هاوڵاتی لە باكوور و باشووری كوردستان 18 سەربازی دیكەی سوپاكەی ئەردۆغان كوژران سێ سەنگەریشیان بە تەواویی خاپووركران. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێكدا ئاماری چالاكیەكانی گەریلای لەو هەرێمانە بڵاوكردەوە كە شەڕیان تیادا ڕوودەدات و ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە" هێزەكانمان لە تونێلەكانی شەڕ خۆڕاگری دەكەن و تیمە گەڕۆكەكانمان بە شێوەیەكی هەماهەنگ بە چەكی قورس، نیشانشكێن و چوونەسەر چالاكی ئەنجام دەدەن". دەقی راگەیەندراوی هەپەگە: لەو چالاكیانەدا كە بە شارەزایی گەورە ئەنجامدران و زیانی گیانیمان نەبوو، ١٨ داگیركەر سزادران، ٢ سیستمی رادار و ٣ سەنگەر بە تەواوەتی رووخێنران. لە گۆڕەپانەكانی بەرخودانیش لەلایەن سوپای توركی داگیركەرەوە ١٥ جار بە هەلیكۆپتەر، ٢٤ جار بە فڕۆكەی شەڕ و ٣ جاریش بە تەقەمەنی تونێلەكانی شەڕی بۆردومان كردان. لە هەرێمی جودیی بۆتان، سوپای توركی داگیركەر لە ٢٧ی ئایار بە فڕۆكەی شەڕ ١١ جار هەرێمی جودیی – بۆتانی بۆردومان كرد. دوای ئەو بۆردومانە داگیركەران دەستیان بە هێرشێك كرد و بە بێ ئەنجام كشانەوە. راگەیاندنی شەڕی تایبەتی تورك رایگەیاند، كە لەو هێرشەدا ٣ هاوڕێمان شەهیدبوون. بەڵام ئەو زانیاریانەی راست نین، لە چوارچێوەی ئەو هێرشەدا زیانی گیانیمان بەرنەكەوتووە. ئەنجامی چەند چالایەكی لە هەرێمی مەتیناش خستووەتە ڕوو كە لە ڕۆژی ١٣ی مانگدا لەلایەن گەریلاوە ئەنجام دراوە. لەبارەی هەرێمی زاپ لە دوو چالایدا ٣ داگیركەر لەو ناوچەیە سزادراون، لە هەرێمی خواكورك لە دوو چالاكیدا ٤ داگیركەر سزادراون.
هاوڵاتی نوێنەری دەزگای لوتكە لە یۆنان ئاماژە بەوە دەدات پاش شەش مانگ لە خنكانیان، تەرمی سێ كوردی دیكە دۆزراونەتەوە بەناوەكانی( ئەمیرە عوسمان خدر، هەناسە هەژار محەمەد، رێژوار رێبوار عەبدوڵا). شەش مانگ لەمەوبەر بەلەمێكی كۆچبەران بە 70 كەسەوە لە دورگەی (سانتۆری) نقووم بوون، لە كۆی ئەو 70 كۆچبەرە تەنیا 13 كۆچبەریان بە خنكاوی تەرمەكانیان دۆزرایەوە كە حەوت كەسیان كورد بونن و گەرێندرانەوە هەرێمی كوردستان. حسێن حەمە ساڵح، نوێنەری دەزگای لوتكە لە یۆنان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"سێ تەرمی دیكە دۆزراوەتەوە كە هەر سێكیان لەو بەلەمەدا بوون و ماوەی شەش مانگە بێ سەرو شوێنن". ئەو سێ كۆچبەرە ئافرەتێك و دوو منداڵن بە ناوەكانی (ئەمیرە عوسمان خدر، هەناسە هەژار محەمەد، رێژوار رێبوار عەبدوڵا) نوێنەری دەزگای لوتكە ئەوەی روونكردەوە كە لەماوەیەكی كەمدا تەرمەكان دەگەرێندرێنەوە هەرێمی كوردستان و رادەستی كەسوكاریان دەكرێنەوە.
