هاوڵاتی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هۆشداریی بەبەغدا دەدات‌و ڕایگەیاند:" زۆركەسی بەهێزتر لەمانەی ئێستا بونیان هەیە خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان تاقیكردەوەو سەرنەكەوتن، ئێمە تەسلیم نابین‌"، راشیگەیاند:" لەناو بارزانیەكان جامانەی سور بووەتە نەریت‌ هەركەسێك نەیبەستێت تەسلیمی دوژمن بووە". ئەمڕۆ شەممە 18ی حوزەیرانی 2022، لەمیانی بەشداری ناساندنی چەند كتێبێكی شۆڕشەكانی بارزان، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ڕایگەیاند: "مێژوی خەباتی گەلەكەمان لەلایەن دوژمنانەوە شێوێندراوە، وا نیشاندراوە كە خەباتی چەند عەشیرەتێكە، چەندجارێكیش بەڕێگرو چەتە ناوبراوە". هەروەها راشیگەیاند:"ڕێبازی بارزان ڕێبازێكی پیرۆزە، ئەو ڕێبازە لەسەر بنەمای خوداپەرستی‌و مرۆڤدۆستی بونیادنراوە، تێكۆشان فەرزە لەدژی زۆرداران، بۆیە منیش شانازی دەكەم قوتابیەكی بچوكی ئەو قوتابخانەیە گەورەیەم". هاوكات، مەسعود بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە لەساڵانی (1931 ـ 1932) بارزانیەكان چوونە توركیا، ئەوكات ئەوەی وڵاخی هەبوایە توانیویەتی بڕوات‌و ئەوی دیكەش ماوەتەوە، هەر ئەوكات لەهەموو كوردستان مشكی هەبووەو سێ ڕەنگ بووە، دواتر شێخ ئەحمەد ڕۆژێك بەڕێكەوت جامانەیەكی ڕەنگ سوور دەكڕێت‌و دەیبەستێت، لەخۆشی شێخ، هەموان جامانەی سوریان بەست". دەشڵێت:"دواتر بڕیارێك دەرچوو لەلایەن حكومەتی ئەوكاتەوە، هەركەس جامانەی سور ببەستێت دەبێت لەسێدارەبدرێت، هەر بەو هۆیەشەوە منداڵێك كە جامانەی سوری لەسەردابوو خنكێندراو بەدوای ئۆتۆمبێلدا ڕاكێشرا، ڕۆژێك دواتریش 12 پیاوی بارزانی بەبەرچاوی خەڵكەوە گولەبارانكران". مەسعود بارزانی جەختیشیكردەوە، "ئێستا لەناو بارزانیەكان جامانەی سور بووەتە نەریت‌و هەركەسیش نەیبەستێت واتە تەسلیمی دوژمن بووە، كەواتە  جامانەی سوور بووەتە تەحەداو نەریتی بارزانیەكان". مەسعود بارزانی ئاماژەی بەدۆخی ئێستای عێراقیش كردو ڕایگەیاند، "بەداخەوە لەكۆنەوە تائێستا خۆشباوەڕبوین‌و بەدوو قسەی خۆش قەناعەتمان بەهەموو شتێك كردووە، من خۆزگە دەخوازم ئەوەی ئیسَستا دەیزانین زۆر زوتر بمانزانیایە". ئەوەشی بەبیرهێنایەوە كە هیچ كات لەگەڵ شەڕ نن‌و نەیانویستووە، بەڵام وتیشی:" لەبەرامبەر هەر شەڕێكیش ئێمە تەسلیم نابین، ئەم هەرێمە بەخوێن هاتۆتە بەرهەم‌و بەخوێنی ڕۆڵەكانیشمان دەیپارێزین". سەبارەت بەقەیرانی سیاسیی لایەنەكانیش وتی:"نەیانهێشت ئەنجامەكانی هەڵبژاردن وەك خۆی بڕوات، ئێستا عێراق لەقەیرانێكی گەورەو قوڵدایە، ئەوەی بەئێمە بكرێت هەوڵی چارەسەری كێشەكانی عێراق دەدەین، ئەگەر بەغداش جدی بێت‌و ئیرادەو مەیلی ڕێكەوتنی هەبێت بەگوێرەی دەستور، ئێمە ئامادەین". هۆشداریی بەبەغدا داو تەئكیدیكردەوە، "ئەگەر بەغدا بیەوێت بەمیزاج بڕیاری نایاسایی دژی مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بدەن‌و ئەو مافەی لێ بسەننەوە كە دەستوور پێیداوە، ئەوە پێویستە بزانن قابیلی قبوڵ نییە". مەسعود بارزانی لەبارەی دەنگۆی نەمانی هەرێمی كوردستانیش بارزانی تەئكیدیكردەوە، "لێرەو لەوێ زۆر كەس هەن دەڵێن، هەرێمی كوردستان بەرەو نەمان دەچێت، پێویستە بزانن، ئەگەر زۆر ئێستا زۆركەس هەبن هەڕەشەی چەك‌و تەحەدا بكەن، پێویستە ئەوە بزانن، خەڵكی لەوان بەهێزتر هەبووەو خۆیان تاقیكردۆتەوەو دەرەنجامەكەشی ماڵوێرانی بووە".  

هاوڵاتی لەبەرامبەر جێبەجێنەكردنی بەڵینەكەی حكومەت و دابین نەكردنی بەنزینی 800 دیناریی، ئەمڕۆ هەینی لە سلێمانی شۆفێران دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە. دوێنێ هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ ئەحمەد موفتی، بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و تیایدا بڕیاردرا، ڕۆژانە لە 33 بەنزینخانەی سنوری پارێزگای سلێمانیدا، دەست بە دابەشكردنی بڕی زیاتر لە ملیۆنێك لیتر بەنزین بكرێت و لەسەرەتای ئەم پڕۆسەیەدا ئەولەویەت بە دابینكردنی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلی تاكسی و هێڵی گواستنەوەی گشتیی بێت و دواتر هەموو ئۆتۆمبیلێك دەگرێتەوە. شۆفێران لە نیوەشەوی ڕابردووەوە سەرەیان گرتووە بۆ دەستكەوتنی بەنزینی 800 دیناریی، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە بەنزینێك نەگەشتووەتە بەنزینخانەكان. لەبەرامبەردا شۆفێرانی تاكسی لەبەردەم بەنزینخانەیەك لەسەر شەقامی شەست مەتریی سلێمانی دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین كردووە و شەقامەكەیان داخستووە و تا ئێستا بەردەوامە.

سازدانی: ئارا ئیبراهیم نوێنەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاڤای كوردستان) لەهەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات لەسەر هەموو كوردێك واجبە بەرخودان بكات دژی سوپای ئەردۆغان و تەنها نیەتی قڕكردنی گەلی كوردە لەباشور بێت یان رۆژئاڤای كوردستان. ئەڤین سوێد، نوێنەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاڤای كوردستان) لەهەرێمی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» ئەولەویەتی قەدەسە رزگاركردنی ئەو ناوچانەیە كە لەلایەن سوپای تورك و میلیشیاكانەوە داگیر كراوە، چونكە رەوشێكی زۆر خراپ لەو ناوچانە بەڕێوەدەچێت». هەروەها ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كەهەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ لەشكركێشی و داگیركاری لە رۆژئاڤای كوردستان جدییەو وتی:» هێزەكانی سوریای دیموكرات هەموو رۆژێك لە شەڕدان دژی سوپای تورك و چەتەكانی و ئامادەن بەرخودان بكەن بەگیانی خۆیان بۆ پاراستنی خەڵكی رۆژئاڤای كوردستان». هاوڵاتی: خوێندنەوەتان بۆ هەڕەشەكانی ئەردۆغان چیە كە جارێكی دیكە دەیەوێت لەشكركێشی بكاتە سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا( رۆژئاڤای كوردستان)؟ ئەڤین سوێد: لە راستیدا لەساڵی 2016 بەشێوەی فەرمی ئەردۆغان بەبەرچاوی هەموو دنیا وتی ئەز دەخوازم ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندووبكەینەوەو توركیای ئێستا فراوان بكەینەوە، هەروەها باكورو رۆژهەڵاتی سوریای باسكرد كە ئەوە خاكی توركیایە، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە ساڵی 2016 لە جەرابلوس  و هەرێمی دەردووری داگیر كرد، هەرێمی عەفرین لە 2018 و سەرێكانی و گرێ سپی لە 2019 هەموو لەچوارچێوەی ئەو پلانەی ئەردۆغاندا بوو كە داگیركران. ئەو هێرشانەی سوپای ئەردۆغان لەباشوری كوردستان ئەنجامی دەدات هەمووی لە خزمەتی ئەو نەخشەیەدایە بۆ فراوانكردنی توركیاو گەڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دەیەوێت جارێكی تر میساقی میللی بگەڕێنێتەوە.  ئەردۆغان دەمێكە هەڵمەتێكی داگیركاری لەسەر باشووری كوردستان وەشاندووە بەتایبەت بەرانبەر هێزی تەڤگەری ئازادی ( پەكەكە)، ئەوانیش دەزانن پلانی ئەردۆغان چیەو بەرخودانی ئەو پلانەی دەكەن و بەواجبی سەرشانی خۆیانی دەزانن، چونكە بەردەوام ئەردۆغان دەیەوێت هێرش بكات و پاوانخوازی خۆی بكات. ئەردۆغان لەعەفرین هەتا دێرك لە رۆژئاڤای كوردستان هەتا سنوری باشوری كوردستان دەیەوێت وەكو هەرێمێكی گەورە داگیری بكات لەژێر ناوی (هەرێمێكی ئارام)، هەرێمێكی ئارام دروست دەكات بۆ ماڵباتی چەتەو  توركمان و كەسوكاری داعش تا بیهێنێتە ئەو ناوچانەو نیشتەجێیان بكات. ئەردۆغان هەرێمی عەفرینی وەكو هەرێمێكی چەتەكان لێكردووەو رۆژانە رفاندن كوشتن داگیركردن و هەموو كردەوەیەكی دژی مرۆڤایەتی لەناو عەفریندا ئەنجامدەدرێت، بەهەمان شێوە لەگرێ سپی و سەرێكانی، بۆیە بەرخودانی كردن دژی لەشكركێشی و داگیركاری خاكی كوردستان لە رۆژئاڤا بێت یان لە باشووری واجبی هەموو كوردێكە.   هێزەكانی سوریای دیموكرات هەموو رۆژێك لە شەڕدان دژی سوپای تورك و چەتەكانی و ئامادەن بەرخودان بكەن بەگیانی خۆیان بۆ پاراستنی خەڵكی رۆژئاڤای كوردستان   هاوڵاتی: واتا چەند كەس بەهۆی داگیركارییەكانی سوپای ئەردۆغان و میلیشیاكانیەوە ئاوارەبوون؟ ئەڤین سوێد: 300 هەزار تەنها لەعەفرین ئاوارە بوون، لەسەرێكانی 200 هەزار كەس و لەگرێسپی 150 هەزار كەس ئاوارە بوون، ئەوانە هەموویان بڵاوبوونەتەوە، هەندێكیان لە كەمپەكاندا دەژین، هەندێكیان لەباژارو شارەكانی دیكەی رۆژهەڵات و باكوری سوریا نیشتەجێبوون، هەندێكیشیان رۆیشتوون بۆ دەرەوەی وڵات. بەڕاستی ئەو خەڵكانەی عەفرین و گرێسپی و سەرێكانی، رەوشێكی گەلێك زەحمەت بەڕێ دەكەن كە ماڵ و موڵكیان داگیركراوە لەلایەن چەتەكانی توركیاوە، هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەولەویەت دەدات بە رزگاركردنی ئەو هەرێمانەی لەلایەن سوپای تورك و چەتەكان داگیركراون و گەڕانەوەی بۆ ئەو كەسانەی ئاوارە بوون. هاوڵاتی: سوپای تورك و میلیشیاكانی چەند ناوچەی خاكی رۆژئاڤای كوردستان و سوریایان داگیركردووە؟ ئەڤین سوێد: هەرێمێكە عەفرین و نسبەیەكی كەم پێكهاتەی دیكەی تێدا بوو لەسەدا 95% كورد بوون، سەرێكانی و گرێسپی پێكهاتەی عەرەب و ئەرمەن و چەركەسی تێدا بوو بەهەمان شێوە لەكوردیشی تێدابووە و ژیانیان دەكرد كە پێشتر كە لەژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی خۆسەردا بوو هەموو كەس بە رەوشێكی ئازاد و ئارام مامەڵەیان كردووە و ئەنجومەنی خۆسەر هەموویانیان دەپاراست. ئەو سیاسەتەی ئەردۆغان دیمۆگرافی ناوچەكانی گۆڕیوەو هەتا جێگەی پیرۆزیشیان تێكداوەو لەشوێنی ئەوان كۆمەڵەی كوەیتی و قەتەری و میلیشیاكانی تێدا نیشتەجێ كردووە. سوپای تورك و میلیشیاو چەتەكانی (عەفرین، گرێسپی، سەرێكانی، ئیدلیب، مارع، جەرابلوس) داگیركردووە، مەخابن ئەو بێدەنگییەی دەوڵەتی سوریا كە چەندین ناوچەی داگیر كردووەو ئەوان بێدەنگن بەرانبەر دەوڵەتی تورك، دەبوو حكومەتی سوریا رێگری بكردایە لەسەر ئەو لەشكركێشیانەی ئەردۆغان كردوویەتی، بەڵام تائێستا بێدەنگە. هاوڵاتی: رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی هەیە كە جارێكی دیكە ئەردۆغان هێرش نەكات و ئەو وڵاتانە بەتایبەت ئەمریكاو روسیا رایبگرن؟ ئەڤین سوێد: رێككەوتنی نێودەوڵەتی هەیە راستە، بەڵام ئەو وڵاتانە هەڵوێستێكی شەرمنانەیان هەیە  بەرانبەر ئەو هەڕەشانەی ئەردۆغان دەیكات، ئەمریكا دەڵێت:» لەشكركێشی لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، كاریگەری لەسەر شەڕی داعش نەكات»، واتا هەسەدەیان بۆ شەڕی داعش دەوێت، ئەمریكا پەیامێك نادات كە ئێمە شەریكێكی راستەقینەی هێزەكانی سوریای دیموكراتین بۆ پاراستنی خاكی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، یان ناڵێن ئێمە هاوبەشی (مەسەدە)ین بۆ ئاوەدانكردنەوەی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا. ئەگەر ئەردۆغان هێرش بكاتەسەر رۆژئاڤای كوردستان كە  زیندانی داعش لە كەمپی (هوڵ) هەیە كە داعشیان تێدایە دەبێتە مەترسی گەورە نە بۆ خەڵكی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵكو مەترسیی بۆسەر ئەمریكاو جیهانیش هەیە. ئەوە هێزەكانی سوریای دیموكراتن كە زیاتر لە 70 هەزار چەكدارو ماڵباتی كەسوكاری داعشیان لە كەمپ و زیندانەكاندا راگرتووە، كە 35 هەزار كەسیان عێراقین و عێراق ئامادە نییە وەریانبگرێتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر ئەمریكاو روسیاو وڵاتانی دیكەش بەر بەهێرشی سوپای تورك و چەتەكان بگرن. لەماوەی رابردوو لە حەسەكە داعش هێرشی كردەسەر (زیندانی غوێران) بۆ ئەوەبوو كە داعش و ماڵ و منداڵەكانی داعش ئازاد بكرێت ئەوە لە پلانی ئەردۆغان و چەتەكانیدا بوو، ئەوانەی كە دەستگیركران لە زیندانی غوێران دانیان بەوەدا كە توركیا پلانی داناوەو بۆ ئەوە بووە بچنە پاڵ توركیا و چەتەكانی كە پڕچەك بكرێنەوەو دژی هێزەكانی سوریای دیموكرات جارێكی دیكە بەكاریان بهێننەوە. هاوڵاتی: ئەمریكا تا چەند بەپێداویستی سەربازیی هاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكات، ئەگەر لەشكركێشی توركیا بكرێت؟ ئەڤین سوێد: راستییەك هەیە كە ئەو هاوكاریە سەربازیانەی كە ئەمریكا بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات دەیكات(قەسەدە) دەیكات بۆ شەڕی دژی داعش بەكاریاندەهێنێت. بە راستی ئەگەر هێرش و لەشكركێشی ئەنجام بدرێت رەوشێكی گەلێك زەحمەت دەردەكەوێت، ئەگەر هێرشی نوێ بكەن كاریگەری لەسەر شەری داعش دەبێت مەترسی گەورەی لێ دەكەوێتەوە. هاوڵاتی: ئەگەر هێرشی سوپای ئەردۆغان جارێكی دیكە بكرێت، بەرخودانی فراوان دەكرێت؟ ئەڤین سوێد: خەڵكی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا ئەو بیركردنەوەیەیان هەیە كە هەتا 2023 هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پەرلەمانی توركیا كە لەمانگی حوزەیران ئەنجامدەدرێت، ساڵوەگەرا سەد ساڵەی ئیتفاق لۆزانە ئەو خەتەری گەورە لەسەر گەلی كوردو هەرێمی كوردان هەیە، ئێستا هێرش بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان هەیە، هێرش بەردەوام هەیەو قەسەدە بەرگری دەكات. بۆیە گەلی كوردو هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە ئەوان لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگدان نە لەگەڵ شەڕ، بەڵام ئەگەر لەشكركێشی بكرێت هێرشی پێچەوانە ئەنجام دەدەن، واتا هێرش بۆ سەر ئەو ناوچانەش كە لەلایەن سوپای تورك و چەتەكانەوە داگیركراون، بەڵێ بەرخودانی مەزن ئەنجام دەدەن. ئەردۆغان بۆ قڕكردنی كوردان ناوەستێت، ئەگەر كورد كارو خەبات نەكات بەرانبەری لەئێستاو داهاتوودا خەتەری زیادەیە هەیە لەسەر دەستكەوتەكانی كوردستان لەباشوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان، هەیەو باژارێ عەفرین و سەرێكانی و گرێسپی وەكو نمونەیەكی زیندوو وایە. هاوڵاتی: وەكو نوێنەرایەتی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا چیتان كردووە بۆ كردنەوەی تەواوی دەروازەی سمێڵكا؟ ئەڤین سوێد: دەروازەی سمێلكا كراوەیە بۆ حاڵەتی ئینسانی وەك نەخۆشی گران و قورس و دەربازكردنی حاڵەتی تایبەتی، بۆ مەسەلەی خواردەمەنی و كاڵاو پێداویستییەكان خەڵكی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا ئەساسەن بۆ ئەو رەوشە پێداویستی خۆیان بۆ ماوەی 10 ساڵ تەئمین كردووە، بەڵێ گەمارۆ هەیە لەسەر خەڵكی رۆژئاڤاو هیوادارم بە دیالۆك ببێتە چارەسەركردن. هاوڵاتی: جەنەراڵ مەزڵوم كوبانێ پەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا چۆنە؟ ئەڤین سوێد: راستی ناتوانم بەناوی ئەوەوە قسە بكەم، بە فكراندنە ئێمە ئەوەیە كە پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنێكی باشووری كوردستاندا هەبێت و باوەڕمان بە دیالۆگ و دانوساندن هەیە ئەگەر شتێكیشی هەبێت چارەسەری بكەین

ئیمان زەندی بەپێی ئامارێكی نافەرمی، ساڵانە 250 وشتر هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت كە بەهاكەی دەگاتە 550 ملیۆن دینارو بەشێك لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان گۆشتی وشتر بۆ خواردن بەكاردەهێنن و هەندێكی دیكەیان بۆ جوانی رایدەگرن. لە پارێزگاكانی عێراق و سوریا و سعودیە وشتر هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەم لەمساڵدا بەهۆی گرانی ئالیكی ئاژەڵ ژمارەیەك لە بازرگانانی هاوردەی وشتر كارەكانیان راگرتووە. وشتر دوو جۆری هەیە، یەك پشتی لەگەڵ دوو پشتی، دوو پشتیەكان پێیان دەوترێت (دوو ملی) لەعێراقدا رێژەیان كەمە، هەروەها وشتر سێ رەنگی هەیە سپی و زەرد لەگەڵ سور، وشترە عەرەبیەكان لەكوردستان زیاتر بازرگانی پێوە دەكرێت. تەحسین مەولود بەخێوكەری وشترەو مەیدانی وشتری هەیە لە هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نزیكەی سێ ساڵ ئەو كارەم كرد، بەڵام لەبەر كەمی ئالیك و ساغنەبوونەوەی ناچار بووم بوەستم، چونكە بازرگانیەكی قورسە». ناوبراو باسی لەوەشكرد نزیكەی سێ بۆ چوار كەس لەكوردستان وشتر بەخێو دەكەن و خاوەن چێشتخانەكانیش راستەوخۆ لەخوارووی عێراق دەیهێنن. وشتر نرخیان لەنێوان ملیۆنێك و 500 هەزار دینار تادوو ملیۆن و 500 هەزار دینار دەبێت، ئەوەش بەپێی كێشیان نرخەكەیان گۆڕانكاری بەسەردا دێت كەكێشیان لەنێوان 400 بۆ 500 كیلۆدایە. ئەو وشترانەی كێشیان 500 كیلۆیە نرخەكەی دەگاتە دوو ملیۆن و 250 هەزار دینار، ئەم جۆرەیان فرۆشی زۆرەترە بەپێی وتەی بازرگانانی وشتر. گرانترین وشتر جۆری «وشتری دوو ملیەكان»ە كە نرخیان دەگاتە پێنج ملیۆن دینار، كیلۆیەك وشتر بە 14 هەزار دینار لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا دەفرۆشرێت بەئێسقانەوە، بەڵام بێ ئێسقان دەگاتە 20 هەزار دینار. بەپێی ئەو داتاو ئامارەی هاوڵاتی لەبازرگانێكی وشترو چێشتخانەكان دەستی كەوتووە، هاوردەكردنی ئاژەڵی وشتر بۆ ساڵی 2020 نزیكەی 250 سەر بووە بە بەهای  562  ملیۆن دینار، بەڵام لەساڵی 2021 رێژەكە زۆر كەم دەكات بۆ سەد سەر وشتر، بە بەهای  225 ملیۆن دینار، لە هەمانكاتدا نرخی ئالیك گران بووەو تۆنێك گەیشتووەتە 800 هەزار دینار  كە لەگەنم و جۆ یان گەنمەشامی پێكهاتووە. ئاژەڵی وشتر لەناوچەی پشت موسڵ و پارێزگاكانی عێراقەوە دێت و گومرگیان لەسەر نیە، بەڵام ئەوانەی لە سوریاو سعودییەو قەتەرو دوبەی دێت گومرگیان لەسەرەو بۆ جووتێك وشتر 50 دۆلار وەردەگیرێت. شەش كەرەنتینەی نێودەوڵەتی هەیە لەنێوان پارێزگاكانی عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان، لەكوردستانیش 10 شوێنی كەرەنتینە هەیە. میقداد ئیبراهیم لێپرسراوی گشتی ڤێتێرنەری و كەرەنتینەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی مۆڵەتی بازرگانی و قاچاخی بەهاوڵاتی وت:» كەس سەردانی نەكردووین بۆ مۆڵەتی وشتر هێنان، ئەوەیشی هەیە بێ مۆڵەت هاوردە كراوە». ناوبراو وتیشی:» ژمارەی وشتر هێنان زۆر كەمە، چونكە گۆشتەكەی باو نیە لەكوردستان، هەر سەر ئاژەڵێك بێت بەخاڵی كەرەنتینەدا دەڕوات، تائێستا هیچ ڕاپۆرتێكمان بۆ نەهاتووە وشتر بە قاچاخ بێتە هەرێمی كوردستان.» هاوكات ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد كە  لە خاڵە گومرگیەكان هیچ وشترێك هاوردە نەكراوە، ئەوەی دێت لەباشورەوە دێت، وتیشی:» پارێزگاكانی عێراق خاڵی گومرگی لەسەرە نازانین بۆیان گومرگ دەكرێت یاخود نا،                                                                                                                 ئەگەر لە سعودیەوە بێت گومرگیان لەسەر هەرێمی كوردستان نیە، چونكە لەنێوان ناوەند و هەرێم هیچ بازگەیەكی لێنیە و ئازادە، بەڵام گەر بێت و لە سنوری توركیا و ئێران هاوردە بكرێت گومرگ دەكرێت، ناوی هیچ بازرگانێكیش لای ئێمە تۆمار نەكراوە بۆ هاوردەكردنی وشتر». وشتر ئاژەڵێكی نەرم و نیان و هەستیار و عاقڵە، نزیكەی بیست ساڵ دەژی، هەموو ساڵێك بەچكەی دەبێت، بەرزی باڵایان دوو مەتر دەبێت، نێرەكەی 40 بۆ 50 سانتیم بەرزترە لەمێیە، گۆشتەكەی دەوڵەمەندە بە ماددەی كالسیۆم، بۆ هەرسكردن ئاسانە و بەسودە بۆ نەخۆشیەكانی (خوێنبەرەكانی دڵ، ئازاری جومگەكان و ئێسك، بەرزی چەوری خوێن و جگەر)، كۆڵستڕۆڵی كەمە و بۆ ئەوانەی بەرنامەی خواردنی» كیتۆ» ئەنجام دەدەن دەتوانن گۆشتی وشتر بخۆن. وشتر دەبێت بەپێوە سەر ببڕدریت، چونكە ملی درێژە و نابێت ئاژەڵی تر لەبەردەمیدا سەر ببڕدرێت، چونكە بەهۆی هەستیاری فرمێسك دەرێژێت، بۆ سەربڕینەكەشی سەرەتا دەبەسترێتەوە و سنگی هەڵدەدڕێت لە دوو لاوەی ملی شەق دەكرێت و ماوەی 10 خولەك دەخایەنێت. میران سەید جەمال لەگەڵ ناسیح قادری ئامۆزای نزیكەی هەشت ساڵە وشتر دەكەن بەكەباب و قۆزی و خاوەنی گەورەترین چێشتخانەن لەقەزای سەیدسادق، رۆژێكیان ناسیح قادری ئامۆزای بۆ سەفەر ڕوو دەكاتە وڵاتی دوبەی، لەوێ خواردنی وشتری بۆی دێنن و دەبێتە جێی سەرەنجی، ناسیح لە دوای گەڕانەوەی بڕیار دەدات لەگەڵ میرانی ئامۆزای وشتر بهێنین و ئامادەی بكەن، میران بەهاوڵاتی وت:»گۆشتی وشترمان بەكیلۆ نەكڕیووە، بەڵكو ڕاستەوخۆ وشترمان لەدیالەوە ھێناوە». هەروەها هێمای بۆ ئەوەشكرد كە دوكانێكی بچوكیان ھەبووە، وردە وردە داواكاری لەسەر زۆربووەو چێشخانەكەیان گەورە كردووەو لە دەرەورەی قەزاكە وەكو شوێنێكی گەشتیارییان لێكردوە، وتیشی:»  دوو لقمان ھەیە لەناو سەیدسادق بەنیازین لقی دیكەش لەهەولێر بكەینەوە». «لە سەیدسادق شوێنی تایبەتیمان هەیە بۆ بەخێوكردنی وشتر، دواتر دەینێرین بۆ قەسابخانە لە قەسابخانە پزیشك پشكنینی بۆ دەكات، زۆرجار وشتر هەبووە سێ ملیۆن دینارمان پێداوە پزیشك لەبەر نەخۆشی سوتاندویەتی، گۆشتی وشتر بۆ شاری سلێمانی و هەولێرو كۆیە لەگەڵ كەلار دەنێرین، ساڵانی ڕابردوو لە هەفتەیەكدا دوو ڕۆژ وشترمان ئامادە دەكرد بۆ یەك ڕۆژی وشترێك تەواو دەبوو، بەڵام ئێستا جوڵەی كردووە بەرەو كەمی هەموو ڕۆژێك 10 بۆ 15 كیلۆ تەواو دەبێت».، خاوەنی چێشتخانەكەی سەید سادق وای وت

