هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کۆدەبێتەوە، جگە لە خستنەڕوى دواین پێشهاتەکانى پەیوەندیدار بە پەسەندکردنى یاساى بودجە، چەند بابەتێکى دیکە تاوتوێ دەکات. وەک لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دواپێشهاتە پەیوەندیدارەکانی پەسندکردنی یاسای بودجەی عێراق و لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان. لە تەوەری دووەمدا، باس لە ڕەشنووسی ئەو پرۆژەیاسا و پەیڕەوانە دەکرێت کە تاکوو ئێستا دەنگدانی کۆتاییان لەسەر نەکراوە. تەوەری سێیەم تایبەت دەبێت بە بابەتی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق. لە تەوەری چوارەم و کۆتاییدا، بابەتی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لەلایەن هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخرێنە ڕوو.  

هاوڵاتی درەنگانی شەوی رابردو هێزێکی فیرقەی 8ی سوپای عێراق لە گوندی پەلکانە و سنوری ناحیەی سەرگەڕان هەڵیانکوتاوەتە سەر ژمارەیەک جوتیاری کورد. کاتێک هێزەکە زانیویانە جوتیارە کوردەکان خەریکی ئاودێرین هەڵیانکوتاوەتە ساریان و کەرەستەی ئاودێری و ئامێرە کشتوکاڵییەکانیان بردوە، بەڵام هیچ کەسێکیان دەستگیر نەکردوە. بەشێک لەجوتیارانی کورد و تورکمان لەسەردەمی رژێمی پێشوتری عێراق، لەڕێگەی دروستکردنی تاپۆوە زەوییەکانیان لێسەندراوەتەوە ، لەدوای پرۆسەی ئازادی و لەساڵی 2003 کورد و تورکمان چونەوە شوێنەکانی خۆیان ئەمەش کێشەی دروستکردوە. لەچەند رۆژی رابردوشدا، سوپای عێراق ژمارەیەک لە جوتیارانی کوردی لەسنوری ناحیەی سەرگەڕان ئاگادارکردەوە، نابێت هیچ بەروبومێکی کشتوکاڵی لەو زەویانە بچێنن و دەبێت کارەکانیان رابگرن، بۆئەوەش بەڵێننامەیان بەژمارەیەک جوتیار پڕکردەوە.

هاوڵاتی لە ناحیەی دینارتە سەر بە قەزای ئاکرێ  لە سنوری پارێزگای دهۆک حاڵه‌تێكی‌ تووشبوون به‌ تای خوێنبه‌ربوون تۆماركرا. نێچیرڤان هه‌ركی وته‌بێژی ته‌ندروستی ئاكرێ رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ ئه‌نجامی پشكنینی كه‌سێك كه‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ وه‌كو گومانلێكراوی تای خوێنبه‌ربوون له‌ژێر چاودێریی پزیشكیدایه‌، له‌ به‌غدا گه‌ڕایه‌وه‌. وتیشی :به‌پێی‌ ئه‌نجامی‌ پشكنینه‌كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ناوبراو تووشی تای خوێنبه‌ربوون بووه‌. وتەبێژی تەندروستی ئاکرێ دەشڵێت: ئه‌و كه‌سه‌ی تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بووه‌ دانیشتووی شارۆچكه‌ی دینارته‌یه‌ و كاری كڕین و فرۆشتنی ئاژه‌ڵی كردووه‌. نێچیرڤان هەرکی باسی لەوەشکرد لە ماڵه‌وه‌ چاودێری ده‌كرێت و ته‌ندروستیی زۆر باشه‌؛ زۆر باش نه‌بوایه‌ ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌مان نه‌ده‌كرده‌وه‌. هاوکات سەربەست سەبری، بەرێوەبەری ناحیەی دینارتە بە هاوڵاتی وت" ئەو هاوڵاتیە تەمەنی سەروو 60 ساڵە دانیشتووی گەڕەکی برایەتی یە لەسەنتەری دینارتە، رۆژی پێنج شەممەی رابوردوو دوای نەخۆش کەوتنی دەستبەجێ ڕەوانەی نەخوشخانەی گوڵان لە ئاکرێ کراوە، بەشی زۆری نیشانەکانی نەخۆشی تای بەربوونی تێدابووە". ئەمە دەبێتە یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە سنووری قەزای ئاکرێ و سێیەم حاڵەت لە پارێزگای دهۆک.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕێگری لە هەوڵی بردنەدەرەوەی بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر و سەدان کارتی بانکی دەکات. دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، لە پێناو چەسپاندنی یاسا و ڕێگریکردن لە هەرجۆرە کارێکی نایاسایی توانرا ڕێگری بکرێت لە بردنەدەرەوەی سەدان (کارت بانکی ئەلیکترۆنی) بەشێوازی شاراوە لە لاپتۆپ و پاوەربانک و خواردەمەنی شاردرابونەوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکانی بانکی مەرکەزی عێراقییە. دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕاشیگەیاندووە:هەروەها دەست بەسەر هەندێک ماددەی پزیشکیدا گیراوە کە ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەبووە، هەروەها دوو تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر بڕی 7 کیلۆ و 170 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری (حەشیش) کە بەشێوازی شاراوەیی ئامانجیان بووە بیبەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان گیراوە. وەک دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت تۆمەتباران بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕاگیراون لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: تۆمەتباران، (پ ، ڕ ، ع) و (پ ، ڕ ، د) لە ئێستادا بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.  

