هاوڵاتی سەرچاوەیەک لە وەزاارەتی دارای حکومەتی هەرێم بۆ هاوڵاتی ئاشکرای کرد کە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەکرێت و هەوڵ دەدرێت تا کۆتای مانگ سەرجەم وەزارەت و دەستەکان وەریبگرن. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە لە ئەستۆی بەغدایە نەک حکومەتی هەرێم بە پێی یاسای بودجە  

هاوڵاتی بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی ڕایگەیاند، تەنیا ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم دارستان و پاوان سووتاون. هاوکار جەلال، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، یەکێک لەو گرفتانەی رووبەڕووی دارستانە دەستکردەکان دەبێتەوە، نەبوونی پاسەوانە، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا کە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە زۆرینەی لەو وەرزەدا دەبێت. وتیشی، " ئەمساڵ نزیکەی پێنج هەزار دۆنم دارستان و پاوان سووتاون، لەسەر سووتاندنی دارستانەکانیش زیاتر لە ١٠ کەس دەستگیر کراون و دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە." هاوکار جەلال دەڵێت، "نەمامگەکانی ئێمە ساڵانە نزیکەی ٤٠٠ هەزار نەمام بەرهەم دەهێنن، ئێستاش پڕۆژەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ پرۆگرامی خۆراکی جیهانی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار نەمام لە مانگی ١١ـی ئەمساڵ، بەشێکی ئامادە دەبێت، بۆ ساڵی داهاتووش بەشەکەی دیکەی ئامادە دەبێت." بەڕێوەبەری دارستان و پاوان ئاماژەی بەوە دا، داوایان لە چەند رێکخراوێک کردووە بۆ رووپێویی دارستانەکان، بەڵام تائێستا هیچ رێکخراوێک ئامادە نەبووە، رووپێوییەکەیان بۆ بکات.

هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، ناتوانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامبدەن، دەشڵێت، "لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی کەم لە هاوڵاتیان تۆماری دەنگدانیان نوێکردوەتەوە". ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 18ـی ته‌ممووزی 2023) عیماد جه‌میل، سه‌رۆكی تیمی راگه‌یاندنی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، وێراى جەختکردنەوەى لەوەى کە سەرپەرشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکەن. ناتوانن لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوە ببەن. سەبارەت بەو نوسراوەى لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەدەستیان گەیشتووە، عیماد جه‌میل، وتی، نوسراوەکە ده‌خرێته‌ به‌رنامه‌ی دانیشتنی داهاتووی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران بۆ گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی میكانیزمه‌كانی كاركردن و رێككاره‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ له‌ كاتی خۆیدا ورده‌كارییه‌كانی راده‌گه‌یه‌ندرێت. جەختی لەوەشکردەوە کە،"قورسە لە ئێستادا وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیارى بکەین." سه‌رۆكی تیمی راگه‌یاندنی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕاشیگەیاند ،" لە شارەکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک 173 بنکەى تۆمارکردنمان کردووەتەوە، بەڵام لە هەرێمى کوردستان رێژەیەکى کەمى دەنگدەران تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە.  وتیشی، جگه‌ له‌ هه‌ینی و شه‌ممه‌ و رۆژانی پشوو، رۆژانه‌ له‌ كاتژمێر 8ـی به‌یانی تاوه‌كو 3ـی ئێواره‌ كراوه‌ن و پێشوازی له‌ هاووڵاتییان ده‌كرێت. ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، تا ئێستا رێژه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ 1500 ده‌نگده‌ر، هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، میكانیزمی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جیاوازه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ژماره‌ی ده‌نگده‌ران بریتییه‌ له‌ سێ ملیۆن و 614 كه‌س، كه‌ 566 ده‌نگده‌ر پڕۆسه‌ی ده‌نگدان ده‌یانگرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی بایۆمه‌ترییه‌وه‌ نابێت، به‌ڵكو له‌ رێگه‌ی په‌ڕاوی كاغه‌زییه‌وه‌ ده‌بێت. عیماد جه‌میل ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، له‌ رووی هونه‌ری و كارگێڕییه‌وه‌ ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان كراوه‌، گوتیشی، چه‌ندین ناوه‌ندی سه‌ر به‌ كۆمیسیۆنی فیدڕاڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن 1500 كارمه‌ندی سه‌ر به‌ كۆمیسیۆن به‌ڕێوه‌ده‌بردرێن.  