عەمار عەزیز.دهۆك سەرجەم رێكخراوە بیانییەكان هاوكارییەكانیان بۆ ئاوارە ئێزیدییەكان لەهەرێمی كوردستان رادەگرن و هۆكارەكەشی بۆ كەمی بودجە دەگەڕێننەوە، ئاوارەیەكی ئێزیدی دەڵێت:» تەنها خوامان هەیە بەهانامانەوە بێت». هەریەك لەڕێكخراوەكانی (جیهانی خۆراكی، یونیسێف، UNHCR، WFP) هاوكارییەكانی خۆیان لەسەر ئاوارە ئێزدییەكان رادەگرن. رێكخراوی WFP مانگانە بۆ هەر ئاوارەیەك بڕی 15 تا 20 هەزار دیناریان خەرج دەكرد. مچۆ قاسم، خەڵكی ناحیەی سنونەو نزیكەی هەشت ساڵە لەكەمپەكانی دهۆك دەژی و خاوەنی حەوت منداڵە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» مانگانە بۆ هەر كەسێك 15 تا 20 هەزار دینارمان لەڕێگای سیم كارتەوە وەردەگرت، بەشێكی زۆر لەپێداویستیەكانی رۆژانەمانی پڕدەكردەوە، بەبیستنی بڕیارەكە زۆر دڵتەنگ بووین نازانم چۆن لەدوای مانگی تەمموز پێداویستییەكانی ماڵەوە پەیدابكەم». «ئەمە ستەمێكی گەورەیە بەرامبەر ئێزدییەكان دەكرێت، لەلایەك ناتوانین بگەڕێینەوە زێدی خۆمان، لەلایەكی تریشەوە هاوكاری لەسەر ئێمە دەبڕن، چی بكەین تەنها خوامان هەیە بەهانای ئێمەوە بێت، داوا لەهەموولایەك دەكەم شوێنگرەوەیەك بۆ بڕیارەكەی رێكخراوی جیهانی خۆڕاك بدۆزنەوە»، مچۆ قاسم ئاوارەی ئێزیدی لەكەمپەكانی دهۆك بۆ هاوڵاتی وای وت. لێپرسراوی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەپارێزگای دهۆك ئاشكرای دەكات كە ئەوانیش ئاگاداركراونەتەوەو چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی كۆچ دەكەن. ئەسكەندەر محەمەد ئەمین، لێپرسراوی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەپارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمەش ئاگاداركراینەوە كە رێكخراوی جیهانی خۆراك هاوكارییەكانی لەسەرەتای مانگی تەمموز رادەگرێت و بودجەكەیان كەمبووەتەوەو ناتوانن لەمەودوا هاوكاری ئاوارەكان بكەن». لێپرسراوی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، هێمای بۆ ئەوەكرد كە رێكخراوی WFP مانگانە 18 بۆ 20 هەزار دیناریان داوە بەهەر ئاوارەیەك، واتە ئەگەر خێزانێك حەوت كەس بووبێتن 130 هەزار دیناریان وەرگرتووە، وتیشی:»بڕیارەكە زۆر كاریگەری لەسەر دۆخی ئاوارەكان دەكات، چونكە ئەو هاوكارییە بەشێكی زۆری پێداویستیەكانیانی پڕدەكردەوە».  ئەسكەندەر محەمەد ئەمین ئەوەشی روونكردەوە كە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق هاوكارییەكانی كەمكردووەتەوەو لەپێنج مانگی رابوردوو تەنیا دوو جار كارتونێك خواردن و كارتۆنێك پاككەرەوەیان بۆ هەر خێزانێك دابینكردووە،» دەمێنێتەوە سەر بڕیاری وەزارەت و پێكهێنانی حكومەتی نویێ عێراق كە ئایا هاوكارییەكان زیاد دەكەن وەك جێگرەوە بۆ رێكخراوە بیانییەكان». بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێم دەڵێت:» رێكخراوی WFP تەنها هاوكاری ئەو ئاوارانە دەكات كەزۆر هەژارن». دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئەوەی دووپاتكردەوە كە رێكخراوی یوینسێف لەسەرەتای ئەم مانگەوە لەچەند كەمپێك كشاوەتەوەو رێكخراوی  UNHCRلەسەرەتای مانگی تەمموزەوە لەكەمپەكانی سنوری قەزای بەردەرەش و ئاكرێ دەكشێنەوە، وتیشی:»رێكخراوی جیهانی خۆراك WFP كەمانگانە بڕێك پارەی بەسەر ئاوارەكاندا دابەش دەكرد لەمانگی تەمموز رایدەگریت، تەنیا هاوكاری ئەو خێزانانە دەكات كە زۆر هەژارن». هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی و حكومەتی هەرێم هەوڵدەدەن شوێنگرەوەیەك بۆ بڕینی ئەو جۆرە هاوكارییانە بۆ ئاوارەكان دابین بكەن

    هاوڵاتی   سیستمی سیاسیی تورکیا لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا بەگۆڕینی هیچ حکومەتێک و هاتنەسەرکاری هیچ حزبێک گۆڕانکاری تیادا ئەنجام نەدراوە، بەڵکو هەریەک لە حکومەتەکان و ئەو حزبانەی چوونەتە دەسەڵات بەپێی قۆناغەکەی خۆیان کاریان بۆ پتەوترکردن و ریشەدارترکردنی ئەو سیستمە کردووە. سەرەتای سیستمی سیاسی و تەنزیمات کۆماری تورکیا لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣و لە دوای رووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە بەهاوکاریی پاشماوەکانی گروپی ئیتحادو تەرەقی و تورکە لاوەکان دامەزرا. بەهۆی ئەوەی عوسمانییەکان لە باشووری رۆژهەڵات و باڵکان بەشێک لە خاکی ئەوروپایان داگیرکردبوو سنوور و کاروباریان و پەیوەندییان لەگەڵ ئەوروپیەکان زۆر بوو. پێشکەوتنەکانی ئەوروپا وایکرد، گروپێک لە تورکەکان بە چاوکردن لە ئەوروپا و لەناوەڕاستی سەدەی ١٩ دا کار بۆ پێشخستنی عوسمانی بکەن. لەو چوارچێوەیەدا بە فەرمانی سوڵتان مەحمودی دووەم لە ٣ی تشرینی دووەمی ١٨٣٩دا دەزگایەک بە ناوی تەنزیمات بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتە ئەوروپیەکان دامەزرا، کە خۆی لە شکڵی تەنزیماتێکی خێرخوازیدا وێنا دەکرد. لەو کاتەوە دەستکرا بەدامەزراندنی ژمارەیەک گروپ و رێکخراوو سەردەمی تەنزیمات دەستپێکرد. بەکارهێنانی لایەنی سەرکوتکاریی مۆدێرنیتە بۆ مانەوەی دەسەڵات عوسمانییەکان وەک زۆربەی هەرە زۆری دەسەڵاتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەپێشکەوتنەکان و مۆدێرنیتەی ئەوروپا بە پلەی یەکەم و بەشێوەی سەرەکی لایەنی پڕچەککردنی سوپا، دروستکردنی هێزی ئاسایشی ناخۆ بۆ سەرکوتی خەڵک، دروستکردنی زیندان و نووسینی یاساکانی سزادان وەرگرت و ئەوانەش بەشێوەیەک رێکخرابوون، کە هەموویان بچنە خزمەتی پاراستنی دەسەڵاتەوە. لە دوای گرنگیدان بەهۆیەکانی سەرکوتکردن و وەرگرتنیان بەشێوەی مۆدێڕن، ماوەیەکی زۆر دواتر دەسەڵاتی عوسمانی بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراوو سنووردار دەستیکرد بە کردنەوەی خوێندنگە و زانکۆ، نەخۆشخانە و دەرمانخانە... زۆر دواتریش بەشێوەیەکی زۆر کەم و لە ژێر چاودێری چڕی دەوڵەت و خەلافەتدا رێگا بە هەندێک کارو کەمێک ئازادیی سیاسی و کاروباری رێکخراوەیی درا. زۆر بەدرەنگیشەوە رۆژنامەگەری و ئازادیی حزب و گەلەک دواتر لەوانەش هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان و شارەوانی خرانە بەرنامەی کاری دەوڵەتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە عوسمانی و تورکیای نوێ و دەوڵەتی ئێران و عەرەبییەکانیشەوە. دەوڵەتەکانی ناوچەکە لەمۆدێرنیتە گرنگییەکی باشیان بەوەرگرتنی لایەنی توندڕەوی، سەرکوتکاری، ناسیۆنالیزم، نکۆڵیکردن و سڕینەوە، عروبە، پان تورکیزم، پان ئیرانیزم و پان فارسیزم، پارن عەرەبیزم و دروستکردنی سوپای پڕچەککراو بەگازی کیمیایی و فڕۆکەو مین و گروپی تیرۆریستی و... دا. ئێستاشی لەسەر بێت هیچ یەک لەدەوڵەتەکانی ناوچەکە دیموکراسی نین و هەمویان بۆ مانەوەی خۆیان پشتیان بە سەرکوتکاری، سڕینەوە، نکۆڵیکردن، لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژکردن و کۆنترۆڵکردنی هەڵبژاردن و پەرلەمان و جموجوڵی حزبەکان و میدیا بەستوە... دەوڵەت و مۆدێرنیزم لەتورکیا وەک هیتلەر، مۆسۆلینی، ستالین، سەدام، شای ئێران و... هتد لایەنە تێکدەرانەکەی مۆدێرنیتەی بۆ خۆی بەکارهێناوە و دەیەوێت بە سوودوەرگرتن لەو نموونانە بەردەوامی بەو سیستمە بدات، کە تەنها یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک دەوڵەت و یەک وڵاتی قبوڵە. ئەوەش بەمانای سڕینەوەی ئەوانی ترو قبوڵنەکردنی ئەوانی ترە، ئەوەش کۆڵەکەی سەرەکیی فاشیزم و شۆڤێنیزمە. مەشروتە و حەربییە  عوسمانییەکان بۆ ئەوەی لەئەوروپیەکان دوانەکەون لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ١٨٧٦دا دەستیان بە پرۆسەیەک بەناوی مەشروتە لەتورکیادا کرد. ئامانج لە مەشروتە دیاریکردنی سنوورەکانی دەسەڵات و کارکردن بوو بۆ بە دامەزراوەیکردن و بە یاسایکردنی کاروبارەکان، بەڵام مەشروتە تەمەنی کەم بوو و دوای نزیکەی چوار ساڵ کۆتایی پێهێنرا. لە دوای نزیکەی چوار ساڵ خەلافەت و دەوڵەتی عوسمانی لەسەر شێوازی ئەوروپی پەیمانگاو خوێندگای جۆراجۆریان بە ناوەکانی حەربییە، مولکییە کردەوە، کە لەلایەن راهێنەرانی فەرەنسی و ئەوروپییەوە بەڕێوەدەبران. ئیتحاد و تەرەقی و تەشکیلاتی مەخسوسە لەبەردەوامیی ئەو رەوتەدا لە ٦ی شوباتی ١٨٨٩دا گروپی ئیتحادو تەرەقی دروستبوون. ئەو گروپە دوو کۆڵەکەی بۆ خۆی کردبووە بنەما، یەکەم تورکایەتی و پانتورکیزم. دووەم، ئایینی ئیسلام وەک کۆڵەکەیەک لە بەرامبەر مەسیحیەت و ئاینەکانی تردا. ئەو گروپە لە ٢٢ی ئەیلولی ١٩٠٩دا خۆیان وەک حزب راگەیاند. لە چوارچێوەی ئەوانەدا تورکە لاوەکان دەستیان بەسەر هەموو جومگەکانی سیاسەت و دامودەزگاکان و سوپا و حکومەتدا گرت. لەساڵی ١٩١١دا دەزگایەکی هەواڵگرییان بە ناوی تەشکیلاتی مەخسوسە دامەزراند. تەشیکلاتی مەخسوسە لە کۆماری تورکیادا بوو بە دەزگای زانیاری و ئاسایشی نەتەوەیی و دواتر بەهاوکاریی سی ئای ئەی ئەمریکی و موسادی ئیسرائیلی هەندێک گۆڕانکاری و دابەشکاری لەو دەزگایەدا کراو لەو چوارچێوەیەدا دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی (مەگەکە)، دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و دەزگای هەواڵگریی جەندرمە (ژیتەم) دامەزران. پرۆسەی دروستکردنی تورکی خالس لەکوردستان و ئەنادۆڵ  سێ پاشاکە، واتە جەمال پاشاو ئەنوەر پاشاو تەلعەت پاشا رۆڵێکی گەورەیان گێڕا بۆ هێنانەدیی بیرۆکەی مۆدێرنی خۆیان بۆ سڕینەوەی نەتەوەیی و دروستکردنی ناوچەیەکی تورکی خالس و رەسەن، کە پشتی بە ئایینی ئیسلام بەستبێت، چونکە هیچ نەتەوەیەک بەبێ ئایین و ئایدۆلۆژیایەک ناتوانیت بناغەکانی خۆی پێناسە و گەشە پێبدات. بۆ ئەوەش بە فتوای شێخولئیسلامی بارەگای بابی عالیی سوڵتانی عوسمانی عەبدولحەمیدی دووەم  دەستیانکرد بە پاککردنەوەی ناوچەی ئەنادۆڵ لەهەموو نەتەوە و ئایینەکانی ترو لەو چوارچێوەیەشدا گەورەترین کۆمەڵکوژی و راگواستنیان