هاوڵاتی فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەربە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوکراوەیەکدا باسی لەوەکردوە کە لە سنووری شاری قەڵادزێ سەربە پارێزگای سلێمانی، تیمی تەقاندنەوە (EOD)ی سەربە بەشی تیمەکانی مینلابەری دەستی و تەقاندنەوەی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین، ١١١ مین و تەقەمەنی، ھەروەھا پاشماوەی جەنگییان تەقاندووەتەوە. ئەوەشی ڕونکردۆتەوه لە کێڵگەیەکی کشتوکاڵی قەزای چوارتادا، تیمەکانی سەربە دەزگای مین، سێ مینی دژەکەسیان کە دوای کێڵانی زەوییەکەی لەلایەن جووتیارێکەوە بەدەرکەوتبوون ھەڵگرتووەتەوە. ھەروەھا لە گوندی ئاشی بڕە گوێز سەربە قەزای چۆمان، ژمارەیەک پاشماوەی جەنگیی گواسترانەوە و لە نزیک ڕێگای سەرەکی لە چیای زۆزک ژمارەیەک مینی دژەکەسی (V-69) لەناوبراون. تیمەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای دھۆک، ٧٨ مین و تەقەمەنییان بۆ شوێنی تایبەت گواستەوە بۆ ئەوەی لەناوببرێن.
دادگای دەستوریی تورکیا ئەژمارە بانکییەکانی هەدەپە دادەخات و ئەو پارتەش هەوڵەکە بە نایاسایی و سیاسیی ناو دەبات. ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگای دەستوریی تورکیا لەسەر داوای بەکر شاهین، سەرۆکی داواکاری گشتیی تورکیا بڕیاری دا بە راگرتنی ئەو ئەژمارە بانکییانەی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە کە پەوەندییان بە وەرگرتنی هاوکاریی گەنجینەوە هەیە، راگرت. دادگا لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەدا رونی کردوەتەوە؛ ئەو ئەژمارە بانکییانەی هەدەپە بە شێوەیەکی کاتیی دادەخرێن و پارەکانی بلۆک دەکرێن. ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە کۆمیسیۆنی یاسایی هەدەپە داوای کردبو دۆسیەی راگرتنی پارتەکەیان لە لایەن دادگای دەستوریی تورکیاوە بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە دوابخرێت کە لە مانگی حوزەیران بەڕێوبچێت. کۆمیسیۆنی یاسایی هەدەپە رونی کردوەتەوە هەوڵدانی داخستن و بلۆککردنی ئەژمارە بانکییەکانی پارتەکەیان هەنگاوێکی سیاسییە بە ئامانجی داخستنی تەواوەتیی هەدەپە.
سوپای تورکیا لە ئۆپراسیۆنەکانی ئامەد، چەولیک، موش و ئێلحی باکوری کوردستاندا، ئاگری لە دارستانەکان بەرداوە. سوپای تورکیا لە ٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ەوە لە ناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکانی ئامەد، چەولیک، موش، ئێلحی باکوری کوردستان، بە بەشداری هەزاران سەرباز دەستی بە ئۆپراسیۆنی سەربازی کرد و ئۆپراسیۆنەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامن. سوپای تورکیا لە ئۆپراسیۆنەکاندا، بە هەلیکۆپتەر سەربازێکی زۆری لە شاخەکان جێگیر کرد. ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، لەو هەرێمانەی ئۆپراسیۆنی لێیە، درۆن و هەلیکۆپتەرە جەنگیەکان بە بەردەوامی دەسووڕێنەوە و تۆپباران دەستی پێکردووە. راگەیەندرا، بە تایبەتی لە بەرزاییەکانی ناوچەی پاسوری ئامەد و موش، یەکە سەربازیەکان ئاگریان لە دارستانەکان بەرداوە. ئاژانسەکە باسی ئەوەشی کردووە کە ئۆپراسیۆنەکە بەرەو کۆتایی دەڕوات، بەڵام لە هەندێک شوێنی ستراتیژی تاوەکو ئێستاش جموجووڵی سەربازی بەردەوامە.
هاوڵآتی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی،لەسەر دۆسیەی كوشتنی گەنجەكەی قەرەداغ دوو تۆمەتبار دەستگیركران. دوای ئەوەی رۆژی 2023/1/3 تەرمی هاوڵاتییەك لەڕێگای سلێمانی - قەرەداغ دۆزرایەوە كە دوای ڕەوانەكردنی بۆ پزیشكی دادوەریی دەركەوت كەسەكە خنكێنراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵنەوەكانی بۆ دۆزینەوەو ئەنجامدەری تاوانەكە دەستپێكرد،هاوکات پێشتریش هاوسەری كوژراوەكە هەواڵی دیارنەمانی هاوسەرەكەی گەیاندبووە بنكەی پۆلیسی چوارچراو سكاڵای یاسایی لەسەر سێ برای هاوسەرەكەی تۆماركردبوو ئەمڕۆ پۆلیسی سلێمانی دو برای كوژراوەكە یان بە تۆمەتی کوشتنی براکەیان دەستگیر کرد و لەئێستادا لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هێزەكانی پۆلیس لەهەوڵدان بۆ دەستگیركردنی براكەی دیكەیان كە پلەدارێكی سەربازیەو لەهەولێر نیشتەجێیە." جێی ئاماژەیە لەساڵی 1995دا باوكیان بەناوی (ل، ح) لەگوندی كانی خاكی سەر بەناحیەی سەنگاو كوژراوە. پۆلیسی سلێمانی گوتیشی پێشتریش لە"ڕۆژی 2014/6/14 لەسەر ڕێگای عەربەت - سلێمانی تەرمی دوو برای دیكەی بهكوژراوی دۆزرانهوه، ههر ئهو كات لەبنكەی پۆلیسی عەربەت دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایهوەو ڕێكاریی یاسایی گیرایەبەر". دەقی ڕاگەیەندراوەکە: لەسەر دۆسیەی كوشتنی گەنجەكەی قەرەداغ دوو تۆمەتبار دەستگیركران رۆژی 2023/1/3 تەرمی هاوڵاتییەك لەڕێگای سلێمانی - قەرەداغ دۆزرایەوە كە دوای ڕەوانەكردنی بۆ پزیشكی دادوەریی دەركەوت كەسەكە خنكێنراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵنەوەكانی بۆ دۆزینەوەو ئەنجامدەری تاوانەكە دەستپێكرد. پێشترو ڕۆژی 23-12-2022 هاوسەری كوژراوەكە هەواڵی دیارنەمانی هاوسەرەكەی گەیاندبووە بنكەی پۆلیسی چوارچراو سكاڵای یاسایی