هاوڵاتی لە ئاژانسەکانی هەواڵ زانیاری لەسەر کچێکی پانزە ساڵ بڵاوکرایەوە بە ناوی ڕاحلە کە لە گوندێکی نزیک خووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆی کوشتووە، بەڵام پاش چەند رۆژ دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە ئەم کچە لە لایەن دایک و باوکییەوەو کوژراوەو خۆی نەکوشتووە. بە پێی هەواڵێک کە رۆژنامەی "اعتماد" بڵاوی کردۆتەوە ڕاحلە کچی دووهەمی ئەو خێزانەیەو، لە تەمەنی١٢ ساڵیدا بە زۆر بە شوو دراوە بە پیاوێکی ٢٧ ساڵ . بە پێی زانیارییەکان ئەم کچە لە دۆخی ژیانی خۆی ناڕازی بووەو ویستوویەتی لە مێردەکەی جیا بێتەوەو بچێت بۆ لای خوشکەکەی لە تاران. هەربۆیەکە دایک و باوکی ئاگاداری ئەوە دەبن، کچەکایان بانگێشت دەکەنە ماڵەوەو ئەیکوژن. بە پێی زانیارییەکان ، باوکی ئەم کچە، کچەکەی بە بەرچاوی دایکیەوە خنکاندووە. هاوکات بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی "رادیۆ زەمانە" بڵاوی کردۆتەوە، هەموو مانگێک لە خووی ٣بۆ ٤ کچ و ژن لە لایەن پیاوانی خێزانەکەی خۆیانەوە دەکوژرێن.
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەرمیان رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی ئاسایش و گرووپێک دروست دەبێت کە بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ئاسایش ناویان لەخۆیان نابوو"( فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان )."،بەهۆی ڕوبەڕوبونەوەکە ئەندامێکی گرووپەکە گیان لەدەستدەدات؛ دوو ئەندامی گرووپەکە و ئاسایشێکیش بریندار دەبن. هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەندامانی گروپێکی چەکداری نایاسایی دەستگیرکرد کە ناویان لەخۆیان نابوو"( فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان )." دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە پێناو زیاتر چەسپاندنی یاسا و ڕێگریکردن لە هەمو کارێکی نایاسایی و تێکدەرانە و دابینیکردنی ئاسایش و ئارامی، هێزەکانی دەزگای ئاسایش، ئەمڕۆ بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، توانیان دوای ڕوبەڕوبونەوە ئەندامانی گروپە چەکدارە نایاساییەکە دەستگیربکەن". ئەوەشی رونکردەوە، "لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، چەکدارەکان ڕوبەڕوی هێزەکانی ئاسایش بونەوە، لە ئەنجامدا دو کارمەندی ئاسایش برینداربون، هەروەها لە کاتی ڕوبەڕوبونەوەکەدا دو لە چەکدارەکان برینداربون و یەک چەکدار گیانی لەدەستدا". دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاشکراشیکردوە، "لەئێستادا بە فەرمانی دادوەر بە ماددەی 156 لەیاسای سزادانی عێراقی ئەندامانی گروپە چەکدارەکە دەستگیرکراون و ڕوبەڕوی یاسا کرانەوە".
هاوڵاتی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گشتی -سلێمانی ئامارى شەش مانگى بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکان، لە سنورى سلێمانى و هەڵەبجە و کۆیە و ئیدارەکانى گەرمیان و راپەڕینى بڵاوکردەوە. بەپێى ئامارەکەى ئاسایش، لەماوەى شەش مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا لە سنورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان و راپەڕین و شارۆچکەى کۆیە 478 کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و بازرگانى بە ماددەى هۆشبەرەوە دەستگیر کراون و لەو ژمارەیەش 93 کەسیان بازرگانى ماددەى هۆشبەرن و 385 کەسیان بەکارهێنەر. سەبارەت بەو ماددانەی دەستیشیان بەسەردا گیراوە ئاسایش دەڵێت، لە جۆرى کۆکاین و تلیاک و شیشە و هێرۆیین و ماریوانا و کتامین حەبى جۆراوجۆرى بێهۆشکەر بون. هەروەها ئەو کەسانە، بەپێى ماددەکانى 26 و 30 لە یاساى بەرەنگاربونەوەى ماددەى هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون.