بەرامبەر بە ئەرمەن و کورد ئەنجامدا. لەو پرۆسەی جینۆسایدکردنەدا ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئەرمەنی و ٨٠٠ هەزار کورد کۆمەڵکوژو پاکتاوکران. ملیۆنێک مەسیحیی تریش راگوێزران بۆ یۆنان. لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییانە حزبی ئیتحادو تەرەقی خۆی لە ١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨دا هەڵوەشاندەوە، بەڵام تێزەکان و عەقڵییەت و شێوازی کارکردنیان بووە توخمێکی سەرەکی و گرنگ و نەگۆڕی سیستمی سیاسیی بۆ تورکیا، کە تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆ کاریان پێدەکرێت... ئەتاتورک و تەواوکردنی پرۆسەی ئیتحادو تەرەقی  مستەفا کەمال وەک کەسێکی ئەندامی گروپی تورکە لاوەکان و ئیتحادو تەرەقی چییەک بە هاوکاریی پاشماوەی ئیتحادو تەرەقی کۆماری تورکیای دامەزراندو کاریکرد بۆ تەواوکردنی پرۆسەی سڕینەوەی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان لەناو خاکی تورکیادا، سەرەکیترین ئامانجیشیان سڕینەوەی کورد بوو. ماوەی سەد ساڵە هەموو حکومەتەکانی تورکیا و هەموو ئەو حزبانەی لە تورکیا چوونەتە سەر دەسەڵات کار بۆ تەواوکردنی پرۆسەی سڕینەوەی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان و بە تایبەتی کورد دەکەن و ئەوەشیان بە هەموو هێزیانەوە ئەنجامداوەو ئەوەی پێیانکراوە درێغیان لێ نەکردووە، کە زیاتر لە ٢٥ سەرکوتکاری و کۆمەڵکوژی و پرۆسەی پاکتاوکردن و سڕینەوەیان لە دژی کورد ئەنجامداوە. رۆڵی کورد لەدامەزراندنی کۆماری تورکیادا پێش ئەوەی کۆماری تورکیا دابمەزرێت، مستەفا ئەتاتورک لە کۆنفرانسەکانی ئەرزنجان و ئەرزرۆم و سیواس لە باکووری کوردستان بەڵێنی بە کوردەکان و سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان دا، کە تورکیا دەبێتە تورکیای کوردو تورک و پێکەوە یەکسان دەبن. تەنانەت لە کاتی دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیا لە ٢٣ی شوباتی ١٩٢٠ دا کوردەکان ٧٠ نوێنەریان بەشداریی پەرلەمان پێکردو بە جلوبەرگ و زمانی کوردییەوە لە پەرلەمان بوون و پێشوازییان لێکرا. ئەوانە وایکرد، کورد بەشداریش لە شەڕی دەرکردنی یۆنانییەکان لە پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیادا بکەن، کە دەوڵەتی تورکیا شەڕەکانی ئەو ساڵانە بە شەڕی رزگاریی نەتەوەیی پێناسە دەکات. کاتێک کۆماری تورکیا دامەزرا و یۆنانییەکان پاشەکشەیان پێکرا و مەترسیی دەرەکی لەسەر تورکیا کەمبووەوە، ئەتاتورک دەستیکردەوە بە تەواوکردن و درێژەدان بەپرۆسە و سیاسەتی سڕینەوەی نەتەوە و پێکهاتەکان لەناوخۆی تورکیا بە تایبەتی کورد، چونکە لە دیدی دەوڵەتی تورکەوە کورد گەورەترین نەتەوەی ناو تورکیایە، کە نزیکەی خاک و رووبەری تورکیای بە دەستەوەیە و ئەوەش رێگرە لەبەردەم دروستکردنی پرۆسەی تورکی خالس و ڕسەن دا، بۆیە دەبێت بە هەموو شێوەیەک و هەنگاو بەهەنگاو کورد بسڕدرێتەوە، بۆیە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستمی سیاسیی تورکیا لەسەر سڕینەوەی کورد دامەزراوە. سیاسەتی سڕینەوەی کورد ئەتاتورک بۆ سەرخستنی پرۆسەی سڕینەوەی کورد لە تورکیا بە گرتنەبەری سیاسەتی ئیتحاد و تەرەقی بە چڕی کاریکرد بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی دروستکردنی تورکی خالس و رەسەن، بۆیە زۆر بە خێرایی پرۆسە پاکتاوکاری و کۆمەڵکوژییەکانی بەرامبەر بە شێخ سەعید و هاوڕێیەکانی، شۆڕشی ئاگری، راپەڕینی کۆچگری و دێرسیم ئەنجامدا. هاوکات بۆ ئەوەی کورد لەڕەگوڕیشەی خۆی داببڕن و لە ناو سیستمی سیاسیی تورکیدا بیتوێننەوە زمان و کولتورو جلوبەرگ و هونەر و ئاهەنگ و بۆنەی کوردییان بەتوندترین شێوە قەدەغە کرد. ناوی شارو شاخ و گوند و کانیاوو رێگاوبانەکانی کوردستانیان گۆڕی. هاوکات لەگەڵ پرۆژەی جینۆسایدی سوور پرۆسەی جینۆسایدی کولتوریشیان لە دژی کورد بەڕێوەبرد. یەکێک لە پرۆژەکان بۆ تواندنەوەی کورد پرۆژی ئیسلاحاتی شەرق بوو، کە بەپێی ئەو پرۆژەیە ژمارەیەک پرۆژە لە ناوچە کوردییەکان جێبەجێکران و بەناوی ئەو پرۆژانەوە زەوی و زار لە کوردەکان سەندرانەوە و تورکیان هێنرایە شوێن و کوردیش بۆ شارە تورکییەکانی رۆژئاوای تورکیا راگوێزران و بەوەش بەشی رۆژئاوای فورات لە زۆرینە کوردەوە کرا بە زۆرینەی تورک و رێژەی کورد لەو ناوچانە، کە پارێزگاکانی سیواس، گازی عەنتاب، مەرەش، سەمسور، سامسۆن، خارپێت و مەلاتییە دەگرێتەوە کەمکرایەوە بۆ کەمتر لەسەدا ١٥. لەگەڵ ئەوانەدا لەسەرتاسەری کوردستان باری نائاسایی سەربازی راگەیەندرا و کوردستان لە دونیای دەرەوەو جیهان دابڕێندرا و بەکردەوە گەشت و سەردان و هاتوچۆکردن بۆ کوردستان لە دۆخی قەدەغەکاریدا بوو. ئەو شێوازە لە سیاسەتی تورکی تاوەکو ساڵانی ١٩٦٠ بەردەوامیی هەبوو و پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) بەڕێوەبەرو جێبەجێکاری ئەو پرۆژانە بوو. سیستمی سیاسیی تورکیا؛ بازنەی کرانەوە و پاکتاوکردن سیستمی سیاسیی تورکیا توانای گەشەی دیموکراسی و کرانەوە و ریفۆرمی نییە، چونکە بناغەکانی بۆ دروستکردنی تورکی رەسەن هەڵدەوەشێتەوە، کاتێک عەدنان مەندرێس و تورگوت ئۆزال خواستیان هەندێک گۆڕانکاری لەو سیستمەدا ئەنجام بدەن لەلایەن سیستمی سیاسیی تورکیاوە لەسێدارە دران و کوژران. سیاسەتی سڕینەوەی کورد بەڕادەیەک بە دامەزراوەیی کراوە، کە هیچ هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لەو سیستمە سیاسییەدا ناتوانێت راشکاوانە باسی کێشەی کوردو چارەسەرکردنی بکات. سەرباری شەڕی چەکداریی قورسی پەکەکە لە دژی دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵ و ئەنجامدانی چەند کودەتا و دروستبوونی دەیان قەیرانی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری و سەربازیی، بەڵام هیچ یەک لە حزب و لایەنەکانی ناو سیستمی سیاسیی تورکیا ناتوانن بەڕاشکاوی باسی کێشەکە بکەن، باسی کێشەی باشووری رۆژهەڵات، کێشەی ئابووری، دواکەوتووی، هەژاری، کێشەی ئاسایش و ناڕەزایەتی دەکەن، بەڵام باسی کرۆکی سەرەکیی هەموو ئەو کێشانە، کە کێشەی کوردە ناکەن. باس لە ئاوەدانی و رێگاوبان و کارەبا دەکەن، بەڵام باس لەو کێشەیە ناکەن، کە هەموو ئەوانەی لە پێناو سڕینەوەیدا بۆ ئەنجام دەدەن. لەم سەردەمەدا بەهۆی ئەوەی شاردنەوەی کێشەکە زۆر قورس بووە، چونکە کورد لە بواری مەدەنی، سیاسی، سەربازی، رێکخستن و راگەیاندندا لە پەرلەمانەوە بۆ شارەوانییەکان و شەڕی گەریلایی و خۆپیشاندان و بۆنەکانی نەورۆز توانیویەتی بوونی کێشەکە نیشان بدات و ئیدی کەس نەتوانێت وەک پێشتر نکوڵیی لێبکات، بەڵام سەرباری ئەوانەش ماوەی نزیکەی ٢٠ ساڵە ئەوانەی لە سیستمی سیاسیی تورکیادان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە دەڵێن، ناکرێت بە ئاشکرا باسی کێشەکە بکرێت، چونکە کۆمەڵگەی تورکی و لایەنگرانمان  و دەنگدەرانمان و سوپاو پۆلیس لێمان قبوڵ ناکەن. دەیانەوێت بڵێن، کودەتامان لێدەکەن و دەمانکوژن، ئەوەش یانی نابێت باسی کێشەکە بکرێت و بەوەش بەشێوەی جددیش کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە ناکرێت. ئەوەش کۆدی چارەسەنەکردنی کێشەی کوردە لەو سیستمە سیاسییەی تورکیادا. ئەو سیستمە سیاسییە لە تورکیا بەرگەی هیچ کرانەوەیەک ناگرێت، بۆیە لەدوای هەر هەوڵێک بۆ چارەسەری و کرانەوە دەوڵەت و هێزە سیاسییەکانی تورکیا توندتر لە پێش سیاسەتی سەرکوتکاری و تواندنەوە و کۆمەڵکوژییان لەدژی گەلی کورد ئەنجامداوە. مێژووی ئەو سیستمە سیاسییەی تورکیا پڕە لەو رووداو و کارەساتانە لە دژی گەلی کورد. رۆڵی ئیسلامی تورکی لەپاراستنی دەوڵەت و سوپاو خەونی پانتورکیزمدا لەمێژووی تورکیا هەموو لایەنەکان کاریان بۆ سەرخستنی پرۆسەی تورکایەتی و ئیسلامی تورکی کردووە. لە هەندێک قۆناغدا لایەنێک پێداگریی لە یەکێکیان کردوەو لە هەندێک قۆناغدا هەردوکیان پێکەوە و لە هەندێک قۆناغیشدا لایەنی ئیسلامی تورکی بەشێوەی زەقتر لەدژی گەلی کورد بەکارهێنراوە. گەرچی بانگ و نووێژ لە تورکیا کران بە تورکی و رێگری لە لەچک کرا، بەڵام دەزگای دیانەتی تورکی و خوێندنگەکانی ئیمامی خەتیب هەموو کات جمەیان هاتووە لە کەسانێک، کە کاریان بۆ ئیسلامی تورکی کردووە، ئیسلامی تورکی ئەو ئیسلامییەیە لەخزمەتی ئامانجە سیاسی و سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکدایە. لەسەردەمی ئاکەپە بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان ئیسلامی تورکی لە هەموو کاتێک زیاتر لە دژی کورد بەکارهێنرا، کە نموونە زۆر دیارەکەی ئەوە بوو لەکاتی هێرشی داگیرکەریی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین، مەلاکانی دەوڵەتی تورکیا لە ٧٠ هەزار مزگەوتەوە سورەتی فەتحیان بۆ سەرکەوتنی سوپا عیلمانیەکەیان بەسەر هاووڵاتیانی کوردی چەوساوەی زۆرینە مسوڵماندا خوێندەوە. بەشێک لەمەلاکان چوونە سەر سنوور و جلوبەرگی سەربازییان لەبەرکردو بۆ سوپای دەوڵەتە ئەتاتورکییەکەیان پاڕانەوە. هەروەها ناوی مزگەوتی کوردان-یان لە کیلیس گۆڕی بۆ مزگەوتی تورکان. ئەو مزگەوتە ماوەی ٣٠٠ ساڵ ناوی مزگەوتی کوردان بوو، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپەی ئیسلامی ئەوەی پێ قبوڵ نەکراو کردی بەمزگەوتی تورکان... بۆیە کاتێک ئەردۆغان دەچێتە وان و دەڵێت، «من ئێوەم لەبەر خودا خۆشدەوێت» نەک کەس بڕوا بەو قسەیە ناکات، بەڵکو ئەو وێنایە لەمێشکی زۆر کەسدا دروست دەبێت، کە خواکەی ئەردۆغان خوایەکی تورکییە و بۆ خزمەتکردن بە سیاسەت و دەوڵەت و سوپا لە تورکیا بەکاردەهێنرێت و جیاوازە لە خوای زۆربەی مسوڵمانان و ئایینەکانی تر. ئەردۆغان لەهەموو حزب و دەسەڵاتەکانی پێش خۆی زیاتر بنەماکانی ئیتحادو تەرەقی جێبەجێکردووە و کاریان پێدەکات. لە یەک کاتدا کار بەهەردوو توخمی تورکایەتی و ئیسلام دەکات. ئیسلامی تورکی قۆناغی تریشی بڕی بۆ ماوەیەک خۆی وەک ئیسلامی میانڕەوو  بەدیلی تیرۆریستانی کارەساتەکەی ١١ی سێپتەمبەرو ئەلقاعیدە نیشان دەدا، بەڵام ئەو شانۆگەرییە ماوەیەکی کەمی خایاند و ئاکەپە و دەوڵەتی تورک و سوپا و میت بوونە پێشەنگ و چاوساغ و راهێنەرو یارمەتیدەری گروپە جیهادییە توندەڕەوەکانی وەک بەرەی نوسرەو نورەدین زەنگی و داعش و هتد... ئاڕاستەی ئەو گروپانەیان گۆڕی بۆ شەڕ لە دژی گەلی کورد، کاتێک ئەو گروپانە کەوتنە بۆسەی ئیسلامی تورکییەوە گەورەترین گورزیان لەسەر دەستی کورد لەکۆبانێ و رەققە و دێرزور بەرکەوت و تائێستاش پشتیان راست نەکردووەتەوە. دەزگای دیانەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ بەسەربازکردنی منداڵانی کۆمەڵگەی تورکیا نەک هەر لە ناوخۆی تورکیا، بەڵکو لە ئەڵمانیا و نەمسا و بەشێک لەمزگەوتە تورکییەکاندا لە خولی ئاینییدا جلوبەرگی سەربازی لەبەر منداڵانی تورک دەکەن و دەیانکەن بەسەربازو ئامادەیان دەکەن شەڕ بۆ دەوڵەتی تورک بکەن. بڵاوبوونەوەی هەندێک ڤیدیۆو وێنەکانی ئەو شانۆگەرییانەی ئیسلامی تورکی لەو وڵاتانەدا بووە هۆی ئابڕوچوونێکی گەورە بۆ دەزگای دیانەتی تورکیا.  