هاوڵاتی  پڕۆژەی یەک ڕۆژ گۆڕانکاری پڕۆژەیەکی دیکۆمێنتەری ڕۆژنامەوانییەو لەلایەن دوو ڕۆژنامەوانی کوردەوە کاری لەسەر کراوە و زانکۆی دورهامی بەریتانی بڕیاری کڕینی دەدات و بۆ لەمەودوا پرۆژەکە دەبێتە بەشێک لەسەرچاوەی زانستی بۆ خویندکاران لە زانکۆکە. ئاکۆ ئیسماعیل و شاهۆ عەبدولقادر دوو ڕۆژنامەوانی کوردن و لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێن. ساڵی ٢٠٢٢ بە هاوبەسی لەگەڵ ڕێکخراوی سکیسمستۆن پێشانگایەکی فۆتۆگرافیان لەبارەی جەنگ و لێکەوتەکانی کردەوە بەناوی یەک رۆژ گۆرانکاری کە فۆتۆکان لە کوردستان و عێراق و سوریا تۆمارکرابوون، هەروەها کورتە فیلمێکیان لەبارەی ڕزگاربوویەکی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە بەرهەمهێنا بەناوی بۆنی سێو، کە لە زیاد لە پێنج جار لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەریتانیا و زانکۆکاندا نمایشکراوە.   یەکێک لە گرنگترین گەشتەکانی ئەم پرۆژەیە لە زانکۆی دورهام بوو کە یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگەکانی بەریتانیاو دوای نمایشکردنی لە زانکۆکە بەفەرمی بڕیاری کڕینی تەواوی پڕۆژەکەدرا.   ئەم پڕۆژەیە دەبێتە بەشێک لە سەرچاوەی زانستی بۆ خوێندکاران و بۆ هەمیشە و بەردەست دەبێت، هەروەها زانکۆکە خاوەنی مۆزەخانەی گەورەی شارەکەیە و لە داهاتوو ئەم پڕۆژەیە نمایشی دەبێ لە نێو مۆزەخانەکە.   ئاکۆ ئیسماعیل کە رۆژنامەنووسێکی کوردە و پێشتر پەیامنێری ڕۆژنامەی هاوڵاتی بووە لە کوردستان و ئێستا لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێیە و وتی، ئەم پڕۆژەیە بەشێک لەو کارانەمە کە کاتێک کاری رۆژنامەوانیم دەکرد و ئەو رووداوانەی کاریگەری لەسەرم دروستدەکردن بەتایبەت دیمەنی ئەو پەنابەرانەی کە لەدەستی داعش هەڵهاتبوون تۆمارم دەکردن، کە کارەکە بەگشتی باس لەوەدەکات چۆن جەنگ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی دادەنێت و چۆن ژیانیان دەگۆڕێ. هەروەها چۆن گرنگە رۆژئاوا لەسەر ئەم تاوانانە بێنە دەنگ کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات، چونکە ئەم رووداوانە پەیوەندیان بە هەموو مرۆڤایەتییەوە هەیە.     هەروەها ئاکۆ ئاماژە بەوەدەکا، لە فۆتۆکاندا بە وردی هەست بەوە دەکەیت کە چۆن ژیانی منداڵان گۆراوە. هەروەها لە فۆتۆکاندا چەندین چیرۆکی قوربانیانی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەمان گێڕاوەتەوە بەتایبەت وێنەی عەلی کە یەکێک بووە لە ڕزگاربووەکانی هەڵەبجە و کاتێک گەڕایەوە بۆ هەڵەبجە وێنەیم لە تەنیشت گۆڕەکەیەوە گرت. ئەم پرۆژەیە لە میدیاکانی بەریتانیا بە گرنگییەوە ڕووماڵی کراو هەریەکە لە کەناڵی ئای تی ڤی بەریتانی لەو بارەیەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکات ئەم پرۆژەیە چۆن سەرنجی زانکۆی دورهامی ڕاکێشاوە و بڕیاری کڕینیان داوە و هەروەها کەناڵەکە دەڵێ ئەم پرۆژەیە دەبیتە بەشێک لەو بەرهەمانەی بۆ نەوەکانی داهاتوو بەردەست دەبێ بۆ خوێندکاران.   هەروەها رۆژنامەی زە جۆرنەلیست مەگەزین کە ڕۆژنامەی فەرمی یەکێتی نەتەوەی ڕۆژنامەنووسانی بەریتانیایە و راپۆرتیکی بڵاوکردۆتەوە بەناوی پیشاندانی راستی جەنگ کە باس لەو پرۆژە فۆتۆگرافییە دەکا.   شاهۆ عەبدولقادر، ڕۆژنامەنووس و ڤیدیۆگرافەرێکی خەڵکی کەرکوکە و باسی لە پڕۆژەکەی دەکات و دەڵێ لە مەیدانی جەنگا ھەمیشە لێڵی و ناڕوونی ھەیە، ھەمیشە کاتێک جەنگ دەناسین و لێی تێدەگەین کە تەواودەبێت! من بڕوام بەو چیرۆکانەیە کە دوای جەنگ روودەدەن ، چونکە تارمایی جەنگ ، ھەمیشە لەبوونی قوربانیانی جەنگدا وەک تراوما دەمێننەوە.   هەروەها شاهۆ دەڵێ، بەحوکمی ئەوەی وەک زۆرینەی مرۆڤی رۆژھەلاتی ناوەڕاست و تایبەتتت کورد قوربانی جەنگیین. منداڵیم لەکەمپ و ساتی جەنگدا بووە.   شاهۆ باسی لە فۆتۆکانی دەکا و دەڵێ، من ھاتووم فیگەری منداڵم لەفۆتۆکانم زەق کردووەتەوە وەک یەکەمین و گەورەترین قوربانی جەنگ لەھەمان کاتیش منداڵ ھیمایەبۆ ھیوا . منداڵانی فۆتۆکانم منداڵانێکی خاوەن خەون و ژیاندۆستن، لەھەمان کاتیش گرنگیم بەبابەتی ژینگەی جەنگ داوە ، چۆن کاتێک جەنگ دێت، باڵندەکان ئاسمان جێ دەھێڵن، ماسییەکان دەمرن...   بەپێی ستەیتمێنتی فەرمی زانکۆکە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە بەشێکی هەمیشەیی لە بەشی هونەری ئامادەیی زانکۆکە و لەوێ بەردەست دەبن بۆ نەوەکانی داهاتوو و خوێندکاران و ستافی زانکۆکە هەروەها و ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی زانکۆکەن دەتوانن کارەکان ببینن. لە ڕێگەی بەرنامەی پێشوەختەوە لەگەڵ زانکۆکە.   هەروەها زانکۆکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەم کارە ناوازەیە پاڵپشتی وانەوتنەوە و بەشداریکردنی نوێ لەبواری هونەری پراکتیکی هونەری هاوچەرخ و دەکا و بیری ڕەخنەی بەهێزکر دەکات . هەروەها پڕۆژەکە بەشێوەی ئۆنلاین بۆفیستیڤاڵی هونەری لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەردەست دەبێ.   ئەلێکس کۆڵین ود، سەرپرشتیاری هونەری هاوچەرخ لە زانکۆی دورهام لە چاوپێکەوتنێکیدا ڕایگەیاند، زانکۆکەمان بەرنامەی پێشانگای کورت خایەنی هەیە کە بەشێکە لە پرۆسەی فێرکردن و گەشەپێدانی خوێندکاران، هەروەها ئەم پێشانگایەمان کڕیوەتەوە پڕۆژەکەمان بەلاوە گرنگ بووە بۆ زانکۆکەمان بۆ ئەوەی هەمیشە لەبەر دەست بێ بۆ خوێندکاران بە مەبەستی فێرکردن و بەدواداچوونیان لەبارەی جەنگ و لێکەوتەکانی کە ئاسانکاری دەکات بۆ خوێندکاران.     دورهام یەکێکە لە گرنگترین زانکۆکانی بەریتانیا و کە گرنگی بە هونەری هاوچەرخ و بەڵگەنامەیی دەدات، نزیکەی پێنج هەزار کاری کڕیوەتەوە لە ماوەی نێوان سەدەی بیست و بیست و یەکدا. لەناو ئەم پڕۆژەیەدا کورتە فیلمێکیشی تێدایە کە کاری ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە کوردەیە و لەلایەن کلێر وێبستەرەوە کاری دەرهێنەری بۆ کراوە، لەلایەن ڕێکخراوی سکیمستۆنەوە بەرهەمهێنراوە کاری میوزیکیشی لەلایەن رزگار حەمە ڕەوفەوە بۆکراوە.   لەو بارەیە کلێر وێبستەر کە دەرهێنەرە لە ڕێکخراوی سکیمستۆن وتی، ئێمە خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین کە زانکۆی دورهام ئەم پڕۆژەی کڕیوە ئێمە شانازی دەکەین کە زانکۆکە لە ئاستی بەرزی ئەم کارانە تێگەیشتوە و بڕیاری کڕینیداوە. ئەم پڕۆژەیە دەچێتە خوێندنگاکان و بەردەست دەبێ بۆ هەموان تاکو خەڵک تێبگەن کە چی روودەدا. ئەمە سودی زۆری بۆ خوێندکاران و هەموو ئەوانە دەبێ کە لەداهاتوودا ئەم کارە دەبینین. چۆن ژیانی خەڵکی گۆڕاوە لە ماوەیەکی کەمدا. ئەم کارە گرنگییەکەی لەوەدایە کە چۆن ئەم وێنانە زانیاری دەدات بەوانەی دەیبینن و چۆن دەتوانێ بیرکردنەوەی خەڵک بگۆڕێ.  

