هاوڵاتی دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە دا و رەوانەی بەردەستی سەرۆککۆماری عێراق دەکرێت. بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ بودجە تەرخانکراوە بۆ ساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە. ئەمە یەکەم جارە لەدواى ساڵى 2021ـەوە پەرلەمانى عێراق بودجەى گشتى پەسند دەکات. شەوی رابردوو تا بەیانی ئەمرۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر ماددەکانی پرۆژە یاسای بودجە لە کۆبوونەوەدا بوو لە ماددەی ٤٢ دەستیپێکرد و تا ماددەی ٦٨ی یەکلاکردەوەو تەنھا ماددەی ٤٢ی لابرد کە تایبەت بوو بە دانانی باج لەسەر بەرھەمی سوتەمەنی و سوتەمەنی ھاوردەکراو، بە پێی ماددەی٦٨ لەدوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی رەسمی لە یەکی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ ەوە یاساکە کاری پێدەکرێت. ھەر لە دانیشتنەکەدا، ھەروەھا ژمارەیەک ماددە بۆ پرۆژە یاساکە زیادکران کە تایبەت بوون بە بودجەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ ئەنجومەنی زانکۆکان و خوێندنی باڵا لە زانکۆ و پەیمانگا ئەھلییەکان، ھەروەھا بە پێی ماددەیەکی زیادکراو کار بە ھیچ یاسا و رێنماییەک ناکرێت کە پێچەوانەی یاسای بودجە بێت. دواتر ماددەکانی١٥ ١٦ و ١٧ و ١٨ کە بەھۆی ناکۆکییەوە دواخرابوون خوێندرانەوەو دەنگیان لەسەردرا. لەھەر لە کۆبوونەوەکەدا دەنگدرا لەسەر ھەمواری چەند بڕگەیەکی ماددەی ٢ ، ھەروەھا ماددەی ٥٧ کە تایبەتە بە وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و ژینگە بۆ دروستکردنی پرۆژە. لەسەر ماددەی ١٥ کە تایبەت بوو بە دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست کێشە لە نێو پەرلەمانتاراندا دروستبوو دوای راگرتنی کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی زیاتر لە یەک سەعات ماددەکە ھەموارکرایەوەو خرایە دەنگدانەوە، بەڵام ھەموارەکە رەتکرایەوەو دەقە بنەڕەتییەکەی حکومەت ھێڵرایەوە، سەرئەنجام گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پەرلەمانتارانی سونە و شیعە دروستبوو، جارێکی تر ماددەی ١٥ خوێندرایەوەو دەنگدرا لەسەر بڕگەی گرێبەستکردن لەگەڵ ١٥٠ ھەزار ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە پارێزگاکان بە مووچەی مانگانەی ٣٠٠ ھەزار دینار. ھەروەھا دەنگ لەسەر چەند ماددەیەکی نوێ درا لەوانە زیادکردنی مووچەی ھێزەکانی سەحوە لە ٢٥٠ ھەزار دینارەوە بۆ ٥٠٠ ھەزار دینار، جیاوازی مووچەی حەشدی شەعبی ، گۆڕینی گرێبەستی ٣ ھەزار کارمەندانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن بۆ گرێبەستی کارپێکردن، تەرخانکردنی ٥٠ ملیار دینار بۆ ھێڵی ئاسمانی عێراق. لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەشدا کە بڕیاربوو دەنگ لەسەر گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بدرێت، برگەکە دەنگی نەھێناو سەرئەنجام دوای ٥ رۆژ لە دەنگدان پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەندکران. بڕیارە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى رەوانەى سەرۆککۆمار بکرێت بە مەبەستى پەسندکردنى و ناردنى بۆ رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بۆ ئەوەى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. هاوکات پەیوەست بە پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران کە لە پڕۆژەدا رەتکرایەوە و دەنگی نەهێنا، موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتو لە پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا وتی، "ئێمە بینیمان هەستێکی ناتەبا و نەیار لەگەڵ خەڵکی کوردستان بو، زۆرێک لەو پەرلەمانتارانەی نەتەوەکانی تر کە لەکاتی جیا جیا وتویانە ئێمە کێشەمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم و هەردو پارتی دەسەڵاتدار هەیە لەگەڵ خەڵکی هەرێمین، بەڵام بەداخەوە بەوشێوەیە نەبو، هەڵوێستی زۆر جێگەی سەرنج بو زۆر نەیار و ناتەبا بو، کاتێک بابەتەکە خرایە دەنگدانەوە هەمویان دەنگیان پێنەدا، رەنگە بڵێم کورد و ژمارەیەکی زۆر کەم لە نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکە دەنگیان پێدا".