ئۆپۆزسیۆن تەواوکاری پرۆسەکانی سیستمی سیاسیی تورکیایە سیستمی سیاسیی تورکیا هەموو توخمەکانی خاک، ئایین، نەتەوە، توندڕەوی، زەبروزەنگ و توندوتیژی، تێزەکانی تیپۆلۆژی بۆ دیاریکردنی شکڵ و شێوەی مرۆڤی تورک، پێوانەکردنی کەلەسەری مرۆڤ و پشکنینی خوێن بۆ دیاریکردنی خوێنی تورکی و ناتورکی و هەموو بنەما راسیزمی و شۆڤێنی و نەژادپەرستییەکانی بۆ خۆی بەکارهێناوەو بە دامەزراوەیشی کردوون. لەدوای ئەوەی لە ١٩٦٠ی سەدەی رابردوودا تورکیا لە تاک حزبییەوە، واتە لە دەسەڵاتی حزبی کۆماریی گەل (جەهەپە) رۆیشتە قۆناغی فرە حزبی و ژمارەیەک حزبی تر دروستبوون و بەشێکیان خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن پێناسەکرد، ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەسەر چۆنیەتیی پاراستنی پایەکانی کۆمارو دەوڵەتی تورکیا بووە نەک لەسەر گۆڕینی ئەو سیستمە، کە کار بۆ تورکسازیی خالس دەکات. جگە لەژمارەیەک حزبی شۆڕشگێڕو ئازادیخوازو هەندێک رێکخراوو چەند کەسایەتییەک، هیچ یەک لەحزبە سەرەکی و دیارەکانی تورکیا هەوڵی گۆڕینی ریشەییانەی دەستوور و سیستمی سزادان و جیاکردنەوەی سوپا و پۆلیس لەدەوڵەت و کاروباری حوکمڕانی و هێنانەبەر باسی کێشەی کوردو چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نەبووەتە بەشێک لەپلان و بەرنامەو ستراتیژیان، بەڵکو هەموویان لەچوارچێوەی نکۆڵیکردن لە کوردو مافەکانی، بەشێوەی تاکتیکی و بەشێوەی مامەڵەکردن و هەوڵ بۆ دواخستنی کێشەکەو شاردنەوەی کێشەکە لەکێشەی کورد نزیک بوونەتەوە. ئۆپۆزسیۆنی تورکیاو کورد ئێستا لەتورکیا شەش حزبی ئۆپۆزسیۆن پێکەوە لە کۆبوونەوە و هاوپەیمانیدان لە دژی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، ئەو ئۆپۆزسیۆنە هەروەک دەسەڵات ئامادە نییە لەگەڵ کورد مامەڵە بکات و بەبێ کوردو هەدەپە کۆدەبنەوە و باس لە دیموکراسی و گۆڕینی سیستمی سەرۆکایەتی بۆ پەرلەمانی و نەهشتنی گەندەڵی و ئاشتی دەکەن!. ئەو حزبانە دەزانن تورکیا لە بنبەست نزیک بووەتەوە. دەزانن ئاکەپە نزیکەی نیوەی دەنگەکانی لە دەستداوەو ناتوانێت بە تەنها و تەنانەت لەگەڵ مەهەپەشدا حکومەت پێکبهێنێتەوە. ئاکەپە بۆ خۆی دەزانێت هاوپەیمانی نەماوە!، بە سیاسەتەکانی گولەنییەکانی لەدەستدا، کوردی لەدەستدا، گەرچی مەهەپە و فاشیستەکانی لەگەڵدایە، بەڵام ناتوانن رزگاری بکەن. ئاکەپە و مەهەپە لە چوارچێوەی سیاسەتی چڵە پوشەکەدا بۆ گەیاندنی مەهەپە بە پەرلەمان رێژە بەربەستی پەرلەمانیی لەسەدا ١٠ بۆ سەدا ٧ کەم کردووەتەوە، بەڵام ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن، کە ئەوەش دادی ئەردۆغان و ئاکەپە نادادت. جەهەپە جەهەپە بەسەرۆکایەتیی کەمال قلیچدار ئۆغڵو بە درێژایی مێژووی نەک کارێکی جدیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نەکردووە، بەڵکو بەشێک بووە لە سیستمی سیاسی تورکیا بۆ سڕینەوەی کورد. بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئەمساڵانەی دواییەوە، جەهەپە لە هەندێک خاڵدا لەکورد و هەدەپە نزیک بووەوەو بەو هۆیەوە پێکەوە توانیان لە هەڵبژاردنی شارەوانیی پێشوودا هەموو گەورە شارەکانی تورکیا لە دەست ئاکەپە و مەهەپە دەربهێن. ئەوە گورزێک بوو بۆ بەرەو لێواربردنی ئاکەپە. جەهەپە تەنها ئەمسال لە دژی درێژکردنەوەی ئۆپراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور دەنگی داوە. گەرچی ئەوە کارێکی خراپ نییە، بەڵام لە ئاست چارەسەرکردنی کێشەی کورددا نییە. ئیی پارتی و دایکی تورک  ئیی پارتی بە سەرۆکایەتیی مەراڵ ئاکشەنەر لەدژی هاوپەیمانیی مەهەپە لەگەڵ ئاکەپەدا لە مەهەپە  جیابووەوە. ئیی پارتی هەروەک مەمەپە حزبێکی نەژادپەرەست و توندڕەوە. مەراڵ ئاکشنەر لە ناو تورکە شۆڤێنی و فاشیستەکاندا نازناوی ئاسێنای پێدراوە. بەپێی ئەفسانەی گروپە نەژادپەرستەکانی تورکیا، ئاسێنا گورگێکی مێ بووە و بە شیری خۆی منداڵێکی بەخێوکردووەو دواتر تورکەکان لەو منداڵەوە دروستبوون. بەپێی ئەو ئەفسانەیە ئاکشەنەر نازناوی دایکی تورکی هەیە، هەر چۆن ئەتاتورک بە مانای باوکی تورکە. ئاکشەنەر لە نەژادپەرستیدا هیچی لە دەوڵەت باخچەلی و مەهەپە کەمتر نییە. تەنانەت کاتێک سوپای تورکیا هێرشی کردەسەر شارەکانی باکووری کوردستان ئاکشەنەر بۆ ماوەی چەند مانگێک وەزیری ناوخۆ بوو، هێزە تایبەتەکانی سوپای تورک و پۆلیس لەسەر دیواری ماڵە رووخاوەکانی کورد لە سلۆپی و جزیر دەیانووسی «ئەمە دیارییە بۆ مەراڵ ئاکشەنەر»، یان لە کاتی هێرشی سەر عەفریندا لەسەر گولە تۆپەکان دەیاننوسی، ئەو دیاری ئاکشەنەرە بۆ خێزانێکی کورد. هەر توندی و پێداگریی ئاکشەنەر یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ هەدەپە کار نەکات. حزبی ئایندە (گەلەجەک) حزبی ئایندە (گەلەجەک) بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داود ئۆغڵو دامەزراوە. داود ئۆغڵو لەساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٦ نزیکەی حەوت ساڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆک وەزیرانی تورکیای سەردەمی ئاکەپە بوو. ئەحمەد داود ئۆغڵو بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ ئەردۆغان لە ئاکەپە جیابووەوە. داود ئۆغڵو زۆرینەی بیری سیاسیی خۆی بۆ پاراستنی سیستمی سیاسیی تورکیا لەکتێبی قوڵایی ستراتیژیدا نووسیوە و ئەوەی ئێستا ئاکەپە لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان و لە قەرەباغ و ئاوەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست و لیبیا جێبەجێی دەکات لەژێر سایەی ئەو پرۆژەو فکرەی داود ئۆغڵودایە بۆ پاراستنی تورکیاو سیستمە سیاسییەکەی. لەبەرئەوەش داود ئۆغڵو نەک ناتوانێت هیچ هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەری کێشەی کورد بنێت، بەڵکو بۆ خۆی رێگری گەورەیە لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەی کورد. بەپێی قوڵایی ستراتیژی نەک کورد، بەڵکو دەبێت بەشێک لەگەلانی تریش و پێکهاتەکان خزمەتکاری تورک بن. حزبی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) حزبی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) بە سەرۆکایەتیی عەلی باباجان دامەزراوە. عەلی باباجان لە دەسەڵاتی ئاکەپەدا بۆ ماوەیەک وەزیری دەرەوەو بۆ ماوەیەکیش وەزیری دارایی بوو. بابا جان لە دیدی ئابورییەوە بۆ کێشەکان دەڕوانێت و هاوشێوەی تانسۆ چیللەرە. باباجان لەناو ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا لە هەموویان زیاتر باسی ئەوەی کردووە، کە دەبێت ئاسانکاری بۆ خوێندن بە زمانی کوردی بکرێت، بەڵام ئەوە تەنها یەکێک لە داواکانی گەلی کوردو بزووتنەوەکەیەتی و ئەو دەیەوێت کێشەی کورد لەچوارچێوەی ئابووری و کەمێک مافی کولتوریدا کورت بکاتەوە، کە بێگومان ئەو کێشە دێرین و قووڵەی کورد لە تورکیا بەوە چارەسەر نابێت. حزبەکانی فەزیەلەت و دیموکرات حزبی فەزیلەت درێژەکراوەی حزبی سەعادەتی نەجمەدین ئەربەکانە و ئێستا تەمەل کەرەم ئۆغڵو سەرۆکایەتیی دەکات. ئەربەکان گەرچی دەستپێشخەریەکی کورتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد کرد، بەڵام نەیتوانی کێشەی کورد چارەسەر بکات. ئەو حزبە رۆڵێکی وای لەگۆڕەپانی تورکیادا نەماوە. حزبی دیموکراتیش بە سەرۆکایەتیی گوڵتەکین ئویساڵ تەنها ناوێکە و کاریگەریی نییە. ئەو حزبانە هیچ پرۆژەیەکی جدییان بۆ کوردو کێشەکەی پێ نییە. سەردەمی تاکە حزبی دەسەڵاتدار کۆتایی پێدێت و تاکە رێگای تورکیاش دیموکراسی، یان پارچەبوونە ئەوەی ئێستا لەناو سیستمی سیاسیی تورکیادا روودەدات بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە هیچیان بۆ چارەسەرکردنی ریشەییانە و دیموکراتیانەی کێشەی کورد پێ نییە. ئەوەش دۆخی تورکیا بەرەو ئەوە دەبات، کە هیچ حزبێک بەتەنها نەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت. دەبێت بەهۆی قەیرانەکانی جەنگ و ئابووری و سیاسییەوە کۆمەڵێک حزب پێکەوە حکومەت پێکبهێن و ئەوەش رێگا بۆ دروستبوونی ژمارەیەک قەیرانی ترو ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووری زیاتر دەکاتەوە... ئەوەی تائێستا خۆی وێنا کردووەو بەپێی مێژووەکەی و کارکردنەکەی تاکە رێگای تورکیا گۆڕینی سیستمی سیاسیی تورکیایە بۆ سیستمێکی دیموکراسییانە، یان هەڵوەشاندنەوەو پارچە پارچەکردنی تورکیایە.  

هاوڵاتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی  ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە حكومەت لەهەوڵدایە پێش یەكی تەموز دەست بەدابەشكردنی مووچە بكات. بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی كە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی وەزیران دەستی كەوتووە، وەزارەتی دارایی ئامادەیە لە 25 حوزەیران دەست بەدابەشكردنی مووچە بكات، بەڵام بڕیارەكە دەكەوێتە سەر ئەنجومەنی وەزیران ئەوەش بەپێی راپۆرتی وەزیری دارایی بڕیاری لەسەر دەدرێت. هەروەها ئەوەشیان خستەروو كە لەنێوان 25 حوزەیران بۆ یەكی تەموز دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە بۆ كۆكردنەوەی داهاتەكان. هاوكات جەختیان لەوە كردەوە كە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی نایانەوێت مووچە دوابكەوێت، بەڵكو"دەمانەوێت لە 25 هەموو مانگێگ مووچە دابەش بكرێت، بەڵام كۆكردنەوەی داهاتەكان بەشێكی دوادەكەوێت".

