دەربڕینی ناڕەزایەتییە بە شێوازی جیاواز بە سوتانی هێماکان و وێنەی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە 109 رۆژدا بەردەوام بو و هێزە ئەمنییەکانیش دەیان گەنج و لاوی کوردیان لە چەند شارێک دەستگیر کرد. لە سنە و کرماشان و تاران و ئەسفەهان و دەیان شاری دیکە بە دروشم نوسین لەسەر دیوارەکان و سوتاندنی وێنە و پۆستەرەکانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و قاسم سولەیمانی کە ئەمڕۆ یادی سێیەم ساڵی کوشتنی بو، ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە هەڵمەتێکی فراوانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ دەستگیرکردنی لاوان و گەنجانی شاری جوانڕۆ دەستی پێکردوە و زیاتر لە 21 کەس دەستگیر کراون. سێ رۆژە دۆخی سەربازیی بەسەر شاری جوانڕۆدا سەپێنراوە و بە پێی تۆمارە ڤیدیۆییەکانیش ژمارەیەکی زۆر هێزی ئەمنیی و سەربازیی لەو شارە بڵاوەیان پێکراوە. هاوکات لەگەل شاری جوانڕۆ ژمارەیەک گەنج و لاوی شاری کرماشان و سنە و مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کران. سزای سێدارە بەردەوامە دەزگای دادی ئێران سزای سێدارە بەسەر دوو گەنجی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکاندا سەپاند و ناوەندێکیش سزای سێدرارەی گەنجێکی دیکەی بڵاو کردەوە بەوەش ژمارەی ئەو کەسانی سزای سێدارە دەیان گرێتەوە بۆ 105 کەس بەرز دەبێتەوە. ئەمیر هاشمی، بەڕێوبەری راگەیاندنی دەزگای داد لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ سزای سێدراە بۆ دوو دەستگیرکراوی دیکەی ناڕەزایەتییەکان لە لایان دادگای وڵاتەکەوە دەرچوە و سێ سزای سێدارەش راگیراوە. لە لایەکی دیکەوە ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە رۆژی سێشەممە لە لایەن دادگای شاری ساری لە باکوری وڵاتەکە سزای سێدارە سەپێنراوە بەسەر عەرشیا تەکدەستان-ی تەمەن 18 ساڵ کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری نەوشەهر لە پارێزگای مازندەران دەستگیر کرابو. هاشمی ئاماژەی بەوە کردوە سزاکانی 15 ساڵی رابردو داهاتی ئێرانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردوەتەوە و وڵاتەکەش روبەڕوی کێشەی گەورە بوەتەوە. وەک سزایەک لە بەرامبەر دەربڕینی ناڕەازایەتیی لانیکەم 50 خوێندکاری زانکۆی ورمێ لە خوێندن راگیران و رۆژنامەی شەرق لە ئێران ئاشکراشی کرد و 12 خوێندکاریش لە زانکۆی کرمان دورخراونەتەوە و 80 کەسی دیکەش خوێندنیان هەڵپەسێنراوە. لە لایەکی دیکەوە فەرشید نەوروزی، مامۆستای وێژەی ئینگلیزی لە زانکۆی مازەندەران بەهۆی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان لە پیشەی مامۆستایەتی دورخرایەوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی خوێندکارانی ئەو زانکۆیەی لێکەوەتەوە. ئەو مامۆستایە رایگەیاندوە لە ژێر فشاری هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئێران بڕیاری دەرکردن لەو زانکۆیە و دورخستنەوەی لە پیشەی مامۆستایەتیی دراوە. موحسین هاشمی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی تاران و کوڕی عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسنجانی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئێران بە رۆژنامەی (جمهوری ئیسلامی) راگەیاند؛ ئەو یەکێتی و یەکڕیزییە نێودەوڵەتییەی لە ئێستادا دژی ئێران هەیە لە مێژودا هاوشێوەی نەبوە. دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە ئێران دەکەوێتە ریزبەنی پێنج مەترسیی گەورەی جیهان بۆ مرۆڤەکان. گۆڤاری تایم بە پێی هەڵسەنگاندنی ژمارەیەک کۆمەڵناس و شارەزای سیاسی بڵاوی کردوەتەوە بەهۆی ئەو سەرکوت و توندوتیژییانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران دەیکات، دەربڕینی ناڕەزایەتیی لەو وڵاتە بە یەکێک لە پێنج مەترسییەکانی ژیان بۆ سەر مرۆڤ لە جیهان لە لەقەڵەم دەدرێت. گۆڤاری فۆڕن پۆڵسی، بڵاوی کردوەتەوە روداوەکانی ئێران و ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە بوەتە یەکێک لە بابەتە گەرم و گوڕەکانی نوسین لە جیهاندا. ئەو گۆڤارە نوسیویەتی شۆرش لە ئێران کۆتایی نەهاتوە بەڵام ئەمریکا و ئەوروپا تەنها بەشێوەی سەرزارەکی و وەک هێمایەک سزا دژی ئێران دەسەپێنن بۆ ئەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران نەکەوێتە ژێر مەترسییەوە. گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە کردوە ساڵی 2022 بابەتی گەورەترین جەنگی ئەوروپا لە ساڵی 1945 و راپەڕێنی ئێران لە ساڵی 1979 و شۆڕشی وڵاتەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 و ناڕەزایەتییەکانی وڵاتی چین و بابەتەکانی تایبەت بە کێشەی تایوان و قەیرانی خۆراک و وزە زیاترین لێکدانە و شیکردنەوەی بۆ کراوە وبابەتی گەرمی ئەو ساڵە بون. هانا نیومەن، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا هۆشدارییدا لەوەی ئەگەر وڵاتەکەی و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئەگەر لە بەرامبەر توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران بێدەنگ بن دۆخی خەڵک و دانیشتوانی ئەو وڵاتە خراپتر دەبێت لەوەی کە ئێستا هەیە و ئەو وتویەتی ئێستا کاتی رابونە دژی دەسەڵات.
