لە ورمێ وەرزی چنینەوە توی سپی دەستی پێکرد و بەڕێوبەری کشتوکاڵی ئەو پارێزگایەش رایدەگەیەنێت ورمێ خاوەنی زیاتر لە 112 دۆنم باخی توە. سەرپەرشتیاری باخەکان لە بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ لە ئەمڕۆوە چینینەوە بەرهەمی توی سپی لە باخەکانی ورمێ دەست پێدەکات کە بەرهەمەکەی دەگاتە زیاتر لە 175 تۆن. بە وتەی ئەو تەنها لە گوندەکانی سەر بە شاری ورمێ زیاتر لە 72 دۆنم باخی تو هەیە و 24 دۆنم باخی توی پارێزگاکەش دەکەوێتە شاری گوندەکانی شاری خۆی و بەوەش ئەو دوو شارە زیاترین بەرهەمی تویان هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد بەهۆی پڕۆژەی شوێنێ نیشتەجێبون زیان بە ژمارەیەکی زۆری باخی تو لە نزیک شاری ورمێ گەیشتوە و ئەوەش بوەتە مەترسیی بۆ سەر درەختەکانی تو. ورمێ یەکێکە لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە زیاترین توی سپی هەیە و بەشێکی زۆری ئەو توە دوای وشک کردن رەوانەی دەرەوە دەکرێت.  

هاوڵاتی یەرەکە باڵی سەربازی پژاک باسی ئەوەی کرد کە لە هێرشەکەی ٤ی ئەم مانگەدا بۆ سەر ئاسۆس لەلایەن درۆنەکێکی تورکیاوە، گەریلایەکیان شەهید بووە. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەبارەی هێرشی درۆنێکی تورکیا بۆ سەر هێزەکانیان لە چیای ئاسۆس لە ٤ی ئەم مانگەدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەی یەرەکەدا هاتووە، " شەوی ٣ لەسەر ٤ی حوزەیران چیای ئاسۆس لەلایەن درۆنێکی دەوڵەتی تورکیاوە بۆردومان کرا. درۆنەکە کاتژمێر ٨ی ئێوارە لە نزیک گوندی گەڵالە هێرشەکەی ئەنجامداوە." یەرەکە دەڵێت، لە هێرشەکەدا گەریلایەک شەهید بوو و ناسنامەکەی لە چەند رۆژی داهاتووەدا بۆ رای گشتی بڵاو دەکەنەوە.

هاوڵاتی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى قەزاى شنگال بەهۆى ناکۆکیی سیاسییەوە پەکى کەوتووە، کەرتى خوێندن و تەندروستى و کارەبا لە دۆخێکى خراپدان و تەنیا 96 قوتابخانەى قەزاکە کراونەتەوە. رێکخراوى چاودێرى مافەکانى مرۆڤ (هیومن رایتس وۆچ) ئەمڕۆ سێشەممە راپۆرتێکى لەبارەى دۆخى قەزاى شنگال لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەداوە پرۆژەى ئاوەدانکردنەوەى شنگال وەستاوە، هۆکارەکەشى بۆ ناکۆکی سیاسی لەسەر بەڕێوەبردنى قەزاکە گەڕاندووەتەوە. لە راپۆرتەکەدا ئاماژەى بەوەدراوە کە ڕێکخراوەکە  پرسیاریان لەبارەی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان کردووە، باسیان لەوە کردووە کەمى خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەربەستى بەردەم گەڕانەوەیانە بۆ شنگال، ئەوە جگە لە ناسەقامیگیریی دۆخى ئەمنی و قەرەبوو نەکردنەوەى خاوەنی ئەو خانووانەى لە سەردەمى دەسەڵاتى داعشدا خاپوور بوون. ساڵى 2014 تاوەکو 2017 قەزاى شنگال لەلایەن رێکخراوى داعش داگیرکرا، بە هۆیەوە هەزاران کوردى ئێزدى ئاوارە بوون، کوژران یانیش لەلایەن ئەو رێکخراوەوە رفێندران. هیومن رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە خوێندنى گشتى بە ئاسانى دەستەبەر نییە، بەهۆى خاپووربوونى قوتابخانەکان، هەندێک لە قوتابخانەکان قوتابی چەندین گوند پێکەوە لە خۆدەگرن، ئەوە جگە لەوەى هەزاران مامۆستا هێشتا ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە شنگال. لەم بارەیەوە حەسەن ساڵح موراد، بەڕێوەبەرى پەروەردەى شنگال بە رێکخراوەکەی راگەیاندووە: "206 قوتابخانە لە شنگال هەن، بەڵام تەنیا 96یان کراونەتەوە، هەندێک لە قوتابخانەکان 600 بۆ هەزار قوتابى تێیدا دەخوێنن، لەکاتێکدا تواناى 400 قوتابیان هەیە." هەروەها سەبارەت بە بوونی نەخۆشخانەو چاودێری تەندروستی، رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، فەرمانگەى تەندروستیی شنگال کێشەى کەمیی کارمەندى هەیە، ئەوە جگە لە خاپووربوونى ژێرخانى تەندروستى، تەنیا دوو نەخۆشخانەى گشتى لە شنگال و ناحیەى سنوونێ هەن. د. دڵشاد عەلى، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى گشتیى شنگال دەڵێت: "لە کاتى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا زیان بەر نەخۆشخانەکان کەوتووە، بەدواى جێگرەوەیەکى بچووکدا دەگەڕێین، 53 قەرەوێڵەمان هەیە، لەکاتێکدا پێشتر 130 قەرەوێڵە بوون". ئەو نەخۆشخانانەى شنگال توانایان بۆ چارەسەرى تەندروستى سنووردارە، بۆ دۆخە لەناکاو و نەخوازراوەکان یان نەخۆشییە قورسەکان، دانیشتووانى قەزاکە دەبێت دوو بۆ سێ کاژێر ببڕن تاوەکو بگەنە پارێزگاى دهۆک یان شارى موسڵ. بەگوێرەى راپۆرتەکە خراپیی کەرتى کارەبا یەکێکى دیکەیە لە کێشەکانى قەزاى شنگال، کە بەگوتەى هەندێک لە ئاوارە گەڕاوەکان، لە شەو و رۆژێکدا تەنیا 10 کاژێر کارەبا هەیە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی چوارشەممە كەشوهەوای هەرێم ئاسایی دەبێت و پلەكانی گەرماش بەجێگیری دەمێننەوە، لەگەرمیانیش بەرزترین پلەی گەرما دەگاتە 43 پلەی سیلیزی. بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆرێت بۆ پەڵە هەور و ساماڵ، نزیك دەبێتەوە لە تۆماركراوی رۆژی پێشوو. ئاماژەی بەوەشكردوە، سبەی چوارشەممە بەهەمانشێوە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ پەڵە هەور و ساماڵ، نزیكدەبێتەوە لە تۆماركراوی ئەمرۆ. بەرزترین پلەکانی پێشبینیکراو بە پلەی سلیزی هەولێر : 37  سلێمانی : 36 دهۆك : 37 كەركوك : 41 هەڵەبجە : 37 زاخۆ : 37 سۆران : 35 گەرمیان : 43

هاوڵاتی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت تا ئێستا توركیا عێراقی له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ئاگادار نه‌كردووه‌ته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ نزیكه‌ی 10 هه‌فته‌ به‌سه‌ر ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی توركیاوه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام تا ئێستا توركیا گڵۆپی سه‌وزی بۆ عێراق هه‌ڵنه‌كردووه‌ تا ده‌ست به‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم بكاته‌وه‌. له‌وباره‌وه‌، عاسم جیهاد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاندووه‌: "عێراق ئاماده‌یه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت، به‌ڵام هێشتا توركیا عێراقی ئاگادار نه‌كردووه‌ته‌وه‌ تا ده‌ست به‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت بكه‌ینه‌وه‌". عاسم جیهاد ڕایشیگه‌یاند: بێگومان عێراق و توركیا ده‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن، به‌ڵام ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌سه‌ر كات وه‌ستاوه‌. ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ ڕۆژی 25 ی مانگی 3 ی ئه‌مساڵ، دوای ئه‌وه‌ی عێراق سكاڵاكه‌ی له‌ژووری ناوبژیوانی پاریسی دادگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ توركیا برده‌وه‌، ڕاگیراوه‌.

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند، تا ئێستا 140 حاڵه‌تی تووشبووی ئێستا به‌ تای خوێنبه‌ربوون تۆماركراون، له‌و ژماره‌یه‌ش 20 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.  سه‌یف به‌در، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، رایگەیاند، تا ئێستا 20 کەس گیانیان لەدەستداوە. جه‌ختیشیكرده‌وه‌، دۆخی نه‌خۆشییه‌كه‌ لەژێر كۆنترۆڵدایه‌ و تا ئێستا به‌ سه‌دان كه‌س له‌و په‌تایه‌ چاكبوونه‌ته‌وه‌. وتیشی  "خاڵی هه‌ره‌ گرنگ كه‌ جه‌ختمان له‌سه‌ری كردووه‌ته‌وه‌، ئاگاداربوونه‌ له‌ نیشانه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه‌ و سه‌ردانیكردنی بنكه‌كانی ته‌ندروستی به‌زووترین كات". سه‌یف به‌در، دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سانی تووشبوو له‌كاتێكی زوودا سه‌ردانی پزیشك بكه‌ن، ئه‌وا به‌ئاسانی كۆنترۆڵ ده‌كرێن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌گه‌ره‌كانی مردن به‌هێزترن. تای خوێنبەربوون، یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ ڤایرۆسییه‌ گوازراوه‌كان، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی تێكچوونی ته‌ندروستی مرۆڤ و دیواری ده‌مار و موولووله‌ی خوێن له‌ناو ده‌بات، كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا ده‌رده‌كه‌ون، له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌م كه‌سی تووشبوو هه‌ست به‌ نیشانه‌كانی ئه‌نفلۆنزا ده‌كات، كه‌ تووشی تایه‌كی توند، ژانه‌سه‌ر، رشانه‌وه‌، سكچوون، ژانی ماسولكه‌كان و ئێسك و جومگه‌كان ده‌بێت. هاوکات تا ئێستا دوو هاوڵاتی لە هەرێێمی کوردستانیش بەم نەخۆشییە گیاننیان لەدەستداوە. نەخۆشیەکە له‌ ساڵی 1944 له‌ جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و به‌ گشتی له‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌.

هاوڵاتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لە شەڕی نێوان دوو گرووپدا نۆ کەس برینداربوون و 18 کەسیان دەستگیرکردووە.  ئەمڕۆ کاتژمێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، دوو گرووپ کە هەر گرووپە و خزم و کەسی یەکدی بوون، لەنێو شاری سلێمانی بووە بە شەڕیان و نۆ کەس لە هەردوولا برینداربوون.  هێزە ئەمنیەكان گەیشتونەتە شوێنی روداوەكە و چەند كەسێكیان دەستگیركردوە كە لەنێویاندا ژن هەیە، لێكۆڵینەوە و بەدواداچونیشیان بۆ هۆكاری سەرەكی ئەو شەڕە دەستپێكردوە و لە شوێنی رووداوەکە و 18 کەس لە هەردوولا دەستگیرکراون. بەگوێرەی زانیارییەکان، شەڕکەرەکان "قەرەجن" و ماوەیەکە چوونەتە سلێمانی و لەوێ نیشتەجێبوون، کێشە لەنێوان هەردوولادا هەبووە و شەڕەکەش پەیوەندیی بە کێشەیەکی کۆنیانەوە هەبووە. 

هاوڵاتی لە زانکۆی تۆرینۆی ئیتاڵیا، چاپی ئیتاڵی پەرتووکی سۆسیۆلۆژیای ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، بڵاوکرایەوە. کتێبی سۆسۆلۆژیای ئازاد’ـی عەبدوڵا ئۆجالان – کە بەم دواییە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئیتاڵی – لە بەشی کەلتوور و سیاسەت و کۆمەڵگە،ڕۆژی ٣٠ـی ئایار، لە زانکۆی تۆرینۆی ئیتاڵیا لە لایەن چەند پرۆفیسۆرێکەوە سیمینارێکی لەسەر پێشکەشکرا. لە سیمینارەکەدا کورتەیەک لە چەمکی کۆمەڵناسی و کۆمەڵگەی پێشنیارکراوی کتێبی ” سۆسیۆلۆژیای ئازادی”ـی خرایە ڕوو، هەروەها تیشک خرایە سەر ڕەخنەکانی ئۆجەلان لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و تیۆرەکانی “پۆزەتیڤیست” و یۆرۆسەنترییەکان” کە ئەورووپا سەنتەریی بەبنەما وەرگرتووە. ئەوە روون کرایەوە "ڕێبازێکی گشتگیر پێویستە بۆ کێشە هەنووکەییەکانی جیهان کە  تێزەکانی ئۆجالان لەمبارەیەوە پێویستییەکی بایەخدارە". لە کۆتای سیمینارەکەدا وتیان  "بەو هیوایەن، کە هزری عەبدوڵلا ئۆجالان زیاتر لە چوارچێوەی زانکۆکاندا خوێندنەوەی بۆ بکرێت و ببێتە پایەی بیرکردنەوە لە زانستە مرۆییەکان و زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان".

هاوڵاتی دوای حەوت رۆژ لە ونبوونی گەنجێکی کوردی تەمەن  38 ساڵ کە شۆفێری تاکسییە و دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە، بە برینداری دۆزرایەوە. ئەو هاوڵاتییە کە ناوی عەزیز زەینەلعابدین ئیبراهیمە کاتژمێر 07:00ی ئێوارەی رۆژی 29ی ئایاری 2023،  ونبوو؛ دوای پێنج رۆژ لە ونبوونی، تاکسییەکەی لە دەرەوەی سەنتەری زاخۆ دۆزرایەوە. کاتژمێر 12:00ی شەوی رابردوو، ئەو گەنجە بە برینداری گەڕاوەتەوە ماڵەوە.  ئیبراهیم کە زڕ برای ئەو گەنجەیە بە هاوڵاتی ی وت" عەزیز حەوت رۆژ لەمەوبەر چەند سەرنشینێکی لەزاخۆوە بۆ دهۆک گواستووەتەوە لەوکاتەوە دیار نەما، دوای ئاگادار کردنەوەی پۆلیس لە ونبوونی و گەڕان بەدوایدا هیچ شتێک مان دەست نەکەوتو نەماندۆزییەوە" براکەی عەزیز وتیشی "شەوی ڕبردوو نزیک ١٢ ی شەو بە برینداری گەڕاوەتەوە ماڵەوە و لە ئێستادا لە بنکەی پۆلیسە و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە دەستی پێکردووە". ئەوەشی ڕونکردەوە،"  تائێستا لێکوڵینەوەکان تەواو نەبوونە و لەوانەیە سبەی پولیس عەزیز تەسلیمی ئێمە بکەنەوە". عەزیز زەینەلعابدین 10 ساڵە ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە و دانیشتووی سەنتەری زاخۆیە، هەشت ساڵە شۆفێری تاکسییە و کوردن.

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە دووری دەزانێت رۆژی سێشەممەی داهاتوو پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە کۆببێتەوە. لەكاتێكدا هێشتا پرۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسەند نەكراوە، بەڵام پەرلەمانی عێراق لە نۆی مانگەوە دەكەوێتە پشووەوە و ئەگەر تائەو كاتە پەسەند نەكرێت، ئەوا چەند مانگێك دوادەكەوێت. لەمبارەیەوە مسته‌فا كه‌رعاوی، ئەندامی ‌لیژنه‌ی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، كاره‌كانی لیژنه‌ی دارایی راگیراون و هێشتا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاره‌كانیان نه‌كراوه‌، بۆیه‌ پێناچێت رۆژی سێشه‌ممه‌ دانیشتنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌بچێت. به‌گوته‌ی كه‌رعاوی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ پێویستی به‌ بڕیاری سیاسییه‌ و هێشتا كاروباره‌كانی لیژنه‌ی داراییش ته‌واو نه‌بوونە. هاوکات ئیمان عەبدولرەزاق، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش ڕایگەیاند، وەرزی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران بە کراوەیی دەمێنێتەوە تا پەسەندکردنی بودجە، جەختیش دەکاتەوە لەوەی کە لە ئێستا یەکلاییکردنەوەی بودجە کەوتوەتە تونێلێکی تاریک و لەدەستی لیژنەی داراییدا نەماوە. باسی لەوەشکردوە، تائێستا ھیچ ھەواڵێک نییە کە ئاماژەبێت بۆ رێککەوتنی سیاسی بەمەبەستی پەسەندکردنی بودجە، بۆیە لەم ھەفتەیەشدا بودجە پەسەند ناکرێت. یەکێک لە ناکۆکییە دیارەکانی بودجە پەیوەستە بە پشکی ھەرێمی کوردستان، کەو ئەویش تایبەتە بە شێوازی ھەژمارکردنی ھەناردەی نەوت و چۆنیەتی مامەڵەکردن بە داھاتەکەی لەگەڵ داھاتی دەروازە سنورییەکان.

هاوڵاتی میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست لە پۆستی هاوسەرۆکایەتی هەدەپە بکێشنەوە. میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشداریان لە بەرنامەیەکی (میدیا هابەر تی ڤی) دا کرد. هاوسەرۆکانی هەدەپە رایانگەیاند، لە کۆنگرەی پارتەکەیاندا، خۆیان بۆ پۆستی هاوسەرۆکایەتی کاندید ناکەنەوە. لە کۆنگرەکەدا هیچ پوستێک وەرناگرن و ئەرکی هاوسەرۆکایەتی رادەستی هاوڕێکانیان دەکەن. لە بەرنامە تەلەلەڤزیۆنیەکەدا، پەروین بوڵدان وتی، " دوای هەڵبژاردن رامانگەیاند کە کۆنگرە ئەنجام دەدەین. لەبەرئەوەی بە ئامانجەکانمان نەگەیەشتین. لە هەموو قۆناغێکدا من ئامادەم بەرپرسیاری خۆم جێبەجێ بکەم. بەڵام بەگوێرەی رەخنەکان، بە سەربەرزیەوە پۆستی هاوسەرۆکایەتی بۆ هاوڕێکانمان جێ دەهێڵم. لە کۆنگرەکەدا بەشداری لە هیچ میکانیزمێکی بڕیاردان نابم." میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپەش کە بە هەمان شێوە خۆی بۆ هاوسەرۆکایەتی هەدەپە هەڵنابژێرێتەوە، باسی لە راگەیەندراوەکەی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کرد کە وتبووی، " دەست لە سیاسەتی چالاک هەڵدەگرم." و وتی، " دەمیرتاش هاوڕێیەکی زۆر بەنرخە. ئێمە پێشتر سەردانی دەمیرتاشمان کرد و پێمان راگەیاند کە لە رووی یاساییەوە ناتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکات. دواتر ئێمە چووینە زیندانی کاندرا و بۆچوونی فیگەن یوکسەکداغ و گوڵتەن کشاناکمان وەرگرت. پێشنیازیان کرد کە ئەگەر کاندیدێک هەبێت، پێویستە ژن بێت. ئەو پێشنیازەمان هەڵسەنگاند. باسی ئەوە دەکرا کە ژنێک هەڵبژێرین. ئەو بڕیارەش بە دەمیرتاش راگەیەندرا و ئەویش پشتگیری لە پێشنیازەکە کرد."

هاوڵاتی هەسەدە رایگەیاند کە لە مانگی ئایاردا ١٦ ئۆپراسیۆنیان ئەنجامدا و ٢١ تیرۆریست دەستگیرکراون. هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) ئامارێکی لەبارەی چالاکی و ئۆپراسیۆنی هێزەکانیان لە مانگی ئایاردا بڵاوکردەوە. هەسەدە دەڵێت، لە ماوەی مانگی رابردوودا، هێزەکانیان بە تەنیا ١٢ ئۆپراسیۆن و لەگەڵ هێزەکانی دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشدا چوار ئۆپراسیۆنیان ئەنجامداوە. هەسەدە ئاشکرای کرد کە لە ئۆپراسیۆنەکاندا ٢١ تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون. هەروەها تیرۆریستێکیش کوژراوە. لە ئامارەکەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیدا هاتووە، " لە مانگی ئایاردا دەوڵەتی تورکیا ٣٢ جار بە تانک و ٤ جاریش بە درۆن هێرشی لە بەرامبەر شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەنجام داوە. بەگوێرەی ئامارەکە، لە هێرشەکاندا چوار شەڕڤان و دوو هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون. هەروەها چوار شەڕڤان و نۆ هاوڵاتی مەدەنیش بریندار بوون.

هاوڵاتی لە ناوچەی شەڕای عەفرین حکومەتی تورکیا دەستی بە دروستکردنی ئۆردوگایەکی دیکە بۆ لایەنگرە سوریەکانی کرد، هەوڵەکانی تورکیا بۆ گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین بەردەوامە کە پێنج ساڵە داگیرکراوە. بەگوێرەی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان لە گوندی کەفەر رومی سەر بە ناوچەی شەڕای عەفرین، حکومەتی تورکیا دەستی بە دروستکردنی ئۆردوگایەکی نوێی نیشتەجێبوون بۆ خێزانی چەکدارەکان کردووە. بەگوێرەی زانیاریەکان، ئۆردوگا نوێکە لە ٥٠ باڵەخانەی چوار نهۆمی پێک دێت و بەسەر خێزانی چەکدارەکاندا دابەش دەکرێت. دەوڵەتی تورکیا تاوەکو ئیستا بە دەیان یەکەی نیشتەجێبوون و ئۆردوگای دروست کردووە و هیچ کوردێکیش سوودمەند نابێت و هەوڵ دەدات، عەفرین لە کورد چۆڵ بکات.

هاوڵاتی ئەمڕۆ روپێوی زەویی جوتیارانی کورد و تورکمان لە سنوری تۆپزاوا و ترکەڵان دەکرێت و دەدرێت بە وەزارەتی بەرگری عێراق، جوتیارانیش ناڕازین.  دوای چەند رۆژێک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی جوتیارانی کورد و تورکمانی سنوری تۆپزاوا و ترکەڵان، بڕیارە ئەمڕۆ ڕوپێوی زەوییەکان بکرێت و بە رەسمی بگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق، کە پێشتر لە چوارچێوەی تەعریبی ناوچەکە ئەو زەویانە خرابوونە سەر وەزارەتەکانی عێراق. جووتیاران خۆیان بە خاوەنی راستەقینەی ئەو زەوییانە دەزانن و تاپۆی رەشی عوسمانییان هەیە و دەڵێن، تاوەکو دەست لە زەوییەکانیان هەڵنەگیرێت و داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، شەقام چۆڵ ناکەن و درێژە بە خۆپێشاندانەکە دەدەن. سوپای عێراق بەنیازە لە تۆپزاوای کەرکووک دەست بەسەر چەندین هەزار دۆنم زەویدا بگرێت، بەبیانووی ئەوەی موڵکی وەزارەتی بەرگرییە، لەکاتێکدا سەرجەم زەوییەکان لە چوارچێوەی مادەی 140ـدان و نابێ حکومەت دەستیان بەسەردا بگرێت.

هاوڵاتی بنەماڵەی عەقید هاوکار جاف رایگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگای کەتنی هەولێر بڕیاری لەسێدارەدان بۆ شەش کەس لەوانە دەرچوو، کە تۆمەتبارن بە کوشتنی عەقید هاوکار جاف لە شاری هەولێر. بەپێی گوتەی بنەماڵەی هاوکار جاف، ئەو کەسانەی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، پێکدێن لە:  وەهاب مەجید باقی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی کارزان محەممەد رەشید، بەرپرسی هەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی وریا خالید عەلی، ئەفسەر  لەشکر محەممەد حەسەن، ئەفسەر عاسی رەشید حوسێن، ئەفسەر لوئەی محەممەد رەزا، فەرماندەی فەوجی دژەتیرۆری سلێمانی لە گەرمیان نیوەڕۆی رۆژی هەینی 7-10-2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە "هاوکار جاف" گیانی لەدەستدا.  دوای ڕوداوەکە لە ڕۆژی 12-10-2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی شەش کەسی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی. ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆکەیدا تیمێکی دژەتیرۆری سلێمانی بە کوشتنی هاوکار جاف تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە فەرمانی راستەوخۆی "بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی" و "بەرپرسی هەواڵگری دژەتیرۆری سلێمانی" کراوە. دواتر لە وڵامی ئەمەدا دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی راگەیێیندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی رەتکردەوە و رایگەیاند "ناوهێنانی دژەتیرۆر و تۆمەتبارکردنی لەلایەن هێزێکی هەواڵگری چەواشەکار کە هەمیشە لە بەرەکانی جەنگی پارێزگاری لە کوردستان هەڵهاتووە و سەر بە لایەنێکی پیلانگێری دۆڕاوی ئەم هەرێمەیە کە رێڕەوی ئاسایشیان ونکردووە و، لەبری کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکەمان، سەرقاڵی داتاشینی ئەو سیناریۆیانەن کە سیاسییە دۆڕاوەکانیان فەرمانیان پێدەکەن و ئەم دەزگا هەواڵگرییە چەواشەکارە جێبەجێیان دەکات." دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەفسەرەکان، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر رەتکردنەوە و رایگەیاند، "دڵنیاتان دەکەینەوە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان زۆر لەوە هۆشیار و تێگەیشتووترن کە بکەونە ژێر کاریگەریی سیناریۆی بەتاڵ و بێبنەماوە".