هاوڵاتی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەكردنەوەی شۆڕشگێڕییدا لە گردی جودیی مەتینا، 62 سەربازی تورك كوژراون و گورزی كەمەرشكێنیان لێدراوە، قەرەیلان لەرێگەی ئامێری بێتەل پەیامێكی گرنگی بڵاوكردەوە كە وردەكاری شەڕ و ترسی سەربازانی تورك ئاشكرا دەكات. ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی حوزەیرانی 2022، ناوەندی راگەیاندن وچاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل –(هەپەگە) ڕایگەیاند، كە 62 داگیركەر لە چالاكیی گەریلاكاندا لە مەتینا و زاپ سزادراون هیچ زیانێكی گیانی لە ڕیزەكانی گەریلادا نەبووە. هەپەگە لە ڕاگەیەندراوەكەیدا دەشڵێت:" تیمە گەڕۆكەكانمان لە مەیدانی شەڕ و هەڤاڵانمان لە تونێلەكانی شەڕدا بە چالاكی كاریگەر و بەرخۆدانی مێژوویی خۆیان داستان دەنوسن". هەروەها ئەوەخراوەتەروو كە سوپای توركی داگیركەر ویستیان لە مەیدانی بەرخۆدانی گردی جودی پێشڕەوی بكەن، بەڵام" هێزەكانمان هێرشی تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشگێڕانەیان دەستپێكرد بۆ تۆڵەسەندنەوەی منداڵانی گەلی كورد لە شەنگال كە لەلایەن دەوڵەتی توركەوە كۆمەڵكوژكران بە تاكتیكی بەهێز ئەو ئۆپەراسیۆنە تۆڵەسەندنەوەیان دەستپێكردووە و لەو ئۆپەراسیۆنەدا هیچ زیانێك بەر هەڤاڵانمان نەكەوتووە و بەڵام 62 داگیركەریان كوژراون و گەریلاكانمان وانەیەكی مێژووییان بە سوپای توركی داگیركەر داوە". " لە 15ی حوزەیراندا، داگیركەران ویستیان بچنە تونێلەكانی شەڕی گردی جودی، بەڵام تیمە گەڕۆكەكانی گەریلا ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشگێڕییان دەستپێكردووە و كاتژمێر ١٨:٣٠ خولەك تیمە گەڕۆكەكانمان داوایان لە داگیركەران كرد كە “خۆیان بەدەستەوە بدەن” داگیركەران پاش بانگەوازییەكە هەڵاتن و هێزەكانمان لە دوو قۆڵەوە بە چالاكی گەریلاكانەوە هێرشیان كردە سەر داگیركەران و چوونە سەر تەرمی 12 داگیركەر". هاوكات هەر ئەمڕۆ موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە)، لەرێگەی ئامێری بێتەلەوە كەدەنگەكەی لە میدیاكانی فورات نیوز و رۆژنیوز نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) بڵاوكراوەتەوە دەڵێت:"دوژمن لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا شكستی گەورەی هێناوە، بۆیە ڕوویان لە ڕۆژئاوای كوردستان كردووە، دەیانەوێت بە شەڕكردن دژی كورد و پەكەكە، ڕۆژەڤێكی سیاسی لەناو تەپوتۆزی جەنگدا دروستبكەن و لەو ڕێگەیەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدەن، بەڵام ناتوانن و شكستدەهێنن". موراد قەرەیلان لەڕێگەی بێتەلەوە قسەی بۆ گەریلاكان كرد لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا كردو وتی:"هاوڕێیانی بەڕێز، لە ١٧ی نیسان دوژمن لە زاپ هێرشی بۆ سەر بزووتنەوەكەمان دەستیپێكرد و ئەمڕۆ بەرخۆدانی مێژوویی هەڤاڵان لە بەرامبەریدا چووەتە قۆناغێكی نوێوە، دوژمن بە هەموو توانایەوە ٣٩ ڕۆژ هەوڵیدا ئەنجامێك بەدەست بهێنێت، واتە زاپ داگیر بكات و زاپ بخات، بەڵام بەرخۆدانی بوێرانە و ئازایانەی هەڤاڵان بە پێشەنگایەتیی هەڤاڵ مزگین و ڕۆهاتەكان ڕێگەیان پێنەدان و شكستیان هێنا". هەروەها دەشڵێت:" لە بنچینەدا پلانەكەیان ئەوە بوو، سەرەتا تەواوی هەرێمەكانی پاراستنی میدیا داگیربكەن و پاشان بەرەو شەنگال بەڕێ بكەون، ڕوو لە ڕۆژئاوای كوردستانیش بكەن، بەڵام لەسەر بنەمای بەرخۆدانی هەڤاڵان لە زاپ و لە ئاڤاشین گەشتنە بنبەست و شكستیانهێنا، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەڤاڵان لە چیاڕەش و كۆڕەژارۆ هێرشی پێچەوانەیان ئەنجامدا و گورزی كوشندەیان لێدان". قەرەیلان باس لە پلانێكی دیكەی ڕژێمەكانی ئاكەپە و مەهەپە دەكات و دەڵێت:" ئەوان دەیانەوێت بە شەڕكردن دژی كورد و پەكەكە ڕۆژەڤێكی سیاسی بۆ خۆیان لە ناو تەپوتۆز و دوكەڵی جەنگدا دروست بكەن و بەم شێوەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدەن و بەوە ڕێگە لە لەناوچوون و ڕووخانی خۆیان بگرن، بەڵام ناتوانن". قەرەیلان ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە دوژمن بۆیان دەركەوت كە لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیادا هیچ ئەنجامێك بەدەستناهێنن، بەو هۆیەشەوە ڕوویان لە ڕۆژئاوای كوردستان كرد، بەڵام لەڕۆژئاوای كوردستان هەمان وەڵامیان دەست دەكەوێت، "وەڵامێكی وەك وەڵامی زاپ، ئێستا خۆیان بۆ جموجوڵ لە رۆژئاوای كوردستان ئامادە دەكەن، بەڵام ئێمە لەو بڕوایەداین، كە جارێكیتر هەرگیز عەفرینی دووەم، یان سەرێكانی و گرێ سپیی دووەم دووبارە نابێتەوە". موراد قەرەیلان باس لە ڕووداوێكی سەیر دەكات لە تونێلەكانی شەڕدا و ئەوە ئاشكرا دەكات " كاتێك دوژمن ویستوویەتی سەگەكانی ڕەوانەی تونێلەكانی گەریلا بكات، سەگەكان نەهاتوون، ئەمە بەو واتایە دێت كە ئیدی سەگەكانیش تێگەیشتوون كە دەوڵەتی تورك ئەوان ڕەوانەی مردن دەكات، پاشان دەیەوێت سەربازەكانی ڕەوانە بكات، سەربازەكانیش دەنگە دەنگیان تێدەكەوێت و نایانەوێت وەرن، پاشان چوار كەس ئامادە دەكەن و مل دەنێن و دەربازی تونێلەكان دەبن، لەو چوارەش دووانیان لەدەرەوەی تونێلەكان ڕادەوەستن، دووان لەوانەش لەتاشە بەردەكان دەكەونە خوارەوە و دەمرن". فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە " هەڤاڵانی هێژا دەبێت مرۆڤ بانگەوازی لەو سەربازانە بكات، ئەوان بۆ ڕژێم و دەوڵەتێكی فاشیست شەڕ دەكەن، هاتوون خاكی كوردستان داگیربكەن و بۆ پارە شەڕ دەكەن، بەڵام ئێمە لەپێناو ئازادیی گەلەكەماندا، بۆ ئازادیی گەلان، بۆ بەرقەراركردنی دیموكراسی، بۆ نرخە پیرۆزەكانی مرۆڤایەتی شەڕ دەكەین، شەڕەكەمان شەڕێكی پیرۆزە، بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە بانگەوازی لەوانە بكەین، لەهەر دەرفەتێكدا دەبێت هەڤاڵان بانگەوازیان لێ بكەن و پێیان بڵێن، وەرن ڕادەست ببن خۆتان ڕادەستی گەریلا بكەن". " هەڤاڵانی بەنرخ، ئەمە شەڕێكی مێژووییە، دەمانەوێت لەم شەڕەدا وەڵامی ‌ هاوڕێیانی شەهید بدەینەوە، بۆ چاوەڕوانییەكانی ڕێبەر ئاپۆ ببینە وەڵام، ڕێبەر ئاپۆ بە هەڵوێستێكی گەورە24 ساڵە خۆڕاگری دەكات و چاوی لە ئێمەیە، ئێمە دەبینە وەڵام، هەروەها بۆ هیواكانی گەلەكەمان و گەلانی ناوچەكە و هیواكانی دایكانی كوردستان، ئەركی ئێمە ئەمەیە، لەبەر ئەو ئەركە دەبێت ئێمە خۆڕاگریی بنوێنین، شەڕ بكەین، بەڵام خۆمان و هەڤاڵانمان بپارێزین، نەك خۆمان بكەینە ئامانج، ئێمە دەمانەوێت لەم شەڕەدا سەربكەوین، لەبەر ئەوەش دەبێت لە قاڵبوونەوە لە تاكتیك، وردبوونەوە، بەرەوپێشچوون ئاگاداربین، قەرەیلان وا دەڵێت. لەكۆتایشدا قەرەیلان ئەوەی روونكردەوە كە ئەو تاكتیكانەی ئێستا لە ئاڤاشین، زاپ، مەتینا دەگیرێنەبەر بۆ هەموو كەس بەرهەمە، یاخود هەموو كەس دەتوانێت سودی لێوەربگرێت، گەریلا رۆڵێكی جیهانی و گەردوونی دەبێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، بۆ خەڵكانی بندەست ڕۆڵی گرنگی دەبێت، هەر بۆیە دەبێت بە وەستایانەوە بەرەوپێشی ببەن، ئێمە بە پشوودرێژییەوە و ژیرانە، بە قوڵبوونەوە مامەڵە دەكەین.

 هاوڵاتی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەسەر پەلامارەكانی توركیا هاتەدەنگ‌و ڕایگەیاند: "پێویستە حكومەتی عێراق پێداچوونەوە بەهەڵوێستەكانیدا بكات‌ بەرانبەر توركیا". نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەتویتێكدا لەسەر هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق نوسیویەتی:" دەستدرێژیكردنەسەر سەروەریی عێراق لەلایەن هیچ وڵاتێكەوە قبوڵناكرێت‌و دەبێت حكومەت ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی". هەروەها دەشنوسێت: "دووبارەبوونەوەی پێشێلكارییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق لەهەرێمی كوردستان‌و شەهیدو برینداركردنی هاوڵاتییانی مەدەنیی زیانی زۆر گەورە بەپەیوەندییەكانی نێوان عێراق‌و توركیا دەگەیەنێت". مالیكی لەرێگەی ئەم تویتەیەوە رەخنەی توند لە حكومەتەكەی مستەفا كازمی دەگرێت كە بێدەنگە بەرانبەر هێرش و پێشێلكارییەكانی توركیا. میدیاكانی عێراق ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە نوری مالكی یەكێكە لە بەهێزترین كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران.  