هێزەکانی رزگاری عەفرین رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ٢٠٤ سەربازی تورکیا و چەکدارە توندڕەوەکانی لە عەفرین کوژراون و ١٩ شەڕڤان شەهید بوون. هێزەکانی رزگاری عەفرین کە سەر بە یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگەیە، بە راگەیەندراوێک ئاماری ساڵی ٢٠٢٢ی چالاکییەکانی لە دژی سوپای تورکیا و چەکدارەکانی بڵاوکردەوە. هێزەکانی رزگاری عەفرین دەڵێت، لە ساڵی ٢٠٢٢دا هێرشەکانی سوپای تورکیا و چەکدارەکانی لە رێگەی تۆپبارانەوە بۆ سەر ناوچەکە بێوەستان بەردەوامبوو. بە دریژایی ساڵەکە ٢٧ هەزار و ٤٩٨ جار بە کاتیوشا، هاوەن و تانک تۆپباران ئەنجامدراوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "١٨ جار بە فڕۆکەی شەڕ و ١٣ جاریش بە درۆن هێرش ئەنجامدرا. لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٧ کەس کە یەکێکیان منداڵ بوو شەهید بوون، ٤٤ کەسیش کە ١٠ کەسیان منداڵ بوون برینداربوون. وتیشی، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەدژی سوپای تورکیا و چەکدارەکانی ٧٠ چالاکی ئەنجامدراون. لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا ٢٠ پۆلیسی تایبەت، ٧٢ سەربازی سوپای تورکیا و ١١٢ چەکدار کوژراون و ١٦ پۆلیسی تایبەت، ٦٧ سەرباز و ٥٦ چەکدار برینداربوون. هێزەکانی رزگاری عەفرین ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١٩ شەڕڤان شەهیدبوون.
هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتەکەی پێداگرە لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەبجە وەک پارێزگایەک. ئەمڕۆ رۆژی سێشەممە 3-1-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە رایگەیاند: "حکومەت رژدە لەپشتبەستن بە بڕیاری مامەڵەکردن لەگەڵ ھەڵەبجە وەکو پارێزگایەکی عێراق، چونکە ھەڵەبجە شیاوی زۆر شتە بۆی بکەین، لەسەرمان ئەرکە پشتیوانی بکەین و پشتیوانی دانیشتووانەکەی بکەین. ئەوان قوربانییان دا و خوێنی زۆریان بەخشی. لە قۆناخی داھاتوو کار لەسەر ئەو بڕیارە دەکەین." وەڵامەکەی محەممەد شیاع سوودانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هات کە لەدوای کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو هاوکات، هەڵەبجە لە ساڵی 2014ەوە بوە بەپارێزگا، بەڵام تاوەكو ئێستە كۆمەڵێك ناوەندی حكومی و ناحكومی لێنەكراوەتەوە، بەرپرسانی هەڵەبجەش دەڵێن، لەئێستادا شارەکە پێویستی زیاتری بە تەواوکردنی فەرمانگەکان و خزمەتگوزاری زیاتر هەیە. جێگەیباسە، ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە 120 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحییەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ، سیروان.