لە رۆژێکدا زیاتر لە پێنج کەس لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دەدرێن و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان ئاشکرای دەکەن سێ کەسیان کورد بون. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە تەنها لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممەدا سێ بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە دراون و تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان خراوەتە پاڵیان. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە؛ هاوڵاتییەکی شاری سەردەشت بە ناوی سەنگەر خزری کە دوو ساڵ بوە بە تۆمەتی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان زیندانیی کراوە، ئەمڕۆ لە زیندانی شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێ لەسێدارە دراوە. هاوکات دوو گەنجی خەڵکی کەنگاور لە پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی موحسین یاقوتی و حەمزە فەرۆخی لە زیندانی شاری هەمەدان لەسێدارە دراون کە تۆمەتی ئەو دوو کەسەش بازرگانی بوە بە ماددە هۆشبەرەکان و دوو ساڵ بوە لە زیندان بون. لە لایەکی دیکەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردوەتەوە تەنها ئەمڕۆ دووشەممە زیاتر لە پێنج کەس لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە لەسێدارە دراو ن و بەوەش لە شەش مانگ و 17 رۆژی ئەمساڵدا 395 کەس لەسێدارە دراون.
ئامارەکانی شەش ساڵی رابردوی کۆڵبەرانی کورد لە سنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە و ئاشکرا بوە ژمارەیەکی زۆری کۆڵبەران بە دەستڕێژی گوللـەی پاساوانانی سنوری ئێران گیانیان لەدەستداوە. پێگەی هەواڵی (کۆڵبەرنیوز) بە بۆنەی حەوتەمین ساڵی دەستبەکاربونی پێگەکەیان ئاماری تایبەت بە کۆڵبەرانی بڵاو کردوەتەوە و بە پێی ئامارەکانیش لە ماوەی شەش ساڵی رابردودا تا ئەمڕۆ دوشەممە هەزار و 344 کۆڵبەر لە سەر سنورەکان بونەتە قوربانیی. لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا 341 کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و هەزار و سێ کۆڵبەریش برینداربون کە (74%) کوژران و برینداربونی ئەو کۆڵبەرانە بەهۆی دەستڕێژی گوللـەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری ئێران بوە. کۆڵبەرنیوز ئاماژەی بەوە کردوە زۆربەی ئەو کۆڵبەرانەی گیانیان لەدەستداوە لە لایەن پاسەوانانی سنوری ئێران بە شێوەیەکی راستەخۆی تەقەیان لێکراوە و کوژراون. بە پێی ئەو ئامارانەی ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویان کردوەتەوە لە سێ پارێزگای کوردستان(سنە) و ورمێ و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 50 هەزار کۆڵبەر هەیە بەڵام سەرچاوەکانی دیکە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە بونی 70 هەزار کۆڵبەر دەکەن. بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەی (هاوڵاتی) هەر کۆڵبەرێک بە پێی قەبارە و جۆری ئەو کاڵایەی دەیگوازێتەوە داهاتەکەی دەگاتە نزیکەی 500 هەزار بۆ 800 هەزارتمەنی ئیرانی لە رۆژێکدا کە دەکاتەوە 11 دۆلار بۆ 17 دۆلار لە کاتێکدا هیچ کۆڵبەرێک ناتوانێت 30 رۆژەکەی مانگێک کۆڵبەریی بکات.
ئاوی دەریاچەی ورمێ بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکات و بەرپرسێکیش دەڵێت ئەگەری بون بە زۆنگاوی ئەو دەریاچەیە و وشکبونی هەیە. بە پێی وێنەکانی مانگی دەستکرد لە دەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەرکەوتوە ئاستی ئاوی ئەو دەریاچەیە بۆ کەمترین ئاستی 60 ساڵی رابردو کەمی کردوە. لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتوە ئەمساڵ کەمترین بڕی ئاو لە ساڵی 1964 تا ئێستا رژاوەتە دەریاچەکەوە و سەرەڕای ئەوەی حکومەت بانگەشەی ئەوەی کردوە بە چەند پڕۆژەیەک ئاوی لە شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ ئەو دەریاچەیە گواستوەتەوە. عیسی کەلانتەری، بەرپرسی پێشوی پارێزگاری لە ژینگەی ئێران و بەڕێوبەری جێبەجێکاری بوژاندەوەی دەریاچەی ورمێ بە رۆژنامەی (ئیعتیماد)ی وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ بە ئەگەری زۆر تا کۆتایی وەرزی هاوینی ئەمساڵ دەریاچەکە بە تەواویی وشک دەبێت. بە وتەی کەلانتەری لە ئەگەری وشکبونی دەریاچەکە زیاترین مەترسیی روبەڕوی دانیشتوانی پارێزگای ورمێ و تەبرێز دەبێتەوە چونکە خوێی ئەو دەریاچەیە لە شێوەی خۆڵبارین بڵاو دەبێتەوە و ئەوەش مەترسیدارە. بڵاوبونەوەی ئەو توێژینەوەیە لە کاتێکدایە پێشتری محەمەدسادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ و ئەندامی ئێستای دەستەی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاندبو پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی کانی سێو بە بودجەی (150) ملیارد تمەن لە رابردودا کە دەکاتە نزیکەی سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لە ماوەی حەوت مانگدا لە لایەن ناوەندی (خاتەمولئەنبیا)ی سەر بە سوپای پاسداران جێبەجێکراوە لە کاتێکدا ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە (18) مانگ کات هەبوە بۆ تەواوبونی. ئێران گواستنەوەی ئاوی لە بەنداوی کانی سێو لە سەردەشت بۆ دەریاچەی ورمێ بە گەورەترین پڕۆژەی ژینگەپارێزیی رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا ناوبردوە لە کاتێکدا ئەو پڕۆژەیە بە هۆکارێک بۆ وشکبونی سەرچاوەکانی ئاوی سەردەشت و پیرانشار لەقەڵەم دەرێت کە هاوسنورن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
هاوڵاتی نوێنەری پەیەدە لەهەرێمی کوردستان بۆ هاوڵاتی ئەوە ئاشکرادەکات، ئەو مەرجانەی لەلایەن ڕژێمی سوریاوە بەسەر نەتەوەیەکگرتوەکاندا سەپێندراوە هیچ لە شێوازی گەیشتنی هاوکاریەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ناگۆڕێت، چونکە هیچ ڕێکخراوێکی جیهانی بەڕەسمی مامەڵە لەگەڵ رۆژئاوا ناکات، دەشڵێت مامەڵەکان لەڕێگەی ڕژێمی سوریایە و ئەویش زۆرجار هاوکارییەکان وەک کارتی فشار لەدژی ڕۆژئاوا بەکاردەهێنێت. جاویدان کەمال، نوێنەری پەیەدە لەبارەی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەهاوڵاتی وت: زۆرترین هاوکاریەکان کە پێماندەگەن دەرمانن و ئەوانەش دەرمانی سەرەکیین وەک “ڤاکسین” کە” ناچارن” بەزوویی و بەمەرجی کەمتر پێمانی بدەن، ئەگینا زۆربەی پێداویستیەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەکڕدرێت و دابین دەکرێت”. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو هاوکاریانەی لە هەرێمی کوردستانەوە هاتوون دەرمانن و زۆربەیان لە سنوری پارێزگای سلێمانییەوە هاتوون. لە بەڵگەنامەیەکدا کە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش نێردراوە، نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژە بەوە دەکات کە بەسام سەباغ، باڵیۆزی سوریا باسی لەوەکردووە کە حکومەتی سوریا ڕێگە بەدرێژکردنەوەی گەیشتنی هاوکاریە مرۆییەکان دەدات بۆ قوربانی و زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکە لە سوریا لەڕێگەی دەروازەی باب-ئەلهەوا، ئەویش بە دوو مەرج، بەڵام ئەو مەرجانە بوونەتە هۆی نیگەرانی نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکە. وەک لە بەڵگەنامەکەی “OCHA “هاتووە: حکومەتی سوریا بەمەرجێک ڕێگە بە درێژکردنەوەی هاوکاریەکان دەدات کە لەژێر چاودێری و بەهاوکاری لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور و مانگی سوری عەرەبی لەناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا دابەش بکرێت، هەروەها جەختی لەوەش کردۆتەوە کە نەتەوەیەکگرتوەکان نابێت پەیوەندی لەگەڵ ئەو لایانەندا هەبێت کە بە “تیرۆریست”دەستنیشان کراون. لەگەڵ ئەوەشدا لەبارەی ئەو ناوچانەی کەزۆرترین هاوکاریان پێویستە دکتۆر جاویدان کەمال وتی: ناوچەی شێخ مەقسود کەسەر بەپارێزگای حەلەبە و لەژێر دەسەڵاتی خۆسەرە،لەگەڵ شەهبا کەزۆربەی ئاوارەکانی عەفرینیشی تێدایە” زۆترین هاوکاریان پێویستە؛ بەڵام ئەوانە لەلایەن ڕژێمەوە جیاکراونەتەوە و دەوریان گیراوە، ڕێگری دەکرێت لەگەیشتنی هاوکاریەکان بۆیان لەلایەن ڕێکخراوەکان و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، کە ڕۆژی سێشەممە ڕوسیا، کە هاوپەیمانێکی سەرەکی سوریایە ڤیتۆی خۆی بەکارهێنا لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ڕێگریکردن لە درێژکردنەوەی ماوەی نۆ مانگ کە بەنێوەندگیری نەتەوەیەکگرتوەکان ڕێگە بە گەیاندن و بەردەوامکردنی هاوکارییەکان بدات لە دەروازەی باب-ئەلهەوا، بەڵام نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنیت و هەر بەوهۆیەوە حکومەتی سوریا بۆ بەردەوامی هاوکاریەکان ئەو مەرجانەی دانا بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکە.
هاوڵاتی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان 83%ی داهاتەكەی بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە لەدەستداوە و تەنها بە داهاتی ناوخۆش ناتوانێت موچە دابەشبكات،وتیشی، شاندێكی هەرێمیش بۆ بۆ شایستەداراییەكان سەردانی بەغدادی كردوە و لە چەند رۆژی داهاتودا هەواڵی خۆش دەبیستن. پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھۆکاری دواکەوتنی مووچە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، حکومەتی ھەرێم پشتی بە ٨٣٪ داھاتی نەوت دەبەست بۆ دابەشکردنی مووچە و لە ئێستا ئەو رێژەیە لە داھاتی نەوت نەماوە و حکومەت ناتوانێت بە داھاتی ناوخۆ مووچە دابەشبکات. ئاشکراشیکرد، ئەمڕۆ وەفدێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدادی کردووە، کە تەنھا بۆ مووچە نییە، بەڵکو بۆ شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانە و مافی ھەرێمە مانگانە حکومەتی عێراق مووچە و شایستە داراییەکانی لەکاتی خۆیدا بۆ بنێرێت و لە چەند رۆژی داھاتوودا ھەواڵی خۆش دەبیستن. هاوکات هەر ئەمڕۆ، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ تیمێكی باڵای حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات، بەمەبەستی گفتوگۆ و جێبەجێكردنی بڕگەكانی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەبودجەی فیدڕاڵی.
