هاوڵاتی یەکەمین خەڵاتی وەقفی تاهیر ئەڵچی بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادی لە باکوری کوردستان دەبەخشرێتە ژینا ئەمینی. لە شاری ئامەد لە باکوری کوردستان وەقفی تاهیر ئەڵچی بە رێوڕەسمێک یەکەم خەڵاتی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی پێشکەش کرد خەڵاتەکە کە بۆ یەکەمجارە دابەش دەکرێت ، خەڵاتی ئەمساڵ بەخشرایە ژینا ئەمینی لە رۆژهەڵاتی کوردسان کە بەهۆی لێدانی پۆلیسی ئێران گیانی لەدەستدا و دوای ئەو روداوەش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان رۆژهەڵات و ئێرانی گرتەوە و زیاتر لە 72 رۆژیشە بەردەوامە. تاهیر ئەڵچی سەرۆکی پێشوی ژوری پارێزەرانی ئامەد کە بە پارێزەرێکی بەهێزی مافەکانی مرۆڤ و پێداگریی لەسەر چارەسەری پرسی کورد لەقەڵم دەدرا لە 28ی تشرینی دوەمی ساڵی 2015 لە شاری ئامەد کوژرا. لە ئێستادا وەقفێک بە ناوی تاهیر ئەڵچی دامەزراوە و بڕیارە ساڵانە وەک رێزگرتن لە ئەڵچی و ئامانجەکانی، خەڵاتی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ببەخشێت.

هاوڵاتی ئاوی ‏‏بەنداوی دووكان 15 سانتیمەتر ‌و دەربەندیخانیش 11 سانتیمەتر زیادیكردووە بەڕێوەبەرانی بەنداوەکانی دووكان ‌و دەربەندیخان ئاماری نوێ‌ لەبارەی ‏بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەكانیان ئاشكرا کرد و لە لێدوانێکیاندا بۆ کەناڵی ڕوداوو كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان ڕایگەیاند :"پێش ئەم بارانە رۆژانە دوو بۆ سێ سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان كەمی دەكرد، بەڵام ئێستا 15 سانتیمەتر ‏بەرزبووەتەوە. ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە." هەروەها سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی ‏دەربەندیخان  رایگەیاند،" بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو ‏کاریگەر بووە، بە جۆرێك دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەكەی بۆ ‏بەرزبوونەوە گۆڕیوە" ‌و، "پێشتر رۆژانە دوو بۆ سێ سانتیمەتر ئاوی بەنداوەكە ‏كەمی دەكرد، بەڵام ئێستا 11 سانتیمەتر زیاد كردووە." جێگەی باسە  لە سنووری قەزای دووكان، لە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ 90 ملیمەتر باران باریوە و ‏لە سنووری قەزای دەربەندیخانیش لە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ ‏تاوەكو ئێستا 63.2 ملیمەتر باران باریوە‌    

هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بەرگریی شارستانی، پارێزگار و لایەنی پەیوەندیدار لەبارەی سیستمی غازی ئێڵ پی جی کۆببنەوە.  ئەمڕۆ دووشەممە 28-11-2022 بەرزان محەممەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ لەبارەی سیستمی غازی ئێڵ پی جی، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، دوو لیژنەی پەیوەندیداری ئەنجوومەن، پارێزگار و بەرگریی شارستانیی سلێمانی و لایەنی دیکەی پەیوەندیدار کۆببنەوە. وتیشی، "کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەیە کۆمەڵێک رێنوێنی بۆ بەکارهێنانی سیستمی غاز دەربکرێت، "پێویستە ئەو کەسانەی کار لە سیستمی غازدا دەکەن کەسانی شارەزا بن و مۆڵەتیان هەبێت. ئێستا کەسانێک تەنیا بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان هەستاون بە ئەنجامدانی ئەو کارە." ئەمەش لە کاتێکدایە ئێوارەی 17ی ئەم مانگە، بەهۆی تەقینەوەی سیستمێکی شۆفاژ، خانوویەکی سێ نهۆمی لە سلێمانی رووخا و بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکەش بریندار بوون.    