هاوڵاتی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارهی ئهو هاوڵاتیانهی ئاشكرا کرد كه ساڵی رابردوو له ههرێمی كوردستانهوه کۆچیان کردوە بۆ ئەوروپا. ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تەنها لە ساڵی 2022 نزیکەی 19 هەزار و 200 هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچیانکردوە. وتیشی، بە پێی ئەو ئامارانەی لە بەردەستیاندایە ژمارەی کۆچکردن لە 2022 بە بەراورد بە 2021 کەمی کردووە. ئەوەشی ڕونکردەوە لە 2021 دا نزیکەی 29 هەزار هاوڵاتی هەرێم بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیانکردبوو. سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی گیانیان لەدەستداوە ڕایگەیاند،، ساڵی رابردو لەرێگەی کۆچدا 29 هاوڵاتی هەرێم گیانیانلەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش بێسەروشوێنن و تائێستا چارەنوسیان نادیارە.
هاوڵاتی ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێداویستی هەرێمی کوردستان بۆ نەوتی سپی لە ساڵێکدا 258 ملیۆن لیترە، بەڵام تائێستا کە گەیشتونەتە مانگی یەک، تەنها 17 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە و 83%ـی هاوڵاتیانی هەرێم نەوتیان وەرنەگرتوە. کاروان گەزنەیی ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "چەندین ناوچەی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ ساڵە نەوتی تێدا دابەشنەکراوە و ھەرچەندە ئەمساڵیش حکومەت نەوتی سپی بە نرخی ١٠٣ ھەزار و ٥٠٠ دینار بە ھاووڵاتیان فرۆشت، بەڵام شکستیھێنا و لەم وەرزی سەرمایەدا ٨٣%ی خەڵک بە ١٠٣ ھەزارەکەش نەوتیان بەدەست نەگەیشتووە". وتیشی، "بۆ چارەسەری کێشەی نەوتی سپی جگە لە پەرەپێدانی پاڵاوگەی ناوخۆ، دەکرا کۆگای گەورەی نەوتیش دروستبکرێت و ساڵانە حکومەتی هەرێم لە وەرزی هاوینەوە ئامادەکاری بکات بۆ گەرەنتیکردنی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیان". پەیوەست بە گرانبونی نرخی دەرمانیش، کاروان گەزنەیی دەڵێت، "بەهۆی پێدانی تەندەر بەشێوەیەکی نایاسایی بە کۆمپانیایەک بۆ دروستکردنی ستیکەری دەرمان، نرخی دەرمان دە بەرامبەر بەرزدەبێتەوە، بۆیە دوای ئەوەی سکاڵای لە دادگا تۆمارکرد، دادگا بڕیاری نایاساییبونی گرێبەستەکەی نێوان ئەو کۆمپانیایە و وەزارەتی تەندروستی دەرکردوە، بەڵا تائێستا حکومەت پابەندی بڕیارەکەی دادگا نەبوە.".
هاوڵاتی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە رایگەیاند، پێویستە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا یەک کاندیدی هاوبەشی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا هەبێت، بە پێچەوانەوە کارەسات روودەدات. دەمیرتاش کە لە ئێستادا لە زیندانی پیتی 'تی' ئەدرنە زیندانیکراوە، وتارێکی لە کەناڵی 'تی٢٤'ی تورکی بڵاوکردەوە و باسی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و ئەرکی ئۆپۆزسیۆن لە قۆناغی بەر لە هەڵبژاردنەکان کرد. دەمیرتاش دەڵێت، گەل چاوی لە ئۆپۆزسیۆنە، گۆڕنکاری بە سوودی زۆرینەیە و هەندێک کەس نەبن کە لە دەسەڵات سوودمەندن نایانەوێت گۆڕانکاری دروست ببێت و وتی، " ئەم ساڵ، سالی گۆڕانکاریە لە تورکیا، یان تورکیا دیموکرات دەبێت، یان رژێکی تاکەکەسی، پاشایەتی جێگیر دەبێت." ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵات هەموو شتێکی قێزەون دەکات بۆ ئەوەی لە هەلبژاردنەکاندا سەربکەویت، قۆناغی پێش هەڵبژاردن بۆ هەموو لایەنەکان جیگیر و یەکسان نابێت، رێگە نادرێت بەباشی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە ببرێت. هەول دەدەن پارە ببەخشنەوە و لە روسیا و وڵاتانی عەرەبی پارە قەرز دەکەن بۆ ئەوەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەکاری بهێنن. بۆیەش پێویستە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن پێکەوە هەنگاو بنێن و لەسەر هەندێک خاڵ رێکبکەون، بە پێچەوانەوە کارەسات روودەدات." دەمیرتاش دەڵێت، پێویستە پرسیار لە هاوڵاتیان بکریت، ئازادی یان کۆیلایەتی، تاریکیەکی رەها یان رۆناکی، زوڵم و فشار یان ئاشتی و ئارامی، برسێتی و نەهامەتی یان خۆشگوزەرانی و زۆرییان دەوێت. لە کۆتاییدا دەمیرتاش رایگەیاند، کەسانەی بەشەرەف داهاتووی خۆیان و منداڵانیان بە پارە ناکڕن و پێویستە پارتەکان متمانەیان بە هاوڵاتیان هەبێت، چونگە گەلان دەتوانن لە ساڵی ٢٠٢٣دا گۆڕانکاری بکەن.
