هاوڵاتی کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە بە ناوی شێرکۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنوری "هەنگەژاڵ"ی شارە بەسەختی برینداربو. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە کۆڵبەرێک بە ناوی شیرکۆ و خەڵکی گوندی حەوتاش-ی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەختی بریندار بو". هاوکات ڕان و سمتی ئەو کۆڵبەرە بەسەختی برینداربوە و بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی و تیمارکردن بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە گواستراوەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا لانیکەم 44 کۆڵبەر لە سنورەکانی کوردستان کوژراون یان برینداربون، کە 34 کەسیان 77% بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بونەتە قوربانی.

هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی لە سلێمانی سەرجەم لبانکەکان پابەند دەکات، ئاسانکاری بۆ موچەخۆران بکەن بەمەبەستی ژماردنی موچەکانیان و راشیدەگەیەنێت، هەربانکێک کەمتەرخەم بێت خۆی بەرپرس دەبێت. بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی لە سلێمانی لەنوسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرجەم لقی بانکە بازرگانیەکانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و هەردو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینی کردوە تێیدا هاتوە، بەپێی یاسا و رێنماییە بانکیەکان دەبێت هاوڵاتیان و فەرمانگەکان دڵنیابن لەتەواوی پارەکەیان پێش چونە دەرەوەیان لە بانک، ئەم ئاگاداریەش بەسندوقی بانکەکانەوە هەڵواسراوە و بەپێچەوانەوە هەر بانکێک کەمتەرخەم بێت لەئاسانکاری بۆ دڵنیابونی سەوداکاران، خۆی بەرپرس دەبێت. ئەم بڕیارەس دوای ئەوەهات ژمارەیەک بانک ئاگادارییان بڵاوکردەوە کە هاوڵاتیان و فەرمانگەکان ئەو پارەیەی وەریدەگرن لە ناو بانکەکان بۆیان نییە بیژمێرن.

هاوڵاتی بەهجەت ئەحمەد، ڕاوێژكاری مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی بۆ كاروباری وزە رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی یاسای بودجەی 2023 و 2024 و 2025 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە. بەهجەت ئەحمەد لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، "دوای بڵاوكردنەوەی یاسای بودجەی عێراق لە رۆژنامەی وەقایع، یاساكە چوە بواری جێبەبجێكردن، بەپێی یاساكە رێژەی 12.67٪‏ بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە، هەرێمی كوردستان پابەندكراوە كە رۆژانە لایەنی كەم 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنیت". دەشڵێت، "لەسەرەتای مانگی داهاتو یاساكە دەچێتە بواری كارپێكردنی فەرمیەوە، حكومەتی هەرێمیش پێویستە بەرهەمێنانی نەوت دەستپێبكاتەوە، كە پێشتریش ژمارەیەكی زۆری كێڵگە نەوتیەكان خرابونەوە كار، تەنها چەند كێڵگەیەكی نەوتی هەیە بەرهەمێنان تێیاندا وەستاوە". بەهجەت ئەحمەد باسی لەوەشكردوە، "بەپێی ئەو ئاماژانەی لە حكومەتی عێراق هەیە، بەهۆی نەگەیشتن  بەڕێكەوتن لەگەڵ توركیا بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و كەركوك لە ڕێگەی بەندەری جەیهان، نەوتی هەرێم بۆ پێداویستی ناوخۆیی بەكاردێت، وەك هەنگاوی یەكەم و دوای چونە بواری جێبەبجێكردنی یاسای بودجە، نەوتی خۆرمەڵە و بەشێك لە كێڵگەكانی تر لە رێگەی پاڵاوگەی كار دەپاڵێورێت و  دابەشدەكرێت بەسەر پارێزگاكانی باكور وەك موسڵ و چەند ناوچەیەكی تر". هاوکات سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە تویتەر نوسیویەتی، لەدیدارەکەدا باسیان لە زیاتر گرنگیدان بە کۆمپانیاکانی ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی وەبەرھێنان لە عێراقدا ئەنجام بدەن. ئەوەشی خستووەتەڕو، ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیانکردووە لەسەر پێویستی دووبارە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە رێگەی ھێڵی عێراق و تورکیا بۆ ئەوەی نەوت بچێتەوە بۆ بازارە نێودەوڵەتییەکان و ئابوری عێراقیش بەھێزبێت بۆ بەرژەوەندی سەرجەم عێراقییەکان. ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە سێ مانگ  بەسەر راگرتنی ھەناردەی نەوت ھەرێم تێدەپەڕێت و زیانەکانی راگرتنی نەوتیش لەو ماوەیەدا بە زیاتر لە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە ، وەزارەتی کارەبای  لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، "وەزارەتی کارەبا بە بەرهەمهێنانی 3800 مێگاوات کارەبا و بە رەچاوکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی کارەبا لە هەر چوار رۆژی جەژنی قورباندا 16 بۆ 17 کاتژمێر کارەبا بە هاوبەشانی دەدات." باس لەوەشکراوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرھەمھێنان و وێستگەکان و کۆنترۆڵی کارەبای ھەرێم و پارێزگاکان و فەرمانگەکانی چاککردنەوە ٢٤ کاتژمێر لە خزمەتی ھاوڵاتیاندا دەبن. رۆژی یەکشەممە 25ـی مانگ، وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندبوو، "دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە و ئەو گرفتەی لە کێڵگەی کۆرمۆڕ ببووە هۆی وەستانی پڕۆسەی گواستنەوەی گازی شل بۆ وێستگەکانی کارەبا چارەسەر کرا." سبەی چوارشەممە 28ـی حوزەیرانی 2023، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان (حاجییان)ـە و،  بەوبۆنەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمڕۆوە تا 1ـی تەمووزی داهاتوو لە سەرجەم دامودەزگاکانی کردووەتە پشووی فەرمی

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە ئەگەری بەرزبونەوەی تۆزێكی سوك هەیە و پلەكانی گەرماش بەڕێژەی 1-2 پلە نزمدەبنەوە و سبەینێش كە دەكاتە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان كەشوهەوا ساماڵ دەبێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ ئەگەری بونی تۆزێكی سوك لە كاتەكانی ئێوارەدا بەتایبەت لە ناوچەكانی باشوری هەرێم، پلەكانی گەرماش بەڕێژەی 1-2 پلە نزم دەبنەوە. ئاماژەی بەوەشكردوە، سبەی چوارشەممە كەش ئاسمان ساماڵ دەبێت، لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێم پلەكانی گەرما یەك پلە بەراورد بەئەمڕۆ بەرزتر دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 41 سلێمانی : 40 دهۆک : 40 کەرکوک : 44 هەڵەبجە : 43 زاخۆ : 41 سۆران :40 گەرمیان : 45

هاوڵاتی ئەنجومەنی کانتۆنی گرێ سپی رایگەیاند، 256 خانەوادە لە هەرێمی گرێ سپی هەڵهاتوون و خۆیان گەیاندووەتە ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان. هەڵهاتنی خانەوادەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە کە ژیان و ئاسایشیان لە مەترسیدایە. ئەنجومەنی کانتۆنی گرێ سپی سەر بە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە سێ مانگی ڕابردودا 256 خانەوادە لە کانتۆنی گرێ سپیەوە هەڵهاتوون کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەکدارە توندڕەوەکانەوە داگیرکراوە و خۆیان گەیاندووەتە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆبەڕێوەبەرێتیەکە. ئەنجومەنەکە رایگەیاند کە ئاوارەکان لە ناوەند و دەروبەری گرێ سپی، شاروچکەی سلوک، گوندی زەیدی هەڵهاتوون و لە ئێستادا لەژێر چاودێری ئەواندان. دەوڵەتی تورکیا و چەکدارە توندڕەوەکان لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019دا گرێ سپی و سەرێکانیان داگیر کرد.

هاوڵاتی وەزیری تەندروستیی ڕایگەیاند: تائێستا لە هەرێمی کوردستان 23 گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون هەبوون کە 11یان پشتڕاستکراونەتەوە و پێنج کەسیان گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ دوو شەممە دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا  ئامارەکانی تای خوێنبەربوونی بڵاوکردەوە و وتی، "تاوەکو دوێنێ لە پارێزگاکانی عێراق 865 گومانلێکراو هەبوون و 265ـیان پشتڕاستکراونەتەوە و 69 کەسیش بە نەخۆشییەکە مردوون." سەبارەت بە ئامارەکانی هەرێمیش ڕایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستانیش 23 گومانلێکراو هەبوون کە 11یان پشتڕاستکراونەتەوە و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ یەکەم کەس لە سۆران بوو؛ دووەم لە خەلیفان؛ سێیەم لە مێرگەسۆر؛ چوارەم لە سەنتەری شاری هەولێر و دوایین کەس لە کۆیە گیانی لەدەستدا کە خەڵکی گوندی سماقووڵی بوو." باسی لەوەشکرد، لەو پێنج کەسەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان ژن بووە کە خەڵکی سۆران بوو و مامەڵەی لەگەڵ ئاژەڵی ماڵی هەبوو و دەشڵێت، "ئەوانی دیکەش مامەڵەیان لەگەڵ ئاژەڵ هەبوو؛ کەسێکیان گۆشتفرۆش بوو و مامەڵەی لەگەڵ سەربڕینی ئاژەڵ بووە." بەوتەی وەزیری تەندروستی، هەر کەسێک لە ماوەی سێ بۆ شەش رۆژ نیشانەکانی تێدا دەرکەوتن پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکات و دەڵێت، "ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆکاری خوێنبەربوون لە هەموو بەشەکانی لەشی مرۆڤ لەگەڵ تایەکی تووند و پێویستە لەو کاتانەدا راستەوخۆ نەخۆش رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت، چونکە رێژەی مردن و پەککەوتن لە نەخۆشییەکە زۆرە؛ رێژەی مردن گەیشتووەتە 50٪ بۆ 60٪، بەڵام ئەوەش دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند زووتر سەردانی نەخۆشخانە دەکەیت؛ پەککەوتنیش بە مانای ئەوەیە رەنگە بەشێک لە ئەندامانی لەشی مرۆڤ لە کاتی خوێنبەربوون تووشی لەکارکەوتن بن".    

هاوڵاتی تۆمەتبارێکی بیانی بەناوی هەلیکارەوە کۆمپانیایەک دادەنێت و دەستدرێژی دەکاتە سەر دوو کچ. بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان و خێران لەسلێمانی ڕایگەیاند:ڕۆژی 25/6/2023 تۆمەتبارێك بە ناوی (د.ب.ع) تەمەن (35) ساڵ خەڵكی دەرەوەی هەرَیمە دەستگیرکرا. ئەوەشی خستووەتەڕوو: تۆمەتبار بەناوی هەلی كارەوە كۆمپانیایەكی داناوە لە سلێمانی پاش ئەوەی دەست درێژی دەكاتە سەر دوو کچ و بڕێك پارەشیان لێ وەردەگرێت، دوێنێ هەردوو کچەکە سەردانی نوسینگەی(ڕۆژهەڵات)ی سەر بەبەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان‌و خێزانیان كردبە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا، دەست بەجێ بەفەرمانی (دادوەری لێكۆڵینەوەی توندوتیژی خێزانی ) ناوبراو دەستگیركراو بەپێی ماددەی (393) لەسەر فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە.

دەزگای دادی ئێران ئاشکرای دەکات بەهۆی لێبوردنەکانەوە ژمارەیەک زۆر لە بەندکراوانی ئەو وڵاتە ئازاد کراون و زیاتر لە 500 کەسیش لە سزای سێدارە رزگاریان بوە. غوڵامحسێن موحسین ئێژەی، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند؛ بەهۆی لێبوردنەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی لانیکەم 98 هەزار بەندکراوی زیندانەکانی ئێران ئازاد کرابون کە بە وتەی ئەو دوژمنانی دەسەڵات پلانیان بۆ داڕشتبون. بە پێی وتەکانی ئێژەیی پێدەچێت سەرجەم ئەو کەسانەی کە ئازاد کراون بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی زیندانیی کرابن بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەواڵی ئازادکردنی زۆربەی زیندانیانی ناڕەزایەتییەکانیان پشتڕاست نەکردوەتەوە. ئێژەی وتیشی: دۆسیەکانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی 120% زیادی کردوە و لێکۆڵینەوە لە  20 هەزار دۆسیەی تایبەت بە بەندکراوانی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکە کراوە. تا ئێستا هیچ دەزگایەکی کۆماری ئیسلامی ژمارەی راستەقینەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی ئاشکرا نەکردوە و تەنها بە پێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لانیکەم 10 هەزار کەس لە رۆژهەڵات و 60 هەزار کەس لە شارەکانی ئێران دەستگیرکراون. سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بەوەش کردوە: 551 بەندکراو کە بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانەکاندا بون بە هەوڵی چالاکوانان و کەسانی خێرخواز بە رەزامەندیی سکاڵاکارەکانیان سزای سێدارەیان هەڵوەشێنراوەتەوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کردوە؛ لە نزیکەی شەش مانگی ئەمساڵدا 352 بەندکراو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون. لە ئێران 268 زیندانی ئاشکرا هەیە کە لەو ژمارەیە تەنها 108زیندان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چاودێریی و بەڕێوەدەبرێن چونکە 51 زیندان سەر بە دەزگای هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیتلاعات) و 29زیندان لە ژێر دەسەڵات و چاودێریی سوپای پاسداران-دایە.  

هاوڵاتی سبەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە. بەگوێرەی زانیاریانەکان، سبەینێ كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر، مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە. هەر بەگوێرەی زانیاریەكان، بەشێك لە ئامانجی سەردانەكانی ئەمڕۆی شاندی یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و كۆبونەوەی لەگەڵ هەریەك لە بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوی ئیسلامی پەیوەست بوە بەوەرگرتنی بۆچونەكانیان سەبارەت بەكۆبونەوەكەی سبەینێی نێوان هەردو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی. هاوکات چاوەڕواندەكرێت كۆبونەوەكە لەسەر چەند پرسێكی گرنگ و پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ بكرێت.

هاوڵاتی یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە سنووری كۆیە تۆماركرا. کەسوکاری هاووڵاتییەکە دەڵێن "ئاژەڵدار نین". ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی حوەزەیرانی 2023 هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی سماقوڵییە و لە "چوار رۆژ لەمەوبەر" لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر گیانی لەدەستداوە، بەڵام بەهۆی درەنگ هاتنەوەی پشکنینەکەی لە بەغدا ئەمڕۆ دڵنیابوونەتەوە، کە بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە بووە گیانی لەدەستداوە. ئەو هاوڵاتییە تەمەنى زیاتر لە حەفتا ساڵە و بە وتەى کەسوکارەکەى هیچ ئاژەڵێکیان نیە، بەڵام کێشە لە تەندروستى گورچیلەکانیدا بووە. هاوکات جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستى کۆیە ڕایگەیاند"  کەسوکارى ئەو هاوڵاتییە رەتى دەکەنەوە کە بەتاى خوێنبەربون گیانى لەدەستدابێت و لەسەر ئەوە سکاڵا لەسەر وەزارەتى تەندروستى تۆمار دەکەن" ئەمساڵ لە 01-01-2023 تائێستا لە پارێزگاکانی عێراقدا، زیاتر لە 250 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون کە زیاتر لە 35 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە هەولێر 8 تووشبوو تۆمارکراون کە 4 یان گیانیان لەدەستداوە، لە سلێمانی هیچ کەسێک تووشی نەخۆشییەکە نەبووە، لە دهۆکیش سێ تووشبوو تۆمارکراون .

هاوڵاتی لە هەولێر سێ منداڵ، کە یەکێکیان تەمەنی پێنج مانگانە دۆزرانەوە و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان دەڵێت، لەلایەن باپیریانەوە فڕێدراون. منداڵەکان لە دوو کوڕ و کچێک پێکهاتوون، یەکێک لە کوڕەکان تەمەنی نۆ ساڵە و ئەوەی دیکەیان 10 ساڵانە، كچەکەش تەمەنی پێنج مانگە. بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر رایگەیاند، منداڵەکان لە رۆژی 25.6.2023 لە گەڕەکی نوسەرانی شاری هەولێر لەسەر شەقام فڕێدرابوون هێنراونەتە نوسینگەکەیان لە منارە. بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، لەدوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە ئەم منداڵانە پێش ماوەیەک باوکیان دەستگیرکراوە و دایکیشیان لەلای باپیری منداڵەکان (باوکی هاوسەرەکەی) بەجێیهێشتوون و ئەمڕۆ باپیریان ئەوانی هێناوە و لەسەرشەقام فڕێیداون. بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە، "دادوەری توندوتیژی خێزانی بڕیاریداوە دوو منداڵە کوڕەکان ببرێن بۆ خانەی نەوجەوانانی هەولێر و منداڵە کچە پێنج مانگەکەش ببریت بۆ خانەی چاودێری منداڵان لەناو نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر."

هاوڵاتی هاتوچۆى دەربەندیخان رایدەگەیەنێت؛ بۆ ماوەى 24 کاتژمێر تونێلى دەربەندیخان بەڕوى شۆفێراندا دادەخرێت و هاتوچۆى تێدا ناکرێت. بەپێى راگەیەنراوێکى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى دەربەندیخان،  بەمەبەستی  هێڵکاری لە شەقامی ناو تونێڵی دەربەندیخان کاتژمێر( 12:00)ی ئەمشەو، تونێلى دەربەندیخان بۆ ماوەى 24 کاتژمێرى تەواو دادەخرێت. دەشڵێت: رێگاى جێگرەوە بۆ هاتوچۆکردن شاخى بەرانان دەبێت و پێویستە شۆفێران لەوێوە هاتوچۆ بکەن.

هاوڵاتی چەکدارانی توندڕەوی سەر بە تورکیا لە عفرین هاوڵاتیەکی کوردیان رفاند و ئاگریان لە زەوی و باخی زەیتونەکانی هاوڵاتیان بەردا. ئاژانسی هەواڵی هاوار (هاوارنیوز) رایگەیاند، چەکدارانی گروپی فەیلەق شامی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە گوندی بەعیەی سەر بە ناوچەی شێراوای عەفرین، هاوڵاتیەکی کوردیان رفاند. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسەکە، ئەو کەسە بۆ زیندانێک لە گوندی ئیسکا براوە و تاوەکو ئیستا چارەنووسی نادیارە. هەروەها باسی ئەوەش کرا کە لە گوندی کبێشینێین ناوچەی شێراوا، چەکدارەکان هەڵیان کوتاوەتە سەر گوندنشینان و ئاگریان لە زەوی و باخی زەیتونەکانی هاوڵاتیان بەردەواوە. لەلایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا گوندی عەقیبی شێراوای بۆردومان کردووە. باسی ئەوە دەکرێت کە 10 گولە تۆپ بەر گوندەکە کەوتوون، بەڵام زیانی تۆپبارنەکە ئاشکرا نەکراوە. دوێنێش تۆپخانەکانی تورکیا گوندی سەیدای عەین عیسا و رێگەی ئێم4ی لە ناوچەکە تۆپباران کرد و بو هۆیەوە ئاگر کەوتەوە و بەشێک لە گژوگیای ناوچەکە و گەنمی هاوڵاتیان سووتا.

هاوڵاتی لەنزیک پردی سەرچنار لە سلێمانی شەڕ لەنێوان هێزەکانی پۆلیس  و ئاسایشی سلێمانی روویدا زیاتر لە 15 خولەک رێگایەکی سەرەکی داخرا ئەمڕۆ یەکشەممە لە دەوروبەری کاتژمێر 8:15 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ تەقەیەکی زۆر لە نزیک هۆتێل ئەبوسەنا لە لەسەر شەقامی 60 مەتری سلێمانی کراوە و  لێکۆڵینەوە دەستپێکردوە. بە گوێرەی زانیارییەکان،  یەکێک لە هێزەکان ئۆتۆمبێلەکەی بە ئاراستەی پێچەوانە لە شەقامەکە رۆشتووە و هێزەکەی دیکە رێگریی لێکردووە، لەسەر ئەوەش بووە بە شەڕەتەقە لەنێوانیاندا.