هاوڵاتی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی  رایگەیاند، لە 5ی ئادارەوە تاوەکو رۆژی 15ی مانگی حوزەیران راوەماسی قەدەخەیە و "سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە." ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو ساڵی رابردوودا، 166 کەس بەهۆی سەرپێچیکردن لە رێنماییەکان دەستگیرکراون. عەمید هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، قەدەخەکردنی راوەماسی لە دەریاچە، گۆماو و رووبارەکانی پارێزگاکە راگەیاند. قەدەخەکردنی راوەماسی، بەهۆی ئەوەیە کە ماسییەکان لەو ماوەیەدا گەرا دادەنێن و بۆ پاراستنیانە لە لەناوچون بەهۆی ئەوەی ساڵانە نزیکەی دوو هەزار تاوەکو سێ هەزار تۆن ماسی لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان راو دەکرێن، ئەمە جگە لە رووبارەکان کە بەرهەمێکی کەمیان هەیە. عەمید هێمن کەمەرخان گوتی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی هۆبەی سامانی ماسی، بە نووسراوێکی فەرمی ئاگادارکراونەتەوە، لە رۆژی 05-03-2023 تاوەکو 15-06-2023 بەهەموو شێوەیەک راوکردنی ماسی قەدەخەیە.  وتیشی، لەپێناو پاراستنی سامانی ماسی، بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو، مەفرەزەکانی سەر دەریاچە و  رووبارەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە راوەماسی. دەشڵێت، "لەو ماوەیەدا هەموو جۆرەکانی راوەماسی بە ژەهر، تەقەمەنی، ماشە، تۆڕ قەدەخەیە و سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە." ئەوەشی ئاشکراکرد ، ساڵی 2021 نزیکەی 110 هاووڵاتی و ساڵی رابردووش 56 هاووڵاتی لەسەر راوەماسی دەستگیرکراون رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە. 

هاوڵاتی جەمیل بایک رایگەیاند، کوڕ، زاوا، کچ، خزم و کەسوکار و دەوروبەرەکانی ئەردۆغان هەموو بەهۆی کاری گەندەڵی و بەرتیلەوە ناویان کەوتووەتە سەر زار. جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئاماژەی بە پرسی هەڵبژاردن، بومەلەرزە و گەندەڵی لە تورکیادا کرد. جەمیل بایک وتی، "بومەلەرزە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دادەبێت. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بەدڵنیاییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات. تاکە کارت کە بەدەستیانەوە ماوە نەتەوەپەرستیە. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگا لە هەموو ئاستێکدا برسی کراوە، گەندەڵی و کردەوەی چەوت دەکرێن، گوشار و ستەم لەسەر کۆمەڵگا هەیە، کۆمەڵگا وەک پێشتر ناکەوێتە ژێر کارتێکەری پرۆپاگەندەی نەتەوەپەرستی، لەو بڕوایەدا نیم کە وەک پێشوو پاڵپشتی لە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە بکات." بایک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، ئاشکرایە کە لە هەڵبژاردندا هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بە پێشەنگایەتی هەدەپە یەکلاکەرەوە دەبێت. هاوپەیمانی کۆمار و گەل باش ئەوە دەزانن. بە بێ پشتیوانی هەدەپە نە هاوپەیمانی کۆمار و نە هاوپەیمانی گەل ناتوانن بیبەنەوە و دەڵێت، "هەڵبژاردن دوابخرێت و دوانەخرێت ئەو راستیە ناگۆڕێت. بە بڕوای من کامە کاندید یاخود هاوپەمانی بە شێوەیەکی ئەرێنی و یەکگرتوو مامەڵە لەگەڵ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیبوونی تورکیا بکات، هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش پشتیوانی ئەوان دەکات. هەدەپە و پێکهاتەکانی ئەو دۆخە یەکلاکەرەوە و گرنگەی خۆی بەو تێگەیشتنە بەرپرسیارانەیە هەڵدەسەنگێنێت.هەڵبژاردن لە کاتی خۆیشیدا بکرێت بە بڕوای من هەدەپە و هێزە دیموکراسییەکان بۆ ئەوە ئامادەن." هاوسەرۆکی کەجەکە لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، " لە راستیدا ئاکەپە دۆڕاندوویەتی. وای بۆ دەچم لە مێژووی تورکیادا هەرگیز وەک ئێستا کاری گەندەڵی، دزی و پێشێلکاری نەکراوە. کوڕ، زاوا، کچ، خزم و کەسوکار و دەوروبەرییەکانی ئەردۆغان هەموو بەهۆی کاری گەندەڵی و بەرتیلەوە ناویان کەوتووەتە سەر زار. کۆمەڵگا باش ئاگاداری ئەوەیە. لەماوەی دەسەڵاتداری ٢٠ ساڵەدا بە ئاشکرا دەرکەوتووە کە دەسەڵاتداری ئاکەپە چەندە نادادپەروەرە، بەرژەوەندیپەرستە. کۆمەڵگاش ئەوەی بۆ دەرکەوتووە. ئابووری تورکیا دەتوانرێت بوترێت لەناوچووە، هەڵاوسان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی ٤٠ ساڵی رابردوو. هەژاری و بێکاری لە بەرزترین ئاستدایە. هاوکات ناسەقامگیری سیاسی زۆر دەبێت. ئاکەپە لەگەڵ سیاسەتی ئێستای جیهانیش یەکناگرێتەوە و ناتەبایە. ئەردۆغان بە مێشکی عوسمانی و نەتەوەپەرستی وشکی خۆی هەموو کەسی کردووە بە دوژمن. هەربۆیە مسۆگەرە کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئاکەپە لە دەسەڵات لادەدرێت." بایک لەبارەی چارەسەری پرسی کوردیش دەڵێت، " ئەوە ڕاستییەکە کە ئەمریکا لە دژی هە بوونی گەلی کورد و خەباتی ئازادی، پشتیوانیی سەربازی، ماددی، سیاسی و دەروونی بێکۆتایی بە دەوڵەتی تورک کردووە. ئەگەر وا نەبوایە دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی شەڕێکی وەها درێژخایەن لە دژی گەلی کورد و پەکەکە ئەنجام بدات و نەیدەتوانی هێندە بە ئاسانی مامەڵە بکات و هەموو جۆرە شەڕێک ئەنجام بدات، نەیدەتوانی تاوان و کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات، چونکە لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرا. ئاشکرایە کە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و هێزە نێودەوڵەتییەکان پشتگریەکی زۆریان لە دەوڵەتی تورک کردووە. تاوانیان ئەنجامداوە کە پێویستە بەپێی یاسای شەڕ و تاوانی قڕکردن دادگایی بکرێن، بەڵام کەس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکات. ئێمە چاوەڕوانیمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بە تایبەت لە ئەمریکا. بەڕاستی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانن زۆر شت بکەن. ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دەوڵەتی تورک هەیە. هۆکاری ڕوون بۆ ئەمە هەیە. لەبەرئەوەی ئەمریکا لە هەموو ئاستێکدا پشتیوانی دەوڵەتی تورک دەکات، لە شەڕی کورد و پەکەکەدا. کێشەی متمانە لە نێوانیاندا لەم بابەتەدا نییە. وەک ڕوونم کردەوە دەوڵەتی تورک ناتوانێت بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ لەم شەڕە بەردەوام بێت ئەگەر لە دژی ناڕەزایەتی ئەمریکا بێت. ئێمە و دەوڵەتی تورکیش زۆر باش ئەمە دەزانین. لەم ڕووەوە ڕۆڵی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگە. پێویستە فشار بخاتە سەر تورکیا، هانی بدات کە دەستبەرداری ستراتیژ و پیلانی شەڕ بێت و چارەسەری دیموکراسی و سیاسی قبوڵ بکات. ئەگەر وابێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە چارەسەرکردندا."