هاوڵاتی سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی توركیا (مەهەپە) رایگەیاند:" نوێنەرانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) "سوكایەتی" بە دەوڵەت و هێزەكانی پۆلیس دەكەن، بۆیە داوا لە دادگای دەستوری وڵاتەكەی دەكات هەدەپە دابخات. ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، دەوڵەت باخچەلی كە حزبەكەی هاوپەیمانی حزبەكەی ئەردۆغانە، رایگەیاند:" لەكاتێكدا پەرلەمانتارانی هەدەپە موچە لە دەوڵەت وەردەگرن، لە هەمان كاتدا سوكایەتی بە دەوڵەتیش دەكەن و هێرشدەكەنەسەر كارمەندانی پۆلیس، بۆیە دەبێت رێكاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر و لە پەرلەمان دەربكرێن و هەدەپەش دابخرێت". رۆژی 12ی ئەم مانگە بەشێك لەلایەنگران و پەرلەمانتارانی هەدەپە لە ئیستانبوڵ دژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی كورد خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، لەكاتی خۆپیشاندانەكەشدا شەڕە بۆكس لەنێوان پەرلەمانتارێكی هەدەپە و كارمەندێكی پۆلیس رویدا، ئەوەش لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی توركیادا كاردانەوەی لێكەوتەوە. پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)، یەكێكە لە پارتە بەهێزەككانی توركیاو خاوەنی 59 پەرلەمانتارەو سێیەم پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا
هاوڵاتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق هەڵوێستی خۆی ئاشكرا دەكات و رایگەیاند:" ئەگەر بمانەوێت وڵاتێكی ئارام، ئاوەدان و پێشكەوتو بونیادبنێین، پێویستمان بەوەیە ھەمومان پێكەوە شان بدەینە بەر راپەڕاندنی ئەركە چارەنوسساز و نیشتمانییەكان". ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، دوای تەواوبوونی كۆبونەوەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان و عەزم و بابیلیۆن، نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی بڵاویكردەوە كە بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە یەكخستنی ھەوڵەكان كردەوە بۆ پێكھێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی خزمەتگوزار"هەوڵبدرێت سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان بەشداربن لە حكومەتی نوێی عێراق و جیاوازییەكانمان بخەینە خزمەت ھێنانەدی ئامانجە باڵاكان، چونكە ئەگەر بمانەوێت وڵاتێكی ئارام، ئاوەدان و پێشكەوتو بونیادبنێین، پێویستمان بەوەیە ھەمومان پێكەوە شان بدەینە بەر راپەڕاندنی ئەركە چارەنوسساز و نیشتمانییەكان، ئەمەش ئەو سیاسەتە دروست و حەكیمانەیەیە كە یەكێتی كار بۆ بەدیهێنانی دەكات".
هاوڵاتی مالیكی بەهێزترین كاندیدە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، داوا لە بارزانی و حەلبوسی دەكرێت بچنە سەر مێزی گفتوگۆ. بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەسەردانێك گەیشتە شاری بەغداو ڕاستەوخۆ چووە ماڵی نوری مالیكی بۆ بەشداریكردن لەكۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان سەبارەت بەئاڵۆزیە سیاسییەكان بەتایبەت دوای كشانەوەی ڕەوتی سەدر لەپرۆسەی سیاسیی. بەشدارانی كۆبوونەوەكە دووپاتیانكردەوە، قۆناغی داهاتوو گرنگەو پێویستی بەپەلەكردن لەدەستپێكردنی هەنگاوە كردەییەكانی تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكانو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتێكی گونجاو هەیە كە توانای جێبەجێكردنی داواكاری عێراقییەكانی هەبێتو ژیانێكی شایستە دابینبكاتو ئاسایشو سەقامگیریش بۆ هەمووان بپارێزێت. ئەوانەی بەشداربووی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ پشتیوانی تەواویان بۆ نوری مالكی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران پیشانداوەو بەڵێنیانداوە كار بۆ سەرخستنی بكەن. فازڵ مەواد ئەندامی دەوڵەتی یاسا بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند:" نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كاندیدی بەهێزی چوارچێوەكەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتووی عێراق". هەروەها راشیگەیاند:"وەك چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لەبارزانیو حەلبوسی دەكەین بچنەسەر مێزی گفتوگۆو كار بۆ پێكهێنانی حكومەت بكەن، خواستی زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیە نوری مالیكی ببێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو". هاوكات ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە ئەگەر سەدر سوربێت لەسەر بڕیارەكەی، ئەوا دەبێت شوێنی پەرلەمانتارەكانیان پڕبكرێتەوەو دواتر لەگەڵ كوردو سوننەكانو پێكهاتەكان حكومەت پێكبهێنرێت. هەریەك لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كە خاوەنی 31 كورسییە لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، نوێنەری زۆرینەی سونەكان كە خاوەنی 37 كورسییە، لەگەڵ موقتەدا سەدر كە خاوەنی 73 كورسی پەرلەمانی عێراق بوو هاوپەیمانی(رزگاری نیشتمان"یان پێكهێنا، بەڵام دوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی سەدر، هاوپەیمانییەكە هەڵوەشاوەتەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە بە نزیك ئێران هەژمار دەكرێن، كشانەوەی سەدر وەك سەركەوتن لە پرۆسەی سیاسی تۆمار دەكەن كە بە نزیك لە ئەمریكاو وڵاتانی كەنداو توركیا تۆمەتباریان دەكرد.
