هاوڵاتی بەپێی ئەنجامە بەراییەکان هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی لەم شارانەدا پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد و ئامارەکان بەمشێوەیەی خوارەوەیە: ئامەد؛  پارتی چەپی سەوز لە ئامەد سەدا ٦٣ی دەنگەکانی بە دەستهێناوە و ٨ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کردووە. وان؛  پارتی چەپی سەوز لە وان بە بەدەستهێنانی سەدا ٥٥ی دەنگەکان ٥ پەرلەمانتاری بە دەستهێناوە. ڕحا ؛ پارتی چەپی سەوز لە ڕحا بە بەدەستهێنانی سەدا ٢٦ی دەنگەکان ٤ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. مێردین ؛ پارتی چەپی سەوز لە مێردین بە بەدەستهێنانی سەدا ٥٥ی دەنگەکان ٤ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. جۆلەمێرگ ؛ وەک چاوەڕوان دەکرا پارتی چەپی سەوز لە جۆلەمێرگ هەر ٣ پەرلەمانتاری ئەو پارێزگایە بە تەنها خۆی بەدەستهێنا. ئیدر؛  پارتی چەپی سەوز بە بەدەستهێنانی سەدا ٤٥ی دەنگەکانی ئیدر ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. شرنەخ ؛ پارتی چەپی سەوز لە شرنەخ ٣ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان لە ئەنقەرە کرد. ئێلح؛  پارتی چەپی سەوز لە ئێلح بە سەدا ٦٠ی دەنگەکان لە کۆی ٥ پەرلەمانتار ٤ پەرلەمانتاری ئەو پارێزگایە ڕەوانەی پەرلەمان کرد. سێرت؛  پارتی چەپی سەوز لە سێرت پەرلەمانتارێکی لە دەستدا و بە بەدەستهێنانی نزیکەی سەدا ٥٠ی دەنگەکان ٢ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. بەدلیس؛  پارتی چەپی سەوز بەراورد بە خولی پێشوو لە بەدلیس پەرلەمانتارێکی زیاتری بە دەستهێنا و بە بەدەستهێنانی نزیکەی سەدا ٤٠ی دەنگەکان ٢ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. مووش؛  پارتی چەپی سەوز لە موش نزیکەی لە سەدا ٥٠ ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و ٢ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. دێرسیم ؛ پارتی چەپی سەوز لە دێرسیم لە سەدا ٤٤ ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. چەولیگ؛  پارتی چەپی سەوز لە چەولیگ سەدا ٢٥ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. ئاگری ؛ پارتی چەپی سەوز لە سەدا ٥٥ ی دەنگەکانی لە ئاگری بەدەستهێنا. لە ئەنجامدا ٣ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. قەرس؛  پارتی چەپی سەوز لە قەرس بە بەدەستهێنانی سەدا ٢٨ ی دەنگەکان بوو بە یەکەمی ئەو پارێزگایە و دەنگەکانی لە دەنگی هەموو لایەنەکانی تر زیاتر بوون و لە ئەنجامدا ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. ئەرزرۆم ؛ پارتی چەپی سەوز لە ئەرزرۆم بە بەدەستهێنانی سەدا ١٠ی دەنگەکان ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. دیلۆک؛  پارتی چەپی سەوز بە بەدەستهێنانی سەدا ٩ی دەنگەکانی دیلۆک ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. ئیستەنبوڵ؛  هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی لە ئیستەنبوڵ نزیکەی سەدا ١٠.٥ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. بەو ڕێژەیەی دەنگەکان، هاوپەیمانییەکە توانیی ١١ پەرلەمانتاری لە ئیستەنبوڵ رەوانەی پەرلەمان کرد. ئەدەنە؛  پارتی چەپی سەوز لە ئەدەنە بە بەدەستهێنانی سەدا ٩ی دەنگەکان ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. مێرسین؛  پارتی چەپی سەوز لە مێرسین لە سەدا ١٣ی دەنگەکانی بەدەست هێنا و ٢ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. ئیزمیر؛  پارتی چەپی سەوز لە ئیزمیر لە سەدا ۷.۵ی دەنگەکانی بەدەست هێنا و ۲ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. هاتای؛ پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ)، کە پێکهاتەیەکی هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادییە لە ژێر چەتری پارتی چەپی سەوزدا لە هاتای ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. کۆجالی ؛پارتی چەپی سەوز لە کۆجالی بە بەدەستهێنانی سەدا ٥.٦ی دەنگەکان ١ پەرلەمانتاری ڕەوانەی پەرلەمان کرد. ئەنتالیا ؛پارتی چەپی سەوز لە ئەنتالیاوە پەرلەمانتارێکی ڕەوانەی پەرلەمان لە ئەنقەرە کرد.

هاوڵاتی دوای 63 رۆژ لە دووەم کۆبوونەوەی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەکات بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی 17ـی ئەم مانگ، کە دەبێتە سێیەم کۆبوونەوەی ئاسایی ئەم خولەی پەرلەمان. د. ڕێواز فائق حسێن، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوە، "بە پشتبه‌ستن به‌ حوکمی بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌ مادده‌ی (18)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی کوردستان، بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئه‌ندامه‌ به‌ڕێزه‌کانی په‌رله‌مان بکه‌ین بۆ دانیشتنی ژماره‌ (3)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ى ساڵی پێنجه‌م له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی کوردستان-عێراق، له‌ کاتژمێر (12)ی نیوه‌ڕۆی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ کاتی دیاریکراودا ئاماده‌بن". ئەم بابەتانەی تێدا تاوتوێ دەکرێت و دەنگیان لەسەر دەدرێت:  یەکەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای (بەركاركردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەداركردنی تیرۆر ژمارە (39)ـی ساڵی 2015 فیدراڵی لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق). دووەم: ده‌نگدان له‌سه‌ر داواكاری ده‌ست لەكار كێشانه‌وه‌ی حەوت ئەندام پەرلەمان. سێیەم: دەستلەكاركێشانەوەی چەند ئەندامێکی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستان و دانانەوەی ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی دیکە لە شوێنیان. چوارەم: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازەیاسا و پێشنیازە بڕیارێک به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.      

هاوڵاتی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم بنکەی پۆلیسی ئازادی لە کۆیە تەقەکرا و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کۆیەش دەڵێت، بەهۆی تەقەکانەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربون کە برینی یەکێکیان سەختە.  بەپێی زانیاریەکان، ئەمڕۆ دوشەممە چەند کەسێک بەمەبەستی بینینی زیندانییەک لەپۆلیسی ئازادی لە کۆیە سەردانی بنکەکەیان کردوە، بەڵام یەکێک لە سەردانیکاران فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوە و ئامادە نەبوە خۆی رادەست بکات و بەهۆیەوە شەڕ لەنێوان ئەو کەسانە و پۆلییسەکاندا دروستبوە و تەقەکراوە. هەروەها بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کۆیەرایگەیاند، بەهۆی تەقەکانی ئەمڕۆوە "کەسێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربون کە سەرجەمیان بە گولە برینداربون و برینی یەکێکیان سەختە و لە ئێستا نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدەدرێت".  هاوکات لەبارەی چۆنێتیی پێکدادانە، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە ڕایگەیاندووە، "رووداوەکە لە بەردەم بنکەی پۆلیسی ئازادی روویداوە و هێشتا رووداوەکە گەرمە زانیاری ورد لەبارەیەوە نییە." لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ڕوداوەکە تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردۆتەوە.

هاوڵاتی سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دوایین زانیاری لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 99.4٪ـی تێکڕای سندووقەکان کراونەتەوە و لە داتای گشتیدا تۆمارکراون.  ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی ئایاری 2023 رایگەیاند، "ژمارەی سندووقەکان لە نێوخۆی تورکیا 192 هەزار و 214 سندووقن. تا کاژێر 09:45 خولەکی ئەم بەیانییە 99.4٪ـی تێکڕای سندووقەکان کراونەتەوە کە ژمارەیان 192 هەزار و 187 سندووقە و 27 سندووق ماون کە بکرێنەوە".  لە دەرەوی تورکیا 9 هەزار و 594 سندووق هەبوون؛ 8 هەزار و 65 لەو سندووقانە کراونەتەوە.  ئەحمەد یەنەر ئاماژەی بەوەدا کە بەگوێرەی ئەم ئەنجامانە؛ لە کاژێر 09:45 رێژەی دەنگی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور 49.40٪ـە و رێژەی دەنگی کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت 44.96٪ ـە. هەروەها سینان ئۆغانی بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا 5.2٪ و موحەڕەم ئینجەی بەربژێری پارتی مەملەکەت کە سێ رۆژ بەر لە دەنگدان کشایەوە 0.44٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.  یەنەر تیشکى خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش تا ئه‌و كاته‌ ئه‌و پارتانه‌ی به‌ربه‌ستی له‌سه‌دا 7ی هه‌ڵبژاردنیان تێپه‌ڕاندووه‌ بریتین له‌، پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، پارتی سه‌رله‌نوێ ره‌فاح و پارتی یه‌كێتیی مه‌زن له‌ هاوپه‌یمانیی جمهوور، پارتی گه‌لی كۆماری و ئیی پارتی له‌ هاوپه‌یمانیی میلله‌ت و پارتی سه‌وزه‌كان و چه‌پی ئاینده‌ و پارتی كرێكارانی توركیا له‌ هاوپه‌یمانیی ره‌نج و ئازادی.