نیگار عومەر سەرچاوەی ئاوی قەزای خورماتوو لە(مەشروع)ـەكەوەیە، خەڵكی قەزاكە دەڵێن ئەم ئاوە شیاوی خواردنەوە نییەو كە دەگاتە ماڵان ئاوەكە پاكناكرێتەوەو لێڵەو قەوزەی تێدایە، بەڵام بەڕێوەبەری ئاوی قەزاكە دەڵێت: ئاو پاكی دەكەینەوە ئینجا رەوانەی ماڵانی دەكەین و رۆژانەش لیژنەی پشكنینمان هەیە پشكنینی بۆ دەكەن و ئاوێكی خاوێنەو هیچ گرفتێكی نییە. هەڵكەوت محەمەد، چالاكی كۆمەڵی مەدەنی بەهاوڵاتی راگەیاند: »ئەم مەشروعەی خورماتوو كە تاكە سەرچاوەی ئاوی قەزاكەیە بەهیچ شێوەیەك شیاوی خواردنەوە نیە، هەندێك لەشوێنكارەكانی خورماتوو كردوویانە بەشوێنی فڕێدانی پاشماوەی پیساییەكانیان بۆ نێو ئەم ئاوە، بووەتە شوێنی فڕێدانی  ئاژەڵی مرداربووەوەو پێش ئەوەی مەشروعەكە بگات بەخورماتوو چەند گوندێكی لەسەرە پاشماوەی ئاژەڵێ تێ فڕێدەدەن». وتیشی: »من خۆم هەندێ كات بەتانكەر ئاو دەگوێزمەوە، لەئێستادا بەچەند حەفارەیەك دەستكراوە بەدەركردنی خۆڵ و خاشاكی ناو ئاوەكە، بەڵام مرۆڤ خۆی ناگرێت لەبۆنی پیسی ئەو شتانەی دەدریدەهێنن، لەمبەرو ئەوبەری ئاوەكەش سەگی بەرەڵای لەدەورەو ئێمە پێمانوایە ئەم ئاوە هەر لەمەشروعەكەوە بۆ ماڵان دەگوازرێتەوە بێ ئەوەی پاكبكرێتەوە لەخەزانەكانی ئاودا». عسام نەقی بەڕێوبەری ئاوی خورماتوو سەبارەت بەسەرچاوەی ئاوی قەزاكە بەهاوڵاتی وت: « ئاوەی ماڵانی خورماتوو دوای ئەوەی لەمەشروعەكەی وەریدەگرین پاكیدەكەینەوە ئینجا رەوانەی ماڵانی دەكەین و رۆژانەش لیژنەی پشكنینمان هەیە پشكنینی بۆ دەكەن و ئاوێكی خاوێنەو هیچ گرفتێكی نیە». ئەوەشی وت،» سەرچاوەی مەشروعەكە ئاوێكی پاكەو هیچ شتێكی لەو بابەتە نیە كەپاشماوەی تێ فڕێبدرێت، لەئێستاشدا چەند حەفارەیەك لەسەر مەشروعەکە كاردەكەن و هەرچی پیسیەك لەئاوەكەدا نیشتبێتەوە دەریدەهێنن،  لەڕێگەی كۆگاكانی ئاوی قەزاكەوە رۆژانە ئاو بەسەر ماڵاندا دابەشدەكەین و ئاوەكەش گرفتی نیە». ئەبوبەكر نەجمەدین، كە دوكانی  فلتەری ئاوی هەیە لەخورماتوو بەهاوڵاتی وت:»رۆژانە بەئامێری TDS پشكنین بۆ پاكی و پیسی ئاو دەكەم، رێژەی پیسی لەنێو ئاوی خورماتوودا 700 ە، بۆ ئەم ساڵ  لەهەندێك شوێن  نزیكەی 400، ئاوێك كە شیاوی خواردنەوە بێت دەبێت لە 40 كەمتر بێت، دەتوانین بڵێین ئاوی خورماتوو شیاوی خواردنەوە نیە. بۆ نموونە ساڵی 2020 رێژەی پیسی لەئاوەكەدا نزیكەی هەزار بوو كەئەم رێژانە زۆر زۆرن، زۆربەی ماڵانی خورماتوو فلتەر بەكاردێنن و من خۆم پشكنینی ئاوەكەیان بۆ دەكەم، ئامێری فلتەریان بۆ دادەنێم، ئاوەكە كەدەگاتە ماڵان لێڵەو قەوزەی تێدایە». مەلا كەریم، ئەندام پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند:» ئێمە بەدواداچوونمان كردووە بۆ گرفتەكانی ئاوی خورماتوو راستە كە  شیاوی خواردنەوە نیەو ئاوێكی پاك نیە، جگە لەوەش ئەم سەرچاوەیە كۆتایی پێدێت چەند ساڵێكی دیكە بەگوێرەی قسەی شارەزایانی ئاو، بۆیە دەبێت ئێمە رێگەی دیكە بەكاربێنین و كاری لەسەربكەین كەسەرچاوەیەكی دیكەی ئاو بۆ قەزاكە دابین بكەین، لەئێستاشدا بەرنامەیەكمان هەیە بۆ ئەوە، بەڵام بڕی تێچووەكەی زۆرەو لەبەرنامەماندایە كاری لەسەر بكەین». وتیشی: ،» داوامانكردووە هیچ نەبێ رێژەی پێویست كلۆر بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی قەزاكە دابین بكرێت بۆ پاکكردنەوەی ئاوەكە، كەئەمەش لەئاست پێویستدا نیە، بۆیە بەڵێ راستە ئاوەكە شیاوی خواردن نیە». پرۆژەی ئاوی خورماتوو لەساڵی هەشتاكان دروستكراوە لەكەركوكەوە دێت بۆ قەزاكە، ئاوەكە لەبەنداوی دوكانەوە دێت، پێشتر سەرچاوەی ئاوی قەزاكە بیر بووە. مەلا كەریم دەڵێت: لەئێستادا بیر لەوە كراوەتەوە بەشێوەیەكی پێشكەوتوو پرۆژەیەكی فران ئاوی پاك لەتازەخورماتووەوە دروستبكرێت و رابكێشرێت بۆ خورماتوو، بەڵام پێویستی بەبودجەیەكی زۆرەو بەهیواین لەئایندەدا كاری لەسەربكرێت.

لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 108 کەس کوژراون دو برینداری دیکەی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا و ژمارەی کوژراونیش بۆ 108 کەس بەرز بوەوە. ئێوارەی رۆژی یەکشەممە شۆڕشی نیک نام کە لە خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردوی شاری مەهاباد بریندار کرابو لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ گیانی لەدەستدا و بەوەش ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی مەهاباد بۆ 15 کەس بەرز بوەوە. هاوکات هەر رۆژی یەکشەممە لاوێکی تەمەن 16 ساڵی شاری موچش (موژەژ)ی سەر بە کامیاران بە ناوی رەزا کازمی بەهۆی سەختی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە گیانی لەدەستدا. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە لە خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردوی کامیاران و مەهاباد و بۆکان و جوانڕۆ زیاتر لە 100 کەس بە سەختی برینداربون و دۆخی تەندروستیی ژمارەیەکی بەرچاویان ناجێگیرە. لە خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردودا هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی سوپای پاسداران بە چەکی کلاشنیکۆف و بیکەیسی و قەناس و دۆشکا روبەڕوی خۆپیشاندەران بونەوە و هەر بەو هۆیەوە لانیکەم لە یەک هەفتەدا 51 کەس کوژران و دەیان کەسیش برینداربون.

هاوڵاتی كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند: لەساڵی 2012وە هیچ خاوەن پێداویستییەكی تایبەتی‌ نوێ تۆمارنەكرابوو، ئێستا ژمارەیەكی زۆر خاوەن پێداویستیی تایبەت هەیە كەموچەیان نییە و بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەك پێكهاتووە و لیستێك ئامادەكراوە كەناوی 14 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەتی تێدایە. روونیكردەوە: لیژنەیەكی تایبەت پشكنین بۆ ئەو خاوەن پێداویستە تایبەتانە دەكات و دواتر ئەگەر ڕێژەی كەمئەندامییەكەیان بەپێی ڕێنمایییەكانی وەزارەتی تەندروستی‌ و دارایی بوو، دەیبەنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تاكو فەرمانی تۆماركردن‌ و خەرجكردنی مووچەیان بۆ وەربگرن. وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەكرد تەواوی ئەو خاوەن پێداویستیە تایبەتانەی مووچەی فەرمانبەری یان خانەنشینیان هەبوو، لەهەمانكاتدا بڕی 100 هەزاردینار مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان هەبوو، بۆیان خراوەتە سەر مووچەكانیان‌ و لەچوارچێوەی مووچەی خاوەنپێداویستیی تایبەت نەماوە.

هاوڵاتی هەگەپە رایگەیاند، لە هەرێمەکانی زاپ و خواکورکی هەرێمی کوردستان، لە چالاکی گەریلاکانیاندا ٣١ سەربازی تورکیا کوژراون. هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، راگەیەندراوێکی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی دوو رۆژی رابردوو لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. هەپەگە دەڵێت، هێزەکانیان لە هەرێمەکانی زاپ و خواکورک، چەندین چالاکیان لەبەرامبەر بارەگا و سەنگەرەکانی سوپای تورکیا ئەنجامداوە. بەگوێرەی راگەیەندراوی هەپەگە، لە چالاکیەکاندا بە گشتی ٣١ سەربازی تورکیا کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار بوون. هەپەگە چالاکیەکانی وەک ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێری تۆڵەکردنەوە پێناسە کردووە و بەبۆنەی ٤٤مین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە چالاکیەکانی ئەنجامداوە. هەپەگە جارێکی دیکەش رایگەیاند کە سوپای تورکیا چەکی کیمیایی لە هێرش و بۆردومانەکانیدا بەکارهێناوە. نزیکەی حەوت مانگە، سوپای تورکیا لە رووی زەمینی و ئاسمانیەوە، ئۆپراسیۆنێکی فراوانی، لەدژی گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمەکانی، زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان دەست پێکردووە.  پەکەکە مانگی رابردوو، ئامارێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ١٧ گەریلای بە چەکی کیمایی و تاکتیکی ئەتۆمی شەهید بوون. ئەوەش دەنگدانەوەیەکی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. هەرچەندە بەرپرسانی تورکیا بەکارهێنانی چەکی کیمیاییان لە شەڕەکاندا رەتکردووتەوە، بەڵام پەکەکە هەندێک دیمەن و وێنەی بڵاوکردەوە کە لە میدیاکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە. لە ناوخۆی تورکیاشدا، شەبنەم کورور فینجانی سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی تورکیا، داوای لێکۆلینەوەی لە چەکی کیمیایی کرد، بەڵام دوو ڕۆژ دەستگیرکرا و تاوەکو ئێستاش لە زینداندایە. پەرلەمانتارانی هەدەپە و سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە لە زیندانی کاندرای ئەدرنەدایە، لە نوسین و لێدوانەکانیاندا، داوای لێکۆلینەوەیان لە بەکارهێنانی چەکی کیمایی کرد.  دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) کە بە پارتێکی توندڕەوی رەگەزپەرست دەناسرێت و هاوکاری دەسەڵاتی ئاکەپەیە، پێشنیازی کرد، ئەوەی باس پرسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بکات، پێویستە لە هاوڵاتیبوونی تورکیا دەربکرێت. لە ئیستادا پرسی چەکی کیمیایی، لەلایەن زۆرێک لە پسپۆڕانی چەکی کیمیایی ئەوروپی و پەرلەمانتارە چەپەکانی ئەوروپا هەوڵ دەدرێت بکرێتە رۆژەڤی ناوەندە جیهانیەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی بەدەست نەهێناوە و لەلایەن دەسەڵاتدارەکانی ئەوروپاشەوە پشتگوێ دەخرێت.  