هاوڵاتی بۆ گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران پێشنیازێكی نوێ کراوە، بۆئەوەی ئەگەر پابەندكردنی حكومەتی هەرێم یان بەهاوبەشی پابەندكردنی بەغدا و هەرێم بۆ دانەوەی پاشەكەوت سەریان نەگرت، ئەو پێشنیازە بخەنە دەنگدانەوە و بكرێتە ماددەیەكی پرۆژەیاسای بودجە. سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر پێشنیازی یەكەمی پرۆژەیاسای بودجە كە تایبەتە بەپابەندكردنی حكومەتی هەرێم بۆ گێڕانەوەی 10%ی پاشەكەوتی موچە دەنگی لەسەر بدرێت، حكومەتی هەرێم دەتوانێت بڵێت ناتوانم لەو بودجەیەی بۆم رەوانە دەكرێت قەرزی پاشەكەوتی موچە بدەمەوە، لەهەمانكاتیشدا ئەگەر پێشنیازی دوەم كە رێژەی 12%ی پاشەكەوت و پابەندكردنی هەرێم و بەغدایە دەنگی لەسەر بدرێت، وەزارەتی دارایی دەتوانێت تانە لەو گۆڕانكاریانە بدات كە بارگرانی لەسەر حكومەت دروستكردوە، پەرلەمانیش بەبێ رەزامەندی حكومەت ناتوانێت بارگرانی دارایی دروستبكات. ئاماژەی بەوەشكرد، "پێشنیازە نوێیەكە ئەوەیە لەو زیادەیەی لە نەوت بەرمان دەكەوێت چونكە پێشتر زیادەی نەوت بەهەرێم نادرا، بەجۆرێكی دیكە لەدوای 70 دۆلاری نەوت، ئەگەر نرخەكەی زیاتر بو، لەو زیادەیە پارەی پاشەكەوتی موچە بدرێتەوە". سۆران عومەر ئاشكراشیكرد، "رێگە نەماوە، دەبێت هەوڵی دەنگدان بۆ یەكێك لەپێشنیازەكان بدەین، چونكە دو پێشنیازەكەی دیكە رەنگە جێبەجێنەكرێن یان تانەیان لێ بدرێت"
هاوڵاتی لەسەرەتای بڵابوونەوەی تای نەخۆشی خوێن بەربوون تا ئێستا لە دهۆک دوو کەس توشی نەخۆشی خوێنبەربوون بوون و یەکیکیان گیانی لەدەستداوە. دکتور فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەشی پاراستن لەبەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک بە هاوڵاتی وت" لیژنەی باڵای نەخۆشی تای خوێنبەربوون بەسەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک لەگەڵ بەرێوەبەری بەشی نەخۆشیەکانی گوازراوە و بەرێوەبەری دەرمانخانەکان و بەڕێوەبەرانی تەندروستی قەزاکان پێکهێنراوە". وتیشی،" کاری لیژنەکە بەدواداچوونە بۆنەخۆشیەکەو هەوڵی ڕێگریکردنە لە بڵاوبونەوەی وهەرکەسێک توشببێت چارەسەری پێویست بۆی دەکرێت" دکتورفەرهاد ئیسماعیل ووتیشی"تا ئێستا تەنها دوو کەس توشی ئەم نەخۆشیە بوون، یەکێک یان خەڵکی ناحیەی باشیک بۆ سەر بەپارێزگای نەینەوا بوو گیانی لەدەستدا، توشبووی دووەم خەڵکی کۆمەڵگای سیریێ بوو سەربەقەزای ئامێدی دۆخی ئەو جێگیرە و گەڕاوەتەوە ماڵەوە." ئەوەشی ڕونکردەوە،" دەرمان و هەموو پێداویستییەکانی تایبەت بە نەخۆشیەکە لە سنوری پارێزگای دهۆک بەردەستن"
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە پڕۆژەی دەرو سیتی لە گەڕەکی راپەڕین تاوەرێک دەکەوێت بەسەر چەند کرێکارێکدا تاوەکو ئێستا لانیکەم سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. بەهۆی رووخانی تاوەرێك لە پڕۆژەی دەروو سیتی ، سێ کرێکار گیانیان لەدەستدا و دوو کرێکاریش برینداربوون. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاگوزاریی سلێمانی ڕایگەیاند: لە پڕۆژەی دەروو سیتی لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی، تاوەرێک دەکەوێت بەسەر چەند کرێکارێکدا بەوهۆیەوە چوار کرێکار گیانیان لەدەستداوە و دوو کرێکاری دیکەش برینداربوون.