هاوڵاتی وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، بڕیاردرا بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی ڕژێمی عێراق كە تایبەتە بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکوک، پاشانیش رەوانەی پەرلەمان دەكرێت. ئەمڕۆ  سێشەممە، 18ی تەمووزی 2023، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  رایگەیاند، "هەواڵی خۆشم بۆ كەركوكیەكان پێیە، بەكۆی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆدا پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش پەسەندكرا كە تایبەتە بەزەویە داگیركراوەكانی كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری  و پێدانی بەعەرەبی هاوردە." وتیشی،  "ئەم پڕۆژەیاسایە هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بڕیارانە دەگرێتەوە کە 9 بڕیارن و لە دوای ساڵی 1976ـەوە دەرکراون و زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد و تورکمانی کەرکووکیان پێ داگیرکراوە". وەزیری دادی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەیاساکە پێشتر لەلایەن هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە خراوەتە بەرنامەوە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت و گفتوگۆی زۆریان لەسەر کردووە تاوەکو ئەمڕۆ پەسندیان کردووە. باسی لەوەشكرد، پڕۆژەیاساكە لەئەمڕۆوە رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەكرێت بەمەبەستی پەسەندكردن، ئەمەش هەواڵێكی گرنگە بۆ كورد و توركمانەكانی كەركوك و دژی هیچ لایەن و پێكهاتەیەكی دیكەش نیە، داواكاریشین لەپەرلەمانتاران لەماوەیەكی كەمدا پەسەندی بكەن، تا بخرێتەبواری جێبەجێكردنەوە. کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی وەزیری داد دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوو، لەبارەی باسکردن لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، خالید شوانی گوتی، هیچ باسێکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکرا. جێگەیباسە، ئەمڕۆ نزیکەی 50 رۆژە جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری کەرکووک خۆپێشاندان دەکەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی سەردەمی بەعس دەکەن، کە بەو بڕیارە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان داگیر کرا. لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتدارێتی سەدام حسێن سەرۆكی ڕژێمی عێراق هەر لە 17ی (تەمموز/7)ی 1968 تاوەكو 9ی (نیسان/4)ی 2003 چەندین مەرسومی کۆماری و بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە لەلایەن ئەو ڕژێمەوە دەرچون، بۆ گۆڕینی سنوری ناوچە جێناکۆکەکانی کوردستان  

هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاوی کردۆتەوە، هاووڵاتییەک بە ناوی" قازی مستەفا عەلی" خەڵکی ناوچەی "بەمۆ"ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان، لە سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوە. ڕۆژی سێشەممە، ١١ی حەوتی ٢٠٢٣ ، هاووڵاتییەک بە ناوی قازی مستەفا عەلی، خەڵکی گوندی "کانی‌پاشا"ی سەر بە ناوچەی بەمۆ ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوە. بە وتەی بنەماڵەی قازی مستەفا عەلی، ئەم هاووڵاتییە  زیاتر لە کیلۆمەترێک هاتۆتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە کاتێک کوژراوە ، دواتر تەرمەکەی لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بۆ نەخۆشخانەی "ئیمام حوسێن"ی شاری کرماشان گواستراوەتەوەو چەن رۆژ دواتر رۆژی یەکشەممە ١٦ی حەوت تەرمەکەی گەڕێندراوەتەوە بۆ هەڵەبجە.  