هاوڵاتی رۆژنامەنووسی کورد سەلاح حەسەن بابان توانی ببێتە براوەی خەڵاتی باشترین راپۆرتی بنکۆڵکاری بۆ ساڵی 2022 لەعێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە پێشبرکێێ دامەزراوەی "چاوی رۆشنبیری و هونەر"بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی عێراقی و عەرەبی لەشاری بەغداد. لیژنەی هەڵسەنگاندن بەسەرۆکایەتی هونەرمەندی گەورەی عێراق غانم حەمید بڕیاریدا ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری ڕۆژنامەنووسی سەلاح حەسەن بابان بەناو نیشانی"الجنسبة الثانیة تفقد كردستان العراق ملیارات الدولارات.. استثمار وترفیه لاثریائه وسیاسییه وفرصة لجوء لفقرائه"وەک باشترین راپۆرتی بنکۆڵکاری بۆ ساڵی 2022 لەعێراق لە نێوان چەندین راپۆرتی دیکە کە لەو پێشبرکێدا بەشداربوون. شایەنی ئاماژەپێدانە،راپۆرتە بنکۆڵکارییەکەکە خەڵاتی باشترینی پێبەخشرا، بە سپۆنسەری دامەزراوەی "نیرج" بەهاوبەشی لەگەڵ رۆژنامەی العالم الجدید گەیەندراوە بەئەنجام.

هاوڵاتی 17 سەربازیی کوژراوی تورکیا رەوانەی نەخۆشخانەیەکی باکوری کوردستان دەکرێن وەزارەتى بەرگرى تورکیا کوژرانی چوار سەربازی دیکەی لە هەریمی کوردستان راگەیاند و بەوەش لە ماوەی دوو ڕۆژدا کوژرانی حەوت سەربازی بە فەرمی راگەیاندوە، سەرچاوەکانیش دەڵێن 17 تەرم گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکانی جولەمێرگ. کۆی ژمارەی کوژرانی تورکیا لە ڕوبەڕوبونەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لە هەرێمی کوردستان لە دو رۆژدا گەیشتە حەوت کەس و بەوەش کۆی ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی تورکیا لە هەرێم لە رۆژی17ی نیسانی ئەمساڵەوە تا ئێستا گەیشتوەتە 74 کوژراو . ئاژانسی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە تەرمی17 سەرباز و جەردەوان لە ئۆپەراسیۆنی چنگ قفڵ کوژرابون گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی شاری جولەمێرگ لە باکوری کوردستان. شەوی رابردوش سەرچاوەیەکەی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە ئەنجامدانی چالاکیەکی گەورەی لە زاپ ئەنجام دا و کوژرانی 17 سەربازی تورکیای لەو چالاکیەدا راگەیاند. پێشتریش هەپەگە کوژرانی 2587 سەربازی تورکیا و شەهیدبونی 181 گەریلای لە ماوەی شەش مانگدا راگەیاندبو. ئۆپەراسیۆنی چنگ قفڵ لە 17ی مانگی نیسانی ئەمساڵ لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا لە خاکی هەرێمی کوردستان دژی گەریلاکانی پەکەکە دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە.

هاوڵاتی بەهۆی هێرشی پێچەوانەی شەڕڤانان لە رۆژئاوای کوردستان دو سەربازی تورکیا کوژران سوپاى تورکیا تەنها لە شەوێکدا زیاتر لە 20 جار هێرش دەکاتەوە رۆژئاواى کوردستان و هەسەدە رایدەگەیەنێت؛ دو سەربازی ئەو وڵاتە کوژراون. ناوەندى راگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، هەسەدە بڵاویکردەوە؛ شەوى رابردو سوپاى تورکیا 20 جار هێرشى بۆسەر گوندەکانى دەوروبەرى گرێ سپى و عامودا و عەفرین کردوە. هەسەدە رونی کردوەتەوە لە هێرشی پێچەوانەی شەڕڤانان و بۆ سەر سوپای تورکیا دوسەربازی ئەو وڵاتە کوژراون و شەش سەربازیش برینداربون. رۆژی رابردو مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) داواى لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى کرد لەبەردەم هێرشەکانى تورکیا بۆسەر رۆژئاواى کوردستان راگرن و رایگەیاند؛ ئەوان خۆیان بۆ وەڵامدانەوەى هێرشەکانى تورکیا ئامادە کردوە.

هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند،ئەمڕۆ شاندێکى هەرێم لەسەر بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران سەردانى بەغدا دەکات بە مەبەستى گفتوگۆکردن و رێککەوتن لەسەر بودجە و شایەستە داراییەکانى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان. ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 27ـی تشرینی دووه‌می 2022، جووتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌   شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی عێراق سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات. ئاماژەی بەوەشکرد، شاندەکە لە به‌رنامه‌یدایە كۆبوونه‌وه‌ له‌گەڵ وه‌زاره‌تی دارایی حکومەتى عێراق بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بكرێت بۆ نووسینه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی ٢٠٢٣ و له‌ پلانیشیاندایه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراق لەسەر چەندین پرس كۆ ببنه‌وه‌. به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ دانراوه‌،  ئەمڕۆ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌، بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بکرێت بۆ نووسینەوەی یاسای بودجەی ساڵی 2023. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، شاندەکەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ئاوات شێخ جه‌ناب وەزیری دارایی، كه‌مال محه‌ممه‌د ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دارا ره‌شید وەزیری پلاندانان، ئومێد سه‌باح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج ره‌حیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عه‌بدولحه‌كیم خسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت.  ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی عێراق دوای پێكهێنانی له‌لایه‌ن  محه‌ممه‌د شیاع سوودانی.