هاوڵاتی بەهای تمەن لەدوو رۆژی رابردوودا بۆ نزمترین ئاستی نیو سەدەی رابردوو لەمێژووی دراو لەئێران دابەزیی و بەهای هەر دۆلارێك لەو وڵاتە گەیشتە زیاتر لە 33 هەزار تمەن و بەرپرسانی وڵاتەكەش رایانگەیاند:» داهات 50% زیادی كردووەو لەسێ مانگیشدا زیاتر لەهەشت ملیار دۆلار خراوەتە بازاڕەكانەوە». دابەزینی بەهای تمەن لەڕۆژی یەكشەممەی رابردوو 12ی حوزەیرانی 2022 بەگەورەترین و مێژوویترین هاڕەی تمەن لەمێژووی ئەو دراوەدا لەقەڵەمدەدرێت كەهاوشێوەی بۆمبێكی ئابوریی بووەو بووە هۆی هەژاندنی بازاڕەكانی دراو لەئێران و هەندێك وڵاتی دیكەی جیهانیش. پۆلیسی ئێران بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی بازاڕی دراوی وڵاتەكە ژمارەیەك دەلڵاڵ و بازرگانی زێڕو دراوی وڵاتەكەی دەستگیر كردو رایگەیاند:» ئەو كەسانە یارییان بە بەهای دراو و زێڕەوە كردووەو هەر ئەوانیش هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەبەرامبەر تمەندا بوون». ئەوەی روونە لە ماوەی رابردوداو لە رۆژی پێنجشەممە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بڕیارێكی لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەكی ئێران دەركردو هەر ئەو كات پێشبینیی كرا بەهای تمەن دابەزین بەخۆیەوە ببینێت و ئابوریی وڵاتەكەش رووبەڕووی كێشە ببێتەوە بەتایبەت كە بەرپرسانی تاران كاردانەوەی توندیان بەرامبەر بڕیارەكە پیشانداو ژمارەیەك كامێرای چاودێریی نێودەوڵەتیی وێستگە ئەتۆمییەكانیان كوژاندەوەو هاوكات ژمارەیەك كورەی ئەتۆمیی دیكەیان پێچەوانەی رێككەوتنی ئەتۆمیی خستەوە گەڕ. بەرپرسانی تاران بەو هەنگاوانەش نەوەستانەوە هەڕەشەی كاردانەوە دژی ئەمریكاو ئەو وڵاتانەیان كرد كەدژی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەكەی بڕیاریان داوە كە هەموو ئەمانە بووە هۆی شۆڕبونەوەی بەهای ئەو تمەنەی كە پێشتر بەرەو بەرزبوونەوە هەنگاوی دەنا. ژمارەیەك شارەزا و پسپۆڕی ناو ئێران لەنامەیەكدا بۆ سەرۆك كۆماری وڵاتەكە رایانگەیاند ئەوەی حكومەت بە نای نەشتەرگەریی ئابوریی دەیكات چارەسەری دۆخی وڵاتەكە ناكات و تەنها ئاساییكردنەوە پەیوەندییە سیاسی و نێودەوڵەتییەكان بە تایبەت لەبواری ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمریكا پردی پەڕینەوەیە بۆ چارەسەری قەیرانە ئابورییەكان. هاڕەی مێژویی تمەن نرخی هەر دۆلارێك رۆژی یەكشەممە (12/6/2022) بە كردنەوە بازاڕەكانی دراو لە ئێران گەیشتە زیاتر لە 33 هەزار و 250 تمەن لە كاتێكدا حكومەت نرخی هەر دۆلارێكی لە شوێنە فەرمییەكانی ئاڵوگۆری دراو بە 27 هەزارتمەن بۆ 27 هەزار و 34 تمەن دەستنیشان كردبو واتە جیاوازیی نرخی دەستنشانكراوی فەرمی لەگەڵ بازاڕەكاندا بۆ هەر دۆلارێك زیاتر لە شەش هەزار تمەن بوو.  بەرزبونەوەی بەهای دۆلار و هاڕەی تمەن بە بومەلەرزەیەكی گەورەی ئابوریی لە مێژوی ئێران ئەژمار دەكرێت، چونكە تمەن زۆرترین بەهای مێژوویی خۆی لەدەستداو لەماوەی 43 ساڵیشدا ئەو دراوە زیاتر لەسێ هەزار و 200 هێندە بەهاكەی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەست داوە. بەو پێیە تمەن لەساڵی نوێداو لەماوەی شەش مانگدا لەئێران نزیكەی 30٪ی بەهاكەی لەدەستداوە و لە ساڵی 1979 تا 2022 واتە لە 43 ساڵدا بەهای دۆلار، سێ هەزار و 200 هێندە جار لە بەرامبەر دراوی تمەندا بەرز بووەتەوە. بەهای هەر دۆلارێك لەسەرەتای مانگی پێنج و لەگەڵ ئاماژەكانی پێداگریی تاران و ئەمریكا بۆ بەردەوامبونی دانوستانەكانی ڤیەننا لەپێناو زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بە جۆرێك لە (7/5/2022) بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار 12٪ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر دۆلارێك لە ئێران لە 30 هەزار تمەنەوە بۆ 25 هەزار و 651 تمەن دابەزی. داوای ئەوەی لە ماوەی رابردودا 14٪ی بەهاكەی لەدەست دا، تمەن بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر دۆلارێك لە 30 هەزار تمەنەوە بۆ نزیكەی 26 هەزار تمەن لە بازاڕەكانی ئێران دابەزی. بەرزبونەوەی بەهای تمەن لەلەرامبەر دۆلار لەو كاتەدا بەهۆی راگرتنی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا لەدوو هەفتەدا 14٪ی بەهاكەی لەدەستدا، بەڵام قەتەر لەگەڵ راگەیاندنی هەوڵی نێوەندگیریی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بوە هۆی بەرزبونەوەی بەهای تمەن ئەو هەنگاوی قەتەر وای كرد دەستپیكردنەوەی دانوستانەكانی ڤیەننا رابگەیەنرێت كە64  رۆژ بو راگیرابو بۆیە هەر هەنگاوێكی ئەرێنی بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەتوانێت تمەن و تاران رزگار بكات. پۆلیسی ئابوریی ئێران هەوڵی رزگاركردنی تمەن و دەستگیردنی فرۆشیارانی دۆلار دەدات پۆلیسی ئابوریی ئێران رۆژی یەكشەممەی رابردو و لەكاتی بەرزبونەوەی دۆلار ئاشكرای كرد ژمارەیەك دەڵال و بازرگانی بەتۆمەتی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار دەستگیركردوە. بە وتەی سۆهراب بەهرامی، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاسایشی ئابوریی ئێران 31 كەس بەهاوكاریی بانكی ناوەندیی بە تۆمەتی  تێكدانی بازاڕەكانی دراو لە ئێران دەستگیركراون و ئە كەسانە یارییان بە نرخی دۆلار كردوە و بە مامەڵەی هەوایی زێر و ئاڵتون و دۆلار هۆكاری سەرەكیی بەرزبونەوەی نرخەكان بون. حكومەت لە رۆژی بەرزبونەوە مێژوییەكەی بەهای دۆلار لە ئێران رایگەیاند؛ هەر جۆر مامەڵە و كڕین و فرۆشتنێكی هەوایی دۆلار و زێر و ئاڵتون یاسایی رێگەپێدراو نییە و هەركەسێك پێچەوانەی یاسا مامەڵە بە زێڕو دراو بكات دەستگیر دەكرێت. ئەگەرچی دەستگیركردنی ئەو كەسانە بە هەنگاوێكی گرنك لە لایەن پۆلیسی ئابوریی ئێران وەسف كرا بەڵام ئەوەش دادی تمەنی نەدا و لە كاتی داخستنی بازاڕیشدا دۆلار بەردەوامبو لە تۆماركردنی ژمارەی پێوانەیی لە وڵاتەكە و پۆلیس سەركەوتو نەبو لە راگرتنی. ئێران دۆلاری زیاد دەكات و چاپكردنی تمەن كەم حكومەتی ئێران رایگەیاندوە بانكی ناوەندی لە دوو مانگ و 20 رۆژدا زیاتر لە هەشت ملیار و 100 ملیۆن دراوی دۆلاری خستوەتە بازاڕەكانەوە لە كاتێكدا ئەو ژمارەیە لەو ماوە دیاریكراوەی ساڵی رابردودا چوار ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بوە بەواتایەكی دیكە بەراوردی ژمارەكە دەریدەخات داهاتی حكومەت بەراورد بە ساڵی 2021 زیاتر لە 50% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. عەلی ساڵح ئابادی، بەڕێوبەری بانكی ناوەندیی ئێران رایگەیاند؛ رۆژانە 200 بۆ 300 ملیۆن دۆلار حەواڵەی فەرمی و ئاڵوگۆری یاسایی دۆلار لەناوخۆی ئێران بۆ وڵانی دیكە روو دەدات بۆیە لە ئێران كێشەیەك بە ناوی كەمیی دراوی دۆلار بوونی نییە. ساڵح ئابادی جەختی كردوەتەوە خستنە بازاڕی دۆلار لە ئێران زۆر زیاترە لە ئاستی داواكاریی و خواست بۆ كڕینی بۆیە گومان هەیە لە یاریكردن بە بەهای ئەو دراوەوە و هاوكات بەهۆی ئەوەی ئابوریی وڵاتەكە زیاتر لە 50 ساڵە روبەڕوی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بوەتەوە توانای كڕینی دراوی دۆلار لەناوخۆدا زۆر كەمە. هەروەها بانكی ناوەندی ئاشكرای كردوە قەبارەی پارەی چاپكراوی لە ئەمساڵدا چوار ترلیۆن و 828 هەزار ملیار تمەن بووە كە بەراورد بەساڵی 2021 زیاتر لە 10هەزار كەمی كردوە ئەوەش وای كردووە چاپكردنی پارە بۆ 4% لەئێران كەم بكات بەوتەی بەڕێوبەری بانكی ناوەندی كەمكردنەوەی چاپكردنی دراوی تمەن ئاماژەی باشە بۆ چارەسەریی و رێگریی لە هەڵاوسان. تەقینەوەی ئابوریی ئێران 61 شارەزا و پسپۆڕی ئابوریی ئێران بەنامەیەك هۆشدارییان داوەتە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری وڵاتەكە كە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بۆ قۆناغی سێ ژمارەیی، واتە 100% تێدەپەڕێنێت. ئەو پسپۆرە ئابورییانە لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاندووە پشتبەستنی 90%ی وڵاتەكە بەفڕۆشتنی نەوت و بەدەستهێنانی دۆلار لەئەنجامی فرۆشتنی نەوت  و ئەوەی حكومەت ناوی ناوە نەشتەرگەریی ئابوریی كە بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی كاڵاو پێدوایستییە سەرەكییەكانی لێكەوتووەتەوە، كۆمەڵگەی ئێرانی بەرەو تەقینەوەی ئابوریی و كۆمەڵایەتیی بردووە لە كاتێكدا دەتوانرێت بەپلانی گونجاو داهاتی نانەوتیی ئێران كە لەساڵێكدا 35 ملیار دۆلار بگاتە سالڵانە زیاتر لە 70 ملیار دۆلار. پسپۆرەكان ئاماژەیان بەوەكردووە لەئێستادا چارەنووسی هەموو خەڵكی ئێران بە رێككەوتنی ئەتۆمیی و فرۆشتنی نەوت و پەیوەندیی ئابوریی تاران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەستراوەتەوە كە ناكر‌ێت بە بێگوێدان بەوانە خەڵكی وڵاتەكە لەنوقمبون لەقەیرانە ئابورییەكان رزگا بكرێن لە هەمانكاتیشدا نابێت نەوت و داهاتەكەی هەموو ژیانی خەڵكی ئەو وڵاتە یەكلایی بكاتەوە. بەوتەی شارەزایانی ئابوریی ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی ئێستای ئێران سنوری 50%ی تێپەڕاندوە. لەنوێترین راپۆرتی نێودەوڵەتییدا كە ئەمساڵ بڵاو كراوەتەوە پێگەی ئێران لە رووی شەفافبوونی ئابورییەكەی لەنێوان 180 وڵاتدا بووەتە 150 كە بە زمانێكی دیكە، ئەو وڵاتە یەكێك بووە لە 30 وڵاتە هەرە ناشەفافەكانی جیهان لە رووی ئابورییەوە. هاوكات هەر بەپێی راپۆرتێكی دیكە پلەی ئێران لە رووی حوكمڕانی و دەسەڵاتەوە لە نێوان 200 وڵاتە 127ەمین وڵات بووە كە لەوەشدا دەردەكەوێت یەكێكە لە وڵاتە خراپەكانی جیهان لە رووی حوكمڕانییەوە. لەنوێترین راپرسیی ناوخۆی ئێراندا دەركەوتووە ساڵی 1980 متمانەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە بەكۆماری ئیسلامی و حوكمڕانییەكەی 70% بووە بەڵام لە ساڵی 2022 بۆ ئەو متمانەیە بۆ كەمتر لە 20% دابەزیووە و ئەوەش زەنگی ئاگاداركردنەوەیە بۆ دەسەڵاتدارانی هەر وڵاتێك كە متمانەی خەڵكەكە بە رێژەی 50% لەدەست بدات. گرانبوونی خۆراك و نان حكومەتی ئێران لەسەرەتای مانگی پێنج بەفەرمی نرخی مریشك و هێڵكە و رۆن و شیرەمەنییەكانی لە وڵاتەكەی بەرز كردوەو رایگەیاند ئەو بەرزكردنەوەیە دوای چاكسازیی لەبودجەی وڵاتەكە بڕیاری لەسەر دراوە، ئەویش بە نەهێشتنی دۆلاری چوار هەزارو 200 تمەنیی كە پێشتر رادەستی بازرگانەكان دەكرا بۆ هاوردەكردنی خۆراك و پێداویستییە سەرەكییەكان. ئەو بڕیارە لە كاتێكدا بوو كە لەماوەی یەك ساڵدا زۆربەی پێدوایستییە خۆراكییەكان 25 بۆ 60٪ بەرزبووەوە و لەهەندێك حاڵەتیشدا نرخی ئارد لە نانەواخانەكان زیاتر لە 12 هێندە بەرز بووەوە. حكومەت، هاوكات لەگەڵ بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی كاڵا و پێداویستییەكان رایگەیاندووە 46 هەزار ملیار تمەنی وەك هاوكاریی ماددیی خستوەتەسەر ئەژماری 47 ملیۆن و  360 هەزار كەس لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەكە لە 84 ملیۆن كەس زیاترە. هاوكارییەكەی حكومەت لەئێران كە بە یارانە ناودەبرێت دەكاتە یەك ملیار و 700 هەزار دۆلار كە دەبێت بەسەر زیاتر لە 84 ملیۆن دانیشتوی وڵاتەكە دابەش بكرێت، بۆیە هەر كەسێك لەئێران تەنها 13 دۆلاری بەردەكەوێت. بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی زیاتر لە 60 ملیۆن دانیشتوانی ئێران بەهەژار ئەژمار دەكرێن و لەو ژمارەیە 13 ملیۆن كەسیان لەژێر هێڵی هەژارییەوەن و برسیەتی هەڕەشە لەژیانیان دەكات. ئێران بەچوارەم وڵاتی دەوڵەمەند بەنەوت و غاز ئەژمار دەكرێت بەڵام سزاكانی 40 ساڵی رابردوی ئەمریكا و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتەكە وای كردووە خەڵكەكەی خێر لەو سەرچاوانە نەبینن و بەبەردەوامی چاوەڕوانی رێككەوتنی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا بن بۆ دەركەوتنی ئاسۆیەك بۆ باشبوونی ژیانیان. ئەتۆم سەری تمەن دەخوات بەرپرسانی حكومەت و میدیاكانی ئێران لە رۆژانی رابردوو هۆشدارییان دابوو كە ناكۆكییەكانی نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران و بەرنامە ئەتۆمییەكەی كاریگەریی لەسەر بازاڕەكان و دراوی تمەن لە وڵاتەكە دەبێت. ئێوارەی پێنجشەممە ئەنجومەنی بڕیاردەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەكۆی 35 ئەندام بە 30 دەنگ بڕیارێكیان لەدژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەركردو لەبەرامبەردا ئێران كامێراكانی چاودێریی ئەو ئاژانسەی لەوێستگە ئەتۆمییەكانی لەكارخست و نەوەی نوێی كوڕەی ئەتۆمیی لەژمارەیەك ویستگە خستەكار. ئەو هەنگاوەی ئێران، بەسەركێشیی لەبەرامبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی وەسف كرا بەتایبەت كە ئەو وڵاتە بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمی، نابێت پیتاندنی یۆرانیۆمی لە 5٪ زیاتر بەرزبكاتەوە، بەڵام ئەو وڵاتە پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی گەیاندووەتە زیاتر لە 60٪ و جەختی لەوە كردەوە لەبەرامبەر هەر هەنگاوو سزایەكی دیكەدا كاردانەوەی دیكەی دەبێت. ئێران كە لەبەرامبەر هەر سزایەكی ئەمریكا و بڕیارێكی نێودەوڵەتیدا پیتاندنی یۆرانیۆم بەرزدەكاتەوە و ئەوەش وادەكات بەهای دراوی وڵاتەكەی دابەزێت و دۆلاریش بەرز ببێتەوە بۆیە رێككەوتنی ئەتۆمیی چارەنووسی دراوی تمەن و پێگەی نێودەوڵەتی تاران دیاری دەكات.

