هاوڵاتی کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی یەکێتی ئەوروپا و 12 وڵاتی جیهان لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە داوا یان لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد هەمو هەنگاوێکی پێویست بگرێتەبەر لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەبێ دواخستن. کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی بریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، هۆڵندا، کەنەدا، یەکێتی ئەوروپا، فڕەنسا، چیک، یۆنان، ئیتاڵیا، بولگاریا، پۆڵندا و رۆمانیا ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێن، "دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و خەڵکی هەرێم دەکەین، بۆ پابەندبونی بەردەوامیان بە بنەما و بەها دیموکراسییەکان و پێشوازیکردن لە رۆحی نوێبونەوەی هاوکاری نێوان لایەنەکان". لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، "هەر لەو سۆنگەیەوە داوا لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەبێ دواخستن هەمو هەنگاوێکی پێویست بگرنەبەر لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردن". ئەوەشی خستوەتەڕو، "جەخت لەسەر گرنگی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەرەرانە دەکەینەوە و بەم پێیە داوا لە هەمو لایەنە پەیوندیدارەکان و لایەنە سیاسییەکان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەریمی کوردستان دەکەین بەشێوەیەکی هاوبەش کاربکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی ماون لەبەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردن، کە پابەندبێت بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی هەمو هاوڵاتییان بپارێزێت، لەوانەش ژنان و پێکهاتەکان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دیموکراسیدا". ئەم راگەیەندراوەی کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی یەکێتی ئەوروپا و 12 وڵاتی جیهان لە هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ (16ـی ئایاری 2023)ـی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دێت لە سلێمانی کە تێیدا جەختیان لەسەر پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان کردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لەوادەی خۆی لەمساڵدا. هەروەها رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رۆژی (16ـی ئایاری 2023)، "رێكاره‌ یاساییه‌كانی كاراكردنه‌وه‌ى كۆمسیۆن ته‌واوكراون، چاوه‌ڕوانین له‌ ده‌رفه‌تێكی نزیكدا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش بگه‌نه‌ رێككه‌وتن".  

هاوڵاتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایدەگەیەنێت، وەک پەرلەمانی کوردستان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ بەرەوپێشەوە بردنی هەنگاوەکانی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر هەڵبژاردن. ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16/5/2023، د. رێواز فایەق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازی له‌ ڤیللى ڤارجیولا، باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ عێراق كرد. د. ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە میانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئەو باڵوێزە رایگەیاند، ھەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ بەرەوپێشبردنی ھەنگاوەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی ھەڵبژاردنەکان. وتیشی، رێکارە یاساییەکانی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن تەواوکراون، چاوەڕوانن لە دەرفەتێکی نزیکدا لایەنەکان لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانیش بگەنە ڕێککەوتن. ھاوکات لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق جەختیانکردووەتەوە لەوەی کە پێویستە پەلەبکرێت لە ئامادەکارییەکان و گەیشتن بە داڕشتنی کۆتایی لەسەر کۆی ئەو پرسانەی تائێستا بوونەتە لەمپەر لەبەردەم پڕۆسەی ھەڵبژاردن.    

هاوڵاتی  پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبونەوە و ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە تەوەرەی یەکەمی کۆبونەوەکە باسکردنی پەسەند کردنی پرۆژەی رێکخستنەوەی داراییبووە کە پرۆژەی  تێکڕای لایەنەکانی پێکھێنەری کابینەی  نۆیەم و ھەردوو مەکتەبی سیاسی  بە تەواوی پشتیوانی  لێ دەکەن. تەوەرەی دووەمیش سەبارەت بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبونەوە بووە لە نێوانیاندا. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە ،" هەردولا ھاوڕا بوون  لەسەر بەھێزکردنی  قەوارەی دەستوریی ھەرێمی کوردستان  و پەرەپێدانی  پەلەکردن لە ھەنگاوە یاسایی و سیاسیەکان بۆ فەراھەمەکردنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی  پارلەمانی کوردستان  لەوادەی خۆیدا لەمساڵدا ."   دەقی راگەیەنراوی هاوبەشی یەکێتی و پارتی: دوای دەستپێشخەریەکەی جەنابی کاک مەسعود بارزانی  کە رۆژی ١١ ی ٥ی ٢٠٢٣ لە مەراسیمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی خستیە ڕوو ، ئەمرۆ  ١٦ ی ٥ی ٢٠٢٣  ھەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبونەوە . لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، ھەردوولا وێرای بەرزنرخاندنی دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی کە لەکاتی پێویستداھات، ھەردوو لا ھاوڕا بوون کە پێکەوە لەگەڵ لایەنە بەڕێزەکانی  دیکەش  ھەنگاوی کرداری بنرێت  بۆ بەپیرەوەچوونی ئەودەستپێشخەرییەو ناوماڵی کوردستانی  ڕێکبخرێتەوە  ولاپەرەیەکی  نوێ ل کۆی پەیوەندیەکان بکرێتەوە. ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەستخۆشی لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات  بۆ پەسەند کردنی پرۆژەی رێکخستنەوەی دارایی کە پرۆژەی  تێکڕای لایەنەکانی پێکھێنەری کابینەی  نۆیەم و ھەردوو مەکتەبی سیاسی  بە تەواوی پشتیوانی  لێ دەکەن. لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا ھەردوو لا پەرۆش و ھاوڕا بوون  لەسەر بەھێزکردنی  قەوارەی دەستوریی ھەرێمی کوردستان  و پەرەپێدانی  پەلەکردن لە ھەنگاوە یاسایی و سیاسیەکان بۆ فەراھەمەکردنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی  پارلەمانی کوردستان  لەوادەی خۆیدا لەمساڵدا . ھەردوولا خوازیاری ئەوەین کە ھەموو لایەک ھاوکار بن لەبەردەوامی  کەشی برایەتی و کاری پێکەوەیی و نەھێشتنی کەلێنەکانی رابووردوو .  ھەردوو لا بڕیارماندا وەک  یەک تیم کار بکەین و  زنجیرەیەک کۆبونەوەی دیکەش  ئەنجامبدرێ  بۆ فەراھەمکردنی کەش و ھەوای لەبار لە ڕووی یاسایی و سیاسیەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و ڕووبەڕووبونەوەی  ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا ھەیە .    

هاوڵاتی دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند،  رۆژی شەممەی  داهاتو  لەسەرتاسەری وڵاتدا ئەگەری بارینی بارانی مامناوەند و خوڕ هەیە، کەشناسی هەرێمیش دەڵێت، "لە 24 کاتژمێری داهاتودا پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە".  ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی کەشناسی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەینێ چوارشەممە ئاسمانی وڵات نیمچەهەور دەبێت و پلەکانی گەرماش کەمێک بەرز دەبنەوە، رۆژی پێنجشەممەش ئاسمانی وڵات نیمچەهەور دەبێت و ئەگەری بارینی نمەباران  لەناوچە جیاوازەکانی وڵات هەیە و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە. دەشڵێت، رۆژی هەینی ئاسمانی هەرێم نیمچەهەور دەبێت و هەندێکات دەبێتە هەوری تەواو و ئەگەری بارینی نمەباران هەیە لەگەڵ بونی هەورەبروسکە و لەناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی وڵات ئاسمانی نیچمەهەور دەبێت و ئەگەری بارینی نمەباران هەیە. بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی ڕاشیگەیاند، بۆ ڕۆژانی داھاتوو پلەکانی گەرما بە شێوەی پلە پلە ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات، بەڵام ھەر نزیکە لە ئاستی تێکڕاییەکان، واتە بەشێوەیەکی بەرچاو پلەکانی گەرما بەرز نابێتەوە کە ھەست بە گەرمییەکی زۆر بکرێت.  بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم بەگشتی ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵە هەور  و  پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی رۆژی پێشو کەمێک بەرز دەبێتەوە، خێرای با  لەسەرخۆ - مامناوەند دەبێت لە 10 – 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و  ئاراستەی باش باشوری رۆژئاوا دەبێت. ئەوەشیخستوەتەڕو، سبەی چوارشەممە، ئاسمانی هەرێم ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ نزیکەی 1 تا 2 پلە بەرزدەبنەوە.   بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر     :  32 پلەی سیلیزی سلێمانی   : 29 پلەی سیلیزی دهۆک      : 31 پلەی سیلیزی کەرکوک   : 35 پلەی سیلیزی هەڵەبجە   : 32 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 17 پلەی سیلیزی زاخۆ   :  33 پلەی سیلیزی سۆران :  29 پلەی سیلیزی گەرمیان  :  37 پلەی سیلیزی    

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی هۆشداری لە هەڕەشەی مەترسیدار بۆسەر دارستانەکان دەدات و راشیدەگەیەنێت، داربەڕویەکی تەمەن 100 ساڵ لەلایەن سەرپێچیکارانەوە بڕدراوەتەوە کە ئەمە بۆ لەناوچونی سروشت و ژینگە کارەساتی گەورەیە. پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئێستادا دارستانەکان لە ژێر هەڕەشەیەکی مەترسیداردان دیمەنی بڕینی داری سروشتی تەمەن 100 ساڵ جێگەی داخە و لەهەمانکاتدا لەناوچونی سروشت و ژینگە کارەساتێکی گەورەیە، هەرچەندە مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان بەردەوامن لە ڕێگریکردن لەو دیاردەیە، بەڵام هەندێک هاوڵاتی بێ گوێدانە بەرپرسیاریەتی هەوڵی شێواندنی ژینگە و سروشت دەدەن. ئاماژەی بەوەشکردوە، "پاش ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن هاوڵاتیانەوە کە پێیان ڕاگەیاندرا، دار بەڕویەکی گەورە  بڕدراوە لە سنوری گوندی (داری کەلی)، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستانی بازیان دەرچون بۆ شوێنی ڕوداوەکە و بینیان لە شاخی داری کەلی یەک داری بەڕو بڕدراوە کە تەمەنی نزیکەی 100 ساڵ دەبێت". ئەوەشیخستەڕو، "لەکاتی گەشتنی مەفرەزەکەیان هیچ کەسێک لە شوێنی ڕوداوەکە نەبو، گەڕان و بەدواداچون بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی سەرپێچیکاران، پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخراوەو ڕادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی".

هاوڵاتی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رەتكردنەوەی داواكاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمەوە سەبارەت بەگرێبەستەكانی نەوت دورە لەڕاستیەوە، "نە‌ هیچ كۆبونەوە و داوایەكی وا كراوە". سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی هه‌واڵی عێراقی و هه‌رێمی کوردستان بڵاویانکردووەتەوە کە گوایه‌ هه‌فته‌ی رابردوو سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا داوایه‌کی سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراقی بۆ ئاشکراکردنی ورده‌کاریی گرێبه‌سته‌کانی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان ره‌تکردووه‌ته‌وه‌."  وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سه‌رله‌به‌ری هه‌واڵه‌که‌ هه‌ڵبه‌ستراو و دووره‌ له‌ راستی. هیچ کۆبوونه‌وه‌ و داوایه‌کی وا نەکراوه‌، نه‌ هیچ ناڕوونی و شاراوه‌یی له‌ گرێبه‌سته‌کانی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه."   دەقی روونکردنەوەکەی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی هه‌واڵی عێراقی و هه‌رێمی کوردستان بڵاویانکرده‌وه‌ته‌وه‌ گوایه‌ کۆتایی هه‌فته‌ی ڕابردوو به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا داوایه‌کی به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵی ڕه‌تکردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئاشکراکردنی ورده‌کاریی گرێبه‌سته‌کانی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان! لێره‌وه‌ ڕوونی ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ سه‌رله‌به‌ری هه‌واڵه‌که‌ هه‌ڵبه‌ستراو و دووره‌ له‌ ڕاستی. نه‌‌ هیچ کۆبوونه‌وه‌ و داوایه‌کی وا کراوه‌، نه‌ هیچ ناڕوونی و شاراوه‌یی له‌ گرێبه‌سته‌کانی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌. ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان

هاوڵاتی ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە ٢٣ شاری باکوری کوردستان ٣٢٠ هەزار دەنگی هەژمار نەکردووە. شار بە شاری ئەو دەنگدانی هەژمار نەکراون بەم شێوەیەیە: ئامەد ژمارەی دەنگەکان: ٩٦٥ هەزار و ٧٥٣ دەنگە هەژمارکراوەکان: ٩٢٥ هەزار و ٣ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٤٠ هەزار و ٧٥٠ ئێلح ژمارەی دەنگەکان: ٣٤٩ هەزار و ١٦٣ دەنگە هەژمارکراوەکان: ٣٣٤ هەزار و ٨٤٥ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ١٤ هەزار و ٣١٨ شڕنەخ ژمارەی دەنگەکان: ٢٨٣ هەزار و ٤٢ دەنگە هەژمارکراوەکان: ٢٧٣ هەزار و ٤٤٩ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٩ هەزار و ٥٩٣ مێردین ژمارەی دەنگەکان: ٤٦٢ هەزار و ٤٨٤ دەنگە هەژمارکراوەکان: ٤٤٦ هەزار و ٢٣٤ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ١٦ هەزار و ٣٥٠ جۆلەمێرگ ژمارەی دەنگەکان: ١٦٠ هەزار و ٢٢٠ دەنگە هەژمارکراوەکان: ١٥٣ هەزار و ١٧٦ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٧ هەزار و ٤٤ وان ژمارەی دەنگەکان: ٥٧٢ هەزار و ٩٠٧ دەنگە هەژمارکراوەکان: ٥٤٥ هەزار و ٩١٥ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٢٦ هەزار و ٩٩٢ سێرت ژمارەی دەنگەکان: ١٧٣ هەزار و ٢٧٨ دەنگە هەژمارکراوەکان: ١٦٥ هەزار و ٢٨٠ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٧ هەزار و ٩٩٨ دێرسم ژمارەی دەنگەکان: ٥٩ هەزار و ٢٨ دەنگە هەژمارکراوەکان: ٥٧ هەزار و ٨٠٢ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: هەزار و ٢٢٦ ئەردەخان ژمارەی دەنگەکان: ٥٨ هەزار و ١١٩ دەنگە هەژمارکراوەکان: ٥٥ هەزار و ٦٤٣ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٢ هەزار و ٤٧٦ قەرس ژمارەی دەنگەکان: ١٥١ هەزار و ٨٤٦ دەنگە هەژمارکراوەکان: ١٤٥ هەزار و ٧٢٠ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٦ هەزار و ١٢٦ ئاگری ژمارەی دەنگەکان: ٢٣٠ هەزار و ٤٤٠ دەنگە هەژمارکراوەکان: ٢١٨ هەزار و ٩٩٨ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ١١ هەزار و ٤٤٢ ئیدر ژمارەی دەنگەکان: ١٠٩ هەزار و ١٦٨ دەنگە هەژمارکراوەکان: ١٠٤ هەزار و ٨٨٥ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٤ هەزار و ٢٨٣ موش ژمارەی دەنگەکان: ١٩٥ هەزار و ٤٧٨ دەنگە هەژمارکراوەکان: ١٨٨ هەزار و ٢١٢ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٧ هەزار و ٢٦٦ بەدلیس ژمارەی دەنگەکان: ١٨٥ هەزار و ١١٨ دەنگە هەژمارکراوەکان: ١١٧٧ هەزار و ٥٩٦ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٧ هەزار و ٥٢٢ روحا ژمارەی دەنگەکان: ملیۆنێک و ٢٩ هەزار و ٨٦٦ دەنگە هەژمارکراوەکان: ٩٨٦ هەزار و ٥٢٦ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٤٣ هەزار و ٣٤٠ سەمسور ژمارەی دەنگەکان: ٣٣٧ هەزار و ٤٠ دەنگە هەژمارکراوەکان: ٣٢٤ هەزار و ٦٢٤ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ١٢ هەزار و ٤١٦ چەولگ ژمارەی دەنگەکان: ١٥٦ هەزار و ٨٧٧ دەنگە هەژمارکراوەکان: ١٤٩ هەزار و ٣٣٣ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٧ هەزار و ٥٤٤ ئەرزەڕۆم ژمارەی دەنگەکان: ٤٥٣ هەزار و ٩٣٣ دەنگە هەژمارکراوەکان: ٤٤٣ هەزار و ١٧٠ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ١٠ هەزار و ٧٦٣ ئەرزینگان ژمارەی دەنگەکان: ١٥٨ هەزار و ٦٩٣ دەنگە هەژمارکراوەکان: ١١٥٥ هەزار و ٩٧٤ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٢ هەزار و ٧١٩ دیلۆک ژمارەی دەنگەکان: ملیۆنێک و ٢٠٣ هەزار و ٩٨ دەنگە هەژمارکراوەکان: ملیۆنێک و ١٦٩ هەزار و ٥٢٤ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٣٣ هەزار و ٥٦٦ مەڕەش ژمارەی دەنگەکان: ٦٦٣ هەزار و ٧٨١ دەنگە هەژمارکراوەکان: ٦٤٧ هەزار و ٧٢٢ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ١٦ هەزار و ٥٩ مەڵەتی ژمارەی دەنگەکان: ٤٤٧ هەزار و ٧٨٦ دەنگە هەژمارکراوەکان: ٤٣٨ هەزار و ٨٤٠ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٨ هەزار و ٩٤٦ خارپێت ژمارەی دەنگەکان: ٣٨١ هەزار و ٣٨٠ دەنگە هەژمارکراوەکان: ٣٦٧ هەزار و ٨١٦ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ١٣ هەزار و ٥٦٤ سێواس ژمارەی دەنگەکان: ٤٢٤ هەزار و ٣٣٨ دەنگە هەژمارکراوەکان: ٤١٧ هەزار و ٢٢٠ دەنگە هەژمارنەکراوەکان: ٧ هەزار و ١١٨

هاوڵاتی لەم شارانەی باکوری کوردستان و تورکیا دەنگی ئاکەپە کەمی کردووە لە خارپێت، ئەرزەڕۆم، روحا، دیلۆک و بەدلیس دەنگی دەسەڵات کەمی کردووە. لە شارەکانی سەر دەریای رەش دەنگی ئاکەپە ١٠٪ کەمی کردووە. لە ریزە کە شاری ئەردۆغانە، بەگوێرەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ دەنگی ئاکەپە کەمی کردووە. لە ئەرزەرۆم دەنگی ئاکەپە لە ٥٤.٨٨٪ەوە بۆ ٤٣.٢٦٪ کەمی کردووە. لە خارپێت لە ٥٤.٦٣ەوە بۆ ٤٠.٢٤، لە روحا لە ٥٢.٧٪ەوە بۆ ٤٢.٩٩٪، لە دیلۆک لە ٥١.٤٥٪ەوە بۆ ٤٤.٩٣٪ و لە بەدلیس لە ٤٤.٧٧٪ەوە بۆ ٣٧.١٤٪ کەمی کردووە. دەنگی ئاکەپە بەگوێرەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ لە مەڕەش لە ٥٨.٥٤٪ەوە بۆ ٤٧.٧٠٪، لە کۆنیاش لە ٥٩.٥١٪ەوە بۆ ٤٨.١٤٪ کەمی کردووە. دەنگی ئاکەپە لە ئەستەنبوڵ ٤٢.٧٪ەوە بۆ ٣٦.٢٪ و لە ئەنقەرە لە ٤٠.٢٪ەوە بۆ ٣٢.٦٪ دابەزیوە. لە سینۆپ ئاکەپە بەگوێرەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨، ١٣٪ دەنگەکانی کەمی کردووە.

شەقامێکی شاری ڤیەننا-ی پایتەختی نەمسا دەکرێت بە ناوی (ژینا ئەمینی) و ئەندامێکی ئەنجومەنی شارەوانیی ئەو شارە و پارتی سۆسیال دیموکراتی وڵاتەکە (NEOS) پشتیوانیی خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەکانی کورد دەردەبڕن و دەڵێن پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەکەن. رۆژنامەی (کوریەر) چاپی نەمسا ئەمڕۆ دوشەممە بڵاوی کردەوە؛ شارەوانیی پایتەخت بڕیاریداوە کە وەک پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی ڤیەننا بۆ ژینا ئەمینی بگۆڕێت و بڕیارە لە پەرلەمانی وڵاتەکەش گەڵاڵەیک بۆ پشتیوانیی لەو ناڕەزایەتییانە بخرێتە دەنگدانەوە. رۆژنامەکە نوسیویەتی: ناوی ژینا وەک لە کێلی گۆڕەکەیدا بۆ یەکەمجار نوسرا، ئێستا بوەتە رەمەزی تێکۆشان بۆ ئازادی و دیموکراسی . کوریەر ئاماژەی بەوە کردوە ؛ جیاوازیی مامەڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دژی نەتەوەی کورد وای کرد ژینا ناوی بە مەهسا لە ناسنامەکەیدا تۆمار بکرێت. مارینا هانکە، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی ڤەیننا رایگەیاندوە؛ وەک پشتیوانیی و هاوسەۆزییەک، پایتەختی نەمسا دەیەوێت شەقامێک بۆ هەمیشە بکات بە ناوی ژینا ئەمینی. پێشتر لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا وەک پشتیوانییەک بۆ ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران ژمارەیەک شەقام و کۆڵان کراون بە ناوی ژینا ئەمینی و وێنەکانی لەسەر ژمارەیەک دیواری شارە گەورەکانی وەک نیویۆرک و واشنتۆن کێشراونەتەوە.  

هاوڵاتی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەی تورکیا بە فەرمی رایگەیاند کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا چووەتە خولی دووەمەوە کە بڕیارە لە ٢٨ی مانگ ئەنجام بدرێت. ئەحمەد یەنەر سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی چووە خولی دووەم و وتی، "28ی ئەم مانگە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوە دەچێت." ئەحمەد یەنەر ئاماژەی بەوەکرد، ئەردۆغان ٤٩.٢١٪، کلچدارئۆغلۆ ٤٤.٨٨٪ و سینان ئۆغان ٥.١٧٪ی دەنگەکانیان بە دەست هێناوە.  دوێنێ ١٤ی ئایار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوە چوو و بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی، ئاکەپە ٢٦٧ کورسی پەرلەمان، جەهەپە ١٦٨ کورسی، مەهەپە ٥٠ کورسی، پارتی باش ٤٤ کورسی، پارتی چەپی سەوز ٦٣ کورسی، پارتی رەفاحی نوێ چوار کورسی و پارتی کرێکارانی تورکیا چوار کورسی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە.

هاوڵاتی بەپێی ئەنجامە بەراییەکان هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی لەم شارانەدا پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد و ئامارەکان بەمشێوەیەی خوارەوەیە: ئامەد؛  پارتی چەپی سەوز لە ئامەد سەدا ٦٣ی دەنگەکانی بە دەستهێناوە و ٨ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کردووە. وان؛  پارتی چەپی سەوز لە وان بە بەدەستهێنانی سەدا ٥٥ی دەنگەکان ٥ پەرلەمانتاری بە دەستهێناوە. ڕحا ؛ پارتی چەپی سەوز لە ڕحا بە بەدەستهێنانی سەدا ٢٦ی دەنگەکان ٤ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. مێردین ؛ پارتی چەپی سەوز لە مێردین بە بەدەستهێنانی سەدا ٥٥ی دەنگەکان ٤ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. جۆلەمێرگ ؛ وەک چاوەڕوان دەکرا پارتی چەپی سەوز لە جۆلەمێرگ هەر ٣ پەرلەمانتاری ئەو پارێزگایە بە تەنها خۆی بەدەستهێنا. ئیدر؛  پارتی چەپی سەوز بە بەدەستهێنانی سەدا ٤٥ی دەنگەکانی ئیدر ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. شرنەخ ؛ پارتی چەپی سەوز لە شرنەخ ٣ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان لە ئەنقەرە کرد. ئێلح؛  پارتی چەپی سەوز لە ئێلح بە سەدا ٦٠ی دەنگەکان لە کۆی ٥ پەرلەمانتار ٤ پەرلەمانتاری ئەو پارێزگایە ڕەوانەی پەرلەمان کرد. سێرت؛  پارتی چەپی سەوز لە سێرت پەرلەمانتارێکی لە دەستدا و بە بەدەستهێنانی نزیکەی سەدا ٥٠ی دەنگەکان ٢ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. بەدلیس؛  پارتی چەپی سەوز بەراورد بە خولی پێشوو لە بەدلیس پەرلەمانتارێکی زیاتری بە دەستهێنا و بە بەدەستهێنانی نزیکەی سەدا ٤٠ی دەنگەکان ٢ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. مووش؛  پارتی چەپی سەوز لە موش نزیکەی لە سەدا ٥٠ ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و ٢ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. دێرسیم ؛ پارتی چەپی سەوز لە دێرسیم لە سەدا ٤٤ ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. چەولیگ؛  پارتی چەپی سەوز لە چەولیگ سەدا ٢٥ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. ئاگری ؛ پارتی چەپی سەوز لە سەدا ٥٥ ی دەنگەکانی لە ئاگری بەدەستهێنا. لە ئەنجامدا ٣ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. قەرس؛  پارتی چەپی سەوز لە قەرس بە بەدەستهێنانی سەدا ٢٨ ی دەنگەکان بوو بە یەکەمی ئەو پارێزگایە و دەنگەکانی لە دەنگی هەموو لایەنەکانی تر زیاتر بوون و لە ئەنجامدا ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. ئەرزرۆم ؛ پارتی چەپی سەوز لە ئەرزرۆم بە بەدەستهێنانی سەدا ١٠ی دەنگەکان ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. دیلۆک؛  پارتی چەپی سەوز بە بەدەستهێنانی سەدا ٩ی دەنگەکانی دیلۆک ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. ئیستەنبوڵ؛  هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی لە ئیستەنبوڵ نزیکەی سەدا ١٠.٥ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. بەو ڕێژەیەی دەنگەکان، هاوپەیمانییەکە توانیی ١١ پەرلەمانتاری لە ئیستەنبوڵ رەوانەی پەرلەمان کرد. ئەدەنە؛  پارتی چەپی سەوز لە ئەدەنە بە بەدەستهێنانی سەدا ٩ی دەنگەکان ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. مێرسین؛  پارتی چەپی سەوز لە مێرسین لە سەدا ١٣ی دەنگەکانی بەدەست هێنا و ٢ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. ئیزمیر؛  پارتی چەپی سەوز لە ئیزمیر لە سەدا ۷.۵ی دەنگەکانی بەدەست هێنا و ۲ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. هاتای؛ پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ)، کە پێکهاتەیەکی هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادییە لە ژێر چەتری پارتی چەپی سەوزدا لە هاتای ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. کۆجالی ؛پارتی چەپی سەوز لە کۆجالی بە بەدەستهێنانی سەدا ٥.٦ی دەنگەکان ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. ئەنتالیا ؛پارتی چەپی سەوز لە ئەنتالیاوە پەرلەمانتارێکی ڕەوانەی پەرلەمان لە ئەنقەرە کرد.

هاوڵاتی دوای 63 رۆژ لە دووەم کۆبوونەوەی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەکات بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی 17ـی ئەم مانگ، کە دەبێتە سێیەم کۆبوونەوەی ئاسایی ئەم خولەی پەرلەمان. د. ڕێواز فائق حسێن، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوە، "بە پشتبه‌ستن به‌ حوکمی بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌ مادده‌ی (18)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی کوردستان، بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئه‌ندامه‌ به‌ڕێزه‌کانی په‌رله‌مان بکه‌ین بۆ دانیشتنی ژماره‌ (3)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ى ساڵی پێنجه‌م له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی کوردستان-عێراق، له‌ کاتژمێر (12)ی نیوه‌ڕۆی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ کاتی دیاریکراودا ئاماده‌بن". ئەم بابەتانەی تێدا تاوتوێ دەکرێت و دەنگیان لەسەر دەدرێت:  یەکەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای (بەركاركردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەداركردنی تیرۆر ژمارە (39)ـی ساڵی 2015 فیدراڵی لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق). دووەم: ده‌نگدان له‌سه‌ر داواكاری ده‌ست لەكار كێشانه‌وه‌ی حەوت ئەندام پەرلەمان. سێیەم: دەستلەكاركێشانەوەی چەند ئەندامێکی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستان و دانانەوەی ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی دیکە لە شوێنیان. چوارەم: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازەیاسا و پێشنیازە بڕیارێک به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.      

هاوڵاتی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم بنکەی پۆلیسی ئازادی لە کۆیە تەقەکرا و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کۆیەش دەڵێت، بەهۆی تەقەکانەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربون کە برینی یەکێکیان سەختە.  بەپێی زانیاریەکان، ئەمڕۆ دوشەممە چەند کەسێک بەمەبەستی بینینی زیندانییەک لەپۆلیسی ئازادی لە کۆیە سەردانی بنکەکەیان کردوە، بەڵام یەکێک لە سەردانیکاران فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوە و ئامادە نەبوە خۆی رادەست بکات و بەهۆیەوە شەڕ لەنێوان ئەو کەسانە و پۆلییسەکاندا دروستبوە و تەقەکراوە. هەروەها بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کۆیەرایگەیاند، بەهۆی تەقەکانی ئەمڕۆوە "کەسێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربون کە سەرجەمیان بە گولە برینداربون و برینی یەکێکیان سەختە و لە ئێستا نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدەدرێت".  هاوکات لەبارەی چۆنێتیی پێکدادانە، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە ڕایگەیاندووە، "رووداوەکە لە بەردەم بنکەی پۆلیسی ئازادی روویداوە و هێشتا رووداوەکە گەرمە زانیاری ورد لەبارەیەوە نییە." لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ڕوداوەکە تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردۆتەوە.

هاوڵاتی سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دوایین زانیاری لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 99.4٪ـی تێکڕای سندووقەکان کراونەتەوە و لە داتای گشتیدا تۆمارکراون.  ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی ئایاری 2023 رایگەیاند، "ژمارەی سندووقەکان لە نێوخۆی تورکیا 192 هەزار و 214 سندووقن. تا کاژێر 09:45 خولەکی ئەم بەیانییە 99.4٪ـی تێکڕای سندووقەکان کراونەتەوە کە ژمارەیان 192 هەزار و 187 سندووقە و 27 سندووق ماون کە بکرێنەوە".  لە دەرەوی تورکیا 9 هەزار و 594 سندووق هەبوون؛ 8 هەزار و 65 لەو سندووقانە کراونەتەوە.  ئەحمەد یەنەر ئاماژەی بەوەدا کە بەگوێرەی ئەم ئەنجامانە؛ لە کاژێر 09:45 رێژەی دەنگی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور 49.40٪ـە و رێژەی دەنگی کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت 44.96٪ ـە. هەروەها سینان ئۆغانی بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا 5.2٪ و موحەڕەم ئینجەی بەربژێری پارتی مەملەکەت کە سێ رۆژ بەر لە دەنگدان کشایەوە 0.44٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.  یەنەر تیشکى خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش تا ئه‌و كاته‌ ئه‌و پارتانه‌ی به‌ربه‌ستی له‌سه‌دا 7ی هه‌ڵبژاردنیان تێپه‌ڕاندووه‌ بریتین له‌، پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، پارتی سه‌رله‌نوێ ره‌فاح و پارتی یه‌كێتیی مه‌زن له‌ هاوپه‌یمانیی جمهوور، پارتی گه‌لی كۆماری و ئیی پارتی له‌ هاوپه‌یمانیی میلله‌ت و پارتی سه‌وزه‌كان و چه‌پی ئاینده‌ و پارتی كرێكارانی توركیا له‌ هاوپه‌یمانیی ره‌نج و ئازادی.

هاوڵاتی ئاژانسی ڕۆیتەرلە زاری دوو سەرچاوەوە ڕایگەیاند ئەگەر هەیە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بچنە خولی دووەمەوە. ڕۆیتەرز دەڵێت سەرچاوەکان لە هەردوو کەمپی کاندیدانی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ئەردۆغان و کڵچدار ئۆغلۆ دەڵێن لەسەر بنەمای بەشێک لە ئەنجامەکان، پێدەچێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بچێتە خولی دووەمەوە کە  لە 28 ی مانگی پێنجدا ئەنجامبدرێت بەهۆی ئەوەی ئەگەر زۆرە هیچ کام لەو دوو کاندیدە سەرەکییە دەنگەکانیان نەگاتە ئەو ڕێژەیەی کە پێویستە بۆ بردنەوەیەکی تەواو. لە ئێستادا ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکان بەردەوام بڵاودەکرێتەوەو ئەنجامەکان لە میدیایەکەوە بۆ یەکێکی کە جیاوازە بەوهۆیەشەوە سەرلێشێواوی دروستبووە لە ئەنجامی ڕاستی بەرایی هەڵبژاردنەکان. هاوکات بە ئاماژە بە دەستکاریکردن لە ڕاپۆرتەکانی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، شارەوانی ئۆپۆزسیۆنی ئەستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ڕایگەیاند نابێت هیچ کەسێک گوێی لە ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئاژانسی ئەنادۆڵو بگرێت و گۆڕانکاری تێدا کراوە. بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ڕێژەیەکی زۆر لە پێش کڵچدار ئۆغلۆوەیە بەگوێرەی ئەنجامە نوێیەکانی ئەنادۆڵو کە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ئەردۆغان بە ڕێژەی 51.84٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە بە بەراورد بە کیلیکدارئۆغڵو کە 42.53٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و 59.44٪ی سندوقەکانی دەنگدان دەژمێردرێن. ئەمەشلەکاتێکدایە کڵچدار ئۆغلۆ لە تویتێکدا بڵاویکردەوە و دەڵێت کە  " لە پێشەوەن". هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە یەکێکە لە گرنگترین هەڵبژاردنەکان لە مێژووی 100 ساڵەی تورکیادا، پێشبڕکێیەک کە لەوانەیە کۆتایی بە حوکمڕانی 20 ساڵەی ئەردۆغان بێنێت.