هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: "دەرگاو پەنجەرەی ماڵەكانتان دابخەن‌و بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت مەچنە دەرەوە". ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئایاری 2022، لەڕاگەیەنراوێكدا وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەچۆنیێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵییەكان لەدۆخی خۆڵباریندا كردووەو دەڵێت:"پێویستە هاونیشتمانیان تێكەڵی ئاژەڵە ماڵییەكانی وەك، سەگ‌و پشیلە نەبن‌و مامەڵەیان لەگەڵدا نەكەن، چونكە ئەو تۆزو خۆڵە لەگەڵ فەرووی ئاژەڵەكان كێشە دروستدەكات". بەپێی ئەو پێشبینیانەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا كرا، ئەمڕۆ دوشەممە خۆڵبارین لەزۆربەی زۆری عێراق دەستی پێكردووە، لەو ڕووەشەوە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، پێویستە هاوڵاتیان بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوەی ماڵەكانیان.  ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستیی: 1- داخستنی دەرگاو پەنجەرەو پاككردنەوەی شوێنی خۆڵبارین بەتایبەت بۆ ئەوكەسانەی لەماڵەوەن. 2- لەكاتی چوونە دەرەوە دەمامك ببەسترێت‌و ڕووپۆشی خۆت‌و شوێنی مانەوە بكەی بەبەردەوامی. 3- دەرگاو پەنجەرە دابخە ئەگەر بۆ دۆخی زۆر پێویست نەبێت مەچۆرە دەرەوە. 4- زۆر خواردنەوەی شلەمەنی بەتایبەت لەكاتی شۆفێریی‌و چوونە دەرەوە هەوڵبدرێت هەوای نێو ئۆتۆمبێل بكرێتەوە. 5- خواردنی میوەو سەوزە بەبەردەوامی. 6- تێكەڵ نەبوونی هاونیشتمانیان‌و مامەڵە نەكردنیان لەگەڵ سەگ‌و پشیلە كە لەئێستادا لەلایەن هاونیشتمانیان گرنگی زۆری پێدەدرێت، چونكە ئەو تۆزو خۆڵە لەگەڵ فەرووی ئاژەڵەكان كێشە دروستدەكات. 7- لەكاتی بوونی هەر دۆخێكی نەخوازراو هاونیشتمانیان دەتوانن پەیوەندی بەهێڵی گەرمی ژمارە 122 بكەن. ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش شەوی ڕابردوو ئاشكرایكرد، جگە لەفەرمانگە ئەمنی‌و خزمەتگوزاریەكان، لەعێراق پشووی فەرمییە.   وەزارەتی تەندروستیی ئاماژەی بەوەداوە، خۆڵبارین چەند كاریگەرییەكی خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە كە بریتین لە: 1- دەبێتە هۆی هەستیاریی‌و پێڵووی چاوەكان سووردەبنەوەو تووشی خوران دەبن. 2- هەستیاریی لوت‌و بەتایبەتیش نێوپۆشی لوت سوور دەبێتەوە تووشی هەوكردن دەبێتەوە، بەمەش گیرانی لوت دروستدەبێت‌و كەسەكە تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت. 3- فشاری خوێن‌و خوێنبەربوون‌و هەوكردنی گوێچكەی نێوەڕاست، زۆرجار دەرئەنجامی ئەم خۆڵبارینەیەو كاریگەری دروستدەكات لەسەر ئەوكەسە. 4- ئەوكەسانەی كێشەی هەناسەتووندیی‌و ڕەبۆیان هەیە لەگەڵ ئەم خۆڵبارینە نیشانەكانیان زیاد دەكات. 5- زۆرجار دەبێتە هۆی خورانی پێست‌و سووربوونەوەو نەخۆشیی ئێكزیما. 6- كاریگەری لەسەر كۆئەندامی هەناسەدان‌و سییەكان دروستدەكات‌و بەمەش كەسەكە تووشی كۆكەو پژمین‌و ناڕەحەتی زۆر دەبێت، چونكە ئەو دەنكۆڵانە هەڵگری میكرۆب‌و  بەكتریان.  