هاوڵاتی ئاژانسی ڕۆیتەرلە زاری دوو سەرچاوەوە ڕایگەیاند ئەگەر هەیە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بچنە خولی دووەمەوە. ڕۆیتەرز دەڵێت سەرچاوەکان لە هەردوو کەمپی کاندیدانی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ئەردۆغان و کڵچدار ئۆغلۆ دەڵێن لەسەر بنەمای بەشێک لە ئەنجامەکان، پێدەچێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بچێتە خولی دووەمەوە کە  لە 28 ی مانگی پێنجدا ئەنجامبدرێت بەهۆی ئەوەی ئەگەر زۆرە هیچ کام لەو دوو کاندیدە سەرەکییە دەنگەکانیان نەگاتە ئەو ڕێژەیەی کە پێویستە بۆ بردنەوەیەکی تەواو. لە ئێستادا ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکان بەردەوام بڵاودەکرێتەوەو ئەنجامەکان لە میدیایەکەوە بۆ یەکێکی کە جیاوازە بەوهۆیەشەوە سەرلێشێواوی دروستبووە لە ئەنجامی ڕاستی بەرایی هەڵبژاردنەکان. هاوکات بە ئاماژە بە دەستکاریکردن لە ڕاپۆرتەکانی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، شارەوانی ئۆپۆزسیۆنی ئەستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ڕایگەیاند نابێت هیچ کەسێک گوێی لە ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئاژانسی ئەنادۆڵو بگرێت و گۆڕانکاری تێدا کراوە. بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ڕێژەیەکی زۆر لە پێش کڵچدار ئۆغلۆوەیە بەگوێرەی ئەنجامە نوێیەکانی ئەنادۆڵو کە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ئەردۆغان بە ڕێژەی 51.84٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە بە بەراورد بە کیلیکدارئۆغڵو کە 42.53٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و 59.44٪ی سندوقەکانی دەنگدان دەژمێردرێن. ئەمەشلەکاتێکدایە کڵچدار ئۆغلۆ لە تویتێکدا بڵاویکردەوە و دەڵێت کە  " لە پێشەوەن". هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە یەکێکە لە گرنگترین هەڵبژاردنەکان لە مێژووی 100 ساڵەی تورکیادا، پێشبڕکێیەک کە لەوانەیە کۆتایی بە حوکمڕانی 20 ساڵەی ئەردۆغان بێنێت.  

سەركۆ جەمال وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەتیدەكاتەوە ئەوان ناڕازیی بووبن لەرێككەوتنی تیمی پارتی و یەكێتی، هاوكات ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هاوڵاتی ئاشكرا دەكات. ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی ئایاری 2023 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەبەشداری تیمی یەكێتی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.  دوای كۆبوونەوەكە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "خۆشحاڵی خۆمان بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران دەربڕی و پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان بۆ دەستپێشخەری و پەیامەكەی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپاتكردەوە ". بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی مەسرور بارزانی لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا لەبارەی رێكخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ بڕیاریدا؛ رێكخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە رێگای (بەناوەندییكردنی داهات و سیولە و خەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە رێكخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەكانی داهات لە بانكەكان و گەنجینەكان و دەروازە سنوورییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەكەوەبەستنیان لە رێگەی سیستمێكی ئەلكترۆنی." هەروەها لەبارەی رێكخستنەوەی دارایی گشتی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ئەولەویەت لە خەرجییەكان بدرێت بە مووچە وەك خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم، بۆ خەرجییەكانی دیكەش جگە لە مووچە، پێویستە بە میكانیزم و رێكاریی گونجاو و بە شێوازێكی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، خەرجییەكان ئەنجام بدرێت" بۆ مسۆگەركردنی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیران، سەرپشككران بۆ دانانی میكانیزمی پێویست بۆ پشتیوانیی وەزارەت و لایەنە راسپێردراوەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە." دوای كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران، ژمارەیەك میدیا سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەیان بڵاوكردەوە كە بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانە لە رێككەوتنەكەی پارتی‌و یەكێتیی و لەكۆبوونەوەكەدا وەزیرەكانی گۆڕان وتوویانە رێككەوتنەكە لەسەر حسابی دەسەڵاتەكانی وەزیری دارایی كراوە.  بەڵام دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەتدا بەهاوڵاتی وت:" ئەمڕۆ لەبڕگەی دووەم كە گفتوگۆ لەسەر دارایی گشتی هەرێم كرا یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەیەكیان كردبوو ڕەشنوسێكیان ئامادەكردبوو بۆ بڕیارێك كە دەنگی لەسەر بدەین، كە ڕەشنوسەكە هاتە بەردەستم و سەیرم كرد دروستكردنی بۆردێكی تێدایە". هەروەها وتیشی:"بۆردەكە هەموو دەسەڵاتەكانی لەئەنجومەنی وەزیران پێ دەسپێردرێت بۆ كاروباری دارایی گشتی كە ئەمەش بەشێك لەدەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەبات هەم بەشێك لەدەسەڵاتەكانی وەزیری داراییش دەبات". هاوكات دانا عەبدولكەریم، دەشڵێت:" تێبینیەكەم لەسەر ئەوەبوو دەبێت شێوازو میكانیزمی كاركردن ئەگەر پێویست بكات بۆردێك دروست بكرێت نابێت بەوشێوەیە بێت، ئەگەرنا بۆ ئەوەی مووچە بكرێت بە ناوەندی و داهاتەكان بەشێوەیەكی دادپەوەرانە بەسەر هەرێمی كوردستاندا دابەش بكرێت لەگەڵ بە ئەلكترۆنیكردن و بەستنەوەی بانكەكان و خاڵە سنوریەكان بۆ زانینی داهاتی هەرێم و شەفافكردنی ئێمە پشتیوانیمان كردووە". "دوای گفتوگۆی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەكۆی دەنگ بڕیارماندا لەسەر ئەو بابەتە و هیچ گرژییەك لەنێوان تیمی گۆڕان و یەكێتی دروستنەبووە"،  وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم. دانا عەبدولكەریم ئەوەی دووپاتكردەوە كە" شتێكیش نەبووە كە سەرۆكی حكومەت نیگەران بێت لەو گفتوگۆیەی نێوانمان، بەپێچەوانەوە گفتوگۆیەكی زانستیمان كرد لەئەنجومەنی وەزیران، ئێمە وەكو تیمی گۆڕان نەك پشتیوان بووین، بەڵكو داواكاری ئێمەیە كە مووچە ناوەندی بێت و بەدادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان داهاتەكان دابەش بكرێن". هاوكات هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم ئەویش ڕەتیكردەوە لەناو كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ناكۆكی لەنێوان تیمی گۆڕان و یەكێتی لەسەر رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی دروست بوو بێت.

هاوڵاتی ئاژانسی میزۆپۆتامیای باکوری کوردستان چەندین جۆری ساختەکانی پارتی داد و گەشەپێدانی لە شارەکانی باکوری کوردستان ئاشکرا کرد. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، لە زۆر ناوچەی جۆلەمێرگ، ئامەد، پەیاس، موش و ئاگری و چەندین ناوچەی دیکە ئاکەپە لە رێگەی کاربەدەستان و لایەنگرانیەوە هەوڵی ئاستەنگدروستکردن و گوشار خستنە سەر دەنگدەرانی داوە. کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە لە زۆر شارەکان لە رێگەی ساختەکاری و پێشێلکردنی یاساکانەوە دەنگ بۆ ئاکەپە کۆکراوەتەوە. سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیش لەبارەی ٢٠٠ دەنگدەر کە بەبێ ئاگاداری خۆیان وەک کارمەندی سەرسندوق ناویان تۆمار کراوە رایگەیاند، ئەو کەسانە دەتوانن لەو بنکانەی ناویان هاتووەتەوە کە تیایدا وەک ئەرکدار پێناسەکراون، دەنگ بدەن. سەرحەد ئەرەن کاندیدی پارتی چەپی سەوز لە ئامەد قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵ فورات کرد و باسی لە پێشێلکارییەکانی هەڵبژاردن کرد و وتی، "بەڵگەنامەی ١٤٢ بۆ پۆلیس و سەربازان و ئەو کارمەندانەی لە دەرەوەی سندوقەکانی خۆیان دەنگ دەدەن بەکاردەهێندرێت، دوای دەنگدان ئەو بەڵگەیە دەبێت رادەستی کاربەدەستانی سندووق بکرێت، بەڵام لە زۆر ناوچە ئەو بەڵگەنامەیە رادەست نەکراوە. باسی لەوەشکرد لە هەندێک بنکەی دەنگداندا مۆر کەمە و لە بری مۆری کۆمسیۆن مۆری بەڵێ لە هەندێک پسوڵە دراوە. باسی ئەوە دەکرێت کە لە گوندی ئۆڵگوناری سەر بە ناوەندی سەمسوریش محەمەد بوڵوت موختاری گوندەکە لەسەر ناوی گوندنشینەکان دەنگی داوە و ووتویەتی قسەی یەکەم و کۆتایی من دەکەم و سەرباری گوشارەکان، کارمەندان و چاودێرانیش بنکەی دەنگدانیان جێنەهێشت. لە گوندی یەنیجەی سەمسوریش چەندین کەس بە کۆمەڵ دەنگیاندا. بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوزیش چەکدارەکانی سەر بە گروپەکانی سەر بە سوپای نیشتمانی لە ئەعزاز و عەفرینەوە بۆ دەنگدان گواستراونەتەوە بۆ تورکیا. بەڵام دەستەی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوز رایگەیاندووە، کە بە گوێرەی مادەی ٤٣ی یاسای ١٣٥ی هەڵبژاردن دەبێت وێنەیەکی ئەنجامی سەرەتایی جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەر سندوقێک بدرێتە چاودێرانی سەر سندووقی دەنگدان. هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین گرتە ڤیدیۆ و وێنە بڵاوکراونەتەوە ئەمە چەند دانەیەکێتی:    

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە  بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ڕێکخستنەوەی دارایی گشتیی لە ھەرێمی کوردستان پەسەند کرد. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ، دەڵێت،  "خۆشحاڵیی خۆمان بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی." هاوکات لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر پەسەندکردنی ڕێکخستنەوەی دارایی گشتیی لە ھەرێمی کوردستان کرا کە یەکێک بوو لە داواکارییەکانی تیمی یەکێتی کە داوای هەڵوەشاندنەوەی هاوكێشەی 43% بە 47% لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا كردووە. ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا؛ ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری ھەرێم، لە ڕێگای (بەناوەندییکردنی داھات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە ڕێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داھات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داھاتی گشتی و ھەروەھا بەیەکەوەبەستنیان لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی. هەروەها بڕیاردرا؛ ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لەسەرتاسەری ھەرێم . لــە تــەوەرێــکی دیــکەدا، لــەبــارەی کــێشە ئــەمــنییەکــان، ئــەنــجومــەنــی وەزیــران بــڕیــاریــدا، لێکۆڵینەوەیەکی ھاوبەش لە ڕێی لــیژنــەیــەکــی تــایــبەتــمەنــد لە دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت، ســەبــارەت بــە دۆســیە ئــەمــنییەکــان بــەگشــتی دوور لـــە دەســـتێوردانـــی ســـیاســـی. دواتـــر ڕێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر. بڕگەی سێیەم و کۆتایی، خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆ بوو سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەو ھەڵسەنگاندنی نیشتمانییەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی ئەنجامدراوە بۆ مەترسییەکانی (شووشتنەوەی مایە ومایەدارکردنی تیرۆر لە عێراق) کە لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو. دەقی راگەیێندراوەکە: ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد. لەدەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، خۆشحاڵی خۆمان بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی.  هەروەها بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان بۆ دەستپێشخەری و پەیامەکەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپات کردەوە و جەختمان لە هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی لایەنە کوردستانییەکان کردەوە لە پێناو داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان .  بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە 2023/4/4 . ئاماژەمان بەوە دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کردووە و ئێستا چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی تورکیایە بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ دووبارە دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ، لەهەمانکاتدا پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، بڕە بودجەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی هەرێم بنێرێت تا ئەوکاتەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ پەسەند دەکرێت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵ دابین دەکرێت.  لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆمان لەبارەی پڕۆژەی (ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان) کرد. پاش گفتوگۆ کردن، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا؛ ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە ڕێگای (بەناوەندییکردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە ڕێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی.  هەر لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاردرا؛ ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم ، بۆ خەرجیەکانی دیکەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میکانیزم وڕێکاریی گونجاو و بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا وئیدارەیەکی سەربەخۆ، خەرجیيەکان ئەنجام بدرێت. بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران ، سەرپشککران بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ پشتیوانی وەزارەت و لایەنە ڕاسپێردراوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە. لــە تــەوەرێــکی دیــکەدا، لــەبــارەی کــێشە ئــەمــنییەکــان، ئــەنــجومــەنــی وەزیــران بــڕیــاریــدا،  لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لە ڕێی لــیژنــەیــەکــی تــایــبەتــمەنــد لە دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت، ســەبــارەت بــە دۆســیە ئــەمــنییەکــان بــەگشــتی دوور لـــە دەســـتێوردانـــی ســـیاســـی. دواتـــر ڕێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر. بڕگەی سێیەم و کۆتایی، خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆ بوو سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەو هەڵسەنگاندنی نیشتمانییەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی ئەنجامدراوە بۆ مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە ومایەدارکردنی تیرۆر کە لەلایەن بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هەوڵ و ڕێکار و هەنگاوەکانیان بۆ ڕووبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر، بۆ ئەو مەبەستەش تاوەکوو داڕشتنەوەی چوارچێوەی یاسایی نوێ لە هەرێم بۆ ئەم بابەتە، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی وبەیەکەوەکارکردن لەگەڵ دامەزراوە هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی و دامەزراوە جیهانیەکانیش بۆ ئەم بابەتە کە کێشەیەکی نێودەوڵەتییە،  هەروەها ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە پابەندیی هەرێم بە ڕێکارەکانی ڕووبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە ومایەدارکردنی تیرۆر.  

هاوڵاتی وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم و سەرۆکی شاندی دانوستانکار بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، رایگەیاند، هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕێکەوتنی نەوتیدا کە چوار نیسانی ئەمساڵ لە بەغدا واژۆکرا خۆی بەدۆڕاو نازانێت و پێیوایە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هەردولایان براوەن. ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە، "چەند نرخی فرۆشتنی نەوت بەرز ببێتەوە، ئەوکاتە بەشداری هەرێم لە میزانیەی عێراق بەرزدەبێتەوە، ئەوەش فشاری دارایی هەرێم لە سەر بودجەی عێراق کەمدەکاتەوە، (ئەمە ئاماژەیە بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە کە پێشتر 10 تا 12 دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی دەفرۆشرا)".  ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕێکەوتنی نەوتیدا کە چوار نیسانی ئەمساڵ لە بەغدا واژۆکرا خۆی بەدۆڕاو نازانێت و پێیوایە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هەردولایان براوەن. پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ مانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار زیاترەو لەو بڕە 910 ملیار دیناری دەدرێتە مووچەو بڕی 300 ملیار دیناری بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری گشتی بۆ دەمێنێتەوە. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات زۆر ئاشكرایە كەپشكی هەرێمی كوردستان و ئەو پارەیەی كەدواجار ئەگەری هەیە لەبەغداوە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت، ئەگەر بودجەكە پەسندكرا، گرنگترین بابەتە كە پەیوەندی بەئابووریی هەرێمی كوردستان لە سێ ساڵی داهاتوو و ژیان و گوزەرانی خەڵك هەیە، بەتایبەتی كە تاساڵی ٢٠٢٦ هیچ یاسایەكی دیكەی بودجە لەعێراقدا دەرناچێت. ئەمە سەبارەت بەداهاتەكان لەپڕۆژەیاساكەدا پێشبینی كراوە لەڕێگەی فرۆشتنی سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، كە ئەمە  400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كورستانیش لەخۆدەگرێت، حكومەتی عێراق بەنرخی خەمڵێندراوی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك داهاتی ١١٧ ترلیۆن و ٢٥٣ ملیار دیناری هەبێت.

هاوڵاتی خزمەکانی کاندیدێکی ئاکەپە هێرشیان کردە سەر بەرپرس و چاودێرانی پارتی چەپی سەوز و لە ئەنجامدا سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورک و ژمارەیەک کەسایەتی دیکە و چاودێر بریندارکران. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، خزمەکانی کاندیدێکی ئاکەپە بەناوی فاروق قلیچ لە گەڕەکی ئەشمە لە ناوچەی قۆسەر لە پارێزگای مێردین هەوڵیاندا لە کاتی دەنگداندا بە کۆمەڵ دەنگ بدەن. چاودێرانی پارتی چەپی سەوز لە دژی ئەو هەوڵە ساختەکارییە وەستانەوە. لەو کاتەدا، کۆمەڵێک لە خزمەکانی قلیچ هێرشیان کردە سەر چاودێرەکانی پارتی چەپی سەوز. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا لە ئەنجامی هێرشی ساختەکارانەدا دوو چاودێر بەناوی هاڤاس گونگۆر و کەمال ئەربەی بریندار بوون. پارێزەران دەستوەردانیان لە رووداوەکە کرد و رڕاپۆرتیان لەسەر ساختەکاری و ئاژاوەگێڕیی ئاکەپە تۆمار کرد. ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان و سیاسەتمەدار ئەحمەد تورک سەردانی بریندارەکانیان کرد.

هاوڵاتی میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، پێویستە هەموو هاوڵاتیانی تورکیا ئەمڕۆ ئاسایشی سندوقەکانی دەنگدان بپاترێزن و وتی، دەنگیان بە گۆڕانکاری دیموکراسی و ئاشتیداوە. میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە هەمان کاتدا کاندیدی پارتی چەپی سەوزە لە ئەنقەرە دەنگیدا. سانجار دواتر بۆ میدیاکان قسەی کرد و رایگەیاند، ئەمڕۆ تورکیا کۆتایی بە حوکمڕانی تاکەکەسی دەهێنێت و وتی، " باوەڕم وایە هەموو هاوڵاتیەکانمان بە بەرپرسیاری دیموکراسی دەنگ دەدەن. سانجار ئاماژەی بە پاراستنی ئاسایشی سندوقەکانی دەنگدان کرد و ئەوە خستەروو، " داوا لە هەموو کەسێک دەکەم ئاگاداری سندوقەکانی دەنگدا بن. ئەرکی هەموومانە خاوەنداری لە سندوقەکان بکەین. هەموو کەسێک پێویستە لە چوارچێوەی ئەم ئەرکەدا بجووڵێتەوە. قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات. "

هاوڵاتی هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا لەلایەن شاند و چاودێرانی فەرمی و سەربەخۆی نێونەتەوەییەوە چاودێری دەکرێن. چاودێرانی نێونەتەوەیی هەڵبژاردنەکان لە ٤٠٣ چاودێر پێکهاتوون و لە سەرانسەری تورکیا چاودێری هەڵبژاردنەکان دەکەن. ١٧٥ کەس لە چاودێرە نێونەتەوەییەکان، پەرلەمانتاری پەرلەمانی وڵاتانی جۆراوجۆر، نوێنەرانی حیزبەکان و چەتر و هاوپەیمانییەکان، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پارێزەران، ئەکادیمییەکان، توێژەران، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی وڵاتانی جۆراوجۆری ئەوروپا پێکهاتوون، لە شارە کوردییەکان چاودێریی هەڵبژاردنەکان دەکەن. دەرویش چیمەن نوێنەری هەدەپە لە ئەوروپا بۆ میدیاکانی باکوری کوردستا رایگەیاند، "بەپێی کەش و هەوای پێش هەڵبژاردن، چاوەڕوان ناکرێت هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک و یەکسان و ئازاد لە تورکیا ئەنجام بدرێت." چیمەن وتیشی، "ئەردۆغان بە کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری، میدیا و هەموو دامەزراوە سیاسییەکانی دەوڵەت هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆ هەڵبژاردنی بەڕێوەبرد. لە ئێستادا هەموو کەسێک دەبینێت، کە دەسەڵاتی ٢١ ساڵە دەسەڵات بووە بە ڕژێمێکی دەسەڵاتپەرەستی دیکتاتۆر. شاندی چاودێری سەربەخۆ و فەرمی لەلایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەییە جۆراوجۆرەکانەوە نێردراون بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان". چیمەن ئەوەشی وت، لە فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، سویسرا، نەمسا، نەرویج، دانیمارک، سوید و فینلەندا چاودێری ١٧٥ چاودێری سەربەخۆ چاودێریی هەڵبژاردن لە شارەکانی ئامەد، چەولیگ، موش، رحا، مێردین، سێرت، شرنەخ، جۆلەمێرگ، ئاگری، قەرس، ئەردەخان، مەلەتی و ئیستەنبوڵ دەکەن.

هاوڵاتی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 دەدرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی نیسانی 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، وا بڕیارە  بەم زووانە لیژنەی دارایی راپۆرتی کۆتایی خۆی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 تەواو بکات. بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، "لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت" و پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام دەدات، "چونکە پڕۆژەیاسایەکی گرنگە و هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکانی عێراقەوە چاوەڕێی دەکەن".  ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت لەسەر دەنگدان و پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دەدات، چونكە یاسایەكی گرنگە و هەموو هاوڵاتیانی عێراق لەسەرجەم پارێزگاکان چاوەڕێی پەسەندکردنى بودجە دەكەن. جێگای ئاماژەیە، پێشتر هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بڵاویكردبوەوە، لایەنە سیاسیەكان ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگەیان دیاریكردوە بۆ دەنگدان لە سەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 درەنگانی شەوی یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە  بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دووشەممە و دوای گفتوگۆی پەرلەمانتاران و پێشکەشکردنی سەرنج و تێبینییەکان کۆتایی هات بە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساکە. درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هاوڵاتی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ھەرێم کۆدەبێتەوە و تیمی وەزاری یەکێتیش بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات و 60 خولەک تەرخانکراوە بۆ بابەتی رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی کارنامەی فەرمی کۆبونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبونی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی یەکێتی، لە تەوەری یەکەمدا دوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە چوارچێویە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی لە 4ی نیسانی 2023 دەخرێتەڕو. ئاماژە بەوەشکراوە، "60 خولەک تەرخانکراوە بۆ بابەتی رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان"، ئەم تەوەرە یەکێکە بوە لە کێشەکانی رابردو بەتایبەتی لە سنوری سلێمانی هەمیشە لەکاتی دواکەوتنی موچەدا کورتهێنان هەبوە. لە تەوەری سێیەمیشدا راپۆرتی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی نیشتیمانی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ مەترسییەکانی شوشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر لە عێراق، کە لە چوارچێوەی نوسراوی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون ژمارە (113) لە 11ی 5ی 2023 خراوەتەڕو، کە لەلایەن وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون دەخرێتەڕو. ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە ژمارە 2017 ی ئەم هەفتەیەیدا کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە ڕاپۆرتێکی بە ناوی مەسعود بارزانی دەستپێشخەرییەكەی ئەمریكا تەواو دەكات بڵاوکردەوە لە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەدا چەندین بابەتی گرنگ باسکراون کە یەکێکیان ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی تیمی یەکێتییە سەبارەت بە داواکاری و کێشەکانی یەکێتی بۆ مەسرور بارزانی. لەئێستادا كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و كورتهێنانی پارەی كاش لەسلێمانی و پرسی كوژرانی هاوكار جاف كە بەو هۆیەوە بڕینی بەشە بودجەی دژەتیرۆری یەكێتی لێكەوتەوە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت. بڕیارە پرسی كوژرانی عەقید هاوكار جاف بەلیژنەی باڵای مەكتەبی سیاسی هەردوولا بسپێردرێت كەیەكێك دەبێت لەپێشنیازەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، ئەگەر ئەو كێشەیە لەناو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەنێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی چارەسەر نەكرێت. شەش مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەی حكومەتیان كردووەو كۆبوونەوەكانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی گەیاند بەیەك كەپێشتر بەشێك لەسیاسییەكان داوایان دەكرد مەسرور بارزانی چایەك لەگەڵ قوباد تاڵەبانی بخواتەوە كێشەكان چارەسەر دەكرێن. پرسی كۆكردنەوەی داهات لیژنەی وەزاری بۆ پێكدەهێندرێت و یەكێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی هاوكێشەی 43% بە 47% لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا كردووە. هاوكات تیمی یەكێتی داوایان كردووە كەدەسەڵاتی خەرجكردن و پڕكردنەوەی كورتهێنان بەتەواوی چارەسەربكرێت و جێگری سەرۆكی حكومەت دەسەڵاتی خەرجكردنی هاوشێوەی سەرۆكی حكومەتی هەبێت كەپێشتر لەكابینەی هەشتی حكومەتدا هەیبووە. هەروەها لیژنەی باڵای وزاری لەنێوان هەردوولاو تەنانەت بەبەشداری وەزیری دارایی كە لەپشكی گۆڕانە بەشداربێت بۆ بڕیاردان‌و بەدواداچوون‌و وەرگرتنی داهاتە جۆراوجۆرەكان‌و گرتنەبەری رێكاری پێویست لەحاڵەتی جێبەجێنەكردنیدا. بەپێی راپۆرتەكەی یەكێتی، داوای ئەوە دەكرێت پڕكردنەوەی كورتهێنان بۆ موچە بەشێوەی «ناوەندی» بێت، ئەمەی دوای ئەوەی كەدابینكردنی «پارەی كاش» بەناوەندی دەكرێت.

هاوڵاتی پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لە بنکەیەکی شاری وان لە باکووری کوردستان دەنگی دا و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی "هیوادارین دەنگەکان بۆ ئاشتی و ئارامی و دیموکراسی بن". پەروین بوڵدان کە هاوکات سەرۆکی پارتی چەپی سەوزە، ئەمڕۆ یەکشەممە دوای ئەوەی لە بنکەیەکی دەنگدان لە شاری وان دەنگیدا، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، "ماوەیەکی درێژە کاردەکەین بۆ هەڵبژاردن، بەگشتی ئەمڕۆ خەڵکی ئێمە لە تورکیا دەنگدەدەن، هیوادارم دەنگی هاوڵاتیان بۆ ئارامی و ئاشتی و دیموکراسی و دادپەروەی بێت" ئاماژەی بەوشەکرد، "لە تورکیا ناهەقی زۆر کراوە، بەڵام ئەمڕۆ لەو هەڵبژاردنەدا گۆڕانکارییەکی گەورە دروست دەبێت، خەڵکی تورکیا و ئێمە ئەمڕۆ هیوامان بەوەیە گۆڕانکاری دروست بێت، هیوامان بەم هەڵبژاردنە هەیە. ڕاشیگەیاند، چاوەڕوانین ئەمشەو قەدەری تورکیا بگۆڕدرێت، چاوی ئێمە لەسەر سندوقەکانی دەنگدانە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش و هیوایەکی گەورەمان هەیە هەرکەسێک کە لە تورکیا دەژی دەبێت ئەو هیوایەی هەبێت". پەروین بوڵدان باسی لەوەشکرد، "لە تورکیا سیستمێکی خراپ هەیە و دەبێت ئەمڕۆ ئەم سیستمە کۆتایی پێبهێنین بۆیە ئێمە دەنگی خۆمان دەدەین، داوای ئێمە و هیوامان ئەوەیە کە تورکیا ببێتە شوێنێکی ئارام و باوەڕ دەکەم ئەو بەدیبێت". کاتژمێر 8:00ی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پەرلەمانی تورکیا لە باکوری کوردستان و تورکیا دەستیپێکرد، کە 60 ملیۆن و 297 هەزار و 834 دەنگدەر کە تەمەنیان لە سەرو 18 ساڵەوەیە مافی بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی دەنگداندا هەیە.