هاوڵاتی کەجەکە بێچالاکی کۆتایی پێهێنا و رایگەیاند، هەموو کەسێک بینی کە تاوەکو دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە نەڕوخێت هیچ بەرەوپێشچوونێک نایاتەئاراوە،بۆیەش زیاتر گوڕ بە تێکۆشان دەدەن. هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەرێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، قۆناغی راگرتنی چالاکیەکانیان کۆتایی پێهێناوە، کە دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات رایانگەیاندبوو و لە ماوەی هەڵبژاردنیشدا درێژیان کردبووە. کەجەکە لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لەکاتێکدا کە هێشتا کاریگەری زۆری بومەلەرزە لەئارادابوو، تورکیا پێینایە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. لەم هەڵبژاردنەدا کە هەم گەلی کورد و هەمیش کۆمەڵگای تورکیا بە گرنگی دادەنا، بۆ ئەوە بوار بۆ ئاژاوەگێڕی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە نەرەخسێندرێت و لە هەڵبژاردندا ئەنجامێک لە بەرژەوەندی گەلان و هێزە دیموکراتیکەکاندا بەدەستبهێندرێت، ئێمە هەڵوێستێکی لەو جۆرەمان گرتەبەر کە تا دوای هەڵبژاردن بڕیاری راگرتنی چالاکی درێژبکەینەوە و ئەو بڕیارەشمان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە. بێگومان وەک بزوتنەوەکەمان خوازیاری چارەسەری سیاسیی دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیاین، لەو پێناوەشدا تێدەکۆشین. هەربۆیە ئەم هەڵوێستەمان لە هەمان کاتدا پشتگیرییەک بوو بۆ سیاسەت و پرۆسەی سیاسی. کەجەکە وتیشی، " بە گوێرەی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مرۆیی، هەروەها بۆ رێگریی لە ئاژاوەگێڕیی لە کاتی هەڵبژاردندا، بە مەبەستی بەهێزکردنی بواری کایەی سیاسی ئێمە ئەو بڕیارەمان دابوو. بەڵام سەرباری ئەو بڕیارەش زیاتر لە چوار مانگە هێرش و کۆمەڵکوژی لەسەر هێزەکانمان و گەلەکەمان زیاتر بوون و درێژەیان پێدرا، گۆشەگیری لە سەر رێبەرمان زیاتر دژوارکرا. لە سلێمانی بە کوشتنی هاوڕێمان باران ئاڤرێل (حسێن ئاراسان) ئاشکرا بوو کە ئاکەپە-مەهەپە لە دژی بزوتنەوەکەمان و گەلەکەمان دەستی بە شەپۆلێکی نوێی هێرش کردووە. پێویستە کە لە دژی ئەو هێرشانە لە هەموو شوێنێک تێکۆشانی چالاک بەڕێوەببرێت و گورز لە دوژمن بوەشێندرێت. لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە، ئێمە رایدەگەیەنین لەمرۆ بەدواوە کۆتایی بە بڕیاری وەستاندنی چالاکی دەدەین."
هاوڵاتی بەهۆی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرێکەوە، ٢٢ سەربازی ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان بریندار بوون. فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سەنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە ١١ی ئەم مانگەدا لە رۆژئاوای کوردستان، بەهۆی کەوتنەخوارەوە هێلیکۆپتەرێکیانەوە ٢٢ سەربازی ئەمریکی بریندار بوون. راشیگەیاند، لە ئێستادا سەربازەکان چارەسەر وەردەگرن و ١٠ کەسیان تەندروستییان باشە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و وتی، لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە بەردەوامە.