هاوڵاتى ‌سوپاى پاسدارانى ئێران رایگه‌یاند، فه‌رمانده‌یه‌کى باڵایان له‌ ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌که‌ى خۆى له‌ رۆژهه‌ڵاتى شارى تارانى پایته‌ختى ئه‌و وڵاته‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند چه‌کدارێکه‌وه‌ کوژرا. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌، سوپاى پاسدارانى ئێران راگه‌یه‌نراوێکى بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا ئاشکرایکردووه‌، چه‌ند چه‌کدارێک که‌ ماتۆرسکیلیان پێبووه‌ به‌ ده‌ستڕێژى گوللـه‌ "سه‌یاد خودایى" فه‌رمانده‌ى باڵاى سوپاى پاسدارانى ئێرانیان کوشتووه‌. هاوکات، میدیا فه‌رمییه‌کانى ئێران بڵاویانکرده‌وه‌، "سه‌یاد خودایى" پێنج گوللـه‌ى پێوه‌بووه‌ و له‌ نزیک ماڵه‌که‌ى خۆى له‌ رۆژهه‌ڵاتى شارى تاران کوژراوه‌. له‌ راگه‌یه‌نراوه‌که‌ى سوپاى پاسداران، ئه‌وه‌ روونکراوه‌ته‌وه‌ که‌ سه‌یاد خودایى فه‌رمانده‌ى باڵاى سوپاى پاسدارانى بووه‌ و به‌رگریکارى مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌کان بووه‌ که‌ به‌شێکه‌ له‌ هێزه‌کانى فه‌یله‌قى قودس و سه‌رپه‌رشتیارى سه‌رجه‌م ئۆپراسیۆنه‌کانى ئێرانى دژى رێکخراوى داعش له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته‌ کردووه‌.  

هاوڵاتى ‌ئه‌ندامێکى کورد له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌باره‌ى دۆسیه‌ى ناردنه‌وه‌ى به‌شێک له‌ په‌نابه‌رانى کورد له‌ به‌ریتانیاوه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان، نوسراوێکى ئاڕاسته‌ى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان و هه‌ردو حکومه‌تى فیدڕاڵى عێراق و هه‌رێم کردووه‌ داوا ده‌کات رێگرى له‌ به‌زۆر ناردنه‌وه‌ى په‌نابه‌ران بکرێت. سۆران عومه‌ر، سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵى دادگه‌رى له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌ نوسراوێکدا که‌ ئاڕاسته‌ى  لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانى کردوه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردوه‌، به‌پێى به‌دواداچون و ئه‌و زانیاریانه‌ى پێیان گه‌شتووه‌ وڵاتى به‌ریتانیا چه‌ند ڕۆژێکه‌ ده‌ستیکردوه‌ به‌ ده‌ستگیرکردنى ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى هه‌رێمى کوردستان که‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌ بریتانیان ده‌ژین، به‌ڵام مافى په‌نابه‌رێتیان ڕه‌تکراوه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى خستوه‌ته‌ڕوو، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ ئێستا له‌ دیپۆرت سه‌نته‌رى نزیک فڕۆکه‌خانه‌ى شاره‌کانیان له‌ وڵاتى به‌ریتانیا ده‌ست به‌سه‌رکراون، "به‌شێکیان ئه‌گه‌ر به‌زۆر بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ بۆ عێراق یان هه‌رێمى کوردستان توشى کێشه‌ ده‌بن، پێویسته‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان به‌ ڕه‌زامه‌ندى خۆیان و ئه‌و وڵاته‌بێت که‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆی". سۆران عومه‌ر داوایکردووه‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى عێراق رونکردنه‌وه‌ بده‌ن له‌سه‌ر ناردنه‌وه‌ى به‌زۆرى ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ که‌ژماره‌یان زیاتر له‌ 50 په‌نابه‌ره‌.  

هاوڵاتى   لیژنه‌ى روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى زیاده‌ڕه‌وى له‌ سلێمانى نه‌خشه‌ى زیاده‌رۆییه‌کان پیشانى قوباد تاڵه‌بانى ده‌دات و جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تیش رایگه‌یاند:" پێویسته‌ به‌هه‌موو شێوازێک رێگرى بکرێت له‌هه‌ر زیاده‌ڕه‌وییه‌ک که‌ بکرێته‌ سه‌ر موڵک و ماڵى گشتی". ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سه‌ردانى سه‌رۆکایه‌تى شاره‌وانى سلێمانى کرد و به‌ئاماده‌بونى له‌یلا عومه‌ر سه‌‌رۆکى شاره‌‌وانی، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى زیاده‌ڕه‌وى بۆ سه‌ر موڵک و ماڵى گشتى له‌سلێمانى کۆبۆوه‌‌.  هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ى ئه‌و پڕۆژانه‌ى بوارى وه‌به‌رهێنان کرا که‌ زه‌وییان وه‌رگرتوه‌ و به‌‌شێکى زیاده‌ڕه‌ویه‌‌ و بڕیاردرا کۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌نى ئه‌و پڕۆژانه‌دا ئه‌نجام بدرێت بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و گرفتانه‌. هاوکات هه‌ر له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران رایگه‌یاند، ده‌بێت به‌هه‌مو شێوازێک رێگرى بکرێت له‌هه‌ر زیاده‌ڕه‌وییه‌ک بۆ سه‌ر موڵک و ماڵى گشتى و  پشتیوانى خۆشى بۆ هه‌نگاوه‌کانى لیژنه‌که‌ دوپات کرده‌وه‌. دواتر و له‌ کۆتایى کۆبونه‌وه‌که‌دا لیژنه‌ى روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى زیاده‌ڕه‌وییه‌کان نه‌خشه‌ى هه‌مو ئه‌و زیاده‌ڕه‌وییانه‌ى نمایش کرد که‌ پۆلێنى ئه‌و زیاده‌ڕه‌وییانه‌ى تێدا خراونه‌ته‌ڕو له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌رکردنیان.  

هاوڵاتی سەرۆكی هەرێم رایگەیاند كە"وتەكانی نوێنەری یوئێن لەعێراق لە پەرۆشییەوەیە بۆ دۆخی هەرێم و پێویستە بە هەند وەریبگرین". جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق لە دوو هەفتەی رابردوودا لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند:" مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان هەیە"، ساڵی رابردووش لە هەولێر بەبەرچاوی بەرپرسانی هەرێمەوە ئەو مەترسیانەی خستەروو و داوای كرد سەركردایەتی لایەنەكان كێشەو ناكۆكییەكانیان وەلابنێن و یەك هەڵوێست بن. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و جێگرانی سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان یان كرد و سەرۆكی هەرێم بە راگەیاند:" دۆخی ئێستا جێگەی نیگەرانی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەرلەمانە و پێویستە ئێمە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكومەت و پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكەین". سەبارەت بە هۆشدارییەكانی جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ عێراق لەبارەی دۆخی هەرێمەوە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند:" وتەكانی بەرپرسەكەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە پەرۆشییەوەیە بۆ دۆخی هەرێم و پێویستە نیگەرانیەكان بە هەند وەربگرین".

هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاند، لە لە ناوچەی زاپی باشووری كوردستان 15 سەربازی تورك كوژران و گورز لەدوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیش دراوە. كەمێك لەمەوبەر، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند:"  بەرخۆدانی بێوێنە و چالاكیە بەهێزەكانی گەریلای ئازادی كوردستان بێوەستان بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەی سوپای داگیركەری تورك 38 جار بە چەكی كیمیایی و 56 جار بە فڕۆكەی شەڕ و بە سەدان جار تۆپ و هاوەن هەرێمەكانی بەرخۆدانی بۆردومان و تۆپباران كردووە، هیچ ئەنجامێكی بەدەستنەهێناوە". هەروەها ئاشكراشیكردووە لە چالاكیەكاندا كە رۆژانی 18 و 20 و 21ی مانگ بە پێشەنگایەتی هێزەكانی یەژاستار ئەنجامدراون، 15 داگیركەر سزادران و سێ داگیركەری دیكە بریندار بوون، سیستمێكی كامێرای حەراری تێكشكێنرا و گورز لە دوو درۆنیش وەشێندرا. هاوكات ئەوەشی خستۆتەروو كە نیوەڕۆی رۆژی 21ی ئایار سەنگەرەكانی شەڕی شەهید تۆڵهەڵدانی كورەژارۆ لەلایەن سوپای داگیركەری توركەوە حەوت جار بە چەكی كیمیایی و تەقەمەنی بۆردومانكران، بەڵام "دوای بۆردومانەكە كاتژمێر 15:30 گروپێك داگیركەر بە جلی دژی كیمیایی ویستیان بەرەو سەنگەرەكانی شەڕ پێشڕەوی بكەن، داگیركەران بە تاكتیكی سابۆتاژ لەلایەن هێزەكانمانەوە كرانە ئامانج و كشانەوە و دوای ماوەیەك دەستیان بە پێشڕەوی كردەوە و ئەمجارە بە بۆمب و چەكی سووك لێیاندرا، هەمان رۆژ كاتژمێر 17:25 داگیركەران جارێكی دیكە لەلایەن هێزەكانمانەوە كرانە ئامانج و لێیاندرا". " 21ی ئایار لە بارەگاكانی سەر سنورەوە، گردی رووبار، گردی جوودی، گردی شەهید كەنداڵ، گردی شەهید یونس، گردی شەهید لەشكەر، كورەژارۆ، شەهید شەمدین، مامڕەش، چیارەش، شەهید دونیا، چەمچۆ و ڕەنجبەر ئاغای هەرێمی زاپ، بە تۆپبارانكران و فڕۆكە جەنگیەكانیش 36 جار هێرشیان كرد"، هەپەگە وای راگەیاندووە. ئۆپەراسیۆنی سوپاكەی ئەردۆغان لەژێر ناوی"چنگی قوفڵ" دەستی پێكردووەو رۆژانە دەیان سەربازی تورك بەدەستی گەریلاكان دەكوژرێن و بەرخودانیان بەردەوامی هەیە.  