هاوڵاتی هەریەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم و بزوتنەوەی بابل لەسەر ئاستی لوتكە كۆبونەوە و رایانگەیاند:" پێویستە هەنگاوەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت خێراتر بكرێن". ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی و و بزوتنەوەی بابل بە سەرۆكایەتی ڕەیان كلدانی كۆبونەوەیەكی ئەنجامدا. بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە باسیان لە پێشهاتەكانی بارودۆخی سیاسی ئێستا و ڕێگاكانی پەلەكردن لە تەواوكردنی شایستە دەستورییەكان بە بەشداری هەمو هێزە نیشتمانییەكان كردووە. هاوكات، ئامادەبوان جەختیانكردەوە قۆناغی داهاتوو گرنگە و داوای پەلەكردنی دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەكان دەكەن، بۆ تەواوكردنی رێكارە دەستورییەكان بۆ"هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمارو پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتوو كە لە توانایدا بێت داواكاریەكانی هاوڵاتیانی عێراق بەدیبهێنێت و ژیانێكی شایستەیان بۆ مسۆگەر بكات لەگەڵ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەمووان". چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییە كاراكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی كردووە، بەشداری بكەن لەدیالۆگ و دانوستانەكان، ئامادەیی خۆشیان دەربڕیوە بۆ نزیكبونەوە لە لایەنەكان كە "حكومەتی داهاتو دەبێت حكومەتێكی بەهێز و بەتوانا بێت كە خزمەتگوزاری پێشكەش بكات".
هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی بابلیوون، هاوپەیمانی عەزم و بەشێك لە سەربەخۆكان لە نووسینگەی نووری مالیكی لە كۆبوونەوەدان بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق. نوری مالكی، سەرۆكی كوتلەی دەوڵەتی قانون سەرۆكایەتی كۆبونەوەكە دەكات و گفتوگۆ دەكەن لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقەوە پاش دەستلەكاركێشانەوەی 73 ئەندامەكەی كوتلەی موقتەدا سەدر. چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە پێكهاتوون لە(نوری مالكی، هادی عامری، قەیز خەزعەلی، حەیدەر عەبادی، عەمار حەكیم) چەندین كەسایەتی دیكەی شیعەكان كە بە نزیك لە ئێران هەژمار دەكرێت.
هاوڵاتی لە بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت 123 دۆلاری تێپەراند و بەراورد بە دوێنێ نرخەكەی نزیكەی دوو دۆلار بەرزبووەتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی حوزەیرانی 2022، یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە بازارەكاندا بە 123 دۆلارو 25 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت. هەروەها یەك بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریكا بە 121 دۆلارو 19 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت. لەماوەی رابردوودا نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە زیاتر لە 130 دۆلار و دواتر دابەزییەوە بەڵام جارێكی دیكە نرخی نەوتی خاو رووی لە بەزربونەوەیەو چاودێرانی بازاری نەوتی خاو ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە نرخی نەوتی خاو تا كۆتایی ئەمساڵ دەكاتە 135 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك ئەگەر شەڕی رووسیاو ئۆكرانیا بەردەوام بێت. خواست لەسەر نەوت زیادی كردووە بۆ 98 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا ئەوەش رێكخراوی ئۆپێكی هاندا كە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بخاتە بازارەكانەوە
هاوڵاتی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی سەبارەت بە روداوەكەی ئەمڕۆی دادگا و هێرشكردنە سەر كەسوكاری تاریقی بەقاڵ رایگەیاند:" حاڵەتەكەی ئەمڕۆی ئەفسەرو پۆلیسەكان كاردانەوەی ئەو رەفتارانەی كەسوكاری تارقی بەقاڵ بووە". سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "جێگەی داخ و نیگەرانییە كە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەناو دادگای سلێمانی حاڵەتێكی نەخوازراو رویدا و گرتە ڤیدیۆیەكی كورت لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە كە چەندین تۆمەت و چەواشەكاری و ناڕاستی تێوەئاڵێنراوە، بۆیە بۆ هەمولایەكی روندەكەینەوە كە دۆسیەی كوشتنی تارقی بەقاڵ لە دادگا كۆتایی هاتوە و بكوژەكانی حوكمدراون بە لەسێدارەدان و سزاكەشیان لەلایەن دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان پەسەند كراوە". هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە"ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی دادگا پەیوەندی بە بكوژەكانەوە نەبوە، بەڵكو دادگایی كەسێك كراوە كە دوای دزینی ئۆتۆمبێلەكەی تاوانلێكراوی كڕیوەتەوە و بەتۆمەتی (حیازە اموال مسروقە) دادگایی دەكرێت و دادگاییش لەو دۆسیەیە بەردەوامە". ئەوەشیان دووپاتكردووەتەوە "كەسوكاری تاوانلێكراوی ناوبراو كە هەمیشە و لە هەمو دانیشتنێكی دادگادا پشێوییان ناوەتەوە و سوكایەتی و تەشهیر و بێڕێزی زۆریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و هەمولایەك كردووە بەو كەرەستانەش لەبەردەستیان بوە ئازاری پۆلیس و پاسەوان و تەنانەت پارێزەریشیان داوەو حاڵەتەكەی ئەمڕۆ كاردانەوەی ئەو رووداوانەی پێشتر بووە". سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی باسی لەوەشكردوە، "سەبارەت بە دەستگیردنیان، لەسەر سكاڵای پۆلیسەكان و بەپێی مادەی (230)ی یاسای سزادان هەواڵەی دادگای لێكۆڵینەوە كراون و پاشان بە كەفالەت ئازاد كراون تا رۆژی دادگایی". سەبارەت بە لێدان لەكەسوكاری تاریقی بەقاڵ لەلایەن ژمارەیەك لە هێزە ئەمنیەكانەوە، سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی ئاشكرایكردوە، "ئەو حاڵەتی لێدانە كە لە گرتە ڤیدیۆكەدا دەركەوتوە رەفتارێكی كەسییە و ئەو كەسە خۆی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و سەرۆكایەتی دادگا پەسەندی ناكات بە نەخوازراوی دەزانێت و ئەو كەسەی ئازار دراوە دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات و دادگا ئیجرائاتی یاسایی پێویست دەگرێتەبەر".
هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە بە نزیك لە ئێران دادەنرێن دەڵێن:" رێز دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامەكانی سەدر لە پەرلەمان دەگرین و كاردەكەین بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی". دوای ئەوەی فراكسیۆنی رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای رەوتی سەدر دەستیان لەكاركێشایەوە، ئێوارەی ئەمرۆ چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا رایگەیاند "رێز لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی سەدر دەگرین، و كار دەكەن بۆ تەواوكردنی بنەما دەستوورییەكان بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتی نوێ". هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەی خستۆتەروو كە لەگەڵ هەموو لایەنەكان كار دەكەن بۆ بەشدارییەكی فراوان لەپێناو بەدیهێنانی هیواكانی گەلی عێراق بۆ ئاسایش و ئارامی. بریارە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆكانیان دەست پێبكەن و بریارە بەم زوانە هادی عامری، بە نوێنەرایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان سەردانی هەولێر بكات و لەگەڵ پارتی و یەكێتی كۆبونەوە ئەنجام بدات. كشانەوەی سەدر لە پەرلەمانی كوردستان بە سەركەوتنی ئێران لە ناوەندە سیاسییی و میدیاییەكانی عێراق وەسف دەكرێت كە چوار چێوەی هەماهەنگی شیعەكان ئامادە نەبوون سەدر حكومەت پێكبهێنێت بەبێ لایەنەكانی نێو هەماهەنگی شیعەكان كە پێكهاتوون لە(مالكی، هادی عامری، خەزعەلی، عەبادی، عەمار حەكیم) چەندین كەسایەتی دیكەی شیعەكان.
هاوڵاتی میدیای یەكێتی بڵاویكردەوە كە سەرپرشتیاری مەڵبەندی یەكێتی لەسلێمانی خانەوادەی تارقی بەقاڵ بەسەردەكاتەوەو ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە" لە دوای ئاگاداركردنەوەم و بینینی تۆماری ڤیدیۆیی رووداوەكە زۆر نیگەران بووم، ئەو جۆرە مامەڵەكردنە هەرگیز مایەی قبوڵ كردن نییە". ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 13ی حوزەیرانی 2022، شاناز ئیبراهیم ئەحمەدن سەرپرشتیاری مەڵبەندی 1ی یەكێتی، لەشاری سلێمانی سەردانی دایك و خوشك و خانەوادەی تاریقی بەقاڵی كرد و نیگەرانی خۆی لە مامەڵەی نەشیاوی چەند كارمەندێكی ھێزەكانی پۆلیس بەرامبەر خانەوادەكەیان دەربڕی. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند:" لە دوای ئاگاداركردنەوەم و بینینی تۆماری ڤیدیۆیی رووداوەكە زۆر نیگەران بووم، زۆر بەداخەوەم، ئەو جۆرە مامەڵەكردنە هەرگیز مایەی قبوڵ كردن نییە". هەروەها دوای پرسینەوە لەشێوازی بەڕێوەچوونی رێكارە یاساییەكانی تایبەت بە كەیسی "تاریقی بەقاڵ" شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بڕیاریدا كە پارێزەرێكیان بۆ دابین بكات و پێشی ڕاگەیاندن كە" پشتیوانتان دەبم و وەك یەكێتیش پارێزەری مافەكانتان دەبین و بۆ كارئاسانی و باشتر راییكردنی كاروبار و مامەڵەیاساییەكانیش، پارێزەرێك بۆ كەیسەكە دابین دەكەم بۆ داكۆكیكردن لەمافەكانتا". نیوەرۆی ئەمڕۆ دوای دادگایكردنی تاوانبارێكی كەیسی كوشتنی (تارقی بەقاڵ) كەسوكاری تارقی بەقاڵ لەناو دادگای سلێمانی لە لایەن ئەفسەرو چەند پۆلیسێكەوە دراونەتە بەر شەق و تۆمارە ڤیدیۆییەكەش لەناو تۆری كۆمەڵایەتی بڵاوبووەیەوەو ئەوەش كاردانەوەی توندی لێكەوتەوە و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت رایگەیاند:" كە ئەو ئەفسەرو پۆلیسانە دەستگیر كراون و بەتوندی سزا دەدرێن"، داواشی لە كەسوكاری تارقی بەقاڵ كرد خۆشیان سكاڵا لەسەر ئەو ئەفسەرو پۆلیسانە تۆمار بكەن.
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:"بە نیگەرانییەوە لە دوا پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق دەڕوانین، داوا لە هەموو لایەنە كوردستانییەكان دەكەم یەكڕیز و تەبا بن". دوای دەستلەكاركێشانەوەی هەموو ئەندامانی فراكسیۆنی سەدر كە 73 ئەندامی هەبووەو گەورەترین كوتلەی نێو پەرلەمان بووە مەترسی پێشهاتی سیاسی و ئاڵۆزی دەكرێت. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا نوسیویەتی:"هیوادارین هیچ ئاڵۆزی و پشێوییەك نەیەتە ئاراوە و ئەنجوومەنی نوێنەران نوێنەرایەتیی هەموو عێراقییەكان بكات". شەوی رابردوو، سەدر فەرمانی بە سەرۆكی فراكسیۆنەكەی كرد كە دەستلەكاركێشانەوەكان پێشكێشی سەرۆكی پەرلەمان بكەن. لای خۆشییەوە محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەكانی واژۆ كرد.
هاوڵاتی كونسوڵی گشتی ئەمریكاو ژمارەیەك میدیای ئەهلیو ئازاد كۆبونەوەو كاری میدیای ئەهلیو فشارو هێرشە ئەلیكترۆنیەكانی خراییەروو، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا رایگەیاند:"پشتیوانی میدیای ئەهلی و ئازاد دەكەین". لەئۆفیسی سەرەكی كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لەشاری هەولێر، بەڕێوەبەرو سەرنوسەری ژمارەیەك لەمیدیای ئەهلیو ئازاد كە تارق فاتیح، سەرنوسەری میدیایی هاوڵاتی ئامادەیبوو، لەگەڵ ڕۆبەرت پالەدینۆ كونسوڵی گشتی ئەمریكاو وەفدێكی بەشی سیاسیو پەیوەندیەكانی كونسوڵخانە كۆبونەوەو بەوردی باسیان لەدۆخی میدیا لەهەرێم بەگشتیو میدیای ئەهلیو ئازاد بەتایبەت كرد. هەروەها لەگەڵ ئەو ڕێگرییو فشارانەی بۆ كاری میدیا دروستدەبن كە نوێترینیان فشارو هێرشی ئەلیكترۆنی سەر میدیایەو بووەتە مەترسیەكی جدی لەسەر ئازادی ڕادەربڕین. لای خۆیەوە، ڕۆبەرت پالەدینۆ دەستخۆشی لەكاری میدیای ئەهلیو ئازاد لەهەرێمی كوردستان كردو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو هەماهەنگیەی لەنێوان میدیا ئازادو ئەهلیەكاندا دروستبوەو بەستایشەوە باسی لەكۆبونەوەو بەیاننامەكانی مانگی ڕابردوی ئەو میدیایانە كردو هۆكاری بانگهێشتەكەشی گێڕایەوە بۆ كاریگەریی ئەو هەماهەنگیو بەیاننامەیەی كە بڵاوكرایەوە لەبارەی مەترسیەكانی سەر میدیاو ئازادی ڕادەربڕین. هاوكات، بەوردی باس لەچۆنێتیو جۆری ئەو هێرشە ئەلیكترۆنیو سایبەریانە كرا كە دەكرێنەسەر میدیاكانو فشارەكان زیاددەكەن، كونسوڵی گشتی سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بەبونی ئەو هەموو فشارە سیاسیو ماددیو ئەلیكترۆنیەی لەسەر میدیا هەیەو پشتیوانی خۆییو وڵاتەكەی بۆ ئازادی میدیا دووپاتكردەوەو بەڵێنی بەدواداچونی بۆ گرفتەكان، بە بەرپرسانی میدیاكاندا. دیداری میدیا ئەهلیو ئازادەكان لەگەڵ كونسوڵی گشتیو شاندی كونسوڵخانەی ئەمریكا لەدوای كۆبونەوەی بەرپرسانی میدیاكان هات لەمانگی ڕابردودا كە لەشاری سلێمانی ئەنجامدراو تیایدا باس لەهێرشە ئەلكترۆنیەكانی سەر میدیاكان كرا، كە دوای كۆبونەوەكە تیمێكی هەماهەنگی پێكهێنراو بەیاننامەیەك بۆ ڕای گشتیو لایەنە پەیوەندیدارەكانو كونسوڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتان بڵاوكرایەوە كە تاییادا بەوردی مەترسی سەر میدیاكان خرایەڕوو.
هاوڵاتی ئەژی ئەمین، سەرۆكی پێشووی دەزگای زانیاری، زانیاری وپاراستن جارێكی دەركەوتەوە ئەمڕۆ دووشەممە 13ی حوزەیرانی 2022، ئەژی ئەمین، وێنەیەكی خۆی لەگەڵ كەسێك بەناوی(حاكم والی) بڵاوكردووەتەوەو لە ئەكاونتی خۆی نوسیویەتی:"دەستبەكاربوونی تێكۆشەری دێرین و یاساناسی بەئەمەك حاكم والی پیرۆزە و بەهیوای سەركەوتنیان لە ئەركەكانیاندا". ئەژی ئەمین، دوای دورخستنەوەی لە پۆستی دەزگای زانیاری یەكێتی و دانانی جەلال شێخ ناجی، رووی كردە هەولێرو لە ئێستادا بەرپرسیارێتی ئەمنی ديكەى لەئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم وەرگرتووە.
هاوڵاتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یەكەم كاردانەوەیدا دوای دەستلەكاركێشانەوەی كوتلەی سەدر لە پەرلەمانی عێراق؛ رایگەیاند:" چاودێری بەرەوپێشچوونەكانی داهاتوو دەكەین". ئەمڕۆ دووشەممە 13ی حوزەیرانی 2022 مەسعود بارزانی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر پەیامێكی بڵاو كردەوە و تیایدا هاتووە، "رێز لە بڕیارەكەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر دەگرین". هەروەها نوسیویەتی:"چاودێری بەرەوپێشچوونەكانی داهاتوو دەكەین." دوێنێ یەكشەممە، موقتەدا سەدر فەرمانی بە تەواوی ئەندامانی فراكسیۆنەكەی كرد دەستلەكاركێشانەوەكانیان بدەنە سەرۆكایەتی پەرلەمان، دواتریش سەرۆكی پەرلەمان واژۆی لەسەر كرد. هەر پاش دەستلەكاركێشانەوەكەش سەدر بڕیاریدا بە داخستنی دامەزراوەكانی تایبەت بە رەوتەكەی، جگە لە چەند دامەزراوەیەك. لەدوای دەستلەكاركێشانەوەكەی سەدریشەوە میشعان جبوری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی سیادە لە تویتەری خۆی سیناریۆی دوای دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی سەدری ئاشكرا كرد و باسی لەوەكرد، حكومەتەكەی كازمی دەمێنێتەوە و پەڕلەمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت.