هاوڵاتی لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان و بەهۆی زیاد وەرگرتن و بەکرێدانی شەقامی گشتی، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هەرسێ پارکی ئۆتۆمبێلەکانی پرۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند دادەخات. رائیدی هاتوچۆ دانا عوسمان سەرۆکی لیژنەی هاتوچۆ لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، "لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان کە لە قائیمقامیەتی سلێمانی تۆمارکراوە، لەرۆژی جیهانی مناڵاندا، پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند نرخی وەستانی ئۆتۆمبێلی بەرزکردوەتەوە بۆ سەرو دو هەزار دینار، بۆیە لەلایەن لیژنەی هاتوچۆی سەر بەلیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانییەوە پسوڵەی سەرپێچی بۆکراوە. وتیشی، "لەکاتی سەردانی لیژنەکە بۆ پارکەکانی چاڤیلاند، دەرکەوتوە کە شەقامە گشتییەکانی چواردەوری پڕۆژەکەی وەک پارکی وەستانی ئوتومبێل بەکارهێنراوە و کرێییەکی زۆریش لە شۆفێران وەرگیراوە". هەروەها، یەکێکی دیکە لە سەرپێچییەکانی پارکەکانی چاڤیلاند، هەبونی بڕێکی زۆری قەرزەی قائیمقامیەتی سلێمانییە کە بەهۆی تۆمارکردنی سەرپێچییەکی زۆری ساڵانی پێشوە کەپابەندی مەرجەکانی کارکردن نەبوە و غرامەی بۆ نوسراوە. رائیدی هاتوچۆ دانا عوسمان، سەرۆکی لیژنەی هاتوچۆ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی هەرسێ پارکی وەستانی ئوتومبێلەکانی پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند دادەخرێت و روبەڕوی رێکارە یاساییەکانیش دەکرێنەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و چەند تەوەرێکی تر دەکات. فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ خستنەڕووی دواپێشھاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ - ٢٠٢٥، بابەتی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەکەدا چوار تەوەر تاوتوێ دەکرێن: تەوەری یەکەم، تایبەت دەبێت بە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوە. تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لە کاتێکدایە، کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە دیاریکراوە کە سبەی پێنجشەممەیە، بەڵام هێشتا کۆی پڕۆژەیاساکە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەدراوە. هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران داڕشتنی کۆدی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان و رێنمایی نوێی شارەوانی بۆ پلانسازی و تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان تاوتوێدەکەن. ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی دیاردەکانی سیمکارتی بێخاوەن، ئۆتۆمبیلی تۆمارنەکراو و چەکی بێمۆڵەت، ھەروەھا بابەتی دەستنیشانکردنی قەدەغەکراویی رێگە گشتییەکان لە دەرەوەی شارەکان و بەرگرتن و لابردنی زێدەڕۆییەکان دەخرێتەڕوو.
هاوڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا هەولێر و بەغدا لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن لەبارەی رێکارەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل. باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "بە ئامانجی جێبەجێکردنی بڕیاری 215ی ساڵی 2009 کە پەیوەستە بە رێکاری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنێت لە فەرمانگەکانی هاتووچۆی گشتی و گومرگ و هاوتاکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق." لەبارەی ئامانجی لیژنە هاوبەشەکە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی "لیژنەکە پڕۆژەبڕیارێک ئامادەدەکات لەبارەی رێکار و رێنوێنییەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل کە ناوەند و هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەسەر بکەن بۆ گەرەنتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە." ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی ئەنجومەنی وەزاری بۆ وزە پەسەندکردووە، کە تایبەتە بە بەکارھێنانی غاز وەک سوتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێل، بە ئامانجی گێڕانەوەی ھاوسەنگی بۆ نرخی سوتەمەنی لە عێراق. رۆژی پێنجشەممە، 5-1-2023، وەزارەتی پلاندانانی عێراق دوایین ئاماری لەبارەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەوە لە عێراق راگەیاند، بەپێی ئامارەکە، لە کۆتایی ساڵی 2022دا حەوت ملیۆن و 460 هەزار ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەکاتێکدا ژمارەی ئۆتۆمبێل لە ساڵی 2021دا حەوت ملیۆن و 27 هەزار ئۆتۆمبێل بووە، واتە بەڕێژەی 6٪ زیادیکردووە. بەپێی وەزارەتەکە، بۆ هەر هەزار کەس، 128 ئۆتۆمبێل هەیە و هەر کیلۆمەترێک رێگەی قیرکراویش 127 ئۆتۆمبێلی بەردەکەوێت.
شەنای فاتیح تای خوێنبەربوون لەهەرێم و عێراق بڵاوبووتەوەو دوو كەسییش لەهەولێرو دهۆك گیانیان لەدەستداوە و كۆی گشتی چوار حاڵەتی توشبوون بەتای خوێنبەربوون لەهەرێم بوونی هەیە، بەڵام لەسلێمانی هێشتا هیچ حاڵەتێك تۆمارنەكراوە. تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی (VHF) كۆمەڵێك نەخۆشییە كە بەهۆی چەند ئەندامێكی سەر بەیەك خێزانی ڤایرۆسەوە دروستدەبێت. زاراوەی «تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی» ئاماژەیە بۆ حاڵەتێك كەكاریگەری لەسەر زۆرێك لەسیستەمی ئەندامەكانی جەستە دەبێت و زیان بەكۆی سیستەمی دڵ و خوێنبەرەكان دەگەیەنێت و توانای كاركردنی جەستە لەسەر خۆی كەمدەكاتەوە. نیشانەكانی ئەم جۆرە حاڵەتە دەتوانن جیاواز بن، بەڵام زۆرجار بریتین لەخوێنبەربوون یان خوێن تێزان. بەپێ راپۆرتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ لەعێراق لەكۆی ١١٥ گومانلێكراو ٩٧ نەخۆش پشتڕاستبووەوە كەهەلگری ڤایرۆسەكەن و لەكۆی ٩٧ نەخۆشەكەش ٢٧ كەسیان گیانیان لەدەستدا. سەگڤان دۆسكی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی لەپارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» گەنجێكی تەمەن ٢٧ ساڵ كەپیشەی شوان بووە لەگوندێكی بەعشیقەی سەر بەشاری موسڵ، ماوەی سێ رۆژە بەگومانی پەتای خوێنبەربوون لەنەخۆشخانەی دهۆك چارەسەری وەرگرتووە، بەڵام لەنەخۆشخانەی ئازادی گیانی لەدەستدا». هاوكات سامان لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە تائێستا هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان و تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لەسلێمانی تۆمارنەكراوە. وەزارەتی تەندروستی و كشتوكاڵی هەرێم چەند رێكارێكیان بۆ بەرگریكردن لەبڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە گرتووەتەبەرو وەزارەتی تەندروستی لەئاستی باڵا ژووری عەمەلیاتی پێكهێناوەو رێنماییی بۆ هاووڵاتیان بڵاوكردووەتەوە بۆ خۆپاراستن لەنەخۆشییەكە. هەروەها لەپارێزگای كەركوك تائێستا دوو حاڵەت پشتڕاستكراوەتەوەو تەندروستی شارەكە هۆشداری و رێنمایی بڵاوكردووەتەوە.. دكتۆر سۆما محەمەد، پزیشكی هەناوی بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو كە تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گوازراوەیە، كاتێك تووشی مرۆڤ دەبێت دەبێتەهۆی دەركەوتنی چەندین نیشانەو نەخۆشی تر، ئەو ڤایرۆسە زۆربەی كات بەهۆی مێشوولە (گەنە)ی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە لەئاژەڵەوە (مانگا، بزن، مەڕو مەیموون، هتد) بۆ مرۆڤ. بەوتەی ئەو پزیشكە نیشانەكانی تای خوێنبەربوون بریتین لە:(تاو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، سەرئێشە، ملهێشەو مل رەقبوون، قوڕگ هێشە، سوربوونەوەو خوێن تێزان لەسپێنەی چاو، زەردبوونی پێست یان سپێنەی چاو (زەردوویی)، پشت هێشە، لەش داهێزران و بێتاقەتی، سەرگێژخواردن، خاوبوونەوە یان خێرابوونی لێدانەكانی دڵ، ئازاری ماسولكەو جومگەو ئێسكەكان، رشانەوەو هەندێك كاتیش سكچوون، خوێنبەربوون لەدەم و لوت و گوێ). بەوتەی ئەو پزیشكە ئەم نەخۆشییەی كەئێستا لەكوردستان و عێراق باوە بەهۆی ڤایرۆسی Crimean-Congo fever لە خێزانی Bunyaviridae لەڕەگەزی Nairovirus. لەكاتی سەربڕین و بەركەوتن و خواردنی ئاژەڵێكی هەڵگری ڤایرۆسەكەو بەریەككەوتن لەگەڵ جرج و مشك و گواستنەوە لەمرۆڤەوە بۆ مرۆڤ هەیەو لەڕێگەی بەركەوتن بەخوێن و لیك و شلەی كەسی بەركەوتوو. لەبارەی ئەوەی چەند رۆژ دوای بەركەوتن نیشانەكان دەردەكەون، ئەو پزیشكەی هەناوی باسی لەوەشكرد كەڤایرۆسەكە زیان بەدیواری موولوولەكانی خوێن دەگەیەنێت و لەهەمانكاتدا دەبێتەهۆی كەموبونەوەی خوێن مەینی سروشتی مرۆڤ، لەئەنجامدا تووشی خوێنبەربوونیان دەكات، دەكرێ زیان بەژیانی كەسەكە بگەیەنێت یان بیكوژێ بەهۆی خوێنبەربوون لەئەندامەكانی ناوەوەی جەستە، یان لاوازبوون و وەستانی گورچیلە، یان جگەرو سییەكان. دەربارەی چۆنیەتی دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە، دكتۆر سۆما ئەوەشی روونكردەوە كەدەستنیشانكردنی ئەو نەخۆشیە بەشێوەیەكی سەرەكی بەهۆی دەركەوتنی نیشانەكانەوەیە، كۆمەڵێ پشكنینی تاقیگەیش هەن كەدەتوانن دەستنیشانی ڤایرۆسەكە بكەن لەڕێگەی هەندێك پشكنینی تاقیگەیی زنجیرەیی پۆلیمەرەیز (PCR) ، یان (antigen detection)یان (serum neutralization)یان (ELISA) دەتوانن لەهەبوونی ئەم ڤایرۆسە دڵنیاببنەوە ئەویش بەوەی ئەگەر ئەنجامی پشكنینەكان ئەرێنی دەرچوون ئەوا پێیان دەڵێت كەسەكە تووشی ڤایرۆسەكە بووە. سەبارەت بەچارەسەری نەخۆشیەكەش وتی:» هیچ دەرمانێك نییە كەبتوانێت ڤایرۆسەكە لەناوببات، بۆیە چارەسەركردن بریتییە لەچارەسەركردنی نیشانەكانی نەخۆشیەكە، لەگەڵ ئەوەی دەرمانێكی تایبەت نیە دژی ئەو ڤایرۆسانە، بەڵام دەرمانی ریباڤرین (Ribavirin) وەكو چارەسەر تائێستا سوودی لێبینراوە». پزیشكانی پسپۆڕ دەڵێن ئەو كەسانەی ئاژەڵدارن و بەركەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵ هەیە، یاخود ئەو كەسانەی لەكوشتارگەی تایبەت بەسەربڕینی ئاژەڵ كاردەكەن مەترسی تووشبوونیان بەم نەخۆشییە هەیە، چونكە لەكاتی سەربڕینی ئەو ئاژەڵانەی كەهەڵگری ڤایرۆسەكەن رەنگە خوێنی ئاژەڵەكە یان پاشماوەكانی ئاژەڵە تووشبوەكە بەر پێستی كەسەكە بكەوێت و لەوێوە ڤایرۆسەكەی بۆ دەگوازرێتەوە. مێژووی دۆزینەوەی ئەو ڤایرۆسە لەمێژینەیەو بۆ یەكەمین جار لەساڵی ١٩٤٤ لەنیمچە دوورگەی كریمییا لەڕۆژهەڵاتی ئەورووپا سەریهەڵداو بە (Crimean hemorrhagic fever) ناسرا، دواتر لەساڵی ١٩٦٩ دووبارە لەكۆنگۆ دەستنیشانكرایەوە بۆیە بە Crimean-Congo- Hemorrhagic fever ناسرا. گەورەترین سەرهەڵدانەوە تائێستا بووبێت لەوڵاتانی كۆنگۆی دیموكرات، ئۆگەندا، سودان و ئەنگۆلا بووە.
هاوڵاتی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 7-6-2023، لە گەڕەكی شەهیدانی سەرچناری سلێمانی، كەسێكی تەمەن 41 ساڵ لە ماڵەكەی خۆیدا کوژرا. پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، "لێكۆڵینەوە دەستیپێكردووە، بەڵام بكوژەكە دەستگیر نەكراوە." بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 2:30 خولەک هێزە ئەمنیەکان و تیمەکانی تەندروستی سلێمانی ئاگادارکرانەوە لەبونی تەرمی هاوڵاتییەک لە ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی کە ئاسەواری گوللـە بەجەستەیەوە بوە. بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو پیاوەی کوژراوە ناوی ( سەمەد عارف تەمەن ٤١ ساڵ ) لە ماڵەکەی خۆیدا بە سێ فیشەک کوژرا، کە فیشەکەکان بەر دەست و سەری و سنگی کەوتووە. هەروەها باوکی سێ منداڵی کوڕە و کاری فرۆشتنی ئاژەڵی دەکرد، دوای ڕوداوەکەش تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی لەوێیە و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە.
بەرپرسێک هۆشداریی دەدات لە ئاستی هەژاریی دانیشتوانی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دەڵێت: فرۆشتنی گورچیلە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل و دابینکردنی پێشەکی خانوی کرێ بوەتە دیاردە. حسێن بیگلەری، سەرۆکی ئەنجومەنی پشتیوانی لە نەخۆشەکانی گورچیلە لە شاری کرماشان رایگەیاند لە ئێستادا بە شێوەیەکی نایاسایی یەک گورچیلە بە 200 بۆ 250 ملیۆن تمەن کە دەکاتە نزیکەی 400 بۆ 500 دۆلار لەو شارە دەفرۆشرێت. بە وتەی بیگلەری، فرۆشتنی گورچیکە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل و دابینکردنی پێشەکیی خانوی کرێ لە کرماشان بوەتە دیاردە و ئەو کەسانەی کە مەبەستیانە گورچیلەیەکیان فرۆشن پێشتر لە دەرەوەی یاسا و رێوشوێنەکانی بەخشینی ئەندامانی جەستە لەگەڵ کڕیارەکان یان وەرگری ئەو ئەندامەی جەستە رێککەوتن دەکەن. سەرۆکی ئەنجومەنی پشتیوانی لە نەخۆشەکانی گورچیلە ئاماژەی بەوە کردوە ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجان بە مەبەستی فرۆشتنی گورچیلە دەچنە وڵاتانی وەک عێراق و ئیمارات و تورکیا. پێشتر رۆژنامەی (جیهانی سەنعەت) لە ئێران ئاشکرای کردبوە کە بەهۆی هەژارییەوە فرۆشتنی گورچیلە لە وڵاتەکە زۆر بوە بەهای یەک گورچیلە گەیشتوەتە 500 ملیۆن بۆ یەک ملیارد دۆلار کە دەکاتە 10 هەزار بۆ 20 هەزار دۆلار. بە پێی یاساکانی ئێران فرۆشتنی گورچیلە رێگەپێدراو نییە بەڵام بە ناوی بەخشینی ئەندامانی جەستە لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان رێککەوتن لە نێوان فرۆشیار و کڕیاری گورچیلە یان ئەندامانی دیکەی جەستەدا دەکرێت.
هاوڵاتی وتەبێژی بەرگری شارستانی ئاکرێ رایدەگەیەنێت؛ دو جوتیاری سنورەکە لەنێو خۆیاندا دەمەقاڵێ و شەڕیان کردوە و دواتر ئاگریان لە دەغڵ و دانی یەکتری بەرداوە و زیانی (30) ملیۆن دیناریان بەرکەوتوە. عەقید ئیبراهیم فەریق، وتەبێژی بەرگری شارستانی ئاکرێ بە هاوڵاتی رایگەیاند؛ دو جوتیاری قەزای ئاکرێ کە رووبەرێکی زۆر گەنمیان چاندوە لە سنوورەکە، بەهۆی کێشەی نێوانیانەوە ئاگریان لە گەنم و زەوی یەکتری بەرداوە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئاگرەکەوە زیانی زۆر بەر زەوی هەردو جوتیارەکە کەوتوە و زیانەکەش بە (30) ملیۆن دینار مەزەندە دەکرێت.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، ئەو هەواڵانە رەتدەکەنەوە ، کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت وەزیری دارایی لە رەشنوسی بودجەی گشتی ساڵی 2023دا گۆڕانکاری کردوە لە رێگەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە. وەزارەتی دارایی عێراق ئەمشەو لە رونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەو زانیاریانە ڕەتدەکەنەوە کە لە رێگەی سۆشیال میدیا و ئاژانسەکانی هەواڵەوە دەسوڕێنەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات (وەزیری دارایی لە ڕەشنوسی بودجەی گشتی ساڵی 2023دا گواستنەوەی کردوە)، کە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامی دەدات. ئەوەش خراوەتەڕو، تەیف سامی جەختی لەوەکردوەتەوە، ئەوەی حکومەت لە پڕۆژەکەدا جێگیری کردوە بەپێی لێکۆڵینەوە و پێویستی وەزارەت و پارێزگاکان بوە، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم مەرجەکان بەپێی دیدگای حکومەت لە بەرنامەی حکومەتەکەیدا، هەر گۆڕانکارییەک دەبێتە رێگر لەبەردەم ئەو کارانەی خەرجکردن کە لەلایەن حکومەتەوە داڕێژراون بۆ دابینکردنی هەمو پێداویستییەکان. ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی حوزەیرانی 2023، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 8ـی حوەزەیرانی 2023 پەرلەمان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی کارنامەکە؛ دانیشتنەکەی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـی عێراق و کاتژمێر 01:00 بەڕێوەدەچێت.
هاوڵاتی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا رایگەیاند تورکیا لە پرۆسەی دادگاییکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانیدا یاساکانی پێشێل کردووە و تورکیای ئیدانە کرد. سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە حەوت ساڵە لە زینداندان، سکاڵایەکیان لەدژی دادوەری تورکیا تۆمار کرد کە لە پرۆسەی دادگاییکردندا مافەکانیان پێشێل کراوە و هاوکاری یاساییان وەرنەگرتووە. دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی سکاڵاکەی دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئاشکرا کرد. دادگاکە رایگەیاند کە لە پرۆسەی دادگاییکردندا بەگوێرەی یاسا ناوخۆییەکانی تورکیا، مافی دەمیرتاش و یوکسەکداغ پێشێلکراوە و وتی، مافی تانە و سکاڵا بە هەردوو کەسایەتیەکە نەدراوە. پارێزەرنی دەمیرتاشیش رایانگەیاندبوو کە بەرپرسانی زندان چاودێری وردی چاوپێکەوتنی پارێزەران لەگەڵ دەمیرتاش و یوکسەکداغ دەکەن و دەست بەسەر بەڵگەی پارێزەراندا دەگرن. 'پێویستە دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئازاد بکرێن' مەراڵ دانش بەشتاش پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لەم بارەیەوە تویتێکی بڵاوکردەوە و وتی، جارێکی دیکە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاریدا کە تورکیا مافی یوکسەکداغ و دەمیرتاشی پێشێلکردووە. چونکە تورکیا بە بارمتە هێشتنەوەی یوکسەکداغ و دەمیرتاش لە زینداندا، بە بەردەوامی یاساکان پێشێل دەکات. بەشتاش باسی ئەوەی کرد کە داواکاری ئازادکردنیان بە بەردەوامی پشتگوێ دەخرێت. بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ جێبەجێکردنی دەستبەجێی یاساکە. هێشتنەوەی دەمیرتاش و یوکسەکداغ لە زینداندا کە ئیرادەی ملیۆنان هاوڵاتین، رەتکردنەوەی ئیرادەی ئەو هاوڵاتیانەیە. پیویستە بۆ ساتێکیش لەبیر نەکرێت، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ بە تەنیا نین.
هاوڵاتی فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد رایگەیاند، حکومەتی ھەرێم داوای لە حکومەتی فیدڕاڵی کردووە، ئەم مانگەش بۆ مووچەی مانگی پێنج بڕێک پارەی بۆ رەوانە بکات. فارس عیسا لەبارەی ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە بە میدیای یەکێتی راگەیاندوە، بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، تاکو پەسەندکردنی بودجە پارە بۆ ھەرێم رەوانە دەکرێت. وتیشی، داوایان لە حکومەتی فیدڕاڵی کردووە، بۆ مووچەی مانگی پێنج بڕێک پارە بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکات و رەنگە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لە ناردنی ئەو پارەیە دەدات.
لە ورمێ وەرزی چنینەوە توی سپی دەستی پێکرد و بەڕێوبەری کشتوکاڵی ئەو پارێزگایەش رایدەگەیەنێت ورمێ خاوەنی زیاتر لە 112 دۆنم باخی توە. سەرپەرشتیاری باخەکان لە بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ لە ئەمڕۆوە چینینەوە بەرهەمی توی سپی لە باخەکانی ورمێ دەست پێدەکات کە بەرهەمەکەی دەگاتە زیاتر لە 175 تۆن. بە وتەی ئەو تەنها لە گوندەکانی سەر بە شاری ورمێ زیاتر لە 72 دۆنم باخی تو هەیە و 24 دۆنم باخی توی پارێزگاکەش دەکەوێتە شاری گوندەکانی شاری خۆی و بەوەش ئەو دوو شارە زیاترین بەرهەمی تویان هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد بەهۆی پڕۆژەی شوێنێ نیشتەجێبون زیان بە ژمارەیەکی زۆری باخی تو لە نزیک شاری ورمێ گەیشتوە و ئەوەش بوەتە مەترسیی بۆ سەر درەختەکانی تو. ورمێ یەکێکە لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە زیاترین توی سپی هەیە و بەشێکی زۆری ئەو توە دوای وشک کردن رەوانەی دەرەوە دەکرێت.
هاوڵاتی یەرەکە باڵی سەربازی پژاک باسی ئەوەی کرد کە لە هێرشەکەی ٤ی ئەم مانگەدا بۆ سەر ئاسۆس لەلایەن درۆنەکێکی تورکیاوە، گەریلایەکیان شەهید بووە. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەبارەی هێرشی درۆنێکی تورکیا بۆ سەر هێزەکانیان لە چیای ئاسۆس لە ٤ی ئەم مانگەدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەی یەرەکەدا هاتووە، " شەوی ٣ لەسەر ٤ی حوزەیران چیای ئاسۆس لەلایەن درۆنێکی دەوڵەتی تورکیاوە بۆردومان کرا. درۆنەکە کاتژمێر ٨ی ئێوارە لە نزیک گوندی گەڵالە هێرشەکەی ئەنجامداوە." یەرەکە دەڵێت، لە هێرشەکەدا گەریلایەک شەهید بوو و ناسنامەکەی لە چەند رۆژی داهاتووەدا بۆ رای گشتی بڵاو دەکەنەوە.
هاوڵاتی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى قەزاى شنگال بەهۆى ناکۆکیی سیاسییەوە پەکى کەوتووە، کەرتى خوێندن و تەندروستى و کارەبا لە دۆخێکى خراپدان و تەنیا 96 قوتابخانەى قەزاکە کراونەتەوە. رێکخراوى چاودێرى مافەکانى مرۆڤ (هیومن رایتس وۆچ) ئەمڕۆ سێشەممە راپۆرتێکى لەبارەى دۆخى قەزاى شنگال لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەداوە پرۆژەى ئاوەدانکردنەوەى شنگال وەستاوە، هۆکارەکەشى بۆ ناکۆکی سیاسی لەسەر بەڕێوەبردنى قەزاکە گەڕاندووەتەوە. لە راپۆرتەکەدا ئاماژەى بەوەدراوە کە ڕێکخراوەکە پرسیاریان لەبارەی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان کردووە، باسیان لەوە کردووە کەمى خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەربەستى بەردەم گەڕانەوەیانە بۆ شنگال، ئەوە جگە لە ناسەقامیگیریی دۆخى ئەمنی و قەرەبوو نەکردنەوەى خاوەنی ئەو خانووانەى لە سەردەمى دەسەڵاتى داعشدا خاپوور بوون. ساڵى 2014 تاوەکو 2017 قەزاى شنگال لەلایەن رێکخراوى داعش داگیرکرا، بە هۆیەوە هەزاران کوردى ئێزدى ئاوارە بوون، کوژران یانیش لەلایەن ئەو رێکخراوەوە رفێندران. هیومن رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە خوێندنى گشتى بە ئاسانى دەستەبەر نییە، بەهۆى خاپووربوونى قوتابخانەکان، هەندێک لە قوتابخانەکان قوتابی چەندین گوند پێکەوە لە خۆدەگرن، ئەوە جگە لەوەى هەزاران مامۆستا هێشتا ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە شنگال. لەم بارەیەوە حەسەن ساڵح موراد، بەڕێوەبەرى پەروەردەى شنگال بە رێکخراوەکەی راگەیاندووە: "206 قوتابخانە لە شنگال هەن، بەڵام تەنیا 96یان کراونەتەوە، هەندێک لە قوتابخانەکان 600 بۆ هەزار قوتابى تێیدا دەخوێنن، لەکاتێکدا تواناى 400 قوتابیان هەیە." هەروەها سەبارەت بە بوونی نەخۆشخانەو چاودێری تەندروستی، رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، فەرمانگەى تەندروستیی شنگال کێشەى کەمیی کارمەندى هەیە، ئەوە جگە لە خاپووربوونى ژێرخانى تەندروستى، تەنیا دوو نەخۆشخانەى گشتى لە شنگال و ناحیەى سنوونێ هەن. د. دڵشاد عەلى، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى گشتیى شنگال دەڵێت: "لە کاتى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا زیان بەر نەخۆشخانەکان کەوتووە، بەدواى جێگرەوەیەکى بچووکدا دەگەڕێین، 53 قەرەوێڵەمان هەیە، لەکاتێکدا پێشتر 130 قەرەوێڵە بوون". ئەو نەخۆشخانانەى شنگال توانایان بۆ چارەسەرى تەندروستى سنووردارە، بۆ دۆخە لەناکاو و نەخوازراوەکان یان نەخۆشییە قورسەکان، دانیشتووانى قەزاکە دەبێت دوو بۆ سێ کاژێر ببڕن تاوەکو بگەنە پارێزگاى دهۆک یان شارى موسڵ. بەگوێرەى راپۆرتەکە خراپیی کەرتى کارەبا یەکێکى دیکەیە لە کێشەکانى قەزاى شنگال، کە بەگوتەى هەندێک لە ئاوارە گەڕاوەکان، لە شەو و رۆژێکدا تەنیا 10 کاژێر کارەبا هەیە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی چوارشەممە كەشوهەوای هەرێم ئاسایی دەبێت و پلەكانی گەرماش بەجێگیری دەمێننەوە، لەگەرمیانیش بەرزترین پلەی گەرما دەگاتە 43 پلەی سیلیزی. بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆرێت بۆ پەڵە هەور و ساماڵ، نزیك دەبێتەوە لە تۆماركراوی رۆژی پێشوو. ئاماژەی بەوەشكردوە، سبەی چوارشەممە بەهەمانشێوە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ پەڵە هەور و ساماڵ، نزیكدەبێتەوە لە تۆماركراوی ئەمرۆ. بەرزترین پلەکانی پێشبینیکراو بە پلەی سلیزی هەولێر : 37 سلێمانی : 36 دهۆك : 37 كەركوك : 41 هەڵەبجە : 37 زاخۆ : 37 سۆران : 35 گەرمیان : 43
هاوڵاتی وتهبێژی وهزارهتی نهوتی عێراق ڕایدهگهیهنێت تا ئێستا توركیا عێراقی لهبارهی دهستپێكردنهوهی ههناردهی نهوتی ههرێمی كوردستان ئاگادار نهكردووهتهوه. ههرچهنده نزیكهی 10 ههفته بهسهر ڕاگرتنی ههناردهكردنی نهوتی ههرێمی كوردستان له ڕێگهی توركیاوه تێپهڕ دهبێت، بهڵام تا ئێستا توركیا گڵۆپی سهوزی بۆ عێراق ههڵنهكردووه تا دهست به ناردنه دهرهوهی نهوتی ههرێم بكاتهوه. لهوبارهوه، عاسم جیهاد وتهبێژی وهزارهتی نهوتی عێراق، به دهنگی ئهمریكای ڕاگهیاندووه: "عێراق ئامادهیه بۆ دهستپێكردنهوهی ناردنه دهرهوهی نهوت، بهڵام هێشتا توركیا عێراقی ئاگادار نهكردووهتهوه تا دهست بهناردنه دهرهوهی نهوت بكهینهوه". عاسم جیهاد ڕایشیگهیاند: بێگومان عێراق و توركیا دهگهنه ڕێككهوتن، بهڵام دهستپێكردنهوهی ههناردهی نهوت لهسهر كات وهستاوه. ناردنه دهرهوهی نهوتی ههرێم له ڕۆژی 25 ی مانگی 3 ی ئهمساڵ، دوای ئهوهی عێراق سكاڵاكهی لهژووری ناوبژیوانی پاریسی دادگای نێودهوڵهتی له توركیا بردهوه، ڕاگیراوه.