هاوڵاتى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند:"هه‌موان ده‌زانین که‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان و قه‌واره‌که‌ى هه‌یه‌ و رۆژ به‌رۆژیش مه‌ترسییه‌کان زیاتر ده‌بن و رو له‌ هه‌ڵکشانن، ته‌نها و ته‌نها به‌ هێزێکى سه‌ربازى تۆکمه‌ ده‌توانین کوردستان بپارێزین". ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 22ى ئایارى 2022، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ وتارێکدا له‌ رێوڕه‌سمى ده‌رچوانى خولى 16ى کۆلێژى سه‌ربازیى قه‌ڵاچوالان، رایگه‌یاند، "چاکسازى گه‌وره‌مان له‌ ریزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ ئه‌نجامداوه‌ و به‌شاهێدى خه‌ڵکى به‌ویژدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان هه‌نگاوى ئازایانه‌ و بوێرانه‌ نراون له‌ یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کان و هێنانیان بۆ سه‌ر وه‌زاره‌ت و رێکخستنى میلاکات". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" قه‌ده‌غه‌کردنى کارى سیاسى له‌ناو پێشمه‌رگه‌ و نه‌هێشتنى ئابونه‌ى حزبى و که‌مکردنه‌وه‌ى ملیاران دینارى به‌هه‌ده‌ردان و گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ خه‌زێنه‌ى حکومه‌ت و رێکخستنه‌وه‌ى هێزه‌کان له‌ژێر چه‌ترى وه‌زاره‌ت سه‌ربارى ئه‌و ئاسته‌نگ و له‌مپه‌ڕانه‌ى که‌ هه‌بوون". وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ هه‌موان ده‌زانین که‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان و قه‌واره‌که‌ى هه‌یه‌ و رۆژ به‌رۆژیش مه‌ترسییه‌کان زیاتر ده‌بن و رو له‌ هه‌ڵکشانن، وتیشى:" ته‌نها و ته‌نها به‌ هێزێکى سه‌ربازى تۆکمه‌ ده‌توانین ئێستا و ئاینده‌ى نه‌ته‌وه‌کانمان و خاکى پیرۆزى کوردستان بپارێزین". هاوکات شۆرش ئیسماعیل، داواى له‌ هه‌موو لایه‌ک و سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌کات که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رێگه‌ نه‌درێت له‌ ده‌ره‌ره‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌کان، هیچ پێشمه‌رگه‌ و هیچ هێزێکى دیکه‌ دابمه‌زرێت.  

هاوڵاتى ئه‌میندارى گشتیى عه‌سائیبى ئه‌هى حه‌ق ڕایگه‌یاند که‌ پارتى و تورکیا ڕێککه‌وتوون بۆ کۆنترۆڵکردنى شه‌نگال و تورکیا ده‌یه‌وێت داگیرى بکات. قه‌یس خه‌ز عه‌لی، ئه‌میندارى گشتیى عه‌سائیبى ئه‌هى حه‌ق، له‌ تویته‌رى خۆى بڵاویکرده‌وه‌:" تورکیا و هه‌ولێر ڕێککه‌وتوون بۆ کۆنترۆڵکردنى شه‌نگال، کازمیش دۆسیه‌ى په‌که‌که‌ به‌کاردێنێت بۆ پشتیوانیى تورکیى و کوردی". خه‌ز عه‌لى باسى له‌وه‌ کردووه‌ که‌ شه‌نگال ده‌که‌وێته‌ سێگۆشه‌یه‌ک، که‌ گرنگیى زۆرى بۆ ڕێگاى هه‌ریر هه‌یه‌ و تورکیاش ده‌یه‌وێت و شه‌نگال و زۆر شارى باکوورى عێراق داگیر بکات". هه‌روه‌ها ئه‌میندارى گشتیى عه‌سائیبى ئه‌هى حه‌ق ئه‌وه‌شى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ تورکیا هه‌وڵ ده‌دات کوردانى عێراق و سوریا له‌یه‌ک داببڕێت.