هاوڵاتی بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆ کردن لهبارهی بودجه و شایسته داراییهكانی ههرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بکات و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش دەڵێت لەگەڵ نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی کۆدەبنەوە و لەمەودوا داوای موچە ناکەن بەڵکو داوای شایستە داراییەکانی هەرێم دەکەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "کاری لە پێشێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان موچەیە." وتیشی، هۆکاری نەناردنی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەکنیکییە. باسی لەوەشکرد، سهرۆكوهزیرانی عێراقیش تیمێكی هاوشێوهی ههرێمی كوردستانیان دروستكرد، سبهی ههردوو تیم له نووسینگهی سهرۆكوهزیرانی عێراق له بهغدا كۆبوونهوهیان دهبێت و لهوانهیه بهشێك له كۆبوونهوهكان بهێنینه ههرێمی كوردستانیش. سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاشیگەیاند: دوای سەردانەکە بەرچاو ڕونیمان دەبێت لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجەی بەغداد و گەشبینم پشکی هەرێم لە بودجە مانگانە بنێردرێت.
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی کوردپا بڵاوی کردۆتەوە، سورەیا قەیتەران، ژنێکی پیرانشاری، خەڵکی گوندەی "کانی مەلا" پاش ٢٠ رۆژ لە دەستبەسەر بوونی چارەنووسی نادیارە. بە پێی زانیارییەکانی ئەم ماڵپەڕە، سورەیا قەیتەران رۆژی ٢٦ی حەوت( ٥ی پووشپەڕ) لە ماڵی باوکی دەستگیرکراوەو گوێزراوەتەوە بۆ ورمێ و دوای لێپرسینەوە ، نێردراوەتە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ و تا ئێستە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری نەبووە و بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان دەربارەی نییە. جێی ئاماژەیە رۆژی ١١ی جوون (٢١ جۆزەردان) دوو برای ئەم خانمە بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان قەیتەران و سەدرەدین قەیتەران لە ماڵی خۆیان بە بێ بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیر کران. بە پێی زانیارییەکانی کوردپا تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنی سورەیا قەیتەران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی نەزانراوە.
هاوڵاتی دادگای باڵای فیدڕالی سکاڵایەکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان رەتکردەوە. دادگای فیدڕاڵی عێراق لەدانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا، رەتیکردەوە دادبینی بۆ سکاڵایەک بکات سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم و رایگەیاند، ئەو بابەتە پەیوەندیدار نیە بەدادگای فیدڕاڵی. لە کۆبوونەوەکەدا دادگا بڕیاریدا بە رەتکردنەوەی ئەو سکاڵایە، بەو پێیەی ئەو پرسە لە دەسەڵاتی دادوەری دادگەکە نییە. رۆژی 22ی (ئایار/5)ی ئەمساڵ بەسەرۆکایەتیی د. ڕێواز فایەق سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و دانیشتنی ژمارە 4ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی پێنجەم لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان، بەڕێوەچو، سەرەتا سەرۆکی پەرلەمان بەناوی خوا و گەلی کوردستانەوە دانیشتنەکەی کردەوە و بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی تر دواخست. لەبەرامبەریشدا، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتیی دانیشتنەکەی گرتەئەستۆ و رایگەیاند بەردەوامی بەکۆبونەوەکە دەدەین و ئەنجومەنی کۆمیسیارانی هەرێم کارا دەکەینەوە، دوای دروستبونی گرژی و ئاڵۆزیەکانیش، راگەیەندرا بەدەنگی 58 پەرلەمانتار کۆمسیۆن کارا کراوەتەوە. دواتریش، زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانەوە سکاڵایەکی لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکرد و داوایکرد، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم هەڵبوەشێتەوە، چونکە بەنایاسایی کاراکراوەتەوە. بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی لەکاتێکدایە، لە 31ی (ئایار/5)ی ئەمساڵ دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا بە نادەستوری بونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، واتە هەر بڕیار و یاسایەک لەدوای 6ی (تشرینی دوەم/11)ی 2022ەوە دەرچوبێت بەهەڵوەشاوە هەژماردەکرێت.
هاوڵاتی دوای نیوەرۆی ئەمرۆ گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ لەئاوی رووبار خازر خنکا،کە دانیشتووی قەزای ئاکرێ یە. عەقید ئیبراهیم فەریق، بەرێوبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە هاوڵاتی وت"ئەو گەنجەی ئەمرۆ خنکاوە ناوی هێمن زێرو موسایە و دانیشتووی گوندی پیرخوڵی لەسنوری ناحیەی گردەسێنە سەر بەقەزای ئاکرێ" "گەنجەکە لەرووباری خازردا خنکاوە لەسنوری گوندی باژێرەی، تەرمەکەی دۆزراوتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی ئاکرێ کراوە"عەقید ئیبراهیم فەریق وای وت جێگەی باسە لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا 6 کەس لە ئاکری و ناوچەکانی دەوروبەری خنکاون کەلەلایەن بەرگری شارستانی ئاکرێ وە تۆمارکراون و 2 کەسیش رزگارکراون، ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی ڕابردووش 7 کەس خنکاون لەگەڵ چوار کەسیش رزگارکراون. هاوکات بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 104 کەس لەنێو ئاودا لە هەرێمی کوردستان خنکاون.
هاوڵاتی بە بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023/2024، رۆژانی شەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی هەرێم دەکرێتە پشووی فەرمی. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، 13ی 9ی 2023 وەکو دەستپێکی ساڵی خوێندنی نوێ دەستدەکرێت بە پڕۆسەی خوێندن لەسەرجەم ناوەندەکانی حکومی و ئەهلی، دەشڵێت، رۆژانی شەممە دەکرێتە پشو لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن. وتیشی، قوتابخانەکان دەتوانن رۆژانی شەممە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم یان دووەم، یان لە کاتی بوونی فێستیڤاڵ، بۆنە، رێوەڕەسم یان هەر کارێکی پێویست بەکاربهێنن و دواتر وردەکارییەکانیان بۆ دەنێرن. وەزیری پەروەردە بەرواری دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی ڕاگەیاند و وتی، 13-9-2023، دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەبێت بۆ هەموو قوتابخانە حکومی و تایبەتەکان و دەوامی ڕەسمی خوێندن لە رۆژانی یەکشەممە تا پێنجشەممە دەبێت
هاوڵاتی ئەمڕۆ وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق سەرانی بەغدا دەکات و پرسی سەرەکیش بودجەیە. بەپێی زانیاریەکانی هاوڵاتی، ئەمڕۆ 16/7/2023، وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی جێبەجێکردنی بودجە دەچێتە بەغدا. هەر بەپێی زانیاریەکان ئەو وەفدە گفتوگۆ سەبارەت بەچۆنیەتی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم و وردەکاری پاکتاوی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەن. سەردانی وەفدەکە لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا نەیتوانیوە مووچەی مانگی شەش دابەش بکات و بۆ دابەشکردنیشی چاوەڕێی جێبەجێکردنی بودجەی عێراقە، بەهۆی ئەوەی لەکۆتایی مانگی سێی ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بەهۆی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس ڕاگیراوە.
ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لە ماوەی 196 رۆژدا هەزار کەس لە ئێران و رۆژهەڵات دەستگیر کراون کە زۆرینەیان کوردن. بە پێی ئامارەکانی ئەو ناوەندە لەو ماوەیەدا 513 هاوڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی مەدەنیی و سیاسیی و ئایینیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیرکراون. لەو ئامارانەدا ئاماژە بەوە کراوە کە نزیکەی 258 هاوڵاتیی بەلوچ لە ئێران دەستگیرکراون و بەوەش دوای هاوڵاتییانی کورد زۆرترین هاوڵاتیی بەلوچ کە دانیشتوی پارێزگای سیستان و بەلوچستان-ن دەستگیر کراون. ئامارەکانی هەنگاو پشتی بە ناوی تۆمارکراوی ئەو کەسانە بەستوە کە دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنیان ئاشکرا بوە چونکە بەشێک لە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناوی دەستگیرکراون ئاشکرا ناکەن.