هاوڵاتی کۆبونەوەى هەردوو شاندى باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان تایبەت بە پرسى هەڵبژاردنەکان لە مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەکە کۆتاییهات. ئەمڕۆ سێشەممە  شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی لە شاری سلێمانی کرد. دوای کۆبوونەوەیان عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان گوتی، "گفتوگۆمان لەبارەی هەلومەرجی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرد، بەتایبەتی پەیوەندیی نێوانمان و پێکەوەبوونمان لە حکومەت. وتیشی، " باس لە هەڵبژاردنی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش کرا و بە دڵنیاییەوە گفتوگۆکان لەسەر ئاستی باڵاتر لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوام دەبێت." ئەم سەردانەی شاندی پارتی بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە شاندێکی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانی کرد. هەروەها هەر ئەمڕۆش شاندێکی یەکێتی لە هەولێر سەردانی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی کردو ڕایگەیاند "داوامانكردوە، هەمو کێشەکان بەلاوە بنێین و لە مەسەلەی کەرکوک بەیەکەوە بین". هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و كورد كێبڕكێی زۆرترین كورسی دەكات بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە 16 كورسیە و ئەگەر كورد نۆ كورسیی كەمتر بەدەستبێنێت ناتوانێت پۆستی پارێزگار لەبەرژەوەندی خۆی یەكلایبكاتەوە. هەروەها دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوە ڕایگەیاند، "لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی باشکردنەوە و بەهێزکردنەوەى پێگەى کورد لە بەغداد کران". وتیشی، "وتى:" ئێمە وەک بزوتنەوەى گۆڕان داوامان ئەوەیە خاڵە هاوبەشەکان بدۆزینەوە و خاڵە ناکۆکەکان وەلا بنێین و بگەینە سیغەیەکى نوێ لەسەر بنەماى ستراتیژێکى سیاسى نیشتیمانى کوردستانى بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان هەیە بۆ خۆ ئامادەکردن لەژێر چەترى یەک وتارى کوردى و بۆ دروستکردنى یەک لیستى." هاوکات پەیوەست بە کۆبونەوەکانى نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە چارەسەر بەتایبەت لەنێوان پارتى و یەکێتى، عەلى حسێن وتى: لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆچونى جیاوازمان هەیە، بەڵام خاڵى هاوبەشیشمان هەیە.  

هاوڵاتی لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، داوایان لە لایەنە سیاسییەكان كردوە، لەناوچە جێناكۆكەكان بەیەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن. شاندێكی باڵای یەكێتیی ئەمڕۆ سەردانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانی لە هەولێر كرد و لەدوای كۆبونەوەكەش، رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر رایگەیاند، "پشتیوانی یەک لیستی دەکەین". وتیشی، " بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک  سروشتی هەڵبژاردنەکە واپێویست دەکات هەمو لایەنە سیاسیە کوردەکان لە لیستێک پێکەوە بن . " ئەوان وەک یەکێتی ئامادەی هەمو کۆبونەوەیەکن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک یەکێتی ئامادەی هەمو کۆبونەوەیەک و کۆنگرەیەکن لەپێناو یەکڕیزی و برایەتیدا و رونیشیکردەوە، ئەوان داوا ناکەن کە لایەنەکان بێنە ناو لیستی یەکێتیەوە بەڵکو داوا دەکەن کە هەمو لایەنەکان پێکەوە رێکبکەون، چونکە ئەگەر "ئێمە بە لیستی جیاوازەوە بچینە هەڵبژاردنەوە، کورد لەناوچە جێناكۆكەكان زەرەری گەورە دەکات".  

هاوڵاتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دوای گرژبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان هه‌ریه‌كه‌یان به‌ جیا سه‌ردانی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌ن و له‌ باره‌ی چه‌ند پرسێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن. ئەمرۆ سێشەممە 18ی ته‌مموزی 2023، شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە  شاری سلێمانی سەردانی بزوتنەوەی گۆرانی کرد، بەگوێرەی زانیاریەكان، ئامانجی سەردانیەکەیان بۆ گفتوگۆکردنە  لەسەر دواین پێشهات و گۆڕانکاریە ناوخۆییەکانە لە هەرێم و عێراقدا. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر سه‌ردانی هه‌ردوو حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان ده‌كات. دوێنێش، شاندی یەکێتی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی سەردانی شاندی گۆڕان و حزبی سۆسیالیستی کرد و لەبارەی هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی نێوانیان گفتووگۆیان کرد . ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامبدرێت و پێشتریش چەند جارێک یەکێتی و پارتی پێکەوە کۆبووەنەوە بۆ بەشداریکردن بە یەک لیست، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن .

هاوڵاتی بەڕێوبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەینێ پلەكانی گەرما وەك ڕۆژانی ڕابردو دەبن، بەرزترین پلەی گەرماش لە گەرمیان تۆماردەكرێت و دەگاتە 46 پلەی سیلیزی. بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی ئەمڕۆ سێشەممە 18/7/2023، بە گشتی ئاسمانی هەرێمی کوردستان ساماڵ دەبێت، پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی رۆژی دوێنێ، بەرزترین پلەی گەرما لە هەولێر و دهۆک 41 پلە و لە سلێمانی 40 و هەڵەبجە 42 و لە کەرکووکیش 44 پلەی سیلیزی دەبێت. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی کردووە، ئاسمان ساماڵ دەبێت پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 42 سلێمانی: 41 دهۆک : 41 کەرکووک: 45 هەڵەبجە: 43 زاخۆ: 43 سۆران: 41 گەرمیان: 46

بەرپرسێکی گومرگی ئێران رایگەیاند؛ هاوردەکردنی کاڵا لە مەرزی کێلێ بە یاسایی دەکرێت و مۆڵەت دەدرێت بەو کەسانەی کە دەیانەوێت کاڵا لە هەرێمەوە هاوردەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بکەن. مەجید غوڵام نەژاد، بەڕێوبەری گومرگی سەردەشت بە میدیای فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاندوە؛ بە شێویەکی فەرمی لە چوارچێوەی مۆڵەتی (پیلەوەری) بۆ دانیشتوانی سەر سنور هەر کەسێک دەتوانبێت بە بڕی 13 هەزار دۆلار کاڵا لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی سنوری کێلێ هاوردەی ئێران بکات. بە وتەی غوڵام نەژاد: هاوردەی کاڵاکان سنوردارە و رێگە بە هاوردەی ئەو کاڵایانە دەدرێت کە هاوشێوەی لە ئێران بەرهم نەهێنرێت و هاوکات لە چوارچێوەی یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا بێت. ئاماژەی بەوە کردوە تا ئێستا باجی پیلەوەری بۆ 980 کەسی دانیشتوی سنوری سەردەشت و مەرزێ کێلێ دەرکراوە و ئەو کەسانە دەتوانن کاڵا لە سنورەکەوە هاوردە بکەن. مەرزی کێلێ کە دەکەوێتە دوریی 18 کیلۆمەتر لە شاری سەردەشت و 17 کیلۆمەتر لە دوریی قەڵادزێ، پێشتر بەشێوەیەکی فەرمی تەنها بۆ هەناردەکردنی کاڵای ئێران بۆ هەرێمی کوردستان سودی لێوەرگیراوە و لە ساڵی رابردودا 453 هەزار تۆن کاڵای ئێران بە بەهای 107 ملیۆن دۆلار لەو سنورەوە هەناردەی هەرێم کراوە. غوڵام نەژاد رونی کردوەتەوە کە لە ئێستادا رۆژانە زیاتر لە 180 بارهەڵگر کە زۆربەیان کاشی و کەرەستەی بیناسازییان پێیە لە سنوری کێلێیوە دەچنە هەرێمی کوردستان. جگە لە کاشی و شیشی ئاسن بەربومی کشتوکاڵیی ئێرانیش هەر لەو سنورەوە هەناردەی هەرێم دەکرێت.

هاوڵاتی لە ئاژانسەکانی هەواڵ زانیاری لەسەر کچێکی پانزە ساڵ بڵاوکرایەوە بە ناوی ڕاحلە کە لە گوندێکی نزیک خووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆی کوشتووە، بەڵام پاش چەند رۆژ دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە ئەم کچە لە لایەن دایک و باوکییەوەو کوژراوەو خۆی نەکوشتووە. بە پێی هەواڵێک کە رۆژنامەی "اعتماد" بڵاوی کردۆتەوە ڕاحلە کچی دووهەمی ئەو خێزانەیەو، لە تەمەنی١٢ ساڵیدا بە زۆر بە شوو دراوە بە پیاوێکی ٢٧ ساڵ . بە پێی زانیارییەکان ئەم کچە لە دۆخی ژیانی خۆی ناڕازی بووەو ویستوویەتی لە مێردەکەی جیا بێتەوەو بچێت بۆ لای خوشکەکەی لە تاران. هەربۆیەکە دایک و باوکی ئاگاداری ئەوە دەبن، کچەکایان بانگێشت دەکەنە ماڵەوەو ئەیکوژن. بە پێی زانیارییەکان ، باوکی ئەم کچە، کچەکەی بە بەرچاوی دایکیەوە خنکاندووە. هاوکات بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی "رادیۆ زەمانە" بڵاوی کردۆتەوە، هەموو مانگێک لە خووی ٣بۆ ٤ کچ و ژن لە لایەن پیاوانی خێزانەکەی خۆیانەوە دەکوژرێن.

هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەرمیان رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی  ئاسایش و گرووپێک دروست دەبێت کە  بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ئاسایش ناویان لەخۆیان نابوو"( فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان )."،بەهۆی ڕوبەڕوبونەوەکە  ئەندامێکی گرووپەکە گیان لەدەستدەدات؛ دوو ئەندامی گرووپەکە و ئاسایشێکیش بریندار دەبن.  هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەندامانی گروپێکی چەکداری نایاسایی دەستگیرکرد کە ناویان لەخۆیان نابوو"( فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان )." دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە پێناو زیاتر چەسپاندنی یاسا و ڕێگریکردن لە هەمو کارێکی نایاسایی و تێکدەرانە و دابینیکردنی ئاسایش و ئارامی، هێزەکانی دەزگای ئاسایش، ئەمڕۆ بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، توانیان دوای ڕوبەڕوبونەوە ئەندامانی گروپە چەکدارە نایاساییەکە دەستگیربکەن". ئەوەشی رونکردەوە، "لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، چەکدارەکان ڕوبەڕوی هێزەکانی ئاسایش بونەوە، لە ئەنجامدا دو کارمەندی ئاسایش برینداربون، هەروەها لە کاتی ڕوبەڕوبونەوەکەدا دو لە چەکدارەکان برینداربون و یەک چەکدار گیانی لەدەستدا". دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاشکراشیکردوە، "لەئێستادا بە فەرمانی دادوەر بە ماددەی 156 لەیاسای سزادانی عێراقی ئەندامانی گروپە چەکدارەکە دەستگیرکراون و ڕوبەڕوی یاسا کرانەوە".