هاوڵاتی پەرلەمانتارێكی یەكێتی ئاشكرایدەكات، زیاتر لەیەك ملیۆن‌و 200 لیتری بەنزینی 800 دیناری بۆ سلێمانی هەڵەبجەو ڕاپەڕین‌و گەرمیان دابینكراوە. كەمێك لەمەوبەر، سەركۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، "دوای ئەوەی دڵنیاییماندا بەهاوڵاتیانی خۆشەویست كە وەك پارێزگای هەولێرو دهۆك دابیندەكریت، بەخۆشحاڵیەوە ئێستا لەلایەن تیمی یەكێتی لەحكومەت پێیانڕاگەیاندم ئەمڕۆ پرۆسەی دابەشكردنی بەنزین لەسلێمانی‌و هەڵەبجەو گەرمیان‌و ڕاپەڕین دەستپێدەكات". هەروەها راشیگەیاند:"زیاتر لەیەك ملیۆن‌و 200 لیتری بەنزینی 800 دیناری بۆ سلێمانی هەڵەبجەو ڕاپەڕین‌و گەرمیان دابینكراوە، بەوردیش چاودێریی دابەشكردنی دەكەین لەگەڵ تیمی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان". شەوی ڕابردووش لەبارەی بەنزینەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد، بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكان هەموو ڕێكارێك دەگرێتەبەر بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆو خستنەڕووی بەنزینێكی زیاتر لەبازاڕەكاندا.  

هاوڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی بەنزین نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و نوسینەگەی وەزیری كردووە، هۆشدارییەكە گەیشتە دەسەڵات كە نرخی بەنزین گڕ لەشەقام بەردەدات رۆژنامەی هاوڵاتی دوێنێ چوار شەممە 15ی حوزەیران بە مانشێتێگی گەورە بڵاویكردەوە كە"هۆدشاری دەدرێتە دەسەڵات، نرخی بەنزین گڕ لە شەقام بەردەدات". هاوكات، بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی هۆشداریی دایە حكومەت كە چارەسەری بەپەلە بۆ نرخی بەنزین بدۆزێتەوە. لەلایەكی دیكەوە خۆپیشاندان و نارەزایەتی لە هەولێر دەستی پێكردو لە تۆرەكانی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بایكۆتی كڕینی بەنزین و كوژاندنەوەی ئوتومبێل لەسەر شەقامەكان گەیشتە دەسەڵات، بۆیە حكومەتی هەرێم لە كۆبونەوەی خۆیدا سێ بڕیاری دەركردووەو گەیشتووە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان. لەو نووسراوەدا هاتووە، لەسەر راسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پێویستە ئەم كارانە بكرێت: 1.  كەمكردنەوەی رسوماتی كارگێڕی هەناردەكردن و هاوردەكردنی سامانە سروشتیەكان بۆ بڕی تەنیا 7 دۆلار بۆ هەر تەنێك. 2.  وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بە تایبەت وەزارەتی دارایی و ئابووری رێوشوێنی پێویست بۆ دابەزاندنی نرخ بگرە بەر. 3.  رێگری بكرێت لە قۆرغكاری و دەرفەتی یەكسان بدرێت بە سەرجەم لایەنەكان بۆ هاوردەكردنی بەنزین بەبێ جیاوازی و بە مەرجێك كوالیتی رەچاوبكرێت.  

هاوڵاتی پێگەیەكی ئەمریكی ئاشكرایكرد، پارتی زەرەرمەندترین لایەنی ناو پڕۆژەی زۆرینەی نیشتیمانیی موقتەدا سەدر بوو، ڕاشیگەیاندووە، "هەر لەسەرەتاوە هاوبەشەكانی سەدر بڕوایان بەحكومەتی زۆرینەی نیشتیمانی نەبووە، بەڵام مەبەستیان بوو بێ گرفت زۆرترین پۆستیان دەستبكەوێت لەنێویاندا پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ پارتی". پێگەی "ئەتڵانتیك كاونسڵ"ی ئەمریكی كە تایبەتمەندە بەشیكردنەوە سیاسییەكان، لەڕاپۆرتێكدا سەبارەت بەدەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەر بەكوتلەی سەدرو پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق ڕاپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوەو تێیدا ئەوەی خستۆتەروو كە هەر لەسەرەتاوە هاوبەشەكانی سەدر بڕوایان بەحكومەتی زۆرینەی نیشتیمانی نەبووە، بەڵام مەبەستیان بوو بێ گرفت زۆرترین پۆستیان دەستبكەوێت" پارتی دەویست لەرێگەی سەدرو حەلبوسی پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی وەربگرێتەوە كە لە 2005 كە لای ئەو حزبە". لەڕاپۆرتەكەی پێگە ئەمریكییەكەدا هاتووە، "لەسەرەتاوە ئەوە ڕوونبوو كە هاوپەیمانەكانی سەدر بڕوایان بەدیدگای ئەو بۆ حكومەتی زۆرینەی نیشتیمانیی نەبوو، بەڵام زیاتر مەبەستیان بوو لەیارییەكدا لەبەدەستهێنانی پۆستەكاندا بەشێوەیەكی ئاسان سەركەوتووبن". هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە، یەكەم گورزی پڕۆژەكەی موقتەدا سەدر، بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوت ئەویش كاتێك دادگای فیدراڵی هۆشیار زێباری كاندیدی ئەو پارتەیان بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار ڕەتكردەوە". هاوكات، شپێگەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵیداوە هاوپەیمانێتیە بەهێزە نوێكەی لەگەڵ سەدر بقۆزێتەوە بۆ پێشێلكردنی ئەو دابەشكارییە كلاسیكییەی لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان سەبارەت بەپۆستە سیاسییەكان هەیانبووە كە بەپێی ئەوە پشكی سەرۆكایەتیی كۆمار بۆ  یەكێتییە، ویستی هەبووە ئەوە نەمێنێ. لەڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، “دەستلەكاركێشانەوەی كوتلەیەكی تەواویی پەڕلەمانیی تەحەدایەكی گەورەیە بۆ سیستەمی سیاسی عێراق، هەربۆیە دەبێت سوودمەندانی دەستلەكاركێشانەوەكە وریابن لەمامەڵەكردن لەگەڵ لێكەوتەكانی ئەم دەستلەكاركێشانەوەیەو بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكە دەبێت بەوریاییەوە مانۆڕ بكەن".  

شەنای فاتیح وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان رووماڵكردنی رووداوەكانی كوشتن و خۆسوتاندن قەدەغەدەكات و ئاماژە بۆ ئەوەكراوە كە دەبێتە هۆی بەبازاڕكردن و هاندانی خەڵكی بۆ ئەنجامدانی و سەرجەم میدیاو پەیجە كۆمەڵایەتیەكانیش دەگرێتەوە و ئەوەش دووپاتدەكاتەوە هەر دەزگایەك پێوەی پابەند نەبێت رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە. رۆژی 8ی حوزەیرانی 2022 بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی رۆشنبیری و پاڵپشت بەنووسراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان رووماڵكردنی رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن لە راگەیاندنەكاندا قەدەغەكراو هەر لەو نووسراوەدا هاتووە كە رووماڵكردنی ئەو رووداوانە دەبێـتە هۆی هاندانی خەڵكی بۆ دووبارە ئەنجامدانی و چاولێكەری. وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری: ناكرێت میدیای كوردی ببێتە زەمینەی بازاڕسازی و جۆرێك لەهاندانی تێدا دەبینرێتەوە نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەم بڕیارە گرنگە لەئێستادا چونكە ئەمڕۆ لەكوردستاندا دەبینین دیاردەكانی كوشتن و خۆكوشتن بەرەو هەڵكشان دەڕۆن و ئامارەكان بەرەو سەرەوە دەچن، بۆیە گرنگە بەبڕیار ئەم شتانە رێكبخرێنەوە و ئەو حاڵەتانەش كە ئێمە زۆر جەختیان لەسەر دەكەینەوە دیاردەكانی كوشتن و خۆكوشتن و بڵاوكردنەوەی وێنەی قوربانی و بریندارانن كە رێپێدراونین بخرێنە بەرچاوی خەڵكەوە». هەروەها وتیشی:» ناكرێـت میدیای كوردی ببێتە زەمینەی بازاڕسازی و ریكلامكردن بۆ ئەو حاڵەتانە كە جۆرێك لەهاندانی تێدا دەبینرێت، دەبوو زوتر ئەو بڕیارە بدرایە، بەڵام لەگەڵا گۆڕانی بارودۆخدا و هەڵكشانی ئامارەكاندا زیاتر هەست بەو مەترسییانە كراوە». « ئەم بڕیارە بۆ تەواوی میدیاكانە بەپەیج و سایتەكانیشەوە و هەر دەزگایەك پابەندی بڕیارەكە نەبێـت مامەڵەی یاساییان لەگەڵدا دەكرێت.»، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری وای وت. رێژەی كوشتن و خۆكوشتن لەم چەند ساڵەی دواییدا لەهەرێمی كوردستاندا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوەو بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی كوردستان تەنها لەساڵی 2021دا (561)  حاڵەتی كوشتن لەهەرێمی كوردستاندا روویانداوە كە 215 رووداوی كوشتنی بەئەنقەست و 59 حاڵەتی كوشتنی بەهەڵە و 287 رووداوی خۆكوشتن بوون. توێژەرێكی كۆمەڵایەتی: بەڕاستی كات زۆر درەنگ بووە بۆ ئەو بڕیارە نێچیرڤان عبدالخالق، توێژەری كۆمەڵایەتی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەروو كەئەم بڕیارە لەم كاتەدا گرنگە و كۆمەڵگا لەئێستادا لەڕووی دەرونییەوە بە بارودۆخێكی نالەباردا تێدەپەڕێت و رووماڵكردنی ئەو جۆرە رووداوانە كاریگەری دەروونی دەخاتە سەر تاكەكان، وتیشی:» قەدەغەكردنی  رووماڵی ئەو رووداوانە تاڕادەیەك كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و رێژەی خۆكوشتن هەیە،چونكە رووداوەكان شرۆڤە دەكران و روون و ئاشكرا بوو و بۆ هەندێك دەبووە رێنیشاندەر و چاولێكەری بۆ دووبارەكردنەوەیان». وتیشی: قەدەغەكردنی ئەو رووداوانە كارێكی باشە بۆ كەمكردنەوەی هاندانی تاكەكان بۆ خۆكوشتن، چونكە فۆكەسی راگەیاندنەكان لەسەر ئەو جۆرە رووداوانە دەبێتە هۆی ئەوەی گرنگی خۆی لای تاك لەدەستبدات و ئەو كارەی لا ئاسان بێت. دیاردەی رووماڵكردنی رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن لەڕاگەیاندنەكانی كوردستاندا زۆر بەربڵاوبووە و زۆرجار چەند رۆژێك لەسەریەك رووماڵی لەوجۆرە بەدیدەكراو ساڵی رابردووش لەلایەن چەند راگەیاندنێكەوە رووماڵی خۆسووتاندنی گەنجێكی رۆژهەڵاتی كوردستان كرا كەپاش هەفتەیەك مانەوەی لەنەخۆشخانەدا بەهۆی زۆری رێژەی سووتاویەكەیەوە گیانی لەدەستدا. سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان: لەئێستادا زۆر كەناڵا لەنەزانیندا یان بەدەستی ئەنقەست بازاڕگەرمی بۆ تاوان دەكەن كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەئێستادا هەواڵا لەباشوری كوردستاندا بەتایبەت سۆشیال میدیا فلتەر ناكرێت، بۆیە بە بڕیارێكی گونجاوی دەزانم و كاتەكەشی گونجاوە». ناوبراو بەپێویستی دادەنێت كە هەواڵی ئەو جۆرە رووداوانە بەجۆرێك دابڕێژرێت كەڕێسا و یاساكانی میدیا رێگەیان پێداوە، وتیشی: «دەبێـت باسبكرێـت، بەڵام بەجۆرێك جوان نەكرێـت لەبەرچاوی خەڵك كە دووبارەی بكاتەوە و هیچ كەسێك ناتوانێت قەدەغەی رووماڵی هەواڵا بكات، چونكە رووماڵی هەواڵا بەهیچ شێوەیەك قەدەغە ناكرێت».

هاوڵاتی لەكۆبونەوەی حكومەتی هەرێمدا  تیمی یاسایی ڕاسپێردرا، ڕێكاریی پێویست دەستپێبكەن بۆ داكۆكیی یاسایی بە تایبەتیش كە ئێستا خەرجی و داهات و میلاكی وەزیفیی هەرێم لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی بەغدا پەسەندكراوە، مەسرور بارزانیش داوای لە وەزیری سامانە سروشتیەكان كرد كێشەی بەنزین چارەسەر بكات.  هەر لەكۆبونەوەكەدا بڕیاری ئاسانكاریی بۆ هاوڵاتیان لە دانەوەی قەرز و سزای دارایی و پێشینەكانی حكومەت بۆ 90 (نەوەد) ڕۆژ و دواجار درێژكرایەوە، هەروەها سەرۆكی حكومەتیش، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ڕاسپارد بە زوترینكات گرفتی گرانبونی بەنزین چارەسەر بكەن. ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی حوزەیرانی 2022، بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبونەوەكەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدڕال لە بەغدا تایبەت بە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی لەلایەن خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لە گەڵ حكومەتی فیدراڵ خرایەڕو. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دوپاتكردەوە لە بەردەوامبون لە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی لە پێناوی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستور. هاوكات، لیژنەی دانوستان و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمیش ڕاسپێردران بەردەوام بن لە كۆبونەوە و گفتوگۆكان بەو ئاڕاستەیە و هەر بۆ ئەو مەبەستەش، هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان بكەن و تیمی یاسایی ئەنجومەنیش ڕاسپێردران، ڕێكاریی پێویست دەستپێبكەن بۆ داكۆكیی یاسایی و دەستوریی لە ماف و شایستەكانی هەرێم وەك لە دەستوردا جێگیركراوە، بە تایبەتیش كە ئێستا خەرجی و داهات و میلاكی وەزیفیی هەرێم لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا پەسەندكراون. مەسرور بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە"بە زوترینكات گرفتی گرانبونی بەنزین چارەسەر بكەن كە بارگرانیی زۆری لەسەر هاوڵاتیان دروستكردوە" لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە بە زوترینكات گرفتی گرانبونی بەنزین چارەسەر بكەن كە بارگرانیی زۆری لەسەر هاوڵاتییان دروستكردوە و هاوردەكردنی بەنزینیش لە چوارچێوەی ڕێنماییەكان ڕێگەپێدراو بێت.