لەسەر سێ برای هاوسەرەكەی تۆماركردبوو. بەڕێز دادوەر بەپێی ماددەی 406 لەیاسا سزادانی عیراقی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ تۆمەتباران دەركرد، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردوو توانرا دو برای كوژراوەكە دەستگیربكەنو لەئێستادا لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، هەروەها هێزەكانی پۆلیس لەهەوڵدان بۆ دەستگیركردنی براكەی دیكەیان كە پلەدارێكی سەربازیەو لەهەولێر نیشتەجێیە. جێی ئاماژەیە لەساڵی 1995دا باوكیان بەناوی (ل، ح) لەگوندی كانی خاكی سەر بەناحیەی سەنگاو كوژراوە. هەروەها ڕۆژی 2014/6/14 لەسەر ڕێگای عەربەت - سلێمانی تەرمی دوو برای دیكەی بهكوژراوی دۆزرانهوه، ههر ئهو كات لەبنكەی پۆلیسی عەربەت دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایهوەو ڕێكاریی یاسایی گیرایەبەر. بهڕێوهبهرایهتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی - ڕاگهیاندنو پهیوهندییهكان
ئاژانسێکی هەواڵ ئاشکرای دەکات ؛ تورکیا داواى لە سوریا کردوە کە هێزە کوردییەکان رۆژئاوای کوردستان بخاتە ناو لیستى تیرۆرەوە. ئاژانسى رۆیتەرز لە زارى بەرپرسێکى تورکیا بڵاویکردەوە کە لە کۆبونەوەى سێ قۆڵى مانگى رابردو کە لەنێوان وەزیرانى بەرگریی تورکیا و سوریا و روسیا لە مۆسکۆ بەڕێوەچو و ئەنقەرە داواى لە رژێمی ئەسەد کردوە کە هێزە کوردییەکانى رۆژئاواى کوردستان وەک تیرۆریست بناسێنرێت. لەبارەى وەڵامى سوریا بۆ ئەم داوایەى تورکیا ئاژانسى رۆیتەرز هیچ زانیارییەکى بڵاو نەکردوەتەوە بەڵام پێشتر مولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کردبو کە بڕیارە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رژێمی سوریا کۆببنەوە. تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەقەڵەم دەدات و مەرجی سەرەکیشی بۆ دانوستان لەگەڵ رژێمی سوریا دورخستەوەی ئەو هێزانەبوە لە خاکی سوریا.
هاوڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ نەوتی سپی بەسەر 234 هەزار و 254 خێزان لەناوچە شاخاوییەكان دابەشكراوە و نزیکەی 47 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە پێداویستی هەرێمی کوردستان بۆ نەوتی سپی لە ساڵێکدا 258 ملیۆن لیترە و بەوپێیەش تائێستا 18%ـی هاوڵاتیانی هەرێم نەوتیان وەرگرتوە. بهپێی راگهیهنراوی وهزارهتی سامانه سروشتییهكان، تاوەكو 4ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ وەبەرهێنانی كانزایی لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەڕێگای بەڕێوەبەرایەتیەکانی نەوت و کانزاکانی پارێزگاکان بڕی 46 ملیۆن و 850 هەزار و 800 لیتر لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان دابەشكردووە. ئەوەشی خستوەتەڕو، بەپێی دوایین ئامار تاوەكو ئێستا 234 هەزار و 254 خێزان لە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی سودمەندبوە، لەسنوری پارێزگای هەولێر 15 ملیۆن و 564 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەشكراوەو 77 هەزار و 822 خێزان سودمەند بوە، لەسنوری پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەش 18 ملیۆن و 828 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی دابەش كراوەو 94 هەزار و 144 خێزان سودمەند بوە. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، لەپارێزگای دهۆكیش 12 ملیۆن و 457 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەش كراوەو 62 هەزار 288 خێزان سودمەندبوە. ههروهها وهزارهتی سامانهسروشتییهكان دهشڵێت، پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەردەوام دەبێت و بەم نزیكانە دابەش کردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان تەواو دەبێت دەست دەکرێت بە دابەش کردنی نەوت لە دەوروبەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
هاوڵاتی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە هێزەکانی سەربە دەزگای هەواڵگریی و ئاسایش لە پارێزگای کەرکووک تیرۆریستێک و دوو داواکراویان بە ماددی ٤٠٣ دەستگیرکردووە. لەو راگەیەندراوەدا کە لە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە لە چوارچێوەی کارە مەیدانییەکان، تیمەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکووک سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگریی و ئاسایش لە وەزارەتی بەرگریی بە هەماهەنگیی لەگەڵ فەوجی کۆماندۆ سەربە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک تیرۆریستێکیان لە قەزای حەویجە دەستگیرکردووه کە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکراو بووە. ئاماژە بەوەشدراوە کە هێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکووک دوو داواکراویان دەستگیرکردووە کە بەپێی ماددەی ٤٠٣ لە یاسای سزادان داواکراوبوون،ئەوەش خراوەتەڕوو کە رێکاری پێویست لەبارەی دەستگیرکراوەکانەوە گیراوەتەبەر. ڕۆژانە هێزەکانی عێراق هەڵمەتی لەناوبردن و دەستگیرکردنی چەکدارانی تیرۆرستی داعش لەبەغدا و زۆربەی پارێزگاکانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق ئەنجامدەدەن.