هاوڵاتی دوای جەنگی جیهانی یەكەم، دەوڵەتی عوسمانی بە پرۆژەیەكی وڵاتانی رۆژئاوا، بە تایبەتی فەڕەنسا و بەریتانیا، هەڵوەشێندرایەوە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژمارەیەك دەوڵەت – نەتەوە دروست كران. بەر لە دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەكان، لە توركیا مستەفا كەمال ئەتاتورك كە فەرماندەیەكی گەورەی عوسمانی بوو، جڵەوی سەربازی لەنێو پاشماوەكانی سوپای عوسمانی گرتە دەست و چەند ساڵێك لەدژی هێزە رۆژئاواییەكان دەستی بەشەڕ كرد. كورد لە باكوری كوردستان ڕۆڵێكی گەورەی لە جەنگەكانی نێوان تورك و هێزە رۆژئاواییەكاندا بینی، بەوپێیەی، ئەتاتورك بەڵێنی بە كورد دابوو كە لە دامەزراندنی دەوڵەتێكدا، كورد یەكێك لە نەتەوە سەرەكیەكان دەبێت و كۆماری توركیا، كۆماری تورك و كوردە. بەڵام دوای ئیمزاكردنی پەیمانی لۆزان و دروستبوونی دەوڵەت نەتەوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نە دەوڵەتە زلهێزەكان و نە گەلانی ناوچەكە هیچ حسابێكیان بۆ كورد نەكرد و كورد وەك یەكێك لە گەورەترین نەتەوەكانی جیهان بێ قەوارە و دەوڵەت مایەوە و بەسەر چوار دەوڵەت نەتەوەی توركیا، ئێران، عێراق و سوریادا دابەشكرا. لە توركیا و باكوری كوردستان، بەهۆی شكاندنی بەڵێنەكان، ناڕەزایەتیەكان لەنێو كەسایەتی و سەرۆك هۆزە كوردەكاندا دەركەوت و وردە وردە كورد دەەستی بە شۆڕش و راپەرین لەدژی، دەوڵەتی توركیای كەمالیستی كرد. لە ساڵی ١٩٢٥ەوە تاوەكو ساڵی ١٩٥٠ی سەدەی رابردوو، چەندین راپەرین و شۆڕشی كوردی، وەك، شۆڕشەكانی شێخ سەعیدی پیران، سەید رەزای دەرسیم، كۆماری ئاگری، شۆڕشەكانی شڕنەخ و سێرت و چەندین یاخیبوونی دیكە دەستیان پێكرد، بەڵام سەركەوتوو نەبوون و سەركوتكران. دوای پەنجاكانی سەدەی رابردوو، وردە وردە هزری چەپ و كۆمۆنیستی لەنێو كوردانی باكوری كوردستاندا سەری هەڵدا و شۆڕشەكانی بەشەكانی دیكەی كوردستانیش، كاریگەری زۆریان لەسەر رۆشنبیر و كەسایەتیەكانی باكوری كوردستان دروست كرد. جگەلەوە چەندین پارتی كوردی كە لەو كاتەدا دروست بوون و بە شێوەیەكی شاراوە دەستیان بە خەبات كرد، لەنێو گەنجانی توركیشدا هزری چەپی لێنینی و ستالینی سەری هەڵدا و ئەو ئایدۆلۆژیایە بە تایبەتی لەنێو خوێندكارانی زانكۆدا بڵاوبووەوە. یەكێك لەو گەنجانە عەبدوڵلا ئۆجەلان بوو كە لە زانكۆی ئەنقەرە زانستە سیاسیەكانی دەخوێند و تێكەڵ بە گروپە چەپ و كۆمۆنیستیەكانی نێو زانكۆكە بووە كە ئەو كاتە، دەنیز گەزمیش سەركردایەتی دەكرد. ئۆجەلان لەو كاتەدا هزری توركیایەكی كۆمۆنیستی لە مێشكیدا بوو و جارێكیش بەو هۆیەوە و بە تۆمەتی پەیوەندیەكانی لەگەڵ پارتە چەپەكان دەستگیركرا. دوای دەستگیركردن و لەسێدارەدانی سەرۆك و پێشەنگەكانی بزوتنەوەی چەپی تورك، عەبدوڵلا ئۆجەلان لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی كە ژمارەیەكیان وەك حەقی كارەر تورك بوون، بیرۆكەی هەڵگیرسانی شۆڕشێكی سۆسیالیستی لە توركیا و باكوری كوردستان دادەڕێژن و تاوەكو ساڵێ ١٩٧٨ بە نهێنی كار بۆ دروستكردنی پارتێك و فراوانكردنی رێكخستنەكانیان دەكەن. دامەزراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨دا، دوای رێكخستن و ئامادەكاریەكان، بڕیار دەدەن لە شارێكی باكوری كوردستان یەكەم كۆنگرە و راگەیاندنی پارتەكەیان ئەنجام بدەن. ئەوە بوو لەو مێژووەدا، بە سەرۆكایەتی عەبدوڵلا ئۆجەلان و بە بەشداری ٢٢ كەس، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە گوندی فیسێی سەر بە ناوچەی لیجەی ئامەد دامەزرێنرا و ناوی پەكەكەش لەلایەن ئەندامانی یەكەم كۆنگرە و دامەزرێنەری پارتەكە فەرهاد كورتایەوە پێشنیازكرا و قبوڵكرا. یەكەم كۆنگرەی پەكەكە لەگەڵ دامەزراندنی بەو شێوەیە سازدرا و عەبدوڵلا ئۆجەلان وەك سەرۆك هەڵبژێردرا. دامەزرێنەرانی پەكەكە بریتی بوون لە: عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ساكینە جانسز، كەسیرە یڵدرم، عەلی حەیدەر قەیتان، حەقی كارەر، جەمیل بایك، دوران كاڵكان، مەزڵوم دۆغان، محەمەد خەیری دورموش، فاروق ئۆزدەمیر، فەرزەندە تاغاچ، عەبدوڵڵا كومرال، شاهین دۆنمەز، عەلی چەتینەر، حسێن تۆكگولەر، عەلی گوربوز، رەسول ئالتیۆك، سەیفەددین زوغورلو، سوبحی كاراكوش، محەمەد جاهید شەنەر، محەمەد دوران، عەبباس گۆكتاش. پارتی كرێكارانی كوردستان بەو شێوەیە دەستی بە خەباتی سیاسی لە هەموو توركیا و بە تایبەتی باكوری كوردستان كرد. هەر لە سەرەتادا، بەهۆی ئەوەی كێشەی بۆ دروست دەبوو لەلایەن ئاغا و سەرۆك هۆزەكانی نزیك لە دەسەڵاتەوە، لە ساڵەكانی ١٩٧٨ تاوەكو ١٩٨٠ شەڕی لەدژی ئاغا و سەرۆك هۆزەكانی ناوچەی سێوەرەكی سەر بە پارێزگای روحای باكوری كوردستان دەست پێكرد. دەستپێكردنی شەڕی چەكداری لەدژی دەوڵەتی توركیا زۆری نەبرد، لە توركیا كودەتای ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠ بەسەرۆكایەتی كەنعان ئەڤرەن روویدا و چەندین كادر و دامەزرێنەری پەكەكە دەستگیركران و بە چالاكی خۆسووتاندن و مانگرتن لە خواردن، كۆتایی بە ژیانیان هات كە دیارترینیان مەزلۆم دۆغان بوو. لەو ساڵانەدا، پەكەكە بڕیاریدا بەهۆی فشار و هێرشەكانی دەوڵەتی سەربازیەوە، روو لە دەرەوەی وڵات بكات و بەشێك لە سەركردەكانی پەكەكە كە عەبدوڵلا ئۆجەلانی سەرۆكیشیان یەكێك بوو لەو كەسانە، لە رێگەی رۆژئاوای كوردستانەوە، خۆیان لە لوبنان و سەركردایەتی پەكەكە لە دەشتی بیقاعی سوریا جێگیر بوو و دواتر لە سوریا و لوبنان چەندین بارەگا و ئەكادیمیا كرانەوە. عەبدوڵلا ئۆجەلان، لە سەرەتای هەشتاكاندا چەندین كادری گەورەی، وەك دوران كاڵكان و محەمەد قەرەسونگوری بۆ ناوچە سنوریەكانی نێوان باكور، باشور و رۆژهەڵاتی كوردستان نارد بە مەبەستی دەستپێكردنی شەڕی چەكداری لەدژی توركیا، بەهۆی ئەوەی ناوچەیەكی سەخت بوو و دەتوانرا شەڕی گەریلایی لەو ناوچەیە بەڕێوەببرێت و دروشمی پەكەكە وردە وردە بۆ ئازادی چوار پارچەی كوردستان گۆڕا. دواجار لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤دا، بە فەرماندەیی مەحسوم قورقمەز (عەگید)، یەكەم گولە لە نزیك گوندی دهێی سەر بە ناوچەی شەمزینانی جۆلەمێرگی باكوری كوردستان لەدژی بارەگایەكی سوپای توركیا تەقینرا و شەڕ و پێدادان لە ماوەیەكی كەمدا، لە هەموو باكوری كوردستان بڵاوبووەوە. پەكەكە لەسەرەتادا هێزی گەریلای خۆی ناونابوو هێزی رزگاری كوردستان (هەرەكە) دواتر گۆڕدرا بۆ سوپای رزگاری گەلی كوردستان (ئارگەكە) و ئێستاش كراوەتە هێزی پاراستنی گەل (هەپەگە). مێژووی پەكەكە تاوەكو دەستگیركردنی عەبدوڵلا ئۆجەلان رابەری پارتەكە لە ساڵی ١٩٩٩دا، زۆر قۆناغی سەختی تێپەڕاند. بەڵام بە دەستگیركردنی ئۆجەلان كە لە ساڵی ١٩٩٨دا لە سوریا چووە دەرەوە و لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩دا لە كینیا دەستگیركرا، گۆڕانكاری لە شێوەی خەبات و دروشم و پێكهاتەی پەكەكەدا دروست بوو، بەهۆی ئەو رێنمایی و هزر و ئایدۆلۆژیایەی كە عەبدوڵلا ئۆجالان لە زیندانی ئیمڕالیدا بڵاویكردەوە. پیلانگێڕی نێودەوڵەتی (١٩)ی شوباتی (١٩٩٩) لەدژی ئۆجالان لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٨، پەیوەندیەكانی توركیا و سوریا ئاڵۆزبوون، هۆكاری سەرەكی تێكچوونی پەیوەندیەكان، پەكەكە و جێگیربوونی عەبدوڵلا ئۆجەلان بوو لەو وڵاتە. لەو ساڵەدا بە فەرمی ئۆجەلان ئاگادار كرایەوە كە پێویستە سوریا جێبهێڵێت. حكومەتی سوریا فشاری خستەسەر ئۆجالان و بڕیاری بەجێهێشتنی سوریایدا. ئۆجالان ڕویكردە یۆنان، بەڵام بەهۆی فراوانی پیلانگێریەكە و فشارەكانی یۆنان داوای مانەوەی ئۆجەلان‌ لەو وڵاتە ڕەتكرایەوە. دواتر ئۆجەلان بۆ هەمان مەبەست چوە روسیا، لەوێ رێگەی مانەوەی پێنەدرا. دوای روسیا روی كردە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، بەڵام لەوێ دوای مانەوەی بۆ ماوەیەك مافی مانەوەی پێنەدرا. ئۆجالان جارێكی دیكە ڕوی كردە روسیا، ڕێگەی مانەوەی پێنەدرایەوە و ئەمجارە روی‌ لەهۆڵەندا كرد. لەهۆڵەندا رێگەی مانەوەی پێنەدراو راستەوخۆ گەرێنرایەوە بۆ یۆنان، دواتر ئۆجەلان روی‌ لەوڵاتی كینیا كرد. ئۆجەلان، لەكینیا لەماڵی باڵیۆزی یۆنان مایەوە، بەڵام دواتر