هاوڵاتی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گشتی -سلێمانی ئامارى شەش مانگى بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکان، لە سنورى سلێمانى و هەڵەبجە و کۆیە و ئیدارەکانى گەرمیان و راپەڕینى بڵاوکردەوە. بەپێى ئامارەکەى ئاسایش، لەماوەى شەش مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا لە سنورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان و راپەڕین و شارۆچکەى کۆیە 478 کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و بازرگانى بە ماددەى هۆشبەرەوە دەستگیر کراون و لەو ژمارەیەش 93 کەسیان بازرگانى ماددەى هۆشبەرن و 385 کەسیان بەکارهێنەر. سەبارەت بەو ماددانەی دەستیشیان بەسەردا گیراوە ئاسایش دەڵێت،  لە جۆرى کۆکاین و تلیاک و شیشە و هێرۆیین و ماریوانا و کتامین حەبى جۆراوجۆرى بێهۆشکەر بون. هەروەها ئەو کەسانە، بەپێى ماددەکانى  26 و 30 لە یاساى بەرەنگاربونەوەى ماددەى هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون.

لە رۆژێکدا زیاتر لە پێنج کەس لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دەدرێن و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان ئاشکرای دەکەن سێ کەسیان کورد بون. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە تەنها لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممەدا سێ بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە دراون و تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان خراوەتە پاڵیان. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە؛ هاوڵاتییەکی شاری سەردەشت بە ناوی سەنگەر خزری کە دوو ساڵ بوە بە تۆمەتی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان زیندانیی کراوە، ئەمڕۆ لە زیندانی شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێ لەسێدارە دراوە. هاوکات دوو گەنجی خەڵکی کەنگاور لە پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی موحسین یاقوتی و حەمزە فەرۆخی لە زیندانی شاری هەمەدان لەسێدارە دراون کە تۆمەتی ئەو دوو کەسەش بازرگانی بوە بە ماددە هۆشبەرەکان و دوو ساڵ بوە لە زیندان بون. لە لایەکی دیکەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردوەتەوە تەنها ئەمڕۆ دووشەممە زیاتر لە پێنج کەس لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە لەسێدارە دراو ن و بەوەش لە شەش مانگ و 17 رۆژی ئەمساڵدا 395 کەس لەسێدارە دراون.

ئامارەکانی شەش ساڵی رابردوی کۆڵبەرانی کورد لە سنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە و ئاشکرا بوە ژمارەیەکی زۆری کۆڵبەران بە دەستڕێژی گوللـەی پاساوانانی سنوری ئێران گیانیان لەدەستداوە. پێگەی هەواڵی (کۆڵبەرنیوز) بە بۆنەی حەوتەمین ساڵی دەستبەکاربونی پێگەکەیان ئاماری تایبەت بە کۆڵبەرانی بڵاو کردوەتەوە و بە پێی ئامارەکانیش لە ماوەی شەش ساڵی رابردودا تا ئەمڕۆ دوشەممە هەزار و 344 کۆڵبەر لە سەر سنورەکان بونەتە قوربانیی. لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا 341 کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و هەزار و سێ کۆڵبەریش برینداربون کە (74%) کوژران و برینداربونی ئەو کۆڵبەرانە بەهۆی دەستڕێژی گوللـەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری ئێران بوە. کۆڵبەرنیوز ئاماژەی بەوە کردوە زۆربەی ئەو کۆڵبەرانەی گیانیان لەدەستداوە لە لایەن پاسەوانانی سنوری ئێران بە شێوەیەکی راستەخۆی تەقەیان لێکراوە و کوژراون. بە پێی ئەو ئامارانەی ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویان کردوەتەوە لە سێ پارێزگای کوردستان(سنە) و ورمێ و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 50 هەزار کۆڵبەر هەیە بەڵام سەرچاوەکانی دیکە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە بونی 70 هەزار کۆڵبەر دەکەن. بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەی (هاوڵاتی) هەر کۆڵبەرێک بە پێی قەبارە و جۆری ئەو کاڵایەی دەیگوازێتەوە داهاتەکەی دەگاتە نزیکەی 500 هەزار بۆ 800 هەزارتمەنی ئیرانی لە رۆژێکدا کە دەکاتەوە 11 دۆلار بۆ 17 دۆلار لە کاتێکدا هیچ کۆڵبەرێک ناتوانێت 30 رۆژەکەی مانگێک کۆڵبەریی بکات.