هاوڵاتی سەرەڕای ئەوەی کە تورکیا لە یەک مانگی ڕابردوودا چەندین جرا هەڕەشەی هێرشی زەمینیی بۆسەر ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سووریای کردووە، وەها هێرشێک لەلایەن ئەمریکا و ڕووسیاوە بەتوندی ڕەت کرایەوە و هێشتا ئەو هێرشە ئەنجام نەدراوە، بەشێک لە شرۆڤەکارانی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیان وایە تورکیا کە ڕووبەڕووی کێشەی زۆری ناوخۆیی بووەتەوە، لەسەر پێشنیازی ڕووسیا هێرشی زەمینی گۆڕیوەتەوە بە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا و گوشاری هاوبەش بۆ سەر کورد. دکتۆر میشێل جۆنسن پێیوایە لە ئێستادا هەوڵدان بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا جێگەی هێرشی زەمینی ئەنقەرەی بۆ سەر کوردەکانی سووریای گرتۆتەوە. میشێل جۆنسن، شرۆڤەکاری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە یاداشتێکدا کە لە ڕۆژنامەی "عرب نیوز"دا بڵاو کراوەتەوە، پێی وایە لە ئێستادا هێرشە زەمینیەکەی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا هەڵپەسێردراوە، ڕووسیاش بەتەمای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیایە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان و لەکاتێکدا ئاستی جەماوەریی زۆر کەمیکردووە، هەوڵ دەدات دەنگەکانی زیاد بکات، دەیەوێت لەڕێگەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ملیۆنان پەنابەری سووریا بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێنێتەوە. بۆیەش لە ئێستادا لەبری بیر کردنەوە لە شەڕ و هێرشی زەمینی بۆسەر کوردەکان ڕێگای مامەڵە و تەعامول کردنی لگەڵ دیمەش گرتۆتەپێش.
دوای 108 رۆژ بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکان سزای سێدارەی بەسەر دو گەنجی دیکەی 18 ساڵ و 19 ساڵدا سەپێنرا، لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێوڕەسم چلەی مەرگ و یادی لەدایکبونی کوژراوان بەڕێوچو و لە شارەکانی مەهاباد و مەشهەد و کەرەج و تاران و تەبرێز ناڕەزایەتییەکان بەرفراوان بون. ئەمڕۆ دوشەممە ژمارەیەک زۆر لە هێزی ئەمنی و سەربازیی لە ناو شاری جوانڕۆ بڵاو کرایەوە و بە پێی تۆمارە ڤیدیۆییەکانیش سەرجەم شەقام و گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکە بە هێزی سەربازیی تەنراوە و کەشێکی سەربازیی باڵی بەسەر جوانڕۆدا کێشاوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاند ئەمڕۆش زیاتر لە حەوت گەنج تەنها لە شاری جوانڕۆ دەستگیر کراون و نزیکەی 15 کەسیش لە دێولان و سنە و مەهاباد و قوروە چەند شارێكی دیکەی ئەو بەشە لە کوردستان دەستگیرکراون. خەڵکی شاری مەهاباد ئێوارە ئەمڕۆ دوای بەشداریی لە چلەی مەرگی شەماڵ خەدیریپور دەستیان بە ریپێوان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارە کرد و دروشمیان دژی دەسەڵات بۆ پشتیوانیی لە شاری جوانڕۆ وتەوە و خۆپیشاندانەکانیش بە شەو بەردەوام بو. هاوژینی شەهید شەماڵ خەدیریپوور مەراسیمی چلەی مەرگی ئەو گەنجەی مەهاباد کۆپلەیەک لە شێعری (کۆچ)ی شاعیری ناوداری کورد ،شێرکۆ بێکەس دەخوێنێتەوە و روو لە گڵکۆی هاوژینەکەی دەڵێت: ئێستاش وا بیر دەکەمەوە کە تۆ چووی بۆ شاخ و هەموو ئێواران چاوەڕێ دەکەم بێیتەوە. شەماڵ خەدیری پور تەمەنی 32 ساڵ بو کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان پێکرا و دواتر گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ لە دێولان یادی 19 ساڵەی لەدایکبونی رەزا لوتفی لەسەر گڵکۆکەی بەڕێوچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە کوژرا و دوای رێوڕەسمە جەماوەریەکەش ناڕەزایەتیی لە شارەکە دەستی پێکردەوە. ڤیدیۆ؛ رۆژی یەکشەممە یادی 22 ساڵەی لەدایکبونی مێهران شکاری یەکێک لە کوژراوانی شاری کەرەج لە زێدی خۆی لە شاری میاندواو بەڕێوچو و شینی دایکیشی ئازارەکانی ئەو مەرگە تازە دەکاتەوە. دادگای باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ دوای پێداچونەوە بە دۆسیەی محەمەد برۆغنی تەمەن 19 ساڵ، جەختی لە سزای سێدارەی ئەو گەنجە دەستگیرکراوەی ناڕەزایەتییەکانی شاری پاکدەشت لە کەرەج کردەوە. ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ بەناوی مەهدی محەمەدی فەرد کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری نەوشەهر لە باکوری وڵاتەکە دەستگیر کراوە سزای دوجار سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە. مەهدی مەحەمەدی فەرد بە پێی دو یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن دادگای شاری ساری بە تۆمەتی دژایەتی خودا و دروستکردنی مەترسیی بۆ ئاسایشی دەسەڵاتی وڵاتەکە سزای دوجار سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. ئەمڕۆ 600 هونەرمەندی جیهان لە نامەیەکدا دوای ئازادکردنی تەرانە عەلی دوستی، هونەرمەندی ناوداری ئێران کرد. ناوەندی هەرانا بڵاوی کردەوە لە 107 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا 512 کەس بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و بە پێی ئامارەکانی دەسەڵاتیش 63 چەکدار و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.
هاوڵاتی حوکمەتی عێراق بە فەرمی بیمەی تەندروستی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا سبەینێ کارا دەکرێت، بڕیارەکە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. لە ڕاگەێندراوەکەی حوکمەتی عێراقدا هاتووە، سبەینێ فۆرمێک لەسەر وێبسایتی وەزارەتی تەندروستی عێراق کارا دەکرێت و داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت پڕی بکەنەوە، بەپێی بڕیارەکە حوکمەتی عێراق لە هەنگاوی یەکەمدا نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس لەسەرانسەری عێراقدا لەهەموو پارێزگاکان دیاری ئەکرێن و بەخۆڕایی چارەسەر وەردەگرن. بەپێی بڕیارەکەی حوکمەتی عێراق هەموو ئەوانەی کە لەژێر سەرپەرشتی وچاودێری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیدان دەتوانن سودمەندبن لەم بیمەی تەندرووستیە، هەروەها ئەوانەشی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە بە خۆڕایی دەتوانن دەرمان وەربرگرن. لەبارەی شێوازەکانی سودمەندبوون لە بیمەی تەندرووستی و چۆنیەتی ڕێکار ومەرجەکان هێشتا زانیاری ورد و تەواو نەخراوەتە ڕوو، بەڵام وەک بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایانگەیاندووە بەم نزیەکانە هەموو زانیاریەکان دەخرێنە ڕوو. یاسای بیمەی تەندروستی، لە ساڵی ٢٠٠٥ لە دەستوردا هەیە و بەپێی ئەم بڕیارە فەرمانبەری ئاسای %١ لە مووچەکەی دەبڕدرێت، هەروەها فەرمانبەری پلە تایبەت %٢،٥ موچەکەی لێدەبڕدرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە هیوا گەیلانی ئەندامی کۆمیتەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئێمە پەیاممان ناردووە بۆ یەکێتی و چاوەڕێی وەڵامین بۆ ئەوەی کۆببینەوە وکێشەکان بەرەو چارەسەر ببەین. لەبارەی کۆبونەوەکەوە، هیوا گەیلانی وتی " هەرچەندە هێشتا کاتی کۆبونەوەکە دیار نیە بەڵام ئومێدمان وایە بەم نزیکانە کۆببینەوە". لەوەڵامی پەیامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، سەعید مەسیفی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاندووە، پارتی ویەکێتی لە ڕیکەوتنەوە نزیکن لەسەر ئیدارەی سلێمانی، پۆستەکانی بەغدا وهەروەها گۆڕانکاریەکانی ناو هەرێمی کوردستان، لەبارەی کاتی کۆبونەوەکەش وتی هەردوولا دەیانەوێ کۆببنەوە وئامادەن ئەوەی ماوە تەنها کاتی کۆبونەوەکەیە دیاری بکەین.