هاوڵاتی دادگای بەرایی سلێمانی ٤، لەسەر سکاڵای سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان ڕێکخراوی ڕاسان بۆ داکۆکی لە مافی ژنان، بەهۆی بانگەشەکردن یان بۆ هاوڕەگەزبازی هەڵوەشاندەوە. ڕێکخراوی راسان بۆ داکۆکیکردن لە مافی ژنان دامەزراوە و بنکەکەی لەشاری سلێمانییە. بەهۆی سەرپێچی و پابەندنەبوونی بە یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان و لادان لە پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەکە، جیاواز لەو ئامانجانە کاریکردووە کە لەسەری دامەزراوە، فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی حکومەتی هەرێم سکاڵای لەسەر تۆمارکرد. لە بڕیارەکەی دادگای بەرایی سلێمانیدا هاتووە: بانگەشەکردن بۆ هاوڕەگەزبازی پێچەوانەی دەستوری عێراق و ئادابی گشتییە. هەروەها پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامە. بەپێی زانیاریەکان، بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرگرتووەو ماوەی تانە لێدانی تەواو بووە، ڕێکخراوەکە بەفەڕمی مۆڵەتی لێوەرگیراوەتەوەو بەهەڵوەشاوە هەژماردەکرێت. ڕێکخراوی ڕاسان بەهاوکاری ڕێکخراوی بوڵ ئاوتی ئەمریکی، چەندین ۆرک شۆپ و چالاکی لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامداوە.

هاوڵاتی راگەیاندنی پۆلیسی ‏دارستان‌ و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، کاتژمێر 11:00ـی دوێنێ شەو ئاگرەکەی شارباژێر بە تەواوی کۆنترۆڵکراوە و بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیش بێت ئاگرەکە سنووری 15 گوندی گرتووەتەوە و زیاتر لە دوو هەزار دۆنم زەویش زیانی پێگەیشتووە. نیوەرۆی رۆژی یەکشەممەی رابردوو لەپشت ‏قەزای چوارتا ئاگرکەوتەوە کە تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی نەزانراوە ،  دواتر تەشەنەی کرد بۆ دەورووبەری گوندەكانی بانان، ‏كەناروێ‌، سێونگ، كانی شوان، پیرێسك، نۆرەباب. تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە دیار نییە، بەڵام گومان دەکرێت هۆکارەکەی سروشتی نەبێت و بە دەستی مرۆڤ کەوتبێتەوە ، ئیتر ئایا فڕێدانی جگەرەی نەکوژاوە بێت یان هەر هۆکارێکی دیکە و تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. بەهۆی ئاگرەکە سنووری 15 گوند سووتاوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیش زیاتر لە دوو هەزار زەویی پوش و پاوان، رەز و باخ، گەنم و جۆ و داری سوروشتی زیانیان پێگەیشتووە.

هاوڵاتی لەشەش مانگی ئەمساڵدا ١١ هەزار عێراقی كۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات كردووە بەهۆی ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لەعێراقدا كۆچی هاوڵاتیان بۆ دەرەوەی وڵات بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپاو ڕۆژئاوا دەستیپێكردووەتەوە، سەرەڕای قوربانی و بێشەروشوێنبوونی كۆچبەران هێشتا كۆچكردن بەردەوامی هەیە. لەڕۆژی جیهانی پەنابەراندا دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری كۆچی هاوڵاتیانی عێراقی لەشەش مانگی ئەمساڵدا ڕاگەیاند كەبەم شێوەیە بوو:  لەشەش مانگی سەرەتا ئەمساڵدا ١١ هەزارو ٥٠٠ هاوڵاتی عێراقی كۆچیان كردووە، لەو ژمارەیەش حەوت قوربانی هەبوون كە پێنجیان گیان لەدەستدان و دووانیشیان بێ سەرو شوێن بووە. هەروەها لەساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٣ ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لەعێراقەوە كۆچیان كردووە٧٥٢ هەزارو ٣٢٣كۆچبەر بوون و ٥٥٥ قوربانیش هەبوون كە ٢٣٦ بێ سەروشوێن و ٣١٩ حاڵەتیان مردن بووە. هەر بەپێی ئامارەكەی دەزگای لوتكە عێراق لە پلەی ١٢یەمینی ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدایە كەكۆچی تێدا دەكرێت و لەماوەی یەك ساڵ و نیوی ڕابردوودا ١٣ گیان لەدەستدان لەناو كۆچبەرانی عێراقیدا هەبووە. كۆی گشتی ئەو ئاوارانەش كە لەهەرێمی كوردستاندان ٩٢٨ هەزارو ٦٤٩ كەسن.

هاوڵاتی سوپای تورکیا لە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی تربەسپی سەر بە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان ئۆتۆمبێڵێکی کردە ئامانج و بەگوێرەی زانیاریەکان کوژراو و بریندار هەیە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رۆژئاوای کوردستانەوە بە هاوڵاتی راگەیاند، لە سەر رێگەی گوندەکانی تەل شەعیر و بەیاندۆری تربەسپی، ئۆتۆمبێڵێک لەلایەن سوپای تورکیاوە کراوەتە ئامانج. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن درۆنێکی تورکیاوە کراوەتە ئامانج و بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستانی تێدابووە. باسی ئەوەشی کرد کە ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری (کییا) یە و کاتژمێر نزیکەی 12ی نیوەڕۆ کراوەتە ئامانج. هاوکات بەپێى ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە ، لە بۆردومانەکەدا یوسرا دەروێش هاوسەرۆکى کانتۆنى قامیشلۆ شەهید کراوە و جێگرەکەشى بریندارە و هەر لە ئۆتۆمبیلەکەدا دو کەسى دیکەش شەهید بوون.

هاوڵاتی درۆنێکی بەیرەقداری جۆری (تی بی٢)ی تورکی لە قەندیل کەوتە خوارەوە و گەریلاکانی پەکەکە دەستیان بەسەردا گرت. ئاژانسی فوراتی نزیک لە پەکەکە، دیمەنێکی درۆنێکی بەیرەقداری جۆری (تی بی٢)ی تورکیای بڵاوکردەوە کە لە قەندیل کەوتووەتە خوارەوە. ئاژانسەکە باسی ئەوەی کردووە کە درۆنەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و کەوتووەتە خوارەوە.

هاوڵاتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە. نوسینگەی مەسرور بارزانی رایگەیاند، بڕیارە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە. هەروەها، بارزانی لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و بەشێک لە ئەندامانی دیکەی کابینەکەی کۆدەبێتەوە. نوسینگەکەی سەرۆکی حکومەت باسی ئەوەشی کرد کە لە کۆبونەوەکاندا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکرێت.

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەنجێک لە هەولێر لەدوای تەنیا چوار مانگ لە هاوسەرگیری، شەوی رابردوو بە دەستڕێژی گوللـە هێرشی کردە سەر ماڵی خەزووری و هاسەرەکەی کوشت و خوشکێکی بریندار کرد، کە ئێستا ئەویش رەوشی تەندروستیی ناجێگیرە. ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا، باوکى ئەو ژنەى کە لەلایەن مێردەکەیەوە کوژرا رایگەیاند؛ کێشەکە کۆمەڵایەتیی بوە و پێشتر ئەو زاوایەمان کە ناوى (هەریاد)ـە هەڕەشەى لە کچەکەم کردوە و دڵپیس و رەزیل بوە. رەمەزان باوكی ئەڤین و لڤین باسی لە ڕوداوەکە کرد و وتی ، شەوی رابردو زاواكەم هاتە ماڵمان و ویستی كچەكەم لەگەڵ خۆی بباتەوە، كچەكەشم ترسا و وتی بابە دەمكوژێ و لەگەڵ ناڕۆمەوە ماڵەوە، منیش تەلەفۆنم بۆ باوكی زاواكەمان كرد و وتم كێشەیان هەیە و ئەویش پێی وتم، كوڕەكەم بۆ بنێرەوە خۆم چارەسەری كێشەكەیان دەكەم. وتیشی، "پێشتر زاواكەمان خۆی كچەكەمی هێنایەوە، كەچی شەوی رابردو ویستی بەزۆر لەگەڵ خۆی بیباتەوە بۆ ماڵەوە، دوای ئەوەی بەبێ عاجزی بەڕێمكرد، دوای 15 خولەك لەگەڵ دو كەسی دیكە چەكی پەیا كرد و دەستڕێژی گوللـەی لێكرین، یەك مەخزەنی تەقاند، هەردو كچەكەم یەكی 15 گوللـەیان بەركەوتوە، یەكێكیان گیانی لەدەستداوە كە ناوی ئەڤینە و تەمەنی 20 ساڵە، ئەوی دیكەش تەمەنی 16 ساڵە و ناوی لڤینە و ئێستا لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدایە". باوکی قوربانییەکە ئاشکرایشیکرد کە زاواکەى کارى کڕین و فرۆشتنى چەک دەکات و ئەو چەکەیشى کە لە تاوانەکەدا بەکاریهێناوە چەکى بێمۆڵەت بوە. وتیشى: لە ئێستادا یەکێک لە تۆمەتبارەکان کە زاواکەیەتى دەستگیر کراوە و دەشڵێت: سکاڵاى یاساییمان تۆمار کردوە و داوا دەکەین حکومەت و یاسا مافى ئێمە ون نەکات. وێنەی ئەڤین و هەریادی هاوسەری:

وەرزی دورینەوەی گەنم لە پارێزگای ورمێ دەستی پێکردوە و پێشبنی دەکرێت گەنمی ئەمساڵی ئەو پارێزگایە بەراورد بە رابردو زیاد بکات. خەسرەو شەهبازی، بەڕێوبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ زیاتر لە یەک ملیۆن و 576 هەزار و 408 دۆنم لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە گەنمی تێدا بەرهەم هێنراوە کە بەراورد بە رابردو تەنها 7%ی زیادی کردوە. پێشبینی ئەوە کراوە ئەگەرچی زەوییە تەرخانکراوەکانی تایبەت بە چاندنی گەنم تەنها 7% زیاد کراوە  بەڵام بەرهەمەکەی لە ئەمساڵدا 19% بەراورد بە ساڵی رابردو زیاد بکات. شەهبازی وتویەتی: لە زۆربەی ناوچەکانی ورمێ دەست بە دورینەوەی گەنم کراوە و پێشبینیی دەکرێت گەنمی ئەمساڵی پارێزگاکە بگاتە 825 هەزار تۆن. بەهۆی زۆربونی بارانبارین لە ئەمساڵدا بەرهەمی کشتوکاڵی بە تایبەت گەنم لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵات بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە و پێشبینی کراوە بەرهەمی گەنمی پارێزگای سنە بگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن.  

هاوڵاتی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ زاوایەك هێرشیكردوەتەسەر ماڵی خەزوری و دەستڕێژی گوللـەی لێكردون،لەئەنجامیشدا هاوسەرەكەی خۆی كوشتووەو و خوشكی هاوسەرەكەشی برینداركردوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، تۆمەتبارێك لەگەڕەكی گوڵانی شاری هەولێر هێرشیكردۆتەسەر ماڵی خەزوری  و لەئەنجامیشدا هاوسەرەكەی خۆی كوشتوە، خوشكی هاوسەرەكەشی بەسەختی برینداركردوە. تا ئێستا هۆكاری سەرەكی ئەو روداوە نەزانراوە، لەئێستاشدا تەرمی كوژراوەكە كە تەمەنی لەنێوان 20-22 ساڵاندایە بۆ پزیشكی دادی گواستراوەتەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، تا ئێستا لەسەر ئەم روداوە زاواکە کە هەستاوە بە کوشتنى هاوسەرەکەی دەستگیر کراوە و پێدەچێت کەسێکى دیکەیش کە هاوبەشى تاوانەکە بوە، لەگەڵیدا دەستگیر کرابێت.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕەوە و لەسەر سکاڵای سێ‌ هاوڵاتی، تۆمەتبارێک دەستگیرکرا، کە پێشتریش بەتۆمەتی دزیکردن بەند کراوە و سزای یاسایی دراوە. پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی سێ‌ هاوڵاتی سکاڵایان تۆمارکرد کە دزییان لێکراوە، لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستیپێکرد، سەرنجام و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، لەلایەن نوسینگەی ناوبازاڕی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە توانرا تۆمەتبار دەستگیربکرێت و دوای گەڕان و پشکنینی شوێنی نیشتەجێبونی توانرا دەستبەسەر بڕێک پارەی دزراودا بگیرێت. ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستادا تۆمەتبار (ح،ج،ق لەدایکبوی 1979) ڕاگیراوە کە سێ‌ فەرمانی گرتنی هەیەو لەدادگای سلێمانیش داواکراو بوە بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عێراقی و پێشتریش بەتۆمەتی دزیکردن بەند کراوە و سزای یاسایی دراوە.

کەنەدا بەهۆی پێشێلکارییەکان و دەرکردنی بڕیاری قورس لە دژی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران حەوت دادوەری دادگاکانی کۆماری ئیسلامی سزا دەدات و سوپای پاسدارانیش 20 وڵات بە دەستوەردان لەو ناڕەزایەتییانە تۆمەتبار دەکات. وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ئەمڕۆ دوشەممە لە بەیاننامەیەکدا سزادانی حەوت دادوەری کۆماری ئیسلامی راگەیاند و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش وتی: سزاکان لە چوارچێوەی هەنگاوە ئابورییەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا وڵاتانی ئەوروپا سەپێنراوە. هەر یەکە لە دادوەری دادگاکانی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگاکانی (ئەسفەهان، مەشهەد، شیراز، کەرەج، تاران، گورگان) لە لایەن کەنەداوە سزا دراون بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان و دانیشتوانی ئێران. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ مەجید کازمی، سەرۆکی بەشی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ 20 وڵات کە کەنەدا یەکێک لەو وڵاتانە بوە دەستیان هەبوە لە گرژیی و ناڕەزایەتییەکانی ماوەکانی رابردو لە وڵاتەکدا. بە وتەی ئەو هەر یەکە لە وڵاتانی (ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیکا، نەمسا، ئیتاڵیا، نەرویج، ئایسلەندا، نیوزلەندا، ئەڵبانیا، کۆزۆڤۆ ، نروژ، کەنەدا ، ئۆسترالیا، ئیسرائیل، سعودیە، بەحرەین و ئیمارات ) دەستیان لە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێراندا هەبوە و هاندەربون بۆ دروستبونی گرژییەکان. سوپای پاسداران بە بەردەوامی وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیای بە هۆکاری هاندانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناوبردوە.