هاوڵاتی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت دوو دراوسێ لە بەردەڕەش دەبێتە شەڕیان و دوو کەس بە چەکی دەمانەچە تەقە لە یەکر دەکەن و دواتر بەهۆی رووداوەکەوە سێ کەس بریندار دەبن. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، شەڕەکە پێش دوو رۆژ روویداوە لە ئەنجامی دەمەقاڵێی نێوان دوو دراوسێ کە تێیدا سێ کەس بە گولـلە بریندار دەبن و بریندارێکیان ژنە. نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی قەزای ئاکرێ بە هاوڵاتی راگەیاند، "لەئەنجامی شەڕەکەی قەزای بەردەڕەش سێ کەس برینداربوون، لەنەخۆشخانە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە."
هاوڵاتی نۆ کۆڵبەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقەی هێز ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە سنوری نەوسوو برینداربوون. بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکان، رۆژی پێنجشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2023، هێزە ئەمنییەکانی سەر سنوور بە شێوەی راستەوخۆ تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەر کردووە لە سنووری نەوسوو و بەوهۆیەوە نۆ کۆڵبەر بریندار بوون کە فیشەک بەر پێ و پشت و کەمەریان کەوتووە. بەپێی زانیارییەکان، کۆڵبەرەکان خەڵکی شارەکانی سەلاس، باوەجانی و جوانڕۆن و برینی هەندێکیان سەختە و باری تەندروستیان ناجێگیرە. تەقەکردن لەو کۆڵبەرانە لە سەر سنوور لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی پارێزگای سنەی کرد و لە قسەکانیدا باسی لە چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری ئەکرد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. باسکردن لە چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری یەکێکە لە دروشمە سەرەکییەکانی بەرپرسانی ئێران، بەڵام بێکاری و هەژاری تا دێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر ئەبێت. بەشێکی زۆری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان پەنا بۆ کاری مەترسیدار و دژواری کۆڵبەری ئەبەن، رۆژانە هەواڵی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەر لە سەر سنوورەکان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاو ئەبێتەوە.
هاوڵاتی کوڕێکی وەستا حەسەنی کەبابچی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کەیسی برا کوژراوەکەی بەلاڕێدا دەبرێت و لایەنی بەرامبەر دەیەوێت بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی کۆتایی بە کەسیەکە بهێنێت، دەشڵێت، "سوڵح ناكهم و خوێن بهخوێن دهكهین." شهوی 28ی ئهیلولی 2023 روداوێكی تهقهكردن لهگهڕهكی سهرچنار له شاری سلێمانی روویدا و دواتر دەرکەوت دوو كوڕی وهستا حهسهنی كهبابچی برینداركراون کە یهكێكیان له بههۆی سهختی برینهكهیهوه لە نهخۆشخانه گیانی لهدهستدا. محەممەد یەکێک لە کوڕەکانی وەستا حەسەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، سێ جار لایەنی بەرامبەر "هەڵە" یان بەرامبەر کردوون و "شەوی رابردووش جارێكی دیكه تهقه له ماڵهكهمان كراوه، ئهمجارهش لهبهرخاتری پیاوماقوڵ و ریش سپیهكان و ههروهها حزبهكهمان (یهكێتی) وهڵام نادهینهوه، بهڵام ببێت بهچوارهم لێتان خۆش نابین و دهستهوهستان ناوهستین." ئەو کوڕەی وەستا حەسەن دەشڵێت، "كاتی روداوهكه داوامان له كاك بافڵ كرد كهیسهكه بهلاڕێدا نهبرێت، لهبهرئهوهی بكوژهكه خۆی لهكۆماندۆ دهوام دهكات و باوكیشی پلهی سهربازی عهمیدی ههیه دهیانهوێت كهیسهكه بهلاڕێدا ببهن و دهیانهوێت بهرلهوهی كهیسهكه بگاته دادگا سوڵحی بۆ بكرێت، چهندهها پیاویان ناردوه و باسی پارهش دهكهن." محەممەد باسی لەوەش کرد کە "ئەوان ئهگهر 100 دهفتهر دۆلار دهدهن، من 200 دهفتهر ئهدهم و كوڕهكهیان ئهكوژمهوه و شت بهدزیهوه ناكهین، تا 500 دهفتهر ئامادهم كه لهماڵهكهمدایه و كوڕهكهیان ئهكوژمهوه، بهڵام سوڵح ناكهم و خوێن بهخوێن دهكهین."
دلێر عەبدوڵڵا بەپێی بڕیارێكی حزبی، ئاڵوگۆڕ لەپۆستەكانی قایمقام و پارێزگاری سلێمانیدا دەكرێت، ئاوات محەمەد قایمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا كەئامادەیە ببێتە پارێزگارو بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە لەهەرجێیەك بێت خزمەت بەخەڵكی سلێمانی دەكات، دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی هیچ قسەیەكی لەوبارەیەوە نییەو بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی ناوبراو نایەوێت ببێتە قایمقام و لەحاڵەتی جێبەجێكردنی ئاڵوگۆڕەكەدا دەچێتەوە سەر كارەكەی پێشووی خۆی كەپلەی مامۆستاییە لەزانكۆی سلێمانی. لەچوارچێوەی گۆڕانكارییە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بڕیارە ئاڵوگۆڕ لەپۆستەكانی قایمقام و پارێزگاردا بكرێت، ئاوات محەمەد قایمقام بخرێتە شوێنی دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، هەروەها دكتۆر هەڤاڵ بكرێتە قایمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر ئامادە نییە ئەو پۆستە وەربگرێت و بڕیاریداوە پاش جێبەجێكردنی گۆڕانكارییەكە، بچێتەوە سەركارەكەی پێشووی كەمامۆستاییە لەزانكۆی سلێمانی. هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كەیەكێتی دەیەوێت دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر لەپۆستی پارێزگاری سلێمانی دووربخاتەوەو كۆتایی بەو ماوەیە بهێنێت كە بۆ پۆستەكەی دكتۆر هەڤاڵ درێژكراوەتەوە، لەجێیدا ئاوات محەمەد قایمقامی ئێستای سلێمانی بكاتە پارێزگار، لەوبارەیەوە ئاوات محەمەد بەهاوڵاتی وت «جارێ نەبووەتە رەسمی، تەنها دەنگۆیەكەو بیستوومانە، هیچ نووسراوێك یان ئاگاداركردنەوەیەكمان پێنەگەیشتووە، هەركات ئاگاداركراینەوە ئەوكات ئامادەین بۆ هەر بەرپرسیارەتییەك بۆ خزمەتكردنی سلێمانی و هاووڵاتیانی پارێزگاكەمان». هەڤاڵ ئەبوبەكر لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە 30ی نیسانی ساڵی 2014 توانی لەكۆی 359,600 دەنگی بزووتنەوەی گۆڕان، 241,241 دەنگ بەدەستبهێنێت، پاش ململانێیەكی زۆری یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پۆستی پارێزگار، دواجار یەكێتی رەزامەندی لەسەر ئەوەدا كەناوبراو بكرێتە پارێزگارو لە رۆژی 4ی كانونی یەكەمی ساڵی 2017 ئەو پۆستەی پێدراو تائێستاش لەسەر ئەركەكەی بەردەوامە. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم لەلایەن دادگای فیدڕاڵی، ئاڵوگۆڕكردنی ئەو دوو پۆستە لەڕێی رێكەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتییەوە دەكرێت و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوە ئاگادار نەكراوەتەوە، لەوبارەیەوە هۆشیار ئیسماعیل ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی یەكێتی بەهاوڵاتی وت «ئەو گۆڕانكارییە لەڕێی مەڵبەندی سلێمانی و باژێروای گۆڕانەوە دەكرێت، تائێستا ئێمە هیچ نووسراوێكمان بۆ نەهاتووەو بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵییەوە كارەكانمان راگیراوە». تائێستا ئاشکرا نەبووە کە کەی ئەو گۆڕانکارییە دەکرێت، بەڵام بەپێی وتەی چەند سەرکردایەتییەکی یەکێتی کەنەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت ئەوەیان بۆ هاوڵاتی خستەڕوو کەبڕیارەکە لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، جێبەجێ دەکرێت و کاتەکەی دیارنییە. رۆژی 24ی مانگی سێپتەمبەری رابردوو، دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم، بۆ ئەوەش مۆڵەتی 60 رۆژ دیاریكرا تائەنجومەنی نوێی پارێزگاكان دیاریبكرێت، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێك لەو رووەوە نەنراوە، ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت «كاری ئێمە راگیراوەو تائێستاش هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان دیاریكردنی ئەنجومەنی نوێ بۆ راییكردنی كاروبارەكان». لەئەگەری جێبەجێكردنی بڕیارە حزبییەكە بۆ ئاڵوگۆڕی هەردوو پۆستەكە، دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر نایەوێت ئەركەكەی ئاوات محەمەد بگرێتە ئەستۆ، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لەپارێزگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت «دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر بەگونجاوی نازانێت ببێتە قایمقام، ئەو لەبەرنامەیدایە بگەڕێتەوە سەر كارەكەی پێشووی خۆی و جارێكی تر وەك مامۆستا لەكۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی دەستبەكارببێتەوە». لەگەڵ ئەوەی هەڤاڵ ئەبوبەكر ئامادەنەبوو هیچ قسەیەك لەوبارەیەوە بۆ هاوڵاتی بكات، بەڵام قایمقامی سلێمانی نەیشاردەوە كە ئامادەیە بۆ ئەوەی هەر ئەركێك هەبێت پێی بسپێردرێت، لەوبارەیەوە ئاوات محەمەد بەهاوڵاتی وت «هەر ئیشێك خزمەت بەخەڵك بكات، ئامادەم بیكەم و بەئەركی سەرشانی خۆشمی دەزانم. هیچ شتێكم بەڕەسمی پێم رانەگەیەنراوە، بەڵام كەپێم وترا بێ دوودڵی لەخزمەتی خەڵكدا دەبم بەتایبەت ئەركێك كە لەنەتیجەدا خزمەتی خەڵك بكات. هەروەها من دواجار مۆزەفم لەهەر شوێنێك ئەركم بدەنێ من ئامادەم جێبەجێی بكەم. من لەگەڵ جەنابی پارێزگار وەك دوو براو دوو هاوڕێ ئیشەكانی خۆمان دەكەین و هیچ كێشەیەكیش لەنێوانماندا نییە، بەپێچەوانەشەوە جەنابیان زۆر هاوكارمە لەجێبەجێكردنی ئەركەكاندا». لەسەروبەندی بانگەشەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی سلێمانی لەساڵی 2014 دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر وەك كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان لەدیبەیتی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لەشاری سلێمانی ئەوەی راگەیاند كەپاش هەڵبژاردنەكە پێویستە بەرپرسە گەندەڵەكانی هەرێم بەدوای ئیشدا بگەڕێن, وەك ئاماژەیەك بۆ لێپێچینەوەو سزادانیان لەحاڵەتی دەرچوونی وەك پارێزگاری سلێمانی، هەربۆیە یەكێتی و بەرپرسانی ئەو حزبە كەوتنە دژایەتیكردنی ناوبراوو چەندین تۆمەت و ناتۆرەیان خستەپاڵی. بەڵام پێچەوانەی وتەو پێشبینییەكان دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر لەجێی رەزامەندی یەكێتیدا بوو هەربۆیە تائێستا لەپۆستەكەی بەردەوامە.
هاوڵاتی سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەسەر بانگێشتی سەرۆکی فەرەنسا دەچێتە وڵاتەکە و لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2023، سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند نێچیرڤان بارزانی لهسهر بانگهێشتى فهرميى ئيمانیۆل ماكرۆن، سهرۆكى فهرهنسا سهردانى پاريس دهكات و بڕیارە باس لە پهيوهندييهكانى فهرهنسا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان و برهودان به هاوكاريى هاوبهش و دۆخى عێراق و ناوچهكه بهگشتى بکەن. هاوکات سەرۆکایەتی فەرەنسا بڵاویکردەوە کە رۆژی هەیینی کاتژمێر 1ی دوانیوەڕۆ بەکاتی هەرێمی کوردستان ئیمانیۆل ماکرۆن لە کۆشکی ئیلیزێ پێشوازی لە سەرۆکی هەرێم دەکات. تا ئێستا چەند جارێک نێچیرڤان بارزانی سەردانی فەرەنسای کردووە و دواین جاریش لە مانگی تەمموزی 2019 بوو کاتێک سەردانی کۆشکی ئیلیزێی کرد و لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا کۆبوویەوە. ئیمانیۆل ماکرۆنیش تا ئیستا جارێک سەردانی عێراق و هەرێمی وکردستانی کردووە کە لە ئابی 2021دا بوو.