هاوڵاتی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق و دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕالی بڕیاریدا و دەشڵێت: تەواوی تموحاتی ئێمە لە بوودجەدا نەهاتووە مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، سەرەڕای ئەوەی تەواوی تموحاتی ئێمە لە بوودجەدا نەهاتووە چونكە دەبوو ئەو دەقەی بوودجە كە لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاری لێدرابوو دەست كاری نەكرابوایە، بەڵام لەپێناو دەستكردنەوەی حكومەت بۆ بابەتی مووچە و بەردەوامی وەبەرهێنان و، بەردەوام نەبوونی كێشەكان بڕیارماندا رەئی بە پەسەندكردنی بوودجە بدرێت. دەقی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی: پارتیمان لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ژیان و بژێوی هاووڵاتیانی كوردستان هەوڵی زۆریدا كە ماددە و بڕگەكانی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ ـی عێراقی فیدراڵ بەگوێرەی ئیستحقاقاتی دەستووری و ڕێكکەوتنی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی كابینە و، ڕێكکەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بێت و، شایستە داراییەكان بۆ حكومەتی هەرێم دابین بكرێت. لەلایەكی دیكەوە زۆر بەجدی هەوڵیدا ئەو پیلانەی کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو لە ئارادا بوون بۆ دەستوەردان لە سەروەری هەرێم و بچووككردنەوە و لێكترازانی قەوارەی هەرێم و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی كە لە دەستووردا جێگیركراون، پووچەڵبكاتەوە. سەرەڕای ئەوەی تەواوی تموحاتی ئێمە لە بوودجەدا نەهاتووە چونكە دەبوو ئەو دەقەی بوودجە كە لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاری لێدرابوو دەست كاری نەكرابوایە، بەڵام لەپێناو دەستكردنەوەی حكومەت بۆ بابەتی مووچە و بەردەوامی وەبەرهێنان و، بەردەوام نەبوونی كێشەكان بڕیارماندا رەئی بە پەسەندكردنی بوودجە بدرێت. لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی هەڤاڵانی فراكسیۆنی پارتیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و کوتلەی وەزاری پارتیمان لە حكومەتی فیدراڵ بكەین كە بەوپەڕی دڵسۆزی و ماندوونەناسانە ڕۆڵی خۆیان بینیوە و، داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەین. مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ١١ـی٦ـی٢٠٢٣
هاوڵاتی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و بڕگەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی موچە دەخرێتە دەنگدانەوە پەرلەمانی عێراق لە کۆی 68 ماددە لە ڕەشنوسی یاسای بودجەی فیدڕاڵی، لە ماوەی سێ دانیشتنی ڕابردودا 36 ماددەی یەکلاکردەوە، کە ڕۆژانی 8، 9 و 10ی ئەم مانگە بەڕێوەچو، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە دەنگدان لەسەر باقی مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە دەستپێبکاتەوە. لە کۆبونەوەی شەوی رابردودا پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر 18 ماددەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023/ 2024 و 2025دا، کە کۆبونەوەکە بە ئامادەبونی 241 پەرلەمانتار بەڕێوەچو، دەنگی لەسەر مادەکانی 14، 25، 26، 27، 28، 29، 30، 31، 32، 33، 34، 35، 36، 37، 38، 39، 40 و 41ی ڕەشنوسی یاسای بودجەدا. بە گوێرەی زانیارییەكان ئەمڕۆ بڕگەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی موچە دەخرێتە دەنگدانەوە و دوو بۆچونی جیاواز هەیە و ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانانی فراکسیۆنە کوردییەکان بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیان گوتووە کە دەیانەوێت دانەوەی موچە بکرێتە پڕۆژە یاسای بودجەوە ،بە شێکی دیکەی پەرلەمانتاران پێیان وایە ئەستەمە بڕگەکە زیاد بکرێتەوە بۆ ئەو مادەیە بەهۆی ئەو مشتومڕە زۆرەی لەسەری هەیە. هاوکات فراکسیۆنی پارتی پێشنیارێکی پێشکەشکردووە کە تیایدا داوا دەکات : حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە هاوبەشی 12%ی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بدەنەوە پێشنیازەکە بەو جۆرەیە؛ بەشێک لە پارەى پاشەکەوتى مووچە لە داهاتى نێوخۆى هەرێمى کوردستان و بەشەکەى دیکەى لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە تەرخان بکرێت و هەردوولا لەوبارەیەوە لێکتێگەیشتنیان هەبێت تا ئێستا کۆبونەوەکە دەستی پێنەکردووە کە بڕیاربوو کاتژمێریەکی پاشنیوەڕۆ دەستپێبکات، و چاوەڕوان دەکرێت چەند کاتژمێرێک دوابکەوێت.
هاوڵاتی رێورەسمێک بۆ حسێن ئاراسان هاوڵاتی باکوری کوردستان و ئەندامی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا سازکرا و تەرمەکەی بەرەو قەندیل بەڕێکرا. ٩ی ئەم مانگە حسێن ئاراسان هاوڵاتی باکوری کوردستان و ئەندامی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە شاری سلێمانی روبەروی هێرشێکی چەکداری بووەوە و بە قورسی بریندار بوو و دوێنێ ١٠ی مانگ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ رێورەسمێک بۆ تەرمی حسێن ئاراسان لە مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلی لە سلێمانی سازکرا. لە رێورەسمەکەدا لەسەر ناوی کۆمەڵەی کرێکارانی مزیپۆتامیا موسا خالید قسەی کرد و وتی، دوو ساڵە هاوڕێیانیان تیرۆر دەکرێن، بکوژەکە دەوڵەتی تورکە، بەڵام بە داخەوە تاوەکو ئێستا رێگری لە هێرشەکان نەکراوە. موسا خالید رایگەیاند، لە شارەکانی کوردستان سیاسەتمەدارانی کورد تیرۆر دەکرێن و کەس دەستگیر ناکرێت و ئەمەش نیگەرانیان دەکات. هێرش دەکەن و دەچنە دهۆک و هەولێر و لەوێوە دەچنە تورکیا. لە سلێمانی بە سەدان کامێرا هەیە، بەڵام رێگری ناکرێت. موسا خالید ئەوەشی ڕونکردەوە، تاوەکو بکوژەکان ئاشکرا نەکرێن، نابێت کەس باسی کورد و کوردستان بکات. دوای رێورەسمەکە تەرمی حسێن ئاراسان بەرەو گۆڕستانی قەندیل بەڕێکرا.
