هاوڵاتی وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، پێنج زمانی دیکە لە نێویاندا زمانی عەرەبی بۆ سیستمی رەچەتەی ئەلیکترۆنی زیادکراوە، بەڵام زمانی کوردی لە نێو زمانە زیادکراوەکاندا نییە. فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا رایگەیاند، وەزارەتەکەی زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، عەرەبی، فەرەنسی و ڕووسی بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی دەرمان زیادکردووە و لەئێستادا ھاوڵاتیان دەتوانن بەو زمانانە زانیارییەکانی تایبەت بە دەرمان ببینن. زیادنەکردنی زمانی کوردی بۆ ئەو خزمەتگوزارییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێكی بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە باکووری کوردستان و تورکیا ئاماژەیان بەوە داوە، "ئەگەر زمانی کوردی بۆ رەچەتەی ئەلیکترۆنی زیادکرابا، وڵاتی دابەش دەکرد؟" لە یەکەم کاردانەوەشدا پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) رەخنەی لە وەزیری تەندروستی تورکیا گرت کە زیادکردنەکە زمانی کوردی نەگرتووەتەوە، لەکاتێکدا وەزیری تەندروستیی خۆی کوردە و بەشێکی زۆری دەنگدەرانی پارتەکەشی کوردن. لە باکووری کوردستان و تورکیا ملیۆنان کورد دەژین و تورکی تاکە زمانی فەرمییە. ئەو هاوڵاتییە کوردانەی لە تورکیا دەژین و تورکی نازانن، لە ناوەندە فەرمییەکاندا و لە سەنتەرەکانی پەیوەندی کە خزمەتگوزاری خێرا پێشکەش بە خەڵک دەکرێت، بەهۆی نەبوونی وەرگێڕ و بژاردەی زمانی کوردی، ناتوانن بە زمانی دایک گوزارشت لە کێشە و پێداویستییەکانیان بکەن.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، شاندی تورکیا کە لەم دواییانەدا سەردانی عێراقی کردوە، شەش مەرجی پێشنیاز کردوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە. سەباح سوباحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، مەرجەکانی تورکیا بریتین لە جێگیرکردنی کرێی گواستنەوەی نەوت تا بەندەری جەیھان کە تێچووی گواستنەوەی ھەر بەرمیلێک نەوتی بە ١٣ دۆلار خەمڵاندووە، ھەروەھا دوایکردووە بەغداد ئەو سکاڵایە لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بکشێنێتەوە کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی ساڵانی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠ و لەسەر ئەنقەرەی تۆمارکردووە. باسی لەوەشکردوە، مەرجەکانی دیکەی تورکیا تایبەتن بە شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکانی تورکیا کە بە حەوت دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک مەزەندەی کردووە. ئەوەشی خستوەتەڕو، مەرجێکی دیکەی تورکیا ئەوەیە کە داوای شایستەکانی دەکات لەبری رێککەوتنە نەوتییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەرەڕای کۆمەڵێک مەرجی دیکە کە شاندەکەی تورکیا لەکاتی سەردانی بۆ عێراق خستویەتییە سەرمێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لەبەرامبەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهانەوە.
هاوڵاتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بڕیارە ئەمڕۆ کۆنگرەی نائاسایی خۆی بکات و هاوسەرۆکی نوێ هەڵبژێرێت، ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتیش بۆ نیوە کەم بکاتەوە. کۆنگرەکە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەرێوەدەچیت و شەشەم کۆنگرەی پارتی دیموکراتی گەلان -هەدەپەیە و هەریەکە لە سوڵتان ئۆجان، ئەندامی دەستەی کارگێری حیزبەکە و جاهید کرکازاک ئەندامی دەستەی کارگێڕی پارتی چەپی سەوز و پارێزەری سەڵاحەدین دەمیرتاش کاندیدن بۆ هاوسەرۆکی نوێی هەدەپە. وەکو بەرپرسانی هەدەپە باسیان کردوە: لە کۆنگرەکەدا ژمارەی ئەندامەکانی ئەنجومەنەکەیان لە 100 کەسەوە بۆ 50 کەس کەم دەکرێتەوە، لەهەمان کاتدا ئەرک و کارەکانی هەدەپە رادەستی پارتی چەپی سەوز دەکرێت و ئەگەری هەیە لە دوو مانگی داهاتودا، ئەو پارتەش کۆنگرەی خۆیان ساز بکەن. رۆژی 7ـی ئابی 2023، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەدەپە بە سەرۆکایەتیی میتحەت سانجار و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی پارتەکە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رۆژی 27ـی مانگ کۆنگرەی نائاسایی بکەنو هەدەپە لەبەر ترسی داخستنی لەلایەن دادگای کۆماری تورکیاوە، بریاری داوە کارەکانی خۆی رادەستی پارتی چەپی سەوز بکات.
هاوڵاتی دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نیودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هیج لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆیان نییە دەستوەردان لە دەسەڵاتی دادوەری دادگاکان بکەن، دەشڵێت، ئازاد نەکردنی گۆهدار زێباری بەهۆی ئەوەیە کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەی "دەستگیراوە بەسەر چەک و تەقەمەنی، بۆیە بە پێی یاسای چەک دۆسیەی بۆ کراوەتەوە." دیندار زێباری لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆخی دادگاکانی هەرێم و دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان دادگاکان دەسەڵاتی سەربەخۆن و بڕیاری یاسایی خەسڵەتێکی تایبەتمەندە بە جومگەی هەرەمی دادوەری و هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری دادگا بکات." دیندار زێباری لەسەر ئازادنەکردنی گۆهدار زێباری، یەکێک لە سزادراوانی بادینان، وتی،"لەناو ئۆتۆمبێلی گوهدار دەستگیراوە بەسەر چەک و تەقەمەنی، بۆیە بەپێی یاسای چەک دۆسیەی بۆ کراوەتەوە." بڕیاروابوو لە 16ی ئابی 2023، رۆژنامەنوس گۆهدار زێباری ئازادبکرێت دوای ئەوەی کە ماوەی زیندانییەکەی تەواو بوو، بەڵام دۆسیەی هەڵگرتنی چەکی بۆ کرایەوە و بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت" ئازادنەکرا. دیندار زێباری لەو بارەیەوە وتی،"بەپێی یاسای چەک، هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت چەکی پێ بگیرێت ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن یان پێ بژاردن دەبێتەوە. دۆسیەی گوهدار هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند نەکراوە بۆ دادگاییکردنی." ئەم وتانەی دیندار زێباری دوای ئەوە دێت کە رێکخراوەکانی چالاکی مەدەنی لە ناوخۆ و دەرەوە چەندین جار داوایان کردووە کە شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری ئازاد بکرێن. لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020 شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری و چەند چالاکوان و رۆژنامەنوسێکی تر بەتۆمەتی "سیخوڕیکردن" دەستگیرکران. هەرچەندە هەندێکیان دوای تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکانیان ئازادکراون، بەڵام ئەو دوو رۆژنامەنووسە هێشتا لە زینداندان.
هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە دوو چالاکیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی سلێمانی "دوو تیرۆرست"یان لە شاری سلێمانی دەستگیرکردووە. بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، رایگەیاند، " بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی شوێنی داواکراوان، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەدوو ئۆپراسیۆنی جیادا لەشاری سلێمانی، لەشەوی ٢٠٢٣/٨/٢٥ توانرا تیرۆریستان( س، أ، ص )و( ف، ح، م) دەستگیربکەن" لە راگەیاندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوەش هاتووە کە یەکێک لە تیرۆریستەکان لەپێشتردا "لەناو ڕیزەکانی داعشدا بریندارکراو و لەئێستادا بەفەرمانی دادوەر "بەماددەی دوو لە یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر ڕاگیراون و ڕادەستی یاسا کران."