هاوڵاتی پاسەوانی یەكێك لەخوێندنگاكانی پەروەردەی رۆژئاوای سەنتەری دهۆك دوای ئەوەی كەئاشكرای دەكات بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگایەی دەوامی تێدادەکات نەوتی دزیوە، لەخوێندنگاکە دەگوازرێتەوەو هەڕەشەی لێدەکرێت و لێی دەدرێت، كەیسەكەشی تائێستا یەكلایی نەبووەتەوە. ئەو پاسەوانەی دزیەكەی ئاشكراكردووە ناوی سەگڤان یونس سەلیمەو لەساڵی 2002 دامەزراوە. ئەو بینایەی نەوتەكەی لێ دزراوە دوو خوێندنگا تێیدا دەوام دەكەن کەبریتین لەخوێندنگای هەڵات و خوێندنگای مەلا ئەمین كەدەكەونە سنوری پەروەردەی رۆژئاوا. بەوتەی پاسەوانەكە زیاتر لەدوو بەرمیل نەوت دزراوەو لەجیاتی ئەوەی خەڵات بكرێت گوازراوەتەوە بۆ خوێندنگایەكی تر. سەگڤان یونس سەلیم وردەكاری رووداوەكەی بۆ هاوڵاتی خستەڕوو و وتی، «كاری من پاسەوانییە هەر شتێك لەخوێندنگا بكرێت من لێی بەرپرسم، بەڕێوەبەری خوێندنگای هەڵات كە ژنێكەو پیاوەكەی بەرپرسێكی یەكێك لەوەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمە دوو جار نەوتی خوێندنگاکەی دزیوە. بەچاوی خۆم بینیومە دوای دەوام بەئۆتۆمبێلەكەی خۆی دەهاتە خوێندنگا جارێك بەدەبەو جارێك بەبەرمیل نەوتی دزی». بەپێی قسەی پاسەوانەکە، هەردوو رووداوەکە نێوانیان هەیەو لەماوەی چەند ساڵێکدا روویانداوە. «جارێك لەمانگی ئایاری ئەمساڵ بوو و جارێكی تر پێش چەند ساڵێك بووە، دوای ئەوەی بۆ رای گشتی و لایەنی پەیوەندیدار ئاشكرام كرد كە نەوت لەلایەن بەڕێوەبەری خوێندنگاكە دزراوە چەند كەسێكی نزیك لەبەڕێوەبەری خوێندنگا هەڕەشەیان لەمن كردو بەناوی ئاسایش لێیاندام و لەکوڕەکەشیاندام. هەموو بەڵگەیەكم هەیە وەک وێنەو ڤیدیۆ، هەروەها گۆڕینی قوفڵەكان»، سەگڤان یونس سەلیم وای وت. سەگڤان یونس سەلیم لەدایكبووی 1967 لەساڵی 2002 دامەزراوە. یەكەمجار لەخوێندنگای جگەرخوێن دەستبەكاربووە. دوای ئاشكراكردنی دزییەكە لەخوێندنگای هەڵات دەگوازرێتەوە بۆ خوێندنگای «كەزان»ی كچان و دۆسیەكەی لەدادگایەو تائێستا یەكلایی نەكراوەتەوە. «لەبری ئەوەی خەڵات بكرێم، كوڕەكەم لەپێش چاوی خۆم بەتوندی لێی دراوەو بەناحەقی منیان گواستەوە بۆ خوێندنگایەكی تر كەزیاتر لە 10 خولەك دوورترە، لەسەر ئەو ستەمەی كە لەبەرامبەرم كراوە لەدادگا سكاڵام تۆماركرد، دوای ماوەیەك كەسێك لەدادگا تەلەفونی بۆ کردم و وتی، ‹سكاڵاكەی تۆ رەفزكراوە.› نازانم كێ ئەمەی كردووە، دواتر بڕیارەكەم تەممیز كردووە زیاتر لەسێ مانگە چاوەڕێی وەڵامی دادگا دەكەم»، سەگڤان وای وت. سەگڤان یونس جەمیل دەشڵێت» بابەتی دزینی نەوت و گۆڕینی قوفڵەكان لەیەك بینا روویداوە بەڵام هەردوو بەڕێوەبەری خوێندنگا هاوڕێی یەكترن، دزینی نەوت و گۆڕینی قوفڵەكانی خوێندنگاكە هەر من ئاشکرام کردو لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن دوو كەیسی جیاوازن، بەڵام وانیە چونكە هەردووكیان لەیەك بینا بووە «. رووداوەكە كاردانەوەی زۆری بەدوای خویدا هێناو دوای دوو رۆژ عومەر عەلی تەها، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، «ئەمە دوو كەیسن، كەیسێكیان لەساڵی 2019 بووەو ئەوە یەكلایی بووەتەوە، ئەوەی دووەم لەسەر گۆڕینی قوفڵەكانی خوێندنگا بووە كەهێشتا ئەمە یەكلایی نەبووتەوەو كەیسەكە لەدادگایە، هەردوو كەیسەكەش لەیەك بینا بووە ، ئەو پاسەوانەی كەسكاڵای تۆماركردووە لانەدراوە تەنها گوازراوەتەوە بۆ خوێندنگایەكی تر، ئەمەش شتێكی ئاساییە لەهەر خوێندنگایەک ئەگەر بەڕێوەبەرەكە لەپاسەوان یان هەر فەرمانبەرێكی تر ناڕازی بێت دەگوازرێتەوە.» سامان سیوەلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت، «ئەم كێشەیە نەگەیشتووەتە وەزارەت، هەر قسەیەك كە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی دهۆك بیكات قسەی فەرمی وەزارەتەو ئەوەی پێویست بێت ئەوان بۆ كەیسەكە دەیكەن «. هاوڵاتی چەند جارێك پەیوەندی بە عومەر عەلی تەها، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆكەوە کرد بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە . عوسمان سلێمان، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا بەهاوڵاتی وت، «راستە ئەو دوو خوێندنگایە دەكەونە سنوری پەروەردەی رۆژئاوا بەڵام ئەم كەیسە لەسەردەمی من نەبووە، بەڵام كەیسێكیان یەكلایی بووەتەوە تەنها یەكێكیان ماوە ئەویش لەدادگایەو هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە، لەمە زیاتر هیچ شتێكی تر ناڵێم «.
شەنای فاتیح ٤٩ رۆژ بەسەر دەستپێكردنی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ تێپەڕدەبێت، بەڵام تائێستا چارەنووسی خوێندن لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان نادیارە، مامۆستایەكی ناڕازی دەڵێت «دڵمان ژان دەكات بۆ قوتابییەكان، بەڵام ئەوە دەسەڵاتە كەئەمەی دەوێت». لەسەرەتای دەستپێكردنی وەرزی نوێی خوێندنەوە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین، بەهۆی دواكەوتنی موچەی سێ مانگەوە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردووەو دابەشكردنی موچەی مانگەكانی ئاب و ئەیلول مەرجی گەڕانەوەیانە بۆ هۆڵەكانی خوێندن. عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: بەداخەوە حكومەت هیچ هەنگاوێكی نەناوە بۆ جێبەجێكردنی داخوازی مامۆستایان و وانەبێژان و لەسەر عینادی خۆی سوورە، ئەمەش وایكردووە كە مامۆستایان بەردەوامبن لەسەر بایكۆتكردن بەمەش زیانێكی زۆر بەر پڕۆسەی پەروەردە كەوتووە لەسنووری سلێمانی و دەوروبەری. وتیشی: ئێمە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكەمتەرخەم دەزانین، راستە حكومەتی ناوەند پارەی نەناردووە ئەوەش خەتای حكومەتی هەرێمە كەنەیتوانیوە پێشوەختە رێككەوتنێك بكات یاخود چاكسازییەك لەبواری داراییدا بكات، ئێمە لەنزیكەوە مامۆستاو بەڕێوەبەرەكان دەبینین، دەڵێن پێمان خۆشە دەوام بكەین بەڵام زۆربەیان دەڵێن گیرفانمان بەتاڵەو پارەی هاتوچۆمان پێنییە. « ئومێدەوارین نەگاتە ئەوەی وەزارەت بیر لەسزادانی مامۆستایان بكاتەوە چونكە ئەوە هەڵەیەكی گەورەیەو ناكرێت دیان هەزار مامۆستا سزابدرێت و غیاب بدرێت، ئەو بابەتە وەك یەكێتی مامۆستایان قبوڵناكەین و بەرگری لەمامۆستایان دەكەین، هیواداریشین حكومەت بەهۆش خۆی بێتەوەو چیتر ستەم لەمامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆی نەكات بەتایبەت وانەبێژان «. عەتا ئەحمەد وای وت. ئەمە لەكاتێكدایە دەنگۆی ئەوە هەیە كەوەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سزای ئەو مامۆستایانە دەدات كەبایكۆت ناشكێنن و ناگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن بەوەی كەمامۆستای دیكە دەخاتە جێگایان، هاوڵاتی بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی بەوەزارەتی پەروەردەوە كرد تا راستی و دروستی بابەتەكە بۆ وەرگرانی بگوازێتەوە بەڵام ئامادەنەبوون هیچ جۆرە لێدوانێك بدەن و رایانگەیاند كە هەر شتێك هەبێت بەبەیاننامەی فەرمی و راگەیەندراو بڵاویدەكەنەوە «بۆیە دەنگۆو قسەی ناو بازاڕ هیچ گرنگییەكی نییە». هاوڕێ ئەحمەد، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: مامۆستایان خۆیان بڕیاری بایكۆتیان داوەو پشتگیرییان دەكەین، مامۆستا خۆی دەبێت نەچێتە ژێر باری بایكۆت شكاندن و نەچێتەوە هۆڵەكانی خوێندن، ئەو مامۆستایانەش كەچوونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن زۆربەیان ناڕازین تەنها كەمینەیەكیان كەڕۆژی یەكشەممە چوونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن و چەند مامۆستایەكی كەم بوون رۆیشتوون و گەڕاونەتەوە چونكە قوتابی كەم رۆیشتووە. وتیشی: پێویست بەوە ناكات كەس پێمان بڵێت بایكۆت بشكێنین یان نا، دەسەڵات دەبێت كار لەسەر ئەوەبكات كە مافەكانمان بۆ دابین بكات، چونكە ئەوە گرێبەستێكە لەنێوان حكومەت و مامۆستایاندا كە لەبەرامبەر ئەركێكدا مافی خۆی پێبدات كەئەویش ٣٠ رۆژ جارێك موچەیە هەر كاتێك دەسەڵات ماف ناداتە مامۆستا یان هەر فەرمانبەرێك ئەویش هەقی خۆیەتی دەوام نەكات و بۆشی نییە سزای بدات. سەبارەت بەدابەشبوونی رای مامۆستایانی ناڕازی هاوڕێ ئەحمەد وتی: راست نییە دەوترێت مامۆستایانی ناڕازی بوونەتە دوو بەرەوە، بەشێك لەبرادەران پێیان باشبوو كەیەكشەمە خۆپیشاندان نەكرێت و چەندڕۆژێك دوابخرێت، ئەنجومەنی سەرتاسەری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕینیش لەگەڵ ئەوەدابوون یەكشەممە خۆپیشاندان بكرێت، دەكرێ بۆچوونی جیاواز هەبێت، بەڵام دژایەتی نییە چونكە ئامانجمان یەكێكە ئەویش گەیشتنە بەمافەكانمان. «هەروەها چارەسەری بارودۆخی وانەبێژانیش بكرێت كەكۆڵەكەی پەروەردەن ئەوانیش دابمەزرێن و موچەو پلەبەرزكردن بكرێتەوە، چەندینجاریش ئێمە لەبەر منداڵی خەڵك چووینەتەوە هۆڵەكانی خوێندن و بۆ ئەوەی خوێندن بەردەوام بێت و ئایندەی قوتابیان نەفەوتێت، بەڵام بەداخەوە حكومەت هەنگاوێكی جددی نەناوە بێتە سەرخەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئێمە روومان لەبەغدایەو داوامان كردووە بخرێینە سەر وەزارەتی دارایی عێراق و هەژمارمان لەبانكە حكومییەكانی عێراقدا بۆ بكرێتەوە وەك هەموو هاووڵاتییەكی عێراق». هاوڕێ ئەحمەد وای وت. ئەو مامۆستا ناڕازییە وتیشی: لەمێژووی مرۆڤایەتیدا نەبووە ماوەی ١٠ ساڵ دەسەڵاتێك مووچە پاشەكەوت بكات بۆ فەرمانبەرەكانی و پلە بەرزكردنەوەی راگرتبێت و بشڵێت دەبێت دەوام بكەن، دڵمان ژان دەكات بۆ قوتابییەكانمان و بەهیچ شێوەیەك پێمان خۆش نییە قوتابییەكانمان لەماڵەوەن و ئێمە لەگەڵیاندا نین، بیریان دەكەین و دەیان جار قوربانیمان داوە بەژیانی خۆمان، بەڵام ئەوە دەسەڵاتە كە ئەمەی دەوێت. عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: بەهیچ شێوەیەك مامۆستایانی ناڕازی نەبوونەتە دوو بەرە، تەنها چەند مامۆستایەك پێیان باشبوو كە رۆژی یەكشەممە كاتی خۆپیشاندان نییەو دەگونجێت چۆڵ بێت و ببێتە كارێك كەبایكۆت بشكێت، بەڵام خۆشبەختانە خۆپیشاندانەكە گەورە بوو و دەگونجێت، ئێستا ئەوانیش بۆچوونیان گۆڕابێت كەخۆپیشاندانەكەی رۆژی یەكشەممەیان بینی و شتەكە تەنها جیاوازی لەبیرو بۆچوونێكدا بووە. ئەو مامۆستا ناڕازییە وتیشی:پێمان وایە بایكۆتی ئەو قوتابخانانەش كەشكاوە تەنها كات بەڕێكردنە، دەتوانم بڵێم لەپارێزگای سلێمانیدا رێژەی دەوام ٩٩%ی بایكۆتەو ژمارەیەكی كەم لەقوتابخانەكان دەوامیان تێدا دەكرێت.
هاوڵاتی دوای ئەوەی دەستەی راگهیاندن و گەیاندنی عێراق له نوسراوێكدا داوای له ههردوو كۆمپانیاكانی ئاسیاسیڵ و ئەسیر کرد كه پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم) بپچڕێنن،ئەمڕۆ بڕیارەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوەو سەرجەم پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو تۆڕە بچڕێنران. دوێنێ چوارشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2023، دەستەی راگهیاندن و گەیاندنی عێراق له نوسراوێكدا بە فەرمی داوای له ههردوو كۆمپانیاكانی ئاسیاسیڵ و ئەسیر کرد كه پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بپچڕێنن و لە نوسراوەکەدا هاتووە، "به پشتن بهستن بهو دهسهڵاتهی كه بهپێی فهرمانی یاسایی ژماره 66ی ساڵی 2004ی كارپێكراو پێمان دراوه، ههروهها به لهبهرچاوگرتنی بهسهرچوونی ئهو مۆڵهتهی لهلایهن دهسهڵاتهكهمانهوه له 30ی ئابی 2022 به كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم دراوه، هاوكات وهڵامنهدانهوهی بڕیاره دادوهریهكان كه لهلایهن ئهنجومهنی باڵای دادوهرییهوه دهرچووه، پابهندن به پچڕانی پەیوەندییەكان لهگهڵ كۆڕەك تیلیكۆم." هاوکات پێشتریش دەستەکە لە 22ی مانگی ئابی ئەمساڵ چەند بڕیارێکی سەبارەت بە كۆمپانیای كۆڕهك تلیكۆم دهركرد و بەپێی یهكێك له بڕیارهكانیش، فرۆشتنی كارتی باڵانس و سیمكارتی ئهو كۆمپانیایه قهدهغه دهكرێت و وتیشی لهماوهیەکی نزیکدا پهیوهندی تهلهفۆنی نێوان كۆڕهك و كۆمپانیاكانی دیكهی پهیوهندیكردن رادهگرن بەهۆی چەند سەرپێچییەکی کۆمپانیاکەوە کە بەشێکی ئەو قەرزە کەڵەکەبووەیە کە لەسەریەتی و ئەمڕۆ بڕیارەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە. جێگەیباسە لە وڵامی دەستەی راگهیاندن و گەیاندنی عێراقدا کۆڕەک تلیکۆم چەند هەفتەیەک پێش ئێستا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "کۆڕەک تلیکۆم هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە، وە ئێمە لە ئێستادا هەموو بژاردەکان لەبەرچاو دەگرین، لەوانەش هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە، دڵنیاتان دەكەینەوە كە ئەم كێشەیە تەنها بابەتێكی تایبەتی یە لەنێوان خاوەن پشكەكانی پێشوو و ئێستای كۆمپانیا." هاوکات کۆمپانیاکە بەشداربوانی هێڵەکەی دڵنیاکردەوە کە ئەو بڕیارە کاریگەری لەسەر خزمەتگوزاری و چالاکی کۆمپانیاکەیان نابێت ، و ئەمڕۆ تەواوی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو هێڵەدا لەلایەن کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و ئەسیری عێراقییەوە بچڕێنران، هەربۆیە بەشداربوانی تەنها دەتوانن لە ناوخۆی تۆڕەکەدا پەیوەندی ئەنجام بدەن. کۆرەک تلیکۆم لەلایەن سیروان بارزانییەوە دامەزرێنراوەو لە لە ساڵی 2000 کاندا دەستی بە کارکردن کرد ،وبە کۆنترین کۆمپانیای تەلەکۆمی عێراقیی دادەنرێت هاوکات لە 17ی ئابی ساڵی 2007 یەکێك بوو لەو سێ کۆمپانیایەی کە مۆلەتی کارکردنی لە سەرانسەری عێراقی پێدرا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل و لە ئێستادا خزمەتگوزاريەكانى لە 18 ﭘارێزﮔاى عيراق كارايە .
هاوڵاتی شارەوانی سلێمانی ئاگادارییەکی بەپەلەی بۆ خاوەن خانوە زیادەڕۆکان بڵاوکردەوە و دەڵێت: ئەگەر مامەڵەی تاپۆکردن نەکەن دەست بەسەر خانوەکانیاندا دەگیرێت. سەرۆکایەتى شارەوانى سلێمانى بڵاوى کردەوە، لە ئێستادا هاوڵاتییان وەک پێوست سەردانیان ناکەن بە مەبەستى تەواوکردنی مامەڵەکانیان و تاپۆکردنی خانووەکانیان، دەشڵێن، ئەگەر لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا و هەتا ٩-٩-٢٠٢٤ سەرجەم پارەی تۆمارکردنیان نەدابێت بە مەبەستی تاپۆکردنی خانووەکانیان، ئەوا خانووەکانیان، کە لەسەر موڵکی حکومەت دروست کردووە دەبێتەوە بە موڵکی شارەوانی. شارەوانى سلێمانی هۆشداریش دەدات، ئەگەر لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا و هەتا ٩-٩-٢٠٢٤ سەرجەم پارەی تۆمارکردنیان نەدابێت بە مەبەستی تاپۆکردنی خانووەکانیان، ئەوا خانووەکانیان، کە لەسەر موڵکی حکومەت دروست کردووە دەبێتەوە بە موڵکی شارەوانی. ئاماژەی بەوەشکردوە، بە پێی یاسای ئاماژەپێکراو شارەوانی بە مافی خۆی دەزانێت بە زیادکردنی ئاشکرا بیفرۆشێت.
هاوڵاتی وهزارهتی دارایی و ئابوری حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ڕۆژی شەممە 4ی ئهم مانگه دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی پێنجشەممە 9ی مانگ کۆتایی بەدابەشکردنی موچە دێت. وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "کەمێک لەمەوبەر بڕی 200 ملیار دینار لەلایەن بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق." سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە ئەو وەزارەتە دەڵێت، "رۆژی شەممە ٢٠٢٣/١١/٤ لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٣/١١/٩ کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت." ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ پێنج شەممە 450 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان و پارەکە بە دوو شێوە بووە، 250 ملیاری لەڕێگەی بانی رەشیدەوە خرایە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و 200 ملیاری دیکەش لەڕێگەی تی بی ئای. هاوکات بڕیارە رۆژی یەکشەممە، بڕی 250 ملیارەکەی دیکەش لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان.''
هاوڵاتی بڕی 450 ملیار دینار لە 700 ملیار دینارەکە لە بەغداوە خرایە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان، بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران. بهیانی ئهمڕۆ پێنجشهممه وهزارهتی دارایی عێراق له چوارچێوهی 700 ملیار دینارهكهدا بڕی 450 ملیار دیناری خسته سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، كه بڕی 250 ملیار دیناری له رێگهی بانكی رهشید و 200 ملیار دیناریشی له رێگهی بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) خرایهسهر ههژماری دارایی ههرێم. بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیاره لهماوهی چهند رۆژی داهاتودا ئهو بڕه پارهیهی كه ماوه له رێگهی بانكی رافیدهینهوه بخرێته سهر ههژماری وهزارهتی دارایی و ئابوری حكومهتی ههرێمی كوردستان، پارهكهش بۆ موچەی مانگی هەشتی 2023ی فهرمانبهران تهرخاندهكرێت. پێشتر بەغدا یەکجار 700 ملیارەکەی ناردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆیەوە مووچەی مانگی تەممووزی ( مانگی حەوت) یدابینکرد، بەو 700 ملیارەی ئەمجارەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئابی (هەشت) مووچەخۆرانی دەدات.
هاوڵاتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند؛ سبەینێ بەشێک لە 700 ملیار دینارەکە دەگاتە هەرێم و دواتریش لیستی مووچە رادەگەیەنرێت. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئموێد سەباح رایگەیاند، "سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کردووە شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات و وەزیری دارایی عێراقیش دوێنێ داوای لە بانکی ناوەندی کردوە، 700 ملیار دینارەکە بنێرێت." سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەوەی ئاشکرا کرد کە سبەینێ پێنجشەممە بەشێک لە 700 ملیار دینارەکە دەگاتە هەرێم و رەنگە هەر سبەینێ یان شەممە لیستی مووچە رابگەینرێت و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە و وەزارەتی دارایی عێراق داوای داتا و زانیاری داهات و خەرجی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەرپرسانی هەرێمیش دەڵێن سەرجەم داتاکانیان رەوانەی بەغدا کردووە و ئەگەر "بەهانەی تر نەدۆزنەوە" دەبێت 700 ملیار دینارەکە رەوانە بکەن. هاوکات ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبوویەوە و رایگەیاند، حکومەتی هەرێم داتا و زانیاری وردی ناردووە بۆ حکومەتی عێراق بۆیە "هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی" مووچە نییە. بڕیاربوو رۆژی دووشەممە 30-10-2023 وەفدێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە، دوای ئەوەی ناردنی 700 ملیارە قەرزەكە لەلایەن بەغداوە دواكەوت. سەبارەت بەدواكەوتنی ئەو قەرزە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت، "وەفدەكە نەچوونەتە بەغدا هەندێك داواكارییان هەبووە ناردوویانە بۆ وەفدی هەرێم بەپێی بڕیارەكەشیان دەبێت لەم هەفتەیەدا داواكاریەكانیان لەلایەن وەفدی هەرێمەوە جێبەجێ بكرێت و بنێردرێتەوە بۆ بەغدا."
هاوڵاتی ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان بەمەبەستی جەختکردنەوەی پابەندییەکانی ئەمریکا بووە بە ناوچەکەوە، دەشڵێت، هاوکارییە ئەمنییەکان و کارکردنی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت بۆ "رێگریکردن لە هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا." ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2023، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بافڵ تالەبانی سەرۆکی یەکێتی کۆبوویەوە. سەبارەت بە سەردانەکەی، ئەلینا رۆمانۆسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراقم کرد تا پابەندبوونی ئەمریکا بەرامبەر ناوچەکە جەخت لێبکەمەوە و زامنی بەردەوامی هاوکاری ئەمنی و کارکردنی هاوبەش لە پێناو رێگریکردن لە هێرشەکان بۆ سەربەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکەم." باڵیۆزی ئەمریکا دەشڵێت، "گفتوگۆ بەرهەمدارەکانمان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بەرز دەنرخێنم."
سەركۆ جەمال نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان دەڵێت «كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەكۆی دەنگی ئەنجوومەنی سەندیكا لەكارەكەی دوورخراوەتەوە»، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكاش دەڵێت «بڕیارەكە حزبییە و نەقیبی سەندیكا شەڕ دەفرۆشێت»، جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستانیش دەڵێت، «بەهیچ شێوەیەك وەكو لیستی سەوز لەسەندیكا، ناچنە ژێر بڕیاری لادانی سكرتێری لقی سلێمانی»، ڕێكخەری سەنتەری میترۆ پێی وایە «هەر سەندیكایەك حزب سواری سەری بوو بەلای خۆیدا ڕایكێشا ڕۆژێك هەر دەپچڕێت». نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان و جێگرەكەی دوو رای دژ بەیەكیان هەیە لەبارەی دوورخستنەوەی كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بەوتەی نەقیبی سەندیكا، «سكرتێری لقی سلێمانی بەكۆی دەنگی ئەندامان لەكارەكەی دوورخراوەتەوە، بەڵام بەوتەی جێگرەكەی، «ئەوان وەكو لیستی سەوز لەسەندیكا ناچنە ژێر باری ئەو بڕیارە». ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان پێشتر ڕایگەیاندووە:» پێشتر هەموو دەزگاكانمان ئاگاداركردووەتەوە كەسكرتێری لقی سلێمانی لەمانگی 7ـی 2021ـەوە لەپۆستەكەی نەماوە، بەبرادەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانمان وتووە بەبڕیاری ئەنجوومەنی سەندیكا كەهەموومان واژۆمان كردووە دەركراوەو دەبێت ئەو پابەند بێت، بەڵام بەداخەوە یەكێتی رێگربوون لەجێبەجێكردنی بڕیارەكەو پێمانوایە ئەوە دەستتێوەردانە لەكاروباری ناوخۆی سەندیكا.» نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان داوا لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات ئەو كێشەیە چارەسەربكات. دەشڵێت «حەوت لق و شەش نووسینگەمان هەیە، بەڵام هیچ لقێك و تەنانەت ئەنجوومەنیش راگەیەندراو دەرناكات، لیژنە هەیەو ئەوان راگەیەندراو دەردەكەن، لقی سلێمانی بۆچی راگەیەندراو دەردەكات؟» بەوتەی ئازاد حەمەدەمین ، سكرتێری لقی سلێمانی، «لەسەر ئیلتیزام نەكردن، ناپیشەییبوون و جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەندیكا دەركراوە، ئەویش ناهەقی نییە دەڵێت من كادری یەكێتیم و منیان لێرە داناوە، دەبێت یەكێك پێم بڵێت بڕۆ بۆ ئەوەی بڕۆم.» جێگری نەقیبی ڕۆژنامەنوسان لەسەر دورخستنەوەی سكرتێری لقی سلێمانی قسەیەكی دیكەی هەیە بژار حەكیم، جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان ڕاگەیەندراوێكدا وەڵامی نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی دایەوەو وتی:»پێش دەستبەكاربوونی ئێمە وەك جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسان، ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەمانگی 7ـی ساڵی 2021 بڕیاری لادانی كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای دەركردبوو». بژار حەكیم وتیشی: «دوای دەستبەكاربوونمان وەك جێگری نەقیب، لەمانگی 12ـی ساڵی 2021، تائێستاش ئێمە راشكاوانە بەنەقیب و ئەنجوومەنی سەندیكامان راگەیاندووە، بەهیچ شێوەیەك وەك لیستی سەوز لەسەندیكا، ناچینە ژێر بڕیاری لادانی سكرتێری لقی سلێمانی، بۆ هەمووان رایدەگەیەنین كەجێگری نەقیبی رۆژنامەنووسان و لیستی سەوزی سەندیكا، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ بڕیاری لادانی سكرتێری لقی سلێمانی نییە». ناكۆكی و وتەی دژ بەیەكی نەقیب و جێگرەكەی سەبارەت بەبڕیاری لادانانی سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكا لەلایەن نەقیبی رۆژنامەنووسان لەكاتێكدایە،، رۆژی 24-10-2023 لەشاری سلێمانی دوو رۆژنامەنووس دەستگیركران، لەبارەی دەستگیركردنی ئەو دوو رۆژنامەڤانە لقی سلێمانیی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو لەبارەی یەكێك لەڕۆژنامەنووسە دەستگیركراوەكان رایگەیاند: «دەستگیركردنی عیماد بیلال بەهیچ جۆرێك پەیوەندیی بەئازادیی میدیاو رەخنەوە نییە، بەڵكو بابەتی نێوان دوو هاووڵاتییە، كە بەڕێكەوت هەردووكیان رۆژنامەنووسن.» بەگوێرەی بڕیارێكی ژمارە 1349ی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان رۆژی 28-07-2021 كاروان ئەنوەر لەكارەكەی لابراوە، بڕیارەكە واژۆی ئازاد حەمەئەمین ، نەقیبی رۆژنامەنووسان، ئەنوەر حوسێن، جێگری نەقیب، هەندرێن ئەحمەد سكرتێرو چوار ئەندامی دیكەی ئەنجوومەنی لەسەرە. كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان دەڵێت «من فەرمانبەر نیم تا نەقیبی سەندیكا بتوانێت دەرم بكات و بەهەڵبژاردن هاتووم و پەیڕەوی ناوخۆش رێوشوێنی لابردنی هەر كەسێكی دیاریكردووە». لەبڕیارەكەدا هاتووە :»ئەنجوومەنی سەندیكا لەكۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا دوای گفتوگۆی كێشەو گرفتەكانی لقی سلێمانی و بڕیارو راسپاردەی كۆبوونەوەكانی پێشوو، تایبەت بەپابەندنەبوونی بەڕێز كاروان ئەنوەر وەك سكرتێری لقی سلێمانی بەڕێوشوێنی كاری سەندیكایی لەچوارچێوەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی سلێمانی بەهۆی ئەم دۆسیانەوە: -پابەندنەبوونی ناوبراو بەبڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەندیكاو سەرپێچی لەجێبەجێكردنی ئەركەكان. -ئاماژە بەكۆنووسی ئەنجوومەنی سەندیكا لە 28ـی نیسانی 2019، لەبارەی ئامادەبوونی ناوبراو بۆ پێڕاگەیاندنی بڕیارەكانی ئەنجوومەن لەبارەی پابەندنەبوونی بەبڕیارەكانی ئەنجوومەن كاركردن لەدژی سیاسەتی گشتی و بنەماو ئامانجەكانی سەندیكاو پێنەدانی زانیاری لەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارەیەی كەبڕەكەی لە 50 ملیۆن دینار زیاترە وەك لقی سلێمانی وەریگرتووە لەچوارچێوەی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری، لەدەرەوەی رێكارەكانی كارگێڕی خەرجكراوە، دواتر سەرپێچی لەبڕیارەكانی ئەنجوومەن. -ئاماژە بەكۆنووسی ئەنجوومەنی سەندیكا ژمارە (37) لە 02-06-2019 بڕیاری ئەنجوومەن كەدەبێت لقی سلێمانی هەموو مامەڵەیەكی دارایی لەڕێگەی سەرپەرشتیاری سلێمانی دەبێت و بەڕێز كاروان ئەنوەر ئەم بڕیارەی جێبەجێ نەكردووە. -ئاماژە بەكۆنووسی سكرتاریەتی ئەنجوومەن لە 22-01-2020 بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری (پێڕاگەیاندنی هۆشداری) بەناوبراو لەبارەی كێشە داراییەكانی لقی سلێمانی و جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەن كەكۆنووسەكە لەكۆبوونەوەی ژمارە (39) لە 23-01-2020 پەسەندكراوە. - پابەندنەبوونی سكرتێری لقی سلێمانی بەگەڕاندنەوەی ئابوونەی ئەندامانی سەندیكاو دروستكردنی پێناسی سەندیكا بۆ ئەنجوومەن وەكو بڕیاری ئەنجوومەن ئاماژە بەكۆبوونەوەی سكرتاریەتی ئەنجوومەن لە 20-12-2020. -بەكرێدانی بەشێكی بارەگای سەندیكا بەبێ ئاگاداری ئەنجوومەن سەرەڕای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم بەكرێدانە. -داخستنی بارەگای لقی سلێمانی بەبڕیاری تاكەكەسی سكرتێری لقی سلێمانی، سەرەڕای رێنمایی ئەنجوومەن بۆ بەردەوامبوونی كارەكانی لقەكە لەخزمەتی رۆژنامەنووساندا. بڕیاردرا بە - لابردنی بەڕێز كاروان ئەنوەر لەئەركی سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان. -كۆبوونەوەی لقی سلێمانی بەسەرپەرشتی ئەنجوومەن سازبكرێت، بۆ راسپاردنی یەكێك لەئەندامانی لقی سلێمانی بۆ هەڵسوڕاندنی كاروباری لقی سلێمانی تاوەكو كۆنفرانسی داهاتووی لق. -ئەم بڕیارە لەڕۆژی پێڕاگەیاندن بەلقی سلێمانی، جێبەجێدەكرێت. كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «كێشەی نێوان من و نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسان شەڕ فرۆشتنی نەقیبی سەندیكایەو شتێكی یاسایی نییە ئەگەر یاسایی بوایە سكاڵای دەكرد بەڵام ئێمە بەنیازین سكاڵا تۆمار بكەین، چەند جارێك باسی ئێمەی كردووە گوایە سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكا دەركراوەو دەسەڵاتی نییە، ئەمانە هەر هەمووی دەكەین بەسكاڵایەك و تۆماری دەكەین بۆ ئەوەی بزانین یاسا چۆن مامەڵەمان لەگەڵ دەكات». وتیشی:»كاتێك پرسێكی حزبی دروستدەبێت نەقیبی سەندیكا فشار دەكات، بۆ نموونە ئەو دوو رۆژنامەنووسەی هەفتەی رابردوو دەستگیركران، ئێمە رای خۆمان بەڕوونی وت، بەڵام نەقیبی سەندیكا لەكەناڵێكەوە خراپی لەسەر ئێمە كردو بەیانێكیشیان بەناوی سەندیكاوە بڵاوكردەوە لەكاتێكدا لقی سلێمانی ئاگاداری وردەكاری رووداوەكەیە». بەوتەی كاروان ئەنوەر، «نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسان هەڕەشەی دەركردنی لێكردووە وەك ئەوەی فەرمانبەرێك دەربكات لەكاتێكدا سەندیكا نەقیب و سكرتێری لقەكان بەهەڵبژاردن دیاریدەكرێن، نەقیبی سەندیكاش چەند كەسێكی بەدەر لەپەیڕەوی ناوخۆی سەندیكای رۆژنامەنووسان داناوە، بۆیە ئەگەر شتێكی نایاساییمان كردووە با ئەو سكاڵا تۆماربكات». «لەساڵی 2014 ەوە نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسان یەك دیناری بۆ لقی سلێمانی نەناردووەو داوای ئابوونەش دەكات، لەكاتێكدا هەرچی چالاكییەك ئەنجامدراوە دینارێكمان لەهەولێر وەرنەگرتووە، ئێستاش بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكە سكاڵامان تۆماركردووەو سەرجەم ئەو كارە نایاساییانەی ئەنجامیداون وەك بەڵگە پێشكەش دەكەین». سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان وادەڵێت. كاروان ئەنوەر دەشڵێـت:»دەمانەوێت سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دروستیكردوون بیسەلمێنێت، مەسەلەكە بەس جیاوازی حزبییە نایانەوێت بڵێین ئازادی رۆژنامەنووسی لەمدواییەدا لەهەرێم پاشەكشەی كردووەو خۆشیان هیچ هەڵوێستێكیان نییە، بەئێمەش دەڵێن كە شتێك دەبێت بۆچی تەنها لقی سلێمانی بەیاننامەكە دەردەكات». سەنتەری میترۆ، لەبارەی ناكۆكییەكانی سەندیكا رایەكی جیاوازی هەیە رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی ڕۆژنامەنوسان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»هەر سەندیكایەك حزبایەتی سوار سەری بوو هەركەسەو بەلای خۆیدا رایكێشا لەشوێنێكدا هەر دەپچڕێت، بەڕای من چارەسەر بۆ سەندیكایەكی كارا ئەوەیە كە لیستێكی سەربەخۆ لەناو ئەو سەندیكایە دروست ببێت و رۆژنامەنووسان دەنگی پێبدەن». وتیشی:»هەندێك هەستیاری لەنێوان ئێمەو سەندیكا هەیەو زۆر سەرنجمان هەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی نەڵێن پشتگیری لایەنێك دەكەن جارێ دوای دەخەین، دەبێت فشاربكرێت سەندیكا كۆنگرە بكات، میكانیزمی كۆنگرەكەش دەبێت شەفاف بێت، هەرچەندە ئەندامانی سەندیكا مافی خۆیانە ئایدیای خۆیان هەبێت، بەڵام نابێت حزبایەتی زاڵ بێ بەسەریاندا وەكو ئێستا بەڵكو دەبێت كار بۆ ئەندامەكانی خۆیان بكەن». سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەگوێرەی یاسای ژمارە (4) ساڵی 1998و هەمواری ژمارە (40)ی ساڵی 2004، پەرلەمانی كوردستان دامەزراوە، هەروا بەگوێرەی یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە 35ی ساڵی 2007، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان وەكو تاقە ئۆرگانی فەرمی میدیاییە لەهەرێمی كوردستان و ئەندامی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی (IFJ)یە. لەماوەی نزیكەی 20 ساڵی دامەزراندنیدا سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان سێ كۆنگرەی بەستووەو دوایین كۆنگرەی لەساڵی 2011 بووەو تائێستا نەیتوانیوە كۆنگرەی چوارەم ببەستێت.
هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبوویەوە و رایگەیاند، حکومەتی هەرێم داتا و زانیاری وردی ناردووە بۆ حکومەتی عێراق بۆیە "هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی" مووچە نییە. ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2023، مەسرور بارزانی لە هەولێر پێشوازی لە ئەلینا رۆماناۆسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد. لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەختی "لە گرنگی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە بەتایبەتی کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم داتا و زانیاری ورد و پشبەست بە بەڵگە یاسایی و دەستوورییەکانیان پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە و هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نییە." بڕیاربوو رۆژی دووشەممە 30-10-2023 وەفدێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە، دوای ئەوەی ناردنی 700 ملیارە قەرزەكە لەلایەن بەغداوە دواكەوت. سەبارەت بەدواكەوتنی ئەو قەرزە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت، "وەفدەكە نەچوونەتە بەغدا هەندێك داواكارییان هەبووە ناردوویانە بۆ وەفدی هەرێم بەپێی بڕیارەكەشیان دەبێت لەم هەفتەیەدا داواكاریەكانیان لەلایەن وەفدی هەرێمەوە جێبەجێ بكرێت و بنێردرێتەوە بۆ بەغدا."