هاوڵاتی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی فراکسیۆنی حیزبەکەی لە پەرلەمانی عێراق دەکات و دەستخۆشییان لێدەکات، دەشڵێت، "چیدیکە غەدر لە سلێمانی و هیچ شارێکی کوردستان ناکرێت." لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ فراکسیۆنی حیزبەکەی لە پەرلەمانی عێراق هاتووە، "بەبۆنەی پەسندکردنی پێشنیازەکانی یەکێتیی لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 و دەنگدان لەسەر پێدانی ئەولەویەت بە مووچە و گوزەرانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی گەرم و دەستخۆشیتان لێ دەکەین." دەقى راگەیەندراوەکەى مەکتەبى سیاسى یەکێتى: مەکتەبی سیاسی یەکێتی: چیتر غەدر لە سلێمانی و هیچ شارێکی کوردستان ناکرێت پەیامی پیرۆزبایی بۆ فراکسیۆنی یەکێتیی بەرێزان لە فراکسیۆنی یەکێتیی، نوێنەرانی راستەقینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەبۆنەی پەسەندکردنی پێشنیازەکانی یەکێتیی لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و دەنگدان لەسەر پێدانی ئەولەویەت بە موچە و گوزەرانی پارێزگاکانی هەرێم ، پیرۆزبایی گەرم و دەستخۆشیتان لێ دەکەین. هەماهەنگی و پێداگری ئازایانەی ئێوە لە گفتوگۆکانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆتە مایەی دڵنیایی بۆ جەماوەری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین و لە بەرژەوەندی تەواوی کوردستانیشە کە چیتر غەدر لە سلێمانی و هیچ شارێکی کوردستان ناکرێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک نابێتە کەرەستەی ململانێی نارەوا. دەستتان خۆش و سەرکەوتوو بن مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
هاوڵاتی سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەرانی تورکیا رایگەیاند، لە نێوان دوو بۆ هەشتی حوزەیراندا لە هەموو تورکیا دوو هەزار و ٨٢٥ پەنابەر دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش هەزار و ٢١٢ پەنابەر دیپۆرت کراونەتەوە. سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەرانی تورکیا کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیایە رایگەیاند، لە ماوەی حەفتەیەدا لە باکوری کوردستان و تورکیا ٧٧٣ ئەفغانی، ٥٦ پاکستانی و و هەزار و ٩٩٦ پەنابەری وڵاتانی دیکە دەستگیرکراون. هەروەها ٣٥٦ پەنابەری ئەفغانی، ١٠٦ پاکستانی و ٧٥٠ پەنابەری دیکەی وڵاتانی ناوچەکە دیپۆرت کراونەتەوە. سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەرانی تورکیا دەڵێت، لە سەرەتای مانگی کانونی دووەمەوە تاوەکو هەشتی حوزەیران، ١٣ هەزار و ٥٨٩ ئەفغانی، هەزار و ٨٧٠ پاکستانی و ٢٧ هەزار و ٩٠ کۆچبەری وڵاتانی دیکە دیپۆرت کراونەتەوە.
باوکی کوژراوێکی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 24 رۆژە لە زیندان مانی گرتوە و شەش کەسی دیکەش دەستگیر دەکرێن کراون کە باوکی شەش کوژراوی ناڕەزایەتییەکانن. کەمال لوتفی باوکی رەزا لوتفی کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری دێولان کوژرا، لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و بە بێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکی لەسەر ساخ بکرێتەوە لە زیندانی شاری کامیاران راگیروە و ئەویش وەک ناڕەزایەتییەک مانی لە خواردن گرتوە. لە ماوەی رابردودا بە بیانوی جیاواز، دایک و باوک و کەسوکاری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێن. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردوە؛ لەو ماوەیەدا ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە و هاوکات دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان فشارەکانیان لەسەر کەسوکاری دەستگیرکراون و کوژاوانی ناڕەزایەتییەکان توندتر کردوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە؛ هێمن ئەحمەدزادە خەڵکی شاری مەهاباد کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە دەستگیرکرابو لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە سزای 18 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە.
هاوڵاتی دوای پەسەندكردنی ژمارەیەك لە ماددەكانی پرۆژەیاسای بودجە، كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ كاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە دواخرا. بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەعات ١ جارێکی دیکە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبکاتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ٣٦ ماددەیەی پرۆژەیاسای بودجە، کە ھێشتا پەسەندنەکراون. لە میانەی دانیشتنەکانی چەند رۆژی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە، لە کۆی ٦٧ ماددەی پرۆژەیاساکە ٣٦ ماددە پەسەندکراون، لە نێویاندا ئەو ماددانەی تایبەتبوون بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق، کە زۆرترین مشتومڕی لەنێوان لایەنە کوردستانییەکاندا لە عێراق دروستکردبوو. شەوی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر ١٨ ماددەی پرۆژەیاسای بوودجە دا، کە بریتیبوون لە ماددەکانی ١٤ و ٢٥ تا ٤١ و دواتر لە ماددەی ٤٢دا کە تایبەتبوو بە زیادکردنی باج بۆ سەر بەنزین، غاز و نەوتی رەش مشتومڕ دروستبوو و سەرەنجام سەرۆکی پەرلەمان بڕیاریدا بە ھەڵپەساردنی کۆبوونەوەکە. بەگوێرەی بڕگەی یەكەمی ماددەی 14ی پرۆژەیاسای بودجەی 2023 و 2024 و 2025، داهاتی نەوت دەخرێتەسەر هەژمارێكی بانكی كە سەر بە بانكی ناوەندیە، وەزارەتی دارایی عێراقیش تەمویلی شایستە داراییەكانی هەرێم دەكات و ئەوەش دەكرێتەسەر هەژمارێك و سەرۆك وەزیرانی هەرێم مافی خەرجكردنی دەبێت. هاوکات سەبارەت بەو بڕگەیەی کە لە مادەی 14دا بە دڵی یەکێتی پەسند کرا و پارتی لێی ناڕازییە لەلای خۆیەوە دکتۆرە نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت: لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەنگدرا لەسەر بڕگەی ٨ لە ماددەی ١٤ کە وەک پيشنیازی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشکەشکرابوو بە لیژنەی دارایی و تایبەتە بە پابەندکردنی حکومەتی هەرێم کە بەر لە هەرخەرجییەک پێویستە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەشبکات بە پێی یاسا بەرکارەکان. وتیشی: بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پشکی پارێزگاکانی هەرێم لە بودجە دابەش دەکرێت بە پێچەوانەوە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدڕاڵ پێویستە هەموو رێکارێک بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم بڕگەیە بە گرنتی تەمویلکردنیشەوە.
کاری دەستی لە پارێزگای ورمێ بە یەکێک لە پیشە سەرەکییەکانی ئەو پارێزگایە ئەژمار دەکرێت و لە ساڵێکدا زیاتر لە 14 ملیۆن دۆلار بەرهەمی کاری دەستی رەوانەی دەرەوە دەکرێت. مورتەزا سەفەری، بەڕێوبەری گشتی میراتی کەلتوری، گەشتیاری و پیشەی دەستی لە پاریزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ زیاتر لە 10 هەزار کەس لە پارێزگاکە خاوەنی بەرهەمی پیشەی دەستن و زۆربەی ئەو بەرهەم و کارانەش رەوانەی وڵاتانی جیهان دەکرێن. بە وتەی ئەو لە ئامارەکانی گومرگی ورمێ دەرکەوتوە تەنها لە ساڵی رابردودا بە بەهای 14 ملیۆن و 290 هەزار ملیۆن دۆلار بەرهەمی کاری دەستی لە پارێزگاکەوە رەوانەی دەرەوە کراوە. وتیشی زیاتر لە 80 بواری کاری دەستی لە ورمێ هەیە کە زۆرترین پیشەی کاری دەستی پارێزگاکە نەخشاندنی دار و تەختەیە و ئەو کارەش پێویستی بە ماندوبونی زۆرە. ورمێ لە روی پیشەی کاری دەستییەوە دەکەوێتە ریزبەندنی پێنجەم پارێزگا لە ئێران کە خاوەنی زیاترین کاری دەستییە و گەشتیارێکی زۆر رو لەو پارێزگایە دەکەن بە مەبەستی بینینی کارە دەستییەکان.
هاوڵاتی لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە پێشنیازێکی یەکێتی درا کە تیایدا بەغدا مامەڵەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پارێزگای ناڕازی هەرێم لە ڕووی بودجەوە دەکات دکتۆرە نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت: لە دانیشتنی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق دەنگدرا لەسەر بڕگەی ٨ لە ماددەی ١٤ کە وەک پيشنیازی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشکەشکرابوو بە لیژنەی دارایی و تایبەتە بە پابەندکردنی حکومەتی هەرێم کە بەر لە هەرخەرجییەک پێویستە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەشبکات بە پێی یاسا بەرکارەکان. وتیشی: بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پشکی پارێزگاکانی هەرێم لە بودجە دابەش دەکرێت بە پێچەوانەوە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدڕاڵ پێویستە هەموو رێکارێک بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم بڕگەیە بە گرنتی تەمویلکردنیشەوە.
هاوڵاتی وەزارەتى دارایى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ کەس ناتوانێت سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بەدەربکات لە گەندەڵی سیاسی و ئیداری و دارایی و یاسایی، بەڵام نابێت ئەو بابەتە تێکەڵبکرێت بە مافە دەستوریی و یاساییەکان. ئاوات شێخ جهناب وهزیری دارایی و ئابووری حكومهتی ههرێمی كوردستان راگهیهندراوێكی لهبارهی بهشه بودجهی ههرێمی كوردستان بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه: "هەر لەسەرەتای ڕەوانەکردنی پرۆژە یاسای بودجە لەحکومەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق لەهەموو ئەو ڕێکەوتنانە پەشیمان بوونەوە کە بەدرێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لە نێوان هەردولا ئەنجام درابوو". دەقی ڕاگەیەندراوەکە: ڕاگەیەنراوێک لە وەزیری دارایی و ئابوورییەوە لەسەر بەشە بودجەی هەرێم ڕاستیەک هەیە کە کەس ناتوانێت سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بەدەربکات لە گەندەڵی سیاسی و ئیداری و دارایی و یاسایی، هەربۆیە بەرنامەی چاکسازی ڕاگەیاندوە بەڵام نابێت هیچ کات ڕێگە بەوە بدرێت بابەتی گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن تیکەڵ بەمافە دەستوری و یاسایی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت. هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی لەو بڕگەو مادانەی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق کراون کە تایبەتن بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوور و هەموو ئەو بڕیار وڕێکەوتن ولێکتێگەیشتنانەن کە لەپێش پێکهێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق لە نێوان هەرێمی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆکراون و دواتر لە بەرنامەی وەزاری کابینەکە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لە سەر دراو دواتریش ڕێکەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی بەدوادا هات و دواین ڕێکەوتنیش لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕۆژی ٤ نیسانی ٢٠٢٣ بەئامادەبونی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد واژۆ کرا. هەر لەسەرەتای ڕەوانەکردنی پرۆژە یاسای بودجە لەحکومەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق لەهەموو ئەو ڕێکەوتنانە پەشیمان بوونەوە کە بەدرێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لە نێوان هەردولا ئەنجام درابوو. ئەوەش ئەو ئەنجامەی دەرخست کە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بەنەفەسی دژایەتی و بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن کەئەوەش درێژکراوەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی رژێمی پێشووی عێراقە و بەردەوامی سیاسەتێکی هەرێمی یە بەرامبەر بە دۆزی کورد. بەهۆی سەپاندنی ئەو هەموو کۆت و بەندو بارگرانیە زاڵمانەوە دۆخێکیان بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپاندووە کە بەهیچ جۆرێک مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان وەک هاولاتیەکی عێراقی نەکراوەو ئەوەش کارێک دەکات کە حکومەتی هەرێم بەگشتی و وەزارەتی دارایی نەتوانێت بەئەرکەکانی خۆی هەستێت، بۆیە سەرکۆنەی هەموو ئەو گۆڕانکاریە ستەم کارانەیە ئەکەم بەتایبەت دوای ئەوەی زۆربەی تێچوی نەوت و گواستنەوە و قەرزی (تی بی ئای) ….هتد بەبێ تەرخان خراوەتە سەر پشکی کوردستان. بەداخەوە جارێکی تر بەهۆی ناکۆکی و دووبەرەکی ناوماڵی کوردو بەهۆی مزایەدەیەی سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەوە نەتوانرا کێشە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەکان جیابکرێتەوە. ئەو کەش و هەوا ناتەندروستەی لە ئێستادا دروست بووەو دۆخێکی بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاندووە هاوتای ئەنفالێکی ترە کە ئۆباڵەکەی ئەگەر جاران بەتەنیا لە ئەستۆی حزبەکانی دەسەڵات بوبێت، ئەوا لەمەودوا لەئەستۆی هەموو ئەو حزب و هێزو لایەنانەیە کە دەنگیان بە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق داوە. وە ئۆباڵی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگە ئابووریی و داراییانەی کەلەمەودوا بەرۆکی حکومەتی هەرێم دەگرێت لە ئەستۆی ئەوان و حکومەتی عیراقدایە. خۆزگە ئەو هێزو لایەنانەی ناو پەرلەمانی عێراق کە بەناوی شەفافیەت و یەکسانیەوە ئەو هەموو کۆت و بەندانەیان بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپاندووە تەنها لە ١٠/ یان بەرامبەر خۆیان لە عێراق جێبەجێ بکردایە، هەر هیچ نەبێت لە ١٠ ساڵی ڕابردودا بۆ یەک جاریش حساباتی خیتامیان ڕەوانەی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی عێراق بکردایە، بیانتوانیانە ژمارەی سەکۆ نایاساییەکانی بارکردنی نەوتیان سنوردار بکردایە و ملیارەها دۆلارە دزراوەکەی عیراق چارەنوسی دیاری بکرایە سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژانە بەسەدان هەزار بەرمیل نەوت دەبرێت و داهاتەکەی ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی و هەموو گەلی عێراق بە هەرێمیشەوە لێ ی زەرەر مەندە و ئەگەر پێچەوانەکەی بکرایە سەرەڕای دەست خۆشی ئەو کاتە هەر فشارێکیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوایە لێکدانەوەی شۆڤێنیمان بۆ نەدەکرد …. خۆزگە بۆیەکجاریش پەرلەمانتارانی کوردم لە بەغدا ئەبینی تەنها ڕویان لە هەرێم نەبوایە و ئاوڕێکیان لە عێراقش بدایەتەوە ئاخۆ گەندەڵی لێ یە؟
هاوڵاتی یەپەگە رایگەیاند، لە هێرشی دەوڵەتی تورکیادا بۆ سەر شارۆچکەی ئەحداس سێ شەڕڤانیان شەهید بوون. ئەمڕۆ درۆنێکی دەوڵەتی تورکیا لەسەر رێگەی مەراعات و ناوچەی ئەحداسی سەر بە کانتۆنی شەهبای رۆژئاوای کوردستان، ئۆتۆمبیڵێکی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی بۆردومان کرد. لەم بارەیەوە ناوەندی راگەیاندن و پاراستنی گەل (یەپەگە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و هێرشەکەی پشتڕاست کردەوە. یەپەگە لە راگەیەندراوەکەیدا باسی ئەوەی کرد کە هێرشەکە بە درۆن کاتژمێر چوار و ٤٥ خولەکی ئێوارە ئەنجامدراوە و هێزەکانیان کراونەتە ئامانج. یەپەگە دەڵێت، لە هێرشەکەدا سێ شەڕڤان شەهید بوون و دوو شەڕڤانیش بریندار بوون. هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە لە ماوەیەکی نزیکدا ناسنامەی شەڕڤانەکانیان رادەگەیەنن.