هاوڵاتی هێزەكانی پاراستنی گەل -هەپەگە ڕایگەیاند، گەریلاكانی ئازادی كوردستان لە گۆڕەپانی چەمچۆی هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا بە چەكی قورس چالاكیان ئەنجامدا و لە ئەنجامی چالاكییەكەدا دوو سەربازی تورك کوژران. ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماری چالاكییەكانی گەریلای لە ڕۆژی ١ی كانونی دووەم ٢٠٢٣ بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “لە ئەنجامی چالاكی گەریلاكانماندا دوو سەربازی تورکیا کوژران. لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، سوپای داگیركەری تورك جارێك بە بۆمبی قەدەغە و بە دەیان جاریش بە كاتیوشا، تانك و چەكی قورس بۆردومانی سەنگەرەكانی بەرخودانی گەریلا و لەهەمان كاتدا سێ جار بە فڕۆكەی شەڕ بۆردومانی گۆڕەپانی گەریلای كردووە. هەپەگە زانیاری وردی لەسەر چالاكی و هێرشەكان بەم جۆرە بڵاوكردوەتەوە: لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆكانی زاگرۆس لە هەرێمی زاپ: ١ی كانونی دووەم كاتژمێر لە نێووان ٠٨:٠٠ و ١٢:٠٠ لە ناحیەی شێلادزێی ئامێدی لە بەرامبەر داگیركەران لە دەوروبەری گوندی سیدا و گۆڕەپانی چەمچۆ، تیمە گەڕۆكەكانمان سێ جار بە چەكی سوك، سێ جاریش بە چەكی قورس چالاكییان كرد. ١ی كانونی دووەم كاتژمێر ١١:٣٠ لە دژی داگیركەران لە نزیك گۆڕەپانی چەمچۆی ناحیەی شێلادزێی ئامێدی تیمە گەڕۆكەكانمان بە چەكی قورس چالاكییان كرد. لە ئەنجامدا دوو داگیركەر سزادران. هێرشەكانی سوپای داگیركەری تورك بە بۆمبی قەدەغە و چەكی كیمیایی؛ ١ی كانونی دووەم لە نزیك گۆڕەپانی چەمچۆ لە ناحیەی شێلادزێ سەنگەرەكانی بەرخودان جارێك بە بۆمبی قەدەغە بۆردومان كران. هێرشەكانی سوپای داگیركەری تورك؛ ٣١ی كانونی یەكەم و ١ی كانونی دووەم دەوروبەری گوندی دەرەشێی گارە و گۆڕەپانی سەری مەتینا لە مەتینا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان سێ جار بۆردومان كران. ١ی كانونی دووەم لە ناحیەی شێلادزێی ناوچەی ئامێدی سەنگەرەكانی گەریلا لە نزیك گۆڕەپانی چەمچۆ و گوندی سیدا بە دەیان جار بە كاتیوشا، تانك و چەكی قورس بۆردومان كران”.
فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) ئاماری شەڕی ساڵی ٢٠٢٢ی ئاشکرا کرد و وتی، " هێزەکانی گەریلامان لە باکوری کوردستان لەناو دژوارترین هەلومەرجدا و لە بێ دەرفەتیدا هەبوونی خۆیان پاراست، بە شێوازی تیمی پرۆفیشناڵ، گەریلایەتییان قوڵتر کردەوە، ئۆپراسیۆنەکانی لەناوبردنیان شکست پێهێنا، هەڵوێستێکی مێژووییان نیشاندا و وایان کرد کە سوپای تورکیا ژمارەیەکی زۆر کوژراوی هەبێت." ئاماری نەپەگە بەم شێوەیەیە: هێرشەکانی سوپای دەوڵەتی تورکیا؛ هێرشەکان بە بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی:٣٢٨٠ هێرشەکان بە فڕۆکەی شەڕ: ٤٥٢٧ هێرشەکان بە هەلیکۆپتەر: ٥٧٠١ ژمارەی ئەو هاوڕێیانەمان کە شەهید بوون و بە دیلگیراون: ئەو هاوڕێیانەمان کە شەهیدبوون: ٣٠١ ئەو هاوڕێیانەمان کە بەدیلگیراون: ٦ چلاکییەکانی گەریلا چالاکییە گشتییەکانی گەریلا: ٣٠٣٤ چالاکییەکانی هێزەی پاراستنی ئاسمانی: ٢ ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی: ٦ چالاکی بۆسەدانان: ١٢ چالاکی هەڵکوتانە سەر: ١٥ چالاکی دزەکردن و خۆبەردانەوە بۆ ناو دوژمن: ٤٣ چالاکی هەماهەنگ و رێکخراوی گەریلا: ١٠٧ چالاکی سابۆتاژ: ٣٣٣ چالاکی نیشانشکێنی: ٥٦٢ چالاکی بەچەک: ٧٢٢ شەڕ و چالاکی لێدان: ١٢٣٢ ژمارەی کوژراوەکانی دوژمن: ژمارەی ئەو داگیرکەرانەی سزادراون (٤ سیخوڕ، ١٢ کۆنترا، ٢٦ ئەفسەری باڵا) بە گشتی ٢٩٤٢ ژمارەی ئەو داگیرکەرانەی برینداربوون: ٤٠٨"
هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگهیاند، لەسەر دو بنەما بۆ ڕێكکەوتن لەگەڵ بەغدا ئامادەن، دهشڵێت، "جددین لهسهر رێككهوتن و بنهمای رێككهوتن یهكلایی بوهتهوه كه دهستور و رێككهوتنی سیاسییه كه كوتله سیاسیهكان له چوارچێوهی حكومهتی سودانی رێككهوتنیان كرد و له پهرلهمانی دهنگی لهسهردرا، لهسهر ئهو دو بنهمایه ئێمه ئامادهین رێكبكهوین لهگهڵ حكومهتی عێراق". ئهمڕۆ دووشهممه (2ـی كانوونی دووهم/یهنایری 2023)، د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی راگەیاند: "کابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق بەردەوامە و شاندەکانی هەرێم چەندین جار سەردانی بەغدایان کردووە و چەندین لیژنە بۆ كۆمەڵێك بابەتی وەك پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی عێراق و دۆسییەی نەوت و چاودێریی دارایی پێکهێنراون و هەماهەنگی لەنێوان هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی هەرێم و فیدراڵدا هەیە." گوتیشی: "دوایین سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا پێش سەری ساڵی نوێ بووە و ئێستاش ئامادەین هەر كاتێك پێویست بکات سەردانی بەغدا بكەین. وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئهوهشی خستهڕو، "ئێمه جددین لهسهر رێككهوتن و بنهمای رێككهوتن یهكلایی بوهتهوه كه دهستور و رێككهوتنی سیاسییه كه كوتله سیاسیهكان له چوارچێوهی حكومهتی سودانی رێككهوتنیان كرد و له پهرلهمانی دهنگی لهسهردرا، لهسهر ئهو دو بنهمایه ئێمه ئامادهین رێكبكهوین لهگهڵ حكومهتی عێراق".
هاوڵاتی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رایدهگهیهنێت، لەكۆتایی خولی گرێدانی پاییزەدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی خولی رانەگەیاند، بەوەش "هەم پەیڕەوی پێشێلكرد و هەم ئەو نەریتەیشی شكاند" كە هەبو، ئەمە لەكاتێكدا هەمان رۆژی كۆتایی خول سەرۆك و دەستەی سەرۆكایەتی دو پەیامی پیرۆزباییان بۆ بابەتی لاوەكیی تر بەفەرمی بڵاوكردوهتەوە، بەڵام لە ئەركە فەرمییەكەی خۆیاندا "كەمتەرخەم بون". ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان له بهیاننامهیهكدا كه وێنهیهكی بۆ هاوڵاتی نێردراوه، رایگهیاندوه، پەرلەمانی كوردستان بەپێی پەیرەو دانیشتنەكانی رێكخراوە، هەروەك لە ماددەی (7)یدا هاتوە كە، "لە ساڵێكدا دو وەرزی گرێدانی هەیە، یەكەمیان، لە سەرەتای مانگی (ئازار/3)ەوە، دەسـتپێدەكات، تـا كۆتـایی مـانگی (حوزەیران/6) و بە (خولی بەهارە) ناو دەبرێت، دوەمیشیان، لە سەرەتای (ئەیلول/9)دا دەستپێدەكات، تا كۆتایی (كانونی یەكـەم/12) و بە (خولی پاییزە) ناودەبرێت". باسی لەوەشکردووە، بەم پێیە لەژێر رۆشنایی مادەی (51)ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەماندا دەبوو لە ماوەی ئەو خولی گرێدانەدا بەلای كەمەوە (50) دانیشتنی بكردایە، بەلام پەرلەمان كەمتەرخەم بوو و تەنها (15) دانیشتنی ئەنجامداوە. دەقی بەیاننامەکەی ئینستتیوتی پەی: پەرلەمانی كوردستان بیری چوو كۆتایی بە خولی گرێدان بێنێت پەرلەمانی كوردستان بەپێی پەیرەو دانیشتنەكانی رێكخراوە، هەروەك لە ماددەی (7)یدا هاتووە كە: "لە ساڵێكدا دوو وەرزی گرێدانی هەیە، یەكەمیان، لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، دەسـتپێدەكات، تـا كۆتـایی مـانگی حوزەیران و بە (خولی بەهارە) ناو دەبرێت. دووەمیشیان، لە سەرەتای ئەیلولدا دەستپێدەكات، تا كۆتایی كانوونی یەكـەم و بە (خولی پاییزە) ناودەبرێت". بەم پێیە لەژێر رۆشنایی مادەی (51)ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەماندا دەبوو لە ماوەی ئەو خولی گرێدانەدا بەلای كەمەوە (50) دانیشتنی بكردایە، بەلام پەرلەمان كەمتەرخەم بوو و تەنها (15) دانیشتنی ئەنجامداوە. جگە لەمانە پاڵپشت بە حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (٧) و بڕگەی (سێیەم)ی ماددەی (١٨) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، پێویستە لە كۆتایی هەر خولێكی گرێداندا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاری ڕاگەیاندنی كۆتایی خولی گرێدان بدات، جا یا لە كۆتایی دانیشتنی خولەكەدا یاخود بە بەیانێك رایبگەیەنێت. ئەمە هەم یەك لە ئەرك و دەسەلاتەكانی سەرۆكی پەرلەمانەو هەم وەك نەریتێكیش لە هەموو خولەكانی پەرلەماندا پەیرەو كراوە. بەلام لەكۆتایی خولی گرێدانی پاییزەدا سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی خولی رانەگەیاند، بەمەش هەم پەیرەوی پێشێل كرد و هەم ئەو نەریتەیشی شكاند كە هەبوو. ئەمە لەكاتێكدا هەمان رۆژی كۆتایی خول سەرۆك و دەستەی سەرۆكایەتی دوو پەیامی پیرۆزباییان بۆ بابەتی لاوەكیی تر بەفەرمی بلاوكردۆتەوە، بەلام لە ئەركە فەرمییەكەی خۆیاندا كەمتەرخەم بوون. لێرەدا ئاماری كار و چالاكییەكانی پەرلەمان لەهەردوو خولی گرێدانی (بەهارەو پاییزە)ی ساڵی 2022 دەخەینە روو:
هاوڵاتی گۆڤاری فۆرگن پۆلیسی ئەمریکی رایگەیاند، هەدەپە کە دەنگدەرانی کوردن، دەسەڵاتی پەرلەمانی تورکیا دیاری دەکات. گۆڤاری فۆرگن پۆلیسی ئەمریکی، راپۆرتێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ی تورکیا بڵاوکردەوە و رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان گرتووە کە لە پرسی دیموکراسیدا پاشەکشێی کردووە و وتی، " ئەردۆغان کارەکتەری سەرەکی لە ژیانی سیاسی تورکیادا نییە." گۆڤارەکە باسی ئەوە دەکات، ئەردۆغان لە ١٠ ساڵی یەکەمی دەسەڵاتداریدا لە سەرانسەری جیهاندا خۆشەویست بووە، هەروەها بە هەنگاوەکانی وەک هەڵگرتنی قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و ڕێگەدان بە فێرکردنی زمانی کوردی لە فێرگەکان، کۆمەڵگای تورکیای گەیاندە خاڵێکی یەکسانیخوازانەتر و ئابووری لەم قۆناغەدا بە باشی بەڕێوە دەچوو، بەڵام دواتر و بە تایبەتی دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووز، پاشەکشێیەکی بەرچاوی لە دیموکراسیدا کردووە. 'بە هێرشکردنە سەر کورد ئەردۆغان دەیەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت' فۆرگن پۆلیسی دەڵێت، هێرشکردنە سەر کوردەکان بە شێوەی زارەکی یان سەربازی، هەمیشە ستراتیژییەکی هەڵبژاردنی متمانەپێکراو بووە لەلایەن نەتەوەپەرستەکانی تورکیاوە و ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە ئەردۆغان دەمارگیرە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیدا. ' هەدەپە دەسەڵات لە پەرلەمانی تورکیا دیاری دەکات' لە راپۆرتەکەی فۆرگن پۆلیسیدا هاتووە، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، هەدەپە دەسەڵات لە پەرلەمانی تورکیا دیاری دەکات. بۆیەش رەنگە شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن لەبارەی مافەکانی کەمینەکان هەنگاو بنێن، بۆ ئەوەی زۆرینەی دەنگ بەدەستبهێنێت و دەسەڵات لە ئاکەپە و مەهەپەی هاوپەیمانە نەتەوەپەرستەکەی وەربگرنەوە و لە وڵاتێکدا کە شوناس (چی عەلمانی و چی ئایینی) لە مێژە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزم بنیاتنراوە، پێشکەوتنێکی گرنگ بەخۆیەوە ببینێت.