بەپیلانێكی نێودەوڵەتیی‌ وڵاتانی ئەمریكا، یۆنان، توركیا، ئیسرائیل‌، كینیا و چەندین دەزگای تری سیخوڕیی وڵاتانی دیكەی ناتۆ، رەوانەی فڕۆكەخانەی نایروبی پایتەختی كینیا كرا و لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩دا ئۆجەلان دەستگیركرا و بە فڕۆكەیەك گواسترایەوە بۆ توركیا. دوای دەستگیركردنیی، دادگای توركیا لە ٢٨ی نیسانی ساڵی ١٩٩٩، بە تۆمەتی "خیانەتكردن لە نیشتمان" سزای لە سێدارەدانی بۆ دەركرد. بەهۆی ئەوەی زلهێزەكان بە مەرج ئۆجەلانیان رادەستی توركیا كردبو، سزای لەسێدارەدان بۆ زیندانی هەتا هەتایی گۆڕدرا. ٢٤ ساڵە ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵی لە دەریای مەڕمەڕە لە زینداندایە دوای دەستگیركردنی عەبدوڵلا ئۆجەلان، پەكەكە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ تاوەكو ساڵی ٢٠٠٤ تووشی لەتبوونێك بوو و چەندین سەركردە و گەریلا لە پارتەكە جیابوونەوە. بەڵام دوای ساڵی ٢٠٠٤ پەكەكە بە دەستپێشخەریەكانی عەبدوڵلا ئۆجەلان و سەركردایەتیەك كە نوێگەری لەسەر رێنماییەكانی ئۆجەلان توانی خۆی كۆبكاتەوە كە گۆڕانكاریەك بكات كە دامەزراندنی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) بوو. كەجەكە لە سەرەتادا ناوی (كۆما كۆمەڵێن كوردستان 'كەكەكە') بوو. لە ٢٠ی ئازاری ٢٠٠٥دا لەسەر پێشنیازی عەبدوڵلا ئۆجەلان دامەزرێنرا. لە كۆبونەوەی لیژنەی گشتی كۆنگرەی گەلدا كە لە ١٦ بۆ ٢٢ی ئایاری ٢٠٠٥دا ئەنجامدرا، ناوی كەكەكە بۆ كەجەكە گۆڕدرا. ئاگربەستەكان و دانوستانەكانی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە تا ئێستا ٨ جار بە شێوەیەكی یەكلایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە. ئاگربەستی یەكەم: ١٤ی نیسانی ١٩٩٣ ئاگربەستی دووەم: ١٥ی كانونی یەكەمی ١٩٩٥ ئاگربەستی سێیەم: ١ی ئەیلولی ١٩٩٨ ئاگربەستی چوارەم: ٢ی ئابی ١٩٩٩ ئاگربەستی پێنجەم: ١٠ی تەموزی ٢٠٠٤ ئاگربەستی شەشەم: ١٩ی ئایاری ٢٠٠٩ ئاگربەستی حەوتەم: ٢١ی ئازاری ٢٠١٣ ئاگربەستی هەشتەم: ١٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٥ یەكەم ئاگربەستی نێوان پەكەكە و توركیا بە گرنگترین ئاگربەستی لە مێژووی شەڕی چەكداری پەكەكەدا دادەنرێت. ئاگربەستەكە بە نێوەندگیری جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردوووی، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان راگەیەنرا. ئاگربەستی شەشەمیش كە لە ساڵی ٢٠٠٩دا ڕوویدا گرنگیەكی تایبەتی خۆی هەبوو، ئەویش ئەوەبوو، هەواڵگری توركیا ناسراو بە میت بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلان و بەرپرسانی قەندیل كۆبووە. لە ساڵی ٢٠١٢دا لەسەر ئاستی حكومەت ٢٢ كۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانی حكومەتی ئاكەپە و ئۆجەلاندا ئەنجامدران. لەنێوان ساڵەكانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٤ دا بە شێوەیەكی شاراوە ٩ كۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانی میت و بەرپرسانی پەكەكە لە ئۆسلۆ ئەنجامدران كە بە دانوستانەكانی ئۆسلۆ دەناسرێن. بەم شێوەیە پارتی كرێكارانی كوردستان ٤٤ ساڵە لە خەبات بەردەوامە و لە ئێستادا، سیستمی نەتەوەی دیموكراتی، مۆدێرنیتەی دیموكراتی، كۆنفیدڕالیزمی دیموكراتی لەسەر ئازادی، ژن، كۆمەڵگا و ژینگەپارێزی كە ئایدۆلۆژیای عەبدوڵلا ئۆجەلانە، پەیڕەو دەكات. بەگوێرەی ئامارە نافەرمیەكان، زیاتر لە ٦٠ هەزار كەس لەشەڕی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیادا كوژراون. زیاتر لە پێنج هەزار گوندی باكوری كوردستان لەلایەن دەوڵەتەوە سووتێنراون و زیاتر لە ١٧ هەزار هاوڵاتی كورد بێشەروشوێنكراون. عەبدوڵلا ئۆجەلان دەڵێت: كورد لە باكوری كوردستان نەمابوو، دوای شۆڕشی چیای ئاگری، دەوڵەتی توركیا رایگەیاندبوو، هەستی نەتەوەیی كورد لە ئاگری نێژراوە و چیمەنتۆی كراوە بەسەریدا، بەڵام پەكەكە كوردی لەژێر ئەو چیمەنتۆیە دەرهێنا و ژیانی بەبەركردەوە. بۆیەش دەتوانرێت بوترێت، پەكەكە ژیانەوەی و دووبارە لەدایكبوونەوەی كوردە.

هاوڵاتی بەڕێوبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە كاریگەری ئەو شەپۆلە ڕووی لەناوچەكە كردبوو كۆتایی هاتووە، بەڵام بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لەزۆربەی ناوچەكان و لەهەندێك ناوچەی شاخاویی ئەگەری تاوە باران هەیە. سەبارەت بە كەشوهەوای سبەینێ، كەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت بەگشتی، هەندێك ناوچەی شاخاویی ئەگەری نمە بارانی كەمی دەبێت لەگەڵ دروستبوونی تەم. بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو: هەولێر: 19 پلەی سیلیزی سلێمانی: 17 پلەی سیلیزی دهۆك : 17 پلەی سیلیزی كەركوك: 20 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی زاخۆ : 19 پلەی سیلیزی سۆران: 18 پلەی سیلیزی گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی

هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا رایگەیاند، هەواڵی ئازادکردنی وریا غەفوری یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی ئێران دوورە لە راستیەوە. پێشتر هەندێک سەرچاوە و میدیا، لەوانە پەیجی تویتەری ڕۆژنامەی شەڕق، دوای دوو رۆژ لە دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئێوارەی رۆژی شەممەدا، ئازادکردنی وریا غەفوری راگەیاند. ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆماری ئیسلامیی ئێران (ئیرنا)، لەم بارەیەوە ئاشکرای کرد کە دوای بەدواداچوونەکانی پەیامنێرەکەیان دەرکەوتووە کە ئازادکردنی وریا عەفوری کاپتنی پێشووی تیمی ئیستقلالی تاران و یاریزانی کوردی هەلبژاردەی ئێران، دوورە لە راستیەوە. هەروەها بەشێک له بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیاش هەواڵی ئازادکردنی عەفوریان رەت کردووەتەوە. وریا غەفوری سەردانی ماڵی فریشتە ئەحمەدی یەکێک لە قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێرانی کردبوو و بە بڵاوکردنەوەی چەند تویتێک، پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ئێران کردبوو، بەو هۆیەوە رۆژی پێنجشەممە، ڕۆژێک پێش یاریی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لەگەڵ وێڵز دەستبەسەر کرا. یەکێک لە تۆمەتەکان کە دراوەتە پاڵ ئەو یاریزانە "سووکایەتیکردنە بە هەڵبژاردەی نەتەوەیی ئێران". پارێزەرانی غەفوری تۆمەتێکی لەو شێوەیەیان بە نایاسایی وەسفکردووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەرویز برومەند گۆڵپارێزی پێشووی یانەی ئیستقلال تارانیش لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەستبەسەر کراوە. پێشتریش، حسێن ماهینی، یاریزانی پێشووی یانەی پێرسپۆلیسی تاران، دەستبەسەر و دواتر ئازاد کرا.

هاوڵاتی پێگەی سەرۆکایەتی هەرێمی کورستان راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تەواوکردنی بەرنامەی دیدار و کۆبووەکانی هەفتەی رابردوو لەگەڵ سەرکردایەتی عێراق، سەردانی بەغدای پایتەخت دەکاتەوە. رۆژی سێشەممە، 22-11-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى عێراق دۆخى وڵات و په‌يوه‌ندى و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنيانی تاوتوێ کرد. وەک لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرنامەی سەردانەکەی بۆ بەغدا تەواو بکات و "له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌كى ديكه‌ له‌ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى باڵاى عێراق ديدار و كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام بدات." ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە رۆژی سێشەممەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەبدولـلەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق و چەند بەرپرسێکی دیکەی عێراق کۆبووەوە و بەرنامەی رۆژیی دووەمی کۆبوونەوەکەی هەڵوەشاندەوە، و بە مەبەستی بەشداری کردن لە پرسەی قوربانیانی تەقینەوەکەی پارێزگای دهۆک گەڕایەوە هەرێمی کوردستان. بڕیارە نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەی ئەمڕۆیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ هەر یەک لە موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، قاسم ئەلئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پیشووتری عێراق، ئەبو کەڕاڕ، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی نەهجی وەتەنی و رەوتی سەدر کۆببێتەوە.