا دەیان هێرش و پەلاماری لەدژی بنكەو بارەگا و ئەندامانی حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان ئەنجامداوەو دەڵێت ئەو حزبانە دوای (25)ساڵ بەڵێنی خۆیان بۆ ئەنجامنەدانی هێرشی سەربازیی لەناوخاكی ئێراندا شكاندووەو لەهەرێمی كوردستانەوە دژی ئێران چالاكیی دەكەن بۆیە موشەكەكانی سوپای پاسداران ئامادەن بۆ بەئامانجگرتنی ئەو حزبانەو نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی لەناوچەكەدا. ژمارەیەك لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە بریتین لەحزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) و هەروەها كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی كوردستان و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەساڵی 2016-وە چەند بنكەیەكیان لەبناری چیای هەڵگورد لەناوچەكانی نێوان رۆژهەڵاتی كوردستان و هەرێمی كوردستان جێگیركرد كەئەمەش بووەتەمایەی توڕەیی كۆماری ئیسلامی ئێران و كاردانەوەی چەكدارانی سوپای پاسداران دژی بنكەكانی پێشمەرگەكانی ئەو حزبانە، بەڵام دوای هێرشەكانی كۆتایی مانگی ئەیلول بەشێك لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رایانگەیاند لەسەر خواست و داواكاری حكومەتی هەرێم هێزەكانیان لەسنوری ئێران گواستوەتەوە. پێشتر عەلی شەمخانی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە رێكەوتی (10/8/2021) دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند تاران بەرپرسانی بەغداو هەولێر-ی لەجموجۆڵی نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستان و ناوچە سنورییەكان ئاگاداركردووەتەوەو ئەگەر بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێم دەرنەكەن ئەوا سوپای پاسداران كاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەو حزبانە دەبێت. شەمخانی لە (12/9/2021) دوای ئەوەی لەتاران لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی پیشووی عێراق كۆبووەوە جارێكی دیكە هەڕەشەی لەپارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردووەو داوای لەكازمی كرد كە بەپەلە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستان دەربكرێن چونكە بەوتەی ئەو بەرپرسە، جمۆجۆڵ و چالاكیی ئەو هێزانە لەچوارچێوەی پلانەكانی ئەمریكادایە لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران. شەمخانی لەكاتی گفتوگۆ لەگەڵ كازمی، جەختی لەوە كردووەتەوە كەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم مەترسین بۆسەر ئاسایشی سنورەكانی نێوان عێراق و ئێران، بۆیە دەبێت بەپەلە پێشمەرگەكانی ئەو حزبانە لەچەك داماڵرێن و لەهەرێم دەربكرێن. هێرشە موشەكییەكانی ئێران ئێران لە 8ی ئەیلولی 2018 بەموشەك هێرشی كردەسەر بارەگانی حزبی دیموكرات لەقەزای كۆیە و بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە 16 پێشمەرگە و ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە كوژران و لەساڵی 2019دەستی بە بۆردومانی چڕی سنورەكانی چیای هەڵگوردو ناوچەی برادۆست لەهەرێمی كوردستان كردووە بەبیانوی بوونی پێشمەرگەكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان. جارێكی دیكە سوپای پاسدارانی ئێران لە رێكەوتی (28/9/2022) واتە 12 رۆژ دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی مەرگی ژینا ئەمینی بەموشەك و فڕۆكەی خۆكوژ هێرشی كردەسەر بنكە و بارەگاكانی حدكا و كۆمەڵەكان و پاك لەهەولێرو كۆیەو سلێمانی كە بووەهۆی كوژرانی 18 كەس كە ژمارەیەكیان ژن و منداڵ بوون و هاوكات بریندابوونی 62 كەسی لێكەوتەوە. لەهێرشەكانی رۆژی دووشەممە (14/10/2022)ش بۆ سەر بارەگاكانی حدكا لەكۆیە دوو پێشمەرگە كوژران و هەشت كەسیش برینداربوون. زۆربەی شیكەرەوانی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی بڕوایان وایە ئامانجی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرش لەدژی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێمی كوردستان بەلاڕێدابردنی رای گشتییە لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان دژی دەسەڵات لەو وڵاتە چونكە لەمێژووی 43 ساڵی دەسەڵاتی ئێراندا ناڕەزایەتیی لەو شێوەیەو درێژخایەن دژی كۆماری ئیسلامی ئێران نەكراوە.
هاوڵاتی سەرۆکى تیمی پارێزەرانى بەرگریکردن لە زیندانیانى بادینان رایگەیاند، لە زیندان تۆمەتێکى دیکە بۆ سێ سزادراوی بادینان دروستکراوەو جارێکى دیکە دەدرێنەوە دادگا. بەشدار حەسەن سەرۆکى تیمی پارێزەرانى بەرگریکردن لە زیندانیانى بادینان بۆ رۆژنیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ تۆمەتێکی تری سزایی خرایە پاڵ هەریەک لە ڕۆژنامەنوسان شێروان شێروانی و ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە. ئاماژەى بەوەشکرد، لە بنکەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی کەسنەزان و دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە. ناوبراو ئاشکراشی کرد، ئەو تۆمەتەى خراوەتە پاڵ سزادراوەکانى بادینان ئەوەیە کە گوایە بەناوی چەند زیندانیەکى تر واژوویان کردوە ئەوەشیان وەک ساختەکاری خستووەتە پاڵیان.