هاوڵاتى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان داواى له‌ پارتى و یه‌کێتى کرد ده‌ست له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵبگرن و کۆتایى به‌ ده‌ستتێوه‌ردانى حیزبى له‌ناو کاروبارى پێشمه‌رگه‌دا بهێنن، راشیگه‌یاند:" به‌و شێوه‌یه‌ چاکسازى و یه‌کخستنى راسته‌قینه‌ى پێشمه‌رگه‌ ده‌ستپێده‌کات و سه‌رده‌که‌وێت، ئه‌گه‌رنا له‌گه‌ڵ هه‌موو ناکۆکییه‌ سیاسییه‌کاندا ئه‌وه‌ى جێبه‌جێش کراوه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌." له‌ وتاریدا له‌ رێوڕه‌سمى ده‌رچوونى خولى 6ى ئه‌فسه‌ران و خولى 16ى پێشمه‌رگه‌ له‌ کۆلێژى سه‌ربازیى 3ى قه‌ڵاچوالان سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پیرۆزبایى له‌ 503 ئه‌فسه‌ر و ده‌رچووى هه‌موو ناوچه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان کرد و رایگه‌یاند:" ده‌بێت په‌له‌ بکرێت له‌ یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و ده‌ستى حیزب له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵبگیرێت له‌لایه‌ن پارتى و یه‌کێتییه‌وه‌". سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان راشیگه‌یاند: " یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، پێویستى به‌ کار و هه‌نگاوى خێرا و به‌متمانه‌ هه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ى چاکسازى و یه‌کخستنى پێشمه‌رگه‌ جێبه‌جێ بکرێت، ده‌بێت پارتى و یه‌کێتى به‌ باوه‌ر و بێ په‌شیمانبوونه‌وه‌ بڕیار بده‌ن، که‌ ده‌ستى حیزب له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵبگرن، ده‌بێت کۆتایى به‌ ده‌ستتێوه‌ردانى حیزبى له‌ناو کاروبارى پێشمه‌رگه‌دا بهێنن، به‌و شێوه‌یه‌ چاکسازى و یه‌کخستنى راسته‌قینه‌ى پێشمه‌رگه‌ ده‌ستپێده‌کات و سه‌رده‌که‌وێت، ئه‌گه‌رنا له‌گه‌ڵ هه‌موو ناکۆکییه‌ سیاسییه‌کاندا ئه‌وه‌ى جێبه‌جێش کراوه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌." بارزانى باسى له‌وه‌شکرد که‌ یه‌کنه‌خستنى پێشمه‌رگه‌ و هێز و دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌کان وایکردووه‌، هه‌موو ناکۆکییه‌ سیاسییه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان راسته‌وخۆ کار له‌سه‌ر ئاسایش و ده‌روونى هاووڵاتییان و بازار و بازرگانى و که‌سابه‌تى خه‌ڵکى ئه‌م وڵاته‌ بکات، وایکردووه‌ خه‌ڵک چاوه‌ڕوانى له‌تبوونى هه‌رێمى کوردستان و ته‌نانه‌ت شه‌ڕیش بکه‌ن، که‌ "به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌کاتى ناکۆکییه‌ هه‌ره‌ سه‌خته‌کانیشدا من هه‌میشه‌ ئه‌وه‌م زۆر به‌ دوور بینیوه‌، به‌ڵام نیگه‌رانى و مه‌ترسى و هه‌ستیاریى خه‌ڵکى کوردستان ده‌بێت بۆ ئێمه‌ جێگه‌ى بایه‌خ بێت."

هاوڵاتى که‌مێک له‌مه‌وبه‌ر سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان گه‌یشته‌ کۆلێژى سه‌ربازى له‌قه‌ڵاچوالان و دواتر له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانى و لایه‌نه‌کانى دیکه‌ى کورد مه‌ترسییه‌کانى سه‌ر قه‌واره‌ى هه‌رێم گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کات. به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى، نێچیرڤان بارزانى که‌ به‌ پیاوه‌ مرونه‌ته‌که‌ى ناو بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و پارتى ناسراوه‌ ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان کۆبکاته‌وه‌ تا یه‌ک هه‌ڵوێستى به‌رانبه‌ر به‌غدا دروست بکات له‌باره‌ى دۆسیه‌ى نه‌وتى هه‌رێم که‌ دادگاى فیدراڵى داواى کردووه‌ فرۆشتن و کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کان راده‌ستى به‌غدا بکرێت. هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانى ده‌یه‌وێت به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌کێتى له‌باره‌ى پۆستى سه‌رۆک کۆمار گفتوگۆ بکات و پارتى و یه‌کێتى بگه‌یه‌نێته‌ رێککه‌وتن و ئه‌وه‌ش وه‌ک ده‌روازه‌ى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوانیان. هاوکات ده‌یه‌وێت ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى له‌سه‌ر قه‌واره‌ى سیاسى هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کاندا تاوتوێى بکات و سه‌رکردایه‌تى لایه‌نه‌کان له‌ سه‌کۆى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم کۆبکاته‌وه‌ و پێکه‌وه‌ و پرسى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان یه‌کلابکه‌نه‌وه‌ له‌رێگه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌ که‌ هه‌ڵبژاردن دوابخرێت بۆ شه‌ش مانگ یان ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت له‌مساڵدا. نێچیرڤان بارزانى بریاره‌ دواى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانى کۆده‌بێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى کۆمه‌ڵى دادگه‌رى و ئه‌میندارى گشتى یه‌کگرتوو و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و سه‌رکردایه‌تى پارتى له‌سلێمانى کۆببێته‌وه‌.  

هاوڵاتى دره‌نگانى شه‌وى رابردوو، به‌ درۆن ھێرشکرایه‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌ى زێلکانى ھێزه‌کانى تورکیا و کوژراو و بریندار ھه‌یه‌ و گروپى چه‌کدارى ئه‌حرار سنجار، که‌ سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبین، رایگه‌یاند، ئه‌وان هێرشه‌که‌یان به‌ رێگه‌ى دوو درۆن ئه‌نجامداوه‌. شه‌وى رابردوو به‌هۆى هێرشکردنه‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌ى زێلکان، له‌ قه‌زاى باشیک له‌ پارێزگاى نه‌ینه‌وا، که‌سێکى کورد کوژراوه‌ و ده‌وترێت چه‌ند که‌سێکى تریش بریندارن. ئه‌و که‌سه‌ى له‌ هێرشه‌که‌دا کوژراوه‌ ناوى خالید عه‌بدولره‌حمان یوسف-ه‌ ته‌مه‌نى 25 ساڵه‌ و خه‌ڵکى که‌له‌کچی-یه‌ و له‌ چێشتخانه‌ى سه‌ربازگه‌که‌ کاریکردووه‌. گروپى چه‌کدارى ئه‌حرار سنجار، که‌ سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبین، رایانگه‌یاند که‌ ئه‌وان هێرشه‌که‌یان به‌ رێگه‌ى دوو درۆن ئه‌نجامداوه‌ و زیانێکى زۆریان له‌ سوپاى تورکیا داوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یان دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هێرشه‌کانیان دژى "ئه‌و هێزانه‌ى خاکى عێراقیان داگیرکردووه‌". به‌هۆى ئه‌و هێرشه‌وه‌ چه‌ندین سه‌ربازى تورکیا کوژراون و برینداربوون، به‌ڵام تا ئێستا تورکیا ئامارى کوژراو برینداره‌کانى رانه‌گه‌یاندووه‌.  

هاوڵاتى ئه‌دهه‌م بارزانی، سه‌رکرده‌ى پێشووى پارتى دیموکراتى کوردستان ئیدانه‌ى بۆردومانى ئه‌مڕۆى تورکیا بۆ خاکى هه‌رێم ده‌کات و ده‌ڵێت "کرده‌وه‌که‌ى ئه‌مڕۆى تورکیا ڕسوا ده‌که‌ین". ئه‌دهه‌م بارزانی، سه‌رکرده‌ى پێشووى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ په‌یامێکدا رایگه‌یاند"سه‌ره‌خۆشى خۆم پێشکه‌ش به‌ که‌سوکارى کوردستانیانى باکوور و باشوور ده‌که‌م که‌ ئه‌مڕۆ له‌ بۆمبه‌بارانى هێزى ئاسمانى تورکیا له‌ باشوور شه‌هید کران". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" ئه‌م کرده‌وه‌ ڕسوا ده‌که‌ین و خۆمان به‌ هاو خه‌میان ده‌زانین. هیوادارم جێگایان به‌هه‌شتى به‌رین بێت".  ئه‌مڕۆ فڕۆکه‌کانى تورکیا بۆردومانى شارۆچکه‌ى مه‌خمور و ناحیه‌ى ئاغجه‌له‌ر له‌ شارۆچکه‌ى چه‌مچه‌ماڵ کرد که‌ چوار که‌س شه‌هید بوون و 8ى دیکه‌ش برینداربوون.

ئارا ئیبراهیم هاوسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکارى ئه‌نجومه‌نى سووریاى دیموکرات ڕایگه‌یاند:" پرسى کورد بۆته‌ پرسێکى جیهانى و رۆڵى ده‌بێت له‌ نوێکردنه‌وه‌ى سیاسه‌تى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راستدا"، راشیگه‌یاند:" ئه‌و کاته‌ى په‌که‌که‌ش نه‌بووه‌ تورک هه‌ر خه‌ریکى قڕکردنى کورد بوون له‌سه‌ر ده‌مى شێخ سه‌عیدى پیران و پێشترو دواتریش، بۆیه‌ تورکیا دوژمنى کورده‌". ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21ى ئایارى 2022، ئیلهام ئه‌حمه‌د، هاوسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکارى ئه‌نجومه‌نى سووریاى دیموکرات له‌ هۆڵى خاک له‌ شارى سلێمانى سیمینارێکى ئه‌نجامدا، که‌ نوێنه‌رایه‌تیى باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سووریا له‌ هه‌رێمى کوردستان ڕێکیخستبوو. ئیلهام ئه‌حمه‌د ماوه‌ى 48 خوله‌ک پرسى رۆژئاڤاى کوردستان و پارچه‌کانى دیکه‌ى کوردستانى خسته‌روو و ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ پرسى کورد به‌ئاسانى ده‌توانن بگه‌یه‌ننه‌ ده‌وڵه‌تى جیهان، وتى:" دۆخى کورد له‌ سوریا ناگه‌رێته‌وه‌ بۆ پێش 2011و به‌ڵکو خۆبه‌رێوه‌به‌رییه‌ک هه‌یه‌و پارێزگارى له‌ کورد و عه‌ره‌ب و مه‌سیحى و هه‌موو پێکهاته‌کانى دیکه‌ ده‌کات". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ دۆخى سووریا کرد که‌ سووریا ئێستا بووه‌ته‌ سێ به‌ش، به‌شێکى ڕژێمى به‌عسى تێدایه‌، به‌شێکى خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریى ڕۆژئاواى کوردستانه‌ و به‌شێکیش "چه‌ته‌کان"ى ملیشیاى سه‌ر به‌ تورکیاى تیادایه‌. ئیلهام ئه‌حمه‌د وتیشى:" له‌ هه‌ر شوێن و وڵاتێک پرسێکى کورد هه‌وڵى چاره‌سه‌ر هه‌بێت تورکیا دێته‌ سه‌ر خه‌ت و تێکى ده‌دات، بۆ نمونه‌ پرسى کوردى باشور له‌گه‌ڵ عێراق کێشه‌یه‌کى چاره‌سه‌ر بکات، تورکیا دێت تێکى ده‌دات، چونکه‌ دوژمنایه‌تى تورک به‌رانبه‌ر کورده‌ له‌هه‌موو شوێنێک". هاوکات هاوسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکارى ئه‌نجومه‌نى سووریاى دیموکرات ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ هه‌موو رۆژێک له‌شه‌ردان له‌گه‌ڵ "چه‌ته‌" میلیشیاکانى تورکیادا و ده‌یانه‌وێت به‌رده‌وام ئاشوب و ئاژاوه‌ هه‌بێت، وتیشى:" ئه‌گه‌ر به‌ فرۆکه‌ى جه‌نگى بۆردومان نه‌کات به‌ تۆپبارانى گونده‌کان و ناوچه‌ جیاوازه‌کان ده‌کات و قه‌سه‌ده‌ش وه‌ڵامده‌داته‌وه‌". "نه‌بوونى یه‌ک وتارى و یه‌ک هه‌ڵوێستى کورد گه‌وره‌ترین به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌ماندا و ئه‌وه‌ش کێشه‌ گه‌وره‌که‌یه‌، نه‌بوونى ستاتۆیه‌ک بۆ کورد کێشه‌ى گه‌وره‌یه‌، ئێستا له‌ناو هه‌موو جڤاک و حزبه‌کاندا که‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌یت له‌گه‌ڵ یه‌کخستنى ده‌نگى کوردن به‌ڵام له‌ناخیاندایه‌و ده‌رینابڕن، ئێمه‌ش ده‌ڵێن دیاره‌ هه‌لومه‌رجه‌که‌ له‌بار نییه‌"، ئیلهام ئه‌حمه‌د واى وت. له‌درێژه‌ى قسه‌کانیدا ئیلهام ئه‌حمه‌د جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ فشارێکى زۆر له‌سه‌ر رۆژئاڤا هه‌یه‌، که‌ تورکیا به‌پێداگرییه‌وه‌ داوا ده‌کات ئه‌و وڵاتانه‌ى هاوکارى رۆژئاوا و قه‌سه‌ده‌ ده‌که‌ن، ده‌ست له‌ پشتیوانییکردنیان هه‌ڵگرن، ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ى کردووه‌ به‌ مه‌رج بۆ سوید و فینله‌ند، که‌ ده‌یانه‌وێت ببنه‌ ئه‌ندامى ناتۆ، ده‌شیه‌وێت میساقى میللـى زیندوو بکاته‌وه‌ و بیکاته‌ ئه‌مرى واقع؛ ده‌شڵێت:" پارته‌که‌ى ئه‌ردۆغان باسى په‌که‌که‌ ده‌کات، ئێ ئه‌و کاته‌ى په‌که‌که‌ نه‌بوو تورک هه‌ر خه‌ریکى قڕکردنى کورد بووه‌ ئه‌ى ئه‌و کات چى، بۆیه‌ تورکیا ده‌یه‌وێت پاش سه‌د ساڵ تێپه‌ربوون به‌سه‌ر په‌یمانى سایکس بیکۆ بیکاته‌ ئه‌مرى واقع و ناوچه‌ى دیکه‌ له‌ باشورى کوردستان و رۆژئاوا داگیر بکات". "پارته‌که‌ى ئه‌ردۆغان ترسى له‌هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌و ده‌یه‌وێت به‌ دروستکردنى شه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ى تورکیا، له‌باشوورى کوردستان، له‌ رۆژئاڤاى کوردستان خۆى به‌هێز پیشان بدات، له‌ باکور کورد ه‌ستگیر ده‌کات، ئه‌مانه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ جارێکى دیکه‌ ئه‌ردۆغان ده‌سه‌ڵات بگرێته‌وه‌ ده‌ست"، هاوسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکارى ئه‌نجومه‌نى سووریاى دیموکرات واى وت. ئیلهام ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ پرسى کورد بۆته‌ پرسێکى جیهانى و رۆڵى ده‌بێت له‌ نوێکردنه‌وه‌ى سیاسه‌تى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راستدا، ئه‌ه‌مش بۆ تورک قورسه‌و پێى هه‌زم ناکرێت بۆیه‌ ده‌یه‌وێت کورد قڕ بکات. هاوسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکارى ئه‌نجومه‌نى سووریاى دیموکرات ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد: ئه‌مڕۆ زۆرینه‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بیى و ئه‌وروپیى و ئه‌مریکا و رووسیا له‌ ڕۆژئاڤاى کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌واندان"ئه‌گه‌ر هه‌ندێک هێز ‌بیانه‌وێت به‌ فشار دروستکردن و داخستنى ده‌رگا په‌یوه‌ندیى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ بپچڕێنن ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌ن، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌رگایه‌کمان لێ دابخه‌ن، ئێمه‌ حه‌وت ده‌رگا ده‌که‌ینه‌وه‌".

هاوڵاتى ناوه‌ندى ڕاگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نیى هه‌په‌گه‌ ئاشکراى ده‌کات گه‌ریلاکان له‌ ناوچه‌ى سه‌رحه‌دى باکوورى کوردستان 13 سه‌ربازى تورکى کردووه‌ته‌ ئامانج و گورزى قورسیان لێ داون. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 21ى ئایارى 2022،  ناوه‌ندى ڕاگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نیى هه‌په‌گه‌ بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ که‌ هێزه‌کانیان له‌ وه‌رزى زستاندا چالاکیى به‌هێزیان دژى سوپاى تورک ئه‌نجامداوه‌و ده‌وڵه‌تى تورکیش نه‌یویست چالاکیى گه‌ریلاکانى بکه‌وێته‌ به‌ر دیده‌ و بۆیه‌ بێده‌نگیى لێکردووه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌" گه‌ریلاکان زنجیره‌یه‌ک چالاکییان دژى سوپاى تورک له‌ سه‌رحه‌د ئه‌نجامداوه‌ و له‌ سه‌رجه‌میاندا 13 داگیرکه‌رى تورک کوژران و دوو داگیرکه‌ریش برینداربوون". هاوکات ئه‌وه‌شى ره‌تکردووه‌ته‌وه‌ که‌ گه‌ریلا له‌و چالاکییه‌یاندا شه‌هید بووبێت و ده‌ڵێن:" پڕوپاگه‌نده‌ى ده‌وڵه‌تى تورکیش له‌باره‌ى شه‌هیدبوونى 11 گه‌ریلا له‌ ناوچه‌ى سه‌رحه‌د ڕه‌تده‌که‌ینه‌و سه‌رجه‌م هێزه‌کانمان له‌و سنووره‌ سه‌لامه‌تن و گورزى قورسیان له‌ دوژمن داوه‌".  

هاوڵاتى مه‌ته‌بى سیاسى یه‌کێتى داوا له‌ حکومه‌تى ھه‌رێم ده‌کات له‌باره‌ى هێرشى فرۆکه‌ جه‌نگییه‌کانى تورکیاو بۆردومانه‌کانیانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ بانگهێشتى کونسوڵى تورکیا له‌ ھه‌رێم بکات و روونکردنه‌وه‌ بدرێت.  ده‌قى ڕاگه‌یه‌نراوى مه‌کته‌بى سیاسیى یه‌کێتی: به‌نیگه‌رانییه‌کى قووڵه‌وه‌ له‌و پێشھاته‌ ئه‌منى و سنووربه‌زاندنه‌ ده‌ڕوانین و ئیدانه‌ى بۆردومانى فڕۆکه‌کانى تورکیا بۆ سنوورى ناحیه‌ى ئاغجه‌له‌رى سه‌ر به‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ و که‌مپى ئاواره‌کانى مه‌خموور ده‌که‌ین که‌ شه‌هیدبوونى چوار هاووڵاتیى مه‌ده‌نى و هه‌شت بریندارى لێکه‌وته‌وه‌. ‏‎وێڕاى ده‌ربڕینى پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیمان بۆ که‌سوکار و خانه‌واده‌ به‌ڕێزه‌که‌یان، ده‌ستبه‌جێ داواى راگرتنى ئه‌م ھێرشانه‌ ده‌که‌ین و داوا له‌ حکومه‌تى عێراق ده‌که‌ین که‌ ئه‌رکى ده‌ستووریى و نیشتمانیى خۆى له‌ پاراستنى خاک و ئاسمانى عێراق به‌ کوردستانیشه‌وه‌ رابپه‌ڕێنێت و له‌ رێگه‌ى که‌ناڵه‌ دیبلۆماسییه‌کانه‌وه‌ حکومه‌تى تورکیا له‌م پێشێلکارییه‌ ئاگاداربکاته‌وه‌.  ‏‎ھاوکات حکومه‌تى ھه‌رێمیش له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ بانگهێشتى کونسوڵى تورکیا له‌ ھه‌رێم بکات و روونکردنه‌وه‌ بدرێت. چونکه‌ ھیچ بیانوویه‌ک نییه‌ به‌ھۆى سنووربه‌زاندنه‌وه‌ خه‌ڵکى مه‌ده‌نى له‌ رووى گیانیى و مادییه‌وه‌ زه‌ره‌رمه‌ندبن. خوێنى ھاووڵاتییانمان پیرۆزه‌ و داواده‌که‌ین پیرۆزییه‌کانمان بپارێزرێت و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گفتوگۆ و لێکتێگه‌یشتن بکرێته‌ کلیلى چاره‌سه‌رى کێشه‌کان.