ئێران دەستی بە تۆپبارانی ناوچە شاخاوییەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان کردوە و سەرچاوەکانی هەواڵی ئەو بەشە لە کوردستان ئاماژەی بەوە دەکەن سوپای پاسداران لەشێوەی لەشکرکێشی جموجۆڵەکانی زیاد کردوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە: سوپای پاسدارانی ئێران لە 24 کاتژمێری رابردودا ناوچەکانی شاهۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستانی تۆپباران کردوە و دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رەوانەی ئەو شارانە کردوە. رێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوە کردوە کە دوێنێ دووشەممە سوپای پاسداران ناوچە شاخاوییەکانی شاهۆ لە نێوان شارەکانی سەوڵاوا و روانسەر و پاوە-ی بە چڕی تۆپباران کردوە و دواتر هێزی زۆری سەربازیی بۆ ئەو ناوچانە گواستوەتەوە. رێکخراوەکە رایگەیاندوە؛ رون نەبوەتەوە کە هیچ جۆرە پێکدادانێکی سەربازیی لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ هێزێکی دیکەی سەربازیدا روی دابێت تەنها لەگەل بۆردومان و تۆپباراندا چەکی قورس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ناوچەکانی نێوان رۆژهەڵات و هەرێم گوازراوەتەوە. باڵی سەربازیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ لە ناوچەکانی شاهۆ لە رۆژهەڵات پێکدادانە لە نێوان گەریلاکانی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) و سوپای پاسدارانی ئێران رویداوە و لەو شەڕەدا ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژراوە. لە لایەکی دیکەوە ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو (خۆکوژ) هێرش کراوەتە سەر سێ ناوچەی شاخاویی نزیک شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا. پێشتر رۆژنامەی هاوڵاتی لە زاری سێ سەرچاوە لە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردبوەوە کە سوپای پاسداران لە ماوەی هەفتەی رابردودا دەستی کردوە بە جموجۆڵی سەربازیی و سەکۆی موشەکیی لەو ناوچانەی رۆژهەڵات جێگیر کردوە کە سنوریان بە هەرێمی کوردستانەوەیە.
بەهۆی بارنبارینەوە بەربومی کشتوکاڵیی سنە زۆر دەبێت و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن گەنم بدورێتەوە. بەڕێوبەری کشتوکاڵی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ ئەمساڵ بەهۆی بارانبارین و روبەڕوبونەوەی مێروە زیانبەخشەکان بەربومی پارێزگاکە 20% زیادی کردوە و 10%ی کۆی گەنمی ئێران لە سنە بەرهەم دەهێنرێت. ئاماژەی بەوە کردوە کە زیاتر لە دوو ملیۆن و 356 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی لە سنە هەیە کە 130 هەزار دۆنمی بەرئاوە و 88%ی کۆی زەوییە کشتوکاڵییەکان دێمە. بەڕێوبەری کشتوکاڵی سنە وتویەتی: پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی ناوچەکانی ئەو پارێزگایە بگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن و سایلۆکانیش توانای لەخۆگرتنی 920 هەزار تۆن گەنمیان هەیە. بە وتەی ئەو: 82 ناوەندی کڕینی گەنمی جۆتیاران لە سنە هەیە و خاوەنی گەورەترین کۆگا و سایلۆی گەنمە لە ناوچەکە چونکە زۆرترین گەنمیش هەر لەو پارێزگایە بەرهەم دەهێنرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بە هاوبەشی وەزیری کار و کارواری کۆمەڵایەتی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا، لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵ لەسەر شەقامەکان. کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ڕایگەیاند، ئامارى تەواو لەبەردەستدا نییە لەبارەى زانینی ژمارەى ئەو منداڵانەى لەسەر شەقام کاردەکەن، بەڵام لە سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەرین و گەرمیان هەزار و ٤٦٦ منداڵ هەن کە کاردەکەن. ئاماژەى بەوەشکرد، لە شاری هەولێر و دهۆک لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەهەوڵدان بۆ ئەوەی ئاماری منداڵانی کارکەرمان دەستبکەوێت. کوێستان محەمەد وتیشى، لە سلێمانی هەزار و ١٠، لە هەڵەبجە ١٢١، لە ڕاپەڕین ١٢٤، لە گەرمیان ٢١١ منداڵى کارکەر لە وەزارەتى کاروبارى کۆمەڵایەتى تۆمار کراون. هاوکات ناسک ئیسماعیل، سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ئاماژەى بەوەشکرد، ساڵى ڕابردوو لە دهۆک ٥٢٢ منداڵ و لە سلێمانی ١٨٠ منداڵ لە کارکردن دوورخراونەتەوە و دیسانەوە خراونەتەوە بەرخوێندن و چاودێریی کراون.
هاوڵاتی ئەمرۆ ژمارەیەکی زۆر لە خاوەن پیشەوەرانی دهۆک رێگای سەرەکی دهۆک و هەولێر یان داخست، ئەوەش بەهۆی داخستنی دوکانەکانیان لەلایەن شارەوانی دهۆکەوە. ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک بە هاوڵاتی ی وت"خاوەن پیشەوەرانی دهۆک ئەوانەی دوکانەکانیان پشت پێشانگای ئۆتۆمبێلەکانە زیادە ڕۆیییان کردوە ". وتیشی" بۆ نموونە شارەوانی 50 مەتری پێداوە بۆ دروستکردنی دوکانێک بەڵام دوو سێ دووکانی تر دروستکردوە بۆیە شارەوانی دهۆک هەڵساوە بە داخستنی دوکانەکانیان" " حکومەتی هەرێم زەوی بەشێوەی وەبەرهێنان داوەتە نزیکەی هەزار کەس بۆ دروستکردنی دوکان، لە ئێستاد شارەوانی دەڵێت هەر کەسێک زیادە ڕووی کردبێت دوکانەکەی دادەخرێت ئەوەش ناڕازایی تۆند بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەو کەسانەی لەو شوێنە ئیش دەکەن ژمارەیان نزیکەی هەزار کەسە، ئەوان سوورن لەسەر بەردەوامی ناڕازایی تا کێشەکەیان بۆیان چارەسەر بکرێت. ئیسماعیل مستەفا ووتیشی"ئەمرۆ نوێنەرانی ئەو دووکانانە لەگەڵ بەرپرسی یاسایی شارەوانی کۆبوونەوەیان کردوە، ئیدارەی پارێزگای دهۆک لەسەر خەتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە"
هاوڵاتی محهمهد شیاع سودانی، سەرۆکی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێداچونەوە بەو بڕگانەی دهکات کە لە بودجەدا هەموارکراون، هەروەها دیراسەی دهکات ئایا تا چەند لەگەڵ دید و ئامانجە جۆراجۆرهکانی حکومەت لە پرۆگرامی ویزاری پەسەندکراوی لهلایهن پەرلەمانهوه گونجاون. محهمهد شیاع سودانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی پەسەندکردنی بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025، رایگەیاند، "ئەو بودجەیەی کە ئەنجومەنی وەزیران لە 13ی ئازاری ڕابردو دەنگی لەسەر داوه، ئەو کارهلهپێشیانهی لەبەرچاو گرتوە کە پهیوهستن بهپێداویستییە سەرەکیهکانی تاک و خێزان و بژێوی هاوڵاتیانهوه، حکومهت هەوڵدەدات خواستەکانیان بهوهی چاوەڕێی دەکەن لە حکومەت بهدیبهێنێت لە پڕۆژەکانی خزمهتگوزاری و ئاوهدانکردنهوه و ژێرخانی ئابوری". سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بە پێشكێشكردنی بودجەی سێ ساڵی، حکومەتەکەی داكۆكی لهسهر دیدگەی "چاکسازی كردووە. ئەم دیدگایە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کارکردن و پەرەپێدان به داهاتە نانەوتییەکان و پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت دووپاتدەکاتەوە". سوودانی باسی لەوەش کردووە کە حکومەتەکەی پێداچوونەوە بەو بڕگانەی پڕۆژەیاساکەدا دهكات کە دوای دەنگدانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەماندا هەموار کراون و دواتر پەسندکراون. دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (12-6-2023) پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 دا و بڕیارە رادەستی سەرۆککۆماری عێراق بکرێت.
هاوڵاتی پەرلەمانتارێکی پارتی چەپی سەوز رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیەکان کە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێن، لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ کاندیدی خۆیان دەبێت. مەراڵ دانش بەشتاش پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) کە پێشتر سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە بوو لە پەرلەمانی تورکیادا بەشداری لە بەرنامەیەکی کەناڵێکی تورکیدا کرد و ئاماژەی بە پرسەکانی رۆژ، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پلانی پارتەکەی بۆ داهاتوو کرد. لە وڵامی پرسیاری "ئایا لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا کاندیدی خۆیان لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ دەبێت یان نە؟" بەشتاش رایگەیاند، مافی ئەوانە کە کاندیدیان هەبێت. لایەنگریانیان رەخنەیان لێگرتبوو کە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بۆچی کاندیدیان نەبووە، بەڵام ئەم جارە جیاواز دەبێت. بەشتاش رەخنەی لە کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری و کاندیدی ئۆپۆزسیۆن گرت کە خۆشیان دەنگیان پێدابوو و وتی، " لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە بەشێک لە هاوپەیمانی گەل نەبوویین، بەڵام دەنگمان بە کلچدارئۆغلۆدا. کلچدارئۆغلۆ بەڵێنی بە هەندێک پارت دابوو کە وەزارەتیان پێبدات کە رێژەی دەنگیان ١٪ بوو، بەڵام لە پارتەکەمان دوور کەوتەوە. ئەمەش لەنێو لایەنگرانماندا بووە هۆی نارەزایەتی. دەنگدەرانمان رەخنەیان لە ئێمە گرت. لە پارێزگا کوردیەکان کلچدارئۆغلۆ دەنگێکی خەیاڵی بەدەست هێنا. ئەگەر ئێمە نەبووینایە کلچدارئۆغلۆ نەیدەتوانی ئەم دەنگە بەدەست بهێنێت، بەڵام خۆی لە ئێمە بە دوور گرت." پەرلەمانتارەکەی پارتی چەپی سەوز رەخنە لە پارتی کرێکارانی تورکیاش گرت کە لە هەڵبژاردندا هاوپەیمانی ئەوان بوو و وتی، " سەرۆکی پارتی کرێکارانی تورکیا دوای هەڵبژاردن وتی، 'ئێمە لەگەڵ کوردەکان بووین بۆیە دەنگێکی کەممان بەدەست هێنا'. دەیانەوێت خۆیان لە کورد دوور بخەنەوە. ئەم هەڵوێستە راست نییە. ئێستا کۆبونەوەی لایەنەکانی بەشدار لە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی هەیە. دوای کۆبونەوەکە هەر لایەنێک بڕیاری خۆی دەدات."
هاوڵاتی تورکیا دەوروبەری شاروچکەی تەل رەفعەتی رۆژئاوای کوردستانی تۆپباران کرد. ئەمڕۆ کاتژمێر ٩ی بەیانی تورکیا دەوروبەری شاروچەکی تەل رەفعەتی کانتۆنی شەهبای رۆژئاوای کوردستانی تۆپباران کرد. ئاژانسی هاوار نیوزی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە درۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا بە بەردەوامی لەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەگەڕێن، بەڵام باسی زیانەکانی تۆپبارانەکەی نەکردووە. دوێنێش دەوڵەتی تورکیا گوندەکانی بێلونیێ و دەوروبەری تەل رەفعەتی تۆپبارا کردبوو. بەگوێرەی زانیاریەکان زیاتر لە ١٠٠ گولە تۆپ بەر ناوچەکە کەوتوون. تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و هێزە سەربازیەکان هیچ ئامارێکیان لەم بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
کرماشان یەکێکە لە پارێزگایانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە زیاترین زەویی کشتوکاڵی هەیە و بەرهەمەکانیشی دەگاتە نزیکەی چوار ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا. جێگری بەڕێوبەری بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند؛ ئەو پارێزگایە خاوەنی زیاتر لە سێ ملیۆن و 600 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵییە کە دوو ملیۆن و 800 هەزار دۆنمی دێمە و نزیکەی 781 هەزار دۆنمیشی بەرئاوە. ئاماژەی بەوە کردوە ؛ کرماشان خاوەنی خاکێکی بەپیتە کە زۆر گونجاوە بۆ کشتوکاڵ بە جۆرێک کە زۆربەی روەک و درەختی بەردار لە ناوچەکەدا دەڕونرێت و بەرهەمی دەبێت. بە پێی ئامارەکانی ئێران نزیکەی 6%ی کۆی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەو وڵاتە لە کرماشان بەرهەم دێت و بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانە هەناردەی دەرەوە دەکرێت. ساڵی رابردو بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی کرماشان لە دانەوێڵە تا میوە و سەوزە گەیشتوەتە سێ ملیۆن و 800 هەزار تۆن. کرماشان نزیکەی 330 کیلۆمەتر سنوری بە باشوری کوردستانەوە هەیە و بەشێکی بەرچاو لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی بۆ هەرێم و عێراق هەناردە دەکرێت.
هاوڵاتی دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە دا و رەوانەی بەردەستی سەرۆککۆماری عێراق دەکرێت. بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ بودجە تەرخانکراوە بۆ ساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە. ئەمە یەکەم جارە لەدواى ساڵى 2021ـەوە پەرلەمانى عێراق بودجەى گشتى پەسند دەکات. شەوی رابردوو تا بەیانی ئەمرۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر ماددەکانی پرۆژە یاسای بودجە لە کۆبوونەوەدا بوو لە ماددەی ٤٢ دەستیپێکرد و تا ماددەی ٦٨ی یەکلاکردەوەو تەنھا ماددەی ٤٢ی لابرد کە تایبەت بوو بە دانانی باج لەسەر بەرھەمی سوتەمەنی و سوتەمەنی ھاوردەکراو، بە پێی ماددەی٦٨ لەدوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی رەسمی لە یەکی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ ەوە یاساکە کاری پێدەکرێت. ھەر لە دانیشتنەکەدا، ھەروەھا ژمارەیەک ماددە بۆ پرۆژە یاساکە زیادکران کە تایبەت بوون بە بودجەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ ئەنجومەنی زانکۆکان و خوێندنی باڵا لە زانکۆ و پەیمانگا ئەھلییەکان، ھەروەھا بە پێی ماددەیەکی زیادکراو کار بە ھیچ یاسا و رێنماییەک ناکرێت کە پێچەوانەی یاسای بودجە بێت. دواتر ماددەکانی١٥ ١٦ و ١٧ و ١٨ کە بەھۆی ناکۆکییەوە دواخرابوون خوێندرانەوەو دەنگیان لەسەردرا. لەھەر لە کۆبوونەوەکەدا دەنگدرا لەسەر ھەمواری چەند بڕگەیەکی ماددەی ٢ ، ھەروەھا ماددەی ٥٧ کە تایبەتە بە وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و ژینگە بۆ دروستکردنی پرۆژە. لەسەر ماددەی ١٥ کە تایبەت بوو بە دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست کێشە لە نێو پەرلەمانتاراندا دروستبوو دوای راگرتنی کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی زیاتر لە یەک سەعات ماددەکە ھەموارکرایەوەو خرایە دەنگدانەوە، بەڵام ھەموارەکە رەتکرایەوەو دەقە بنەڕەتییەکەی حکومەت ھێڵرایەوە، سەرئەنجام گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پەرلەمانتارانی سونە و شیعە دروستبوو، جارێکی تر ماددەی ١٥ خوێندرایەوەو دەنگدرا لەسەر بڕگەی گرێبەستکردن لەگەڵ ١٥٠ ھەزار ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە پارێزگاکان بە مووچەی مانگانەی ٣٠٠ ھەزار دینار. ھەروەھا دەنگ لەسەر چەند ماددەیەکی نوێ درا لەوانە زیادکردنی مووچەی ھێزەکانی سەحوە لە ٢٥٠ ھەزار دینارەوە بۆ ٥٠٠ ھەزار دینار، جیاوازی مووچەی حەشدی شەعبی ، گۆڕینی گرێبەستی ٣ ھەزار کارمەندانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن بۆ گرێبەستی کارپێکردن، تەرخانکردنی ٥٠ ملیار دینار بۆ ھێڵی ئاسمانی عێراق. لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەشدا کە بڕیاربوو دەنگ لەسەر گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بدرێت، برگەکە دەنگی نەھێناو سەرئەنجام دوای ٥ رۆژ لە دەنگدان پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەندکران. بڕیارە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى رەوانەى سەرۆککۆمار بکرێت بە مەبەستى پەسندکردنى و ناردنى بۆ رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بۆ ئەوەى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. هاوکات پەیوەست بە پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران کە لە پڕۆژەدا رەتکرایەوە و دەنگی نەهێنا، موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتو لە پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا وتی، "ئێمە بینیمان هەستێکی ناتەبا و نەیار لەگەڵ خەڵکی کوردستان بو، زۆرێک لەو پەرلەمانتارانەی نەتەوەکانی تر کە لەکاتی جیا جیا وتویانە ئێمە کێشەمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم و هەردو پارتی دەسەڵاتدار هەیە لەگەڵ خەڵکی هەرێمین، بەڵام بەداخەوە بەوشێوەیە نەبو، هەڵوێستی زۆر جێگەی سەرنج بو زۆر نەیار و ناتەبا بو، کاتێک بابەتەکە خرایە دەنگدانەوە هەمویان دەنگیان پێنەدا، رەنگە بڵێم کورد و ژمارەیەکی زۆر کەم لە نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکە دەنگیان پێدا".
هاوڵاتی بۆ گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران پێشنیازێكی نوێ کراوە، بۆئەوەی ئەگەر پابەندكردنی حكومەتی هەرێم یان بەهاوبەشی پابەندكردنی بەغدا و هەرێم بۆ دانەوەی پاشەكەوت سەریان نەگرت، ئەو پێشنیازە بخەنە دەنگدانەوە و بكرێتە ماددەیەكی پرۆژەیاسای بودجە. سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر پێشنیازی یەكەمی پرۆژەیاسای بودجە كە تایبەتە بەپابەندكردنی حكومەتی هەرێم بۆ گێڕانەوەی 10%ی پاشەكەوتی موچە دەنگی لەسەر بدرێت، حكومەتی هەرێم دەتوانێت بڵێت ناتوانم لەو بودجەیەی بۆم رەوانە دەكرێت قەرزی پاشەكەوتی موچە بدەمەوە، لەهەمانكاتیشدا ئەگەر پێشنیازی دوەم كە رێژەی 12%ی پاشەكەوت و پابەندكردنی هەرێم و بەغدایە دەنگی لەسەر بدرێت، وەزارەتی دارایی دەتوانێت تانە لەو گۆڕانكاریانە بدات كە بارگرانی لەسەر حكومەت دروستكردوە، پەرلەمانیش بەبێ رەزامەندی حكومەت ناتوانێت بارگرانی دارایی دروستبكات. ئاماژەی بەوەشكرد، "پێشنیازە نوێیەكە ئەوەیە لەو زیادەیەی لە نەوت بەرمان دەكەوێت چونكە پێشتر زیادەی نەوت بەهەرێم نادرا، بەجۆرێكی دیكە لەدوای 70 دۆلاری نەوت، ئەگەر نرخەكەی زیاتر بو، لەو زیادەیە پارەی پاشەكەوتی موچە بدرێتەوە". سۆران عومەر ئاشكراشیكرد، "رێگە نەماوە، دەبێت هەوڵی دەنگدان بۆ یەكێك لەپێشنیازەكان بدەین، چونكە دو پێشنیازەكەی دیكە رەنگە جێبەجێنەكرێن یان تانەیان لێ بدرێت"
هاوڵاتی لەسەرەتای بڵابوونەوەی تای نەخۆشی خوێن بەربوون تا ئێستا لە دهۆک دوو کەس توشی نەخۆشی خوێنبەربوون بوون و یەکیکیان گیانی لەدەستداوە. دکتور فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەشی پاراستن لەبەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک بە هاوڵاتی وت" لیژنەی باڵای نەخۆشی تای خوێنبەربوون بەسەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک لەگەڵ بەرێوەبەری بەشی نەخۆشیەکانی گوازراوە و بەرێوەبەری دەرمانخانەکان و بەڕێوەبەرانی تەندروستی قەزاکان پێکهێنراوە". وتیشی،" کاری لیژنەکە بەدواداچوونە بۆنەخۆشیەکەو هەوڵی ڕێگریکردنە لە بڵاوبونەوەی وهەرکەسێک توشببێت چارەسەری پێویست بۆی دەکرێت" دکتورفەرهاد ئیسماعیل ووتیشی"تا ئێستا تەنها دوو کەس توشی ئەم نەخۆشیە بوون، یەکێک یان خەڵکی ناحیەی باشیک بۆ سەر بەپارێزگای نەینەوا بوو گیانی لەدەستدا، توشبووی دووەم خەڵکی کۆمەڵگای سیریێ بوو سەربەقەزای ئامێدی دۆخی ئەو جێگیرە و گەڕاوەتەوە ماڵەوە." ئەوەشی ڕونکردەوە،" دەرمان و هەموو پێداویستییەکانی تایبەت بە نەخۆشیەکە لە سنوری پارێزگای دهۆک بەردەستن"
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە پڕۆژەی دەرو سیتی لە گەڕەکی راپەڕین تاوەرێک دەکەوێت بەسەر چەند کرێکارێکدا تاوەکو ئێستا لانیکەم سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. بەهۆی رووخانی تاوەرێك لە پڕۆژەی دەروو سیتی ، سێ کرێکار گیانیان لەدەستدا و دوو کرێکاریش برینداربوون. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاگوزاریی سلێمانی ڕایگەیاند: لە پڕۆژەی دەروو سیتی لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی، تاوەرێک دەکەوێت بەسەر چەند کرێکارێکدا بەوهۆیەوە چوار کرێکار گیانیان لەدەستداوە و دوو کرێکاری دیکەش برینداربوون.
هاوڵاتی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق و دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕالی بڕیاریدا و دەشڵێت: تەواوی تموحاتی ئێمە لە بوودجەدا نەهاتووە مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، سەرەڕای ئەوەی تەواوی تموحاتی ئێمە لە بوودجەدا نەهاتووە چونكە دەبوو ئەو دەقەی بوودجە كە لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاری لێدرابوو دەست كاری نەكرابوایە، بەڵام لەپێناو دەستكردنەوەی حكومەت بۆ بابەتی مووچە و بەردەوامی وەبەرهێنان و، بەردەوام نەبوونی كێشەكان بڕیارماندا رەئی بە پەسەندكردنی بوودجە بدرێت. دەقی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی: پارتیمان لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ژیان و بژێوی هاووڵاتیانی كوردستان هەوڵی زۆریدا كە ماددە و بڕگەكانی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ ـی عێراقی فیدراڵ بەگوێرەی ئیستحقاقاتی دەستووری و ڕێكکەوتنی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی كابینە و، ڕێكکەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بێت و، شایستە داراییەكان بۆ حكومەتی هەرێم دابین بكرێت. لەلایەكی دیكەوە زۆر بەجدی هەوڵیدا ئەو پیلانەی کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو لە ئارادا بوون بۆ دەستوەردان لە سەروەری هەرێم و بچووككردنەوە و لێكترازانی قەوارەی هەرێم و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی كە لە دەستووردا جێگیركراون، پووچەڵبكاتەوە. سەرەڕای ئەوەی تەواوی تموحاتی ئێمە لە بوودجەدا نەهاتووە چونكە دەبوو ئەو دەقەی بوودجە كە لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاری لێدرابوو دەست كاری نەكرابوایە، بەڵام لەپێناو دەستكردنەوەی حكومەت بۆ بابەتی مووچە و بەردەوامی وەبەرهێنان و، بەردەوام نەبوونی كێشەكان بڕیارماندا رەئی بە پەسەندكردنی بوودجە بدرێت. لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی هەڤاڵانی فراكسیۆنی پارتیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و کوتلەی وەزاری پارتیمان لە حكومەتی فیدراڵ بكەین كە بەوپەڕی دڵسۆزی و ماندوونەناسانە ڕۆڵی خۆیان بینیوە و، داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەین. مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ١١ـی٦ـی٢٠٢٣