ئیمان زەندی دوای هەشت ساڵ هێشتا هەڵەبجە بە فەرمی نەركراوە بە پارێزگا و هیچ بودجەیەكیشی وەكو پارێزگا نیە، پارێزگای شارەكەش دەڵێت: كەیسی پارێزگا گەشتوەتە بەردەم محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بڕیارە لەیادی كیمیابارنی هەڵەبجەدا بەفەرمی بكرێت بە پارێزگا،لەبەرامبەردا سەرچنار ئەحمەدی پەرلەمنتاری دەستلەكاركێشاوە  ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: لەو باوەڕەدانیم عێراق لە١٦/٣ ئەو بڕیارە بدات، چونكە حكومەتی هەرێم ئێمەی خستوەتە نێو دوو كێشەوە كەگرفتی یاساییەو حكومەت خۆی لێدەدزێتەوە. ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە هاوڵاتی رایگەیاند: «لەمانگی شەشی ٢٠١٤ موسڵ لەلایەن داعشەوە دەگێرێت و نرخی نەوت دادەبزێت و بودجە نایەت بەمەش قەیران لەزاخۆوە بۆ كفری دەگرێتەوە، هەڵەبجە لەدۆخێكی خراپی لەوشێوەیە دەبێت بەپارێزگا، دوەم هەڵەبجە كاتێك دەبێت بەپارێزگا لەسەر میلاكی قەزایەك دەبێت، لەكاتێكدا پارێزگا پێویستی بەدامەزراندنی بەرفراونترو بەڕێوەبەرایەتی زیاتر هەیەو دەبێت بودجەی هەبێت، بەڵام پارێزگای هەڵەبجە بودجەی نیە، هەرچەندە حكومەت هەنگاوی جدی ناوە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی»، وتیشی: «ئەوەندەی قسە لەگەڵ تۆ دەكەین هەواڵێك بۆ بەپارێزگابون نیە بۆ! چونكە تاساڵی پار لە١٦/٣ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئەجندایەك بڕیاری بەپارێزگابونی هەڵەبجەیداو ئەو بریارەشی خستەبواری جێبەجێكردنەوە و لەوێشەوە روبەروی ئەنجومەنی وەزیرانی كردەوە، بەڵام سەرۆكی وەزیرانی عێراقی ئەوكاتە ماوە بەسەرچوبوو، هەربۆیە لەبەر هەڵبژاردن كەیسەكەی راگرت تاوەكو ئەمساڵ، بەوهۆیەوە مانگی یەكی ئەمساڵ محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند رێكارە یاساییەكان بۆ بەپارێزگابون دەگرینەبەر ئەمە مژدەیەكی خۆش بوو، هیوادارین بۆ یادی ئەمساڵ هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەفەرمی وەك پارێزگا بناسێنرێت». پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشكرد: «ئەم كەیسە لای حكومەتی عێراقیە بەڕێز عادل عەبدول مەهدی و عەلاوی و مالیكی لەگەڵ كازمی دەبێت ئەوان بڵێن بۆ نەمانكردوە بەپارێزگا، و  لەوكاتەوەی هەڵەبجە پارێزگایە ئەگەر ملیۆنێك دۆلاری بۆ هاتبێت مەمنونی خوداین، بەڵام وەكو بودجە ئەویش ملیۆنێك نابێت، بودجەی كاروباری ئیداری ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن دینارە وەكو قەرزیش قەرزمان نەكردوە، و ئەنجومەنی پارێزگاش لای حكومەتە زۆر قورس نیە حكومەتی هەرێم دەڵێت؛ مانگی یانزدەی ئەمساڵ هەموو لایەنە سیاسیەكان و كۆمسیۆن رێكەوتون هەڵبژاردن بكرێت بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەتوانن لەپاڵ ئەوەدا دەنگیش بدرێت بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان»، وتیشی: «٢٥٢ پرۆژە وەستاوە، پرۆژەی بیناكان لەنێوان سەدا ١٠ بۆ ٧٠ تەواو كراون». كە قسە دەكەین تۆمەتبار دەكرێین هاوكات نوخشە ناسیح، قائیمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:»دوای شەڕی داعیش هەڵەبجە بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیدارەی پارێزگاكە لەهەوڵی ئەوەدابوە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكان دروست بكات و كەمتر گرفت بێتەپێشەوە، پرۆژەكان ئەوانەی لەسەر پترۆدۆلارن زۆربەیان جێبەجێنەكراون بەهۆی بازاڕی دۆلارو دۆخی كوردستان، و لەساڵی ٢٠٢٢ بڕیاردرا ٤٠ پرۆژە بخرێتەوەكار بەڵام تائێستا یەكێكیان نەكەوتوەتەوە كار بەهۆی ئەوەی نەختینە نیە لەبانكەكان»، وتیشی: «دوو مەرزمان هەیە مەرزی تەوێڵە شوشمێ لەگەڵ پشتە كەنیمچە فەرمین و كاری بازرگانی لێوە دەكرێت و پێویستە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە بڕیاری كۆتاییان بۆ دەربچێت و ببێت بەفەرمی هاوشێوەی مەرزی باشماخ و پەروێزخان كە ٢٤ كاتژمێرین، مەرزەكانیش داهاتیان هەیەو كاری تێدادەكرێت، بەڵام ٢٤ كاتژمێری نیە وە هاتوچۆی گەشتیاریش لەوێوەیە، جیا لەمانەش مەرزی سازانمان هەیە سەرقاڵی كاركردنین هەتاوەكو بكرێتەوەو هەڵەبجە لەو چەقبەستوییە رزگاربكەین، گەنجینەی هەڵەبجە كاروباری ئیداری بەڕێوەبەرایەتیەكان بەڕێوەدەبات بەڵام داهاتی نیە چونكە هەندێك لەبەڕێوەبەرایەتییەكان تەواو نەبوە، مەرزەكانیش لەبەرئەوەی بەرێوەبەرایەتی گومرگمان نیە داهاتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ گومرگی سلێمانی، نەكردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیەكانیش بەهۆی نەبونی میلاكەوەیە». لەبارەی گرفتەكانی پارزگا كە تاچەند پەیوەندیدارە بەكێشەكانی پارتی و یەكێتی بەتایبەت پشكەكان، نوخشە ناسیح دەڵێت: «بێگومان هەر ناكۆكیەك لەنێوان لایەنێكی سیاسیدا هەبێت چ یەكێتی یان پارتی یاخود حزبەكانیتر كاردەكاتەسەر ئیدارەی هەموو شوێنێك نەك تەنها هەڵەبجە». «ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە ١٤٠ هەزار كەسە، هەوڵمانداوە لەگەڵ لایەنەكان قسە بكەین هەتاوەكو پرۆژەی ستراتیژی گەشتیاریش بێنن، بەراستی هەندێكجار ئێمە وەكو ئیدارە هەندێك قسە دەكەین تۆمەتباریش دەكرێین لەسەر ئەوەی كە دەڵێین پڕۆژەكان بدرێت بەكۆمپانیایەك كەئەزمونی هەبێت و كاری پردی كردبێت ئەگەر بەنرخێكی زیاتریش بێت، نەك كۆمپانیایەك نەشارەزابێت لەوبوارە»، نوخشە ناسیح وای وت.   