هاوڵاتی دەسەڵات لەتوركیا لەلایەك كار بۆ بڕینی بودجەی هەدەپە دەكات و لەلایەكی تریش كار بۆ داخستنی هەدەپە دەكات، شیكەرەوانی سیاسی باوەڕیان وایە لەگریمانەی داخستنی هەدەپەدا سێ سیناریۆ لەبەردەم ئەو پارەتەدایە بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكاندا، بەرپرسانی هەدەپە-ش دەڵێن: هەر لایەنێك رێككەوتنی یاساییان لەگەڵ نەبێت، پشتگیری لەكاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ناكەن، هاوكات دەمیرتاش رایگەیاند: وادیارە كەهەدەپە دادەخرێت، بەڵام هەدەپە بەهێزەو دەتوانێت هاوكێشەكان یەكلایی بكاتەوەو ببێتە هۆكاری سەركەوتنی لایەنێك. لەهەفتەی ئایندەدا، دوو بڕیاری گرنگ چاوەڕێی هەدەپە دەكەن كەیەكێكیان كۆبوونەوەی دادگای دەستووری توركیایە كەبڕیارە شەشی ئەم مانگە لەبارەی بڕینی بودجەی هەدەپە كۆبێتەوە كە بەكر شاهین سەرۆكی داواكاری گشتی كۆماری ئەنقەرە داواكاریەكەی پێشكەش بەدادگای دەستووری توركیا كردووە. بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەكان لەتوركیا، ئەو پارتانەی كەدەتوانن بەندی هەڵبژاردنەكان تیپەڕێنن و كورسیان لەپەرلەماندا هەبێت، بەگوێرەی ژمارەی كورسیەكانیان بودجەی ساڵانە لەدەوڵەت وەردەگرن. هەدەپەش بەگوێرەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، ٥٣٩ هەزارو ٥٠٠ هەزار لیرەی بەردەكەوێت و دەتوانێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیش بودجەیەك لەدەوڵەت وەربگرێت و بڕینی بەشە بودجەی پارتەكە پێویستی بەبڕیاری ١٠ ئەندام لەكۆی ١٥ ئەندامی ئەنجومەنی دادگای باڵای دەستووری هەیە. پێشهاتێكی دیكەی چارەنووسساز كەچاوەڕێی هەدەپە دەكات، بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاییكردنی هەدەپەیە لە ١٠ی ئەم مانگەدا كەجارێكی دیكە بەكر شاهین سەرۆكی داواكاری گشتی كۆماری ئەنقەرە لەدانیشتنی دادگادا بەشێوەیەكی زارەكی لەدژی هەدەپە قسە دەكات و پێویستە بەرپرسانی هەدەپەش بەشێوەیەكی زارەكی بەرگری لەپارتەكەیان بكەن. دادگای دەستووری توركیاش قسەی هەردوولا هەڵدەسەنگێنێت و رۆژێك دیاری دەكات بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەوە بدات كەئایا هەدەپە ‹مەترسییە بۆ سەر یەكپارچەیی دەوڵەت و وڵات› یان نا! شەشی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١، بەكر شاهین دۆسیەی داخستنی هەدەپەی پێشكەشی ئەنجوومەنی دادوەرانی دادگای باڵای دەستووری كردبوو، بەڵام ئەنجوومەنەكە بەهۆی هەبوونی كەموكوڕی دووجار دۆسیەكەی گەڕاندەوەو دواجار رۆژی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ دۆسیەكەی پەسندكرد. ٢٦ی حوزەیرانی هەمان ساڵ بەرپرسانی هەدەپە بەفەرمی ئاگاداركرانەوە كەدۆسیەی داخستنی پارتەكەیان لەدادگای دەستووریدایە. تاوەكو ئێستا لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ و ١٥ی ئازاری ٢٠٢٢، واتە دوو جار دانیشتنی دادگاییكردنی كەیسی داخستنی هەدەپە بەڕێوەچووەو تێیدا داواكراوە كەپارتەكە دابخرێت و سیاسەتكردن لە ٤٥١ ئەندام و بەرپرسی پارتەكە قەدەغە بكرێت. كەیسی داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، نیشانی دەدات كەهیچ پێشكەوتنێك بەبەراورد بە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر لەپرسی كورددا لەتوركیا بەدینەهاتووە و ئەگەر پێشكەوتنێكیش هەبێت، بەیەك بڕیاری دادگای دەستووری ئەو وڵاتە، دەكرێت، دۆخەكە بۆ ٣٠ ساڵ لەمەوبەر بگەڕێندرێتەوەو چارەنووسی هەدەپەش وەك پارتەكانی، هەپ، ئوزدەپ، دەپ، هادەپ، دەهات و دەتەپە بێت. پرسی داخستنی هەدەپە، لەگۆڕەپانی سیاسەتی توركیادا، مشتومڕێكی زۆری لێكەوتووەتەوەو گرنگرترین بابەتیش ئەوەیە كەئەگەر هەدەپە دابخرێت، دەنگەكانی هەدەپە كە لەنێوان ٩-١١٪ی كۆی رێژەی دەنگدەرانی توركیایە، چییان بەسەردێت، یاخود هەدەپە چی رێگەیەك دەگرێتەبەر. محەمەد سەڤیگەن سكرتێری پێشووی گشتی پارتی گەلی كۆماری چەند رۆژ لەمەوبەر رایگەیاندبوو كە لەئەگەری داخستنی هەدەپەدا، پەرلەمانتارانی هەدەپە لەسەر لیستی پارتی پێشكەوتن و دیموكراتی (دەڤا) بەسەرۆكایەتی عەلی باباجان خۆیان هەڵدەبژێرن. هەرچەندە هەدەپە لەمبارەیەوە هیچ زانیاریەكی بڵاونەكردەوە، بەڵام خودی عەلی باباجان قسەكانی محەمەد سەڤیگەنی وەك بانگەشەیەك و دوور لەڕاستی لەقەڵەمداو رایگەیاند، هیچ پێشهاتێكی لەو شێوەیە لەنێوان ئەوان و هەدەپەدا باس نەكراوەو بەڵام وتی: ئەوان لەدژی داخستنی پارتێكن كەخاوەنی شەش ملیۆن دەنگدەرە. سیناریۆكانی بەردەم هەدەپە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەئەگەری داخستنیدا بەپێی لێكدانەوەی شیكەرەوانی سیاسی رووبەڕووی سێ سیناریۆ دەبێتەوە كەبتوانێت بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و بەشێوەیەكی یاسایی درێژە بەسیاسەت بداتەوە. یەكەم؛ هەدەپە دوای داخستنی، دەتوانێت تێكەڵ بەپارتێكی دیكە ببێتەوە كەنزیكترینیان پارتی دیموكراتی هەرێمەكان (دەبەپە)یە. دەبەپە لە ١١ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٤دا دامەزرێنرا كە لەئێستادا ساڵیحە ئایدەنیزو كەسكین بایندر سەرۆكایەتی دەكەن و وەك جێگرەوەی هەدەپە هەژمار دەكرێت. دەبەپە بەفەرمی لەتوركیا تۆمار كراوەو دەتوانیت لەئەگەری داخستنی هەدەپە، بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكاندا ناوی خۆی تۆمار بكات و بەم شێوەیە وەك نوێنەری كورد درێژە بەسیاسەت بدات. دووەم؛ هەدەپە دەتوانێت، كاندیدەكانی بەشێوەی سەربەخۆ بنێرێتە پەرلەمان و لەپەرلەماندا كوتلەیەك یان فراكسیۆنێكی هاوبەش پێكبهێنن. هاوشێوەی هەڵبژاردنی ٢٢ی تەمموزی ساڵی ٢٠٠٧ كە ئەوكاتە بەندی هەڵبژاردنەكانی لەسەدا ١٠ بوو و كورد نەیدەتوانی وەك پارتێك بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا بكات. سێیەم؛ هەدەپە دەتوانێت، دەنگ بەلایەنێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن بدات و شكست بەدەسەڵات بهێنێت. لەو دۆخەدا، هاوپەیمانی گەل هەیە كە شەش لایەنی سەرەكی ئۆپۆزسیۆن پێكیانهێناوە كە لە (جەهەپە، پارتی باش، دەڤا، پێشكەوتن، سەعادەت و پارتی دیموكرات) پێكدێت. بەگوێرەی هەموو ئەو راپرسیانەی كە لەماوەی مانگێكی رابردوودا ئەنجامدراون، دەنگی هاوپەیمانی گەل و هاوپەیمانی كۆماری دەسەڵات، نزیكن لەیەكەوەو ئەگەر هەدەپە پشتگیری لەهاوپەیمانێتیەكەی ئۆپۆزسیۆن بكات، ئەوا بەجیاوازیەكی زۆر، دەتوانرێت شكست بەدەسەڵاتەكەی ئاكەپە و مەهەپە بهێندرێت. كێشەی هەدەپە لەم نێوەندەدا ئەوەیە كە ئۆپۆزسیۆنیش هیچ بەرنامەیەكی بۆ كێشەی كورد لەتوركیا پێنییەو لەئەگەری دەنگدان بەو شەش لایەنەی ئۆپۆزسیۆن، هەدەپەو كورد بۆ پێنج ساڵی دیكە لەدەرەوەی هاوكێشەی سیاسی و پەرلەمان دەمێننەوە. پێشتریش چەندین جار بەرپرسانی هەدەپە رایانگەیاندووە كە هەر لایەنێك رێككەوتنی یاسایی لەگەڵ هەدەپەدا نەبێت، پشتگیری لەكاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ناكات. ئەمەش لەكاتێكدا كە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لەبارەی داخستنی پارتەكەیانەوە، رایگەیاند، وادیارە كەهەدەپە دادەخرێت، بەڵام هەدەپە بەهێزەو دەتوانێت هاوكێشەكان یەكلایی بكاتەوەو ببێتە هۆكاری سەركەوتنی لایەنێك
هاوڵاتی تەرمی ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی) لە شاری سلێمانی لەلایەن جەماوەرێکی زۆرەوە پێشوازیکرا و رەوانەی قەندیلکرا. رێورەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی ئەڤین گۆیی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لە مزگەوتی ئەحە سوری بەڕێوەچوو و ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی باکوری کوردستان و ئاوارەکانی کەمپی پەنابەرانی مەخمور بەشداریان تێیدا کرد. تەرمی ئەڤین گۆیی بەرەو قەندیل بەرێکرا و لە گۆڕستانی شەهیدانی پەکەک لە قەندیل بەخاکدەسپێدرێت. لە رانیەش رێورەسمێک بۆ تەرمی ئەڤین گۆیی سازکراوە و بەشداربووان چاوەڕێی گەیشتنی تەرمەکەی دەکەن. ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە ناوەندی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، کەسێکی بە رەگەز فەڕەنسی هێرشی کردە سەر هاوڵاتیانی کورد و بەو هۆیەوە ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی) هونەرمەند میر پەروەر (محەمەد شیرین ئایدن) و چالاکوانی باکوری کوردستان عەبدولرەحمان کزل شەهید بوون. هەرچەندە حکومەتی فەڕەنسا، هێرشەکەی وەک هێرشێکی رەگەزپەرستی لەقەڵەمدا، بەڵام پەکەکە و دەزگا کوردیەکان رایانگەیاند، هێرشەکە لەلایەن میتی تورکیاوە پلانی بۆداڕێژراوە و داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکەن، راستیەکان پشت هێرشەکە ئاشکرا بکات. لە ٩ی کانونی دووەمی سالی ٢٠١٣دا، سێ ژنی کورد بەناوەکانی ساکینجە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، فیدان دۆغان نوێنەری کەنەکە لە فەرەنسا و لەیلا شایلەمەز ئەندامی بزوتنەوەی گەنجانی سەر بە پەکەکە شەهیدکران و هەرچەندە هەموو ئاماژەکان ئەوەیان دەرخست کە میت ئەو هێرشەی ئەنجامداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فەرەنسا راستیەکانی ئاشکرا نەکرد.
شەنای فاتح پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت ئەو كچەی لەگەڕەكی هوانە لەلایەن چەند گەنجێكەوە پەلاماردرا خۆی هاتووەتە بنكەی پۆلیسی رزگاری و سكاڵای تۆماركردووە، كچەكە خەڵكی سلێمانییە و تەمەنی ١٧ساڵە. پاش بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لەسۆشیال میدیادا كەدەردەكەوێت چەند گەنجێك پەلاماری كچێكی گەنج دەدەن و لێیدەدەن، پۆلیسی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر لەسەر ئەو كەسانە ژمارەیەك گەنج دەستگیركراون و دانیانناوە بەتاوانەكەیاندا كەبەشداربوون لەو رووداوەدا و لەئێستادا سەرجەمیان بەبڕیاری دادوەر دەستبەسەرن. گەڕەكی هوانە دەكەوێتە باشووری سلێمانی و ناوچەیەكی پیشەسازییە، رۆژانی هەینی كاتێك پیشەوەران دووكانەكانیان دادەخەن ماتۆڕسكیلەكان لەگۆڕەپانێك لەو ناوچەیە نمایشك دەكەن، پێشتریش هێزە ئەمنییەكان ئەو شوێنەیان بەماتۆڕسكیلەكان چۆڵكردووە، بەڵام لەگەڵ دیارنەمانی ئاسایش و پۆلیس ماتۆڕسوارەكان دەردەكەوتنەوە. سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند: ژمارەی ئەو كەسانەی تا =ئێستا لەسەر ئەو رووداوە دەستگیركراون گەیشتوونەتە ١٩ كەس. وتیشی: ئەو شوێنەی كەنمایشی ماتۆڕسوارییەكەی تێدا ئەنجامدراوە هەمان رۆژ لەگەڵ دروستبوونی رووداوەكە بەبڕیاری لیژنەی ئەمنی ئەو شوێنە داخراوە. سەركەوت ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئەو كچەی پەلاماردراوە خۆی ئامادەبووە لەبنكەی پۆلیسی رزگاری و براوەتە بەردەم دادوەر، بریاری دادوەریش دیاری دەكات كەبگەڕێتەوە لای كەسوكاری یان بچێتە هەر شوێنێكی ترو ئەگەر بێت و خۆشی بیەوێت بچێتەوە لای خێزانەكەی دادوەر دەیداتەوە بەخێزانەكەی و بەئەگەرێكی زۆرەوە دەگەڕێتەوە لای خێزانەكەی». وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو كچەكە خەڵكی سلێمانییە و تەمەنی ١٧ساڵە و رۆژی ٢-١-٢٠٢٣ هاتووەتە بنكەی پۆلیس و سكاڵای تۆماركردووە و راپۆرتی پزیشكی بۆ كراوەو رایگەیاندووە: «دەچمەوە لای كەسوكارم و هەموو مرۆڤێك قابیلی هەڵەیەو جاریكی دیكە هەڵەی وا دووبارە ناكەمەوە». هاوكات مونا یاقو سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەلێدوانێكدا بەڕۆژنامەی هاوڵاتی وت: « نوسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ چوونەتە شوێنی رووداوەكەو بەهەماهەنگی پۆلیس بەدواداچوونیان بۆ رووداوەكە كردووە». راشیگەیاند:»لەهەرێمی كوردستان زۆر شت هەیە بەتایبەت كەپەیوەندی بەئافرەتەوە هەیە لەوانەیە هەموومان هاوڕا نەبین لەسەری جا ئەوشتانە لەڕووی ئازادی و مافەكانی ئافرەت بێت یان لەڕووی ئەو جلوبەرگەی لەبەر دەكرێت، بەڵام ئەو بابەتە ئازادیەكی كەسیە و ناكرێت لەهەر جێیەك شتێك ببینن لەگەڵ بیروبۆچوونمان نەگونجێت بچن بەجۆرێك مامەڵەی لەگەڵ بكەین»، وتیشی:»پێویستە ئەو كەسانە سزای خۆیان وەربگرن تاوەكو جارێكی تر كەس بوێری نەكات لەئافرەت بدات بەهەر هۆكارێك بێت». سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ باسی لەوەشكرد:» كە لەئێستادا ئێمە لەقۆناغێكداین پێویستمان بەهۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگایە چونكە زۆر بابەت هەیە كێشەی لەسەرەو لەبنەڕەتیشدا كێشە نیە، بەڵكو سۆشیال میدیاو ئازادی رادەربڕین هەیەو بەپێی ئەو تەكنەلۆجیا زۆرە ئێمە كێشە بۆ خۆمان دروستدەكەین، بۆیە پێویستمان بەفكری رۆشنبیری و هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگایە». هەر لەسەر رووداوەكە دەستەی مافی مرۆڤ لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: «پاش ئەوەی لەگەڕەكی هوانەی شاری سلێمانی چەند كەسێك لە رەگەزی نێر بەشێوەیەكی زۆر دڕاندانە هێرشیانكردە سەر كچێك كە تەنها پیادەی مافێكی خۆی كردووەو سەیری پێشبڕكێەكی كردووە، بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە پەڵاماردراوە، دەستەی مافی مرۆڤ بەتوندی ئیدانەی ئەم هەڵسوكەوتە ناشارستانی و نامرۆڤانە دەكات كەبەرامبەر بەكچێك ئەنجامدراوە، داواش دەكەین كەهەرچی زووە بكەرانی تاوانەكە بەسزای یاسای بگەیەنرێن، بۆ ئەوەی شكۆو شەهامەتی ئافرەت هەمیشە بەپارێزراوی بمێنێتەوە». هەروەها لەبارەی دەستدرێژیكردن لەشوێنێكی گشتی، حاكم شێخ لەتیف پسپۆڕی یاسای دەستوری لەپۆستێكیدا لەفەیسبووك لەژێر ناونیشانی (ئەو تاوانە قێزەونە پێویستی بەسكاڵا نیە) دەڵێت: «تاوانی بێ غیرەتانەی دەستدرێژیكردنە سەر مێینەیەك لەژێر هەر بیانویەكدا بێ لەشوێنی گشتی تاوانی گشتیە بەگوێرەی ماددەی ٤٠٢ لەیاسای سزادان كەدەڵێ سزادەدرێ بەسزایەك كە زیاتر نەبێ لەسێ مانگ زیندانی هەركەسێك بەقسە بێ یان كردەوە یان بەئاماژە دەستدرێژی بكاتەسەر مێینەیەك لەشوێنی گشتیدا ، لەتاوانەكانی ماددەی سێی یاسای بنەما دادگەریە سزاییەكان نیە وەك ئەوەی لە روونكردنەوەی پۆلیسدا هاتووە، بەڵكو تاوانی مافی گشتیەو ئەوانە دەستدرێژییان كردووە تەنها دەستدرێژییان نەكردووەتەسەر ئەو كیژە، بەڵكو دەستدرێژییان كردووەتەسەر ئاسایشی گشتی كۆمەڵگاو نیزامی گشتی پێویستی بەسكاڵا نیەو پێویستە لەسەر پۆلیس و دەزگاكانی لێكۆلینەوە ، لێكۆلینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانە بكەن كەئەو تاوانەیان ئەنجامداوە». رۆژی ٣٠-١٢-٢٠٢٢ لەگەڕەكی هوانەی شاری سلێمانی لەكاتی ئەنجامدانی پێشبڕكێی ماتۆڕسكیلدا چەند گەنجێك پەلاماری كچێكیانداو بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو كچە یوتیوبەرەو تەمەنی ١٧ ساڵەو لەئێستادا سكاڵای لەسەر ئەو گەنجانە تۆماركردووەو وەك رێكارێك دادوەر بانگهێشتی دایك و باوكی دەكات لەبەر ئەوەی تەمەنی كچەكە نەگەیشتووەتە ١٨ ساڵ.
تا ئێستا 13 دەستگیرکراوی رۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە و دەستەیەکی چاودێریی دۆخی دەستگیراوانیش ئاشکرای دەکات 16 دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی ئێران کوژراون. دەستەی بەدواداچون بۆ بارودۆخی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە 110 رۆژی خۆپیشاندانەکان بەهۆی لێدان و بەزۆر وەرگرتنی دانپێدانانی دەستگیرکراوان لە بەندیخانە و زیندانەکاندا، 16 کەس کوژران. دەستەکە ئاماژەی بەوە کردوە زۆربەی ئەو کوژراوانە بەهۆی ئەوەی بە گوللـە بریندارکراون و چارەسەریان بۆ نەکراوە لە زیندانەکاندا لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە. رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشتر ناوی 13 کەسیان بڵاو کردبوەوە کە لە ژێر ئەشکەندا گیانیان لەدەستدابو. ئەوە لە کاتێکدایە بە پێی ئامارەکانی ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی 110 رۆژی ناڕەزایەتییەکان 516 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون لەو ژمارەیەش 129 کەسیان لە رۆژهەڵاتى کوردستان بون.
چالاکی و ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران 110 رۆژە بەردەوامە و لە تاران و یەزد و دەیان شاری دیکە گەنجان بەردەوامبون لە هێرشکردنە سەر ناوەند و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی و سوتاندنی پەیکەر و پۆستەرەکانی قاسم سولەیمانی. لە شارەکانی سەقز و سنە و جوانڕۆ و مەهاباد و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکردنی چالاکوان و وەزرشکار و شاخەوانانی ئەو بەشە لە کوردستان بەردەوامبو و بە پێی ئەو زانیارییانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردوەتەوە؛ رۆژی چوارشەممە نزیکەی 30 کەس دەستگیر کراون. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویان کردوەتەوە؛ تا ئێستا چارەنوسی 50 دەستگیرکراوی رۆژانی پێشوی شاری پیرانشار کە لە نەغەدە زیندانیی کراون نادیارە. مامۆستایان و زۆربەی توێژەکانی شاری جوانڕۆ داوای راگرتنی سەپاندنی دۆخی سەربازیی سەپێنراوایان بەسەر شارەکەدا کرد و رێکخراوەکانیش هۆشداریی دەدەن لەو رەشبگیرییەی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە. مامۆستایان شاری جوانڕۆ و دەروبەری لەگەڵ پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکە و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و رایانگەیان هەمو زاناکان سەریان سوڕماوە لە بەردەوامیی ستەمکاریی لە وڵاتەکەدا. مامۆستایان و جەماوەری جوانڕۆ ئاماژەیان بەوە کردوە کە زیاتر لە 100 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی شاری جوانڕۆ بەردەوامە و سەرەڕای داواکارییەکان هیچ بەرپرسێک وەڵامی گونجانی داواکارییەکانیان نەداوە و توندوتیژییەکانیش رانەگیراوە. لە بەیاننامەکەدا کە بە ناوی سەرجەم چین و توێژەکانی جوانڕۆ بڵاو کراوەتەوە داوا دەکرێت دەستبەجێ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەستبەرداری رەشبگیری گەنجان و لاوان و چالاکوانان بن و کەشی سەربازیی و ئەمنیی لەسەر شارەکە و رۆژهەڵاتی کوردستان و سیستان و بەلوچستان و شاری سەمیرۆم لە ئەسفەهان بهێنرێت. ژنێکی کورد و ئەکتەرێکی ئێران بە بارمتە لە زیندان ئازاد دەکرێن موژگان کاوسی، نوسەر و چالاکی سیاسیی کورد بە دانانی سێ ملیارد تمەن بارمتە کە دەکاتە (75) هەزار دۆلار، بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کرا. ئەو خانمە کوردەی خەڵکی شاری نەوشەهر لە باکوری ئێران کە بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان تۆمەتی "دژایەتی خودا" خرابوە پاڵ کە سزای سێدراە دەیگرتەوە بەڵام تۆمەتەکەی بە بێڕێزیی بە عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی و بە بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی ئێران بۆ گۆڕدراوە و بەو هۆیە سزای زیاتر لە حەوت ساڵی زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. ئەوەش لە کاتێکدا ئەمڕۆ تەرانە عەلی دوستی ، خانمە ئەکتەری ناوداری ئێران دوای 18 رۆژ لە دەستگیرکردن و مانەوەی لە زیندانی ئێوین لە تاران، بە بارمتەی 25 هەزار دۆلار بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا. مەرگی کچە چالاکوانێکی ناڕەزایەتییەکانی ئێران راگەیەنرا مریەم سەلیمیان، نیگارکێش و چالاکوانی مەدەنی کە پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەکرد و بەو هۆیەوە گەشتی لێ قەدەغە کرابو، ئەمڕۆ مەرگی راگەیەنرا و سەرچاوەکانی هەواڵیش گومان دەکەن ئەو کچە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرابێت بەڵام میدیاکانی حکومەت بڵاویان کردوەتە ئەو خۆی کوشتوە. ئەمریکا داوا دەکات سزای سێدارە راگیرێت رۆبەرت مەڵی نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەیامێکدا لە تویتەر داوای کرد دەسەڵاتی ئێران لەسێدارەدانی دو گەنجی تەمەن 18 و 19 ساڵ رابگرێت. مەڵی نوسیویەتی : جیهان دۆخەکەی لەبەرچاوە و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەبێت گوێ بۆ گەنجانی وڵاتەکە بگرن نەوەک لەسێدارەیان بدەن. کۆماری ئیسلامی پاشەکشێ لە پرسی باڵاپۆشبوندا دەکات عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند نابێت ئەو ژنانەی زۆر پابەندی سەرپۆش و باڵاپۆشبون نین، تۆمەتبار بکرێن بە دژایەتیی کۆمار ئیسلامی. ئەو لە کاتی وتاردان بۆ ژنانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی وتی: دۆخێک رویداوە کە وای کردوە هەندێک ژن و کچ کە پابەندبونیان بە باڵاپۆشییەوە گونجاو و تەواو نەبوە، تۆمەتبار بکرێن بە دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵام ئەوان سەلماندیان لە ژێر کاریگەریی دەرەوە و بە تایبەت وڵاتانی رۆژئاوا دژایەتی وڵاتەکەیان ناکەن. لێدوانی خامنەیی لە کاتێکدایە پێشتر رایگەیاندبو پاشەکشێ لە هیچ بنەمایەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرپۆش و باڵاپۆش ناکەن. دەسەڵاتی تاران هەڕەشە لە پاریس دەکات حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ بڵاوکردنەوەی کاریکاتێری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و لێوەگەڕ(مەرجەعیەتی) شیعەی وڵاتەکە لە گۆڤاری چارلی ئێبدۆ بێرێزییەکی ئاشکرایە و تاران وەڵامی بۆ ئەو کارە دەبێت. ئەمیرعەبوڵڵاهیان وتویەتی: شێوازی ئەو کاریکاتێرانە دورە لە رەوشت و رێگە نادەن فەڕەنسا پێی لە بەڕەکەی خۆی زیاتر راکێشێت چونکە ئەوان رێگایەکی هەڵەیان هەڵبژاردوە و پێشتریش ئەو گۆڤارە لە لایەن ئێرانەوە سزا دراوە. بڵاوکراوەی چارلی ئێبدۆ بە ناونیشانی (ئاخوندەکان دورکەونەوە) ژمارەیەک کاریکاتێری خامنەیی و دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئێرانی بڵاو کردوەتەوە و ئەوەش کاردانەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لێکەوتوەتەوە.
سەرمایەدارێکی شاری سلێمانی دوو ملیۆن دۆلار بۆ چاپکردنی ٨٠٠ ناونیشانی کتێب تەرخان دەکات هاوڵاتی دکتۆر تەها ڕەسوڵ، دامەزرێنەری دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان و یەکێک لە کەسایەتیە دیارەکانی شاری سلێمانیە کە لەماوەی ساڵانی ٢٠١٣ تاوەکوو ئێستا نزیکەی ٨٠٠ ناونیشانی کتێبی لەسەر ئەرکی خۆی چاپ کردووە؛ وەک خۆی دەڵێت ئامانجی پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەیە کە لە کتێبخانەی کوردیدا هەیە. ئەو کتێبانەی کە دکتۆر تەها گرنگیەکی زۆری پێداون، کتێبە پەروەردەیی و فەلسەفی، جینۆساید و بوارە ئەدەبی وجوگرافیەکانن. پۆستتراومای منداڵان وجەنگ وتیرۆ، کوردستان وعێراق: ململانێی ناوخۆیی و ئایندەی سیاسی، تورکیا وهەرێمی کوردستان: چ جۆرە پەیوەندیەک؟، کوردستان و کورد لەسەدەکانی ناوەڕاست، بە کۆمەڵایەتی کردن وگەشەی منداڵان، کورد لە دیدی سویدیەکانەوە، وانەکانی ژیانم لە نوسینی دکتۆر عەلی وەردی؛ ئەمانە بەشێکی ئەو کتێبانەن کە تەها ڕەسوڵ وەک سەرمایەداریک وڕۆشنبیرێکی شاری سلێمانی ئەرکی چاپکردنیانی لە ئەستۆ گرتووە. دکتۆر تەها رەسول لە بارەی کارەکانیەوە دەڵێت، چاومان لەوەیە کە خوێنەرمان کەمە، من ئەوە دەبینم کە کتێبەکان ناکڕدرێن و ناخوێندرێنەوە، هەربۆیە جگە لە چاپکردنی زۆرترین کتێب، سەدان هەزار کتێبم لەچەندین چالاکیدا دابەش کردووە بەسەر ناوەندەکاندا وەک هەوڵێک بۆ هاندانی چین و تویژە جیاوازەکان بۆ خوێندنەوە. من ئەمە بە ئەرکێکی خۆم دەبینم و وەک قەرزێک دەیبینم کە دەیدەمەوە بە نیشتیمان، دکتۆر تەها لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەی هاوڵاتیدا بەمجۆرە دوا لەبارەی کارەکانیەوە. لەمیانەی لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی هاوڵاتی دکتۆر تەها وتی، زۆربەی ئەو کتێبانەی کە چاپم کردوون بەناوی دەزگای جەمال عیرفان، کەریمی عەلەکە، کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بەچاپ گەێندراون، هەروەها تێچووی چاپکردنیان زیاتر لە ٢ ملیۆن دۆلار بووە. لەبارەی ئەوەی ئایا ئایا چۆن وەک سەرمایەدارێک بواری فکر و ڕۆشنبیری هەڵبژاردووە کە سەرمایەیی خۆی بۆ تەرخان بکات، دکتۆر تەها وتی: بەڕای من مەعریفە وحەزی خویندنەوە شتێکە دەبێت لە مرۆڤەکە خۆیدا هەبێت، منیش عەشقێکی زۆرم بۆ ڕۆشنبیری وخوێندنەوە وایلێکردووم بەم ئەرکە هەستم، بۆیە پێموایە هەموو کەسێک بۆ ئەوەی دەست بداتە کارێکی لەم جۆرە جا سەرمایەدار بێت یان هەر کەسێکی دیکە، دەبێت لە بنەڕەتدا خۆی حەز وخولیایەکی زۆری بۆ خویندنەوە هەبێت. دکتۆر تەها لە درێژەی قسەکانیدا کە بۆچی بەشێکی زۆری کتیبەکانی کاری لەسەر کردوون لە بوارەکانی فیکری، پەروەردەیی، جینۆسایدن، وتی: بوونی کەلێنێکی گەورەی پەوەردەیی لە کتێبخانەکاندا، ئەو ژان وناسۆر وئەنفال و سەرکوتکاریەی سەر کورد کە بوونی هەیە و لە مێژووشدا ڕوویداوە ، بوونی ئەو بۆشاییە گەورەیە لەبواری فکری ناو کۆمەڵگە کە دەیبینین، هانی داوم زۆربەی کارەکانم لەسەر ئەو بوارانە چڕ بکەمەوە. وەک دەبینی کوردیش خاوەنی میژوویەکی تراژیدیە وەک ئەرمەنەکان و جولەکەکان کە لە جیهاندا کۆمەڵکوژ کراون، هەربۆیە پێموایە ئەرکی سەرشانمانە کاری جدیان لەسەر بکەم. ئەمانە گەورەترین کاریگەریان هەبووە لەسەرم، هەر ئەمەش هۆکاربووە کە تەنها لە بواری جینۆساید نزیکەی ٨٧ کتێب چاپ بکەم.
هاوڵاتی بەپێی نووسراوێک کە رەوانەی بەڕێوبەرایەتیی بەشی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق کراوە، مامۆستایانی کوردی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەخرێنە سەر میلاکی حکومەتی عێراق. سەنا گەرمیانی، بەڕێوبەری گشتیی بەشی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 04-01-2023، "نووسراوێکی فەرمیمان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێگەیشتووە بە گواستنەوەی مامۆستایانی کورد بۆ سەرمیلاکی حکومەتی عێراق." بەڕێوبەری گشتیی بەشی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق گوتیشی، نووسراوەکە ئەو مامۆستایانە دەگرێتەوە کەوا لەو ناوچانە سەرقاڵی وانەگوتنەوەن کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵین." ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوەش کرد، "لە سبەینێوە دەستدەکرێت بە گواستنەوەی راژەکانیان."
هەسەدە رایگەیاند، لە ماوەی شەش رۆژی رابردوودا، ١٣٩ تیرۆریستی داعش لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراون. هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، ئاماری شەش رۆژی ئۆپراسیۆنی 'هەورە بروسکەی جزیرە'ی بڵاوکردەوە کە لە شاروچکەکانی هۆل، تەل بەراک و تەل حەمیس بەڕێوە دەچێت. بەگوێرەی ئامارەکەی هەسەدە، لە رۆژی دووەمی ئۆپراسیۆنەکە لە هۆل و تەل حەمیس ٥٢ تیرۆریست، لە رۆژی سێیەمی ئۆپراسیۆنەکەدا لە تەل حەمیس ٣٢ تیرۆریست، لە رۆژی چوارەمی ئۆپراسیۆنەکەدا ٤٠ تیرۆریست، لە رۆژی پێنجەمی ئۆپراسیۆنەکەدا لە تەل بەراک ١٤ تیرۆریست و لە رۆژی شەشەمی ئۆپراسیۆنەکەدا لەسەر سنوری عێراق و سوریا، حەوت تیرۆریست دەستگیرکراون و بە گشتی ١٣٩ تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون. هەسەدە دەڵێت، ئۆپراسیۆنەکەیان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەردەوامە. ئۆپراسیۆنەکە هاوبەشەکەی 'هەورە بروسکەی جزیرە' دوای ئەوە دێت کە کۆتایی مانگی رابردوو، تیرۆریستانی داعش دوو هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان و لە ئەنجامدا، حەوت کەس لە هێزەکانی ئاسایش و شەڕڤانانی هەسەدە شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