هاوڵاتی بنەماڵەی وەستا حەسەنی کەبابچی لە شاری سلێمانی لەسەر گیانلەدەستدانی روونکردنەوەیاندا و رایانگەیاند، هەموو دەنگۆکان رەتدەکەنەوە کە وەستا حەسەن کوژرابێت و هیچ کێشەیەکیشی نەبووە، بەڵکو رووداوەکە "قەزاوقەدەر" بووە. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بنەماڵەی وەستا حەسەنی کەبابچی رایانگەیاند کە وەستا حەسەن هێچ کێشەیەکی لەگەڵ کەس نەبووە و ناکۆکی کۆمەڵایەتیشی لەگەڵ هیچ لایەنێک نەبووە، بەڵکو "روداوەکە تەنها قەزاوقەدەرە." لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ خۆی کوشتبێت، ئەوان دەڵێن، "هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە و ئێمە تەنها گوێمان لە تەقە بووە، ئیتر نازانین فیشەکی بەخۆیەوە ناوە یان پێوەی نراوە، ئەوە بەجێدەهێڵین بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە کە رۆژی یەکشەممە ئەنجامەکەی دەردەچێت." هاوکات باسیشیان لەوە کرد کە "باری دارایی وەستا حەسەن باش بووە و بەیانی هەیینی نوێژی بەیانی کردووە و ویستوویەتی کوڕەکانی هەستێنێت بچنە سەر کار." یەکێک لە کوڕەکانیشی باسی لەوە کرد کە "هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ باوکیان نەبووە و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە ئەوترێت بەهۆی کێشەی لەگەڵ کوڕەکانی خۆی کوشتووە." بەیانی رۆژی هەیینی 25ی ئابی 2023، وەستا حەسەن لە ماڵەکەی خۆی لە سیتەک لە سلێمانی گیانیلەدەستدا. دوای توێکاری بۆ جەستەکەی، پزیشکی داد رایگەیاند کە فیشەکێک بەر سەری کەوتووە، بەرێوبەریاتی پۆلیسی سلێمانیش رایگەیاند کە گومان دەکرێت کارەکە "خۆکوژی بێت."
هاوڵاتی تورکیا رایگەیاند لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک سەربازێکیان لە ناوچەی زاپ کوژراوە، بەڵام هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) دەڵێت سێ سەربازی تورکیا کوژراون. وەزارەتی بەرگری تورکیا ناسنامەی سەربازێکی بڵاوکردەوە کە لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت لە ئەنجامی تەقینەوەی "مینێکی چەکدارانی پەکەکە" لە ناوچەی زاپ کوژراوە لە ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ. بەڵام هەپەگە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە کە لە رۆژانی 24 و 25ی مانگ، سێ سەربازی تورکیا لە گۆڕەپانی شاخی جودی بە نیشانەشکێن کوژراون.
هاوڵاتی سەرکەوت زەکی، لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی لەسەر کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی وتارێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند ئەم کۆنگرەیە "دەبێتە کۆنگرەی بنیاتنانەوەی یەکێتی و تێپەڕاندی ئاستەنگەکان"، دەشڵێت، یەکێتی لە کۆنگرەی ئەم جارە قۆناغی داکشانی خۆی تێدەپەڕێنێت. سەرکەوت زەکی لە وتارکەیدا سەبارەت بە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی دەڵێت، "پێدەچێت ساڵی 2023 ساڵی وەرچەرخان و بنیاتنانەوە گرنگەکانی یەکێتی بن، نەک بڕیاردان بگرە تەنها بیرکردنەوەش لەبەستنی پێنجەمین کۆنگرە، دەربڕینی بوێرییەکی شۆڕشگێڕانەی یەکێتییانەیە، هەمان ئەو بوێری و ئازایەتیەیە کە سەرۆک مام جەلال لە ڕۆژانی هەرەسدا یەکێتی پێ دروستکردو و هەمان ئەو هزر و نەترسیەیە کە شۆڕشێکی نوێی پێ هەڵگیرساند." لەسەر بڕیاری بەستنی کۆنگرەی لە بڕیارە لە 27ی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت، سەرکەوت زەکی دەڵێت، "بڕیاری بەستنی کۆنگرە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ بوێرییەکانی چرکە ساتەکانی بڕیاردان له دامەزراندنی (ی.ن.ک) و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ." لە کۆتایی وتارەکەشیدا، لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی باس لەوە دەکات، "هەموو پێشبینی و خوێندنەوەکان بەو ئاڕاستەیەن ئەم کۆنگرەیە دەبێتە کۆنگرەی بنیاتنانەوەی یەکێتی و دەبێته هێمای تێپەڕاندنی ئاستەنگی ناوخۆیی و ڕوکردنەوە خەڵک و جەماوەر، ئیتر بەهەمو لایەک دەڵێت یەکێتی قۆناغی داکشانی خۆی تێپەڕاند، هەرچەندە ئەوە دو ساڵێکە لەسەر ڕاستە ڕێگاکە هەنگاو دەنێت، بەڵام هەنگاوەکانی هەستانەوە و ڕو لە هەوراز کردن و سەرکەوتنەوەی خۆی بەم کۆنگرەیە خێراتر دەکات، پێکەوە بنیاتنانەوە و هەستانەوە بۆ خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک دەست پێدەکاتەوە".
هاوڵاتی ئیسلام کەشانی، رۆژنامەنوس و لێپرسراوی مەڵبەندی زاخۆی یەکگرتو بە کەفالەت ئازادکرا، دوای ئەوەی لەلایەن ئاسایشی زاخۆ راگەیاندرا کە تۆمەتبارە بە پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە و بەپێی یاسایەک گیرابوو کە تایبەتە بە "دەرماڵەی منداڵبون و دایکایەتی." ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی ئابی 2023, میدیای یەکگرتوو بڵاویکردەوە ئیسلام کەشانی بە کەفالەت ئازادکراوە، ئەمەش دوای ئەو فسارانە دێت کە بۆ ئازادکردنی ئەنجامدران. ئاسایشی زاخۆ لە رۆژی پێنجشەممەی ئیسلام کەشانی دەستگیرکرد و دواتر بڵاویکردەوە کە بەپێی بەندی یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2003 دەستبەسەرکراوە بەهۆی هەبوونی "پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە." بەڵام ئەو بەندەی ئیسلام کەشانی پێ تۆمەتبارکراو و دەستگیرکرا تایبەتە بە دەرمالەی منداڵبون و دایکایەتی.
هاوڵاتی ئەو یاسایەی ئیسلام کەشانی پێ دەستگیرکراوە تایبەتە بە دەرماڵەی منداڵبوون و دایکایەتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی زاخۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئیسلام کەشانی کارگێڕی مەڵبەندی 13ی یەکگرتوو لە زاخۆ، لەلایەن ھێزێکی ئاسایشی زاخۆوە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پە*کە*کە و بەپێی ماددەی ١ی یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2003 دەستگیرکراوە و لەئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام ئەو یاسایەی ئیسلام کەشانی پێ دەستگیرکراوە تایبەتە بە دەرماڵەی منداڵبوون و دایکایەتی. دەقی ئەو یاسایەی كە ئاسایشی زاخۆ ( ئیسلام سەعدی عەلی) كادیری یەكگرتووی ئیسلامی لە زاخۆ پێ تۆمەتبار كردووە. بڕیاردرا بە دەرهێنانی یاسای ژمارە (٢٣)ـی ساڵی ٢٠٠٣، یاسای دەرماڵەی منداڵبوون و دایکایەتی ماددەی یەکەم: ئەو ئافرەتەی لە ئیجازەی منداڵبووندایە یان لە ئیجازەی دایکایەتیدا بێت، بە درێژایی ماوەی ئیجازەکەی مووچە و دەرماڵەی تەواوی پێدەدرێت . ماددەی دووەم: هەر دەقێ پێچوانەی حوکمەکانی ئەم یاسایە بێت ناخرێتە بەرکار ماددەی سێییەم: پیویستە لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران حوکمەکانی ئەم یاسایە بخاتە بەرکار ماددەی چوارەم: ئەم یاسایە لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەیدا لە ( وەقایعی کوردستان)دا دەرخرێتە بەرکار هاوکات ئەم یاسایە واژۆی دکتۆر ڕۆژ نوری شاوەیس سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردستانی- عێراقی لەسەرە و چوەتە بواری جێبەجێکردەوە
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگ ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە تورکیا لە هەوڵی ئەوە دایە هەرێمی کوردستان ناچار بکات ئەو بڕە پارەیەی لە دادگایەکی پاریس بە دەوڵەتی عێراقی دۆڕاندووە، ببژێرێت. عێراق چەند ساڵ لەمەوبەر سکاڵایەکی لەسەر "هەناردەکردنی نایاسایی" نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە لە دادگایەکی پاریس تۆمار کردبوو. مانگی سێ عێراق ئەو سکاڵایەی بردەوە و دادگا بڕیاری دا دەبێت ئەنکەرە بە بڕی یەک ملیار و نیو دۆلار قەرەبوی بەغدا بکاتەوە. لە دوای ئەو بڕیارەی دادگای پاریس تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی ڕاگرت. ئاژانسی بلومبێرگ لە زاری بەرپرسانی تورکیاوە دەڵێت: تورکیا هیچ نیازێکی نییە ئەو یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە کە دادگای پاریس داوایکردوە بیداتەوە عێراق و داوا لە کوردەکان دەکات ئەو پارە بدەن بە تورکیا بۆ ئەوەی ڕادەستی بەغدادی بکەن و تورکیا پێی وایە کوردەکان چاکەکارن. هاوکات، لە زاری بەرپرسانی تورکیاوە ئەو زانیارییەی ئاشکراکردووە کە تورکیا نێوەندگیریی لەنێوان حکومەتی ناوەندیی و حکومەتی هەرێم لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کردووە.و بەرپرسانی ئەنقەرە نەیان شاردووەتەوە کە ئەوان پابەند نابن بە پێدانی ئەو پارەیە بە بەغداو داوایان لە هەرێمی کوردستان کردووە ئەو پێبژاردنە بداتە بەغدا بەهۆی ئەوەی کێشەکە لەنێوان هەولێر و بەغدایە، نەك بەغدا و ئەنقەرە.
هاوڵاتی بەتۆمەتی بەهەدەردانی دوو ملیار دینار، دادگای تاوانهكانی کەرکوک ئەفسەرێکی پۆلیسی شارەکەی بە 15 ساڵ زیندانی سزا دا، سهرچاوهكانی پۆلیسیش ئاشكرایانكرد كه ئهو ئهفسهره كورده و ههڵاتووه. دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، دادگەى تاوانەکانی کەرکووک، ئەفسەرێکى پۆلیسی ئەو شارەى بە نائامادەبوو بە 15 ساڵ بەندکردن سزا داوە، بەتۆمەتى ئەوەى دوو ملیار و 48 ملیۆن و 350 هەزار دینارى بردووە. بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو بڕە پارەیە لە پارەى تەرخانکراو بۆ کڕینى جلوبەرگى سەربازى براوە. هاوكات عامر شوانی، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک ئاشكرایكرد كه "ئەو ئەفسەرە کوردە و رووداوەکەش بۆ ساڵانی 2016 و 2017 دەگەڕێتەوە و ئێستا ئەفسەرەکە هەڵاتووە".
عەممار عەزیز «ئەو غەدرەی لەدهۆك دەكرێت لەهیچ شوێنێكی تر نیە» ئەمە وتەی شوفێرێكی پارێزگای دهۆكە كەنیگەران و تووڕەیە لەكەمی پشكی پارێزگای دهۆك لەبەنزینی 750 دیناری و دەپرسێت بۆچی لەپارێزگاكانی تر رێژەكە زیاترە. ئیبراهیم سەعید ، ئەو شوفێرەی پارێزگای دهۆكە كە بۆ هاوڵاتی قسەی كردووە و دەڵێت « لە 2023داین هێشتا ئێمە لەسەرەی بەنزین رزگارنەبووین ، چ خوا قبوڵ دەكات زیاتر لە سێ كاتژمێر چاوەڕێی بكەین تا 40 لیتر بەنزین وەربگرین، ئەو غەدرەی لەپارێزگای دهۆك دەكرێت لەهیچ شوێنێكی تر نیە ، زۆرم پێ سەیرە بۆچی بەشی پارێزگای دهۆك لەبەنزین كەمترە بەراورد بەپارێزگاكانی تر، ئەگەر لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە بێت زۆرترین ئاوارەو پەنابەر لەسنوری پارێزگای دهۆك هەیە جگە لەدانیشتوانی خۆجێی شارەكە». ئیبراهیم سەعید ناڕازیەو دەڵێت «چەند هاواربكەین بێسوودە ، هیچ شتێك ناگۆڕێت حاڵی ئێمە هەروا دەمێنێتەوە ، خۆ دونیا خراپ نابێت ئەگەر لە شەش بەنزینخانە بیكەن بە10 بەنزینخانە بەلایەنی كەمی تۆزێك نۆرە لەبەنزینخانەکان كەمتر دەبێت، بەڵام نایكەن». زیاتر لەمانگێكە كێشەی كەمی بەنزینی 750 دیناری سەریهەڵداوە، ئەمەش وایكردووە نۆرەیەكی زۆر لەبەردەم ئەو بەنزینخانانە دروست بێت، ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكیش دەڵێت لەناردنی بەنزین غەدر لەدهۆك دەكرێت . لەسنوری پارێزگای دهۆك 17 هەزار تاكسی ، 800 مینی پاس و هەزار كۆستەر هەن، كۆی گشتی ئۆتۆمبێلەكانی تایبەت و گشتی سەرووی 190 هەزار ئۆتۆمبێلن ، رۆژانە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێویستی بەملیۆنێك و 700 هەزار لیترە. عەبدولسەمەد تێلی ، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت، «لەزۆر شت غەدر لەدهۆك دەكرێت بەنموونە پشكی بەنزین بۆ سنوری پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، حكومەت هەر رۆژێك بڕێك بەنزین بۆ پارێزگای دهۆك دەنێریت، ئەم رێژەیەش جێگیر نیە، رۆژێك پێنج تانكەر، رۆژێكی تر حەوت تانكەرو رۆژی دواتر هەشت تانكەرو بەو شێوەیە ، هەر تانكەرێك 36 هەزار لیتر لەخۆدەگرێت». عەبدولسەمەد تێلی دەشڵێت « لەبەرئەوەی ئەو رێژەیەی بۆ پارێزگای دهۆك دەنێردرێت بەش ناكات، بۆیە نۆرەیەكی زۆر لەپێش دەرگای بەنزینخانەكان دروست دەبێت ، ئێمە هەر شتێك بكەین سوودی نیە، چونكە ئەوە لە دەستەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانە، ئەوان بڕەکە دیاردەكەن ، بەدڵنیاییەوە رێژەی هەولێرو سلێمانی زیاترە لەدهۆك، بەڵام بەتەواوی نازانم جیاوازیەكە چەندە». «هیچ رێكخستن و چاودێری لەسەر ئەم بابەتە نیە لەبەرئەوە ئەوانیش بەئارەزوی خۆیان هەر رۆژێك بڕێك بەنزین دەنێرن، بەپێی یاسا ئەنجومەنی پارێزگاكان دەستەڵاتی بەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا نیە، تەنها پەرلەمان نەبێت ، خودی پارێزگاریش ناتوانێت فشار لەسەر وەزارەت بكات تا رێژەكە زیادبكات» عەبدولسەمەد تێلی وای وت. هەلكەفت عزەت، بەڕێوەبەری كۆمپانیای باسكەدێر تایبەت بەبەنزین و خاوەنی بەنزینخانەی شۆڕش لەناوەندی دهۆك بەهاوڵاتی وت « لەهەولێر رۆژانە 16 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەشدەكەن لەدهۆك، تەنها شەش بەنزینخانەن، هەر 10 رۆژ جارێك ئەو جۆرە بەنزینە بەر ئێمە دەكەوێت كەتەنها 36 هەزار لیترە ، رۆژانە شەش تانكەر بۆ پارێزگای دهۆك دەنێردرێت كەدەكاتە 216 هەزار لیتر، دواینجار داوامانكردووە رێژەكەمان بۆ زیادبكەن بەڵام بێسوود بووە «. هەلكەفت عزەت زیاتر دەڵێت « ئەو بەنزینخانانەی 750 دیناری دابەشدەكەن رۆژانە زیاتر لە 200 ئۆتۆمبێل لەنۆرەدان، هەر شوفێرێك بەلایەنی كەمی دەبێت سێ كاتژمێر چاوەڕێ بكات تا بەنزین وەربگرێت تا یەك لیتر بمێنێت بەنزینخانەكان بەنزین دابەش دەكەن». مەحمود سلێمان، سەرۆكی سەندیكای گواستنەوە لەشاری دهۆك بەهاوڵاتی وت « نەك بەنزین بەڵكو غازو نەوتی ماڵان و زۆر شتی تر رێژەی دهۆك كەمترە بەراورد بەپارێزگایەكانی تر، لەهەموو شتێك غەدر لەدهۆك دەكرێت، ئەم گلەیی و ناڕازییە لەكاتی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بۆ دهۆك ئاراستەی ئەویش كراوە، بەو هیواییەن چارەسەربكرێت «. مەحمود سلێمان دەشڵێت « پرسیارمان لەلایەنی پەیوەندیدار كردووە ئەوانیش وەكو ئێمە دەڵێن ئێمەش نازانین بۆچی رێژەكەی دهۆك كەمە، ئاماژەیان بەوەش كرد كەهیچ پێوەرێك نیە بۆ پشكی پارێزگاكان «.
هاوڵاتی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە دەرمانی نەخۆشی شەکرەی بە قاچاخ هێناوە و دەیویست ساغی بکاتەوە. پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەتۆمەتی هێنانی دەرمانی نەخۆشی شەكرە بەقاچاخ، تۆمەتبارێك لەلایەن بنكەی پۆلیسی حەساری سەربەبەشی پۆلیسی سەیدسادقەوە دەستگیركرا. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە دەست بەشی پۆلیسی سەیدسادق لەبارەی كەسێكەوە كەگومان دەكرێت دەرمانی قاچاخی پێبێت، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچونەكانیان دەستپێكردو دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر بڕێك دەرمانی نەخۆشی شەكرە كە تۆمەتبار بەقاچاخ و بەمەبەستی ساغكردنەوەی هێنابوی". لە ئێستادا تۆمەتبار (س، م، م ) لەدایكبوی 1989 بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 194 لەیاسای گومرگ ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە .
هاوڵاتی سەرچاوەیەکی ئەمنی لە سلێمانی رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ وەستا حەسەنی کەبابچی گیانی لەدەستدا و سەرچاوەیەک لە تەندروستی سلێمانیش دەڵێت، تیمەکانیان بە برینداری گەیاندویانەتە نەخۆشخانە و گوللەیەک بەر سەری کەوتوە. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ وەستا حەسەن لە سیتەکەوە گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و بریندار بووە. پزیشکەکان هەوڵی چارەسەرکردنیان داوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. وەکو سامان نادر باسی کرد، برینەکەی وەستا حەسەن لە سەریدا بووە و شوێنی گولـلەی پێوەبووە. تائێستا لایەنە ئەمنییەکان لەبارەی روداوەکەوە زانیارییان بڵاونەکردوەتەوە.