هەڵەبجە بە پەراوێزخراوی ماوەتەوە هەر سەبارەت بە گرفتەكانی بەردەم بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، حەكیم سەید نەجیب، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە لە لێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی رایگەیاند:» هەڵەبجە پشتگوێخراوە چونكە لەسەرەتای بەپارێزگابونییەوە قەیرانی دارای دروستبوەو هیچ بودجەیەكیش نەچوەتە پەرلەمان تاوەكو دەنگی بۆ بدرێت هەربۆیە بەپەراوێزخراوی ماوەتەوە، زۆربەی پرۆژەكان لەسەر پترۆدۆلارە ئەو پرۆژانەشی هەیە هەموی لەساڵەكانی ٢٠١٢و ٢٠١٣ دەرچوە لە دوای ئەوەوە هیچ پڕۆژەیەك دەرنەچوە، بەڵام لەكۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دوو سێ پرۆژەی بچوك دەرچوو ئەوانەش گرفتی خەرجكردنی پارەیان هەیە، بەڵام بەرێوەبەری بانكی هەرێم لەسلێمانی نەرمی نواندوەو كەم كەم پارە دەنێرێت». نیوەی بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان دەستبەكارنەبوون سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە راشیگەیاند: «بەڵێ هەموو بەرێوەبەرایەتیەكان نەكراونەتەوەو ئەوانەشی كراونەتەوە فەرمانبەرێكی كەمیان بەگرێبەست بۆ دانراوە بەڵام فەرمانگەكانیتر فەرمانبەرانی فەرمانگەكانیتریان بردوە، بەنمونە سێ بەرێوەبەرایەتی كراوەتەوە كەگەشتوگوزارو شارەوانیەكانن لەگەڵ نەخشە، ئەندازیاری شارەزای ئێمەیان بردوە كەئێستا شوێنەكانیان بەتاڵە، تاوەكو ئێستاش سایلۆمان نیە، و بەلایەنی كەمەوە بڕی ١٥٠ ملیار دینار پڕۆژەمان وەستاوە، پڕۆژەی ڕێگاو بانیشمان هەیە تەواونەكراون». هاوكات سەرچنار ئەحمەد، پەرلەمانتار دەستلەكاركێشاوەی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، بە هاوڵاتی وت: « گرفتەكان لەسێكتەری تەندروستی و شێوازی دامەزراندن و نەبونی خزمەتگوزاری و ئەنجومەنی پارێزگایە لەگەڵ جێبەجێ نەكردنی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ٢٠١٥ـی بەپارێزگابونی هەڵەبجە، هەروەها جێبەجێنەكردنی بڕیاری ژمارە ٢٣ـی ساڵی ٢٠١٤ كە هەڵەبجە پایتەختی ئاشتیە واتە هەموو كۆبونەوەیەكی پێكەوەژیانی ئاشتیانە دەبێت لەهەڵەبجە بكرێت، هەربۆیە یەك كۆبونەوە لەهەڵەبجە نەكراوە چونكە هۆڵی شایستەو میوانداری تێدانیە، لەساڵی ١٩٩٩ەوە پەرلەمان بڕیاریداوە هەڵەبجە بكرێت بەپارێزگا دواتر لەساڵی ٢٠١٥ یاسای بۆ دەرچوو ئەنجومەنی بۆ دابنرێت، بەوهۆیەوە هەموو حزبەكانمان كۆكردەوە زیاتر لە٤٠ كۆبونەوەمانكرد لەناو هەڵەبجە هەر ڕێكنەكەوتن، هۆكاركەش ململانێی سیاسیە لەنێوان حزبەكان بەتایبەت یەكێتی و پارتی، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ٢٠١٥ ئاماژە دراوە كە هەڵەبجە پێویست ناكان بەهەڵبژاردن ئەنجومەنی بۆ دابنرێت، بەڵكو بەدامەزراندن، بەڵام وتیان؛ چەند پۆست لەهەڵەبجە وەربگیرێت دەبێت لەهەولێریش وەربگیرێت!، ئەوە هەشت ساڵە ئەو یاسایە جێبەجێنەكراوە». ناوبراو ئەوەشی ئاشكراكرد: «لەو باوەڕەدانیم عێراق لە١٦/٣  بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواوبكات، چونكە حكومەتی هەرێم ئێمەی خستوەتە نێو دوو كێشەوە كەگرفتی یاساییەو حكومەت خۆی لێدزیوەتەوەو دەڵێن پەیوەندی بەحكومەتی عێراقیەوە هەیە لەگەڵ نەبونی خزمەتگوزاری و دەستی ئاوەدانی»، وتیشی: «چوارساڵە لەم خولەی پەرلەمانین كەكابینەی نۆیەمە سەرۆكی حكومەتی هەرێم یەكجاریش نەهاتوە سەردانێكی هەڵەبجە بكات بەیادەكەشەوە هەمویی بێ باكە». هاوكات سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «پەرلەمان بەپێی توانای لەچوارچێوەی كاری پەرلەمانی و دەرچواندنی یاسادا كاری بۆ پارێزگای هەڵەبجە كردوە، وەك لەیاسای ژمارەی یەكی ساڵی ٢٠١٥دا ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی بەفەرمیكرد، بەڵام هەندێك رێكاری ئیداری ماوە كەپەیوەست نیە بەهەرێمی كوردستانەوە، بەڵكو پەیوەستە بەحكومەتی مەركەزی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەربۆیە دەستپێشخەری بەردەوامیان هەیەو عێراق هەنگاوەی جدی نەهاویشتوە»، وتیشی: « گرفتەكان زۆرن گرفتی یاسایی و ئیداری و خزمەتگوزارییە گشتیەكانیان هەیە، نەچونە پێشەوەی قۆناغی كارە ئیدارەیەكان و جێبەجێنەكردنی داخوازییەكان بابەتێكیترەو پەیوەستە بەلایەنە پەیوەندیدارەكان لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە».    

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، کۆمارى ئیسلامى ئێران لە دەستپێشـخەرییـەکدا بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، رێگە دەدات هەر هاووڵاتییەک پاسپۆرتەکەی ماوەی بەسەرچوونەکەی لە شەش بۆ سێ مانگ مابێت، گەشتی ئەو وڵاتە بکات. بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەنراوێکدا  باسی لەوەشکردوە، "لەبەرئەوەى دەفتەرى پاسپۆرت لە عێراقدا نەماوە، کۆمارى ئیسلامى ئێران لە دەستپێشخەرییەکدا بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ڕێگا دەدات هەر پاسپۆرتێک ماوەکەی ( لەشەش بۆ سێ مانگی تیامابێت) هاوڵاتییەکە لە کونسوڵگەرى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەتوانێت ڤیزا وەربگرێت". ئەوەش هاتوە، ئەو کەسانەی پاسپۆرتەکانیان زیاتر لە سێ مانگی ماوە دەتوانن سەردانى ئێران بکەن بە تایبەت ئەو کەسانەى زۆر پێویستیانە لەم کاتەدا، چونکە بەشێوەیەکى گشتی پێویستە پاسپۆرت ماوەی شەش مانگ زیاترى تیامابێت ئەو کات دەتوانێت گەشتی پێ ئەنجام بدرێت بۆ ئێران بەبێ ڤیزا. بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی دەڵێت ،لەبەرئەوەى دەفتەرى پاســــپۆرت لە عێراقدا نەماوە، کۆمارى ئیسلامى ئێران وەک هاوکارییەک بۆ دانیشتوانى هەرێمى کوردستانی ئەو دەستپێشخەرییەی راگەیاندوە تا بتوانن بەبێ نوێکردنەوەی پاسپۆرت گەشتەکانیان ئەنجام بدەن بەپێی ئەو ماوەیەی ئاماژەی پێدراوە.

هاوڵاتی – دهۆک ساڵێك و چوار مانگە موچەی نزیكەی 90 ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیەكانی سنوری پارێزگای دهۆك بڕاوە و داوای شایستەی خزمەتیان دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە ئەندامانی شارەوانیەكانی هەولێر و سلێمانی تا ئێستاش مانگانە موچەی خۆیان وەردەگرن. موراد سەعید، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ناحیەی چەمانكێ لەسنوری قەزای ئامێدی بە هاوڵاتی  وت:»لە 2001 بەدەنگی خەڵك هەڵبژێردرام، 21 ساڵ خزمەتم كردوە، لەهیچ وڵاتێكی دونیا نەبووە ئەو هەموو خزمەتە بكەیت و دواتر پێت بڵێن بڕۆماڵەوە و بەبێ هیچ شایستەیەكی دارایی، ئێمە موچەمان بڕاوە و خانەنشینیش نەكراوین ، بۆ هەر شوێنێكیش دەچین  دەڵێن ئێوە لەسەر حەقن بەبێ ئەوەی چارەسەرێكمان بۆ بدۆزنەوە». وتیشی:» ئەوە ساڵێك و چوار مانگە موچەكەمان بڕاوە، 20 ساڵە ئەوە ئیشمان بووە، دەبێت تازە بەدوای كارێكی تر بگەرێین و هەمووشمان لەروی تەمەنەوە گەورەبووین، لەهەمووشی ناخۆشتر بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران تەنها لە دهۆك جێبەجێكراوە و تا ئێستا ئەندامانی شارەوانی لە هەولێر و سلێمانی موچەی خۆیان وەردەگرن». عەزیزحەسەن، نوێنەری ئەندامانی شارەوانیەكانە لە پارێزگای دهوك بە هاوڵاتی راگەیاند:»  ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەكان نزیكەی 90 كەسە و  هەموو ئەندامان خزمەتیان لەنێوان 15بۆ 22 ساڵە، سەردانی حیزب و حكومەت و لایەنی پەیوەندیدارمان كردوە بەڵام بێسوود بووە، هیچ كەسێك شتێكی دڵخۆشكەری  بۆ نەكردوین، داواكاری سەرەكیمان ئەوەیە هەموو ئەندامان فەرمانی خانەنشین بوونیان بۆ دەربچێت تا بەلایەنی كەمی مانگانە موچەیەكمان هەبێت و بتوانین بەو مووچەیە ژیانی خۆمان بەرێوەببەین». ئەنجومەنی شارەوانیەكان لە 2001 ەوە هەڵبژێردراون و ساڵی 2021 ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێكی لەبارەی ئەنجومەنی شارەوانییەكان دەركرد و تیدیا بڕیاریدا ئەنجومەنی شارەوانییەكان لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكان و رێژەیەك لە رێكخراوە ناحكومیەكان و ژمارەیەك ئافرەت پڕبكرێتەوە. رزگار سدقی، سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەو بارەیەوە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» ژمارەیەك لەئەندامانی پێشووی شارەوانی سەردانی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكیان كرد، لەنزیكەوە ئاگاداری كێشەكانیانین، ئێمە لەسەر خەتین لەگەڵ حكومەت و پەرلەمان تا كێشەكەیان چارەسەربكرێت». وتیشی:» ئێمە ناتوانین كێشەكەیان چارەسەربكەین ، پێویستە ئەنجومەنی وەزیران چارەسەری بابەتی ئەوان بكات، یان پەرلەمانی كورستان یاسایەكە هەموار بكاتەوە و بڕگەیەكی تایبەت بەچارەنوس و ئیمتیازاتی ئەندامانی پێشووی شارەوانی دەستنیشان بكات چونكە ناكرێت دوای 15بۆ20 ساڵ لە خزمەتكردن بەئاسانی پێیان بڵێن بڕونەوە بۆماڵەوە، لە هەولێر و سلێمانی تائێستا ئەندامانی تازە هەڵنەبژێردروان و ئەندامانی پێشوو موچەكەیان وەردەگرن».

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت و له‌هه‌ندێك ناوچه‌ش باران ده‌بارێت. ئه‌مڕۆ هەینی 03 – 03 - 2023 ، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: پێشبینىدەکرێ ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت , لە هەندێک ناوچە بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک ئەگەری کەمێک باران بارین هەیە . هەروەها پلەکانی گەرما لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ نزیکدەبنەوە وخێراى با لەسەرخۆ- مام ناوەند دەبێت ( 15 - 25) کم/ک . ئاراستەی با / باشوری خۆرهەڵات دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :   وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی شەممە 04 – 03 - 2023 ڕایگەیاند ئاسمان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت , لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو . هاوکات پلەکانی گەرما نزمتر دەبێت لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ بە نزیکەی 1 تـــا 2 پلە  و سەبارەت بە خێراى باش  لەسەرخۆ- مام ناوەند دەبێت ( 10 - 20) کم/ک , هەندێک کات چالاک دەبێت بۆ سەرووی 30 کم/ک . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 21 پلەى سیلیزى سلێمانی : 21 پلەى سیلیزى دهۆک : 20 پلەى سیلیزى کەرکوک : 24 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 21 پلەى سیلیزى زاخۆ : 21 پلەى سیلیزى سۆران : 20 پلەى سیلیزى گەرمیان : 25 پلەى سیلیزى

هاوڵاتی  دوای 10 ساڵ دواجار ئێران بە كردنەوەی تونێلێكی 36 كیلۆمەتری دەیەوێت قەیرانی وشكبونی دەریاچەی ورمێ چارەسەر بكات كە بڕیارە ساڵانە 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە پیرانشار بەرەو دەریاچەكە بگوازێتەوە، بەڵام ئەو پڕۆژەیە بە بانگەشەیەكی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەقەڵەم دەدرێت كە زیانەكانی لە سودەكانی زۆر زیاترە. زیانی ئەو پڕۆژەیە جگە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە چونكە دەبێتە مایەی كەمبونەوەی ئەو سەرچاوانەی كە دەڕژێنە زێ بچوك. ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندوە تەنها لەو كاتانەدا ئاوی بەنداوی كانی سێو بۆ دەریاچەی ورمێ بەر دەدرێتەوە كە كاتی كشتوكاڵ نەبێت و زیان بە دانیشتوانی ناوچەكە نەگەیەنێت و رەچاوی مافی ئاوی وڵاتانی دراوسێ دەكرێت، بەڵام بڕیارە رێژەی ئەو ئاوەی كە رەوانەی  دەریاچەكە دەكرێت بەپێی توانا و پێویستی بۆ دوو هێندە زیادبكرێت كە ئەوەش دەبێتە مایەی كەمبونەوەی زۆربەی سەرچاوە ئاوییەكانی سەر زەوی و ژێر زەوی لە سنوری نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان. محەمەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ و ئەندامی دەستەی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاندوە پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بە بودجەی (150) ملیار تومەن لە رابردودا كە دەكاتە نزیكەی سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لە ماوەی حەوت مانگدا لە لایەن ناوەندی (خاتەمولئەنبیا)ی سەر بە سوپای پاسداران جێبەجێكراوە. ئێران گەیاندنی ئاوی لە بەنداوی كانی سێو لە سەردەشت بۆ دەریاچەی ورمێ بە گەورەترین پڕۆژەی ژینگەپارێزیی رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا ناودەهێنێت لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە بە هۆكارێك بۆ وشكبونی سەرچاوەكانی ئاوی سەردەشت و پیرانشار لەقەڵەم دەرێت كە هاوسنورن لەگەڵ هەرێمی كوردستان.   پلانی سوپای پاسداران لە كانی سێو بۆ زێی بچوك لە (24/2/2023) بە ئامادەبونی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران لە پارێزگای ورمێ بەشی یەكەمی گواستنەوەی ئاو بۆ دەریاچەی ورمێ لە بەنداوی كانی سێو دەستی پێكرد كە شەش ساڵی خایاندوە و ئەوەش لە میدیاكانی سەر بە دەسەڵاتی وڵاتەكەوە بە پڕۆژەیەكی گەورەی ژینگەیی وەسفكرا كە گوایە لەلایەن كابینەی حكومەتی ئێستا جێبەجێكراوە. بەنداوی كانی سێو لە پیرانشار روبەرەكەی لە 20 كیلۆمەتر نزیك دەبێتەوە و توانای گلدانەوەی ئاوی لە نێوان 221 ملیۆن بۆ  713 ملیۆن مەتر سێجا هەیە و كە ئاوی گلدراوەی ئەو بەنداوە لە رێگەی 36 كیلۆمەتر تونێل كە هەشتا مەتر دەكەوێتە قوڵایی زەوی و 11 كیلۆمەتر جۆگە و كەناڵی ئاو و 28 كیلۆمەتر روباری گادەر دواجار دڕژێتە دەریاچەی ورمێ. بە گشتی دەیان روباری بچوك و گەورە دەڕژێنە بەنداوی كانی سێو كە بەرچاوترینیان چەمەكانی (كەڵوێ، كەڵۆسێ، ریزی، خدراوێ، خاسی، بادیناوێ، پردانان)ە. كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندوە بڕی 980 ملیۆن دۆلار بۆ قۆناغی یەكەمی گەیاندن و گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بۆ دەریاچەی ورمێ خەرجكراوە و 26 پڕۆژەی دیكە بۆ بوژاندنەوەی دەریاچەكە جێبەجێ دەكرێت كە زۆربەیان لە لایەن كۆمپانیاكانی سەر ناوەندی خاتەمولئەنبیا كە خاوەندارێتییەكانیان دەگەڕیتەوە بۆ سوپای پاسداران جێبەجێكراوە. كەمال حسێن پور، نوێنەری پیرانشار لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاندوە؛ ئەو پڕۆژەیە و گەیاندنی ئاو بە تونلێل بۆ دەریاچەی ورمێ، كانی و بیری ئاوەكانی ناوچەكە وشك دەكات و ئەوەش قەیرانی دیكەی كەمئاویی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە دروست دەكات. یەكەم قۆناغی گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بەرۆكی سەرجەم ئەو روبارو سەرچاوانە دەگرێت كە دەڕژێنە زێی بچوك لەهەرێمی كوردستان و هاوشێوەی ساڵانی رابردو كێشەی گلدانەوە و گرتنەوەی ئاو لە لایەن ئێرانەوە دەبێتە كارتێكی فشار دژی هەرێم و تەنانەت عێراقیش.   ئاوی كانی سێو دادی دەریاچەی ورمێ نادات لەلێكۆلینەوە زانستییەكاندا سەبارەت بە بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دەركەوتوە كە دەبێت ئاوی ئەو دەریاچەیە بگاتە ئاستی هەزار و 274 مەتر بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا ئاو لە ساڵێكدا هەیە، بەڵام پڕۆژەكەی ئێستای ئێران تەنها 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگەیەنێتە دەریاچەكە. بە پێی دوایین ئامار لە 10 ساڵی رابردوودا بڕی سێ ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاوای دەریاچەی ورمێ بەهۆی زیادەڕوییەكانەوە كەمی كردوە و تەنها لە ساڵی رابردودا هەزار و 500 كیلۆمەتر لە روبەڕەكەی بە تەواوەتی وشكبوە لە كاتێكدا برێار بوو چوار ملیار دۆلار لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا بۆ بوژانەوەی دەریاچەكە تەرخان بكرێت.   بیابانێكی وشك و سوێر دەریاچەی ورمێ كە بە دەریاچەی خوێ ناو دەهێنرێت بە گەورەترین دەریاچەی كوردستان و لە ساڵی 1998 بە 25ەمین دەریاچەی گەورەی جیهان لەقەڵەم دراوە، ئەگەر ئەو دەریاچەیە لە قەیرانی بێ ئاویی رزگاری نەبێت مەترسی رودانی خوێبارین هاوشێوەی خۆڵبارین هەیە كە ئەوەش بە روداوێكی مەترسیداری ژینگەیی ناودەهێنرێت. روبەری دەریاچی ورمێ كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی كوردستان لە ساڵی رابردوودا سێ هەزار و 607 كیلۆمەتر دوجا بوە بەڵام ئەمساڵ روبەرەكەی بۆ دوو هەزار و 396 كیلۆمەتر كەمی كردوە. وشكبوونی ئەو دەریاچەیە ژیانی 14 ملیۆن كەس دەخاتە مەترسییەوەو رووبەری پێنج هەزار و 257 كیلۆمەتر زەویش لە نزیك ورمێ دەبێتە بیابانی خوێ. دەریاچەی ورمێ 22 ساڵە روبەڕوی وشكەساڵی دەبێتەوە و ساڵی 2015 لە وێنەكانی مانگی دەستكرددا دەركەوتوە  نزیكەی 88٪ی وشكبوە و ئەمساڵیش بە پێی خەمڵاندنەكان و وێنەكانی مانگی دەستكرد زیاتر لە 95٪ی ئاوەكەی وشكبوە و دەریاچەكە بوەتە بیابانێك لە خۆڵ و خوێ. دەسەڵاتی ئێران لەساڵی 2012 ناوەندی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێی پێكهێنا و بڕیاربوو لەچوارچێوەی پلانێكی 10 ساڵیدا قەیرانی وشكبونی دەریاچەكە چارەسەر بكرێت. لە سەرەتای بەهاری ساڵی رابردوودا تەنها 25 سانتیمەتر ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بەرزبوەتەوە كە ئەویش بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما 22 سانتیمی بووە بەهەڵم و تەنها سێ سانیتم لەئاوی ساڵی رابردوی تێداماوە. ئاستی ئاوی ئێستای دەریاچەی ورمێ دوو ملیار و 480 ملیۆن مەتر سێجایە، ئەو بڕە لە ساڵی رابردوودا یەك ملیار و 440 ملیۆن سێجا بووە، لەكاتێكدا ئەو دەریاچەیە دەبێت لە حاڵەتی ئاسایی خۆیدا 13 ملیار مەتر سێجا ئاو لەخۆی بگرێت. لە راپۆرتەكانی تیمی كۆنتڕۆڵی قەیرانی دەریاچەی ورمێ دەركەوتووە ئەو دەریاچەیە پێوییستی بە پێنج تا 12 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە بۆ ئەوەی كارەساتی سروشتی لەو ناوچەیەی رۆژهەڵاتی كوردستان و دەوروبەری روونەدات. پێشتر بەڕێوبەری كۆنتڕۆڵی قەیرانەكانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: 95٪ی ئاوی دەریاچەكە كەمی كردوە و دەریاچەی ورمێ لە هەموو كاتێك زیاتر مەترسیی وشكبونی لەسەرە. پلانی هەڵەی بەكارهێنانی ئاو و گۆڕینی رێڕەوی ئەو سەرچاوانەی كە پێشتر دەڕژایە دەریاچەی ورمێ، هۆكاری سەرەكی وشكبونی دەریاچەكە بووە  چونكە ئاوی ئەو دەریاچەیە بەشێوەیەكی نەگونجاو بۆ كشتوكاڵ و كارگە پیشەسازییەكانی پارێزگای تەبرێز و چەند ناوچەیەكی دیكە لەئێران بەكار دەهینرێت. ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 تۆن سێو لەپارێزگای ورمێ بەرهەمدەهێنرێت كەسەرچاوەی ئاودانی باخە سێوەكانی ئەو سنورە ئاوی دەریاچەكەیەتی، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی پارێزگاكە نزیكەی 500 تۆن لەو سێوە لەژێر دارەكاندا دەمێنێتەوەو دەڕزێ و خراپ دەبێت چونكە بە سیستمی كشتوكاڵی ئێستای ئێران هەر كیلۆیەك سێو زیاتر لە 100 لیتر ئاوی پێویستە كەئەوەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كەمبوونەوەی ئاوەكە هەیە. ئێران و ئاو ئێران كە لە رابردودا دەیانجار بە بیانوی بونی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ئاگر و ئاسن و بەهەموشێوەیەك هێرشی سەربازیی دژی هەرێم ئەنجام داوە دور نییە بە بیانوی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان وشك نەكات بە تایبەت كە پڕۆژەی بەناو بوژانەوەی ورمێ لە لایەن سوپای پاسدارانەوە جێبەجێ دەكرێت.    

هەر ئوتومبێلێکی بێ سەرەتا له شوێنی ڕێگەپێنەدراودا ڕابگیرێت دەستی بەسەردادەگیرێت بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی1ی2023 لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە: " رۆژانە بە بەردەوام ئۆتۆمبێلێکی زۆر بە نایاسایی لە سەنتەری شاری هەڵەبجە بە تایبەت شەقامەکانی دووڕێگا، شەقامی گشتی، شەقامی م. نەناسراو، عیـــــادەکان ، پاسەکان، سەنتەرو ئیمـام، پارك دەکرێن بە شێوازی نایاسایی یان بە دوو ئاڕاستە کە ئەمەش گرفت و جەنجاڵیەکی زۆری دروستکردووە لە ناوشار و هاتوچۆی بە گشتی پەكخستووە"، "لە ئەمڕۆوە رۆژانە لە لایەن مەفرەزەکانی هاتوچۆوە سەرپێچی شۆفێرانی سەرپێچیکار تۆماردەکرێت و سزادەدرێن. دەربارەی ئوتومبێلە بێ سەراتاکان هاتوچۆ ئاماژەی بەودا،ئەو ئۆتۆمبێلانەش کە بێ سەرەتان لە لایەن مەفرەزەکانەوە بە فلات باردەکرێن رێکاری یاسایی دەگیرێتە بەر لەگەڵیاندا.

پارتی ، داوای دیاریکردنی کاتی لە هەڵبژاردن له  سەرۆكی هەرێم دەکات كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی3ی2023 بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان كۆبوەوە و لەسەر هەڵبژاردن سوربوونی پارتی دووپاتكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ کاتی دیاریكراودا، بۆ ئه‌مه‌ش داواكراوە سه‌رۆكی هه‌رێم به‌گوێره‌ی یاسا ڕۆژی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن دیاریبكات. دەقی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە: ده‌قی راگه‌یاندراوی كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان: ئه‌مڕۆ، پێنج شه‌ممه‌ 2ی ئاداری 2023، به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتیمان، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجام دا. كۆبوونه‌وه‌، دوای ساتێك وه‌ستان و نواندنی رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی كوردستان سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌میشه‌ له‌یاد، به‌گوێره‌ی خشته‌ی ئاماده‌كراو ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی خواره‌وه‌ی تاوتوێی كرد و، بڕیار پێویست سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند بابه‌تێك وه‌رگیرا: - بابه‌تی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی، پارتیمان به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنێكی سیاسی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت به‌شداری پێكهێنانی كابینه‌ی به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع سودانی كردووه‌ و، به‌ سازان كارنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش ئاماده‌كراوه‌ كه‌ ویست و بۆچوونی لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ كابینه‌ی نوێی به‌ ڕوونی تێیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌ پشتیوانی بۆ سه‌رۆك وه‌زیران و كابینه‌كه‌ی دووپاتكرده‌وه‌ و، چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنی ناوه‌رۆكی رێككه‌وتنه‌كان و بڕگه‌ و خاڵه‌كانی كارنامه‌ په‌سه‌ندكراوه‌كه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان راسپێردران بۆ به‌دواداچوون و له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و كاته‌ی بۆ جێبه‌جێكردنی دیاریكراوه‌. - بابه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا، گۆڕانكاری و ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و عێراق به‌تایبه‌تی پێویستی به‌ هه‌ڵوه‌سته‌كردن و لێكدانه‌وه‌ی سیاسی جدین، بۆیه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانی و پارتیمان به‌رده‌وام هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌كرێت، كه‌ به‌شێك له‌م گۆڕانكاری و ڕووداوانه‌ راسته‌وخۆ یان نا ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریان ده‌بێ له‌ دروستكردنی ئاڵۆزی سیاسی یاخود ئابووری و ئه‌منی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ ئاڵنگاری و چاره‌سه‌ریه‌كانیان بزاندرێ و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌ماهه‌نگی و بیروڕاگۆڕینه‌وه‌ی به‌رده‌وام هه‌بێت به‌تایبه‌تی كه‌ به‌شێك له‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی دێنه‌پێش په‌یوه‌ندییان به‌ بژێوی هاوڵاتیان و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ هه‌یه‌، كۆبوونه‌وه‌ هه‌ڤاڵانی په‌یوه‌ندیداری ڕاسپارد بۆ ئاماده‌گی ته‌واو و جێبه‌جێكردنی ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌و باره‌وه‌. - بابه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، له‌ژێر رۆشنایی بڕیاری پێشوومان بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كان، هه‌ڵسه‌نگاندنی وردكرا بۆ هه‌نگاوه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌ و، سه‌ردانی شاندی پارتیمان بۆ لای حزب و لایه‌ن و پێكهاته‌كانی كوردستان خرایه‌ به‌رباس و گفتوگۆكردن و به‌ په‌سه‌ندزانرا ئه‌و هه‌نگاوانه‌ به‌رده‌وامیان هه‌بێت و پرۆسه‌كه‌ په‌ره‌ی پێبدرێت، هاوكات په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌مان بده‌ین. - بابه‌تی سه‌ردان و دانوستانه‌كانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ له‌ بواری بودجه‌ و یاسای نه‌وت و غاز و پرسی پێشمه‌رگه‌ و ڕه‌شنووسی یاسای ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغێكی باش و له‌هه‌ردوولا تێگه‌یشتن و گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری هاوبه‌ش ده‌بینرێت، كۆبوونه‌وه‌ سوپاسی هه‌وڵ و كۆششه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و شانده‌كه‌ی كرد بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ گرنگه‌. - سه‌باره‌ت به‌ ڕێككه‌وتنی شنگال، چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ كراوه‌ كه‌ چاره‌سه‌رێكی گونجاوه‌ و له‌ سوودی هاوڵاتیانی ده‌ڤه‌ری شنگاله، به‌ڵام ‌هه‌ندێ لایه‌نی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ئاسته‌نگیان بۆ جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌ دروستكردووه‌ و كێشه‌كان به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماونه‌ته‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ هه‌ندێ لایه‌ن ده‌یانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی چه‌قبه‌ستووی بۆ چاره‌سه‌ری و ئاڵۆزی زیاتری لێده‌كه‌وێته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ هه‌ڤاڵانی په‌یوه‌ندیدار پێكهات بۆ دیاریكردنی هه‌نگاوه‌كان له‌ ڕوانگه‌ و چوارچێوه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی ئه‌نجامداروه‌، له‌ پێناو جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ سوودی هاووڵاتیانی شنگال و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی به‌شێكی ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تی و ناخۆشیانه‌ی كه‌ به‌سه‌ریاندا هاتووه‌. - بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گفنوگۆی پێویست و تێروته‌سه‌لی له‌باره‌وه‌ كراو، سوربوونی پارتیمان دووپاتكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی دیاریكراودا بۆ ئه‌مه‌ش به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم به‌گوێره‌ی یاسا ڕۆژی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن دیاریبكات و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ چیتر دواكه‌وتنی ئه‌و پرۆسه‌ گرنگه‌ نین و ئه‌وه‌شی كه‌ ڕوویدا بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان، پارتیمان له‌ رووی ناچاری له‌گه‌ڵیدابوو بۆ ئه‌وه‌ی بۆشایی یاسایی بۆ ئۆرگانه‌كانی هه‌رێم دروستنه‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌نگاوه‌كانی به‌شی هه‌ڵبژاردنی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیمان به‌باشزانرا و داوایان لێكرا كه‌ به‌رده‌وامبن له‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانیان، هاوكات هه‌ڤاڵانمان له‌ فراكسیۆنی پارتیمان له‌ په‌رله‌مان كاری پێویست بكه‌ن بۆ زه‌مینه‌ خۆشكردنی ڕێككاره‌ یاساییه‌كان و لادانی به‌ربه‌سته‌كان له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا. - ته‌وه‌رێكی دیكه‌‌ی كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌تك

گەشتیارانی ھەرێمی کوردستان و ئێران دەتوانن لەمڕۆوە بە پاسپۆرت لە دەروازەیی کێلێوە ھاتوچۆ بکەن. میدیای فەرمی یەکێتی ، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی3ی2023 بڵاویکردەوە،بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دوای چوونی وەفدێک بەسەرپەرشتی ھیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بۆ پارێزگای ئازربایجانی رۆژئاوا لە ساڵی رابردوودا و واژۆ کردنی یاداشتێکی لێک تێگەیشتن، لەمڕۆوە دەروازەی کێلێ بەرووی گەشتیاراندا کراوەتەوە. لە هەواڵەکە ئەوەش هاتوە،ھاوڵاتیان و گەشتیاران دەتوانن وەک ھەر دەروازەیەکی تری نێودەوڵەتی لە دەروازەکەوە بە پاسپۆرت ھاتوچۆ بکەن. دەروازەی کێلێ لەقەزای پشدەر، ماوەی چەندساڵێکە بە شێوەی نافەرمی له نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کراوەتەوە و ئاڵوگۆڕی بارزگانی تێدا دەکرێت، چەندین جار هاوڵاتیانی دەڤەرەکە داوای بەفەرمی ناساندنی مەرزەکەیان کردوه.

بەگوێرەی راپرسیەکی کۆمپانیای لێکۆلینەوەی ئابوری ئەستەنبوڵ، تەنیا، ئاکەپە، جەهەپە، پارتی باش و هەدەپە دەتوانن بەندی ٧٪ی هەڵبژاردن تێپەڕێنن. کۆمپانیای لێکۆلینەوەی ئابوری ئەستەنبوڵ، ئەنجامی راپرسیەکی کە لەنێوان ١٦ -٢٠ی شوباتدا ئەنجامیداوە ئاشکرا کرد. راپرسیەکە تایبەتە بە دەنگی پارتە سیاسیەکان لە هەڵبژاردندا. دوو هەزار کەس بەشداریان لە راپرسیەکەدا کردووە. بەگوێرەی ئەنجامی راپرسیەکە دەنگی پارتە سیاسیەکان بەم شێوەیە بووە: پارتی داد و گەشەپێکدان (ئاکەپە) ٣٣.٧٪ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ٢٥.٨٪ پارتی باش ١٣.٩٪ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ١١.٢٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) کە هەموو کاتێک بەندی هەڵبژاردنی تێپەڕاندووە، بەگوێرەی ئەم راپرسیە ناتوانێت بەندی ٧٪ تێپەڕێنێت و ٦.٨٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. ئەوەش لە کاتێکدا کە دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆبونەوەی پارتەکەیدا لە ئەنقەرە، جەختی لەوە کردەوە کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە ١٤ی ئایاردا ئەنجام دەدرێت. بۆیەش ئەمڕۆ شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن کە هاوپەیمانی گەلیان پێکهێناوە، ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی لەسەر کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دەدەن.

سێ کەس لە زیندانی شیراز لەسێدارەدران و لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە تەنها لە ساڵی نوێدا زیاتر لە 100 کەس لەسێدارەدراون کە ژمارەیکی بەرچاویان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوە. ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە سێ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی شیراز بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی کەسوکارەکانیان و بە شێوەی نهێنی لەو زیندانە لەسێدارەدراون. ناسنامەی ئەو سێ زیندانییە بڵاو کراوەتەوە کە لە لایەن دەزگای دادی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست بڕیاری جێبەجێکردنی سزاکەیان دراوە. لە لایەکی دیکەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماری لەسێدارەدانەکانیان لەو بەشە لە کوردستان بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردوە تەنها لە دوو مانگی ئەمساڵدا 102 کەس لە سەرتاسەری ئێران لەسێدارەدراون کە یەک لەسەر سێی ژمارەی لەسێدارەدراون کورد بون. بە پێی ئامارەکان لە ماوەی دوومانگی ئەمساڵدا لانیکەم 33 کورد لە رۆژهەڵات و لە شارەکانی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە کە تۆمەتی پێنج کەسیان سیاسیی بوە و 28 کەسی دیکەشیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون کە زۆربەیان زیاتر لە چەند ساڵێک لە زیندانەکاندا بەند کرابون. زیاترین جێبەجێکردنی لەسێدارەدان لە ئێران لە زیندانی ئەلبورز لە شاری کەرەج و دوای ئەویش لە زیندانی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوە. لە زیندانی ئەلبورز لانیکەم 28 بەندکراو لەسێدارەدراون و لە زیندانی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان نۆ بەندکراوی ئەو زیندانە لەسێدارە دراون. لە ماوەی رابردودا ژمارەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی  پێشو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە لە کاتێکدا زۆربەی ئەو بەندکراوانە بە هیوای لێخۆشبون و کەمکردنەوەی سزاکانیان لە زیندانەکان راگیرابون و ژمارەیەک لەو کەسانەی لەسێدارەدراون لە نێوان سێ بۆ پێنج ساڵ لە زیندانەکاندا بون. لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 110 کەس سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا و چوار کەسان لەسێدارەدران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتوەکانیش هۆشدارییان داوە کە سزای سێدارە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە پێش ئەوەی یاسا بێت، وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی نەیارانی دەسەڵات و ناڕەزایەتییەکان بەکار دەهێنرێت.    

هاوڵاتی پسپۆڕێکی بومەلەرزە و کارەساتەکان لە تورکیا ئامارێکی مەترسیداری بومەلەرزەکانی ٦ی شوباتی باکوری کوردستان و تورکیای راگەیاند و وتی، " ژمارەی گیانلەدەستانی بومەلەرزە کەڕەتی پێنج بکەن." پرۆفیسۆر دکتور کوبیلای کاپتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، نووسینێکی لەبارەی دۆخی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزە و ژمارەی قوربانیان بڵاوکردەوە. کاپتان لە نووسینەکەیدا دەڵێت، " پرۆسەی رزگارکردن و بەهاناچوونی قوربانیان بومەلەرزە زۆر خاو بەڕێوەچووە. ئەمەش وادەکات، ئاماری راستی گیانلەدەستدان رانەگەیەندرێت. بۆچوونی منیش بەم شێوەیەیە؛ پێنج ئەوەندەی ئاماری ئێستا هاوڵاتیەکانمان گیانیان لەدەستداوە، واتە ئاماری ئەمڕۆ کەڕەتی پێنج بکرێت، ئاماری راستەقینەی گیانلەدەستدان دیاری دەبێت." ئەو پرۆفیسۆرە تورکە وتیشی، " بۆ زانینی ئاماری راستەقینە، پێویستە بە دروستی ئاماری باڵەخانە رووخاوەکان ئاشکرا بکرێت." ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان، ژمارەی گیانلەدەستدانی بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات گەیشتووەتە نزیکەی ٤٥ هەزار کەس. ئەگەر بەقسەی ئەو پسپۆڕە بێت و ئەو ٤٥ هەزارە کەڕەتی پێنج بکرێت، ژمارەی گیانلەدەستدان دەکاتە ٢٢٥ هەزار کەس.

هاوڵاتی نێجیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ جه‌نه‌راڵ ماتيو ماكفارلان، فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا کۆبونەوە وهه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ هێشتا داعش له‌ عێراق و سووريا مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌كات. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌رپرسانى باڵاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ى بوون، هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر و هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وى تيرۆر، تاوتوێ كران. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبونەوەکەوە دەڵێت ، "نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ ده‌ربڕينى سوپاس و پێزاينن بۆ پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانان له‌ پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وێڕاى به‌ربه‌ست و كێشه‌كان، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ پابه‌نده‌ و له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستن و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و پرۆسه‌كه‌ سه‌رده‌خه‌ن." "هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌مه‌ريكا و وڵاتانى ديكه‌ى دۆستى كرد بۆ هاوكارى و پشتگيرييان له‌ پرۆسه‌كه‌.". هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ هێشتا داعش له‌ عێراق و سووريا مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌كات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش جه‌خت له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق كرایەوە‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و نه‌هێشتنى يه‌كجاره‌كيى داعش. په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى كه‌مپى هۆڵ له‌ سووريا و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو."